سه‌ردانه‌که‌م بۆلای سه‌رۆک کۆماری عێراق.
من و یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان.
بۆچی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان ڕۆژی به‌م ڕۆژه
گه‌یشت.
کێشه‌کان چۆنچۆنی چاره‌سه‌ر ده‌کرێن.

عارف که‌ریم
سه‌ردان و
دیتنی سه‌رۆک کۆمار له‌هه‌موو وڵاتێکی دنیادا ، بۆ دیپلۆمات و
شانده بیانییه‌کان و به‌رپرسه گه‌وره‌کانی وڵات ، کارێکی ئاسانه
و زوو خۆی ده‌دات به‌ده‌سته‌وه ، به‌ڵام بۆ خه‌ڵکیتر ناو و نووس و
چاوه‌ڕوانی زۆر دێته پێشه‌وه که جاری وا هه‌یه به‌هۆی چڕوپڕی
به‌رنامه‌کانی سه‌رۆکه‌وه زۆر ده‌خایه‌نێ . ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێ
سه‌ردانی سه‌رۆک بکات ، به‌لایه‌نی که‌مه‌وه ده‌بێ ئه‌و بیناسێ و
له ئامانجی چوونه‌که بزانێ بۆئه‌وه‌ی قبووڵی بێت ئه‌وکه‌سه
بچێته لای .
له پایزی
2004دا ، پێشئه‌وه‌ی مام جه‌لال ببێته سه‌رۆک کۆماری عێراق ، من
له کوردستان بووم ، براکه‌م - حه‌مه سه‌عید – له قه‌ڵاچوالان
چاوی به‌و که‌وتبوو بۆ کاری خۆیان و پێی وتبوو که من
هاتوومه‌ته‌وه به‌سه‌ردان و ئه‌گه‌ر پێتخۆشه حه‌زده‌کات چاوی
پێتبکه‌وێت ، ئه‌ویش وتبووی ئه‌م یه‌کدوڕۆژه سه‌رم قاڵه ، با
لێمبوه‌ستێ و منیش به‌هۆی ئه‌وه‌ی مه‌وعیدی دکتۆرم هه‌بوو ، زۆر
نه‌مامه‌وه و گه‌ڕامه‌وه بۆ سوید و ڕیکنه‌که‌وت بیبینم .
له‌مانگی
ئابی 2005دا له ڕێگای به‌ریدی ئه‌لیکترۆنییه‌وه نامه‌یه‌کم بۆ
سه‌رۆک نووسی و له ڕێگه‌ی یه‌کێک له ڕاوێژکاره‌کانی خۆیه‌وه له
به‌غدا که پیاوه‌تی له‌گه‌ڵم کرد به‌ده‌ستی گه‌یشت و دوو هه‌فته‌ی
نه‌برد که به ئێمه‌یل وه‌ڵامم پێگه‌یشته‌وه و سه‌رۆک ڕازی بوو
که چاوی پێم بکه‌وێت و منیش ورد ورد که‌وتمه خۆکۆکردنه‌وه و
له‌سه‌ره‌تای مانگی کانونی یه‌که‌می 2005دا سه‌فه‌رم کرد و پاش
چه‌ند ڕۆژێک پشوودان له شاری سلێمانی ته‌له‌فۆنم کرد که من
گه‌یشتووم و هه‌فته‌یه‌کی نه‌برد شه‌وێکیان زه‌نگیان لێدا بۆم و
ئاگادارمیان کرد بۆ سبه‌ینێ کاتی10 ی به‌یانی ئاماده بم بۆ
ئه‌وه‌ی بێن به دوامدا و پێکه‌وه بچینه قه‌ڵاچوالان . ڕۆژی
13/12/2005 له‌کاتی دیاریکراودا هاتن به دوامدا و که‌وتینه ڕێ ،
ئه‌و ڕۆژه مام جه‌لال منی نه‌بینی و چوونه‌که بوو به ده‌عوه‌تی
نان خواردنی نیوه‌ڕۆ له‌گه‌ڵ یه‌کێک له ڕاوێژکاره‌کانی و که‌سێکی
تر .
ڕۆژی
14/12/2005 ، واته ڕۆژێک پێش هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌نجوومه‌نی
نیشتمانی عێراق ، هاتنه‌وه به دوامدا و چووینه قه‌ڵاچوالان و
له میوانخانه‌که‌ی ئه‌وێ دانیشتم و زۆری نه‌برد ڕاوێژکاره‌که‌ی
هات و به‌ره‌و نووسینگه‌که‌ی سه‌رۆک ڕۆیشتین که نزیکه‌ی 50
مه‌ترێک له میوانخانه‌که‌وه دووربوو ، بینیم مام جه‌لال هاتۆته
ده‌ره‌وه‌ی نووسینگه‌که‌ی خۆی و له هه‌یوانه‌که له‌سه‌ر
جۆلانه‌یه‌ک دانیشتووه و چاوه‌ڕوانی من ده‌کات ، که منی بینی له
جێی خۆی هه‌ڵساو به‌گه‌رمی پێشوازی لێکردم و به‌خیرهاتنی کردم و
به‌زۆر پێش خۆی دام بۆ ژووره‌وه بۆ نووسینگه‌که‌ی خۆی که بۆمن
ناخۆش بوو ( خه‌جاڵه‌تم کێشا ) چونکه ئه‌و به‌ته‌مه‌نتر بوو له‌من
، دووه‌م ئه‌و سه‌رۆک کۆمار بوو ! . که‌چووینه ژووره‌وه
کامێراوته‌له‌فزیۆن له‌وێ بوو ، هه‌موو دانیشتنه‌که‌یان تۆمار کرد
، له نووسینگه‌که‌ی به‌ده‌م قاوه خواردنه‌وه‌وه ، پیرۆزبایی
بوون به سه‌رۆک کۆمارم لێکرد ، هه‌روه‌ها سوپاسی ئه‌و پێشوازییه
گه‌رمه‌ی که ئه‌و له‌منی کرد ، ئه‌گه‌ر به ویژدانه‌وه
بیگێرمه‌وه ، ئه‌و ڕێزه‌ی مام جه‌لال له منی گرت ، ئه‌گه‌ر
به‌رپرسێکی گه‌وره‌ی وڵاتێکی بیانی سه‌ردانی ئه‌وی بکردایه ، هه‌ر
ئه‌وه‌نده‌ی من حورمه‌تی ده‌گرت ، جارێ له ڕێوه ده‌ستی خسته
سه‌رسه‌ری و وتی : به‌م چاوانه، به‌م سه‌ره ، چی ده‌ڵێی بۆتی
بکه‌م ، له‌ڕاستیدا من زۆر سوپاسم کرد به‌ڵام داوای هیچم نه‌کرد ،
ئه‌گه‌ر چی له‌به‌شێکی نامه‌که‌ی بۆ ئه‌وم ناردبوو نووسیبووم :
ئه‌گه‌ر تاکه که‌سێک هه‌بێ یارمه‌تی من بدات ، حه‌زده‌که‌م خۆت
بیت و که‌سی تر نا .
ماوه‌ی 40
خۆله‌ک لای سه‌رۆک کۆمار دانیشتم که له‌چاو خه‌ڵکی تردا زۆر زۆر
بوو چونکه ده‌یان که‌سیتر له‌ده‌ره‌وه چاوه‌ڕوانییان ده‌کرد و
منیش به عه‌قڵی چاوپێکه‌وتنه کۆنه‌کانی ساڵانی پێشوو چووم بۆلای
که له‌مه‌یاندا که‌وتمه هه‌ڵه‌وه ! ، چونکه ئێستا ئه‌و به
حوکمی پۆسته‌که‌ی کاتی ئه‌وه‌ی نییه سه‌ری خۆی بخورێنێ . که چل
خوله‌که‌که‌ته‌واو بوو وتم : مام جه‌لال ، ده‌زانی قسه‌کانم ته‌واو
نه‌کردووه ؟ ! ئه‌ویش وتی : وه‌ره بۆ به‌غدا و چه‌ند ڕۆژێک
میوانمانبه‌و له‌وێ ماوه زیاتره بۆ قسه‌کردن . له‌و چه‌ند
خۆله‌که‌ی لای ئه‌و دانیشتبووم سێ باسم ورووژاند ، یه‌که‌میان
کێشه‌ی ئاو و کاره‌با و سووته‌مه‌نی بوو که‌هه‌تا
ئێستایش‌گه‌وره‌ترین کێشه‌یه به‌هۆی ئه‌وه‌ی په‌یوندی ڕاسته‌وخۆی
به ژیانی هاوڵاتیانه‌وه هه‌یه له‌هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌کدا و وتم :
میلله‌ت ده‌ناڵێنێ به‌ده‌ست ئه‌م کێشانه‌وه و کومپانیای بێگانه
ده‌ست ماچده‌که‌ن ئێزگه‌ی ئاو و کاره‌با بنیات بنێن ئه‌گه‌ر
پاره‌وپوولیان بۆ حه‌رچ بکرێت ! ، ئه‌ویش وتی : حه‌ڵک په‌له‌یه‌تی
و ئه‌مه به شه‌و و ڕۆژێک ناکرێت و منیش له‌سه‌ری نه‌ڕۆیشتم .
دووه‌میان وتم : مام جه‌لال ! ، ده‌زانی بۆشاییه‌کی گه‌وره هه‌یه
له نێوان سه‌رکردایه‌تی کورد و جه‌ماوه‌ر که پێویسته
پڕبکرێته‌وه ، ئێمه خاوه‌نی ده‌ریایه‌ک له‌خه‌ڵکی پسپۆر‌و
شاره‌زاین له بواره‌کانی
مێژوو ، ئابووری ، یاسا ، کۆمه‌ڵایه‌تی ، سیاسه‌ت .........تاد
خاوه‌نی ژماره‌یه‌کی زۆر له سیاسه‌تمه‌دار و ڕۆشنبیر و نووسه‌ر و
ئه‌دیب و هونه‌رمه‌ندین ، مه‌رج نییه ئه‌مانه هه‌موو حزبی بن ،
به‌ڵام ده‌توانرێ سوودی زۆریان لێوه‌ربگیرێ و بهێنرێنه مه‌یدان ،
له‌مه‌یاندا وه‌ڵامێکی ئه‌وتۆی نه‌بوو ، دیار بوو به‌دڵی نه‌بوو ،
به‌ڵام بۆ هی سێیه‌میان که وتم : ماندوبوونت پێوه دیاره و
پێویستت به پشوودان هه‌یه ، هه‌ستمکرد پێی گرژ بوو ، به‌مه‌رجێک
من مه‌به‌ستێکی خراپم نه‌بوو له‌وه زیاتر بۆ به‌رژه‌وه‌ه‌ندی ئه‌و
قسه‌که‌م کرد و به حوکمی ئه‌وه‌ی چه‌ند ساڵێکه له ئه‌وروپا
ده‌ژیم ، ده‌زانم هه‌رکه‌سێک ته‌مه‌نی له 65 ساڵ تێپه‌ریکرد ئیتر
خانه‌نشین ده‌کرێت . ڕاسته ناوبه‌ناو سیه‌سه‌تمه‌داره
به‌ته‌مه‌نه‌کان له پۆسته‌کانیاندا ده‌مێننه‌وه ، به‌ڵام
هه‌موویان نا و زۆریش نا . له‌سه‌رئه‌مه‌یان ئه‌گه‌ر مام جه‌لال
پێی عه‌یب نه‌بوایه ئه‌وا به پاڵ ده‌یکردمه ده‌ره‌وه له
نووسینگه‌که‌ی خۆی و مه‌گه‌ر خواش بۆخۆی بزانێ دوایی چی پێوتووم !!
. خه‌ڵکیتر که ده‌چنه لای مام جه‌لال ، ژماره‌یه‌کی که‌می
لێده‌رچێ ، ئه‌وانیتر فێری ئه‌وه‌ن که داواکانیان بخه‌نه سه‌ر
پارچه کاغه‌زێک که برێتییه له به‌ده‌ستهێنانی زه‌وی و خان‌و ،
ئوتومبێل، ناوماڵ ، ژنهێنان ، پاره ، خانووتازه‌کردنه‌وه
.......تاد ئه‌ویش ده‌ڵێ : ئه‌مه‌یان ده‌بێ و ئه‌وه‌یان نابێ و
ئه‌وه‌یان بیری لێده‌که‌ینه‌وه و ئه‌وه‌یان بابمێبێ و
........به‌م شێوه‌یه له‌ماوه‌ی 10 – 15 خوله‌کدا ڕازییان ده‌کات
و سه‌ری خۆی سووک ده‌کات
! .
هی وا هه‌بوو چه‌ند ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر خۆم گوێم لێی بووه که
ده‌یگوت : کوره با بڕوا ! خۆ دوو ده‌فته‌ری نه‌نارد خه‌رجیکه‌ین!!
.
له‌ڕاستیدا
که من چوومه لای مام جه‌لال بیرم له ده‌ستکه‌وت و به‌رژه‌وه‌ندی
تایبه‌تی خۆم نه‌کردبۆوه و بۆ ئه‌وه نه‌بوو پله‌وپایه و
پاره‌وپول به‌ده‌ست بهێنم ، من له‌پاڵ ئه‌وه‌ی هه‌ندێ کێشه‌م
هه‌بوو که ئه‌وانه‌ی خوارخۆی جێبه‌جێیان نه‌ده‌کرد ، هه‌ندێ قسه‌ی
زۆریش هه‌بوو که له‌لای من کۆبووبوونه‌وه و له‌سه‌ر ڕووی چه‌ند
لاپه‌ڕه‌یه‌ک تۆمارم کردبوون ، حه‌زم ده‌کرد له‌گه‌ڵی باس بکه‌م
که به‌شێکی ئه‌وانه‌ن ئێستا هه‌ڵیانده‌ڕێژم ، له‌وانه زیاتر
ئامانجێکی ترم نه‌بوو له‌و زیاره‌ته ، به‌تایبه‌تی من له‌ساڵی
1977 وه سیاسه‌ت ناکه‌م به‌و مانایه‌ی ئه‌ندام نیم له حزب و
ڕێکخراوێکی سیاسی‌دا ، وه‌کیتریش که‌س ناتوانێ خۆی دابڕێ له
سیاسه‌ت چونکه سیاسه‌ت په‌یوه‌ندی به ژیانی ڕۆژانه‌ی
هه‌موومانه‌وه هه‌یه ، جگه‌له‌وه ئه‌مه یه‌که‌مجار نه‌بوو که
من سه‌ردانی مام جه‌لال بکه‌م ، ئه‌و له شه‌سته‌کانه‌وه من
ده‌ناسێ و له‌دوای وازهێنانیشم له سیاسه‌ت له‌هه‌ر وڵاتێک که‌ئه‌و
زانیبێتی منی لێم ناردوویه‌تی به دوامدا و سه‌ردانم کردووه .
ساڵی 1980
له خه‌لیجه‌وه ده‌چوومه ئه‌وروپاو له شام لامدا ، ئه‌وکاته
بوو که فرۆکه جه‌نگییه‌کانی به‌عس تووژه‌ڵه‌یان بومباران کرد و
ژماره‌یه‌ک شه‌هیدوبرینداری لێکه‌وته‌وه ، یه‌کێک له
برینداره‌کان براکه‌ی من بوو ( حه‌مه سه‌عید ) و له‌پێشاندا
هه‌واڵی شه‌هیدبوونی هاتبوو ، دوایی وتیان نه‌خێر برینداره و له
خه‌سته‌خانه‌یه . هه‌ر له‌و سه‌فه‌ره‌دا به کارێک چوومه عه‌ممان
و گه‌ڕامه‌وه ، براده‌ری ئازیزم مه‌رحوم شازاد سائیب که ئه‌وسا
به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌کانی یه‌کێتی بوو له شام وتی : ئه‌وه تۆ
له کوێیت ؟! مام جه‌لال به دواتا ده‌گه‌رێت ، وتم : لێره
نه‌بووم و ده‌چم بۆلای . به‌بێ ته‌له‌فۆنکردن چوومه لای
بۆماڵه‌وه - ڕه‌مه‌زان بوو- میر ته‌حسین به‌گی سه‌رۆکی ئێزدیان
لای دانیشتبوو قاوه‌ی ده‌خوارده‌وه ، هه‌روه‌ها شه‌هید مولازم
سه‌ید که‌ریم ، پاش به‌خێرهاتن ، که‌وته پیاهه‌ڵدان به حه‌مه
سه‌عیدی برامدا که تائیستایش نێوانیان خۆشه و مام جه‌لال خۆیشی
ده‌وێت و یارمه‌تی زۆری داوه ، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌وه هیچ
ئه‌ندامێکی مه‌کته‌بی سیاسی لای له‌و نه‌کردۆته‌وه که ده‌یان ساڵ
وه‌کوو بزنه‌کێوی به دوایانه‌وه بوو له‌و شاخه ! ، بۆ مردنیش
له‌گه‌ڵیاندا بوو ! ، دیاره ئه‌وانه که‌سێکیان ده‌وێ کڕنووش
به‌رێ وچۆکدابدات و ده‌ستنده‌خۆری ئه‌وان بێت ، بکروزێته‌وه
له‌به‌ر قاپێکه‌یاندا که‌ئه‌وه به حه‌مه سه‌عید ناکرێت . مام
جه‌لال وتی : شوکر باشه و له خه‌سته‌خانه‌یه ، بۆ ناچی بۆتاران
بۆلای ؟ وتم : حه‌زده‌که‌م ، به‌ڵام ڤیزه‌م ناده‌نێ چونکه له
عه‌ممان چوومه سه‌فاره‌تی ئێرانی بۆ ڤیزه به‌ڵام نه‌یاندامێ .
وتی : ئێمه ڤیزه‌ت بۆده‌که‌ین . دواتر ئه‌وان ڤیزه‌که‌یان
جێبه‌جێکرد و منیش سه‌فه‌ره‌که‌م کرد بۆ تاران .
له‌جاریکی
تردا ساڵی 1989 سه‌فه‌رم کرد بۆ ئێران بۆ چاوپێکه‌وتنی دوو براو
خوشکێکم و زاوایه‌ک که پێشمه‌رگه‌ی یه‌کێتی بوون و په‌ڕیبوونه
ئێران ، هه‌روه‌ها خه‌به‌ری پورزایه‌کم پێگه‌یشتبوو که خۆی و
هاوسه‌ره‌که‌ی له کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌دا تیاچوبوون و ده‌مویست
بزانم منداله‌کانیان چی به‌سه‌رهاتووه . له‌مجاره‌شیاندا مام
جه‌لال جوامێریی نواند و ئاماده‌یی خۆی پیشاندا که ده‌عوه‌تی من
بکات له مه‌کته‌بی سیاسی له قاسمه ڕه‌ش ، (گوایه ئه‌گه‌ر
قسه‌که‌یان نه‌شکێنم) ، ئه‌مه له ڕێگه‌ی حه‌مه سه‌عیدی
برامه‌وه بوو ، ئه‌و کاته بوو که یه‌کێتی و پارتی تووشی نووچدان
و که‌وتن بووبوون ، حه‌زیانده‌کرد له‌خه‌لک نزیکببنه‌وه . من
سوپاسی مام جه‌لالم کرد و وتم : ئێمه هه‌موومان له ئێرانین و
پێویست به ده‌عوه‌ت ناکات و له‌ده‌رفه‌تێکدا به خزمه‌تی ده‌گه‌ین
، پاش ماوه‌یه‌ک من و کاک عومه‌ری سه‌ید عه‌لی و حه‌مه سه‌عیدی
برام له سه‌قز سه‌ردانیمان کرد و ئه‌ویش خۆی و مه‌جلیسه‌که‌ی که
20 که‌س زیاتر ده‌بوون له‌به‌رمان هه‌ڵسان و ڕێزی زۆریان لێگرتین و
کاتێکی دووروودرێژمان پێکه‌وه برده سه‌ر.
له‌جارێکی
تردا ، دوای چه‌ند مانگێک ، له‌تاران، کاک عومه‌ری سه‌ید عه‌لی
نارد به دوای من و براکه‌مدا بۆ ئوتێل و ئه‌و نیوه‌ڕۆیه
ده‌عوه‌تی ئه‌و بووین بۆ نان خواردن له ماڵی خۆیان .
دانیشتنه‌که‌ی من و مام جه‌لال له قه‌ڵاچوالان که کامێرا‌و
ته‌له‌فزیۆن هه‌مووی تۆمارکرد له‌گه‌ڵ ئه‌و وێنانه‌ی که‌گیران ،
بڵاونه‌کرایه‌وه و له‌ئه‌رشیفدا هه‌ڵیانگرت ، وادیاربوو مام
جه‌لال چاوه‌روانی زیاتری له‌من ده‌کرد و ئه‌نجامی دانیشتنه‌که‌ی
به‌دڵ نه‌بوو ، چونکه پرسیاری مانه‌وه‌ی له‌من کرد و وه‌ڵامه‌که‌ی
من به دڵی ئه‌و نه‌بوو . ده‌توانم بڵێم ئه‌و له‌مه‌یاندا
به‌هه‌ڵه‌دا چوو له‌گه‌ڵ مندا له‌به‌رئه‌وه‌ی :
یه‌که‌م/ من
وه‌کوو دۆستێکی دێرین سه‌ردانی ئه‌وم کرد، وه‌کوو جاران و
له‌سه‌رحسابی که‌سی تر نا .
دووه‌م/
ڕۆژانه ئه‌و پێشوازی له خه‌ڵکی جۆراوجۆر ده‌کات که که‌ناڵه
ئاسمانییه‌کان پیشانی ده‌ده‌ن و ژماره‌یه‌کیان هه‌ر ناحه‌ز و
دوژمنی کوردن ! .
سێیه‌م/ من
نزیکه‌ی 30ساڵه له ئه‌وروپا ده‌ژیم ، تێرمخواردووه له‌وه‌ی
وێنه‌ی خۆم له‌گه‌ڵ که‌سێکی ناسراوی وه‌کوو مام جه‌لالدا
ببینمه‌وه ، ئه‌مه بۆ که‌سێکی هه‌رزه‌کار و نه‌دی بدی باشه ،
ئێمه ده‌یان جار وه‌زیره‌کان ، به‌رپرسه‌کانی ئه‌م وڵاته‌مان به
سواری پایسکل ، یان له‌ناو شه‌مه‌نه‌فه‌ردا بینیوه ، من خۆم
به‌ڕێکه‌وت شای مه‌مله‌که‌ت و هه‌موو سه‌رۆک وه‌زیرانی ئه‌م
وڵاته‌م له‌م گۆڕه‌پان و ئه‌و جاده و ئه‌و جێگا بینیوه که
پاسه‌وانێک یان دوانیان به‌دواوه بووه .
چواره‌م/
که جاری یه‌که‌م و دووه‌میش ویستم بچمه به‌غدا و ده‌رگایان
لێداخستم ، له‌سه‌ر پێشنیار‌و قسه‌ی مام جه‌لال خۆی بوو ئه‌گه‌نا من
ئه‌و هه‌وڵه‌م نه‌ده‌دا ، ئه‌مه‌یش بۆئه‌وه‌بوو قسه‌کانم
ته‌واوبکه‌م و هیچیتر .
که
سه‌ردانه‌که‌ی من بۆ قه‌ڵا چوالان پێزانرا ، ته‌علیق و قسه‌ی زۆرم
به‌ر گوێ که‌وته‌وه، له‌وانه :
ئه‌رێ
وه‌ڵڵا نانی که‌وته ڕۆنه‌وه ! ، بیتاقه‌ی بۆ ده‌رچوو ! ، بوو به
یه‌کشه‌وه ! . دوایی پاش تێپه‌ڕبوونی ساڵێک که هیچ دیار نه‌بوو
، هه‌ر ئه‌و ته‌نگه‌تیلکه و نه‌فه‌س کورت و کاڵفام و نه‌خۆش و
بێویژدانانه وتبویان : مام جه‌لال ڕووی نه‌داوه‌تێ و هیچی بۆ
نه‌کردووه ، که‌وتبوونه قسه‌وتن به‌من له پشته‌وه. هه‌ندێکیتر
پێیانوابوو من له‌سه‌ر حسابی کوتله‌و گروپی تر چوومه‌ته لای مام
جه‌لال و ده‌مه‌وێ له‌و ڕێگه‌یه‌وه بازرگانی بکه‌م و شتێکم ده‌ست
بکه‌وێت .
له‌ڕاستیدا
ئه‌مانه هیچیان ڕاست نه‌بوون ، له‌وه‌ش زیاتر که خه‌ڵکی بێ‌ویژدان
تفه‌نگیان ده‌نا به تاریکه‌شه‌وه‌وه هیچی تر نه‌بوو .
ڕۆژه‌کانی
دوای چوونم بۆ قه‌ڵاچوالان ، ژماره‌یه‌ک له دۆست و براده‌ر له
سلێمانی ڕایانده‌گرتم له سه‌رجاده و ده‌یانویست شتێک بزانن ،
هه‌ندێکیتر که قه‌ت ده‌عوه‌تی منیان نه‌کردبوو بۆ ماڵه‌وه یاخود
یانه‌ی شه‌وان ، که‌وتنه ده‌عوه‌تکردن ، له سوید- یش هه‌ندێک
بایان دایه‌وه به‌لای مندا و ئه‌و ڕۆژانه من که‌سێکی شیرین و
تایبه‌ت بووم و به ژه‌هری ماره‌وه ده‌خورام ! . به‌ڵام ساڵێک
دوای ئه‌وه ، ئه‌وانه ، که‌سیان له‌منیان نه‌پرسییه‌وه و
تاڕاده‌یه‌ک که‌سێکی چاره‌گران بووم لایان و ته‌له‌فۆنیکیشیان
نه‌ده‌کرد بۆم ، براده‌ره کۆنه‌کانی خۆم نه‌بێت که‌له‌خۆیان
نه‌گۆڕابوون ، ئه‌وانیتر هه‌موو ته‌رابوون !!!! . ڕاستییه‌که‌ی
دنیاکه‌ش ئێستا گۆڕاوه و وه‌کوو جاران نه‌ماوه ، په‌یوه‌ندییه
کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان زیاتر گۆڕاون بۆ په‌یوه‌ندییه‌کی مادی و
هیچیتر ، شته به‌ها و به نرخه‌کان باوی نه‌ماوه . من چه‌ند
براده‌رێک ده‌ناسم که له سوید سوسیال به‌خێوی ده‌کردن ، ئێستا
بوونه‌ته تازه‌ده‌وڵه‌مه‌ند و به ده‌فته‌ر قسه‌ده‌که‌ن ، بێ‌زیان
نایه‌ت لا له خه‌ڵکی وه‌کوو من بکه‌نه‌وه و بگره پێیان عه‌یبه
مه‌رحه‌بای ئێمه‌مانانیش بکه‌ن . ئه‌مانه توێژێکی تایبه‌تن له
کۆمه‌لگای کورده‌واریدا که له گه‌نده‌ڵیدا نقوم بوون و له‌خه‌می
خۆیان و گیرفانی خۆیاندان و که‌سیتر ، جاله‌به‌رئه‌وه ، به‌ئاشکرا
ژماره‌یه‌ک له خه‌ڵکه دواکه‌وتووه‌که‌ی عه‌قڵیان په‌ڕیوه‌ته
چاویان ، ڕوویان له‌وانه‌یه که به‌رپرس و پاره‌دارن ، سیستمی
ئیداری و ئابووریش له کوردستاندا یارمه‌تیده‌رن که هه‌ندێک وا
بیر بکاته‌وه و به‌دوای ئه‌وانه‌دا ڕابکات .
من و
یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان .
دوابه‌دوای
ڕێککه‌وتننامه‌ی جه‌زائیری 1975 و هه‌ره‌س و تێکچوون و
هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی شۆڕشی کورد ، له‌کۆتایی مانگی مایس و سه‌ره‌تای
حوزه‌یرانی 1975دا یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان له شام دامه‌زراو
چاوی هه‌ڵهێنا ، سوریا و لیبیا دوو وڵاتی عه‌ره‌ب بوون
که‌به‌ئاشکرا هاوکاری و پشتگیری ی.ن.ک یان ده‌کرد ،
فه‌له‌ستینییه‌کانیش تاڕاده‌یه‌ک وه‌کوو دۆست و هاوکار خۆیان پیشان
ده‌دا .
پێش
دامه‌زراندنی یه‌کێتی ، کۆمه‌ڵه‌ی مارکسی لێنینی کوردستان هه‌بوو
که‌دوایی له شاخ ناوه‌که‌ی گۆڕا بۆ کۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌رانی
کوردستان . من ئه‌ندامێکی کۆمه‌ڵه‌ی ناوبراو بووم هه‌تا ئه‌وکاته‌ی
لای حکومه‌تی به‌عس ئاشکرا بووم ، له‌مانگی تشرینی دووه‌می 1975دا
ئه‌مری گرتنم بۆده‌رچوو ، ده‌ستم له ماڵ و حاڵ و وه‌زیفه
هه‌ڵگرت و هه‌ڵاتم بۆ سوریا بۆ لای ی.ن.ک که تازه له‌وێ
دامه‌زرابوو ، ماوه‌ی 13 مانگ له‌وێ مامه‌وه .
پێش
هاتنه‌که‌م شانبه‌شانی هاوڕێیانی کۆمه‌ڵه له خه‌بات و تێکۆشانێکی
بێوچاندا بووم ، ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستم هات کردم ، ئه‌وسا من هه‌ڵوێستی
ڕوون و ئاشکرام هه‌بوو له سروشتی ڕێکخراوه‌که ، ڕێباز و
فه‌لسه‌فه‌که‌ی ، جۆری سه‌رکردایه‌تی . بڕوای من وه‌هابوو که
کۆمه‌ڵه درێژه‌دان نه‌بێت به ڕێکخستنه کۆنه‌کانی شه‌سته‌کان ،
فه‌لسه‌فه‌و بیری ئه‌وانیش له‌گه‌ڵ خۆی هه‌ڵنه‌گرێ ،
سه‌رکردایه‌تییه‌که‌ی ، سه‌رکردایه‌تییه‌کی به‌کۆمه‌ڵ بێت ،
دیکتاتورییه‌تی تاک باڵی به‌سه‌ردا نه‌کێشێ .
ئه‌وکاته‌ی
له‌سوریا به‌م عه‌قلییه‌ته‌وه خۆم بینییه‌وه ، نزیکه‌ی 19 ساڵ
بوو له‌ڕیزی کوردایه‌تیدا بووم ، چه‌ند ساڵێکیان پێش ساڵی 1970
جه‌لالییه‌کی سه‌رخۆش و سه‌رگه‌رم بووم و ورگی خۆمم له‌سه‌ر
هه‌ڵده‌دڕی ! ، کوێره‌وه‌ری و ماڵوێرانی و قوربانیدان به‌رهه‌می
خه‌بات و تێکۆشانی من بوو ، له‌وانه‌ی منیان ده‌ناسی له شام ،
که‌سیان ده‌ستی ڕێزوحورمه‌تی نه‌خسته سه‌ر ماندوبوون و ڕابوردووی
من ، خوار سه‌یرمیان ده‌کرد ، ده‌تگوت من به نان و ئاو و
جلوبه‌رگی ئه‌وانم ، له‌سه‌ر هه‌ڵوێست و ڕه‌خنه گۆشه‌گیر کرابووم
، فڕێیاندابوومه خانه‌ی نا‌حه‌زو چاره‌گرانه‌کانه‌وه ،
به‌برینێکیان ده‌زانیم له‌له‌شی خۆیاندا که‌وا زوو ساڕ‌ێژ نه‌ده‌بوو
، زۆر کاری یه‌کێتی هه‌بوو له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی سوریا که
به‌من هه‌ڵده‌سووڕا و جێبه‌جێده‌کرا ، که‌چی ئه‌وان لایان له‌من
نه‌ده‌کرده‌وه و ڕوویان له‌من نه‌ده‌نا و به‌که‌سانێکی تریان
ده‌سپارت که تازه بوون له سیاسه‌تدا یاخود تازه هاتبوونه شام
و ڕابوردووشیان جێی متمانه‌و شانازی نه‌بوو ، به‌درێژایی
13مانگه‌که منیان ئاگادار نه‌ده‌کرد له‌وشتانه‌ی کوردان بۆی
کۆده‌بوونه‌وه ، خه‌تێکی ڕآستوچه‌پیان به‌سه‌رمدا هێنابوو و
ده‌یانوت : ده‌مانه‌وێ وه‌کوو جاران بیت که بۆمن زۆر قورس بوو ،
ده‌میان بگه‌یشتایه‌ته هه‌رکه‌سێک تیژیانده‌کرد له‌من و فێریان
ده‌کرد له پشته‌وه ئه‌وشتانه به من بڵێن که هه‌رگیز له
فه‌رهه‌نگی ئه‌ده‌بیدا جێی نابێته‌وه و نابێ به‌که‌سێکی تێکۆشه‌ر
بوترێت ، ئه‌گه‌ر ئه‌و وشه ڕه‌ش وپێس و بێتامانه هه‌ڵڕێژم ،
ئه‌وا به دڵنیاییه‌وه لاپه‌ڕه‌کان پێسده‌کات ، هه‌رکه‌سێک
به‌کاری تایبه‌ت بهاتایه‌ته شام ( به تایبه‌تی ئه‌ندامانی
کۆمه‌ڵه ) نه‌یان ده‌هێشت من پێ‌بزانم هه‌تا ده‌ڕۆیشته‌وه .
به‌کورتی و
به‌کوردی له‌و 13 مانگه‌ی من له سوریا بووم ، هێنده ناشیرین
په‌لامار درام و هێرش کرایه‌سه‌رم ، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ که‌سێکیتر
وه‌ها بکرایه ، ئه‌وا هه‌تا به‌غدا نه‌ده‌وه‌ستایه‌وه . ئه‌وان
له ڕۆژی دروستبوونیانه‌وه هه‌تا کۆتایی هه‌شتاکانیش ، سه‌دان
که‌سیان به‌م شێوه‌یه ده‌رپه‌ڕاند و ناچاریانکردن له‌لای حکومه‌ت
و پارتی و حزبه کوردستانییه‌کانی تر بگیرسێنه‌وه ، منیش یه‌کێک
بووم له‌وانه‌ی ناچاریان کردم جانتاو که‌کوپه‌لم بپێچمه‌وه و
به‌ره‌و خه‌لیج بکه‌ومه رێ و ژیانێکی نوێ ده‌ستپێبکه‌م که شه‌ش
مانگی یه‌که‌می به‌هۆی ئه‌وه‌ی کرێکاریم ده‌کرد و کارێکی به‌دڵی
خۆمم چنگ نه‌که‌وت ، هه‌تا بڵێی ناخۆش بوو ، به‌ڵام دوایی که
وه‌زیفه‌م ده‌ستکه‌وت و بووژامه‌وه و کێشه‌ی ئابووریم نه‌ما ،
ژیانی منیش گۆڕانی تێکه‌وت و گه‌شامه‌وه .
نزیکه‌ی
چوارساڵ له خه‌لیچ بووم ، دژایه‌تی هیچ لایه‌کی سیاسیم نه‌ده‌کرد
، نامه‌گۆڕینه‌وه‌م له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک براده‌ردا هه‌بوو که
زۆربه‌یان سه‌ر به یه‌کێتی بوون ، ئه‌و ژماره کورده‌ی له‌وێ بوون
، به‌هۆی ئه‌وه‌ی بۆ کارکردن و پاره‌په‌یداکردن هاتبوون ،
ئه‌وه‌نده گوێیان نه‌ده‌دایه سیاسه‌ت و تێکرا هه‌موان
په‌یوه‌ندییه‌کی باشیان هه‌بوو له‌گه‌ڵ یه‌کدا .
سه‌فاره‌ته‌کانی عێراق له خلیج به ده‌زگای داپڵۆسێنه‌ر
ناسراوبوون و ده‌ستیان زۆر ده‌ڕۆیشت . له یه‌مه‌ن دکتۆر ڕوشدی
ئه‌حمه‌د به‌گیان تیرۆرکرد که‌له کۆمۆنیسته کۆنه‌کان بوو ،
به‌ئاشکرا قسه‌ی ده‌کرد دژی ڕژێمی به‌غدا ، خۆی مامۆستا بوو له
زانستگا‌ی سلێمانی و دوایی چووه ده‌ره‌وه‌ی وڵات و له‌یه‌مه‌ن
گیرسایه‌وه و له زانستگا‌کانی ئه‌وێ کاری ده‌کرد ، من ده‌مێک بوو
ئه‌وم ده‌ناسی و پیاوێکی ئازا بوو. دوای ئه‌و به‌عسییه
پیاوکوژه‌کان له کوێت سه‌عید حه‌مامی یان تیرۆر کرد که
سه‌رکرده‌یه‌کی فه‌تحی سه‌ربه ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فه‌له‌ستین
بوو .
له
ئیماراتی عه‌ره‌بی یه‌کگرتووش سه‌فاره‌ته‌که‌یان چالاکی زۆری
هه‌بوو ، ژماره‌یه‌ک جاسوس و سیخوڕیان بڵاو کردبۆوه و کاری
خۆیانیان ده‌کرد . ئه‌وان به‌هۆی سیخوڕ و خه‌ڵکانی سه‌ربه‌خۆیان
له سوریا ، هه‌موو شتێکیان ده‌زانی له‌سه‌ر من ، له‌سه‌ره‌تادا
گوێیان نه‌دایه من ، به‌ڵام له‌و دواییه‌دا ، سه‌ریان کردبووه
سه‌رم و سه‌رودڵمیان گرتبوو و شه‌ڕیان ده‌فرۆشت ، ئه‌مه
له‌کاتێدا ده‌شیانزانی من دانیشتووم و سیاسه‌ت ناکه‌م ،
به‌هه‌رحاڵ من ناچاربووم خه‌لێج جێبهێڵم و به‌ره‌و ئه‌وروپا
بکه‌ومه ڕێ ، خۆیشم حه‌زم له چاره‌ی ئه‌وروپا نه‌بوو ، که‌چی
چاریشم نه‌بوو .
من پێشتر
به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌خه‌لیجه‌وه هاتبوومه ئه‌وروپا و سوید و
گه‌ڕابوومه‌وه شوێنی خۆم ، ئه‌وا به هاسانی و به‌بێ سه‌رئێشه
ڤیزه‌ی سویدیان دامێ و به یه‌کجاره‌کی لێره دامکوتا ، پاش مانگ و
نیوێک خۆم به پۆلیس ناساند و داوای په‌نا‌هێنده‌ییم کرد که
ئه‌وکاته زۆر زۆر هاسان بوو ، ئه‌وانیش منیان ناو و نووس کرد و
پارێزه‌رێکیان ته‌رخانکرد بۆم و چه‌ند ئیفاده‌یه‌کیان وه‌رگرت لێم.
لێره له
سوید له‌گه‌ڵ براده‌ره جه‌لالییه‌کانی خۆمدا یه‌کمانگرته‌وه که
ده‌مێک بوو له‌یه‌ک دابڕابووین ، هه‌تا کۆتایی ساڵی 1983 که
یه‌کێتی نزیکبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ حکومه‌تی به‌غدا ده‌ستیپێکرد من
په‌یوه‌ندیم هه‌ر باش بوو له‌گه‌ڵیاندا ، به پاره‌وپوول
هاوکارییانم ده‌کرد ، به‌ڵام ئه‌وان هه‌ر خوار سه‌یرمیان ده‌کرد و
هه‌ڵوێست و ڕاو بۆچوونمیان به‌دڵ نه‌بوو ، پێیان خۆش بوو له‌کاتی
ئیفاده‌داندا لای پۆلیس بڵێم من یه‌کێتیم ! منیش ده‌موت : پۆلیس
هیچ کارێکی به‌وه نه‌داوه و ڕۆژانه سه‌دان که‌س به هۆکاری
ئابووری و نان په‌یداکردن ده‌ڕژێنه ئه‌م وڵاته‌و باسی سیاسه‌ت
هه‌ر ناکه‌ن ! ، چ زه‌ره‌رێکی تێدایه ، منیش که‌سێکی سه‌ربه‌خۆ و
ئازادبم وه‌کوو ئه‌وانه؟!بۆ فێری درۆم ده‌که‌ن ؟!.
که وتووێژی
به‌عس- یه‌کێتی ئاشکرا بوو ، من به‌توندی هه‌ڵوێستم وه‌رگرت و
له‌دژی وه‌ستامه‌وه و پێیانم وت : ئێوه شه‌ڕی به‌عستان کرد و
ژماره‌یه‌کی زۆر له ڕۆڵه‌ی ئه‌و خه‌ڵکه‌تان به کوشتدا ! ئێستا چی
به که‌سوکاری شه‌هیدان ده‌ڵێن ؟! باشتر وانییه هه‌ر له به‌غدا
دایکوتن و نه‌گه‌رێنه‌وه بۆ کوردستان ؟! ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێ
که ئێوه شه‌ڕتان کردووه له پێناوی شه‌ڕدا و شه‌ڕ بۆ
ده‌ستکه‌وتی تایبه‌تی خۆتان ؟! به‌م قسانه جارێکی‌تر خوێنم
ڕژایه‌وه کاسه و ئه‌وانیش هه‌رچی له‌ده‌ستیان هات له‌پشته‌وه
به منیان وت و هه‌ر جاره‌ی قسه‌یه‌کیان دواده‌خستم و
ئه‌ندامه‌کانیان هانده‌دا که له‌من نزیک نه‌بنه‌وه و نه‌فره‌تم
لێبکه‌ن ، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ که‌سانێکی سه‌ر به پارتی ، ئاڵای شۆڕش
، حزبی شیوعی ، پاسۆک منیان بدیایه ، خێرا مۆری ئه‌وانیان له‌من
ده‌دا ، ته‌نانه‌ت خزمی خۆم هاتۆته سوید و هه‌واڵی منی پرسیوه ،
که‌چی بوختانیان بۆکردووم و قه‌ناعه‌تیان پێکردووه که چاوی به
من نه‌که‌وێ تا ئه‌و کاته‌ی له‌یه‌ک ئاشکرابوین و ڕاستییه‌کانی بۆ
من باسکردووه ، که‌خه‌ڵکی تریش هه‌واڵمیان پرسیوه ، هه‌ر به
شێوه‌یه‌کی ناشیرین و بێتام قسه‌یان له‌سه‌رم کردووه ، گوایا
بۆئه‌وه‌ی من گۆشه‌گیر بکه‌ن و که‌س نه‌یه‌ت به‌لامدا ، به‌ڵام
براده‌ره کۆنه‌کان که‌له مێژ بوو یه‌کمان ده‌ناسی ، نابه‌دڵ
ورده مه‌رحه‌باییه‌کیان هه‌ر ده‌کرد ، به‌ڵام هاورێتییان
نه‌ده‌کردم و هه‌تا ئێستایش ئه‌مه هه‌ر به‌رده‌وامه چونکه
ئه‌وانه تا سه‌ر ئێسقان جه‌لالین ! .
له‌مێژبوو
براده‌رانی یه‌کێتی وه‌کوو عێل و عه‌شره‌ت و خێڵه
دواکه‌وتووه‌کانی دوور له شارستانیه‌ت ڕه‌فتاریان ده‌کردو ئه‌گه‌ر
هه‌ڵوێستی به‌رامبه‌ره‌که‌یان به دڵ نه‌بوایه ، ئیتر سه‌ری
دنیایان لێده‌هاته‌وه یه‌ک ، به‌ری چاویان تاریک ده‌بوو ، چرای
بیرکردنه‌وه‌یان ده‌کوژایه‌وه و شاخ و گوێیان لێده ڕوا ، چاویان
ده‌په‌ڕییه پشتی سه‌ریان ( شه‌لم کوێرم ناپارێزم ) ده‌که‌وتنه
په‌لامارو هێرشی ناره‌وا و بیریان له ئه‌نجامه‌که‌ی
نه‌ده‌کرده‌وه ، ئه‌وان قه‌ت هونه‌ری نزیکبوونه‌وه‌یان نه‌زانیوه
له‌گه‌ڵ ئه‌ندامه‌کانی خۆیاندا ، له‌وانه‌ی دڵیان شکاندوون ،
ڕاویان ناون ، ده‌ریانپه‌ڕاندوون و په‌لاماریان داون ، هیچ نه‌بێ
کارێکی وه‌هایان له‌گه‌ڵ بکردنایه ، به‌لایه‌نی که‌مه‌وه وه‌کوو
دۆست بمێننه‌وه و نه‌بنه دوژمن ، له‌یه‌که‌م ڕۆژی درووستبوونی
یه‌کێتییه‌وه، دروشمی ( ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئێمه نه‌بێت ، له
خانه‌ی دوژمن‌دا حسابی بۆ ده‌که‌ین ) باوبووه. بۆ نموونه :
له‌سه‌روبه‌ندی وتووێژه‌که‌ی حکومه‌تی به‌غدا و یه‌کێتی ( 1984 )،
کێشه‌یه‌ک که‌وته نێوانی کاک عومه‌ر شێخ موس ( دامه‌زرێنه‌رو
ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی ینک ) و یه‌کێتی نیشتمانی کوردستانه‌وه
ده‌رباره‌ی شتێک که گوایا ده‌بوایه کاک عومه‌ر بۆیانی جێبه‌جێ
بکردایه ، به‌ڵام ئه‌و به ڕاستی نه‌زانی و نه‌چووه ژێری و
نه‌یکرد . له‌سه‌ر ئه‌مه هه‌موو یه‌کێتی له‌ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی
کوردستان که‌وتنه جنێودان و قسه‌پێوتن و په‌لاماری ئه‌و ، لای
منیش هه‌ر قسه‌یان پێوت و ده‌یانوت ده‌رمانکردووه ، ئه‌مه له
کاتێکدا ته‌نها یه‌کیتی پێویستی به عومه‌ر شێخ هه‌بووه ، چونکه
ئه‌و توانی یه‌کێتی به سوسیال دیموکراته‌کان و
سیاسه‌تمه‌داره‌کانی سوید بناسێنێ ، دیده‌نییان بۆسازبکات له‌گه‌ڵ
ڕۆژنامه‌و ته‌له‌فزیونه‌کانیاندا و به ملیۆن کرۆن پاره‌یان بۆ
په‌یدابکات .
به‌رامبه‌ر
به‌م په‌لاماره کاک عومه‌ر شێخ موس له‌ساڵی 1986دا له‌کۆڕیکدا که
بۆ کوردان سازکرابوو له شاری ستوکهۆڵم و خۆی ده‌یبرد به ڕێوه ،
ڕایگه‌یاند که ئه‌و ئیستیقاله‌ی داوه له یه‌کێتی نێشتمانی
کوردستان و چیتر په‌یوه‌ندی به یه‌کێتییه‌وه نه‌ماوه .
نموونه‌یه‌کیتر : ساڵی 1989 سه‌فه‌ری ئێرانم کرد و به‌بی هیچ
مه‌به‌ستێکی سیاسی چوومه ڕاژان و چاوم به ئه‌ندامی مه‌کته‌بی
سیاسی پارتی، کاک که‌ریم سنجاری که‌وت ، کارێکی شه‌خسیم هه‌بوو
له ئورمییه که له‌وانه‌وه نزیک بوو ، به‌گه‌رمی یارمه‌تییاندام
که‌دوایی کاره‌که‌م سه‌ری نه‌گرت . ئه‌وکاتانه نوێنه‌رانی به‌ره‌ی
کوردستانی له‌وێ بوون ، یه‌کێتی بیستیه‌وه که من چوومه‌ته ڕاژان
و وه‌کوو هه‌موو جارێکی‌تر میزاجیان تێکچوو ! من ئه‌گه‌رچی هیچ
ئیلتیزامێکی سیاسیم به که‌س و لایه‌نێکه‌وه نه‌بوو ، یه‌کێتیش
له‌لای خۆیه‌وه پرسیارێکیان له‌من نه‌کرد و بڵێن : ئه‌رێ کاکه
خێر بوو چوویت بۆ ڕاژان ؟! . له‌سه‌ر ئه‌م کاره‌ی من ، بۆمیان
تێچاند له‌لای ئیتیلاعات- ی ئێرانی و ماوه‌ی 4 مانگ منیان
هێشته‌وه له‌ئێران و نه‌یانهێشت سه‌فه‌ربکه‌م و بگه‌ڕێمه‌وه بۆ
سوید ، چونکه ئه‌و زه‌مانه ده‌رچوون له ئێرانیش ده‌بوایه به
موافه‌قه‌ت بوایه .
که‌به‌رپرسی
په‌یوه‌ندییه‌کانی یه‌کێتی له‌تاران ( دکتۆر موشیر ! )
به‌یه‌کجاره‌کی هاته سوید و به‌ره‌وڕووی بوومه‌وه ! وتی : کاکه
، کێ ده‌ره‌قه‌تی ئه‌وانه دێت ! بمبه‌خشه و پێییانکردم !!!! .
نموونه‌ی
سێیه‌م :
ساڵی 1986
که‌سوکاری من کچێک‌یان بۆ خواستم که‌ماڵیان له تاران بوو ، به‌لام
دووبرای پێشمه‌رگه بوون له سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی .
له‌سه‌ره‌تاوه کاک نه‌وشیروان مسته‌فا قسه‌ی خێری تیدا کردبوو که
من سوپاسم کرد ، به‌ڵام دوایی ساڵی 1987 که‌بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی
هاته به‌رلین ( واته نه‌وشیروان )هه‌ندێ که‌س ئه‌ویان خراپ
تێگه‌یاندبوو ، تێکیان دا‌و تیژیان کرد له‌من !.
ماوه‌ی
ساڵێک لێره له سوید خه‌ریکی معامه‌لاتی ئه‌م ژنهێنانه بووم ،
که‌سوکاری منیش له ئێران به‌هه‌مان شێوه هه‌ر خه‌ریک بوون هه‌تا
ئیقامه‌که‌یم بۆ جێبه‌جێ کرد و نزیکه‌ی 5 هه‌زار دولارم خه‌رجکرد .
ماوه‌ی ئه‌و ساڵه هه‌موو کاره‌کان به باشێ ڕۆیشتن و خۆیشم
ناوبه‌ناو ته‌له‌فۆنم ده‌کرد بۆ کچه‌که و هیچ کێشه‌یه‌کمان نه‌بوو
، ئه‌و ده‌یزانی من له هیچ حزبێکدا کارناکه‌م ، دواجار که هه‌موو
شت ته‌واوبوو ویستم ته‌گبیری سه‌فه‌ره‌که‌ی بۆ بکه‌م و بلیتی
ته‌یاره‌ی بۆ بنێرم ، له‌پڕ وتی : من تۆ ناناسم ! وه‌ره بۆ ئێره
بتبینم ! من شانازی به شاخه‌وه ده‌که‌م نه‌ک به سویده‌وه !
که‌سوکاری تۆ باش نه‌بوون له‌گه‌لمدا ! و گه‌لێکیتر .
ئه‌مانه
تازه‌بوون بۆ من و هیچیشی له جێی خۆیدا نه‌بوون ، دیاربوو خه‌ڵکی
بێ‌ویژدان کچه‌که‌یان تێکدابوو ! . ماوه‌ی سێ مانگ له‌گه‌ڵ ئه‌م
کچه هه‌وڵم دا ، که‌چی له که‌لی شه‌یتان نه‌هاته خواره‌وه .
ئه‌م شانۆگه‌رییه هه‌مووی بۆ ئه‌وه‌بوو من ده‌ست بکه‌مه‌وه به
کاری سیاسی له‌گه‌ڵ یه‌کێتیدا !!! .
که‌سه‌رکه‌وتوو نه‌بووم له هه‌وڵه‌کانم ، ناچار بووم هه‌موو
ئیقامه‌و معامه‌لاته‌کان هه‌ڵبوه‌شێنمه‌وه و لێی جیا ببمه‌وه ،
دوابه‌دوای ئه‌مه چه‌ند که‌سێکی دیاری ناو یه‌کێتی ویستیان ده‌ست
بخه‌نه ناو کاره‌که‌وه و پێنه‌وپه‌ڕۆی بکه‌ن ، به‌ڵام قه‌بوولم
نه‌کرد و سوودی نه‌بوو ، چونکه کار له‌کار ترازابوو ، سه‌فاره‌تی
سوید له‌تاران و دائیره‌ی بێگانه‌م لێره ئاگادارکردبۆوه .....
کاک شێرکۆ بێکه‌س ئاگای له‌م ڕه‌فتارو کرداره نابه‌جێیانه بوو ،
هه‌ڵوێستی باشیشی هه‌بوو .
به‌م
بۆنه‌یه‌وه به‌براده‌رانی یه‌کێتی ده‌ڵێـم : چیتان ده‌ستکه‌وت
له‌م کاره ؟! بۆچی ئه‌و زیانه‌تان له‌من دا ؟! هه‌تا که‌ی زۆڵم
ده‌که‌ن و په‌لامارده‌ده‌ن و واز ناهێنن ؟!
له
04-01-1988 دا نامه‌یه‌کی دوور‌و درێژی یانزه لاپه‌ره‌ییم نووسی بۆ
کاک نه‌وشیروان مسته‌فا له‌سه‌ر کردار و ڕه‌فتاری براده‌رانی
یه‌کێتی له‌سوید، په‌لامار و شه‌ڕفرۆشتنی ئه‌وان به خه‌ڵک ..
ساڵی 1989
که سه‌فه‌ری ئیرانم کرد‌و چاوم به کاک فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر
که‌وت وتی : نامه‌که‌تم بینیوه که بۆ نه‌وشیروانت ناردبوو .
هه‌ر ئه‌و
ساڵه پێش سه‌فه‌رکردنم بۆ ئێران براکه‌م به ته‌له‌فۆن وتی :
سه‌فه‌ری ئێران مه‌که ! به‌خوا به‌ته‌مای هه‌ر شتێک بیت لێتی
تێکده‌ده‌ن ....به‌ڵام که‌چوومه ئێران لێیم نه‌پرسی کێ ئه‌و
هه‌ڕه‌شانه‌ی کردووه ؟! و قسه‌که‌ی ئه‌ویش ڕاست ده‌رچوو !!
ساڵی 2005
دوای سه‌ردانی مام جه‌لال له قه‌ڵاچوالان ، براده‌رێکی مه‌کته‌بی
سیاسی ینک سه‌رودڵی (حسن که‌ریم) یه‌کێک له‌براکانی منی گرتبوو له
سلێمانی و پێی وتبوو : کاکت له‌سه‌رمانی نووسیوه ! بۆ واده‌کات ؟
چی ده‌وێ بۆی ده‌که‌ین !! . هه‌ر ئه‌م براده‌ره کێچ که‌وتبووه
که‌وڵی و ده‌یویست بزانێ بۆچی چوومه‌ته لای مام جه‌لال ! من خۆم
ئه‌و براده‌ره‌م بینی و وتم : سه‌ردانی مام جه‌لالم کردووه و ڕێزی
زۆری لێگرتووم و داوای هێچم لێی نه‌کردووه و هیچیش به‌ڕێوه نییه
. که‌چی بڕوای نه‌ده‌کرد ، بۆیه لێره له ستۆکهۆڵم خه‌ت مائیلێکی
کاڵفامی ڕاستکردبۆوه له‌من بۆئه‌وه‌ی ڕاستییه‌کانی ئه‌و زیاره‌ته
بزانێ بۆ لای مام جه‌لال . خه‌ت مائیله‌که خۆی و خێزانی لای من
ناسراوبوون ، به‌ڵام قه‌ت ته‌له‌فۆن و هاتوچۆ له نێوانماندا
نه‌بوو !!! . ئه‌و که‌وته ته‌له‌فۆنی یه‌ک له‌سه‌ر یه‌ک و
جاروبار هاوسه‌ره‌که‌یشی به‌شدار ده‌کرد له قسه‌کردن له‌گه‌ڵمدا و
گوایا خۆی وا پیشانبدات که موو به به‌ینماندا ناچێت ! ، له‌دۆست
دۆستر و له هاوڕێش هاوڕێترین !! . ئه‌ویشم تێگه‌یاند که هێچ شتێک
به ڕێوه نییه و به‌ته‌مای هیچیش نیم . ئه‌م براده‌ره‌ی
مه‌کته‌بی سیاسی و خه‌ت مائیله‌که‌ی چونکه خۆیان ڕاسگۆ نین
له‌گه‌ڵ خه‌ڵکیدا و ده‌بڵ موڕاڵن و زیاتر له ده‌مووچاوێکیان
هه‌یه ، ئیتر واتێده‌گه‌ن خه‌کی تریش وه‌کوو خۆیانه ! . دوای
تێپه‌ڕبوونی ماوه‌یه‌ک براده‌ری خه‌ت مائیل، ورد ورد کشایه دواوه
و ئیتر نه‌ک هه‌ر ته‌له‌فۆنی نه‌کرده‌وه ، به‌ڵکو ئێستا له‌سه‌ر
جاده‌یش مه‌رحه‌باییه‌ک نییه له نێوانماندا ! وادیاره ئه‌مه‌یش
جۆرێکه له نان په‌یداکردن !! ئه‌گه‌نا کێ هه‌یه ئه‌م ڕه‌وشته
به عانه‌یه‌کی قه‌ڵب بکڕێت ؟!
هه‌ر ئه‌و
براده‌ره‌ی مه‌کته‌بی سیاسی که‌له‌منداڵییه‌وه یه‌ک ده‌ناسین ،
له‌سلێمانی دڵی به‌من سووتا و به‌زه‌یی پیامدا هاته‌وه و ! له
ڕێگای یه‌کێک له هاوکاره‌کانی خۆیه‌وه ئاگاداری کردم که
ئاماده‌یه ماڵه به‌تاڵ و حه‌تاڵ و ڕووته‌که‌ی من له سلێمانی پڕ
له که‌لوپه‌ل بکات و فه‌رشی بکات و بۆمی دا مه‌زرێنێ و
بیڕازێنێته‌وه .....
ڕاستییه‌که‌یشی ئه‌وه‌یه من به‌هۆی ئه‌وه‌ی له سلێمانی ناژیم و
به‌ساڵێک یان چه‌ند ساڵێک جارێک ئه‌گه‌ر سه‌فه‌رێک بکه‌م و
بگه‌ڕێمه‌وه بۆ سلێمانی ، له‌به‌ر ئه‌وه هه‌موو ماڵه‌که‌م بایی
ده وه‌ره‌قه شتی تێدا نییه و ئه‌ویش ئه‌مه‌ی ده‌زانی ....
به‌رامبه‌ر به‌م پیاوه‌تییه من به‌و که‌سه‌دا سوپاسم بۆ نارده‌وه
و وتم : که چاوم به کاک فڵان که‌وت له‌وباره‌یه‌وه قسه‌ده‌که‌ین
. خۆیشم له مه‌کته‌بی سیاسی چاوم به براده‌ره‌که که‌وت و سوپاسم
کرد‌و پێیم وت : ده‌زانی چه‌ند ساڵێکه من ئیستماره‌ی ڕێزلێنانم
پڕکردۆته‌وه که هونه‌رمه‌ند و ئه‌دیب و نووسه‌ر ده‌گرێته‌وه و
ژماره‌یه‌ک له‌ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی وڵات ئه‌و یارمه‌تییه‌یان
پێبڕاوه ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی من ناکه‌ن و ده‌نگی نییه !!! هه‌روه‌ها
وتم : من کاتی خۆی ڕاونراوم و به ئه‌سبابی سیاسی ده‌رکراوم له
وه‌زیفه‌که‌م و هه‌قم هه‌یه بگه‌ڕێمه‌وه سه‌ر کاره‌که‌ی خۆم و
هه‌قی مه‌ده‌نی خۆم وه‌ربگرم !!! له‌مه‌شیاندا هیچ دیارنییه !!!
.داوای هه‌ردووکیشیانم کردووه !!!
هه‌ر بۆ
ئه‌م مه‌به‌سته له سویده‌وه ته‌له‌فۆنم بۆ دوو ئه‌ندام مه‌کته‌ب
سیاسی یه‌کێتی کرد . به یه‌کێکیانم وت : ده‌توانین ده دوازده
خوله‌ک قسه‌بکه‌ین پێکه‌وه ؟ وتی: ده خوله‌ک زۆره و کاتم نییه
!!! وتم ئه‌ی چۆن ؟، وه‌کوو ئه‌فسه‌رێک له‌گه‌ڵ سه‌ربازه‌که‌یدا
قسه بکات ! وتی : لای عه‌سر ته‌له‌فۆنم بۆ بکه‌ره‌وه . وتم :
باشه ! .
لای عه‌سر
که‌ته‌له‌فۆنم بۆ کرده‌وه ، هه‌موو قسه‌کانم له دوو خوله‌کدا
کۆکرده‌وه و وتم : ئه‌زانی بۆچی ته‌له‌فۆنت بۆ ده‌که‌م ؟ وتی : نا
، وتم : تۆ نه‌ختێک ئازار‌و ناخۆشیت چێشتووه له ژیانی سیاسی‌دا
!!!! دووه‌م ، ئه‌زموونێکی باشت هه‌یه سه‌باره‌ت به
مامه‌له‌کردنی خه‌ڵک !! پێشتر حکومه‌ته یه‌ک له دوای یه‌که‌کانی
عێراق به به‌عسیشه‌وه ، که‌که‌سێکیان ده‌گرت و ئازار‌و
ئه‌شکه‌نجه‌یان ده‌دا ، ئه‌گه‌ر نه‌یانکوشتایه حوکمیان ده‌دا .
پاش ته‌واوبوونی حوکمه‌که‌ی ، ئازاد ده‌کراو هه‌قی هه‌بوو
بچێته‌وه سه‌ر کاروکاسپێکه‌ی ، وه‌زیفه‌که‌ی ، خوێندنه‌که‌ی ،
به‌بێ هیچ مه‌رجێک و وابزانه من له زیندانی یه‌کێتیدا بووم و
هاتوومه‌ته ده‌ره‌وه و داوای مافی مه‌ده‌نی خۆم ده‌که‌م !! .
پرسیاره‌که ئه‌وه‌یه ئایا هه‌قم هه‌یه مافه مه‌ده‌نییه‌کانی
خۆم وه‌ربگرمه‌وه ؟ وه‌ڵامه‌که‌ی ئه‌ویش به ئا بوو و منیش خێرا
خواحافیزم لێکرد .
براده‌ره‌که‌ی تری مه‌کته‌بی سیاسی ، که ئه‌ویشیان له مێژه‌وه
ده‌ناسم و که‌سێکی ئه‌کادیمی و ڕۆشنبیرو به‌ڕێزه و نرخی خه‌ڵکی
لایه ، که‌ته‌له‌فۆنم بۆکرد له‌ماڵه‌وه نه‌بوو ، پاشان خۆی
ته‌له‌فۆنی بۆم کرد و نزیکه‌ی 40 خوله‌ک پێکه‌وه قسه‌مان کرد‌و
باسی کۆن و تازه‌مان کرد ، ئه‌و به‌منی نه‌وت کاتی قسه‌کردنم نییه
و په‌له‌مه و نازانم چی ! ، ته‌نانه‌ت وتی : ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره
هاتیته‌وه بۆ کوردستان ، ده‌بێ هه‌موو مه‌سره‌فێکت له‌سه‌ر ئێمه
بێت و ده‌بێ بریارێکی تایبه‌تیش بۆ تۆ ده‌ربچێ . من ساڵی پار باسی
ئه‌م دوو ته‌له‌فۆنه‌م له‌گه‌ڵ که‌سێکی نزیک به مام جه‌لال کرد
به‌بێئه‌وه‌ی هیچ مه‌به‌ستێکم هه‌بێت و به‌ته‌مای هیچ شتێکیش بم !
، پێده‌چی قسه‌که ده‌م مام جه‌لال که‌وتبێته‌وه ! .
ساڵی 1976
که‌سێکی نزیکی مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و مام جه‌لال ، که خزمی
منیش بوو ، ئه‌ندازیار و به‌رێوه‌به‌ری گشتی کۆمپانیایه‌ک بوو له
ئیماراتی عه‌ره‌بی یه‌کگرتوو ، هاته شام و چه‌ند ڕۆژێک مایه‌وه .
ئه‌م پیاوه حساباتی تایبه‌تی هه‌بوو له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌دا ! ،
پیاوه‌تی زۆریشی هه‌بوو به‌سه‌ریانه‌وه ، مام جه‌لال و هێرۆخان
ئه‌ویان له ئوتێل گواسته‌وه بۆ ماڵی خۆیان .
ڕۆژێکیان
به منی وت : به مام جه‌لالم وتووه مه‌عاشه‌که‌ت بۆ زیاد بکه‌ن !
و بۆ سه‌ری مانگ 100 لیره‌یان زیاد کرد بۆم که زۆرم پێ‌ناخۆش بوو !
تفم له چاره‌ی خۆم کرد‌و خه‌بات و تێکۆشانیشم له‌به‌رچاوکه‌وت ! .
ئه‌گه‌ر هاوڕێیه‌کی تێکۆشانی خۆم ، یه‌کێک له ده‌سته‌ی
دامه‌زرێنه‌ری یه‌کێتی، هاوڕێیه‌کی کۆنی شاخ ، مام جه‌لال خۆی
به‌بێ پێوتن ، ئه‌و یارمه‌تییه‌یان بدایه، ئه‌وا به
دڵنیاییه‌وه زۆرم پێخۆشده‌بوو ، به‌ڵام که‌سێک که هیچ
په‌یوه‌ندییه‌کی به تێکۆشانی سه‌ختی ئێمه‌وه نه‌بووه ، له‌وه
زیاتر که‌دۆستو‌براده‌ری بنه‌ماڵه بوو ، خزمی منیش بوو ، هات
ئه‌و کاره‌ی کرد (که‌پیاوه‌تی بوو) . ئه‌وه به‌ته‌واوه‌تی منی
بریندارکردو بۆ من سووکایه‌تی بوو ، بۆیه له‌به‌رخۆمه‌وه وتم:
ئائه‌مه‌یه پاداشتی خه‌بات و تێکۆشانی 19 ساڵه‌ی من ، پاداشتی
کوێره‌وه‌ریو قوربانیدانی خۆم و بنه‌ماڵه‌کامان !!!!
ساڵی 2006
سه‌فه‌رم کرده‌وه بۆ کوردستان ، له‌ڕێگه‌ی یه‌کێک له
خزمه‌کانیه‌وه نامه‌یه‌کم نارد بۆ هێرۆ خان ، به عه‌قڵیه‌تی
جارانی شام و تاران و هی ئه‌و چه‌ند جاره‌ی چوومه‌ته ماڵیان و
ڕێزیان لێگرتووم ، که هه‌مووی سێ‌چوار دێڕ ده‌بوو ، بۆ
ڕاستکردنه‌وه‌ی قسه‌یه‌ک که له ماڵی ئه‌وانه‌وه ده‌رچووبوو
ده‌رباره‌ی من و ویستم بیسه‌لمێنم که ئه‌و به هه‌ڵه
تێگه‌یه‌ندراوه و ڕاست نییه ! ، به‌ڵام ئه‌و نه‌یویست من ببینێ و
ڕه‌نگه وا بیری کردبێته‌وه که‌من به‌دوای به‌رژه‌وه‌ندی خۆمدا
ڕاده‌که‌م و ده‌مه‌وێ شتێکم ده‌ستبکه‌وێت!! .
ئه‌گه‌ر
که‌مێک بگه‌رێمه‌وه بۆ دواوه و له‌سه‌ر ئه‌زموونی سیاسی خۆم
بنووسم ، ده‌بێ باسی شه‌سته‌کان بکه‌م که چۆن مامه‌له کراوم ،
چونکه هه‌تا ئێستایش من یه‌کێتی و مام جه‌لال به به‌شێک له‌و
سیاسه‌ته ده‌زانم که له شه‌سته‌کاندا پیاده‌یانده‌کرد .ساڵی
1964 من خوێندکار بووم له زانستگا‌ی موسل و له‌هامانکاتدا به‌رپرسی
هه‌موو ڕێکخستنه‌کانی یه‌کێتی قوتانیانی کوردستان بووم و به‌هۆی
هه‌ڵه‌یه‌کی خۆمه‌وه گیرام و ماوه‌ی 45 ڕۆژ له ژێر ئازار‌و
ئه‌شکه‌نجه‌دا بووم و نه‌یانده‌هێشت که‌س چاوی به من بکه‌وێت و
له ژوورێکی
2x2
مه‌تریمیان خزاندبوو به ته‌نها ، پاش لێکۆڵینه‌وه منیان
گواسته‌وه بۆ زیندانی گه‌وره و گشتی و له زیندانی ته‌نهایی
ڕزگارم بوو و چه‌ند مانگێک له‌وێ مامه‌وه و دوایی منیان دا به
دادگای ( امن الدوله ) له که‌رکوک که نه‌چووم و جارێکی تریش
هه‌ر بانگیان کردمه‌وه ، به‌ڵام هه‌ر نه‌چووم و به که‌فاله‌تیش
به‌ربووبووم ، تا دواجار به بێ ئاماده‌بوونی خۆم ( غیابا ) حوکم
درام و ئه‌مری گرتنم بۆ ده‌رچوو . به‌هۆی ئه‌وه‌وه ساڵی 1965
ڕامکرده ئێران بۆئه‌وه‌ی له‌وێ یاخود له‌وڵاتێکی تر مشوورێکی خۆم
بخۆم ، به‌ڵام ساواک منیان گرت وئیفاده‌میان وه‌رگرت و
له‌باره‌گاکه‌یان له شاری سنه ده‌ستبه‌سه‌رمیان کرد و مامه‌ڵه‌ی
میوانیان له‌گه‌ڵم ده‌کرد نه‌ک زیندانیی و هه‌موو مه‌سره‌فێکیشیان
ده‌کێشام و به‌ڕۆژ ده‌چوومه ده‌ره‌وه بۆ گه‌ڕان و دوای نیوه‌ڕوان
ده‌گه‌رامه‌وه بۆ ئه‌وێ بۆ پشوودان . ئه‌وکاته عه‌گید سدیق که
خۆی مامۆستا بوو- پێشتر به‌رپرسی لقی چواری پارتی بوو -
له‌وناوه‌بوو ( ئیتر نازانم نوێنه‌ری بارزانی بوو یاخود به
ڕێکه‌وت له‌وێ بوو ) دواتریش پاش ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی شه‌ڕ حکومه‌ت
دایمه‌زراند به پارێزگاری بابل(حله)، ئه‌گه‌ر پارتی نه‌ڵێ خه‌ت
مائیلی خۆمان بوو لای حکومه‌ت !
عه‌گید سدیق
هاته لام بۆ باره‌گای ساواک و وتی: کوڕم ئه‌مانه ده‌وڵه‌تن ! تۆ
چۆن سنوور ده‌به‌زێنی؟نازانی ده‌تگرن و تووشی کێشه ده‌بیت ؟ وتم :
کاک عه‌گید من منداڵ نیم وقوتابی زانستگام و ڕاونراوم و بۆ شایی و
زه‌ماوه‌ند نه‌هاتووم بۆ ئێره .... دواجار وتی تۆ ده‌گێرنه‌وه بۆ
لای خۆمان و چاوه‌ڕوانبه.
پاش چه‌ند
ڕۆژێک ماشێنێکی پڕ له جامه‌دانه سوور هاته به‌رده‌می باره‌گای
ساواک و وتیان فه‌رموو سوابه له‌گه‌ڵمان . ماشێنه‌که به‌ره‌و
گو‌ندی ساوجی که‌وته ڕێ .
ئه‌وسا
مه‌رحوم بارزانی باره‌گای خۆی هێنابوه گو‌ندی ساوجی نزیک سنووری
عێراق- ئێران له‌ناوچه‌ی پێنجوین ، وابزانم گونده‌که سه‌ر به
ئێران بوو . منیان له‌وێ فڕێ‌دا به‌بێئه‌وه‌ی هیچ بڵێن .
ژماره‌یه‌کی زۆر له سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کان و ئه‌فسه‌ره‌کانی شۆڕش
له‌وێ بوون ، به‌ڕێکه‌وت مه‌رحوم تایه‌ر عه‌لی والی به‌گ له‌وێ بوو
که پێشتر ده‌مناسی و منی برده ماڵی خۆیان و میوانداری کردم ،
ڕۆژی ئاینده پێکه‌وه پیاسه‌مان ده‌کرد، عه‌بدولوه‌هاب ئه‌تروشی
به‌ره‌وڕوومان هات و یه‌کسه‌ر به‌شێوه‌یه‌کی ڕه‌ق به
منی وت: تۆ
جه‌لالیت!، خه‌ریک بوو وه‌ڵامی بده‌مه‌وه ، به‌ڵام کاک تایه‌ر
پێیوت: عه‌بدولوه‌هاب ! هه‌قت نییه به‌سه‌ریه‌وه و ئه‌ویش بێده‌نگ
بوو !، ئه‌وزه‌مانه جه‌لالی و مه‌لایی هێشتا چنگیان نه‌خستبوه
خوێنی یه‌کتره‌وه ، ده‌تتوانی بچیته‌وه به گژ ده‌می هه‌موو
که‌سێکدا!
دوای دوو
ڕۆژ بارزانی پاش نیوه‌ڕۆیه‌کی ده‌مه‌و عه‌سر له دووری 50
مه‌تره‌وه منی له‌گه‌ڵ کاک تایه‌ر بینی و وتبوی ئه‌و سه‌ر ڕووته
کێیه؟ ئه‌وانیش تێیانگه‌یاندبوو .
بارزانی به
ڕۆژ ده‌نوست و به شه‌و به خه‌به‌ر بوو ، هه‌ر له‌وکاته‌دا که‌من
له‌وێ بووم هه‌نری کێسنجه‌ر – وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا و
ئه‌میر عه‌باس هوه‌یدا – سه‌رۆک وه‌زیرانی ئێران سه‌ردانی
بارزانی‌یان کرد له گو‌ندی ساوجی، کۆبوونه‌وه‌ی خۆیان له‌گه‌ڵ کرد‌و
گه‌ڕانه‌وه، دوابه‌دوای ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه ژماره‌یه‌کی زۆر له
ماشێنی سوپای ئێرانی سه‌رداپۆشراو هاتنه ساوجی و باره‌کانیان
داده‌گرت و ده‌گه‌ڕانه‌وه .
پێشئه‌وه‌ی
گو‌ندی ساوجی جێبهێڵم ، داوام له مه‌رحوم مولازم تایه‌ر و مه‌رحوم
مه‌حمود به‌گی گۆڵێ کرد که ڕوو له بارزانی بنێن بۆئه‌وه‌ی
یارمه‌تیم بدات و به‌ڕه‌سمی بچمه‌وه ئێران ، که پێیان وت ،
بارزانی له‌وه‌ڵامدا وتبووی: ئه‌مه کێشه‌مان بۆ دروستده‌کات ، با
بگه‌رێته‌وه بۆ شوێنی خۆی و خۆیشی دوای چه‌ند ڕۆژێک تاوی
ئه‌سپه‌که‌ی دا‌و له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک چه‌کداری خۆی ، گو‌ندی ساوجی
جێهێشت . ئه‌وکاته هێزه‌کانی باڵی مه‌کته‌بی سیاسی تازه له
هه‌مه‌دان گه‌ڕابوونه‌وه بۆ کوردستان ( پاش ڕێککه‌وتن له‌گه‌ڵ
بارزانیدا ) و چووبوونه گو‌ندی سیاگوێزی شێخ له‌تیفی شێخ مه‌حمودی
حه‌فید و دۆڵه‌ڕه‌قه‌ی عه‌باسی مامه‌ند ئاغای سه‌رکه‌پکان.
له‌گه‌ڕانه‌وه‌دا بۆ سلێمانی ، لای خزمه‌کانم لامدا له گو‌ندی حاجی
مامه‌ند ، مه‌رحوم فه‌تاح ئاغای حه‌مه‌ومین ئاغای نۆڕک ، خۆی و
پێشمه‌رگه‌کانی له‌وێ بوون و پێی زانی که من هاتووم و حه‌زیده‌کرد
چاوی پێم بکه‌وێت – ئێمه یه‌کترمان نه‌ده‌ناسی – منیش چووم بۆ لای
و پیاوێکی جوامێر بوو ، زۆر ڕێزی لێمگرت و ماوه‌یه‌کی دوورودرێژ
پێکه‌وه قسه‌مان کرد و حه‌زیده‌کرد بمێنمه‌وه و له‌گه‌ڵیاندا
کاربکه‌م ، منیش به پێی تێگه‌یشتنی خۆم وه‌ڵامم دایه‌وه و
خزمه‌کانم پێیان سه‌یر بوو ، ده‌یانوت چۆن وێرات وه‌ها بڵێیت؟!
منیش وتم: شتی خراپم نه‌وتووه ، هه‌رکه‌سه به قه‌ناعه‌ت و
بیروڕای خۆی.
دوای گو‌ندی
حاجی مامه‌ند، له ڕێگای گۆیژه و خانوه قوڕه‌کانی ئه‌وساوه خۆم
کرده‌وه به شاری سلێمانیدا و دیسان خۆم شارده‌وه هه‌تا به‌یانی
29/ی حوزه‌یرانی 1966 خۆێنرایه‌وه و باره‌گا و ڕێکخستنی ئاشکرا
سه‌ریان هه‌ڵدایه‌وه . کێشه‌ی ئه‌وسای من ئه‌وه‌بوو نه‌مده‌توانی
درێژه به خوێندن بده‌م ، یاخود وه‌کوو کارمه‌ندێک له جێگایه‌ک
دابمه‌زرێم و کار بکه‌م چونکه له‌مه‌حکه‌مه‌وه حوکم درابووم
وئه‌مری گرتنیشم له‌سه‌ر بوو ، ڕێکخستن و حزبه‌که‌شم له خه‌می
خۆیاندا بوون و نه‌یانده‌په‌رژایه سه‌ر من ، چه‌ند مانگێکم
به‌وشێوه‌یه برده‌سه‌ر و دوایی چوومه به‌غدا و ڕووم له مه‌رحوم
حیلمی عه‌لی شه‌ریف نا که نێوانمان زۆر خۆش بوو و پیاوه‌تی
له‌گه‌ڵم کرد و ده‌نگی منی گه‌یانده لای سه‌رۆک کۆماری ئه‌وسای
عێراق عه‌بدولره‌حمان عارف که ئه‌ویش له‌لای خۆیه‌وه مه‌رسوومێکی
جمهوری بۆم ده‌رکرد و منی به‌خشی و حوکمه‌که‌ی له‌سه‌رم لابرد . من
ئه‌مه‌م به‌هیچ جۆرێک باسنه‌کرد له‌لای ڕێخستنه‌که‌م له شاری
سلێمانی .
ساڵی 1968
زانستگا‌ی سلێمانی دامه‌زرا له‌سلێمانی و پێویستییان به
ژماره‌یه‌کی زۆر له کارمه‌ند هه‌بوو ، هه‌ندێک له به‌رپرسه‌کانی
کۆمیته‌ی ناوه‌ندی و مه‌کته‌بی سیاسی و ئه‌ندامانی لقی سلێمانی
که‌وتنه دامه‌زراندنی خزم و که‌سوکاری خۆیان . منیش له خێزانێکی
ده‌ستکورت بووم و حاڵمان شڕ بوو ، باری ئابووریمان شێوا بوو ،
داوام له براده‌ره‌کانم کرد یارمه‌تیم بده‌ن دامه‌زرێم ، که‌چی
گاڵته‌یان به قسه‌که‌م ده‌هات و وه‌کو به من بڵێن زانستگا شوێنی
کوڕه ده‌ره‌به‌گ و سه‌رۆک خێڵ و کوڕه ده‌وڵه‌مه‌نده و خواردنی
تۆ نییه !! به‌مه‌رجێک ئه‌وکاته من یه‌کێک بووم له که‌سه
چالاکه‌کان و ده‌روێشه سه‌رگه‌رمه‌کان . ناچار بۆ ئه‌مه‌یشیان
چووم بۆ به‌غدا و ڕووم له مه‌رحوم حیلمی نا که‌له‌مه‌شیاندا
پیاوه‌تی کرد و به‌سه‌رۆکی زانستگا‌ی وت که دامبمه‌زرێنێ .
ئه‌وسا من و
کاک حیلمی و کاک روشدی جوانه‌مه‌رگی برای په‌یوه‌ندییه‌کی
توندوتۆڵمان هه‌بوو، له‌ڕێگه‌ی ئه‌وانیشه‌وه په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ
مه‌رحوم ره‌ئیس حه‌مه‌ومینی مه‌لا فه‌ره‌ج زۆر خۆش بوو که ئه‌ویش
له‌لای خۆیه‌وه یارمه‌تی خێزانی ئێمه‌ی زۆردا ، به تایبه‌تی که
برایه‌کی ترمان ویستی له کۆلیجی پۆلیسی به‌غدا وه‌ربگیرێ و بخوێنێ
، ئه‌و له‌گه‌ڵ وه‌زیری به‌رگری ئه‌و کاته‌ی عێراق ( حه‌ماد شیهاب
) به‌ینیان زۆر خۆش بوو ، یارمه‌تی براکه‌ی من و ده‌یان که‌سیتری
دا بۆ قبوڵ بوون له کۆلیجه‌کانی پۆلیس و سه‌ربازی له به‌غدا .
ئه‌وزه‌مانه براده‌رێک ، به‌هۆی ئه‌وه‌ی خزمایه‌تی هه‌بوو له‌گه‌ڵ
ماڵی مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ، خۆێشی کۆیی بوو ، ئه‌ندامی
کۆمیته‌ی ناوه‌ندی باڵی مه‌کته‌بی سیاسی بوو ، له‌هه‌مانکاتدا
به‌رپرسی ڕێکخستنه‌کانی لقی سلێمانی بوو ، چاره‌ی من و ژماره‌یه‌کی
تری نه‌ده‌ویست به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئێمه هه‌موو خۆمان به چه‌پ
ده‌زانی ، ژێربه‌ژێر له‌پشته‌وه پاشقولی زۆری له‌من گرت ، که‌سێکی
دوو ڕوو بوو ، خۆیشی زۆری نه‌خوێندبوو له‌مه‌کته‌ب و زوبانی
عه‌ره‌بی نه‌ده‌زانی ، که‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به دزی
براده‌رانه‌وه په‌یوه‌ندی به منه‌وه ده‌کرد که یارمه‌تی بده‌م
و هه‌ندێ ڕاپۆرتی بۆوه‌رگێڕم له زوبانی عه‌ره‌بییه‌وه بۆ کوردی،
به پێچه‌وانه‌یشه‌وه له زوبانی کوردییه‌وه بۆ عه‌ره‌بی که
هه‌مووی په‌یوه‌ندی به چالاکی سه‌ربازی و پێشمه‌رگانه‌وه هه‌بوو
، به‌منی ده‌وت : تکایه با براده‌ران به‌مه نه‌زانن ( مه‌به‌ستی
ئه‌ندامانی لق بوو ) !! چونکه به‌ڕاستی ئه‌گه‌ر براده‌ران
به‌مه‌یان بزانیبایه ، ئه‌وا لێیان ده‌کرد به هه‌ڵڵاو قسه‌ی
زۆریان دواده‌خست ، چونکه هه‌ندێکیان به‌هۆی لووتبه‌رزی و
خۆبه‌زلزانینه‌وه خواخوای شتێکی وایان بوو . ئه‌و ناوبه‌ناو وتاری
ده‌نووسی بۆبڵاوکردنه‌وه له گۆڤاری ڕزگاریدا که‌له‌وسه‌رده‌مه‌دا
ده‌رده‌چوو و ئه‌وانیش هه‌ڵه‌کانیان بۆ ڕاست نه‌ده‌کرده‌وه و
به‌ناوی خۆیه‌وه بۆیان بڵاوده‌کرده‌وه بۆئه‌وه‌ی به خه‌ڵکه‌که
بڵێن ، ئائه‌مه‌یه ئاستی ڕۆشنبیری به‌رپرسێکی شاری سلێمانی .
ئه‌م
براده‌ره له دوای خوێندنه‌وه‌ی به‌یانی 11/ی ئازاری 1970 وه ون
بوو له گۆڕه‌پانی سیاسی و چووه به‌غدا و له‌وێ دایکوتا ، ئیتر
سه‌ریهه‌ڵنه‌دایه‌وه هه‌تا ئه‌و ساڵانه‌ی دوایی که بیستم له
ئیداره‌ی گشتی دایانمه‌زراندووه و ئێستایش به‌ده‌ره‌جه‌ی وه‌زیر
خانه‌نشین کراوه !!!
سه‌ردانی
شێخ عوبێدوڵڵای بارزانی له به‌غدا .
ساڵی 1974
زانستگا‌ی سلێمانی دووجار منیان پاڵاوت بۆ خوێندن له‌ده‌ره‌وه‌ی
وڵات ، یه‌کێکیان بۆ دکتۆرا له دیراساتی کوردی‌دا له سۆڤیه‌ت و
ئه‌وی تریشیان بۆ ماجستێر له‌ئابووریدا له‌فه‌ره‌نسا ، له‌هه‌ردوو
جاره‌که‌دا ده‌بوایه وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا ئه‌و که‌سه له
فیلته‌ری خۆیان بده‌ن و لێی دڵنیا بن ، ئه‌وجا ڕێگه‌ی پێبده‌ن
بڕواته ده‌ره‌وه و لێره له وڵات مووچه‌که‌ی بۆ خه‌رج بکه‌ن و
له‌وێش له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات مه‌سره‌فی بکێشن .
جاری
یه‌که‌میان من دوای کاره‌که نه‌که‌وتم بۆ به‌غدا و گوێم نه‌دایه
، واتێگه‌یشتبووم که کۆسپ نایه‌ته به‌رده‌م و جێبه‌جێبوونی
مسۆگه‌ره ، به‌لام به پێچه‌وانه‌وه من تاقه که‌سێک بووم که
ڕێگه‌یان پێنه‌دام بڕۆمه‌ده‌ره‌وه .
بۆ جاری
دووه‌م دوای که‌وتم و بۆی چوومه به‌غدا و ئیتر تێگه‌یشتم یان
ده‌بێ بووبیت به به‌عسی ، یاخود سه‌ربه ڕێکخراو یان حزبێکی کوردی
کارتۆنی بیت ، یان پاڵپشتێکی باشت هه‌بێت بۆئه‌وه‌ی له‌سه‌ر حسابی
حکومه‌ت بچیته ده‌ره‌وه بۆ خوێندن . من هیچ یه‌کێک له‌مانه
نه‌بووم .
به‌ڕێکه‌وت
براده‌ری جوانه‌مه‌رگ ، مه‌رحوم شازاد جه‌میل سائیب له‌به‌غدا بوو
، باسم بۆیکرد که شتێکی وا هه‌یه و ئه‌ویش مه‌رحوم شێخ
عوبێدوڵڵای ده‌ناسی و وتی: ده‌چینه لای بزانین چیمان بۆده‌کات ،
ئه‌وکاته شێخ عوبێدووڵڵا وه‌زیری ده‌وڵه‌ت بوو ، که‌چووینه لای ،
منی به‌و ناساند‌و له‌گه‌ڵ ئێمه زۆر جوامێر بوو ، ڕێزی زۆری
لێگرتین و که‌وته ته‌له‌فۆنکردن بۆ وه‌زیری خوێندنی باڵا و چه‌ند
به‌ڕێوه‌به‌رێکی گشتی له وه‌زاره‌ت ، که له قسه‌کردن بووه‌وه
یه‌کسه‌ر پیرۆزبایی له‌من کرد‌و وتی: کاره‌که‌ت جێبه‌جێ بوو.
ئه‌وکاته‌ی
ئێمه لای ئه‌و دانیشتبووین ، مه‌رحوم عه‌بدوڵڵا ئیسماعیل ( مه‌لا
ماتۆر ) و لیوا که‌مال موفتی هاتن بۆ لای شێخ عوبێدوڵڵا .
ڕۆژی
ئاینده که‌سێک به‌ناوی هۆشه‌نگ ئه‌نساری ته‌له‌فۆنی بۆ من کرد بۆ
ئوتێل و وه‌کوو یه‌کێتی قوتابیانی کوردستان خۆی پێم ناساند و به
منی وت : حه‌زده‌که‌ین سه‌ردانمان بکه‌یت و ئاماده‌ین بۆ هه‌موو
یارمه‌تیدانێکت . منیش ناونیشان و ته‌له‌فۆنه‌که‌یانم وه‌رگرت و
وتم : سه‌رتان لێده‌ده‌م ! ، به‌لام نه‌چووم ، لای ئێواره‌ی
هه‌مان ڕۆژ من و حه‌مه سدیقی محامی و چه‌ند براده‌رێکی تر
یه‌کمانگرت و له یانه‌ی وه‌زاره‌تی ڕاگه‌یاندن دانیشتبووین و
چپاندم به گوێی حه‌مه سدیقدا و وتم : شتێکی وا هه‌یه و
جووڵه‌یه‌کم بۆبکه ! وتی: به‌خوا له‌گه‌ڵیان نه‌بیت هیچت بۆناکه‌ن
!!ڕۆژی دوای ئه‌وه ده‌مویست خۆم کۆبکه‌مه‌وه و بگه‌ڕێمه‌وه بۆ
سلێمانی ، یه‌کێک له ئیداره‌ی ئوتێل وتی ته‌له‌فۆن تۆی ده‌وێ ،
سه‌یرمکرد شێخ عوبێدوڵڵا بوو که وتی حه‌زده‌که‌م سه‌رێکم لێبده‌یت
، که‌چووم ، ئه‌مجاره‌یان گه‌رمتر له جاری یه‌که‌م پێشوازی له من
کرد و پاش قاوه‌خواردنه‌وه و نه‌ختێک قسه‌کردن تێمگه‌یاند که
ده‌گه‌رێمه‌وه بۆ سلێمانی و ئه‌م کاره ئه‌وه‌نده هاسان نییه!،
ئه‌ویش وتی : کاک عارف تۆ ئازادیت ، بڕوابکه بۆ ته‌والێتیش دوان
له‌و سه‌گانه به دوامه‌وه‌یه و پێم ناخۆشه به‌و شێوه‌یه
ده‌گه‌رێیته‌وه . وتم: یاشێخ من سوپاسی جه‌نابت ده‌که‌م و تۆ
درێخیت نه‌کردووه و چی له‌ده‌ستت هاتووه کردووته و یارمه‌تی
زۆری منت داوه ، به‌ڵام ئه‌وان بریار و ڕۆتینی خۆیان هه‌یه و
ڕه‌نگه بۆ من ده‌ست نه‌دات !! دوایی خواحافیزیمان له‌یه‌کتر کرد‌و
لای ئه‌وم جێهێشت .ئه‌مجاره‌شیان وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا منی
قه‌بووڵ نه‌کرد بۆ چوونه ده‌ره‌وه !!!
لێره‌دا که
باسی شێخ عوبێدوڵڵای بارزانی ده‌که‌م ، ده‌مه‌وێ به خوێنه‌ر و
ڕۆشنبیری گه‌له‌که‌مان بڵێم : ئه‌و پیاوه هاوڕێ و هه‌ڤاڵی
تێکۆشانی من نه‌بوو ، به‌رپرسم نه‌بوو ، ئه‌وه یه‌که‌مجار بوو به
هۆی براده‌رێکی خۆمه‌وه بچمه لای و بیناسم ، دیسان ئه‌ویش کارێکی
به من نه‌بوو ، به‌ڵام کاروکردارو پیاوه‌تی و یارمه‌تی و قسه‌ی
شیرینی ئه‌و بۆمن زۆربوو که بیرم ناچنه‌وه ، هه‌رچه‌نده من
نامه‌وێ ئه‌مه تێکه‌ڵ به زرووفی شه‌خسی ئه‌و له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی
بارزانی و ڕژێمدا بکه‌م ، به‌ڵام که ئه‌مه به‌راورد ده‌که‌م
له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی ئازاری منیاندا له‌ژیانی سیاسیمدا و ژانی زۆریان
کرده دڵمه‌وه و به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک په‌لاماریاندام ..... ئاسمان
و ڕێسمان ده‌بینم!!.
ڕه‌نگه
هه‌بێ و به‌من بڵێ : بۆچی سکاڵا‌و گازنده ده‌که‌یت و ئه‌م قسانه
هه‌ڵده‌ڕێژی؟سوودیان چییه؟ ، له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێم: ئه‌وانه‌ی من
نووسیومن هه‌مووی مانای ئه‌خلاقی و سیاسی خۆی هه‌یه‌و ڕه‌نگه
ده‌رس و په‌ندی باش بده‌نه ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێ باش
له‌مه‌سه‌له‌کان بگه‌ن و هه‌ڵسه‌نگاندنی نوێ و زانستانه بۆ
که‌سه‌کان ، دیارده‌کان ، ڕووداوه‌کان ، بۆ خه‌بات و تێکۆشان بکه‌ن
له‌داهاتوودا و هه‌رشته‌ش هه‌قی خۆی بده‌نێ .
بۆچی
یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان ڕۆژی به‌م ڕۆژه گه‌یشت؟!
دوابه‌دوای
ڕێکه‌وتننامه‌ی جه‌زائیری 1975 مه‌رحوم بارزانی و بنه‌ماڵه‌ی
بارزانی که به‌رپرسیارێتی یه‌که‌می شۆڕشی ئه‌یلولیان له ئه‌ستۆدا
بوو ، ئاماده‌نه‌بوون درێژه به شۆڕش بده‌ن ، ئه‌وان په‌کیان
نه‌که‌وتبوو له سه‌ر پێشمه‌رگه و چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی و تفاقی
جه‌نگی و پاره و ئازووقه و جلوبه‌رگ ، به‌شی چه‌ند ساڵێکیان
له‌به‌رده‌ستدا بوو به بێ پشتبه‌ستن به هیچ ده‌وڵه‌تێک ، بارزانی
و بنه‌ماڵه پاساوی زۆریان ده‌هێنایه‌وه بۆ خۆدزینه‌وه له شۆڕش
، به‌ڵام له ڕه‌خنه‌و بۆڵه‌بۆڵ و تووڕه‌بوونی میلله‌ت ڕزگاریان
نه‌بوو ! ، ته‌نانه‌ت له‌و ده‌یان هه‌زار چه‌کداره‌ی له
کوردستاندا هه‌یانبوو ، ڕازی نه‌بوون چه‌ند هه‌زارێکی لێبهێڵنه‌وه
له‌ده‌ستی خۆیاندا ، یاخود به‌ره‌وڕووی که‌سانێکی بکه‌نه‌وه که
ئاماده بوون درێژه به شۆڕشی کورد بده‌ن و له‌فه‌وتان و
له‌ناوچوون ڕزگاری بکه‌ن و به‌رامبه‌ر به به‌عسی فاشیست و پیاوکوژ
بوه‌ستنه‌وه که دواتر که‌وتنه گیانی گه‌له‌که‌مان له شار و
شارۆچکه‌و گونده‌کانی کوردستان و به ناشیرین‌ترین شێوه
ده‌ستیانکرد به هه‌ڵمه‌تی به‌عه‌ره‌بکردن و به‌عسکردن و ڕاگوێزانی
خه‌ڵکی کوردستان بۆ ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق .
ئه‌وکاتانه
مام جه‌لال له لوبنان ( به‌یروت ) بوو ، په‌یوه‌ندی به شێخ
عه‌زیزی شێخ ره‌زاوه هه‌بوو که نوێنه‌ری بارزانی و شۆڕشی کورد
بوو له‌وێ و په‌له‌ی بوو به‌زوویی شتێک بکات به شتێک و جێگه‌ی
بارزانی و شۆڕشی کورد بگرێته‌وه و خۆی ڕه‌هبه‌ری شۆڕشی نوێ بێت و
بریار له‌ده‌ستی خۆیدابێت له گۆڕه‌پانی سیاسی‌دا ، ئه‌و به
ئاگاداری سوریا و لیبیا و فه‌له‌ستینییه‌کان ، یه‌کێتی نیشتمانی
کوردستانی دامه‌زراند له شام و خۆێشی مالوحاڵی خۆی گواسته‌وه بۆ
شآم .
مام جه‌لال ، لێره و له‌وێ ، کۆمه‌ڵێک خه‌ڵکی کۆکرده‌وه و ناوی
ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری ینک-ی لێنان و هه‌موو ئه‌وانه بوون که
ئه‌و خۆی ده‌یتوانی به ئاسانی کۆنتڕۆڵیان بکات و بریاریان له‌سه‌ر
بدات ، ژماره‌یه‌ک له‌وانه کۆنه جه‌لالی بوون . ژماره‌یه‌کی تری
که‌سایه‌تی سیاسی ناسراو هه‌بوو که به‌ده‌نگ بانگه‌شه‌که‌ی ینک
وه هاتبوون و گه‌یشتبوونه شام وه‌کوو کاک ( دکتۆر مه‌حمود عوسمان
، شه‌مسه‌دین موفتی ، عه‌لی سنجاری ) و خه‌ڵکیتر که پێشتر له
پارتی دیموکراتی کوردستاندا ڕۆڵی سیاسی و به‌رچاویان هه‌بوو ،
ئه‌مانه نه‌کرابوونه ئه‌ندامی دامه‌زرێنه‌ر ، جگه‌له‌وه ،
ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر ، که‌سانی سه‌ر به بنه‌ماڵه‌ی بارزانیشی
تێدانه‌بوو ، هه‌ڵبه‌ته هاسان نه‌بوو بۆ مام جه‌لال که‌ئه‌و جۆره
که‌سانه به ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر قه‌بووڵ بکات، چونکه ئه‌مانه
ڕێگه‌ی ئه‌ویان نه‌ده‌دا
به
ئاره‌زووی خۆی بریار بدات و له‌وانه بوو له زۆر شت‌دا بیوه‌ستێنن
! ، من به‌شبه‌حاڵی خۆم ئه‌مه به هه‌ڵه‌یه‌کی سیاسی و مێژوویی
ئه‌و سه‌رده‌مه ده‌زانم که ده‌بوایه حسابی بۆ بکرایه بۆئه‌وه‌ی
ئه‌و بارودۆخه‌ی لێنه‌که‌وتایه‌ته‌وه که به‌چاوی خۆمان بینیمان .
له‌گه‌ڵئه‌وه‌ی له‌وانه بوو بارزانی و بنه‌ماڵه‌ی بارزانی
له‌سه‌ره‌تادا به‌م پرۆژه‌یه‌ی یه‌کێتی ڕازی نه‌بوونایه ، به‌ڵام
له‌وانه‌بوو دواتر شل ببونایه و خۆیان بدایه به‌ده‌سته‌وه
چونکه حاڵیان باش نه‌بوو ، هه‌رچه‌نده ئێمه هه‌موومان ئه‌و
ڕاستییه ده‌زانین که سه‌رانی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی به
ئێستایشیانه‌وه ، ویستوویانه سه‌رۆکایه‌تی له کوردستاندا
به‌ته‌نها له‌ده‌ستی خۆیاندا بێت ، چونکه ئه‌وان خۆیان به
وه‌ریسی شه‌رعی بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخواز و ئازادیخوازی گه‌لی کورد
ده‌زانن و هه‌موو حزب و لایه‌نه کوردستانییه‌کانی تر به پله دوو
ده‌زانن و ئه‌وه ڕه‌تده‌که‌نه‌وه ئه‌و شه‌ره‌فه‌یان
بدرێتێ......ئه‌مه کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌یه و ده‌بێ لێکۆڵینه‌وه‌و
توێژینه‌وه‌ی ئه‌کادیمی زۆری له‌سه‌ر بکرێت ، به تایبه‌تی
هه‌تائێستا ئێمه ڕزگارمان نه‌بووه له سیستمی خێڵه‌کی و
عه‌شایه‌ری له سه‌رانسه‌ری کوردستاندا ، جگه له خراپ
به‌کارهێنانی یاسا و ده‌سه‌ڵات له به‌رژه‌وه‌ندی تاک و حزب و
توێژێکی دیاریکراو ، زۆری شه‌ڕ و به‌یه‌کدادانه‌کانی ڕابوردووش
1964-1997 که‌هه‌زارانی له‌گه‌ڵ خۆی لوولدا ، په‌یوه‌ندی
ڕاسته‌وخۆی به‌م کێشه‌یه‌وه هه‌یه و بڕوایشم نییه ئاوا زوو
پیاداچوونه‌وه و به‌خۆداچوونه‌وه هه‌بێت له‌م باره‌یه‌وه .
یه‌کێتی
نیشتمانی کوردستان له‌یه‌که‌م ڕۆژی دامه‌زراندنیه‌وه تۆوی ناکۆکی
و ململانێ و به‌یه‌کدادانی پێ‌بوو بۆ ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی
ڕێکخراوه‌که ، که گران وه‌ستایه‌وه له‌سه‌ری.وه‌شاندنی تۆوی
له‌وجۆره له‌زه‌رفێکی ناسکی وه‌کوو ئه‌وه‌ی ساڵی 1975 دا ،
ڕێکخراوه‌که‌ی دووچاری گه‌وره‌ترین ململانێ و کێشه‌ی خۆێناوی کرد
که هه‌تا ئێستایش یه‌کێتی پێوه‌ی ده‌ناڵێنێ ، کێشه ناوخۆییه‌کانی
ئه‌مڕۆش به‌شێکه له‌وه‌ی دوێنێ و لێی جیانابێته‌وه .
ئه‌گه‌ر
بگه‌رێینه‌وه بۆ دوکومێنته‌کانی سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی یه‌کێتی
وه‌کوو : به‌یانی یه‌که‌می ی ن ک . یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان بۆچی
؟. پرۆژه‌ی پرۆگرام و په‌یره‌وی ناوخۆی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان
، ده‌توانین ئاماژه به زۆرشت ( خاڵ ) بکه‌ین که پشتگوێ خراوه و
کاری پێنه‌کراوه ، لێره‌دا ده‌مه‌وێ بڵێم ناکۆکی و
له‌یه‌کنه‌چوونی زۆر هه‌بوو له نێوان ده‌قه تتیئورییه‌کان و
پراکتیکی سیاسی که ڕه‌نگدانه‌وه‌ی خراپی هه‌بوو له‌سه‌ر درووشم و
ڕێباز و ئامانجی یه‌کێتی ، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌کانی
ناوخۆ‌و ده‌ره‌وه‌یان ، جۆری ئیداره‌کردنی شۆڕشی نوێ ،
ده‌ستنیشانکردن و مامه‌له‌کردنی ناکۆکی و ململانێکان له گۆڕه‌پانی
سیاسی‌دا .
جارێ هه‌ر
له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیه‌وه ، یه‌کێتی چه‌ند مه‌سه‌له‌یه‌کی
گرنگی ورووژاند که ده‌بوایه په‌له‌ی تێدانه‌کردایه و خۆی دوور
بگرتایه لێی وه‌کوو :
یه‌که‌م/
به‌عێراقیکردنی شۆڕشی نوێی گه‌ل و به‌ستنه‌وه‌ی خه‌بات و تێکۆشآنی
گه‌لی کورد به چالاکی سیاسی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌به‌وه له یه‌مه‌نی
دیموکراتی گه‌لی و عه‌ره‌بستانی ئێران که ناوی شۆڕشی نه‌ته‌وه‌ی
عه‌ره‌بیان لێنابوو ، هه‌روه‌ها بزووتنه‌وه‌ی کرێکاران و هێزی
سوشیالێست له جیهاندا ، له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی گه‌لان
له دنیای سێهه‌مدا ، ئه‌ویش به دژایه‌تیکردنی ئاشکرای ئه‌مه‌ریکا
و به‌ریتانیا و ئیسرائیل و ڕژێمه‌کانی تورکیا و ئێران و شۆڤێنی
عه‌ره‌بی و ڕژێمی به‌عس له به‌غدا .
دووه‌م/
لکاندنی تومه‌تی جۆراوجۆر به پارتی و بنه‌ماڵه‌ی بارزانییه‌وه و
دانانی ئه‌وان له خانه‌ی ناکۆکی سه‌ره‌کیدا به پاساوی ئه‌وه‌ی
گوایا ئه‌وان خۆیان به‌ستۆته‌وه به ئیمپریالیزم و سایۆنیزم
وحکومه‌ته کۆنه‌په‌رسته‌کانی ناوچه‌که‌وه ، له‌مه‌یاندا مام
جه‌لال و ( ی ن ک ) که‌وتنه هه‌ڵه‌وه و موعاده‌له‌یه‌کی سیاسی
چه‌وتیان داڕشت و گه‌وره‌ترین گورزیان وه‌شاند له گیانی
بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی گه‌لی کورد و ماڵوێرانییه‌کی زۆریان هێنا
بۆ کورد . من ئه‌مه‌م له‌کاتی خۆیدا له نامه‌یه‌کدا خستۆته پێش
چاوی مام جه‌لال له شام.
بێگومان من
نامه‌وێ دێڕ به دێڕی ئه‌و تومه‌تانه دووپاتبکه‌مه‌وه ، چونکه
ئامانج له‌م نووسینه کولانه‌وه‌ی برینه کۆنه‌کان نییه !! .
ناکۆکی
سه‌ره‌کی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی گه‌لی کورد ته‌نها و ته‌نها
ڕژێمه داگیرکه‌ره‌کانی کوردستانه که کوردستانیان به‌سه‌ردا
دابه‌شکراوه .
ئه‌گه‌ر
بگه‌رێینه‌وه بۆ کۆتایی ساڵه‌کانی حه‌فتاکان ، واته له ساڵی
1976 به‌دواوه که شۆڕشی کورد خه‌ریک بوو ورد ورد
ده‌ستپێبکاته‌وه ، ململانێی گه‌لی کورد له‌گه‌ڵ ڕژێمی فاشیست و
خوێنڕێژی به‌غدا بوو نه‌ک ئیمپریالیزم و سایۆنیزم و ڕژێمه‌کانی
تورکیا و ئێران ! . پارتی دیموکراتی کوردستانیش که ئه‌وسا ناوی (
سه‌رکردایه‌تی کاتی پارتی )یان له‌خۆیان نابوو (القیاده الموقته
للحزب الدیموقراطی الکوردستانی ) دووئه‌وه‌نده‌ی یه‌کێتی له دژی
ڕژێمی به‌عسی عێراق بوون . له‌به‌ر ئه‌وه ڕاست نه‌بوو که یه‌کێتی
خه‌ڵکیان به هه‌ڵه تێگه‌یاند و ئه‌وانیان به ناکۆکی سه‌ره‌کی
له‌قه‌ڵه‌م ده‌دا و که‌وتنه ململانێ و شه‌ڕی خوێناوی له‌گه‌ڵیاندا
.
جگه‌له‌وه
هه‌ڵه‌یه‌کی تری هه‌ندێ له‌سه‌رانی کورد له مێژه‌وه هه‌تا ئه‌و
ساڵانه‌ی دواییش ئه‌وه‌بوو که ئیمپریالیزم و سایۆنیزمیان به
ناکۆکی سه‌ره‌کی داده‌نا و ده‌یانویست لاسایی هه‌ندێ سه‌رکرده‌ی
گه‌لۆر و گه‌وجێ عه‌ره‌ب بکه‌نه‌وه و قسه‌کانی ئه‌وان بجوونه‌وه
، گوایا که‌لله‌سه‌ری ئیمپریالیزمیان بۆ پانده‌که‌نه‌وه و
سه‌رکه‌وتن بۆ عه‌ره‌ب و نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب و کورد تۆمارده‌که‌ن .
ئابه‌م
عه‌قڵیه‌ته‌وه واته ( عه‌قڵیه‌تی شه‌سته‌کان ) که‌من کاتی خۆی
ڕووبه‌ڕوو به‌مام جه‌لالم وتووه ، ی ن ک گه‌ڕایه‌وه کوردستان و
شه‌ڕی هه‌ڵگیرسان که له‌ناوه‌ڕۆکدا ( شه‌ڕ بوو له پێناوی شه‌ڕدا)
و شه‌ڕبوو بۆ قاتوقڕکردنی کورد ، چونکه ئیجتیهاداتی شه‌خسی و
لووتبه‌رزی وخۆبه‌زلزانین بریاری ئه‌م شه‌ڕه‌ی ده‌دا و دوژمنیان
بیرچووبۆوه و حسابیان بۆ هیچ که‌س و لایه‌نێکی سیاسی تر نه‌ده‌کرد
. ئه‌وان هاتن شه‌ڕی (ئێران ، عێراق ، کۆمه‌ڵه‌ی ئێران ، حزبی
دیموکراتی ئێران ، بارتی کرێکارانی کوردستان ( پ ک ک ) ، و هه‌موو
حزبه کوردستانییه‌کانیان) کرد به‌بێئه‌وه‌ی حساب بۆ قه‌واره‌و
هێزی سیاسی خۆیان بکه‌ن که‌به‌رگه‌ی ئه‌م شه‌ڕی خۆکوژییه ناگرن ،
تاله‌دوایین جار‌دا هه‌موو ده‌رگاکان له ڕوویان داخراو له به‌غدا
خۆیان بینییه‌وه و به‌ده‌ستی خۆیان کێشایان به‌سه‌ری خۆیاندا .
نموونه‌ی
زۆر هه‌ن له‌سه‌ر ڕاپه‌ڕین و شۆڕشی میلله‌تان که مه‌رج نییه
هه‌رده‌بێ چه‌پ و پێشکه‌وتوخواز و مارکسی بن ، ئه‌وجا پشتگیری‌یان
لێبکه‌یت ، یاخود مه‌رج نییه که‌سانێک یان سه‌رکردایه‌تییه‌ک که
کاتی خۆی دۆستایه‌تیان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریکا و ئیسرائیل‌دا هه‌بووبێت
ئیتر ئه‌وانه گڵاون و نابێ توخنیان بکه‌ویت.ئه‌گه‌ر چاوێک بخشێنین
به کتێبه‌که‌ی جوناسان ڕاندێل(امه فی الشقاق) که‌خۆی په‌یامنێری
واشنتۆن پۆست بوو بۆ کاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و که‌سێکی
ناسراوه لای ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریکی ، له‌لاپه‌ڕه 251 دا باس
له‌وه‌ده‌کات چۆن له‌به‌هاری 1963دا موسادی ئیسرائیلی که‌سێکی
ڕۆژنامه‌وانی نیشته‌جێبووی پاریسی ناردۆته کوردستان و چاوی به
مه‌رحوم بارزانی و مه‌رحوم مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د که‌وتووه و
پێشنیاری کردووه که یه‌کێک بنێرن بۆ پاریس بۆ قسه‌کردن له‌گه‌ڵ
ئیسرائیل‌دا و دوایی له پاییزی هه‌مان ساڵدا- 1963 ، مامۆستا
ئیبراهیم ئه‌حمه‌د له‌سه‌ر داوای بارزانی مسته‌فا ده‌چێته پاریس و
له شوێنی دیاریکراو جاوی به نوێنه‌ری موساد مه‌ناحیم ناڤۆت ،
ناسراو به ناهیک ده‌که‌وێ و دواتریش له‌گه‌ڵ باڵوێزی ئیسرائیل له
پاریس ، والتر ئیتان، کۆده‌بێته‌وه و باسی به‌سه‌رهاتی میلله‌تی
کوردی بۆده‌کات و داوای هاوکاری و یارمه‌تی لێده‌کات و ئه‌ویش بڕێک
پاره‌ی ده‌داتێ و دوای ئه‌وه مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د
ده‌گه‌رێته‌وه بۆ کوردستان . من به‌شبه‌حاڵی خۆم ئه‌م چاوپێکه‌وتن
و په‌یوه‌ندیانه به تاوان نازانم ، درکاندنیشیان له‌لایه‌ن
سه‌رانی کورده‌وه کارێکی سروشتییه و ناچنه خانه‌ی
خیانه‌تکارییه‌وه ، ئه‌وه‌یش به ڕاست نازانم سه‌رکرده‌کانی دوێنێ
، له‌وانه‌ی قه‌بووڵیان کرد بچنه ژێر ئاڵای شاهانشای ئێرانه‌وه و
لای ئه‌و میوان بوون و به‌نان و ئاو و جلوبه‌رگی ئه‌و بوون ! جگه
له په‌یوه‌ندی جۆراوجۆریان به‌م ده‌زگا و به‌و وڵاته‌وه
.....له‌زه‌رفێکی سیاسی تردا بێن هه‌مان شت که خۆیان کردوویانه ،
ئه‌وانی تری پێ تاوانباربکه‌ن و بیکه‌نه چه‌کێک بۆ لێدانیان و به
شیوازی جۆراوجۆر له‌که‌داریان بکه‌ن و به‌به‌رگێکی تره‌وه بێنه
مه‌یدان و هه‌ڵوێست به میلله‌ت بفرۆشن!!! .
باشتر
وانه‌بوو هه‌موو سه‌رانی کورد به ئاشکرا بڵێن : ئێمه یارمه‌تی
له شه‌یتانیش وه‌رده‌گرین بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌له‌که‌مان . ئه‌م
گۆڵگۆڵێنه چی لێکه‌وته‌وه که دوێنی به‌رامبه‌ر به‌یه‌ک کردیان
له ئابڕوبردنی میلله‌ت و مه‌سه‌له‌ی کورد به‌ولاوه ! ئه‌گه‌ر
ئه‌وان واتێبگه‌ن خه‌ڵک گوێره‌که‌یه و حسابات و کیتاباتی ئه‌وان
نازانن ، ئه‌وا با چاک تێبگه‌ن و بیزانن که هیچ شتێک به‌ئاسانی
تێناپه‌ڕێت به‌سه‌ر میلله‌تدا و خه‌لک له مێژه‌وه له‌گه‌مه
سیاسییه‌که‌ی ئه‌وان تێگه‌یشتووه ، ده‌زانن له کوێوه ده‌ستی
پێکردووه و هه‌تا کوێش بڕی کردووه ! کێ له‌وانه ، پێشکه‌وتوخواز
و چه‌پ و مارکسی بوو ؟! ئه‌ی کێی تر کۆنه‌په‌رست و ئه‌ڵقه له‌گوێی
ئیمپریالیزم بوو ؟! من پێشنیارده‌که‌م که هه‌موو نووسه‌رو
ڕۆشنبیرێکی کورد کتێبه‌که‌ی جوناسان ڕاندێل ( امه فی الشقاق )
بخوێنێته‌وه که زانیاری و نهێنی زۆری تێدایه له‌سه‌ر کورد‌و
سه‌رانی کورد ، هه‌وه‌ها بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی گه‌لی کورد و
په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه .
لێره‌وه
ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ ناوه‌ڕۆکی باسه‌که‌مان و سێ نموونه
ده‌هێنمه‌وه له‌سه‌ر ڕاپه‌ڕینی میلله‌تانی تر که ڕژێمه‌کانی
خۆیان ڕووخاندووه ، یاخود داگیرکاری بێگانه‌یان ده‌رپه‌ڕاندووه
له وڵاته‌که‌یان و ده‌سه‌ڵاتیان گرتۆته ده‌ست و هیچ یه‌کێکیش
له‌مانه پێشکه‌وتوخواز و چه‌پ و مارکسی نه‌بوون . له‌وانه
یه‌که‌میان ڕاپه‌رینی گه‌لی ئه‌فغانستان بوو دژی داگیرکه‌ران که
لێنین له 27ی ئایاری 1919 دا نامه‌یه‌ک بۆ ( امان الله خان )
ده‌نووسێ و پیرۆزبایی له خۆی و گه‌لی ئه‌فغان ده‌کات به‌بۆنه‌ی
ده‌رپه‌ڕاندنی داگیرکاران و ڕزگابوونیان و وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵات له
21ی شوباتی 1919دا . دووه‌میان ڕاپه‌ڕین و شۆڕشی مسته‌فا که‌مال
ئه‌تاتورک بوو که ئه‌فسه‌رێکی سوپا بوو ، له ئه‌نازۆله‌وه
ده‌ستیکرد به شه‌ڕکردن دژی دوژمنانی گه‌له‌که‌ی و وڵاته‌که‌ی پاک
کرده‌وه له بێگانه و له‌سه‌ره‌تای بیسته‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا
تورکیای نوێی دامه‌زراند و دوایی وه‌کوو که‌سێکی فاشیست و خوێن‌ڕێژ
که‌وته گیانی گه‌لی کورد و چه‌ندی بۆکرا له کوردی کوشت ! .
ئه‌میش نه چه‌پ و پێشکه‌وتوخواز ، نه مارکسی بوو . نموونه‌ی
سێیه‌م شۆڕشی ئیسلامی ئێران بوو له‌ساڵی 1979 دا که ئیمام
خومه‌ینی په‌ناهێنده و ده‌ربه‌ده‌ر ، له پاریسی پایته‌ختی
فه‌ره‌نساوه گه‌ڕایه‌وه بۆ تاران و شای ئێرانی ده‌رپه‌ڕاند و
ڕژێمه‌که‌ی ڕووخاند و له جێی ئه‌و کۆماری ئیسلامی ئێرانی
دامه‌زراند ، هه‌ڵبه‌ته ئه‌ویش فڕی به چه‌پ و مارکسیزمه‌وه
نه‌بوو .
ئێستا کاتی
ئه‌وه هاتووه بڵێم : حزبه کوردستانییه‌کان له به‌شه‌کانی
کوردستان هیچ کامێکیان ناکۆکی سه‌ره‌کی نه‌بوون و نابن له
گۆڕه‌پانی سیاسی‌دا و ده‌بێ ئه‌مرۆیش ئه‌وه له‌به‌رچاو بگێرێ که
پارتی کرێکارانی کوردستان پ ک ک به هیچ جۆرێک ناکۆکی سه‌ره‌کی
نییه و نابێ له‌به‌رچاوی کاڵی دوژمنان و ناحه‌زانی کورد
په‌لاماربدرێن . ئه‌گه‌ر کورد گوتاری سیاسی یه‌ک بێت و ده‌ست
هه‌ڵگرێ له بێگانه‌په‌رستی و ڕیزه‌کانی خۆی یه‌کخات و به‌هێزی
بکات ، ئه‌وا به‌غداو ئه‌نقه‌ره ناتوانن هیچ به‌رامبه‌ر به کورد
بکه‌ن .
سێیه‌م/
به‌رزکردنه‌وه‌ی دروشمی ڕووخاندن و له‌ناوبردنی ڕژێمی به‌عس
له‌به‌غدا ، هه‌روه‌ها وردوخاشکردنی ئیمپریالیزم و سایۆنیزم و
ڕژێمه‌کانی سه‌ربه‌وان ، که ئه‌مه‌یشیان هه‌ر له غرور و
لووتبه‌رزییه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبوو ، وه‌کوو خه‌یاڵ و خه‌و وابوو
، به‌ردێکی زل بوو که به یه‌کێتی هه‌ڵنه‌ده‌گیرا و فڕێنه‌ده‌درا
، پاروویه‌کی گه‌وره بوو بۆی قووت نه‌ده‌چوو .
له‌بیرم دێت
سالێ 1976 من و مام جه‌لال و براده‌رێکی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری ی
ن ک له‌سه‌ره ڕێگا بووین بۆ ماڵی مام جه‌لال ، به‌ده‌م قسه‌وه
براده‌ره‌که وتێ : خوا یار بێت ساڵی 1978 ده‌یانڕوخێنین ! (
مه‌به‌ستی ڕژێمی به‌غدا بوو ) منیش له‌سه‌رخۆ وه‌ڵامم دایه‌وه و
وتم : ڕووخاندنی به‌عس ئه‌وه‌نده کارێکی ئاسان نییه ! ، ئه‌م
قسه‌یه‌ی تۆ وه‌کوو دامه‌زراندنی زانستگا‌ی سلێمانی وه‌هابوو
له‌وشاخه!! ، کاتێک له‌ساڵی 1974 دا شه‌ڕ ده‌ستی پێکرده‌وه ،
که هیچ به‌هیچ نه‌کراو فه‌شه‌لی هێنا ! ، نه‌مام جه‌لال و نه
براده‌ره‌که هیچیان نه‌وت .
چواره‌م/
مام جه‌لال په‌له‌یکرد له دامه‌زراندنی ی ن ک و که‌وته ژێر
کاریگه‌ری ڕژێمی سوریاوه به‌پله‌ی یه‌که‌م که ئه‌وسا دوژمنایه‌تی
و ململانێیه‌کی توندیان هه‌بوو له‌گه‌ڵ ڕژێمی به‌غدا ، هه‌روه‌ها
کاریگه‌ری ڕژێمی لیبیا‌و هه‌ندێ لایه‌نی تر .
پێش ی ن ک
کۆمه‌ڵه‌ی مارکسی لێنینی کوردستان هه‌بوو که دوایی ناوه‌که‌ی گۆڕا
بۆ کۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌رانی کوردستان و به هیچ شێوه‌یه‌ک بیری له
شۆڕش نه‌ده‌کرده‌وه و توانای ئه‌وه‌یشی نه‌بوو ، هه‌تا که‌وته
به‌ر شه‌قی زه‌مانه و زلله‌ی رۆزگار و ئیتر چاری نه‌ما . هه‌ر
بۆئه‌م مه‌به‌سته مام جه‌لال ده‌یویست به بانگه‌شه ، په‌یوه‌ندی
، درووست‌کردنی مه‌فره‌زه ، تێوه‌گلاندنی خه‌ڵکی ، قه‌ره‌باڵغی
دروست بکات له گونده‌کانی کوردستان و توانای خۆی و یه‌کێتی
پیشانبدات ، ئه‌و زه‌رفی زاتی کوردستانی باش ده‌زانی و به‌باشی لێی
تێگه‌یشتبوو ، به‌ڵام بڕوای به تیئۆری (ده‌یکه‌ین ، یان ده‌فڕین ،
یان ده....ن ) هه‌بوو ، که‌لای من ئه‌مه‌ی وتووه.
پێنجه‌م/
یه‌کێتی له پارتی هه‌ڵپێچابوو ، داوای لێده‌کرد که ناوی خۆی
بگۆڕێ وه‌کوو ئه‌و حزب و ڕێکخراوانه‌ی له کوردستان و دنیادا پێشتر
به‌م کاره هه‌ڵسابوون ، به‌ڵام پارتی گوێی بۆئه‌م قسانه
شلنه‌ده‌کرد و حسابیشی بۆ نه‌ده‌کرد . هه‌روه‌ها لێی هه‌ڵپێچابوو
که په‌یوه‌ندییه کۆنه‌کانی خۆیان بپچرن له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی
ئیمپریالیزم ! و سایۆنیزم ! و مه‌رجه‌کانی یه‌کێتی قه‌بووڵبکه‌ن و
واز له ڕیبازی سیاسی کۆن بهێنن و ....هتد .
شه‌شه‌م/
له‌باسکردنی دابه‌شکردنی کوردستان و نه‌ته‌وه‌ی کورد به‌سه‌ر
ڕژێمه کۆنه‌په‌رسته‌کاندا ، به هیچ شێوه‌یه‌ک ناوی حکومه‌تی
سوریا نه‌ده‌هات له ئه‌ده‌بیاتی یه‌کێتیدا ، که‌ئه‌مه زیاتر بۆ
ڕازیکردنی ڕژێمی سوریا بوو ، چونکه له ڕاستیدا هیچ جیاوازییه‌ک
نه‌بوو له ستراتیژ و سلوکی سیاسی حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی ئیشتراکی
سوری له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی عێراقدا و هه‌ردووکیان دوو ڕووی دراوێک بوون
و دوژمنی سه‌رسه‌ختی کورد بوون و ده‌بن ، هه‌روه‌ها بڕوایان به
کورد و کوردستان نه‌بوه و نییه و به‌هه‌موو شێوه‌یه‌کیش دژی
ده‌ستکه‌وته‌کانی کوردن . که سوریاش له‌وکاته‌دا میوانداری ی ن ک
–ی ده‌کرد و به‌هۆی ئه‌وه‌ی له ململانێیه‌کی توندا بوو له‌گه‌ڵ
حزبی به‌عسی عێراقدا ، به‌رژه‌وه‌ندی له‌وه‌دا بوو دۆستایه‌تی
گه‌لی کورد بکات دژی ڕژێمی به‌غدا ، ئه‌گه‌نا کامه‌یه ئه‌و
هه‌ڵوێسته جوامێرانه‌ی ئه‌وان هه‌یانه به‌رامبه‌ر به گه‌ل و
نه‌ته‌وه‌ی کورد.
حه‌وته‌م/
له‌بانگه‌شه‌که‌یدا یه‌کێتی ڕێگای به ته‌یارات و بیروڕای جیاواز و
ڕێکخراوی جۆراوجۆر ده‌دا که بیانگرێته باوه‌ش و کۆیانبکاته‌وه
له ڕیزه‌کانی خۆیدا ، گوایا یه‌ک حزب ناتوانێ ئه‌مانه بگرێته
خۆی و ئه‌وه هه‌ر یه‌کێتییه که ده‌توانێ به‌و کاره هه‌ڵسێ
.که‌چی له‌کرداردا یه‌کێتی دژی ئه‌م کاره‌ی خۆی بوو ، کێشه‌ی
زۆریشی بۆخۆی نایه‌وه و ، دوای گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ کوردستان
ڕێگه‌یان
نه‌ده‌دا به که‌سێک ، لایه‌نێکی غه‌یری خۆیان له ناوچه‌ی
ده‌سه‌ڵاتیاندا ، خه‌بات و تێکۆشان بکه‌ن دژی ڕژێمی به‌عسی
عه‌فله‌قی و فاشیست .
مام جه‌لال
کێیه ؟
مام جه‌لال
یه‌کێکه له سیاسه‌تمه‌داره دێرینه‌کانی گۆڕه‌پانی سیاسی له
عێراق و کوردستاندا، پێشتر که‌سایه‌تییه‌کی ناسراو بوو له
ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ناوه‌ندی عه‌ره‌بیدا ، ئێستایش له‌وه‌تی
سه‌رۆک کۆماری عێراقه ، بۆته که‌سایه‌تییه‌کی ناسراو له
ئه‌وروپاو ئه‌مه‌ریکا و دنیادا .
مام جه‌لال
له‌ته‌مه‌نی لاوێتییه‌وه ، له‌کۆتایی ساڵه‌کانی چله‌کانه‌وه
خه‌ریکی خه‌بات و تێکۆشانه، به‌هۆی چالاکی و وریایی خۆیه‌وه
له‌ته‌مه‌نێکی خوار بیست ساڵییه‌وه بۆته ئه‌ندامی کۆمیته‌ی
ناوه‌ندی پارتی دیموکراتی کوردستان .
ئه‌و
کاتانه‌ی مه‌رحوم بارزانی له یه‌کێتی سۆڤیه‌تی جاران بوو ، مام
جه‌لال توانیویه‌تی به نامه په‌یوه‌ندی پێوه بکات ،
نامه‌یه‌کیان ( که له‌هه‌مانکاتدا ڕاپۆرتێکی سیاسی گشتییه
ده‌رباره‌ی بارودۆخی حزب و بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی عێراق و
کوردستان له‌وکاته‌دا )، له 05/10/1955دا له په‌کینی پایته‌ختی
چینه‌وه بۆی ناردووه و ئه‌ویتریان هه‌ر له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌وه
بۆیناردووه و به‌رواری 30/07/1957ی پێوه‌یه . له‌هه‌ردوو
نامه‌که‌دا بارزانی به سه‌رکرده‌و ژه‌نه‌ڕاڵ و گه‌وره و
خۆشه‌ویست ناوده‌بات و وای پیشانده‌دات که هیچ شتێک به‌بێئه‌و
ناکرێت! . ئه‌م دوو نامه‌یه له کتێبه‌که‌ی کاک مه‌سعود بارزانیدا
( البارزانی والحرکه التحرریه الکردیه 1945- 1958 )
بڵاوکراونه‌ته‌وه .
مامجه‌لال
فیکر‌و ئایدیۆلۆژیا‌و ڕێبازی سیاسی نییه ، به‌ڵام له ژیانی سیاسی
خۆیدا گه‌لێک ڕێباز و ئایدیۆلۆژیای جیاوازی بۆخۆی هه‌ڵبژاردووه و
کاری له‌سه‌ر کردووه و خۆی ساخکردۆته‌وه تائه‌و جێیه‌ی ده‌ستی
دابێ بۆی و بۆ ئه‌و قۆناخه‌ی ویستوویه‌تی و پێویستی پێی بووبێ
په‌نای بردۆته به‌ر ، دواییش که ئیشی پێی نه‌ماوه پشتی
تێکردووه و له‌بیر خۆی بردۆته‌وه !! . ئه‌وه‌ی سه‌رنج ڕاده‌کێشێت
و ده‌توانی به ئاشکرا له‌که‌سایه‌تی ئه‌ودا بێخوێنیته‌وه ،
ئه‌وه‌یه که مامجه‌لال له ژیانی سیاسی‌دا په‌یڕه‌وی دوو شێوه
له‌کاری سیاسی کردووه و به توندی خۆی پێوه به‌ستۆته‌وه :
یه‌که‌میان سیاسه‌تی( فرق تسد ) ، بڵاوه‌یان پێبکه‌و بیانده
به‌یه‌کدا و خۆت سوود وه‌رگره و ڕیشسپی به. دووه‌میان په‌نای
بردۆته به‌ر به‌شێک له کاروسیاسه‌تی ماکیاڤیللی ، واته گرتنی
ملی هه‌موو ڕێگایه‌ک ( ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌و ده‌رچوونیش بێت له ڕه‌وشتی
سیاسی و به‌ها و شته‌به‌نرخه‌کان ) له پێناوی گه‌یشتن به
ئامانجێکی دیاریکراو ، به‌مانای بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌کان
هه‌ر ئامڕازو هۆکارێک به‌کارببرێت درێغی نییه . ڕێبازی نیکۆلۆ
ماکیاڤیللی ( 1469 – 1527 ) به‌گشتی له‌مانه‌ی خواره‌وه‌دا ڕه‌نگی
داوه‌ته‌وه :
*خؤت خۆش
بوێ نه‌ک نیشتمان * باشتر وایه خه‌ڵکی لێت بترسن نه‌ک خۆشتیان بوێ
*میر کارناکات بۆ ڕۆشنبیرکردن و ڕووناککردنی ده‌وروپشته‌که‌ی *دنیا
ڕاوه‌ستاوه و ده‌بێ هه‌ر وه‌کوو خۆی بێت*پێویست نییه مه‌ردم
هه‌میشه شه‌ریف بێت*سوودی نییه مه‌ردم هه‌ر به سیمای چاکه‌و
پیاوه‌تییه‌وه ده‌ربکه‌وێت*پێویسته میر ئایینێک هه‌ڵبژێرێ بۆخۆی
ئه‌گه‌ر بشزانێ بۆگه‌نه*ئایین پێویسته بۆ حکومه‌ت نه‌ک بۆ
چاکه‌کردن و خزمه‌تی خه‌ڵکی ، به‌ڵکوو بۆئه‌وه‌ی حکومه‌ت باڵی خۆی
به‌سه‌ر خه‌ڵکیدا بکێشێت و کۆنتڕۆڵیان بکات*زه‌مانه‌و رۆزگار
ده‌ریانخستووه که په‌یامبه‌ره چه‌کداره‌کان داگیرکارو
سه‌رکه‌وتووبوون و په‌یامبه‌ره بێ چه‌که‌کانیش دۆڕاو بوون .
ئه‌گه‌ر
نه‌ختێک بگه‌ڕێینه‌وه بۆدواوه ، مامجه‌لال له سه‌رده‌می
پاشایه‌تی و پاش شۆڕشی 14ی گه‌لاوێژی1958 وه ، وه‌کوو که‌سێکی
چه‌پ و کوردستانی و تاڕاده‌یه‌کیش مارکسی ئاشکرابوو مشتومڕو
ململانێکانی ئه‌و له‌گه‌ڵ حزبی شیوعی عێراقی و شیوعیه‌کاندا
به‌رده‌وام بوو . به‌بیرم دێت له‌دوای مۆڵه‌تدانی کارکردن به
پارتی دیموکراتی کوردستان له‌لایه‌ن عه‌بدولکه‌ریم قاسمه‌وه له
9ی شوباتی 1960دا، ئه‌و دوو پۆلی کردبۆوه له باره‌گای خه‌باتی
شاری سلێمانی به‌ناوی هوشیارییه‌وه که جاروبار ده‌هاته ئه‌وێ و
قسه‌ی بۆ ئه‌ندامانی حزب ده‌کرد و منیش که‌ته‌مه‌نم منداڵ بوو ،
ئه‌ندامی حزب بووم، ده‌چووم گوێمده‌گرت و قسه‌وباسه‌کانیش زۆری
له‌سه‌ر حزبی شیوعی عێراقی و لقی کوردستانیان بوو ، ڕاستییه‌که‌ش
وه‌هابوو که شیوعییه‌کان له‌لای خۆیانه‌وه که‌وتبوونه
دژایه‌تیکردنی ئاشکرای پارتی و خه‌باتی کوردستانییان
ڕه‌تده‌کرده‌وه ، هه‌رچه‌ند ناوی کوردستان و نه‌ته‌وه‌ی کوردیان
گوێ لێبوایه ، ئه‌وان تووشی داچڵه‌کان ده‌بوون و قه‌بووڵیان
نه‌بوو و له دژی ده‌وه‌ستانه‌وه . هه‌ڵبه‌ته له‌م ساڵانه‌ی
دواییدا ، پاش نه‌مانی شه‌ری سارد و هه‌ره‌سی بلۆکی ڕۆژهه‌ڵات ،
هه‌رچه‌ند چاوم که‌وتبێت به هه‌ندێک له سه‌رکرده کۆنه‌کانی حزبی
شیوعی عێراقی و کوردستانی ، له‌وانه‌ی من ده‌یانناسم ، ئه‌وان
ددانیان به‌و ڕاستییه‌دا ناوه که کاتی خۆی ده‌روێشێکی سه‌رگه‌رم
و کوێرانه‌ی کرملین بوون له مۆسکۆ ، هه‌روه‌ها ئه‌و ڕاستییه‌ش
ده‌سه‌لمێنن که حزبه‌که‌یان هیچ سه‌روه‌رییه‌کی نه‌بووه جگه‌له
کلکایه‌تی به‌ولاوه بۆ حزبی شیوعی سۆڤیه‌تی جاران
که‌له‌دوایینجاردا ماڵوێرانی بۆ هێنان و گه‌وره‌ترین گورزیشی
وه‌شاند له حزبه کۆمۆنیسته‌کانی سه‌ربه‌خۆیان له‌جیهاندا .
کۆمۆنیسته‌کان ناترسن ڕه‌خنه له خۆیان بگرن .
له‌ئه‌یلوولی 1961دا که شۆڕشی کورد به‌رپابوو ، مامجه‌لال
ئه‌ستێره‌یه‌کی گه‌شی ئاسمانی تێکۆشان بوو ، به‌خێرایی و
له‌ماوه‌یه‌کی کورتی دوو ساڵیدا ، جه‌ماوه‌ری کوردستان و هێزی
پێشمه‌رگه‌ی کوردستان ئه‌ویان وه‌کوو ڕه‌هبه‌رێک ناسی ،
ئه‌مجاره‌یان مامجه‌لال کوردستانی و تاڕاده‌یه‌ک خۆی به‌ستبۆوه
به خه‌باتی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه .
له‌ساڵی
1964وه که‌سه‌ره‌تای تێکچوون و له‌تبوونی پارتی بوو له نێوان (
باڵی پارتی- مه‌کته‌بی سیاسی و باڵی پارتی به سه‌رۆکایه‌تی
بارزانی )دا ، هه‌تا ئازاری 1970که بارزانی له‌گه‌ڵ رژێمی به‌غدا
ڕێککه‌وت ، مامجه‌لال چه‌ند گۆڕانێکی گه‌وره‌ی به‌سه‌ردا هات ،
له‌وانه : پاش شه‌ڕو پێکدادانێکی کورت له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی سه‌ر به
باڵی بارزانی – 1964 ، مه‌کته‌بی سیاسی به مامجه‌لالیشه‌وه
قه‌بووڵیانکرد بچنه خاکی ئێرانه‌وه و میوانی شاهانشای ئێران بن
که پێشتر له ئه‌ده‌بیاتی سیاسی خۆیاندا به ڕژێمێکی کۆنه‌په‌رست
و ئه‌ڵقه‌له‌گوێی ئیمپریالیزم ناویان ده‌برد .
باڵی
مه‌کته‌بی سیاسی پ د ک له‌ساڵی 1965دا ، به‌ئاگاداری ئێران له‌گه‌ڵ
بارزانی ڕێککه‌وتن و گه‌ڕانه‌وه بۆ کوردستان و له دۆڵه‌ڕه‌قه‌ی
عه‌باسی مامه‌ند ئاغا دایانکوتا ، به‌ڵام زۆری نه‌برد خۆیان
گه‌یانده به‌غداو له‌گه‌ڵ سه‌رۆک عه‌بدولره‌حمان عارف دا
ڕێککه‌وتن له‌سه‌ر به‌یانی 29ی حوزه‌یرانی 1966 که ده‌ستکه‌وتێکی
هه‌تا بڵێی هیچوپووچ و بێکه‌ڵک بوو بۆ کورد .
ساڵی 1967
مامجه‌لال ئاهه‌نگی ستایش و ڕێزلێنانی سازکرد له‌به‌کره‌جۆ
به‌بۆنه‌ی شه‌هیدبوونی شۆڕشگێری ناوداری جیهانی ئارنستۆ تشی گیڤارا
که‌له بۆلیفیا شه‌هیدکرا .
ساڵی 1968
دکتۆر کۆرش لاشائی و گروپه‌که‌ی ( که ڕێکخراوێکی ماوی بوون ) به
یه‌کجاره‌کی هاتنه کوردستان و بوونه میوانی مامجه‌لال له
به‌کره‌جۆ . مامجه‌لال له‌وکاته‌وه ده‌بێته که‌سێکی ماویست و کار
بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی ماویزم ده‌کات و تاقیکردنه‌وه‌ی چینی
قه‌بووڵده‌بێت بۆ شێوه‌ی خه‌بات و تێکۆشان له کوردستاندا .
ژماره‌یه‌کی زۆر له ئه‌ندامانی پ د ک- باڵی مه‌کته‌بی سیاسی -
بوون به هه‌ڵگری بیروباوه‌ڕی ماوتسی تۆنگ که ناکۆکی و ململانێی
زۆری له‌گه‌ڵ خۆی هێنا بۆ ناو ڕیزه‌کانی ڕێکخستن له‌و سه‌رده‌مه‌دا
. به‌نده یه‌کێک بووم له ماوییه‌کانی ئه‌وکاته.
شانبه‌شانی
ئه‌وه‌ی مامجه‌لال فیکر و ئایدیۆلۆژیا نییه ، ئه‌و له‌وه‌تی
سیاسه‌ت ده‌کات خاوه‌نی ئامانجێکی ستراتیژی ڕوون و ئاشکراو
نه‌گۆڕیش نییه ، چ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه‌یی
و کوردستانییه‌وه هه‌بێت یاخود کاری حزب و ڕێکخراوه‌یی و
ئیلتیزاماتی یه‌کێتی له‌گه‌ڵ حزب و ڕێکخراوه‌کانی تر له‌کوردستان و
عێراقدا ، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندییه‌کانی دنیای ده‌ره‌وه. ئه‌و
که‌سێکی بێباک و بێ به‌رنامه‌یه ، له‌کاتی قسه‌کردن و کارکردن‌دا
بێسه‌روشوێنی لێ ده‌خوێنیته‌وه چونکه په‌ناده‌باته به‌ر شێوازی
جۆراوجۆر به‌بێئه‌وه‌ی ئاور له که‌س بداته‌وه ، ئه‌مه‌له‌کاتێکدا
ده‌یان ڕاوێژکاری هه‌یه جگه‌له سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی و
ئه‌ندامانی مه‌کته‌بی سیاسی . له‌به‌رئه‌وه مامجه‌لال به پیاوی
تاکتیک و موناوه‌رات و سازشکار ناسراوه که‌له‌زۆرجاردا گایه‌ک
ده‌دات به کوشت له پێناوی کێچێکدا !!! .
له‌پرۆگرام
و په‌یره‌وی ناوخۆی ێ ن ك دا باسی سه‌رکردایه‌تی به‌کۆمه‌ڵ و
مه‌رکه‌زیه‌ت و ڕه‌خنه‌و ڕه‌خنه له‌خۆگرتن و ڕاگۆڕینه‌وه
وگوێگرتن له‌یه‌کتری کراوه وه‌کوو پشتبه‌ستن به پرنسیبه‌کانی
دیموکراتی له‌ناو ڕێکخراوه‌که‌دا ، هه‌روه‌ها ڕێزگرتن له ڕای
ئازاد و دیموکرات ....هتد، که‌چی له‌مه‌یدانی کارکردن‌دا به‌هیچ
جۆرێک کاریان پێنه‌کراوه و نه‌شچوون به‌لایدا ، هۆیه‌که‌شی
ئه‌وه‌یه که ی ن ک کاریگه‌ری کلتووری ئیسلامی توندڕه‌و و حزب و
ڕێكخراو و سه‌رکرده تۆتالیتاره‌کانی ڕۆژهاڵاتی ناوه‌ڕاست و حزبه
شیوعییه‌کانی سه‌ربه سۆڤیه‌ت و حزبی شیوعی سۆڤیه‌تیان له‌سه‌ر
بوو ، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم له‌سه‌دا سه‌د لاسایی ئه‌وانیان ده‌کرده‌وه
ئه‌وا له زۆرشتدا وه‌کوو ئه‌وان وابوون .
جارێ
ده‌رباره‌ی چۆنێتی درووستبوونی ی ن ک ، وه‌کوو پێشتر ئاماژه‌م
پێ‌کرد ، هیچ ئه‌ندامێکی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر له ڕێگه‌ی تێکۆشان
و خه‌باتی جه‌ماوه‌ری و هه‌ڵبژاردنێکی ئازاده‌وه نه‌بۆته
سه‌رکرده و هه‌موویان مامجه‌لال دایمه‌زراندوون و هه‌تا ئێستایش
پاش 33 ساڵ هه‌ر سه‌رکرده‌ن و وازناهێنن ، جگه‌له‌وه
به‌درێژایی33ساڵ ی ن ک نه‌یتوانیوه له دوو کۆنگره زیاتر ببه‌ستێ
و خۆی نوێبکاته‌وه ، ده‌رفه‌تی نه‌ڕه‌خساندووه کادری پێشکه‌وتوو
و ده‌سته‌بژێر به‌رهه‌م بهێنێ بۆئه‌وه‌ی جێگه‌ی کۆنه‌کان بگرنه‌وه
و به‌به‌رگێکی نوێوه بێنه مه‌یدان و فێری خه‌باتی هاوچه‌رخ ببن و
خه‌ریکی گۆڕانکاری بن و له خزمه‌تی گه‌له‌که‌یاندا بن ، بۆیه
ده‌توانم بڵێم که- ی ن ک کارگه‌یه‌ک بوو ته‌نها دیکتاتۆر و
گه‌نده‌ڵی به‌رهه‌م هێنا ، گه‌نده‌ڵه‌کانیش ئه‌م ڕۆژه‌یان
درووستکرد که میلله‌تێک هاوارێتی به‌ده‌ستیانه‌وه و لێیان
بێزاره و داد‌و بێدادیه‌تی . ئاخر زۆر زه‌حمه‌ته ، قورسه ،
نابه‌جێیه ، سه‌یروسه‌مه‌ره‌یه ، گه‌نده‌ڵ وڵاتێک و میلله‌تێک
به‌رێت به‌ڕێوه و به‌خه‌ڵکیش بڵێن : ده‌متان قفڵ بکه‌ن و بێده‌نگ
بن !!!. سیستمی ئیداره‌و به‌ڕیوه‌بردن له کوردستاندا تایبه‌ته و
نه‌خۆشه و وێنه‌ی نییه له هه‌موو دنیادا ، له‌به‌رئه‌وه
ده‌توانم بڵێم که‌سه‌رکردایه‌تی به‌کۆمه‌ڵ له‌ناو ڕیزه‌کانی
یه‌کێتیدا نه‌بووه و نییه ، مه‌رکه‌زیه‌ت و بریار به‌ته‌نها له
شه‌خسی مامجه‌لالدا کۆبوونه‌ته‌وه .
ده‌رباره‌ی
ڕه‌خنه‌وڕه‌خنه له خۆگرتن ، ئێستا تاڕاده‌یه‌ک بۆته دیارده‌یه‌ک
و له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی ڕێکخستنه‌کانی یه‌کێتی سه‌ریهه‌ڵداوه
، ژماره‌یه‌کی زۆر له ئه‌ندامانی یه‌کێتی داوای چاکسازی و پاکسازی
و گۆڕان و دوورخستنه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵه‌کان ده‌که‌ن له‌ده‌ساڵاتی حزبی
و حکومی ، داوای شه‌فافیه‌ت و عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌هێشتنی
ده‌سه‌ڵاتی حزب ده‌که‌ن له‌ناو کحومه‌تدا بۆئه‌وه‌ی یاسا و ده‌ستور
سه‌روه‌ربێت ، داوای دابه‌شکردنی سامان و ده‌سه‌ڵات ده‌که‌ن به
شێوه‌یه‌کی عادیلانه ، داوای پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری ده‌که‌ن بۆ
میلله‌ت ، هه‌روه‌ها به‌رنامه‌یه‌ک بۆ نه‌هێشتن یان که‌مکردنه‌وه‌ی
بێ‌ئیشی له کوردستاندا ، له‌گه‌ڵ زۆری تر که که‌س گوێی بۆناگرێ
......له‌پاڵ هه‌موو ئه‌و ره‌خنه و پێشنیارانه‌دا تێبینی
ئه‌وه‌ده‌کرێت که مامجه‌لال هه‌تا ئێستا خه‌تی سووره‌و نابێ
به‌لایدا بچیت ، نه ئه‌ندامانی سه‌رکردایه‌تی و نه ئه‌ندامانی
خواره‌وه به هیچ شێوه‌یه‌ک بۆیان نییه به مامجه‌لال بڵێن : بۆ
وات کرد ؟! بۆ وات وت ؟! بوه‌سته ئه‌مه سنووری تۆیه !!!
جگه‌له‌وه نه مامجه‌لال و نه سه‌رکرده‌ی هیچ حزبێکی تری
کوردستانی ، ئاماده‌نین به‌ره‌وڕووی جه‌ماوه‌ر ببنه‌وه و ددان به
هه‌ڵه‌وخه‌تاو تاوانه‌کانی ڕابوردووی خۆیاندا بنێن که‌سه‌ری
هه‌زاران ڕۆڵه‌ی ئه‌م میلله‌ته‌ی خواردووه و ڕه‌خنه له‌خۆیان
بگرن و داوای لێبوردن له میلله‌ت بکه‌ن !! ، ئه‌وان ئه‌مه به
سووکایه‌تی ده‌زانن و ئاماده‌نین جێبه‌جێی بکه‌ن .
سه‌روه‌ختێک
ڕه‌خنه‌گرتن له مامجه‌لال و سه‌رکردایه‌تی خه‌تی سوور بوو ،
سزاکه‌ی قورس بوو ، ژماره‌یه‌کی زۆر له ئه‌ندامانی یه‌کێتی
سووکایه‌تییان پێکراو ده‌رپه‌ڕێنران به‌هۆی ئه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌ی
به‌جێیان گرت ، ژماره‌یه‌یکتر ڕاونران یاخود چاڵیان بۆ هه‌ڵکه‌نرا
، ژماره‌یه‌کیتر که‌وتنه زیندانی یه‌کێتییه‌وه و هه‌رچی
سووکایه‌تیش هه‌بوو پێیانکرا ، ئه‌مه ئه‌گه‌ر هیچ نه‌گه‌یه‌نێ ،
ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ که ی ن ک له‌یه‌که‌م ڕۆژی درووستبوونیه‌وه ،
هه‌تائێستایش ، کلتور و فه‌لسه‌فه‌ی داپڵۆسینی پێبوه و به‌باشیش
په‌یره‌وی کردووه تا کار گه‌یشتۆته ڕاده‌ی لکاندنی تومه‌تی
ناشیرین و له ڕه‌وشت به‌ده‌ر به ته‌وێڵی ئه‌وکه‌سانه‌ی ڕه‌خنه
ده‌گرن ، هه‌روه‌ها به ته‌وێڵی خێزان و که‌سوکاریانه‌وه .
براده‌ری
سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی هه‌بوه که کاتی خۆی لای من وتوویه‌تی :
ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئێمه نه‌بێت له‌خانه‌ی دوژمن‌دا حسابی بۆده‌که‌ین
! که‌منیش خێرا له‌لای خۆمه‌وه به پێچه‌وانه‌ی خواست و بۆچوونی
ئه‌وه‌وه وه‌ڵامم داوه‌ته‌وه !
ئێستایش
گرانده‌که‌وێت له‌سه‌ر ئه‌ندامێکی یه‌کێتی ، ئه‌گه‌ر خۆی بدات له
مه‌سه‌له چاره‌نووسسازه‌کان و خه‌تی سوور تێپه‌ڕێنێ ، که شه‌خسی
مامجه‌لال ده‌گرێته‌وه به‌پله‌ی یه‌که‌م ، ڕه‌نگه لێره‌وله‌وێ ،
هه‌ندێ له‌سه‌رکرده کۆنه‌کان ، دۆستانی دێرینی یه‌کێتی ،
نزیکه‌کانی سه‌ربه مامجه‌لاڵ ، گازنده وگله‌ییان له یه‌کێتی و
شه‌خسی مامجه‌لال هه‌بێ ، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی کاری بۆناکه‌ن و
خه‌ڵکی بۆکۆناکه‌نه‌وه و ململانێی له‌سه‌ر ناکه‌ن ، ئه‌وا
قسه‌کانیان به‌هه‌ند وه‌رناگرن و مامجه‌لال و یه‌کێتیش ده‌ربه‌ست
نایه‌ن ! . ئه‌مانه ژماره‌یه‌کی دیارن له‌ده‌ره‌وه و ناوه‌وه‌ی
کوردستان ، ڕێزوحورمه‌تیان هه‌یه لای ی ن ک ، گوێیان لێده‌گیرێ ،
چونکه خه‌تی سوور تێناپه‌ڕێنن و سیاسه‌تی نه شیش بسووتێ و نه
که‌بابیان بۆ خۆیان هه‌ڵبژاردووه ، هه‌ندێک له‌م براده‌رانه
ڕه‌خنه‌یان قه‌بووڵ نییه و پێی داده‌چڵه‌کن ، چونکه په‌روه‌رده‌ی
ڕێکخستنێکی شۆڕشگێر و چه‌پخوازانه نه‌بوون و له‌ژێر کاریگه‌ری
سیاسه‌تی یه‌کێتی و مامجه‌لالدا بوون .
خه‌سڵه‌تێکی
تر که له شه‌خسی مامجه‌لالدا کۆبۆته‌وه ، ئه‌وه‌یه که ئه‌و
سایکۆلۆژیناسێکی زیره‌که و به خێرایی ده‌روونی زۆربه‌ی خه‌ڵکی
ده‌خوێنێته‌وه و له‌که‌سایه‌تی لاوازوبه‌هێز شاره‌زا ده‌بێت و ئه‌و
مامۆستایه‌کی شاره‌زایه له‌بواری تاقیکردنه‌وه‌ی خه‌ڵکیدا و
گه‌ڕان به دوای ئه‌لقه لاوازه‌کانیاندا بۆئه‌وه‌ی به‌ئاسانی
لێوه‌ی بچێته‌ژووره‌وه و به‌کاریبهێنێ بۆ مه‌به‌ست و مه‌رامی
شه‌خسی خۆی ، ئه‌وانه‌ی به‌م شێوه‌یه ده‌که‌ونه داوی
مامجه‌لاله‌وه ، به‌ئاسانی ڕزگاریان نابێت لێی و تاڕاده‌یه‌ک
ده‌بنه موڵکی خۆی ، بێگومان ئه‌ویش جاروبار به‌رامبه‌ر به‌م کاره
بۆیان شلده‌کات و هانیانده‌دات یان ڕێگه‌یان پێده‌دات به
ئاره‌زووی خۆیان هه‌ڵسوکه‌وت بکه‌ن به‌بێئه‌وه‌ی لێپرسینه‌وه‌یان
له‌گه‌ڵدا بکات تا له‌دوایینجاردا ده‌که‌ونه لیستی خۆیه‌وه ،
هه‌ربۆ ئه‌و مه‌به‌سته ئه‌و پیی خۆشه ئه‌وانه‌ی ده‌وروپشتی خۆی،
هه‌موو له‌که‌دار و ناته‌با و ناڕێک بن له‌ناویه‌کدا ،
به‌ومه‌رجه‌ی له‌گه‌ڵ خۆیدا ته‌با و جووت و ڕێک بن و وه‌کوو
مه‌رجه‌ع و ڕیش سپی په‌نای بۆبه‌رن و حسابی بۆبکه‌ن . ئالێره‌وه
یه‌کێتی ماڵی وێران بووه ، که‌تاوه‌کوو ئێستایش خۆی
بۆناگیرێته‌وه و هه‌ریه‌که خه‌ریکی پاشقولگرتنه له‌ویتر .
هه‌ر
ده‌رباره‌ی ئه‌م خاڵه ده‌مه‌وێ بڵێم به‌ته‌نها مامجه‌لال خه‌تابار
نییه که یه‌کێتی ڕۆژی به‌م ڕۆژه گه‌یشتووه ، دیاره
ژماره‌یه‌کی زۆر له ئه‌ندامانی ده‌وروپشتی هاوکارن و زه‌مینه
خۆشده‌که‌ن و ڕێگای بۆ پاکده‌که‌نه‌وه ، بۆ نموونه ئه‌وانه‌ی
له‌کاتی خۆیدا ناکۆک بوون له‌گه‌ڵ مامجه‌لال و یه‌کێتی و
له‌ململانێیه‌کی به‌رده‌وامدابوون و په‌رتووکی ( لم یعد الصمت
ممکنا )یان نووسی ، هه‌رئه‌وان بوون ، به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی و
ده‌سکه‌وتی تایبه‌تی پاڵی پێوه‌نان که ڕابکه‌نه‌وه بۆلای یه‌کێتی
و مامجه‌لال ، به‌مه‌رجێک زۆرچاک ده‌یانزانی که یه‌کێتی و
مامجه‌لال ، هه‌ر ئه‌وه‌ی جارانه ، ئه‌گه‌ر خراپتر نه‌بووبێ ئه‌وا
باشتر نه‌بووه!! .زۆرێک له‌مانه به پله‌وپایه‌ی وه‌زیرو وه‌کیل
وه‌زیرو ده‌ره‌جه‌ی وه‌زیر دامه‌زران و که‌وتنه چه‌پڵه‌لێدان به
دوای مامجه‌لالدا و ئاماده‌بوون به‌هه‌ر ده‌په‌نجه‌که ئیمزای
بۆبکه‌ن و میلله‌تیش تاوانباربکه‌ن به بێئه‌قڵ و گوێره‌که که
گوایا ئه‌و وه‌زعه وایلێهاتووه.
من
به‌شبه‌حاڵی خۆم ئه‌و جۆره‌که‌سانه به ملهووڕ و مشه‌خۆر و
ماستاوچی ده‌زانم ، هه‌رهه‌موویان له‌خه‌می خۆیاندان و به‌دوای
به‌رژه‌وه‌ندی خۆیاندا ڕاده‌که‌ن و فڕیان به‌مه‌سه‌له‌ی
میلله‌ته‌وه نییه ، هه‌رئه‌وان بوون دوێنێ و پێرێ چوونه ڕاژان ،
به خێوه‌ت و ئازووقه و نه‌ختێک پاره‌ی پارتی ، له ڕادیۆکه‌ی
ڕاژانه‌وه هێرشیانده‌که‌رد سه‌ر مامجه‌لال و نه‌وشیروان مسته‌فا و
سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی و ده‌یانویست له‌وێوه یه‌کێتی بڕوخێنن !! ،
به‌ڵام دوایی که جێگایان نه‌بۆوه له به‌ره‌ی کوردستانی‌دا که
له دوای ئه‌نفال و کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه پێکهێنرا ،
پایدۆستیانکردو هاتنه‌وه بۆلای یه‌کیتی .
هه‌ندێک
له‌وانه کاتی خۆی که دۆست و براده‌ری من بوون له سوید ، قسه‌یان
له‌گه‌ڵمداکرد بۆئه‌وه‌ی کاریان له‌گه‌ڵدابکه‌م و هاوکاریان بم ،
له‌وه‌ڵامدا ، (له‌گه‌ڵئه‌وه‌ی من بریاری دانیشتنم دابوو) ،
پێیانم وت : بمبه‌خشن ناتوانم ، به‌ڵام پێش هه‌موو شتێک ده‌بێ
ئێوه خه‌ڵکتان هه‌بێت له کوردستان و جه‌ماوه‌ر له پشتان بێت ،
ئه‌وجا به‌وکاره هه‌ڵسن و هه‌نگاو بنێن ، ئێوه به‌م شێوه‌یه‌ی
ئێستا به یا‌رمه‌تییه‌کی که‌می پارتی له‌ڕاژان ده‌ره‌قه‌تی
مامجه‌لال و یه‌کێتی نایه‌ن و باشتر وایه هه‌ر ئه‌م کاره نه‌که‌ن
، جگه‌له‌وه هه‌تا ئێستا ئێوه خۆتان ساخ نه‌کردۆته‌وه ، خه‌باتی
کوردستانی یان عێراقچێتی ده‌که‌ن ! . ئه‌م براده‌رانه بڕێک
پاره‌یان له‌من قه‌رزکرد بۆماوه‌ی سێ هه‌فته ، به‌ڵام به سێ ساڵ
پاره‌که‌یان دایه‌وه ! ماشینه‌که‌شمیان قه‌رز کرد و بۆیان
نه‌هێنامه‌وه به‌رده‌رگای ماڵه‌وه و له شوێنێکی تر فڕێیاندابوو
، خۆم چووم هێنامه‌وه !! .
شتێکی تری
گرنگ هه‌یه که له شه‌خسی مامجه‌لالدا به‌زه‌قی ده‌بینرێ و بۆی
زه‌حمه‌ته ده‌ستی لێهه‌ڵبگرێ ، ئه‌وه‌یه ئه‌و کاتانه‌ی
به‌ره‌وڕووی مه‌سه‌له‌یه‌کی نهێنی و گرنگ ده‌بێته‌وه له‌گه‌ڵ
ده‌وڵه‌تێک ، حزبێک ، لایه‌کی سیاسی‌دا ، ئه‌و توانای ئه‌وه‌ی نییه
ددان به‌خۆیدا بگرێت و نهێنییه‌که بپارێزێت و له‌م ڕووه‌وه
لاوازه و زۆری پێناچێ ، درکاندوویه‌تی و هه‌موو دنیای له‌خۆی
تێگه‌یاندووه ، که‌دوایی زۆرکه‌وتووه له‌سه‌ری و به‌زه‌ره‌ری خۆی
و ڕێکخراوه‌که‌ی و میلله‌ته‌که‌ی ته‌واو بووه.
له‌کاری
سیاسی‌دا ، سه‌رکردایه‌تی حزبێک ، ڕێکخراوێک ، حکومه‌تێک ،
به‌ره‌وڕووی زۆرشت ده‌بێته‌وه که په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی هه‌یه
به مه‌سه‌له‌ی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ، سیاسه‌تی ده‌ره‌وه ،
ڕێککه‌وتن و هاوکاری ئابووری و سه‌ربازی ...هتد زۆرێک ، یان به‌شێک
له‌مانه ، نهێنین و پاش تێپه‌ڕبوونی ده تا بیست ساڵ ئه‌وجا
ده‌توانی بیاندرکێنی ، ئه‌گه‌ر وانه‌بێ ، ئه‌وا نه‌خشه‌وپلان و
به‌رنامه‌کان هه‌مووی تێکده‌چن و زیانێکی زۆرت لێده‌که‌وێت .
کارێکی تری
مامجه‌لال که جێی ڕه‌زامه‌ندی یه‌کێتی و میلله‌ت نییه ،
ئه‌وه‌یه که زیاد له پێویست به دوای ناحه‌زان و دوژمنانی
میلله‌ته‌که‌ماندا ڕاده‌کات و ده‌یه‌وێ به‌هه‌رنرخێک بێت ڕازییان
بکات له‌سه‌ر حسابی مه‌سه‌له‌ی میلله‌ت ! ، ئه‌و به‌وه‌ش
نه‌وه‌ستاوه‌ته‌وه و هاتووه ژماره‌یه‌کی زۆر له جه‌للاد و جاسوس
و خۆفرۆش و پاشه‌ڵپیس و دزوجه‌رده‌ی له‌خۆی کۆکردۆته‌وه به‌بێحساب
که هه‌موویان ڕابوردوویه‌کی ڕه‌شیان هه‌یه و میلله‌ت پێیان ڕازی
نییه و به‌گه‌رمی پێشوازییان لێده‌کات و به‌ره‌وپێریانده‌چێت و
ڕێزیان لێده‌گرێت و به‌رامبه‌ر به‌مه گوێناداته خه‌ڵکی پاک و
ڕه‌وشتبه‌رز و تێکۆشه‌ر . جگه‌له‌وانه‌ی سه‌ره‌وه ، کارکردنی
مامجه‌لال له‌سه‌ر عێراقچێتی و به‌عێراقیکردنی کێشه‌کان (
به‌تایبه‌تی که‌رکوک و ناوچه‌دابڕاوه‌کان ) زیانێکی زۆر له کورد
ده‌دات و به‌هۆیه‌وه مه‌سه‌له کوردستانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کان ،
هه‌موویان کاڵده‌بنه‌وه و دوژمنانی ئێمه سوودیان لێوه‌رده‌گرن .
چاکتر وایه مامجه‌لال و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له کوردستاندا ،
له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بن پشت به میلله‌ت ببه‌ستن و به‌هاوکاری
ئه‌وان هه‌نگاوبنێن و واز له‌و پرۆژه و پێشنیارانه بهێنن که
ناحه‌زان و دوژمنانی ئێمه بۆ کوردی داده‌ڕێژن ، به‌پێچه‌وانه‌ی
ئه‌مه‌وه ، میلله‌ت و جه‌ماوه‌ر ده‌که‌ونه به‌له‌مێکه‌وه و
ده‌سه‌ڵاتی سیاسیش له به‌له‌مێکی تردا .
ئه‌مانه‌ی
سه‌ره‌وه به‌شێکی گرنگن له‌و هۆکارو فاکته‌رانه‌ی درزوکه‌له‌به‌رو
ده‌لاقه‌ی گه‌وره‌یان خسته ناو ڕیزه‌کانی یه‌کێتییه‌وه ، هه‌ر
له ڕۆژی دامه‌زراندنیه‌وه هه‌تا ئێستا و ڕێکخراوه‌که
به‌هۆیه‌وه دووچاری کۆسپ و ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌و پارچه‌پارچه بوون و
ناوه‌ندی سیاسی جۆراوجۆر بووه و به‌رژه‌وه‌ندی تاک و کوتله‌ی
به‌هێز باڵی کێشا‌وه به‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی حزبیدا و هه‌رکه‌سه
به‌دوای ده‌سکه‌وتی خۆیدا ڕاده‌کات و له‌خه‌می خۆیدایه ،
مه‌سه‌له کوردستانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کان ، یان باشتر وایه بڵێین
مه‌سه‌له چاره‌نووسسازه‌کان نرخ وبایه‌خی ئه‌وتۆیان نه‌ماوه و
کاڵبوونه‌ته‌وه و ورد ورد خه‌ریکه له بیرده‌چنه‌وه !
باوکسالاری باڵی کێشا‌وه به‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌کانی ناو ڕیزه‌کانی
ڕێکخستنداو بوونه‌ته په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌فسه‌رو سه‌رباز ،
ئاغاوده‌ره‌به‌گ و جوتیار ، کرێکار‌و سه‌رمایه‌دار که‌تێکڕا
زه‌مینه‌یان خۆشکردووه بۆئه‌وه‌ی که‌سێکی وه‌کوو سکرتێری گشتی
به‌رهه‌م بهێنێ و به‌ئاره‌زووی خۆی بریاربدات بێئه‌وه‌ی گوێ بۆکه‌س
بگرێت یان حسابیان بۆبکات . ده‌سه‌ڵاتی بێسنووری ئه‌و گه‌یشتۆته
ڕاده‌یه‌ک ، که‌سه‌کان به ئاره‌زووی خۆی بدات به‌یه‌کدا ، باڵ و
ته‌که‌تتولیان لێ‌دروست بکات و چۆنی بوێ یارییان پێ‌بکات و خۆیشی
به‌هێزترینیان بێت به‌شێوه‌یه‌ک ، که‌س نه‌توانێ له‌ئاستی ئه‌ودا
وشه‌یه‌ک بڵێ ، جووڵه‌یه‌ک بکات ، به‌تایبه‌تی ئه‌و له کۆنه‌وه
هه‌تا ئێستا ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ، مالیه‌وپاره‌وپوول ، ڕاگه‌یاندن ،
هێزی پێشمه‌رگه‌ی له‌ده‌ستی خۆیدا هێشتۆته‌وه.
کێشه‌کانی ی
ن ک چۆنچۆنی چاره‌سه‌ر ده‌کرێن ؟
بۆئه‌م
به‌شه‌ی دوایی وتاره‌که‌م ، ده‌مه‌وێ له دوو ته‌وه‌ره‌وه
له‌سه‌ری بنووسم :
یه‌که‌میان
: کێشه‌ناوخۆییه‌کانی یه‌کێتی و دووه‌میان : کێشه کوردستانی و
نه‌ته‌وه‌ییه‌کان .
ده‌رباره‌ی
یه‌که‌میان هه‌موومان ئه‌و ڕاستییه ده‌زانین که ئه‌مڕۆ ی ن ک
له‌ناوخۆیدا به‌ش بووه بۆ باڵی سیاسی و ته‌که‌تتول و تاقم
تاقمێنه ، سکرتێری گشتیش یه‌کێکه له‌به‌هێزترینی ئه‌و کوتلانه و
له‌سه‌روی هه‌موویانه‌وه‌یه و بریار له‌ده‌ستی خۆیدایه . ناکۆکی
و ململانێکانی ناو کوتله‌کان له‌سه‌ر بنه‌مای ئایدیۆلۆژی و فیکری
نییه ، واته کوتله‌یه‌ک نابینی خۆی به‌هه‌ڵگری ئاوات و
خواسته‌کانی خه‌ڵکی هه‌ژارو زه‌حمه‌تکێش و لێقه‌وماوی کوردستان
بزانێ و نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌یان بێت و داکۆکی له
به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئه‌وان بکات که زۆربه‌ی گه‌له‌که‌مان
پێکده‌هێنن!!! . ئه‌وه‌ی له‌ناو یه‌کێتیدا به‌ئاشکرا ده‌بینرێت ،
برێتییه له دوو به‌ره ، یه‌کێکیان داوای چاکسازی و پاکسازی
فراوان ده‌کات به‌پێی به‌رنامه‌یه‌ک که حکومه‌ت و حزب بگرێته‌وه
و به‌ره‌که‌ی تریشیان که توێژێکی تازه‌ده‌وڵه‌مه‌ند و پارێزگاره
، پشتگیری له گه‌نده‌لیی و ده‌سه‌ڵاتی تاکه‌که‌س و دیکتاتۆریه‌ت
ده‌کات و ڕازی نییه مل بنێ بۆ خواست و به‌رنامه‌ی لایه‌که‌ی تر و
نایه‌وێ هه‌رچی ئه‌وان داوایده‌که‌ن بۆیان جێبه‌جێبکات که خۆی
ده‌نوێنێ له سیاسه‌تی ڕوون و ئاشکرا ( شه‌فافیه‌ت ) و
هاتنه‌ده‌ره‌وه له ژووره تاریکه‌کان ، دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات
به شێوه‌یه‌کی عادیلانه ، جیاکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حزب له
حکومه‌ت ، ئاشکراکردنی چۆنێتی خه‌رجکردنی بودجه‌ی ساڵانه که
موڵکی میلله‌ته ، دادی کۆمه‌ڵایه‌تی و زۆریتر .... لێره‌دا من
نامه‌وێ له‌سه‌ر یه‌کبه‌یه‌کی ئه‌و خاڵانه بوه‌ستم و له‌سه‌ریان
بنووسم و دووپاتیانبکه‌مه‌وه ، چونکه زۆری له‌سه‌ر نووسراوه .
ڕه‌نگه
مامجه‌لال له‌به‌ر ڕای گشتی له‌ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی وڵات و
له‌ترسی چاوی ئه‌وان و تاڕاده‌یه‌ک بۆ ڕازیکردنی خه‌ڵک و
به‌ره‌که‌ی تر ، په‌نابه‌رێته‌به‌ر هه‌ندێ له جوانکاری و دیکۆر
له‌ناو یه‌کێتی و حکومه‌تدا ، به‌ڵام به‌وشێوه‌یه‌ی به قازانج و
به‌رژه‌وه‌ندی خۆی کۆتایی دێت ، زه‌حمه‌ته ئه‌و مل بنێ بۆ هه‌موو
شته‌کان چونکه ده‌یه‌وێ هه‌موو سه‌ره‌داوه‌کان له‌ده‌ستی خۆیدابن
. هه‌ڵبه‌ته ئه‌مه په‌یوه‌ندی به دنیابینی مامجه‌لال خۆیه‌وه
هه‌یه بۆ مه‌سه‌له و کێشه‌کان ، دیارده‌وکه‌سه‌کان که
کاردانه‌وه‌ی بیر و لێکدانه‌وه و فه‌لسه‌فه‌کانی دوێنێ و پێرێن و
ساڵانێکی درێژی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕ بووه و باوی نه‌ماوه و تۆزی
زۆری له‌سه‌ر نیشتووه .
به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌وه ، ده‌بوایه مامجه‌لال چ وه‌کوو سه‌رۆک
کۆمار و چ وه‌کوو سکرتێری گشتی ی ن ک له‌مێژه‌وه له هه‌وڵدانێکی
بێوچاندایه بوایه بۆ یه‌کخستنی ڕیزه‌کانی یه‌کێتی له‌سه‌ره‌وه
تاخواره‌وه ، ڕێگه‌ی نه‌دایه ناکۆکییه‌کان بته‌قایه‌ته‌وه
به‌ڕووی هه‌مواندا ، له‌باتی ئه‌وه‌ی خۆی ببێته کوتله و
کوتله‌بازی بکات و پشتگیری لایه‌کیان بکات و چه‌پڵه‌یان بۆ لێبدات
و بیانکات به‌گژ لایه‌که‌ی تردا ، بهاتایه وه‌کوو برایه‌ک
به‌ره‌وپیری لایه‌کانی تریش بچوایه و چاره‌سه‌ری کێشه‌کانیانی
بکردایه که کلیله‌که لای خۆیه‌تی و ئاماده‌وگۆشی بکردنایه بۆ
خه‌بات و تێکۆشان له‌پێناوی به‌لاداخستنی
مه‌سه‌له‌چاره‌نووسسازه‌کاندا و به‌پیره‌وه‌چوونی خه‌ڵکی
زه‌حمه‌تکێش و لێقه‌وماوی کوردستان ، به‌تایبه‌تی قوربانیانی
ئه‌نفال و گازی کیمیایی که زۆر که‌میان بۆکراوه له چاو ئه‌وه‌ی
چاوه‌ڕوانده‌کرا .
ئێستا
یه‌کێتی ئه‌ندامی سوسیال ئینته‌رناسیۆناله و مامجه‌لالیش یه‌کێکه
له جێگره‌کانی سه‌رۆکی ڕێکخراوی ناوبراو ، ئه‌گه‌ر مامجه‌لال
بیه‌وێ شانازیبکات به‌ئه‌ندامه‌تی خۆی له‌و ڕێکخراوه‌دا ، ده‌بێ
له‌پێش هه‌مووشتێکدا بڕوای به دیموکراتی و بیری ئازاد و گۆڕانکاری
هه‌بێت بۆئه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی کارکردنی یه‌کێتی له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌ی
کاری ڕێکخراوه جیهانییه‌که جووت و گونجاوبێت . هه‌روه‌ها ده‌بێ
مامجه‌لال به‌شێوه‌یه‌کی مۆدیرن ، به‌په‌نابردنه‌به‌ر سیاسه‌تی
هاوچه‌رخ ، به‌مه‌نتیق ، به‌ره‌وڕووی ڕه‌خنه‌ی که‌ڵه‌که‌بوو و
کێشه‌کان ببێته‌وه ، تاله‌وڕێگه‌یه‌وه تواناوهێزی خۆی پیشانبدات
، نه‌ک په‌نابه‌رێته به‌ر په‌لامار و شاڵاو و به‌کارهێنانی وشه‌ی
ڕه‌ش ، چونکه ئه‌مه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی خراپی ده‌بێت له‌سه‌ر خۆی و
خودی ئه‌ندامانی ڕێکخراوه‌که ، ده‌بێ خۆی دوور بگرێ له گوێگرتن
بۆ ماستاوچی و قسه‌هێنه‌ره‌کان و ده‌ست به سنگه‌وه‌نانه‌کان و
گیرفان پڕ‌و مێشک به‌تاڵه‌کان ، چاکتر وایه ئه‌و به‌دوای گیرفان
به‌تاڵ و مێشک پڕه‌کاندا بگه‌ڕێ ، خه‌ڵکی تێکۆشه‌رو دڵسۆز و
ڕه‌وشتبه‌رز بدۆزێته‌وه له‌ناو ڕیزه‌کانی یه‌کێتیدا و کاره‌کان
به‌وان بسپێرێ .
وابۆساڵی
پێرار ده‌چێت ، ژماره‌یه‌ک له ڕۆشنبیرو نووسه‌ر له‌سه‌ر که‌رکوک و
ناوچه‌دابڕاوه‌کان و ماده‌ی 140 وتاریان نووسی و بڵاو کرده‌وه ،
به‌نده یه‌کێک بووم له‌وانه‌و باسێکی دوورودرێژم ئاماده‌کردبوو
که‌له ڕۆژنامه‌کانی ئاسۆ و ئاڵای ئازادی‌دا به‌چه‌ند ئه‌ڵقه‌یه‌ک
بڵاوکرایه‌وه . هه‌موو نووسه‌ران ، به منیشه‌وه بڕوایان وابوو
که ماده‌ی 140 له‌کاتی خۆیدا جێبه‌جێنابێت و تاڕاده‌ک که‌رکوک و
ناوچه‌دابڕاوه‌کانیش له‌ده‌ست دراون ! ، دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی
وتاره‌کان ، به‌بیرم دێت ئێواره‌یه‌کیان مامجه‌لال له‌یه‌کێک
له‌که‌ناڵه ئاسمانییه‌کانه‌وه که‌وته هێرشکردنه سه‌ر نووسه‌ران
، به‌پاپه‌تی و سواڵکه‌ر و هه‌تیو ناوی بردن و وتی : ئه‌مانه
خه‌ڵکمان لێ ده‌وروژێنن و ماده‌ی 140 ئاوا به په‌له‌په‌ل جێبه‌جێ
نابێت ، ده‌بێ به شێنه‌یی بێت و له‌کاتی خۆشی‌دا هه‌ر جێبه‌جێ
ده‌بێت !!! .
ئه‌م
قسه‌یه له‌سه‌ر مامجه‌لال که‌وت چونکه یه‌که‌م / ئه‌و وشه
ڕه‌شانه له فه‌رهه‌نگی زانسته سیاسییه‌کاندا جێی نابێته‌وه و
نابێ له‌ده‌می که‌سێکه‌وه ده‌ربچیت که سه‌رۆک کۆماره و
ئه‌کادیمییه و یاسای خوێندووه و ڕۆژێک له ڕۆژان وه‌کوو پارێزه‌ر
کاری کردووه و داکۆکی له مافی خه‌ڵکیی کردووه . دووه‌م/ کێشه‌ی
که‌رکوک و ناوچه دابڕاوه‌کان هه‌روه‌کوو خۆیه‌تی ، له‌گۆڕانی خراپ
به‌ولاوه چیتری به خۆوه نه‌بینیوه !! . هه‌قی خۆیه‌تی
مامجه‌لال له‌وکه‌سانه په‌ست و تووڕه‌بێت که ده‌چنه ناو
موهاته‌راتی سیاسییه‌وه و قسه‌ی نابه‌جێده‌که‌ن ، به‌ڵام بۆ
ڕه‌خنه‌ی به‌جێ و شه‌ریفانه ده‌بێ ئه‌و سنگی فراوانبێت و سوپاسی
ئه‌وانه بکات که ڕه‌خنه‌ی لێده‌گرن . مه‌سه‌له‌یه‌کی کوردی
هه‌یه که ده‌ڵێت : دۆست ئه‌وکسه‌یه ده‌تهێنێته گریان و
دوژمنیش ئه‌وه‌یه که ده‌تهێنێته پێکه‌نین !! .( ئه‌م قسه‌یه
مشتێکه له خه‌رمانێک ) . مامجه‌لال به‌رامبه‌ر به براده‌رانی
ڕه‌گ-یش هه‌ر هه‌مان ڕه‌فتاری نواند که‌خه‌ڵکی ڕۆشنبیر ڕه‌خنه‌ی
زۆری لێگرت !!.
یه‌کێتی
نیشتمانی کوردستان وه‌کوو ڕێکخراوێکی نیمچه به‌ره‌یی و خاوه‌ن
ئه‌زموون ، ده‌بێ ده‌رس و په‌ند له ڕابوردووی خۆی وه‌ربگرێت و
ئه‌و هه‌ڵانه دووپات نه‌کاته‌وه که ڕێکخراوه‌که‌یان گه‌یانده
ئه‌م ڕۆژه و لاسایی حزبه دیکتاتۆر و خوێنڕێژه‌کان نه‌کاته‌وه و
جێپێی ئه‌وان هه‌ڵنه‌گرێ له بواره‌کانی سیاسی ، ئابووری ،
سه‌ربازی ، ئیداری ، کۆمه‌ڵایه‌تی ....هتد
حزبی شیوعی
سۆڤێتی جاران که‌خۆی به دایکی هه‌موو حزبه شیوعییه‌کانی تری دنیا
ده‌زانی ، ئه‌گه‌ر گومانیان له که‌سێکی سه‌رکردایه‌تی هه‌بوایه و
قسه‌وڕه‌فتار و هه‌ڵوێستی ئه‌و که‌سه‌یان به‌دڵ نه‌بوایه ، ئه‌وا
بانگهێشتی مۆسکۆیان ده‌کرد و چه‌ند مانگێک له‌ئاستێکی به‌رزدا
خزمه‌تی ئه‌و که‌سه‌یان ده‌کرد و مێشکیان ده‌شته‌وه ، تا ته‌واو
لێی دڵنیا ده‌بوون ، ئه‌وجا ڕه‌وانه‌ی وڵاته‌که‌ی خۆیان
ده‌کرده‌وه بۆئه‌وه‌ی کاربکات بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی مۆسکۆ و
کرملین ، ئه‌گه‌ر هه‌ر سوودی نه‌بوایه ، ئه‌وا به تومه‌تی شێت و
سه‌قه‌ت و بێکه‌ڵک ، چاڵێکیان بۆ هه‌ڵده‌که‌ن یاخود کێشه‌ی زۆریان
بۆ درووستده‌کرد ! .
ئه‌مڕۆ
سه‌رده‌م شتێکی تره و ئه‌وه‌ی دوێنێ نییه ، هه‌موو
گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ک بۆدواوه و پیاده‌کردنی سیاسه‌ته چه‌وته‌کانی
ڕابوردوو ، ته‌نها و ته‌نها هه‌ڵه‌کانی ڕابوردووی لێده‌که‌وێته‌وه
و له‌م رێگه‌یه‌وه ناتوانرێ سه‌روه‌ری تۆماربکرێت بۆ ی ن ک ،
ئه‌وانه‌ی له‌خه‌ونی دوێنێدا ده‌ژین و خه‌ریکی هیواهه‌ڵچنینن
له‌سه‌ر کاره‌کانی دوێنێیان ، هه‌رگیز ناتوانن پاکانه‌بکه‌ن بۆ
گه‌نده‌ڵی و ئیفلیجبوونی ئێستای ڕێکخراوه‌که‌یان چونکه ده‌یانه‌وێ
له‌م ڕێگه‌یه‌وه ته‌نها وته‌نها عه‌قڵی داڕزاو و بۆگه‌ن به‌رهه‌م
بهێنن که‌ناتوانێ گۆڕانکاری له‌گه‌ڵ خۆیدا بهێنێ له‌وه‌زیاتر
که‌دواکه‌وتن و ڕاوه‌ستان له هه‌ناوی خۆیدا هه‌ڵده‌گرێ ،
جگه‌له‌وه‌ی ناتوانێ له خه‌م و خه‌ونی هیچ توێژ‌و چینێکی هه‌ژار و
لێقه‌وماوی کۆمه‌ڵیشدابێت ، له‌وه‌زیاتر داوا له خه‌ڵک ده‌که‌ن
سه‌رشۆڕبکه‌ن و چه‌پڵه‌یان بۆلێبده‌ن و بترسن و بله‌رزن بۆئه‌وه‌ی
نانی کۆیله‌یی و ملکه‌چی بخۆن ! داوایان لێده‌که‌ن درۆزن و
ساخته‌چی و بوختانچی و چڵێس بن و هه‌موو شکست و نووچدان و
که‌وتنه‌کانی ئه‌وان به‌سه‌روه‌ری له‌قه‌ڵه‌م بده‌ن بۆیان و
تاجه‌گوڵینه له‌سه‌رسه‌ریان دابنێن .
گه‌نده‌ڵی
وخراپه‌کاری ، دیارده‌یه‌که ئێستا له قاپی هه‌موو به‌پرسێکی
یه‌کیتی ده‌دات و وه‌کوو ئه‌سپێ داویه‌ته گیانیان ، ئه‌گه‌ر بێت‌و
سکرتێری گشتی به‌زووترینکات به‌ره‌وپیری نه‌چێت ، ئه‌وا کاتێک
به‌خۆی ده‌زانێت زۆرشت له‌ده‌ستی ده‌رچووه ، به‌تایبه‌تی ئه‌و به
حوکمی پۆسته‌که‌ی له به‌غدا ، ئه‌ونده سه‌ر یه‌کێتی و کێشه‌کانی
ناو یه‌کێتی ناپه‌رژێ ، ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ی خۆیشی که‌وتۆته
ته‌مه‌نه‌وه و پێویستی به پشوودان هه‌یه و نابێ وه‌کوجاران زۆر
هه‌ڵسوورێ ، چونکه به‌رگه‌ی ناگرێ.
ئه‌وکاته‌ی
گه‌نده‌ڵی میوانی ڕۆژانه‌یه و ناکۆکی و ململانێکانی ناو یه‌کێتی
ڕوویان له هه‌ڵجوون و توندبوونه و کار ده‌گاته ئه‌وه‌ی
ده‌لاقه‌ی گه‌وره‌گه‌وره جێبهێڵێ له ڕیزه‌کانیدا و به‌ره‌و
هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی به‌رێ و سکرتێری گشتیش گوێی ناداتێ ، ئه‌مه
ئه‌گه‌ر هیچ نه‌گه‌یه‌نی ، ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ که ڕێبه‌ر لاوازه
و ڕێکخراوێکی لاواز پێشکه‌ش ده‌کات و سیاسه‌ته‌کانی فه‌شه‌لی
هێناوه و نووچدان و که‌وتنی خۆی و ڕێکخراوه‌که‌ی له‌دواوه ده‌بێت
.
ئه‌مه
یه‌که‌مجار نییه یه‌کیتی دووچاری کێشه‌ی ناوخۆیی ده‌بێت که درز و
ده‌لاقه‌ی گه‌وره‌گه‌وره‌ی له‌گه‌ڵ خۆی هانیوه و ڕێکخراوه‌که‌ی
تووشی پارچه‌پارچه‌بوون کردووه و له‌هه‌رجارێکدا به‌هۆی نه‌بوونی
یه‌کێتی بیر‌و ته‌بایی ڕیزه‌کانیه‌وه ، تاقمێک ، گروپێک ،
ڕێکخراوێک ، سه‌رهه‌ڵده‌دات و تووڕه‌بوون و ناره‌زایی خۆی
ده‌رده‌بڕێ به‌رامبه‌ر به‌که‌سه‌کان و باڵه به‌هێزه‌کانی تر و
به‌به‌رگێکی جیاوازه‌وه دێته مه‌یدان و بانگه‌شه‌ی نوێکاری و
خولقاندنی بارودۆخێکی باشتر ده‌کات ! ، دیاره ئه‌مانه به‌گشتی
ته‌واوکه‌ری ئه‌وانه‌ی دوێنێن که پێویستی به چاره‌سه‌ری خێرا
هه‌یه.
هه‌تا ئێستا
نه‌توانراوه هه‌نگاوی زانستانه‌و له‌بار بنرێت بۆ به‌لاداخستنی
کێشه‌کان له‌سه‌ر بنه‌مای دیموکراتی و حیوار و وشه گۆڕینه‌وه و
له‌یه‌ک گه‌یشتن و قه‌بووڵکردنی یه‌کتر و دواتر پێکهاتن له‌سه‌ر
به‌رنامه‌یه‌کی داڕێژراوی نوێ که به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو لایه‌کان
پارێزراوبێت و به‌دڵی هه‌موان بێت ، ئه‌وه‌ی ده‌بینرێ ته‌نها
هه‌نگاوی کلاسیکی تاک نه‌فه‌رییه که مۆرکی خۆویستن و خۆپه‌رستی و
خۆفه‌رزکردنی پێوه‌دیاره و له‌وه‌ده‌چێت هی که‌سێک بێت که بڕوای
به دنیایه‌کی ڕآوه‌ستاو هه‌بێت و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئه‌وی تێدا
پارێزراوبێت و دنیاکه‌ی تر که دنیای گۆڕان و گه‌شه‌کردن و
بۆپێشه‌وه‌چوونه ، لای ئه‌و مانایاکی ئه‌وتۆی نه‌بێ و نایه‌وێ
خۆیشی پێوه هیلاک بکات .
بارودۆخی
ئه‌مڕۆی کوردستان و کێشه‌کانی ناو یه‌کێتی ، وایان کردووه که
بیری نوێ سه‌رهه‌ڵبدات و زۆر شوێنی کوردستان بگرێته‌وه و
له‌ده‌ره‌وه‌ی کوردستانیش باوه‌شی بۆ بگیرێته‌وه . سه‌رهه‌ڵدانی
هه‌موو بیر‌و ده‌نگێکی ئازاد ، هه‌موو ڕێباز و گروپ و ڕێکخراوێکی
سیاسی له‌کوردستاندا که په‌یامێکی نوێیان پێبێت و له‌خزمه‌تی
میلله‌تدا بێت ، دروست و به‌جێیه و ده‌بێ باوه‌شیان بۆبگیرێته‌وه
و پێشوازییان لێبکرێت ، ئه‌گه‌رچی چاکسازی و پاکسازی بۆ ئه‌مڕۆی
کوردستان که دروشمی هه‌ندێک له‌و گرووپانه‌یه ، به‌شێکی که‌می
چاره‌سه‌ره‌کانن و به‌بڕوای من ناتوانن گۆڕانی گه‌وره له‌گه‌ڵ
خۆیاندا بهێنن و به‌ره‌وڕووی کۆسپ و ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌ی زۆر‌و
جۆراوجۆر ده‌بنه‌وه به‌هۆی ئه‌وه‌ی کێشه‌کانی ئه‌م سه‌رده‌مه زۆر
له‌وه گه‌وره‌ترن که‌ئه‌وان به‌ته‌مان چاکی بکه‌ن ، که‌چی له‌گه‌ڵ
ئه‌وه‌شدا درووشمی ئه‌م ڕێبازه نوێیانه ، به‌هۆی ئه‌وه‌ی دژی
گه‌نده‌ڵی و خراپ به‌کارهێنانی ده‌سه‌ڵاته ، به‌هیچ جۆرێک
ڕه‌تناکرێته‌وه .
کێشه‌کانی
ئه‌م قۆناخه کامانه‌ن.
ده‌مه‌وێ
به‌کورتی له‌و کێشانه بدوێم که سه‌رانسه‌ری کوردستانی گرتۆته‌وه
و هه‌تا ئێستا به‌بێ چاره‌سه‌ر ماونه‌ته‌وه ، که پارتی و یه‌کێتی
ده‌گرێته‌وه به‌پله‌ی یه‌که‌م ، هه‌روه‌ها کۆنترۆڵی ئه‌وان له
سه‌ر ده‌سه‌لاته‌کان . ڕه‌نگه هه‌ندێک پێیان وابێت ئه‌گه‌ر
ڕێفۆرمخوازه‌کانی ناو یه‌کێتی داواکانیان جێبه‌جێ ببێت و ڕێگه‌یان
پێبدرێت ئه‌وانه بکه‌ن که خۆیان ده‌یانه‌وێ له‌ناو یه‌کێتیدا ،
ئیتر ناکۆکی و ململانێکان کۆتای‌یان پێدێت و کێشه‌ی میلله‌ت
چاره‌سه‌ر ده‌بێت، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌وه ، هه‌تا
گۆڕانی بنه‌ڕه‌تی له سیستمی به‌ڕێوه‌بردن و سیاسی ئه‌مرۆی
کوردستاندا نه‌کرێت و هه‌موولایه‌ک له‌دڵه‌وه هاوکاری نه‌کات له‌و
گۆڕانکارییه ، مه‌حاڵه میلله‌ته‌که‌ی ئێمه حه‌سانه‌وه به
خۆیه‌وه ببینێ .
مه‌به‌ست
له گۆڕانی ڕیشه‌یی له سیستمی ئێستای کوردستاندا ئه‌وه‌یه که
پارتی و یه‌کیتی له‌هه‌نگاوی یه‌که‌مدا ده‌ستبه‌رداری سیاسه‌تی
په‌نجا به په‌نجا ببن و یاسایه‌کی نوێ دابڕێژن له په‌رله‌مانی
کوردستاندا به‌هاوکاری جه‌ماوه‌ری کوردستان ده‌رباره‌ی حزب ،
ڕێکخراوه مه‌ده‌نییه‌کان ، ئۆپۆزسیۆن ، هه‌ڵبژاردن ، هه‌روه‌ها
بودجه‌ی هه‌ریه‌کێک له‌مانه ، ده‌سه‌ڵاته‌کانیان ، که‌له‌دواجاردا
ده‌سه‌ڵاته‌کانی یاسادانان ، به‌ڕێوه‌بردن ، دادوه‌ری ،
لێده‌که‌وێته‌وه ، واته له‌پێشاندا پرۆژه‌یه‌ک بێت بۆ میلله‌ت و
له ڕێگای ده‌زگای ڕاگه‌یاندنه‌وه بڵاو بکرێته‌وه بۆ
لێکۆڵینه‌وه و دیراسه‌کردن و قسه‌کردن له‌سه‌ری و له‌دوایینجاردا
پاشئه‌وه‌ی پرۆژه‌که ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌کرێت ، به‌ره‌وڕووی
په‌رله‌مان بکرێته‌وه بۆ بریاردان له‌سه‌ری و هه‌مووکه‌س و
لایه‌نه‌کان ڕێزی لێ‌بگرن و به‌موو پێشێلی نه‌که‌ن . یاساکه
به‌شێوه‌یه‌ک بێت که ڕێژه‌ی هه‌ڵبژاردن گۆڕانی تێدابکرێت به‌و
شێوه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ ژماره‌ی دانیشتوانی کوردستاندا ده‌گونجێ بۆ
ئه‌وه‌ی هێچ که‌س هه‌قی نه‌خورێت و هه‌موان به‌شداریبکه‌ن له
پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا . به‌پێی ئه‌م یاسایه ، هه‌رکه‌سێک له‌خۆی
ڕاده‌بینێ ، بۆی هه‌یه حزبی تازه درووست بکات و به لیستێکی
نوێوه دابه‌زێت له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا ، دوور له
چاوسوورکردنه‌وه و هه‌ڕه‌شه‌وگوڕه‌يشه و و که‌ڵه‌گایه‌تی ئه‌م و
ئه‌و و په‌نابردنه به‌ر مێلیشیا، هه‌روه‌ها هه‌ڵبژاردنه‌کان به
ئاگاداری و چاودێری
UN
و
لایه‌نه‌کانی تر به‌ڕێوه بچێت و ده‌بێ هه‌ر لیسته ڕازی بێت به
ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌کان و گه‌ڕی باره‌ترێ !! نه‌کات و کێ زۆربه‌ی
ده‌نگی هێنا ، ئه‌وه به براوه حسابی بۆبکرێت و به
پێچه‌وانه‌وه ، ئه‌وانه‌ی ده‌نگی که‌متر ده‌هێنن ، ڕه‌زامه‌ندی و
خۆشحاڵی خۆیان پیشان بده‌ن و له‌به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆندا کاربکه‌ن
یاخود له‌گه‌ڵ لیستی براوه‌دا ببنه هاوپه‌یمان و پێکه‌وه حکومه‌ت
دابمه‌زرێنن و به‌پێی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌که ، کورسیه‌کانی
په‌رله‌مان دابه‌ش بکرێن و به‌هێچ جۆرێک خاتروخۆتری تێدانه‌بێت .
لێره‌وه
هێزی ئۆپۆزسیۆنی ڕاسته‌قینه له‌دایک ده‌بێت و به‌ئاشکرا دیته
مه‌یدان و پروپاگانده‌ی هه‌ڵبژاردن بۆ خۆی و نوێنه‌ره‌کانی ده‌کات
، چاوپێکه‌وتن و دیده‌نی له که‌ناڵه ئاسمانییه‌کانه‌وه ده‌کات ،
په‌نجه بۆ گه‌نده‌ڵییه‌کان و سیاسه‌تی چه‌وتی حزبی ده‌سه‌ڵاتدار
ڕاده‌کێشێت ، له ڕۆژنامه و گۆڤاره‌کاندا به ئاشکرا ده‌نووسێت و
چی له‌به‌رژه‌وه‌ندی میلله‌ته ئه‌وه ده‌ڵێت ، بێئه‌وه‌ی
گوێبداته بۆڵه‌بۆڵ و گازنده و گله‌یی ئه‌وانی تر ، له‌وه‌ش
ڕزگاریان ده‌بێت حزبی ده‌سه‌ڵاتدار پێیان بڵێن : ئه‌مانه خه‌ڵکمان
لێده‌وروژێنن و دژایه‌تیمانده‌که‌ن و جوێنمان پێده‌ده‌ن و
سووکایه‌تیمان پێده‌که‌ن و خه‌ریکی ئاژاوه‌و تێکدانی ڕیزه‌کانی
میلله‌تن !!!. ئه‌گه‌ر ئێمه نه‌بین ، ئێوه له‌برسانا ده‌مرن ! ،
له‌م حاڵه‌ته‌دا هێزی ئۆپۆزسیۆن ترسی نامێنێ و ده‌بینێ به پێی
یاسا کارده‌کات و چالاکییه سیاسییه‌کانی خۆی ئه‌نجامده‌دات و هیچ
گروپێکی مێلیشیاو چه‌کداریتر نابینی له‌گۆڕه‌پانی سیاسی‌دا ،
چاوسووربکاته‌وه به‌و شێوه‌یه‌ی شه‌ڕکردن و بریندارکردن و کوشتنی
لێبکه‌وێته‌وه و به‌هێزی چه‌ک بریاربدات ، به‌تایبه‌تی
له‌یاساکه‌دا ده‌بێ ڕه‌چاوی ئه‌وه بکرێت که دیارده‌ی
چه‌کهه‌ڵگرتن ته‌واو قه‌ده‌غه‌یه و هه‌موو سه‌رۆک حزبه‌کان و
ئه‌ندامانی سه‌رکردایه‌تی حه‌سانه‌ی دیپلۆماسی‌یان ده‌بێت و هیچ
حزبێک یان سه‌رۆک حزبێکی تر بۆیان نییه سانسووریان له‌سه‌ر دابنێن
و مه‌رجه‌کانی خۆیان بسه‌پێنن به‌سه‌ریاندا ، به‌ومانایه‌ی هه‌موو
حزبه ئۆپۆزسیۆنه‌کان سه‌ربه‌خۆیی ئابووری و سیاسی خۆیان هه‌یه
به پێی قه‌واره‌ی حزبه‌که‌یان ، واتا ژماره‌ی ده‌نگه‌کانیان له
هه‌ڵبژاردنه‌کاندا .به‌ڵام کاتێک کاره‌ساتێکی گه‌وره ڕووده‌دات
وکارده‌گاته ئه‌وه‌ی په‌رله‌مان و دادگای باڵا دانێشتنی بۆبکه‌ن ،
ئه‌وا هه‌موو لایه‌ک به یه‌کسانی ملکه‌چی بریاره‌کان ده‌بن به‌بێ
جیاوازی.
ئه‌م
یاسایه‌ی سه‌ره‌وه له وڵاته دیموکرات و پێشکه‌وتووه‌کانی دنیادا
کاری پێده‌کرێ و ئه‌نجامی باشی لێکه‌وتۆته‌وه و له‌ڕێگه‌یه‌وه
کاره‌کان به‌باشی ده‌ڕۆن و حکومه‌تیش هه‌ڕه‌شه‌و گله‌یی له‌سه‌ر
نییه ، چونکه به هه‌ڵبژاردنێکی ئازاد و دیموکرات ده‌سه‌ڵاتی
سیاسی به‌ده‌ست هێناوه و ئه‌وانه‌ی گله‌ییان هه‌یه ، بۆیان
هه‌یه بچن به‌پێی یاسا یادداشت پێشکه‌ش بکه‌ن ، خۆپیشاندان بکه‌ن
، مانگرتن ئه‌نجام بده‌ن ، خه‌ڵک لێره‌و له‌وێ کۆبکه‌نه‌وه و
به‌ئاره‌زووی خۆیان بشیڕێنن هه‌تا خۆئاماده‌کردنێکی تر بۆ
هه‌ڵبژاردنه‌کان که به 3- 4 ساڵ جاریک ئه‌نجام ده‌درێت ،
ئه‌وانه‌ی له‌م پرۆسه‌یه‌دا ده‌نگی که‌م ده‌هێنن ، بۆیان نییه
بیکه‌ن به هه‌راو بۆڵه‌بۆل ، له‌جێی ئه‌وه ده‌توانن به‌پێی
به‌رنامه‌یه‌کی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ حزبه‌کانی تردا ڕێکبکه‌ون و بێنه
مه‌یدان بۆئه‌وه‌ی کورسی په‌رله‌مان مسۆگه‌ربکه‌ن و به‌شداری
ده‌سه‌ڵات بکه‌ن . خۆئه‌گه‌ر ئه‌مه‌یان نه‌کرد ، ئه‌وا وه‌کو
هێزێکی ئۆپۆزسیۆن کارده‌که‌ن به‌و مه‌رجه‌ی ئه‌و ڕێژه‌یه‌یان
هێنابێ له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا که هه‌قی شه‌رعی و قانوونی‌یان
ده‌داتێ و که‌س و لایه‌نێکیش ناتوانن ڕێگربن له‌کاره‌کانی ئه‌وان .
ئه‌مه هه‌نگاوێکه بۆ به‌دامه‌زراوه‌یی کردنی حزب و حکومه‌ت ،
واته ده‌ستوور ، یاسا ، بریاره‌کانی په‌رله‌مان ، سه‌روه‌رده‌بن و
له‌سه‌روو حزب و سه‌رۆک حزب و سه‌رۆک عه‌شیره‌ت و خێڵه‌وه ده‌بن .
پێویسته
پارتی و یه‌کێتی ، وه‌کوو دوو حزبی زلهێز ، بیر له‌داهاتووی ئه‌م
گه‌له بکه‌نه‌وه و سڵ نه‌که‌نه‌وه له داڕشتنی ئه‌م جۆره
یاسایه به هاوکاری ڕۆشنبیر و سیاسه‌تمه‌دار و لایه‌نه‌کانی تر
که دیموکراتی ، ئاشتی ، یه‌کسانی ، ته‌بایی له‌گه‌ڵ خۆی دێنێ ،
چونکه به‌ڕاستی ئه‌و سیستمه‌ی ئێستا له کوردستاندا هه‌یه ،
نازانی ناوی چی لێبنێیت ، ده‌ره‌به‌گایه‌تی ، سه‌رمایه‌داری ،
سوسیالیستی ، نه‌ته‌وه‌یی ، دیموکراتی ، سیکۆلار ،
مودێرن......ئێمه خاوه‌نی شتێکین له کوردستانا تێکه‌ڵ له هه‌موو
شتێک و که‌چی هیچیشیان نییه!!! و وه‌کوو چێشتی مجه‌ور وایه!!!
پێویست
نییه پارتی و یه‌کیتی وا تێبگه‌ن که داڕشتنی وه‌ها یاسایه‌ک
له‌کوردستاندا ، له رۆڵی ئه‌وان که‌مده‌کاته‌وه و فرێیانده‌داته
ده‌ره‌وه‌ی گؤڕه‌پانه‌که ، نه‌خێر به پێچه‌وانه‌وه ، ئه‌وان
هه‌ر هێزێک ده‌بن له‌کوردستاندا ، به‌ڵام هێزێکی سیاسی دیموکرات و
ملکه‌چ بۆ یاسا و ده‌ستوور ده‌بن ، ڕێزوحورمه‌ت له که‌س و
لایه‌نه‌کانی تر ده‌گرن و هه‌قی که‌س و لایه‌کانی تر زه‌وت ناکه‌ن
، به‌پێی یاسا مل ده‌نێن و بریار ده‌ده‌ن و وه‌کوو ئێستا نابن که
میلله‌ت بێزار‌و تووڕه‌یه و سیاسه‌ته‌کانی ئه‌وان ڕه‌تده‌کاته‌وه
.
ئه‌رکی
سه‌رشانی پارتی و یه‌کیتی له‌م کاته‌دا ئه‌وه‌یه کاربکه‌ن میلله‌ت
ئاشت بکه‌نه‌وه و ملبنێن بۆ خواست و داواکانی ئه‌وان ،
به‌تایبه‌تی له‌م کاته‌دا که‌کار گه‌یشتۆته ئه‌وه‌ی نه‌ک میلله‌ت
، به‌ڵکو ڕاگه‌یاندنه‌کانی دنیاش ده‌م بکاته‌وه له‌دژی ده‌سه‌ڵاتی
سیاسی کوردستان و جۆری ئه‌دای ئه‌وان .
هه‌ر به‌م
بۆنه‌یه‌وه به پیویستی ده‌زانم چه‌ند دێڕێک بنووسم له‌سه‌ر
ئه‌وانه‌ی بیر له چاکسازی وپاکسازی و جوانکاری ده‌که‌نه‌وه و
له‌وانه‌یه رۆژێک له ڕۆژان وه‌کوو هێزێکی سه‌ربه‌خۆ و ئۆپۆزسیۆن
بێنه مه‌یدان و به‌لیستێک دابه‌زن له هه‌ڵبژاردنه‌کانی داهاتوودا
و شه‌ری هه‌ڵبژاردن و ده‌سه‌لات بکه‌ن . ئه‌گه‌ر سه‌رکرده‌کانی
ئه‌م گروپ و ڕێکخراو و هێزانه‌ی که به‌ڕێگه‌وه‌ن له دایک ببن ،
له‌وانه‌بن که پێشتر له سه‌رکردایه‌تی پارتی و یه‌کێتیدا کاریان
کردووه ، ده‌بێ پێش هه‌موو شتێک ددان بنێن به هه‌ڵه‌و خه‌تا و
تاوانه‌کانی ڕابوردوویاندا ، به‌وسیفه‌ته‌ی ئه‌وان به‌شێک بوون
له‌دوێنێ و ڕاست نییه ئه‌وه‌ی دوێنێ له‌گه‌ڵ خۆیاندا هه‌ڵبگرن و
هه‌مدیسان دووپاتی بکه‌نه‌وه و بیفرۆشنه‌وه به میلله‌ت و
ئه‌وانه بکه‌ن که پارتی و یه‌کێتی کردیان و جارێکی تر سواری
سه‌ری میلله‌ت ببنه‌وه . دوای ددان نان به هه‌ڵه‌کانیاندا ،
پێویسته به توندی ڕه‌خنه له خۆیان بگرن و داوای لێبوردنیش له
میلله‌تی کورد بکه‌ن بۆئه‌وه‌ی به‌هیچ جۆرێک شانازی نه‌که‌ن به
ڕابوردووی خۆیانه‌وه که هه‌مووی کورد کوشتن و شه‌ڕ بوو له
پێناوی شه‌ڕدا و شه‌ڕیش بۆ ده‌سه‌ڵات و کورسی و قات و قڕکردنی
ڕۆڵه‌کانی ئه‌م گه‌له که ده‌یان هه‌زار کوژراوی لێکه‌وته‌وه ،
جگه له خۆخستنه باوه‌شی دوژمن به بیانووی جیاجیا و نابه‌جێ ،
تا وای لێهات کاره‌سات و ماڵوێرانی زۆریش بۆ کورد بهێنن .
ئه‌گه‌ر
ئه‌مانه وانه‌که‌ن ، مانای وایه به‌هه‌مان عه‌قڵیه‌ت و
فه‌لسه‌فه‌ی کۆنه‌وه دێنه‌وه مه‌یدان و بڕوام وانییه ئه‌مجاره
میلله‌ت ئه‌مه‌یان لێ قه‌بووڵ بکات و به دوایاندا ڕابکات ،
جگه‌له‌وه پێویسته سه‌یرێکی ده‌وروپشتی خۆیان بکه‌ن و به‌سه‌ر
ئه‌و که‌سانه‌وه بنیشنه‌وه که مه‌رجی ئه‌خلاقی وسیاسییان تێدا
هه‌یه ، گه‌نده‌ڵ و دزو جه‌رده و پاشه‌ڵپیس و ساخته‌چی و بازرگان
له‌خۆیان کۆنه‌که‌نه‌وه ، که‌سانێک بن له خه‌می خه‌ڵکی
زه‌حمه‌تکێش و لێقه‌وماو و هه‌ژاری کوردستاندا بن ، باشتر وایه
ئه‌وانه سیاسه‌ت نه‌که‌ن ، یاخود ڕیزه‌کانیان پاک بێت ، ده‌کرێت
نوخبه‌یه‌کی باش بێنه مه‌یدان و به‌رنامه‌ی باش پێشکه‌ش بکه‌ن و
ڕای میلله‌ت ڕاکێشن به‌لای خۆیاندا و له‌کاتی خۆیدا که‌ده‌سه‌ڵات
ده‌که‌ویته ده‌ستیان ، چی باشه ئه‌وه‌بکه‌ن بۆ میلله‌ت و مه‌رج
نییه به عه‌قڵیه‌تی جاران بیر له‌شانه و ڕێکخراو و کۆمیته و
مه‌ڵبه‌ندو......هتد بکرێته‌وه.
ده‌بێ
زانیاری و پاراستن و ئاسایش ، ده‌زگای حکومی بن نه‌ک ده‌زگای حزب.
ئه‌م
ده‌زگایانه به‌هۆی بێسه‌روشوێنی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی پێیاندراوه ،
سنووری کاره‌کانی خۆیان به‌زاندووه و که‌وتوونه‌ته به‌ره‌ی
دوژمنه‌وه نه‌ک میلله‌ت ، چونکه به‌پێی یاسا کارناکه‌ن و
په‌یڕه‌وی مه‌سه‌له ئینسانی و ئه‌ده‌بی و ئه‌خلاقیه‌کان ناکه‌ن و
خه‌ڵک بێزار‌و تووڕه ده‌که‌ن و ده‌سه‌ڵاته‌کانیان بۆ ئامانج و
مه‌رامی شه‌خسی خۆیان به‌کارده‌هێنن به ناوی به‌رژه‌وه‌ندی
گشتییه‌وه . له‌هه‌موو دنیادا ده‌زگای هه‌واڵده‌ر ( هه‌واڵگری )
جۆربه‌جۆر هه‌یه که‌ناوی جیاجیا هه‌ڵده‌گرن و سه‌ر به حکومه‌تن
نه‌ک حزب ، کاره‌کانیان برێتییه له :
* پاراستنی
ئاشتی و ئاسایش له‌وڵاتدا و کۆنترۆڵکردنی ناحه‌زان و دوژمنان .
*
قه‌ڵاچۆکردنی تۆڕه‌کانی تیرۆر و سیخوڕی .
*
قه‌ڵاچۆکردنی تۆڕه‌کانی کڕین و فرۆشتنی ماده سڕکه‌ر و
هۆشبه‌ره‌کانی وه‌کوو حه‌شیشه ، تریاک ، هێرۆیین ....هتد .
*
کۆنترۆڵکردنی ئه‌و قاجاخچییانه‌ی چه‌کی جۆراوجۆر ده‌هێننه
وڵاته‌وه به نیازی ئاژاوه‌نانه‌وه و تێکدانی دامه‌زراوه‌کانی
ده‌وڵه‌ت .
*
ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی پاره‌ی ته‌زویر و ئامێر‌و ده‌زگاکانی ته‌زویر بۆ
پاره و دۆکومێنت و مۆر و شته به‌ها و گرنگه‌کان و ڕاپێجکردنیان
بۆ به‌رده‌می دادگا‌و سه‌پاندنی سزای قورس به‌سه‌ریاندا .
*
کۆنتڕۆڵکردنی خواردنی کۆن و به‌سه‌رچوو و ژه‌هراوی ، به‌هاوکاری
ئه‌وانه‌ی له‌و بواره‌دا کارده‌که‌ن له‌سه‌ر مه‌رزه‌کان.
*
کۆنترۆڵکردنی پاره‌و ئاڵتوون و سامانی دزراوی میلله‌ت که
ژماره‌یه‌ک له به‌رپرسه‌کان به شیوازی جۆراوجۆر ڕه‌وانه‌ی
ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی ده‌که‌ن به‌بێئه‌وه‌ی هیچ به‌ڵگه‌یه‌کی ئیزن
پێدراو و ڕه‌سمییان به‌ده‌سته‌وه بێت .
ده‌زگاکانی
ناوبراو له باتی ئه‌وه‌ی له‌و مه‌یدانه‌دا کاربکه‌ن که ئاماژه‌م
پێ‌کرد ، دێن هه‌موو قورسایی و خه‌بات و تێکۆشانی خۆیان
کۆده‌که‌نه‌وه بۆ سیخوڕی‌کردن به‌سه‌ر نووسه‌ر و ڕووناکبیر و
خه‌ڵکی پاک و به‌ویژدان و به ئه‌خلاقی گه‌له‌که‌مانه‌وه ،
گوێیان لێده‌گرن و قسه‌کانیان ده‌دزن بۆئه‌وه‌ی بیکه‌ن به ڕاپۆرت
و به‌رزی بکه‌نه‌وه بۆ سه‌روخۆیان ، بۆ به‌رپرسه‌کان . ناوبه‌ناو
ئازاری نووسه‌رو ڕۆشنبیری گه‌له‌که‌مان ده‌ده‌ن به بیانووی
جۆراوجۆر و جاری واهه‌یه له زینداندا توندیان ده‌که‌ن ، فشار
ده‌خه‌نه سه‌ر ڕۆژنامه‌کان و سه‌رنووسه‌ره‌کانیان و چاویان لێ
سوورده‌که‌نه‌وه .
پارتی و
یه‌کێتی ده‌بێ چاوێک به‌کاری ئه‌م ده‌زگایانه‌دا بخشێنێته‌وه و
هه‌موویان به‌ره‌وڕووی حکومه‌ت بکه‌نه‌وه و زوو زوو کۆنتڕۆڵیان
بکه‌ن و سنوورێک بۆ کاری ناره‌وای ئه‌مانه دابنێن و ڕێگه‌یان
پێنه‌ده‌ن به نهێنی په‌لامار بده‌ن و خه‌ڵکی بفڕێنن و له زیندانی
تایبه‌تیدا توندیان بکه‌ن . هه‌رکه‌سێک ده‌گیڕێ ، ده‌بێ به بریاری
حاکم بێت و پۆلیس به‌ڕه‌سمی له‌ڕێگای موختاری گه‌ڕه‌که‌وه ئه‌و
که‌سه ئاگاداربکاته‌وه و هه‌موو که‌س پێبزانێ که گیراوه‌که له
کوێیه و هۆی گرتنه‌که‌ش بزانرێ .
کێشه
کوردستانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کان.
ڕۆژی
09/04/2003 حوکمی دیکتاتۆرو پیاوکوژی سه‌ددام
ڕووخا و کۆتایی هات ، کورد هه‌لێکی له‌باری بۆ ڕه‌خسا بۆئه‌وه‌ی
پێدابگرێ له‌سه‌ر مافه چاره‌نووسسازه‌کانی خۆی و به‌ده‌ستی
بهێنیته‌وه که ساڵانێکی دوورودرێژ بوو لێی زه‌وت کرابوو ، وه‌کوو
:* گێڕانه‌وه‌ی که‌رکوک و ناوچه‌دابراوه‌کان بۆسه‌ر هه‌رێمی
کوردستان ، * به‌ره‌سمی ناساندن و دیاریکردنی سنووری کوردستان
که‌له شاخه‌کانی حه‌مرینه‌وه ده‌ستپێده‌کات ، *به‌ڕه‌سمی
ناساندنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان ، *پێداگرتن له‌سه‌ر سه‌روه‌ت
و سامانی کوردستان له ئاو و سامانه سروشتییه‌کانی وه‌کوو نه‌وت و
گاز بۆکورد ، یاخود کورد به‌شێوه‌یه‌کی عادیلانه به‌شی خۆی هه‌بێ
، باشتر له‌وه‌ی ئێستا ، *ناساندنی زوبانی کوردی به زوبانێکی
ڕه‌سمی له‌سه‌رانسه‌ری عێراقدا ، * ناساندنی ئه‌نفال و کیمیابارانی
کوردستان وه‌کوو جینۆساید و ته‌رخانکردنی بودجه‌یه‌کی تایبه‌ت بۆ
قوربانییه‌کانی ، * بانگهێشتی کۆنفیدرالی بۆ کورد له چوارچێوه‌ی
عێراقدا وه‌کوو قۆناخی یه‌که‌م و دواتر ددان نان به مافی چاره‌ی
خۆنووسین بۆ کورد وه‌کوو هه‌قێکی شه‌رعی نه‌ک وه‌کوو تڕومنه‌ت کردن
به‌سه‌ر کوردا له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ستی عه‌ره‌به‌وه ، به
شیعه و سوننه‌وه .
به‌داخه‌وه
ئه‌مانه هیچیان نه‌کراو پارتی و یه‌کێتی ڕازیبوون بچنه به‌غدا و
له‌ئه‌نجوومه‌نی حوکم به‌شداری بکه‌ن و شانبه‌شانی ئه‌وانی تر
عێراق بنیات بنێنه‌وه ، جگه له‌وه دڵی ناحه‌ز و دوژمنانی
ئێمه‌یان نه‌شکاند و ده‌ستیان به‌رزکرده‌وه له‌ئاستی خاله
لاوازه‌کانی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراقدا که هه‌مووی مین ڕێژ
کرابوو دژی کورد ، به‌تایبه‌تی ماده‌ی 58 و دواتر ماده‌ی 140 ،
که‌هه‌تا ئێستاێش مه‌ره‌که‌به له‌سه‌ر کاغه‌ز و بڕواناکه‌م نه‌یار
و دوژمنه‌کانی ئێمه ڕێگه‌بده‌ن جێبه‌جێ بکرێت ، ئه‌گه‌رچی هه‌تا
ئێستایش ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌کوردستاندا خۆیان به پشتئه‌ستوور
ده‌زانن بۆ جێبه‌جێکردن و به‌لاداخستنی کێشه‌ی که‌رکوک و
ناوچه‌دابڕاوه‌کان ، که‌چی که دێیته سه‌ر حساب ، هیچ هه‌نگاوێکی
دڵخۆشکه‌ر نا‌بینیت له‌وباره‌یه‌وه که پیشانیبدات کارکردنی جددی
هه‌یه له ئارادا ! .
بۆ نموونه
ئاساییکردنه‌وه‌ی بارودۆخی که‌رکوک که ده‌بوایه له‌مانگی ئازاری
2007 دا و سه‌رژمێری له‌مانگی ته‌مموزی 2007 دا و ڕێفرانفۆم
له‌مانگی تشرینی یه‌که‌می 2007 دا ئه‌نجام بدرانایه ، که‌چی
هیچیان نه‌کرا و کوردیان ته‌فره‌داو پارتی و یه‌کێتیش پێی ڕازیبوون
و له ته‌سریح و ڕوونکردنه‌وه‌ی بێسه‌روشوێن به‌ولاوه هێچیتریان
له‌ده‌ست نه‌هات ، که‌هه‌مووی به‌گران که‌وتۆته‌وه له‌سه‌ریان .
له‌یه‌که‌م
ڕۆژی که‌وتنی سه‌ددامه‌وه هه‌تا ئێستا ، ئه‌مه‌ریکا و لایه‌نه
سیاسییه‌کانی تر له‌به‌غدا ، هه‌روه‌ها ده‌وڵه‌ته ئیقلیمییه‌کان ،
به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دان کورد تاقیبکه‌نه‌وه و
لێدانی دڵی هه‌موویانیان وه‌رگرتووه و سلوک و سایکۆلۆژییه‌تی
ئه‌وانیان خوێندۆ‌ته‌وه بۆ تێپه‌ڕاندنی نه‌خشه و پلان و
خواسته‌گلاوه‌کانیان و ڕاکێشانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی کورد بۆ مه‌یدانی
سازشکردن و ده‌ستهه‌ڵگرتن له‌مه‌سه‌له چاره‌نووسسازه‌کان و
توانیویانه ، له‌م ڕووه‌وه سه‌رکه‌وتن له‌دوای سه‌رکه‌وتن
به‌ده‌ستی بهێنن و وا له کورد بکه‌ن دڵی بسووتێ به عه‌ره‌ب و
تورکمان !! ،ئه‌مه له‌کاتێکدا هه‌تا ئێستایش کارتی کورد به‌هێزه
له به‌غدا و عێراق و ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له کوردستان
بیه‌وێ ، ده‌توانێ به شێوازی جیاجیا به‌کاری بهێنێ .
ئه‌مه‌ریکاییه‌کان گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی که کورد و
کێشه‌که‌ی ، کارتێکی باشه له‌ده‌ستیاندا بۆئه‌وه‌ی یاری پێبکه‌ن و
به‌کاری بهێنن به‌رامبه‌ر لایه‌نه‌کانی تر ، چونکه ده‌زانن کورد
به بێ حساب ڕاده‌کات به دوای ئه‌مه‌ریکادا و هه‌موو هێلکه‌کانی
خۆی له سه‌به‌ته‌که‌ی ئه‌ودا داناوه ، بۆیه ئه‌مه‌ریکایش وه‌کوو
پێویست بایه‌خ به کورد نادات و ده‌یه‌وێ له سێبه‌ری سیاسه‌تی
ته‌وافوقدا دایشکێنێ به‌لای عه‌ره‌بدا و ئه‌وه‌نده گوێ ناداته
ناکۆکییه ئایینی و کولتوری و نه‌ته‌وه‌ییه‌کان و به‌شێوه‌یه‌کی
ناڕاسته‌وخۆیش به کورد ده‌ڵێ که چاره‌سه‌ری هه‌موو مه‌سه‌له‌کان
، به کێشه‌ی کوردیشه‌وه ، هه‌مووی له‌به‌غدایه و بریاریش لای
حکومه‌تی ناوه‌ندییه ، ئه‌مه‌ش مانای به‌عێراقیکردن و
مه‌رکه‌زیکردنی کێشه‌ی کورده که له مه‌ودایه‌کی دووردا نازانرێ
چۆنچۆنی ده‌شکێته‌وه و ده‌که‌وێ له‌سه‌ر کورد و قوربانییه‌کانی
چه‌ند ده‌بێت ، به‌تایبه‌تی سیاسه‌تزان و لێکۆڵه‌رو توێژه‌ره‌کان ،
ئه‌و ڕاستییه باش ده‌زانن که عێراق له مێژه‌وه ، له ڕۆژی
درووستبونیه‌وه ( 1921 ) له‌سه‌ر زوڵم و خوێنڕشتن و چه‌وسانه‌وه‌ی
گه‌ل درووست بووه و له‌درۆ به‌ولاوه هیچ به‌ڵێنێکی ڕاست به‌کورد
نه‌دراوه!! .
له‌به‌ر
ئه‌وه پێویسته پارتی و یه‌کێتی ، که چاره‌نووسی میلله‌تێکیان
خستۆته ئه‌ستۆی خۆیان ، زۆر به جددی له هه‌وڵ و تێکۆشانێکی
گه‌رمدا بن بۆ ڕاستکردنه‌وه‌ی حسابه‌کان و به‌لاداخستنی مه‌سه‌له
هه‌ڵپه‌سێردراوه‌کان و ته‌مومژی له‌سه‌ر لابه‌رن و مل نه‌نین بۆ
سازشکردنی زیاتر و به‌توندی پێدابگرن و ئه‌وه بخه‌نه
مێشکیانه‌وه که‌که‌س ناتوانێ په‌لاماری گه‌لێکی 5 ملیۆن که‌سی
بدات !! . باشترین چه‌ک که ئه‌وان بتوانن به‌کاری بهێنن ئه‌وه‌یه
که به ئه‌مه‌ریکا و حکومه‌تی ناوه‌ندی و لایه‌نه‌کانی تر بڵێن :
(( ئێمه میلله‌تێکمان هه‌یه و ده‌بێ پرسی پێبکه‌ین له هه‌ر
مه‌سه‌له‌یه‌کدا و ناتوانین له خۆمانه‌وه بریار بده‌ین )) .
ئه‌وان
له‌باتی ئه‌وه‌ی دانیشتوانی کوردستان ناچار بکه‌ن که عێراقی بێت و
عێراقی خۆشبوێت ، با له جێی ئه‌وه خه‌بات بکه‌ن بۆئه‌وه‌ی خه‌ڵک
کوردستانیی بێت له چوارچێوه‌ی عێراقێکی به‌ڕاسته‌قینه دیموکرات
و ئازاد و مه‌سه‌له نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی ئێمه کاڵنه‌بێته‌وه و
نه‌یکه‌نه قوربانی خواست و بیروبۆچوونه‌کانی ناحه‌زان و
دوژمنانمان که‌له‌یه‌که‌م ڕۆژی ده‌سه‌ڵات وه‌رگرتنیانه‌وه ، هه‌تا
ئێستا کنه‌ده‌که‌ن و نه‌خشه‌وپلان داده‌نێن بۆئه‌وه‌ی ئابڵووقه‌مان
بده‌ن و هه‌موو مه‌سه‌له پیرۆزه‌کانی ئێمه به‌تاڵ و پووچ
بکه‌نه‌وه و به‌که‌متر له که‌مایه‌تییه‌کانی وه‌کوو تورکمان و
ئاسوور و کلدان سه‌یرمان بکه‌ن !!!! .
حکومه‌ته
یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کانی ئه‌یاد عه‌لاوی ، ئیبراهیم جه‌عفه‌ری ،
نوری مالیکی سه‌لماندیان که ئه‌وان له دڵه‌وه هاوپه‌یمانی کورد
نین و ژێربه‌ژێر و به‌شێوازی جیاجیا ، به عه‌قڵی شۆڤێنی و
تاریکیانه‌وه له‌هه‌وڵی تێکدان و سه‌ندنه‌وه‌ی ده‌سکه‌وته‌کانی
کوردان و ده‌یانه‌وێ ده‌ستوور بگۆڕن له به‌رژه‌وه‌ندی شۆڤێنیه‌تی
عه‌ره‌بی و عێراق بگێڕنه‌وه بۆ دواوه ، بۆ سه‌ده تاریکه‌کان و
جارێکی تر به‌هێزی عه‌سکه‌رتار و کۆده‌تا و پیاوکوشتن ، ده‌سه‌ڵات
بگرنه‌وه ده‌ست و بکه‌ونه قه‌تڵوعامکردنی کورد!! .
گه‌مه‌ی
سیاسی ئه‌وان له به‌غدا ، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریکاو تورکیا‌و ئێران و
وڵاته عه‌ره‌بییه‌کان ، هه‌مووی به پێی به‌رنامه‌یه‌کی سیاسی
داڕێژراوه دژی کورد و ده‌سکه‌وته‌کانی و کار گه‌یشتۆته ئه‌وه‌ی
به‌شێک له دوژمنانی ئێمه کێشه‌که بکه‌نه کێشه‌ی کورد و عه‌ره‌ب
! ، له‌به‌رئه‌وه ، ئه‌گه‌ر کورد ، وه‌کوو میلله‌تان و گه‌لانی
چه‌وساوه‌و ژێرده‌سته ، له‌هه‌وڵ و هه‌ڵمه‌تی پووچکردنه‌وه‌ی
نه‌خشه‌وپلانی دوژمنه‌کانیدا نه‌بێ و خه‌باتێکی نوێی دیبلۆماسی و
شارستانی ده‌ست پێنه‌کات که برێتییه له به‌گژدا چوونه‌وه‌ی
دوژمنان و ناحه‌زان ، ئه‌وا زۆرنابات به‌ڕه‌که له ژێرمان
ڕاده‌کێشن و ناچارمانده‌که‌ن ڕازیبین به شتی که‌متر له‌وه‌ی ئێستا
و کاتێک به‌خۆمانده‌زانین سوپای نوێی عێراق باڵی کێشا‌وه به‌سه‌ر
ئه‌و ناوچانه‌ی که ئه‌وان مه‌به‌ستیانه ، به‌تایبه‌تی که‌رکوک و
ناوچه دابڕاوه‌کان هه‌روه‌ها شار و شارۆچکه‌کانی تری کوردستان و
په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان حکومه‌تی به‌غدا و هه‌رێم ڕووی له خراپ
بوون ده‌بێت و ئه‌وده‌مه دره‌نگ ده‌بێت بۆ کورد که بکه‌وێته خۆی
و بۆڵه‌بۆڵ و گازنده‌وگله‌یی و شێڕه‌شیڕ ده‌ستپێبکات .
به‌هیواین
گۆڕانکارییه‌کانی ساڵی 2009 کارتی کورد قووت نه‌دات و خێری کوردی
تێدابێت و گه‌له‌که‌مان سه‌رکه‌وتن له‌دوای سه‌رکه‌وتن ، به‌ده‌ستی
بهێنێ و ده‌سه‌ڵاتی سیاسیش له‌کوردستاندا هه‌نگاوی به‌جێ بنێت
سه‌باره‌ت به که‌مکردنه‌وه یاخود قه‌ڵاچۆکردنی دیارده‌ی
گه‌نده‌ڵی که سه‌رانسه‌ری کوردستانی گرتۆته‌وه ، بۆئه‌وه‌ی توێژه
هه‌ژار و لێقه‌وماوه‌کانی کوردستان له‌به‌ری ڕووخانی سه‌ددام و
حوکمی 35 ساڵه‌ی ئه‌و بخۆن و شانازی بکه‌ن به خه‌بات و تێکۆشانی
ڕابوردووی خۆیانه‌وه و هاوبه‌ش بن له پرۆسه‌ی ئاشتی و دیموکراتی
و بنیاتنانه‌وه‌ی کوردستان .
ستۆکهۆڵم
28/02/2009
Kadir_arif@hotmail.com