په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\٤\٢٠١٣

سەردەشت عوسمان وەک خۆی.

بەشدار عوسمان     


٥\٥\٢٠١٣ سێ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر تیرۆرکردنی رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان،لەم بەروارەدا لەبەرامبەر نوسینی چەند ووتارێک و قسە و هەڵویستەکانی، لە نێو جەرگەی شاری هەولێر و لەبەردەم کۆلێژەکەی لە بەرنامەیەکی پشوەخت دارێژراودا لە لایەن چەند چەکدارێک دەرفێندرێت و بەگوللەیەک لەنێو دەمی تیرۆردەکرێت و تەرمەکەشی دەبرێتە شاری موێڵ و لەوێ فڕێدەدرێت.


رێکەوتی لەدایک بوونی رۆژنامەنوسی تیرۆرکراو سەردەشت عوسمان، هاوکاتە لەگەڵ ساڵەکانی کۆتایی دەسەڵاتی فاشی بەعس لە کوردستان و راپەڕینی خەڵکی کوردستان و بەدەسەلات گەیشتنی حیزبە کوردییەکان لە (٢٥-١٢-١٩٨٧) لەدایک بووە.


واتە سەردەشت تەمەنی چوار ساڵان دەبێت کاتێک ئەحیزبی کوردی دەسەڵات دەگرێتە دەست، ئەو تەنانەت رۆژرکانی کۆتایی دەسەڵاتی بەعسیشی بیرنەدەهات، بەڵام ئاسان و بە ووردی روودا و کار و کردەوەکانی دەسەڵاتی کوردی لە نێو مێشک و بیرکردنەوەی مابویەوە، درێژەدان بە هەمان سیستەم و یاسا و دەستووری بەعس و دورستکردنی هێزی تۆقینەر و هەڵکوتانە سەر ماڵان لەگەل زیادبونی شەری ناوخۆ و هێنانی سوپا و هێزی وڵاتانی ناوچەکە بۆ ناو خاکی کوردستان،لەرۆژەکانی مناڵی و هەرزەکاری ئاشنا بو بە چاو و گوێچکەکانی، بۆیە سەردەشت هەر زوو هێڵێکی تۆخی لەنێوان خۆی و دەسەڵاتی کوردی کێشا و گوتی ئەو دەسەڵاتە جێگای جاوتێبڕینی خەون و خولیاکانی ئێمە نییە، دەسەڵاتێک کە بە هەمان کەلتوور و یاسای بەعس کۆمەڵگا بەڕێوە ببات، ئامادە بێت گەورەترین بەڵا و کارەسات بەسەر خەڵک بهێنێت لە پێناوی بەرژەوەندیەکی تەسکی حیزبیی، لاوان و گەنجان بکاتە سوتەمەنی جەنگەکان، ئەوە دەسەڵاتی ئێمە نییە، ئەوە ئەو دەسەڵاتە نیە کە باوک و براکانی ئێمە قوربانیان لەپێناودا! لە نووسین و قسە و هەڵوێستە رۆژانەییەکانی ئەمە بە رۆشنیی و بە ئاشکرا دەبینرێت و هەستی پێدەکرێت، بۆیە خەتی نووسینی ئەو هێڵێکی رەخنەگرانە بوو.


هەمیشە دەیگوت و دەینووسی (ئێمە و ئەوان )، هەر زوو خۆیی جیاکردەوە و شانی خۆی خاڵی کردەوە لە هەموو شتێک کە روودەدا بە ناوی دەسەلاتی خۆماڵیی! بۆ نموونە لە بڵاوکراوەی هۆشیاری لە (١٥- ٢- ٢٠٠٧) دەنووسێ:


(کاری ئەوان لەم ووڵاتە خوڵقاندنی مرۆڤی بێدەنگە و دامەزراندنی ئەم مەخلوقەیە لە رێکخراوە بێ دەنگ و بێ کەڵکەکان...، ئەوان ئەوە دەڵێن کە خۆیان حەزی پێدەکەن، ئەوانەی ئێمەش دەمانەوێت سەرکوت دەکرێ لە خۆپیشاندانەکان،...


ئێمە داوای دوو کتێبخانەمان کرد هاتن خانەقایەکیان بۆ کردینەوە، لە کاتێکدا کە عەرەقی یانەکان بەسەر وەسڵەکانی حکومەتدا ساغ دەبێتەوە. داوای لەتێ ئازادیمان کرد، ئازادی و یەکپارچەیی عێراقیان بە دیاری بۆ هێناین (ئەمەیە خەباتکاری کورد !) پارچە نانێکمان ویست، دەڵین پرسەی برا عەرەبەکانی بەغدا هێشتا تەواو نەبووە، چۆن لە خەمی ئەو برا عەرەبانە نان لە قورگتان دەچێتە خوارەوە؟! کەچی خۆی بە سامانی ئەو میللەتە زەلیلە تێر نەبوو رایکردە بەغداش.


من دڵنیام ئەگەر لە خۆپیشاندانێ داوای چوار کاتژمێر کارەبا بکەین، چوار رۆژ و شەو بێ رووناکیی لە زیندانمان دەبەستنەوە، بۆ ئەوەی نرخی دوو کاتژمێر کارەبا بزانین! داوای بتڵێ غاز بکەین دەبێت دوو بتڵ خوێن ببەخشینە دۆستەکانمان کە بە گوللە و قۆنداغەی چەکەکان بریندار دەبن، زۆرجار ئەو (هەوا)یەشمان لێدەگرنەوە کە خودا بە بێ ئەوان پێمانی بەخشیوە.

ئەوان یاریکەرێکی نەزانن و زۆر بە گەوجانە دەسەڵاتی ئەم وڵاتە لێدەخوڕن، ئەمان یاریکەرێکن تەنها یاریکەرن کە بە تەنها لە وڵاتە دیموکراتەکانەوە ئەوەندە تەمەن درێژ بن...، ئەوان کە هەستیان کردوە دەسەڵات هێندە چێژبەخشە و چ رێگایەکی شاهانەیە بۆ زەنگینی، دەیانەوێت کورسیەکەیان بکەنە میرات و تا ئەوان مابن خاوەن دەسەڵات بن و دوای ئەوانیش پاشاگەردانییمان بۆ نوێ بکەنەوە.


ئەوەی ئێمە هەستی پێدەکەین تەنهاییە، بێ دیموکراسییە، بێ بەرپرسیاریەتییە، نادادپەروەرییە، دزییە، گەندەڵییە، ئەوەی ئەوانیش خەوی پێوە دەبینن بەردەوامییە. ئەوەی ئێمە دەمانەوێت بیکەین رزگاربونە، بۆیە رێگاکانی نایاسایی هەندەران نەما پێی گوزەر نەکەین، شێوازی مردن، لێدان،سووکایەتی نەما لەم رێگایە نەمان بینیبێ، کەچی ئێوە هەمان کەسی جارانن.


ئەوەی لە داهاتووش لە هەگبەی ئێمەیە هەر رزگاربوونە، بۆیە رێگایەک بدۆزنەوە بۆ رزگاربوونی ئەم خەڵکە بەئەمەکە، ئەگەرنا نزیکترین رێگامان بۆ لای باڵەخانەکانی ئێوەیە کە بیگرینە بەر، بۆ ئەوەی بیانکەینەوە بەو زەوییەی پازدە ساڵ بەر لە ئێستا و بەر لە ئێوە، ئێوەی تەنها خاوەنی کراس و شەرواڵێک بوون..!


سەردەشت عوسمان هەر زوو لە تەمەنی بیست ساڵیدا خۆیی یەکلاکردەوە، کە ئەو وتارەی سەرەوەی نووسیوە سەنگەری خۆی دیاریکرد کە سەنگەری خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت بوو، گەیاندنی ئێش و ئازارەکانیان بوو لەرێگای نووسینەکانی بە دنیای دەرەوە، گەنجێک و قەڵەم بەدەست و رۆژنامەنووسێک نەبوو هەر رۆژێک لەسەر پەتێک یاری بکات، تا دواجاریش هەر لەم سەنگەرە مایەوە و لەم رێگایەش گرینگترین شت کە گیانی خۆیەتی بەخشی!

 

ماڵپه‌ڕی به‌شدار عوسمان

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک