په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

سەربەخۆیى کوردستان خواستى خەڵکى کوردستانە

لەپێناو ژیانێکى ئارامتردا نەک کارتى ساتوسەودا.

 

کاروان نه‌جمه‌دین


هەمیشە ئەحزابى دەسەڵاتدار لەکوردستان هەر دەکەونە بەردەم ترسى کەمکردنەوەى بەشە دەسەڵاتەکەیان لەبەغداد خواست وئیرادەى خەڵکى کوردستان کەساڵەهایە لەلایەن خۆیانەوە سەرکوت و پێشێل دەکرێت دەیکەنە کارتى فشار لەبەرانبە هاڕێ و هاوپەیمانەکانیان لەبەغداد ،ئەمجارەیەن هەروەک سایتى ئاوێنە بڵاوى کردۆتەوە مەسعود بەرزانى لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەى لۆس ئەنجلس تیامزدا دیسانەوە باسى سەربەخۆیى کوردستان دەکات بەڵام ئەجارەیان لەبەرانبەر ئەگەرى گۆڕینى دەستورى عیراقدا . ئەم قسانەى قیادەى ئەحزابى کوردى و مەسعود بەرازانى لەوێوە سەرچاوە دەگرێت کە بەردەوام ئەگەرى ئاڵوگۆڕ لە چۆنێتى بەشکردنى دەسەڵات لە عیراقدا هەیە و هەر جۆرە ئاڵوگۆڕێکیش بەدڵنیایەوە بەرەو کەمبونەوەى جێگەوڕێگەى ناسیۆنالزمى کورد دەڕوات ئەمەش بەلەبەرچاو گرتنى قیامتر بونى پێگەى ناسیۆنالزمى عەرەب لە دەسەڵاتدارێتى ئێستاى عیراقدا بە بەراورد لەگەڵ سەرەتاى پرۆسەى بەشکردنى دەسەڵات لەنێوان هێزە قەومى و دینى و عەشیرەتیەکانادا کە لە ئەنجامى پەرتەوازەیى ناسیۆنالزمى عەرەب ناسیۆنالزمى کورد ئەم بەشەى ئێستاى تێدا پچڕى .


بەڵام باسى سەربەخۆیى کوردستان تەنها ئەوکارتەیە کە لەپێناوى بەرزونزمى باڵانسى دەسەڵاتدا بەکار دەهێنرێت ؟! ، یان خواستى زۆرینەى خەڵکى کوردستانە لەپێناو ژیانێکى ئارامتردا ؟.


کە ئەگەر لەڕوانگەى دیفاع لە خواست و بەرژەوەندیەکانى خەڵکى کوردستانەوە سەیر بکرێت ئەوا بەدڵنیایى ئەوى دوهەمیانە کە سەربەخۆیى کوردستان بۆ بەرگرتن بە ئەنفال و ئیعدام و کیمیاباران و سڕینەوەى هەویەتى هاوڵاتى پلەدوو لەسەر ئەساسى قەومى و بۆ کۆتایهێنانى یەکجارەکى بە زوڵمى قەومى و درکێشانى خەڵکى کوردستان لە ژێر باڵى ڕژێمێکى دڕەندە و ناسیۆنالستى وەکو بەعس ، لەئێستاشدا ئەم خواستە کە خواستى زۆرینەى هەرەزۆرى خەڵکى کوردستانە لە لایەکەوە بۆ دەرکێشانى خەڵکى کوردستان لە لەو سیناریۆ ڕەشە و شەڕو کوشتار کاولکایەی دوچارى عیراق هاتوە و لەلایەکى دیکەوە بۆ بەرگرتنە بە ئەگەرى دوبارەبونەوەى ئەو نەهامەتیانەى پێشو لە سایەى حکومەتێکى ناسیۆنالستى و عەشیرەتى کە ناسیۆنالزمى عەرەب وەک ئێستا ناوەرۆکى ئەوحکومەتەپێک دەهێنێت و لەپێناو بەرژەوەندى و قایمکردنى پێگەى خۆى نەک چاوەڕوان نەکراونیە ژیان و گوزەرانى خەڵکى کوردستان بکاتە ئامانجى سەربازى و دوچارى ماڵوێرانیان بکات بەڵکوى لە چەند مانگى ڕابردودا لە قەرەتەپە و دەوربەرى سەرى کەڵبە و نمونەکەى پیشاندا .


لە ڕوانگەى ئەحزابى ناسیۆنالستى کوردیشەوە ئەوى یەکەمیانە چونکە نەک هە رڕۆژێک لەڕۆژان نەهاتونەتە پاڵ ئەم خواستەى خەڵکى کوردستا بەڵکو هەمیشە خەریکى سەرکوتى لایەنگرانى ئەم خواستەبون و لە زۆر جێگەش وە خەیاڵ و دڵڕەنجاندنى دەوڵتە کۆنەپەرستەکانى ناوچەکە باسیان لێوە کردوە ، بۆیە ئێستاش مەسعود بەرازانى ئەم خواستە لەبەرانبەر ئاڵوگۆڕ لە دەستورێکدا وەک کارتى فشار باس دەکات کە خودى دەستورەکە نەک جێگەى سەربەخۆیى کوردستان و مافى بڕیاردانى خەڵکەکەى لەسەر چارەنوسیان تێدا نابێتەوە بەڵکو وەک خەتەرێک لەسەر یەکپارچەیى خاکى عیراق چاو لێدەکات لێرەشەوە خەڵک دەبنە سوتەمەنى "سەروەرى خاکێک " کە لە سایەى دەسەڵاتدارانى سەرئەو خاکەدا بوەتە دۆزەخێک و منجەنیق بۆیان ، ئیتر مانەوە وەک خۆیى یان ئاڵوگۆڕ لەو دەستورەدا چى بەرژەوەندیەکى خەڵکى کوردستانى تێدایە کە مەسعودبەرازانى زراوى چوە لە دەسکاریى کردنى ، ئەگەر لەپێناو بەرژەوەندى و مانەوەى پشکەکەیدا نەبێت لە بەغداد کە سەرکوتى ئەم خواستەى خەڵکى کوردستان وەک کارتى ساتوسەودا لە کۆنەپەرسترین پرۆسەى بەشکردنى دەسەڵاتدا بەکار دەهێنێت ، لەوەش دڵنیابین کە بەرزانى ناڵێت ئەم خواستە ڕەوایە و بگەڕێتەوە بۆ ڕاى خەڵکى کوردستان ، بەڵکو بە شانازیەوە ناسیۆ نالزمى عەرەب دڵنیادەکاتەوە لەوڕاستیەى ئەگەر هەڕەشەو لولەى چەک و نانبڕینى خەڵکى کوردستان نەبێت لەلایەن ئەحزابى دەسەڵاتدار لەکوردستان وەک یەکێک لەڕێگریە بەرجەستەکان ئەوە خەڵکى کوردستان بۆ ئەو خواستە ڕەوایەى خۆیان دێنە مەیدان . بەکورتى بەگژاچونەوەى خواستى سەربەخۆیى لە بەرزانى و هێشتنەوەى بەشەدەسەڵات لە مالیکى ،کە بەبڕواى من لەئەگەرى ئاڵوگۆڕ هێنان بەسەر دەستورى عیراقیشدا بەرزاانى و ئەحزابى دەسەڵاتدار لەکوردستان پێچەوانەکەى پیشان نادەن و نایەنە پاى سەربەخۆیى کوردستان چونکە ئەمانە لەسەردەمێکیشدا کە بەعسى دڕندە حاکمیەتى عیراقى دەکرد و دەستورێکى لە ئێستا داڕزیوانەترى هەبوو بەرزانى و حیزبەکەى هەر سەربەخۆییان بە پیشێلکردنى سەروەرى یەکپارچەیى خاکى عیراق ناودەبرد و لەبەرانبەر ئۆتۆنۆمیەکى شەقوشڕدا بەردەوام سەریان لە کۆشى حکومەتى بەعسدابوو ، کەئەمەش یەکێکى دیکە لەو دەلیلانەى ئەحزابى دەسەڵاتدار لەکوردستان هەمیشە لەپێناو بەرژەوەندیەکانى خۆیاندا بەرژەوەندیەکانى خەڵکى کوردستانیان کردۆتە بەردەباز .


هەر بۆیە ئەوە زوڵمو زۆریى حاکمانى ناسیۆنالستى عەرەب بوە لە ڕابردودا کە سەربەخۆیى لاى خەڵکى کوردستان و بەرەى متەمەدنى کۆمەڵگا کردۆتە خۆاستێکى واقعى و هەنوکەییى و لە ئێستاشدا ترسى دووبارەبوونەوەى هەمان زۆڵموزۆر و لەهەمانکاتدا دورکەوتنەوە لە شەڕو ماڵوێرانى و سیناریۆى ڕەش و ئاگرى شەڕى قەومى نەک ئاڵوگۆڕ لە دەستورێکى دواکەوتوانەى سەپاوادا .

 

 

karwanmj@yahoo.com