په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

سەرهەنگ خامۆش:
شیعر میوانێکى ناوەختە.

دیمانە: قەهار شێخانى

 

 


شێخانى: من لە ساڵانى هەشتاکانەوە سەرهەنگ دەناسم کە لەزۆربەى کۆڕو کۆبوونەوە ئەدەبیەکان بەر دیدم دەکەوت هەروەها ئەو کات لە زۆربەى گۆڤارو ڕۆژنامەکان بەرهەمى شیعرى بڵاو دەبۆوە کۆمەڵێ شیعرى ڕۆمانسى دەکردە میوانى تارمایی چاوانى شیعر دۆستان بەڵام دواى ساڵانى نەوەتەکان لەم بوارە دوورە پەرێز وەستاو دەنگ و ڕەنگى نەما کەچى لەم ساڵانەى دوایی وا هەست دەکەم دووبارە هەناسەی شیعرى ئاوێتەى ووشەى بەسۆزو پڕ وێنە دەکا،دەبا بزانین سەرهەنگ خامۆش کێیە؟
خامۆش: من ناوم(سەرهەنگ حەمە ساڵح ئەحمەد)ە ناسراو بە سەرهەنگ خامۆش لە ساڵى1965لە شارۆچکەى مەخمور چاوم بۆ دنیا هەڵێناوە خوێندنى سەرەتایى و ئامادەییم لە هەولێر تەواو کردووە دەرچووى پەیمانگاى پزیشکى شارى( موسڵ )م لە ساڵى(1986-1987)ئیستاش یاریدەدەری پزیشکیم لە نەخۆشخانەى ڕاپەڕین لە هەولێر.

شێخانى: ئەگەر باس لە سەرەتاکانى ئەزموونى شیعریت بکەیت؟
خامۆش: سەرەتاى چونە نێوە جیهانى شیعرو ئاشنا بوونم بە ڕوالەتەکانى شیعر دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانى هەشتاکان هەر بۆ ئەمەش یەکەم شیعرم لە ساڵى 1986 لە ڕۆژنامەى هاوکاری لە ژێر ناونیشانى(وون بوون)بڵاو بۆوە بەڵام ئەو کات ئاست و ستایلى شیعرى کوردى هەر لە یەک دەچوون شاعیران بە پەنجەى دەست دەژمێردران و بیرو سۆزی جوان لە شیعرەکانیان بەرجەستە دەبوو.

شێخانى: لە سەرەتای چونە نێو دنیاى شیعر بەکام شاعیر کاریگەر بوویت؟
خامۆش: ئەو کات کۆمەڵێ شاعیرى بەرچاو هەبوون کە وێنەو ستایلى جوان لە شیعرەکانیان بەدى دەکرا خوێنەرى جدى دەیتوانى لە چوارچێوەى بیرو بۆچوندا بەرجەستەى بکات بەڵام ئەو شاعیرانەى شیعرەکانیان بەرچاو بوون لەگەڵ کۆژانەکانى ئەو کاتەی سەردەم دەگونجاو لە دەرگای دڵى عاشقانى شیعریان دەدا ئەویش هەردوو بەڕێز عەبدوڵا پەشێو و شێرکۆ بێکە س بوون من زیاتر بەم دووانە کاریگەر بووم.

شێخانى: ئەوەى من بیزانم ماوەیەک لە بواری شیعر نوسین دوور کەوتیەوە دەکرێ هۆیەکەی بزانین؟
خامۆش: من لەساڵى 1981ئاشنایەتیم لەگەڵ شیعر پەیدا کرد ئەو کات لەسەر دەستى خاڵۆیەکى شاعیرم کە ناوى(عومەر خامۆش)بوو هەروەها خاوەنى نامیلکەى (زەنگى هەتاو)ە کە لە ساڵى 1979 بڵاو بۆوە،ئەو هەمیشە لە بوارى شیعر مامۆستام بوو شیعرەکانى ئاوێتەى هەست و نەستم دەبوون بەڵام بەداخەوە تەمەن زیاتر ڕێی پێ نەداو لە ساڵى 1991لەگەڵ شیعر دەستیان لە یەکتر ترازاند ماڵاوایی لە من و لە شیعر کرد..هەر ئەوەش واى کرد ئەو ماوەیە دوورە پەرێز بم لە شیعر.

شێخانى: ئەى شیعرى شاعیرانى هاوچەرخ چۆن هەڵدەسەنگێنى؟
خامۆش: بەڕای من شاعیرانى هاوچەرخ ئەوانەى کە بەرچاو بن زۆربەیان لە یەک ئاست دان شیعرى ناسک و جوان دەنوسن بەڵام بە داخەوە ستایلەکانیان زۆر لە یەک نزیکن بە دەگمەن هەن کە تایبەتمەند بن بەڵام من گەشبینم کەوا کۆمەڵێ شاعیرى گەنج وا بەڕێوەن لە دواڕۆژ شاعیرى باشیان لێ دەردەچێ.

شێخانى: چۆن تۆ زێتر شیعرى ڕۆمانسى دەنوسی؟
خامۆش: ڕۆمانسیەت تەعبیر لە زاتى خۆم دەکا...شیعر بێ ڕۆمانسیەت وەک باخچەیەکى بێ گوڵ وایە وەک دەریایەک بەبێ ماسى خاکێکى وشکە بە بێ ئاو...

شێخانى: زمانى شیعرەکانت سادەن بۆچى؟

خامۆش: زمانى شیعر ناڕاستەوخۆیە پێویستە خوێنەرى جدى تێى بگا،بەڵی زمانى شیعرى من سادەن بەڵام گرنگ ئەوەیە خوێنەر تا چەند لە هونەری شیعرەکانم دەگا..بەڕاى من شیعر با سادە بێ بەڵام ئیستاتیکایانە پڕ بێ لە هزرو وێنەو بیرو بۆ چوونى جوان،واتە زمانى شیعر زمانێکە جیا لە زمانى ئەو بابەتانەى کە لە ڕۆژنامەو گۆڤارەکان بڵاو دەبنەوە.

شێخانى: ئەی بۆچى بەرهەمەکانت کەمتر لە بڵاو کراوە ناوەخۆییەکان بڵاو دەکەیتەوە مەبەستم ئەوەیە زێتر لە ماڵپەڕە ئەلکترۆنیە کوردییەکان بڵاو دەکەیتەوە؟
خامۆش: بەڵێ من زێتر لە ماڵپەڕەکان شیعرەکانم بڵاو دەکەمەوە جگە لەوەی ماڵپەڕ سەکۆیەکى ئازادە خەڵکانێکى ڕۆشەنبیرو شیعر دۆست هەن لە هەندەران هەروەها شاعیرى دەست ڕەنگینیشى لێیە لەکەڵ ئەوەش کۆمەڵە خوینەرێکى بەرچاو هەن لە دەرەوەو ناوەوەی کوردستان کە موتابەعەیەکی چاکى ماڵپەڕەکان دەکەن.

شێخانى: لە هونەرى شیعردا زمانى ناباو هەیە،ڕەمز هەیە،تاچەند کارت لەسەر ئەمانە کردووە؟
خامۆش: من پێش ئەوەئاماژەم بە زمانى ناباوى شیعر کرد کەوا زمانى شیعر زمانێکى ناڕاستەوخۆیە پێویستە خوێنەرى جدی تێی بگا ،سەبارەت بە ڕەمز زۆجار شاعیر بەسەرهات یاخود داستان یا پەندی کوردەوارى وەکو ڕەمزێک لە شیعرەکانى بەکاری دەهێنێت منیش زۆر جار پەنام بردۆتە بەر ڕەمز بەڵام پێویستە بە شێوەیەکى هونەریانە بەکارى بهێنیت بە شێوازێکى سومبولیزمى دابڕێژرێ.

شێخانى: مەبەستم تا چەند هەوڵت داوە شیعرێکى هونەری بنوسى؟
خامۆش: ڕوالەتەکانى هونەرى لە نێو شیعر زۆر پێویستن کە ئەویش بریتیە لە زمان و وێنەو هەست و سۆز،خوێنەر دەتوانێ قەرارى ئەوە بدات کە شیعرەکانم تا چەند هونەرین.

شێخانى: چۆن دەڕوانیتە ئاستى داهێنانى شیعرى کوردى لە لایەن ئافرەتانەوە؟
خامۆش: من لە زۆربەى ڕەخنەو وتارە ئەدەبییەکانم باسى ئەوەم کردووە کە ئاستى فیمینستى شیعرى کوردى لە داهێنانێکى بەرچاودایە بەڕاستى،،پێشتر پەردەیەکى پڕ شەرم هەبوو لەنێوان هەڵوێستى ئافرەت و خودی شیعر بەڵام ئێستا وا هەست دەکەم ئەو پەردەیە نەماوەو شاعیرانى ئافرەت بە زمانێکی ئاشکرا پڕ لە ئێستاتیکاو فیمینزمی دەنوسن و خۆیان لە زمانى تە م و مژ ڕزگار کردووە ئەو ئافرەتانەش ببوورن کە ناتوانم ناویان بێنم نەوەکو ناوی هەندێکیان لەبیر کەم.

شێخانى: هەوڵت نەداوە شیعرى گۆرانى بنوسیت؟
خامۆش: من هەرگیز نەمتوانیوە شیعر بۆ گۆرانى بنوسم بەڵکو شیعر بۆ شیعر بۆ زاتى خۆم دەنوسم، بە ڕای من مەرج نیە شاعیر شیعرێک بۆ گۆرانى بنوسێ و گۆرانی بیژێک یاخود ئاواز دانەرێک بیکاتە گۆرانى بۆ نموونە گۆرانى (یاران وەسیەتم)ی مامۆستا کەریم کابان ئایا کاتی خۆی وەلى دێوانەى شاعیر بۆ گۆرانى نوسیبووی؟ یاخوود گۆرانى (تەمەن) ، ئەحمەد محەمەدی شاعیر ئەو شیعرەی بۆ گۆرانى نوسیبو؟ بۆیە من دەڵێم پێویستە گۆرانى بێژ یاخود ئاواز دانەر با بەدوای شیعرى نەمر بگەڕێن بۆ ئەوەى گۆرانیەکە بە نەمرى بمێنێتەوە..لەگەڵ ڕێزم بۆ ئەو شاعیرانەى تەنها ووشە ڕیز دەکەن و دەیدەن بە گۆرانى بێژان ئاوازەکەش خەسار دەکەن.
بە ڕای من با شیعرى گۆرانى سادە بێت ڕیتمێکى مۆسیقى هەبێت بۆ ئەوەی گوێگر زوو هەزمی بکا بەڵام هونەری و پڕ بێت لە وێنەى جوان.

شێخانى: سەرهەنگ چ وەختێک شیعر دەنوسێ؟
خامۆش: شیعر میوانێکى ناوەختە هەموو کاتێک لە دەرگاى هەست و سۆز نادات کە هاتیش من نازانم لە کوێوە لەگەڵی دەست پێ بکەم لە کوێش ماڵاوایی لێ بکەم.

شێخانى: تا ئێستا نامیلکەی شیعریت بڵاو بۆتەوە؟
خامۆش: بەڵێ دوو نامیلکەی شیعریم بڵاو بۆتەوە نامیلکەى(لە ژێر شەپۆڵەکانى خۆردا)لە ساڵی 2006لە لایەن سەنتەرى بەهرە بە چاپ گەیەنرا هەروەها نامیلکەی(پیاسەیەک لەگەڵ زەردەخەنەی(با)..)کە ئەمساڵ 2009وەزارەتی ڕۆشەنبیرى گرتیە ئەستۆی خۆی بۆ لە چاپ دانى.

شیخانى: لە کۆتایی سوپاست دەکەم بۆ ئەو هەڵەى بۆت ڕەخساندم بۆ ئەوەى لە نزیکەوە بە شیعر دۆستانت ئاشناکەم،چیت ماوە بیڵێى؟
خامۆش: تەنها هیوام سەرکەوتن و بەرخودانە لەبواری شیعرو ئەدەبی کوردى سوپاس بۆ بەڕێزیشت بۆ ئەو دیمانەیەی لەگەڵ منت ساز کرد