٩\٧\٢٠١٠ سەردانى سەرۆکى هەرێم و پەلامارى فاشیستەکان!!
لەکاتی هێرشی ئاخوندەکانە بۆسەر گوندنشینەکانى سنوور، کیژۆڵەیەکی 14 ساڵ بویە قوربانى، رۆژنامەنووسە بەناو خاوەند هەڵوێستەکان هیچ هەڵوێستێکیان نەبوو کەئەو کارە قێزەونە مرۆڤایەتى دەهەژێنێت. لەکاتێکدا دەبوو هەڵوێستیان هەبووایە وەبەلایەنى کەم هانی خەڵکیان بدایە بایکۆتی کەل وپەلەکانی ئێران و تورکیایان بکردایە، کەل وپەل نەکڕن ونەفرۆشن لەکوردستان، وەک هەڵوێستێکى نەتەوەیى و مرۆڤایەتى. بەڵام بەداخەوە!!بەهەر حاڵ دێمە سەر باسى سەر ووتارەکە، لە جیهاندا هەموو گەل و نەتەوەیەک خاوەند خوو نەریتى تایبەیمەندە، دەسەڵاتیش بەهەر شێوازێک بێت،خەڵک بەشێوازی گونجاو هەڵیدەسەنگێنن.هەندێک(لایەنێک)لایەنگرو،لایەکی تر بەرهەڵستکار (ئۆپۆزیسیۆن)، هەردوولا بەناو خزمەتگوزاریەوە دەدوێن. بەڵام ئەوەى لە کوردستاندا دەگوزەرێت، زۆر جیا لە هەموو دونیا کە هیچ کام لەو دووانە پابەست نین بە یاساو ڕێسای دروستەوە، بۆ نموومە لەکاتى لەشکرکێشی و هێرشە وەحشیگەریەکەى توورکەکان بۆ سەر خاک و ئاوی کوردستان، بێدەنگیان هەڵبژاردووە،ئەوەی لایەنگرى دەسەڵاتە زانیمان باشە.بەڵام ئەوەى خۆی بە ئۆپۆزیسیۆن دەزانێت ئەی ئەوان بۆ بێدەنگن؟بڵێی شتێک لەژێر پەردەوە نەبێت؟.
لەکاتێکدا ئەردۆغان خۆی بەمرۆدۆست، دۆستى عەرەب و غەززە دەزانێت، باس لە لابردنى گەمارۆ دەکات، کەچى لەسەنگەرى جەندرمەوە لەبەرەکانى شەڕ دژى کورد بۆ وێران کردنى کوردستان و ئەو ئەزموونەی هەیە لە باشوور ئاماژە دەکات بە کەژو کێوە جوانەکانى کوردستان بۆ کاول کردن شێواندنى بارودۆخەکەى.لە هەمان کاتدا کە هێرشى فڕۆکەکان بۆ سەر خاک و ئاووی کوردستانە وە بۆ کاولکارى و کوشتن و بڕینە، بانگهێشی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ تورکیا، ئەمە خۆی لە خۆیدا لێدانی پێگەى بارزانی و نانەوەی ئاژاوەیە لە ڕیزەکانى نەتەوەی کورددا، هەمان کات ڕێز نەگرتنە لە پرۆتۆکولی نێونەتەوەیی، ئەگەر نا بۆ هەمان کات هێرش دەکرێت و پێشوازى لە بەڕێزیان دەکرێت. من لێرە هیچ بەسەرۆک ناڵێم.بەڵام پرسیار لەو ڕاوێژکارانە(مستەشارانەیە) کە لەدەور پشتی سەرۆکن، بۆ ڕێنمایی سەرۆکیان نەکرد ئەو سەفەرە دوا بخات بۆ تورکیا !! تا وەک ئەو سەردانەى فەرەنسا سەرکەوتوو بوایە، وە تورکەکانیش سوودمەند نەبوونایە لە نانەوەى ئاژاوە. ئایا بەرژەوەندیە ئابووریەکانیان دەکەوتە خەتەرەوە، خۆ خوا نەیبڕێت ئەوانە(ڕاوێژکارو مەنسولەکان) لەسەر خوێنى خەڵکی بەشمەینەت بوونەتە ملیۆنەرو بەرژەوەندیەکانیان لە تورکیاو ئێراندایە،گومانی تێدانییە لەگەڵ دەزگا بەدناوەکانى ئەو ووڵاتانە دان.
بەڵام دەکرێت ئەوە بڵێین جەنابی سەرۆک با ئاگادار بێت لە دەست و پێوەندەکانی وە بەرژەوەندی بالاى نەتەوەو بەرپرسەکان تێکەڵ نەکرێت. لەبری ئەوەى بەڕێزیان ووتى(پەکەکە) نەدەبوو ئەوەى بکردایە،دەبوو نەڕۆشتایە بۆ تورکیا کە من بە تاوانی ڕاوێژکارەکانى دەبینم، لەبەر ئەوەى پەکەکە چەندین جار ئاگربەستى ڕاگەیاندووە، لایەنى ئاشتی هەڵبژاردووە. بەڵام فاشیستەکان بەهێرش بۆسەر بنکەکانیان و خەڵکى کوردستان وەڵامیان داوەتەوە، وەک ئەمجارەش کە پێشتر ئاماژەیان پێدا،وە بۆ ڕاستى ئەمەش ئەحمەد دەنیز لە رۆژنامەى هاوولاتیدا دەڵێت( زۆر مەبەستمان بووە ڕێگای دیالۆگ و دیموکراتیک بکەنە میکانیزمی بنەمای کارکردن)،ئەحمەد دەنیز ڕاشیگەیاند((لەسەر ئەو بنەمایە لەوکاتەدا ئێمە دەستمان بە چالاکی کردەوەو هیچ پەیوەندییەکی بەسەردانەکەى بازانییەوە نەبوو بە پێچەوانەوەکاتێک ئەو چوو بۆ تورکیا ئێمە بڕیاری راگرتنی چالاکیماندا بۆ ئەوەی دەوڵەتی تورکیا ئەو مەسەلەیە دژی ئەو نەجوڵێنن،لەو کاتەداکە ئەو لە تورکیا بوو ئێمە چالاکیمان ئەنجانم نەدا)).ئەمەش ئەوە دەردەخات کە پەکەکە هەڵوێستیان بەرامبەر سەرۆکی هەرێم کوردانە بووەو ڕێزیان لەبەڕێز بارزانی گرتووە.
بەڵام داگیرکەران هەمیشە لە بۆسەدان دژ بە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد. بەشێوازى هەلپەرستی ڕەفتار دەکەن بۆ کەمکردنەوەى بڕوا لەنێوان تاکەکانى کوردا.بۆیە دەبێت زۆر بەووریاى هەڵسوکەوت بکرێت لەگەڵیاندا، هەروەک سەرۆک ئەرکانى سوپای فاشیستەکان (ئیلکەر باشیۆغ) وەک خۆی دەڵێت، خەوی نەماوە و دەیەوێت کورد قڕبکات و نایەوێت بەشێوازی ئاشتیخوازانە کێشەى کورد چارەسەر بکرێت. هەروەک کاتی خۆی بارزانی ئاماژەى پێداوە،ئامادەیی خۆی دەربڕیووە بەڕێگەی ئاشتی ئامادەی هەر هاوکاریەکە بۆ چارەسەرکردنى کێشەی کورد لەباکوور وە گەشتن بە ئاواتەکانیان. بۆیە سەردان بۆلاى ئەو کورد کوژانە دەبێت بەووردی بێت و ڕێگەیان نەدرێتێ ئەو هەلە بقۆزنەوە بۆ کەلێن خستنە ناو ڕیزەکانى کوردەوە،ئەى ئیسلامیەکانى کوردستان دەبێت هەڵوێستیان چی بێت!!
کاتێک (یوسف قەرەزاوی) بڵێت ڕێگە نادەین لەوولاتێکی دیموکراتی وەک تورکیا تیرۆر هەبێت و بە شێوەیەک ئاماژە بدات کە پەکەکە و کورد تیرۆریستە، سەیرە گوڵم قەرەزاویەکی بەناو بەرگریکەر لە ئیسلام، عەرەب ودژ بە ئیسرائیل، بەوشێوە بئاخاوێت.ئەی جەنابیان لەکوێدا وەنەوزکیان ئەدا خەو دەیبردنەوە کە جەندرمەکانی توورکە فاشیستەکان کەللەسەری مناڵ و ژنی کورد لێبکەنەوەو یاری بە کەللە سەرەکان بکەن! ئەی کاکی ئیسلامی ئەوە رەفتارە وەحشیگەرە ناو دەنێیت چی؟!.لەکاتێکدا لایەنى کوردی چەندین جار بڕیاری ئاگربەستى داوە، ئەوان دەیقۆزنەوە بۆ قڕکردنی کوردی باکور ئەى ئیسلامییەکانی کوردستان ئێوە هەست و هەڵوێستان چییەو چى دەڵێن؟ چیتان پێەیە وەک خۆتان دەڵێن نەوەکانى سەلاحەدین؟! چۆن وەڵامی قەرەزاوی دوژمن بە ژین و ژیان، بە مرۆڤایەتی و مرۆڤی کورد دەدەنەوە؟ئایا کورد ئیسلامە یان ..؟؟ لەکاتێکدا لایەنی کوردی گەلێک جار ئاگربەستی راگەیاندووە، وەک دەنیز لە هاووڵاتیدا ڕوونیکردووەتەوە ئەوان ئاگربەستیان ڕاگەیاندووەو دەسپێشخەرى ئاشتیان کردووە((بەڵام ئەکەپە لە سیاسەتى تەسفیەکردنى کورد هەر بەردەوامبوون، ئێمە لەبەر ئەو هۆیانە چالاکیمان دەستپێکردەوە)).
|