په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\٤\٢٠١٤

سەرەتای قۆناغیکی تازە.
- لە پەراوێزی دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت و هەڵبژاردنەکانی ئەم مانگە لە کوردستان! -


سامان کەریم      


لە ٢١ ئەیلولی ٢٠١٣ دا هەڵبژاردن ئەنجامدرا بۆ پەرلەمانی کوردستان. لەوکاتەوە وا دەبێتە ٧ مانگی تەواو، بەڵام ٧ مانگ وەک ئەوەی هەڵبژاردن نەکرابێت و تائێستا پێکهێنانی حکومەت چارەنوسی ڕۆشن نییە. حەوت مانگ ئەگەر چی بۆ هەر لایەنێکی سیاسی نێو لایەنەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی "یەکێتی، پارتی، گۆڕان"، بەرژەوندییەکی سیاسی هەیە. بەڵام پرسیاره‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ بۆ پەنجەی خەڵکیان مۆرکرد؟! بۆ گاڵتە بە دەنگ و شعوری خەڵک دەکەن؟ یان بۆ گاڵتە بە لایەنگرانی خۆیان دەکەن؟! ئەوان کاری خۆیان وەکو دەسەڵاتدار دەچەرخێت و مێش میوانیان نییە. بۆیه‌ واقعیەته‌که‌ ئەوەیە کە حکومەت پێک بێت یان نا، هیچ شتێک لە باری خەڵک ناگۆرێت و لەمبارەوە خەڵک ئەگەر موچەکەی بۆ بێت لە بەغداوە، بێ دەربەستە بەرانبەریان.


سیاسەتی پێکنەهێنانی حکومەت یاخود نەکوڵانی ئەم ژەمە چێشتە، هۆکاری تایبەت بەخۆی هەیە. بەڵام هۆکاری پێکنەهێنانی حکومەت و هەرای هەڵبژاردنی پارێزگاکان و پەرلەمانی عێراق بەتایبەت لەم دوو مانگەی دووایدا وەکو چیشتی مجەور تێکەڵ بەیەک بوون ... ئەم تێکەڵ بوونە لە ڕاگەیاندن و کەمپینی هێزەکاندا بۆ هەڵبژاردن زۆر ڕۆشنە. هۆکاری سەرەکی پێکنەهاتنی حکومەت و تێکەڵبوونی ئەم مەسەلەیە بە هەڵبژاردنەکانەوە چییە؟!


ئەوە رۆشنە کە دواکەوتنی حکومەت لەکەمپینی هەڵبژاردندا دەبێتە بابەتێک بۆ تانە لێدان لە هێزە براوەکان لە هەرشوێنیکی دونیادا، بەڵام لێرەدا کۆسپ ئەوەیە تانە لێدەران و ڕەخنەگران هەرخۆیانن. واتە هەر ئەو هێزانەن کە خەریکن حکومەت پێکدەهێنن وهەر ئەو‌هێزانەن کە لە کیبەرکێیەکی توندان لە هەردوو هەڵبژارنی پارێزگاکان و پەرلەمانی عێراقدا. بۆیە ئەم بابەتە جگە لە کەمپینی هەڵبژاردن و شکاندنەوەی پێکنەهێنانی حکومەت بەسەر یەکتریدا بۆ کۆکردنەوەی دەنگ شتێکی دیکە ڕۆشن ناکاتەوە، ئەمەش کارێکی ئاساییە لە عورفی کەمپینی هەر هەڵبژاردنێکدا. ئەوەی کە نائاساییە لە کوردستان ئەوەیە لایەنی کەمتەرخەم و ڕەخنەگر هەر خۆیانن. بەڵام بەجیا لەوە ئه‌وه‌ی کە شاراوەیە بوونی هەڵقەیەکی سەرەکی یە لە نێوان پێکنەهێنانی حکومەت و ئەم دوو هه‌ڵبژاردنەدا کە هەردووکیان پێکەوە دەکرێن، کە ئەم پەیوەندییە بۆ خۆی مانایەکی دیکە بەو هەڵقە سەرەکییە دەبەخشێت.


پێش ئەوە بێمە سەر باسکردنی کرۆکی سیاسی ئەم باسە، دەمەوێت ئەوە بڵیم کە هەڵبژاردن لە کوردستان هەرئەوەیە کە دەکرێت و لەوە باشتر نابێت. واتە تەزویر، بەخشینەوەی گەندەڵی "پارە، لێپرسراویەتی، بەکارهێنانی چەک، تۆقاندن، نانبڕین...". هەر کەسێک پێی وابێت کە لە کوردستانی ئێستادا و لە ژێر سایەی هێزەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی دا هەڵبژاردنێکی کەمێک نزیک بە پێوانە ئەوروپییەکه‌ی دەکرێت، ئەوە یان خۆش باوەڕه‌ بە سیستەمی پەرلەمانی، واته‌ لایەنگری دیموکراسی سیاسی یە بە مانا رۆژئاواییەکه‌ی" کە ئەمەش مێژوو دەمێکە تێیپەراندوە، یان ئەوەتا هێشتا تێنەگه‌یشتووە کە سیستەمی سەرمایەداری دونیای ئەمڕۆ چۆن دەچەرخێت! یان ئەوەتا ڕۆشنبیرێکی لیبراڵی بێ ئاگا لە دونیای سیاسەتە.


بە بڕوای من هەڵبژاردنی ئەمجارەی نەک تەنها کوردستان بەڵکو عێراقیش، ڕاستەوخۆ مەسەلەی ڕیزبەندی ناوچەیی لەپشتەوەیە. کام هێزە "حزبێک یان چەند حزبێک وەک هاوپەیمانییەک" دەیباتەوە لە لۆکەڵدا مانای خۆی هەیە، بەڵام پەیوەندی بە لۆکاڵەوە نییە. واتە پەیوەندی بە جموجۆرکردن و ڕێکخستنەوەی ناوماڵی خۆوه‌ نییە. من لێرەدا مەبەستم ئەوە نییە کە ناسیونالیزمی کورد ڕیفۆرمێک بکات یان خزمەتگوزارییەک پێشکەش بە خەڵک بکات، ئەوان ئەهلی ئەوە نین و سەرمایە ڕێگا نادات، مەگەر بە زۆر و بەهێزی ڕێکخراوی کرێکار. هه‌تا بەو مانایەش لۆکەڵی نییە کە هەلومەرجی لۆکەڵی کوردستانی عێراق وەک دەسەڵاتێکی ناسیونالستی کوردی پتەو و یەکگرتوو بکەن، یان ئابورییەکەیان بەهێز بکەن، یان سوپاکەیان پڕ چەک بکەن، یان چاڵە نەوتەکان زیاتر بشارنەوە لە خەلک . به‌ڵکو بە یەک مانا لۆکەڵی یە ئەویش ئەوەیە کە هێزی براوە لە دەنگداندا نفوزی ئەو میحوه‌رە جیهانییەی کە لەگەڵی دایە بەهێزدەکات لە عێراق و کوردستاندا. ئەمڕۆ ئابووری بەتەواوی جیهانی یە و دابەشکردنی کاری جیهانی بەتەواوی جیهانی یە و سەرمایە لەبەرزترین ئاستی جیهانیدا جموجۆر دەکرێت و بڕیاری لەسەر دەدرێت، بۆیە ناکرێت سیاسەت و دەسەڵاتداریتی لە لۆکەڵدا لە ووڵاتێکدا تەنها بە پێوانەی لۆکەڵی بپێورێت، چ جا بگات بە ناوچەیەکی وەک کوردستان. هەلومەرجی سوریا، ئۆکراین ، پێکهێنانی دەوڵەتە تازەکانی وەک کۆسوڤۆ و باشووری سودان ئەم ڕاستییە دەسەلمێنێت، وە تەنانەت مانەوەی مالکی و جێنەگرتنەوەی تاڵەبانی تا ئێستا ئاماژەیەکی دیکەن بۆ ئەم ڕاستییە. نەک هەر ئەوە بەڵکو ئەمرۆ سیادە "سۆڤەرجنێتی" کە تائێستا لە بەڵگەنامەکانی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کاندا ماوە، چەمكێکی کۆن و بێ ناوەرۆکە. سیادە بە مانا مێژووییەکەی و سەردەمی سەرهەڵدان و پێکهێنانی "دەوڵەت- نەتەوه‌" بەسەرچووە و پێویستییان بە پێناسەی تازە و هاوچەرخ هەیە. تەنانەت ناسیونالیزم وەکو ئایدۆلۆجیا و بیر و که‌ڵچەرێک پێویستە لە هەلومەرجی ئەمڕۆدا پێناسە بکرێتەوە. لەئاستی بیری بورژوایی جیهانی دا باسی جوگرافیایەکی لۆکەڵی نەماوە کە بەدەست هێزێکی بورژواییەوە بێت و بە ئارەزووی خۆی بیبات به‌ڕێوە وەکو سەدەی نۆزدەهەم، یان دواتر لە سایەی سیستەمی جەنگی ساردا بوارێکی لەو جۆرەی هەبوو ئەگەر چی لە سنورێکی کەمتردا. سەرمایە بە مانایەک پێویستی بەو ناسیونالیزمە نەماوە بۆ بەڕێوەبردنی سەرمایە لە ئاستی جیهانیدا کە مێژوو بە ئێمەی ناساندووە لە ساڵەکانی دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە تا کۆتایی جەنگی سارد. بەم پێ یە لۆکەل و جیهانیەکەی لە چوارچێوەی گشتی دا لە یەک ئاڕاستەدا دەچەرخێت. ئەوەی لە کوردستان پێی دەڵین گەندەڵی، گەندەڵییە، بەلام گەندەڵی سەرمایە خۆیەتی وەک سیستەمێکی ئابووری کۆمەلایەتی. وەستانەوە دژی گەندەڵی لە هەلومەرجی ئێستای دونیادا بەبێ وەستانەوە بەرانبەر سەرمایە و نیزامەکەی وەهمە.


هێزەکانی ناسیونالیزم لە کوردستان وەکو بەشێک لە بزوتنەوە و دەسەڵاتی بورژوایی ناوچەکە، دابەش بوون بەسەر میحوه‌رە سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەکە و بەم پێیەش جیهاندا. هەندێکیان بە ئاشکراو هەندێکیان دەبێت سەرنج بدەیتە پراتیکی سیاسی یان. لەم نێوەدا پارتی بەسەرۆکایەتی بارزانی دەستپێشخەر بوو لە ڕاگەیاندنی هەڵوێستی خۆی بەرانبەر بە جەنگی میحوەرەکان و بەئاشکرا هەر زوو ڕایگەیاند کە پشتی بە تورکیاوە داوە و لەگەڵ "شۆرشی تیرۆریستەکانی سوریایە". دەمەوێت بیری خوێنەرانی بخەمەوە کە ئەزمە و ڕوداوەکان و جەنگی سوریا بوو کە هێز و حکومەتەکانی ناوچەکەی ناچارکرد کە دابەش بن بەسەر دوو میحوەردا و، میحوەر بازی خۆیان ئاشکرا بکەن.


بزووتنەوەی گۆڕان هەر لەسەرەتای پێکهاتنیەوە، لە خوێندنەوەی بەرنامەکەیەوە "ئەوکات بە هاوپشتی پۆست مۆدیرنەکان" و هەروەها لە پراتیکی سیاسیدا، بەڵام بەشێوەیەکی زەق نا، ئاڕاستەی رۆژئاوا و تورکیا بوو. دیارە ئەم مەیلە لە نێو یەکێتیشدا هەبوو پێش جیابوونەوەی گۆڕان و ئێستاش بە شێوەیەکی لاوازتر بوونی هەیە. بەڵام گۆڕان ئەم ئاڕاستەیەی خۆی وەکو پارتی بە ئاشکرا ڕانەگەیاندوە، مەسەلەکەش ئەو جوگرافیا سیاسی یەیە کە نفوزی ئه‌وی تیایە. بەڵام یەکێتی نیشتمانی کە دیسان ئەویش ئاڕاستەی خۆی لەمبارەوە ڕانەگەیاندوە، بەڵام پراتیکی سیاسی ئەوە نیشان دەدات کە زیاتر لە گەڵ میحوەری بەرانبەر بێت، واتە ئێران، لایەنێکی ئەوەش جوگرافیای سیاسی یە، لایەنێکی دیکەی ململانێی مێژوویی یه‌تی لەگەڵ پارتی دا. ئه‌مه‌ وێڕای ئه‌وه‌ی ڕه‌وشی سیاسی تاڵەبانی لە مێژووی خۆیدا کاریگەری هەیە بەسەر ئەم لێکدانەوەی یەکێتیدا.


جەنگی میحوەرەکان لە ناوچەکەدا، هێزەکانی بزووتنەوەی ناسیونالیستی لە کوردستان و ناوچەکەدا دابەشكردوە بەسەر دوو بەرەوە. لەمبارەوە هەڵوێستی هەریەک لە یەکێتی و پارتی و گۆڕان لە پەیوەند بە بزوتنەوەکەی خۆیانەوە لە سوریا جیاوازی هەیە. لەپەیوەند بە هیزە تیرۆریستەکانەوە جیاوازی هەیە. وه‌ ته‌نانه‌ت لە پەیوەند بە گشت هەلومەرجی سوریاوە جیاوازی هەیە. کاریگەری ئەم دابەش بوونە جیاوازی گەورەی خوڵقاندوە لە تیڕاوانینیان بۆ هەلومەرجی سیاسی عێراق و ناوخۆی کوردستان. ئێستا بە ڕۆشنی ئەوە دیارە کە پەیوەندی بارزانی و حزبەکەی لە گەڵ "هاوپەیمانی موتەحیدون" بەسەرۆکایەتی نوجەیفی و هەروەها لەگەڵ "هاوپەیمانی نیشتمانی" بە سەرۆکایەتی عەلاوی زۆر نزیکترە لە پەیوەندی لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کە بەحساب "پەیوەندی ئیستراتیژیان" هەیە. لە بەرانبەر هەلومەرجی سیاسی عێراقدا ئەمە بە رۆشنی دەبینرێت لە پەیوەند بە مەلەفەکانی نێوان دەسەڵاتی کوردستان و بەغداوە هەروەها لە پەیوەند بە چارەسەری کێشەکان و تێڕوانینیان بۆ هێزە ئیسلامی و قەومییەکانی عێراق. لەپەیوەند بە لابردنی مالکی یەوە بەڕۆشنی ئەوە دەرکەوت کە دوو سیاسەتی جیاواز پیادە دەکەن، هەروەها لە مەسەلەی کەرکوکدا زۆر ڕۆشن دیارە. بەهەرحاڵ ئەم ڕیزبەندییە ماوەیەکە توندتر بۆتەوە. ئەمە بەشێوەیەکی گشتی پەیوەندی نییە بە کەمپینی هەڵبژاردنەوە ئه‌گه‌رچی لەم کەمپینەشدا بە توندی ڕەنگ دەداتەوە چونکە بڕیارە براوەی ئەمجارە مۆری میحوەری ناوچەکەشی پێوە بێت. واتە هەڵبژادنی ئەمجارە چ لە کوردستان و چ لە عێراق بۆتە سەکۆیەک بۆ هێزنواندنی هەردوو میحوەرەکە لە رێگای نوێنەرانیانەوە لە عێراق و کوردستان.


هەڵقەی سەرەکی پێکنه‌هاتنی حکومه‌ت له‌ کوردستان ئەوەیە کە تا ئێستا هیچ میحوەرێک سیاسەت و قسە و هێزی یەکلاکەرەوەی نیە و لە هەمانکاتدا نەگەیشتونەتە ڕیکەوتن لەسەر پێکهێنانەکەی، له‌ کاتێکدا ئەمە لە عێراق دا تا ڕادەیەک بڕاوه‌یه‌ لە هەلومەرجی ئێستادا. لایەنێکی دیکەی مه‌سه‌له‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ هەردوو محوەرەکە لایەنی کەمی ڕێکەوتنیان نەبووە لەسەر پێکهێنانی حکومەت وەک ئەوەی ساڵی ٢٠١٠ لە عێراقدا ڕووی دا و مالکی هاتەوە سەر کار بە ڕێکەوتنی ژێر بە ژێری ئێران و ئەمەریکا. یان وەک ئەو ڕێککەوتنە ژێر بە ژێرەی ئێران و سعودیە بۆ حکومەتی لوبنان لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا. بەڵام ئەمڕۆ ساڵی ٢٠١٠ نی یە، ململانێ و کێشەکان و جەنگەکان توندتر بوونه‌تەوە لە نێوان هەردوو میحوەرەکه‌دا هه‌م له‌سه‌ر ئاستی جیهانی و هه‌م بەم پێیەش له‌ ئاستی ناوچەکەدا.


بوونی دەسەڵاتێک کە بەرژەوەندییەکانی ڕوسیا و ئێران و چین بپارێزێت لە عێراقدا ئەمرۆ بۆ ئەم میحوەرە گرینگی زیاتری هەیە. ئێران و عێراق و سوریا پێکەوە لە گەڵ حزب اللە ی لوبنانی و کارکردنیان لە سایەی یەک ئیستراتیژی دا مەسەلەیەکی گرینگە بۆ هەموویان و به‌ تایبه‌تی بۆ ڕوسیا. هەر سێ دەسەڵاتەکەی ئێستا لە سوریا و عێراق و ئێران لەسەر ئەم ئاڕاستەیە کۆکن و سورن لەسەری. میحوەری بەرانبەر کە تورکیا و سعودیە یە بە پشتیوانی و لەسایەی ئیستراتیژی ئەمەریکی دا، کۆکن لەسەر لادانی بەشار ئەسەد و هێنانە سەرکاری حکومەتێک لە عێراقدا کە ئەگەر دژ بە ئێران نەبێت ئەوا لەگەڵیدا هاو ئیستراتیژ نەبێت. بەڵام لەم نێوەدا ئەم میحوەرە کۆسپی نێوخۆیی هەیە. یەکەم: دەخاڵەت و توانا و نفوزی ئەمەریکا لە عێراقدا هێجگار هاتۆتە خوارەوە و پشتی بەستووە بە هێزگەلێکی تیرۆریست و تایه‌فەگەر. لەهەماکاتدا توانای لادانی مالکی نییە و بە ناچار ملی پێ دەدات وەک باشترین دوژمنی خۆی لە نێوان هێزە ئیسلامییە دەسەڵاتدارەکانی ئەمڕۆی عێراقدا، مەگەر لەگەڵ ئێراندا ڕێکەوتنیکی تر بکات و لە هەمان ‌هێز کەسێکی تر دیاری بکەن. دووەم: ئەم میحوه‌رە لە نێو خۆیاندا دژ بەیەک دەجەنگن. لەم نێوەدا ململانێی سعودیە و تورکیا ڕۆشنە و بە تایبەت دوای ڕوخانی ئیخوانییەکان لە میسر زیاتر توند بۆتەوە. کێشەی ئەم دوو دەسەڵاتە کێشەی ڕابەرایەتی کردنی سیاسی یە لە ئاست هێزو دەوڵەتە ئیسلامییە کانی ناوچەکەدا. دیارە بوارێکی فکری سیاسی ئیسلامی لە پشت هەریەکەیانەوەیە.


لە هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکومەتی کوردستاندا ئەم ململانێیە ڕەنگی داوەتەوە. ئێران ڕیگا نادات بە دابەزینی وەزنی یەکێتی. یەکێتی واز لە وەزارەت وحکومەت بهێنێت واز لە هێزە چەکداری و ئەمنییەکەی ناهێنێت. پارتی دەیەوێت لە ڕێگای گۆڕانەوە زیاتر چۆک بە یەکێتی دا بدات لە مامەڵەکردن و یاریکردنی سیاسی بە پێکهێنانی حکومەتەوە. بۆ نموونە به‌ پێدانی وەزارەتی پێشمەرگە بە گۆڕان، ململانێ لە نێوان گۆڕان و یەکێتی قووڵتر دەکاتەوە. ئەمڕۆ گۆڕان نزیکترە لە پارتی، وە پارتی نزیکترە لە گۆڕان وەک لە یەکێتی و هەردوو لایان کاریان بەیەکە. سیاسەت و ئیستراتیژی گۆڕان ڕوو لە ئەمەریکا و تورکیایە و بۆ ئەمکارەی پێویستی بە پارتی هەیە کە جێگا متمانەی تورکیا و ئەمەریکایە. بەڵام پارتی پێویستی بە گۆران هەیە هەم بۆ زیاتر چۆکدادانی یەکێتی و گواستنەوەی شەڕی نێوانیان بۆ نێو ناوچەی نفوزی یەکێتی، ئەم ململانێەی خۆی بە گٶران دەکات. ئەم کارەی سیاسەتێکی زیرەکانەیە بۆ دوورخستنەوەی هەر تۆمەتێک لەسەر خۆی لە حاڵەتی هاتنە پێشی هەر کێشە و ئاژاوە و شەڕێکدا، دیارە لەم ڕێگایەوە نفوزی خۆی و محوەرەکەی بەهێز دەکات. بەڵام گۆڕان بە نزیک بوونەوەی لە پارتی کە دیارە مەسەلەکە جووت بوونی ئاسۆی سیاسی یە، خزمەتێکی گەورەی بە پارتی کرد، چونکە پارتی بەتەنها مابووەوە لە نێوخۆی کوردستان و لە نێو هێزە ناسیونالیستە دیارەکانی ناوچەکەدا و لە سێ لاوە دەورە درابوو، وە دراوە بە نەیارەکانی: پەکەکەکان لە سوریا و ئێران و تورکیا هەروەها حکومەتی سوریا و ئێران لە خواریشەوە دەسەڵاتی مالکی لە بەغدا. گۆران ئەم بەتەنهاییەی پارتی نەهێشت کە دەستکەوتیکی گەورە بوو بۆ پارتی.


بەڵام لە ئاستی عێراقدا مەسەلەکە بەم شێوەیە نییە. یەکێتی لەمبارەوە لەگەڵ هێزە ئیسلامیەکانی وەک دەوڵەتی قانون و مەجلیسی باڵای ئیسلامی پەیوەندی سیاسی بەهێزترە. بێ هۆ نییە کە مالکی چاوی بە "عادل موراد" دەکەوێت لە گەرمەی پێکهێنانی حکومەت لە کوردستان و لەگەرمەی هەرای نەدانی موچەد، بە جیا لەوەی کە نفوزی یەکێتی لە کەرکوک و ناوچە کوردنشینەکاندا، لە پارتی و گٶران بەهێز ترە. بەڵام هێزە عێراقیەکانی نزیک بە پارتی هەموویان پەرت و بڵاو بوون و ناتوانن بەشێکی کارابن لە بردنە پێشەوەی دەسەڵات لە عێراقدا. لەم نێوەدا بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ ئەم ئاڕاستە سیاسیەی دا کۆسپێکی گەورەی هەیە ئەویش جوگرافیای سیاسی ناوچەی نفوزیەتی کە سلێمانی یە. وەک هێزێکی بورژوایی و دەسەڵاتدار لە سلێمانیدا بیت ناتوانیت بەرانبەر بە ئێران بوەستیت. وه‌ دەبێت لە دوا لێکدانەوەدا ئەوە ڕۆشن بێت کە بۆ محوەرەکەت چی دەکەیت وەکو بارزانی و پارتی، ئەوە نیە خەریکی "خەندەک" لێدانە بۆ لاوازکردنی ناسیونالیزمی کورد لە سوریا چونکە لە گەل میحوەرەکەی نییە و نایەتەوە لەگەل بەرژەوەندییەکانی تورکیادا.


بەم پێیە، ماوەیەکی زۆرە ئاسۆی سیاسی بزوتنەوەی ناسیونالیزمی کورد وەک بزووتنەوەیەک ئاوا بووە. ئاسۆی سیاسی پێشوو کە ڕوخاندنی نیزامی صەدام حسین بوو، ئەوپەڕی تا ساڵی ٢٠٠٨ بڕی کرد، بۆیە تەنانەت ڕێککەوتنی ئیستراتیژی نێوان یەکێتی و پارتی لە کاتێکدا مۆرکرا کە کاتی زیادە بوو وە مێژووی بەسەر چوو بوو. ئەمڕۆ نەک لە کوردستانی عێراق بەڵکو لە ئاستی ناوچەکەدا پاش شکستی ئەمریکا لە میسر و سوریا و عێراق، وە تەنانەت تا ئاستێک لە تونس و لیبیاو ڕیکەوتنی لە گەڵ ئێراندا، ئەم بزوتنەوەیە کە ئیستراتیژییەکەی تەنهاو تەنها بەشداریکردنە لە دەسەڵاتدا، دابەش بۆتەوە بە سەر دوو ئاسۆی جیۆسیاسی جیاوازدا. پەکەکە بە ئاڕاستەیەک کار دەکات کە لایەکی یاسایی و گفتوگۆیە لە گەڵ تورکیا کە ئەمەیان لە ڕوانگەی تورکیاوە پەیوەندی بە ئەزمەو روداوەکانی سوریاوە هەیە، و لایەکی دیکەی سات و سەودایه‌ لەگەڵ ئێران و بەشەکەی تری ڕێککەوتنی ناوەکی و نا ئاشکرایه‌ له‌گه‌ڵ نیزامی سوریا. وه‌ لایەکی دیکەی چەک بەدەستەوە لە بەرانبەر تورکیا بۆ ئەوەی بەشداریکردنەکەی لە دەسەڵاتدا مسۆگەر بکات. لەو لاشەوە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران خەریکی گفتوگۆی خۆیەتی لە گەل جمهوری ئیسلامی ئێران. ئەمە جیگاو ڕێگای بزوتنەوەیەکی بورژواییە کە ئاساییە وابێت و لە باری مێژووییەوە هەر بەوە ماوەتەوە کە سود لە کەلینی نێوان ئەم وولاتانە وەربگریت. بەلام ئەمرٶ ئەم عادەتە سیاسییەی ئەوان لە هەلومەرجێکی ڕاگوزەری جیهانی و شەر ئەنگێزی ناوچەکەدا دو بارەدەبیتەوە.


بەڵام لە کوردستانی عێراقدا ئەم دوو ئاسۆ سیاسیە جیاوازە خەتەرێكی گەورەیە لەسەر خەڵکی کوردستان. ئیحتمالی شەڕی نێوان هێزەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی. بەتایبەت ئەنجامەکانی هەڵبژاردن هەرچیەک بێت و کام لەم دووبەرەیە، "پارتی وگۆڕان" وهاوپەیمانە بچووکەکانیان، یان یەکێتی و هاوپەیمانە بچووکەکانی، بیبەنەوە، کاریگەری دەبێت لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لە گەڵ دەسەڵاتی قەومی- ئیسلامی بەغدا تەنانەت ئەگەر مالکی سەرەک وەزیریش نەبێت. به‌مه‌ نەک هەر کێشەی کەرکوک بەڵکو ئەو چوارچێوەیەی کە ناوی "هەرێمی کوردستان"ە خۆیان دەیخەنە بەردەم خەتەری لێک ترازانەوە. له‌م نێوه‌شدا ته‌نها موسیبەت و ماڵوێرانی بۆ خەڵکی کوردستان دەمێنێتەوە. تەنانەت ئەگەر ئەم کێشانە بە نێوانگری ووڵاتانی ناوچەکە یان زلهێزەکان چارەسەرێکی بۆ بدۆزنەوە ئەوا " ئەزمونەکەیان" کە سەرانی ئەم بزوتنەوەیە زۆر شانازی پیوە دەکەن لە بەردەم پرسیارێکی گەورەدایە.


خەڵکی کوردستان بەرژەوەندی یەکانی دژ بە هەردوو میحوەرە.


زۆربەی زۆری خەڵکی کوردستان بەرژەوەندییەکانی نایەتەوە لەگەڵ هیچ کام لەو دوو میحوەره‌ی کە لەسەرەوە باسمان کردوون. هەردوو میحوەرەکە بورژوایین، هەردولایان لە ناوەرۆکدا هەمان ئاڕاستە و شێوازی بەڕێوەبردنی سەرمایەیان هەیە لە کوردستان، واتە بازاری ئازادو بێ دەربەستبوونی دەسەڵات لە بەرانبەر هەژاری و نەبووونی و بێکاری و کەمی خزمەتگوزارییەکان و ئاواڵه‌کردنی دەزگاکانی خوێندن و پەروەردە و تەندروستی بەڕووی سەرمایەدارانی دەرەوە و کوردستاندا... بەکورتی هەردوولایان کۆکن لەسەر سەرمایە و سەرمایەداری: بژێوی کرێکاران و موچەیان تا ئەوپەڕی بهێننە خوارەوە، کۆکن لەسەر ئەوەی کە ماف و ئازادییە سیاسییەکان و بەتایبەت ئازادی مانگرتن و ڕێکخراوبوون لە قاڵب بدەن. بەڵام ئەم هاو ئاڕاستەییە ناکرێت هەروا بمێنێتەوە و ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت و لەمبارەوە هەندێك سەرەداو نەک لە کوردستان بەڵکو لە ئاستی ناوچەکەدا دەبینین. بە کورتی دوو میحوەری سەرمایە لە ئاستی جیهانیدا لە جەنگدان بۆ یەکلایکردنەوەی سیستەمی نوێی جیهانی. هێزەکانی ناسیونالیزمی کورد دابەش بوون بەسەر ئەم دوو میحوەرەدا. کە دەڵێین بۆ یەکلایکردنەوەی سیستەمێکی نوێی جیهانی واتە هەلومەرجی ئەمڕۆی جیهان و ناوچەکەش بە قۆناغیکی ڕاگوزەردا تێپەر دەبێت، بەڵام یەک دیاردە ڕۆشنە ئەویش ئەوەیە کە توانا و هێزی ئەمەریکا بۆ ڕابەریکردنی جیهان بە تەنها کۆتایی هاتووە، بەڵام سیستەمی تازە جێگای نەگرتۆتەوە. خاڵێکی دیکەش لەم هەلومەرجەدا ئەوەیە کە مەرج نییە بەشداربوانی نێو میحوەرەکانی ناوچەکە لە هەمان میحوەردا بمێننەوە و جێگۆڕکێ لە نێوان ئەو دوو میحوەرەدا مومکینە چ بۆ هێزە سیاسییەکان وە چ بۆ دەوڵه‌تانی ناوچەکە.


لەباری سیاسی و میکانیزم و شێوازی کارەوە هەردوو میحورە جیهانییەکه‌ و بەم پێیەش ناوچەییەکان، دوو سیاسەت و پراتیکی جیاوازیان گرتۆتە بەر بەڵام هەردوو ئاڕاستەکە کۆنەپەرست و دواکەوتووە سەرەڕای جیاوازییان. ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە و دیارە لە کوردستانیش، ئاڕاستەی سیاسیان پێکهێنان و ڕێکخراوکردنی بزووتنەوە تایفی و ئاینی و تیرۆریستەکانە. بەئاشکرا بە تیرۆریستەکانی نەصرە و بەرەی ئیسلامی دەڵێن شۆڕشگێڕ و بەخێویان دەکەن و لە شەبەکەیەکی فراواندا پۆل پۆل ئینسانی خۆکۆژ و تیرۆریستیان بۆ ڕەوانەدەکەن لە پێناو لەت و پەتکردنی کۆمەڵگاکان لەسەر پایەی تایفی و تەنانەت عەشیرەتی بۆ ئەوەی بتوانن دووبارە پێکی بهێننەوە لەسەر بنەمای تازە و بەم پێیە سیاسەتی بازاری ئازادو مەرجەکانی سندوقی نەقدی نێونەتەوەییان بەسەردا بسەپێنن. بزووتنەوەی دیموکراتی وەک ئامانج و بیر و وەک شێوازی حوکمڕانی و بەڕێوەبردنی بازاڕ گەیشتۆتە بۆگەنترین ئاستی خۆی، بۆیە ڕابەرانی ئەم بزووتنەوە جیهانییە، دەستیان گرتوە بە تیرۆرەوە بۆ بردنە پێشەوەی سیاسەتەکانیان لە ژیر ناوی "شۆرش" و پاراستنی "مافی مرۆڤ" دا. میحوەری بەرانبەر لەبەرانبەر ئەم ئیستراتیژییەی ئەمەریکادا بەتوندی پارێزگاری لە بزوتنەوە ناسیونالیستیەکان دەکات لە دونیادا. تێروانین بۆ هەلومەرجی میسر و جەزائیر، سوریا، یاخود بە گشتی ئەو هێز و بزووتنەوانەی کە بەرانبەر ئەمەریکا وەستاون یان دەوەستن ئه‌مه‌ به‌ ڕۆشنی نیشان ده‌دات. ناسیۆنالیزمێک کە تەنانەت هیچی بە ناسیونالیزمی بەعس و ناصر یش ناگات چ جا بگات بەوەی کە کەمێک موتەمەدن بێت. بۆیە هەریەک لەم دوومیحورە بورژواییە جیهانییە لەسەر دوو سکەی کۆنەپەرست خەریکن چارەنوسی جیهانی ئەمرۆ دادەڕێژنەوە.


بەم پێیە ململانێی هێزە ناسیونالیستەکان لە نێو یەکدا لە کوردستان و ناوچەکەدا لە پەیوەند بە بەرنامەی سیاسی و ئابوری جیاوازەوە نییە، بەڵکو ململانێیەکە لەنێو چوارچێوەی جیۆ سیاسی ناوچەکەدا. هیچ سەرێکیان لە هەلومەرجی ئێستادا نە ریفۆرمێکی تێدایە، نە باشتر بوونی باری گوزەران، نە زیاد بوونی مافە سیاسی و مەدەنی و فەردییەکان. تەوەرەی سەرەکی بۆ ئالۆگۆڕی ڕیشەیی و تەنانەت بۆ ریفۆرمێکی ڕیشەیی کۆمەلایەتی ڕاستەوخۆ بەندە بە هاتنەمەیدانی بزووتنەوەی کرێکاری یەوە بە وێنەی هێزیکی چینایەتی ڕێکخراو. بە بێ سیاسەتێکی ڕۆشن و ئیستراتیژیەکی کۆمۆنیستی و هاتنە مەیدانی پراتیکی چینی کرێکار وەک چینێکی ڕێکخراو لە قەدو قیافەی ڕێکخراوەیی جیاوازدا، هەر پراتیکی دیکە و هەر شێوازی کارێک کە لەگەڵ ئەم ئاڕاستەیە نەیەتەوە، ئەوا بێ سەمەر دەمێنێتەوە. بۆ باشتر بونی `ژیانی خەڵک بە گشتی، وە بۆڕزگاربوون لە تەوقی سەرمایە و سەرمایەداری کارێک ناکرێت بە بێ ڕێکخستنی کرێکار بە ناونیشانی چینێک. باسی من موقاتەعە یان بەشداریکردن نییە لە دەنگدان، ئەوە مومکنە بەشدار بیت یان موقاتەعەی بکەیت لەمبارەوە من کۆسپێک نابینم. کرۆکی باس ئەوەیە کە کۆمۆنیزم هیچ شتێکی دیکە نیە جگە لە ڕیکخستن و ئامادەکردنی چینی کرێکار لە ڕێگای ڕابەرانیەوە، بۆ شۆرشی کۆمەلایەتی و دامەزراندنی سیستەمێک کە کاری بەکرێ هەڵوەشێنێتەوە. ئەمە کارێکی پراتیکی یە پێش ئەوەی تیۆر بێت. واتە ئیدعای شۆرش و ڕێکخستنی بزووتنەوەی کرێکاریی و تەنانەت خواستی سەراسەری ڕۆژانەی کرێکاران یان مافە سیاسییەکان بە بێ بوونی ‌هێزێکی بالفعلی چینایەتی ڕێکخراو جا گەورە یان بچووک مانای نییە. لە کۆتاییدا ماوە بڵیم دەنگی ئەمجارەی خەڵکی کوردستان بەبێ ئەوەی بە خۆیان بزانن دەبێتە ئاگر خۆشکەری ململانێ و کێشەی نێوان ئەم هێزانەی بزوتنەوەی کوردایەتی، ئەوە نییە لە ئێستاوە پارتی " خەندەک" لێدەدات، ئەوە نییە لە لایەن گۆران و پارتییەوە هێرشیکی توند لەسەر کەرکوک هەیە، مەعلومە کە هۆکەی چییە!! ئەوە نییە یەکێتی ئامادەیە تا ئاستی ئۆپۆزیسیۆن بێتە خوارەوە لە حکومەتەکەی پارتی دا.


ڕێگای دروست وە خێرا بۆ کرێکارانی کوردستان و هەموو ئەوانەی لە سایەی دەسەڵاتی بزووتنەوەی کوردایەتیدا ئازاری هەژاری و بێکاری و چەوسانەوەیان دیوە ئەوەیە کە ڕیزی چینایەتی بورژوایی بەجێبهێڵن. واتە به‌جێهێشتنی ڕیزی سیاسی و فکری و جیهانبینی بزووتنەوەی کوردایەتی و ئیسلامی و هێزەکانیان. واته‌ ڕێکخراوکردنی خه‌باتی خۆیان له‌ چوارچێوەی سیاسەت و فکر و ئاسۆی کۆمۆنیستیدا لە کارگە و گەرەکەکاندا.

 

٢٠\٤\٢٠١٤

ماڵپه‌ڕی سامان کەریم

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک