٢٨\١١\٢٠١٢
''سەرێ کانی''
وانەیەک بۆ فێربوون.

جەلال محەمەد
٨\١١\٢٠١٢
بە یەکێک لە ڕۆژە گرنگەکان دادەنرێت بۆ ھەڵسەنگاندنی ڕاستیەکان ، لەو
ڕۆژەدا ھەم فرمێسکە تیمساحیەکانی ئەردۆغان دەرکەوتن و ھەم
ئازادیخوازیەکەی ئارتەشی بەناو ئازادی سوریا خۆی نواند و ھەم دەمامکی
ئەو ھێز و لایەنە بەناو کوردیانەش ئاشکرا بوو کە چ مەرامێکی پیس لە ژێر
دەمامکەکاندا خۆی حەشار دابوو.
ئەگەرچی زۆر ھەوڵی ئەردۆغان درا بۆ شاردنەوەی ڕوخسارە فاشیەکەی ئاکەپە
، ھەم لە ڕێگەی فرمێسک ھەڵڕشتن بۆ منداڵە برسیەکانی سۆماڵ و ھەم لە
ڕێگەی ھاوارکردن بۆ منداڵانی غەزە ، بەڵام لە ھەمبەری کورداندا ڕوخسارە
ڕاستەقینەکەی ئەردۆغان و ئاکەپە دەرکەوت کە تەنھا ڕوخسارێکی فاشیانەیە
و ھیچیتر . ھێنانی ئیسلامیە توندڕەوە کۆنەپەرستەکان بۆ خامۆشکردنی شاری
"سەرێ کانی"ی ڕۆژئاوای کوردستان تەنھا پەیوەستە بەو زھنیەتە فاشییەی
ئاکەپەوە کە ئیسلامگەراییان کردۆتە وەسیلەیەک بۆ وێرانکردنی کوردستان و
دووبارەکردنەوەی ئەنفال و قەڵاچۆکردنی کوردان.
ھاتنی ئارتەشی (ئازاد)ی سوریا بۆ ڕۆژئاوای کوردستان ئەو ڕاستیە
دەردەخات کە ھیچ جیاوازیەک لە نێوان زھنیەتی ئیخوانالموسلمین و
زھنیەتی بەعسیەکاندا بەدی ناکرێت لە بەرامبەری کورداندا و بگرە
ئیخوانەکان زۆر لە بەعسیەکان مەترسیدارترن بۆ کوردان . ئەگەر بەعسیەکان
لە باڵادەستیدا کوردانیان سەرکوت کرد ئەوا ئیخوانەکان لە گەرمەی بێ
دەسەڵاتیاندا کوردان قبوڵ ناکەن و ھەوڵی پاکتاوکردنیان دەدەن.
لەگەڵ سەرھەڵدانەکانی سوریادا ، ھەموو پەلەقاژەی ئیخوانەکان بۆ گرتنە
دەستی دەسەڵات بوو ، ئەم پەلەقاژەکردنەش ئاڕاستەی شۆڕشی بە جۆرێک گۆڕی
کە جگە لە ئاژاوەگێڕی ھیچ پێناسەیەکی دیکە بۆ ئەوسەرھەڵدانە ناکرێت .
تەنھا جێگەیەک کە لە سوریادا بە ئارامی مایەوە و بوویە جێگە حەوانەوەی
سەدان ھەزار ئاوارەی ناوچەکانی دیکە کوردستان بوو ، تەنھا جێگەیەک کە
ناوەڕۆکی شۆڕشی تێدا مابوو کوردستان بوو ، کەچی ئیخوانەکان ھەم وەکو
زھنیەتی کۆنەپەرستانەی خۆیان و ھەم وەکو ویستەکانی ئەردۆغان ئەو
ئارامیەیان شێواند.
ھاتنی ئارتەشی (ئازاد)ی سەر بە ئیخوانالموسلمین بۆ "سەرێ کانی" ھەم
ئارامی شارەکەی شێواند و ھەم بوویە سەرەتایەک بۆ پێکداھەڵپڕژانی نەتەوە
جۆراوجۆرەکان و ھەم دزی و تاڵانیشیان کردە پیشەی خۆیان و ئەو جێگەیەی
دەستیان پێی گەیشت تاڵانیان کرد . ئارتەشی (ئازاد)ی سوریا نەک ھەر
خەڵکەکەی نەپاراست بەڵکو ئەوەی لە شمشێری ئیخوانەکان ڕزگاری بوو دوچاری
ئاوارەیی ھات ، ئارتەشی (ئازاد) نەک ھەر ڕزگارکەر نەبوون لە "سەرێ
کانی" بەڵکو ھۆکاری ھەموو فیتنە و نالەبارییەک بوون ، نەک ھەر ئازادکەر
نەبوون بەڵکو سەرچاوەی وێرانی شارەکەش بوون ، دەتوانم بڵێم ھاتنی
ئارتەشی (ئازاد)ی سوریا بۆ ڕزگارکردنی "سەرێ کانی" نەبوو لە دەست
داگیرکەر بەڵکو بۆ ڕزگارکردنی ئەو شارە بوو لە دەست دانیشتوانەکەی.
شەڕفرۆشیەکانی ئارتەشی (ئازاد)ی سوریا لە بەرامبەر کورداندا ، لە لایەک
ئاشکراکردنی نیازە گڵاوەکانی ئیخوانالموسلمین بوو لە لایەکی دیکەوە
سەنگی مەحەک بوو بۆ ھەڵماڵینی دەمامکی حیزبە دەمامکدارە بەناو
کوردیەکان ، چونکە شانبەشانی دڕندایەتی ئیخوانالموسلمین و ئارتەشە
بەناو ئازادەکەیان چەندین لایەنی بەناو کوردیش بوونە کەرەستەیەکی بێ
بەھای دەستی ئارتەشی (ئازاد)ی سوریا دژ بە کوردان ، کە نموونەی ئەو
لایەنە دەمامکدارانەش ( الپارتی و پارتی ئازادی و تیار الموستقبل )
بوون کە لەگەڵ دەرکەوتنی ئارتەشی (ئازد)ی سوریا چەندین کەتیبەیان
دامەزراند بۆ کوشتنی کوردانی "سەرێ کانی" ، نمونەی ئەو کەتیبانەش
کەتیبەکانی (مەلا مستەفا بارزانی ، ئیدریس بارزانی و مەشعەل تەمۆ )
بوون . ھەڵبەت لە ڕابردوشدا ھەر خودی ئەو پارتە بەناو کوردیانە لە پشت
دامەزراندنی چەندین کەتیبەی دژە کوردی دیکە بوون وەک کەتیبەکانی( شەھید
سەدام حسێن ، سەڵاحەدینی ئەیوبی و کەتیبەی پێشمەرگە) کە دەستیان بە
خوێنی کوردانی حەلەب سور کرد.
پاش بەرخۆدانی دلێرانەی یەکینەکانی پاراستی گەل "یەپەگە" تەواوی ھێزە
توندڕەوەکانی ئارتەشی (ئازاد)ی سوریا تێکشکان و ڕاونران ، بەرخۆدانی
"یەپەگە" ھەم بەرنامە کوشندەکەی ئیخوانالموسلمینی ھەڵوەشاندەوە و ھەم
نیازە پیسەکانی دەمامکدارە کوردەکانیشی زیندە بەچاڵ کرد . بۆ ئەوەی
دەمامکدارە بەکرێگیراوەکان سەرلەنوێ بتوانن خۆیان ساز دەنەوە ھانایان
بردەوە بەر سەرۆکی ھەرێم "ھەرچەند سەرۆکی ھەرێم ھەم لە پشت
دەمامکدارەکانەوە بووە و ھەم لە ھێرشی دڕندانەی ئارتەشی (ئازاد)ی
سوریاش بێ ئاگا نەبووە".
لێ بەڵێ ؛ سەرۆکی ھەرێم "مەسعود بارزانی" جارێکی دیکە بە ڕوخسارێکی
دیکەوە خۆی کردەوە بە ڕیش سپی کایەکە ، ھەڵبەت نیازەکانی سەرۆکی ھەرێم
شاراوە نییە ، ئەو نیازانەش لەو وتارەدا دەرکەوت کە لە کۆنگرەی
حیزبەکەی ئەردۆغاندا پێشکەشی کرد . ئەم ڕیش سپێتیەی سەرۆکی ھەرێم جگە
لە گێرەشێوێنی ھیچ شتێکی دیکەی لێ شین نابێت ، چونکە ھەر دوای
کۆبوونەوەی حیزبە دەمامکدارەکان لەگەڵ مەسعود بارزانیدا یەکسەر باسیان
لە سازدانی ھێزێکی چەکداری دیکە کرد بۆ ڕۆژئاوای کوردستان . ئەم
باسکردنە لە کاتێکدایە کە زیاتر لە ساڵێکە ھێزێکی چەکداری وەک "یەپەگە"
بوونی ھەیە و تەواوی ناوچە کوردنشینەکانیشی لە کردەوەی نەخوازراو
پاراستووە و ھێرشی دڕندانەی ئارتەشی (ئازاد)ی سوریاشیان تێکشکاند (
واتە باسکردن لە ھێزێکی چەکداری دیکە تەنھا بۆ ئاژاوەگێڕی و سەر
لێشێواندنە) ، چونکە لە کاتێکدا "یەپەگە" بوونی ھەبێت و توانای
پاراستنی ڕۆژئاوای کوردستانیشی ھەبێت ئەوا ھیچ پێویست بە بوونی ھێزێکی
چەکداری دیکە ناکات.
ھەڵبەت دەبێت باشوور و ڕۆژھەڵاتی کوردستان بکەینە نموونە بۆ بوونی دوو
ھێزی چەکدار . چونکە لە ھەر یەک لەو دوو پارچەیەدا دوو ھێزی چەکدار
ھەبووە و ئەنجامەکەشی شەڕی ناوخۆیی و لە دەستدانی ھەموو دەستکەوتەکان
بووە . خۆ ئەگەر بێت و لە ڕۆژئاوای کوردستاندا ھێزێکی چەکداری دیکە
دروست بکرێت ئەوا بە دڵنیاییەوە شەڕی ناوخۆیی دروست دەبێت و
ئەنجامەکەشی تەنھا بە لە دەستدانی دەستکەوتەکانی ئەو پارچەیە کۆتایی
نایەت بەڵکو کاریگەری زۆر خراپ لەسەر پارچەکانی دیکەش دروست دەکات.
لێرەدا پێویستە ئەم دوو پرسیارە ھەم لە مەسعود
بارزانی و ھەم لە حیزبە دەمامکدارەکان بکەین و بڵێیین:
١- چۆنە ئێوە ئامادەن لە ڕێگەی لایەنگرەکانتانەوە کەتیبەی چەکداری
دروست بکەن و بیانخەنە ژێرفەرمانی ئارتەشی (ئازاد)ی سوریا بۆ
خزمەتکردنی ئیخوانالموسلمین بەڵام ئامادە نین لایەنگرانتان بنێرنە نێو
ڕیزەکانی "یەپەگە" بۆ خزمەتکردنی ڕۆژئاوای کوردستان؟
٢- ئەگەر ھێندە بە پەرۆشی ھێزی چەکدارین ، ئەی بۆچی ھەوڵی ئەوە نادەن
کە ھەڵبژاردنێکی پەڕلەمانی ساز بدەن و ھەموو ھێزی چەکداری ببێتە ماڵی
پەڕلەمان؟
گلەیی و گازندە:
گلەیی و گازندەی من زیاتر لە ئەنجومەنی گەلی ڕۆژئاوی کوردستانە ، چونکە
ئەم ئەنجومەنە تاکو ئێستاش نەیتوانیوە سنورێک بۆ دەستێوەردانەکانی
پارتی و بارزانی دابنێت لە ڕۆژئاوای کوردستاندا . پێشینیان دەڵێن "
مرۆڤی زانا دوو جار لە کونێکەوە پێوەی نادرێت " ، کەچی ئەنجومەنی گەلی
ڕۆژئاوای کوردستان نەک دوو جار بەڵکو دەیان جار لە ھەولێرەوە پێوەیان
درا و ھێشتاش وانەیان لە پیلانەکانی بارزانی وەرنەگرت.
ئەوە بارزانی بوو کە لە ژێر ناوی " کۆنفرانس بۆ کوردانی سوریا "
گەورەترین ئاژاوەی لە نێوتاندا ساز کرد ، ئەوە بارزانی بوو کە نیوەی
دەستەی باڵای خستە باوەشی داود ئۆغڵو دژ بە نیوەکەی دیکە ، ئەوە
بارزانی بوو کە پارتەکانی نزیک لە خۆی ناردە لای ئەخزەر ئیبراھیمی تاکو
بە نێوی ھەموو کوردانی ڕۆژئاواوە لێدوان بدەن ، ئەوە بارزانی بوو کە
خۆی کردە دەمڕاستی کوردانی ڕۆژئاوا و بەبێ پرسکردن چوویە کۆنگرەی دەوحە
، ئەوە بارزانی بوو کە لە پشتی پەردەوە لەگەڵ کاربەدەستانی تورکدا
دادەنیشت بۆ کۆچبەرکردنی کوردانی ڕۆژئاوا ، ئەوە بارزانی بوو کە بڕی
یەک ملیۆن دۆلاری بەخشیە ئارتەشی (ئازاد)ی سوریا بۆ ھێرشکردنە سەر
"سەرێ کانی" ، ئەوەش بارزانییە کە لە دوای تێکشکاندنی ھێرشەکەی ئارتەشی
(ئازاد)ی سوریا جارێکی دیکە دەیەوێت لە ڕێگەی دیداری ئێوە و پارتە
دەمامکدارەکانەوە سەریەشەتان بۆ ساز بکات.
ئیمڕۆ زۆربەی شار و ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ئازاد کراوە و ئەو
سیستەمەی لە ڕۆژئاوای کوردستاندا پەیڕەو دەکرێت بۆ سەد ساڵی دیکەش لە
ھەولێردا پەیڕەو ناکرێت ، ئیتر چ ھۆکارێک ھانی داون کە بۆ ھەموو
دیدارێک ڕوو لە ھەولێر بکەن و ھەوڵی ئەوە نەدەن کە دیدارەکانتان لە
شارەکانی ڕۆژئاوادا ئەنجام بدەن؟؟؟؟!!!!
بە دڵنیاییەوە تاکو قیبلەتان ھەولێر و ڕیش سپیتان بارزانی بێت ئەوا لە
سەرئێشە ڕزگارتان نابێت و بەرەوە پێشیش ناچن ، لەبەرئەوە کاتی ئەوە
ھاتووە کە دیدارەکانتان بگوازنەوە بۆ شارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و ڕیش
سپیشتان بنەماڵەی شەھیدان بێت ، تاکو چی دیکە دوچاری سەر ئێشەی پارتی و
بارزانی نەبن.
ماڵپهڕی جهلال
محهمهد
|