١٨\١١\٢٠١٦
سەرنجێک لەسەر شەڕی دژی داعش لە موسڵ و
جیاوازیی ھەڵوێستەکان لە
ناو چەپدا!

عەبدوڵا ساڵح
جەنگ درێژکراوەی سیاسەتە وەک لینین دەڵێ ، ئەگەر ئەم شەڕەی موسڵ بەو
پێوانەیە ھەڵسەنگێنین ، ئەوا سیاسەتێک کە لەپشتی ئەم شەڕەوە وەستاوە
سیاسەتێکێ تەواو کۆنەپەرستانەیە لە ھەردووک لایەنی شەڕەکە ، ئەمریکاو
ھاوپەیمانانی لە ھێزە ناوخۆیەکان و ئیقلیمیەکان و نێو دەوڵەتیەکان ،
ئەوانەی ھۆکارێک بوون بۆ سەرھەڵدانی داعش وەک نوێترین و دڕەندەترین
نوسخەی ئیسلامی سیاسی ، ئەمڕۆ کە ئەم نوسخەیە ماوەی بەسەرچوەو
ھێڵەسوراکانی ئەوانی بەزاندوە ، ئیتر کارێکیان پێ نەماوەو بەدوای
نوسخەیەکی تازەترەوەن بۆیە قۆڵیان ھەڵماڵیوە بۆ لەناو بردنی ، لێرەوە
ئاشکرایە کە لەناوبردنی سەربازی داعش لەلایەن ئەو ھێزانەوە لەبەر خاتری
چاوی کاڵی کەس نیە.
تەرەفی ئەولاتر کە داعشە بۆ بەرگری لەخۆیی و بەردەوامی بردنە پێشەوەی
ئامانجەکەی کە بریتیە لە " بەجێگەیاندنی شەرعی خوا لەسەر ئەرز " شەڕی
مان و نەمان دەکا . ھەر بۆیە لەھەردووک لاوە شەڕێکی کۆنەپەرستانەیە .
ئەم شەڕە دەبێ ھەرئێستا ڕاوەستێ ! ئەوە داخوازی حیزبی کۆمۆنستی کرێکاری
عێڕاقە و حیزبی کۆمۆنستی کرێکاری کوردستانیش بەھەمان شێوە بەڵام بە
دەربڕینێکی جیاواز ، ھەندێک لە ھێزە چەپەکانی دیکە وەک حیزبی کۆمۆنستی
کرێکاری ئێران / حیکمەتیست بەپێچەوانەوە دەڵێن ئەم شەڕە جێگای
موخالەفەتی ئێمە نیە ، لێگەڕێن با ئەوانەی داعشیان دروست کرد ھەر
خۆشیان لەناوی بەرن ، ئەم دوو ھەڵوێستە جیاوازە بۆتە مایەی باس و
جەدەلێکی توند لەناو ھێزە چەپ و کۆمۆنیستەکاندا لە نێوخۆی عێراق بە
گشتی و لە کوردستان بەتایبەتی .
بەرلەوەی بچمە ووردەکاری باسەکە دەمەوێ بڵێم من لەگەڵ ئەوەدام ئەم
سەرەتانە لەجەستەی مرۆڤایەتی دا ھەڵکەنرێ ، بەدەر لەوەی کێ ھەڵیدەکەنێ
، بەتایبەتی ئەو ھێزانەی خۆیان خوڵقێنەری بوون . ئەگەرچی باوەڕی تەواوم
ھەیە بەوەی ئەم شەڕە شەڕێکی کۆنەپەرستانەیە ، ئەگەرچی بەشێک لە
قوربانیانی خەڵکی سڤیلن و دەبێ فشارێکی زۆر بخرێتە سەر لایەنی
پەلاماردەر بەتایبەتی کە ھەرچۆنێک بۆی لواوە خۆی بەدوور بگرێ لە شۆێنی
ژیان و گوزەرانی خەڵک و شۆێنە گشتیەکان لەلایەک ، وە لەلایەکی دیکەوە
شۆێنی حەوانەوەو نێشتەجێبونی پێویست بۆ ئاوارەکانی ئەم شەڕە
کۆنەپەرستانەیە دابین بکرێ ، ھەروەھا باوەڕی تەواوم ھەیە کە ئەم شەڕە
بەتەواوی داعش لە ڕوی سەربازیەوە لەناو نابا ، لەگەڵ ھەموو ئەمانەشدا
ئەگەر تێک شکانی داعش لەموسڵ بەراورد بکەین بە تێک نەشکانی و مانەوەی ،
دەبینین ، بە بڕوای من ، لابردنی ئەم مۆتەکە شومەی ئیسلامی سیاسی و
دەرپەڕاندنی لە موسڵ لە قازانج و بەرژەوەندی خەڵک دایە تاکو مانەوەی ،ھەرچەندە
ئەم بۆچونەی من ڕەنگە وەک مەسەلەیەکی محەلی چاوی لێبکرێ ، بەڵام من خۆم
بەواقعی دەزانم ئەوێش لەبەر ھۆ گەلێکی یەگجار زۆر کە من لێرەدا
ھەندێکیان دەژمێرم :
١ / خۆزگە ھێزە چەپ و پێشکەوتوخوازەکان ئەوەندەیان لە توانا دابایە ،
کە لەتوانایاندا نیە ، جەماوەری ئەسیرکراوی دەستی داعش لە موسڵ ڕابەری
بکەن و بە پشتیوانی ئەو ھێزە جەماوەریە داعش لەموسڵ وەدەرنێن و
حەماسەیەک بخوڵقێنن لە شێوەی حەماسەی کچان و کوڕانی خەباتکار و
قارەمانی کۆبانی ، ئەمە لەلایەک و لەلایەکی دیکە بەرەی پێشکەوتوخواز و
موتەمەدنی دنیا ھاتبانایە دەنگ و پشتیوانیان لەم حەماسە جەماوەریە
بکردایە ھەر وەک چۆن لە جەنگی بۆش و بلێر بۆ داگیرکردنی عێراق کردیان
لە شوباتی ساڵی ٢٠٠٣ ، بەڵام داخەکەم نە ئەویان ھەیە و نە ئەمیان !
ئەوەتا لەسەر ئاستی جیھاندا دەبینین چۆن ھێزە ڕاستڕەوەکان مەیدانداری
دەکەن ، ھەڵبژاردنی ترامپ و دەرچونی بەریتانیا لە ئیتحادی ئەوروپی دوو
نمونەی زیندوی ئەم حاڵەتەن .
٢- لەماوەی ئەم دوو ساڵ و نیوەی حوکمی داعش لە موسڵ پرۆگرام و پرۆسەی
خوێندنیان بە جۆرێک بە ڕێوە بردوە کە زەین و ھۆشی منداڵ و مێرمنداڵ و
گەنجانیان وا شستو شۆ کردوە کە فەریکە داعشی زۆر توندڕەو تر لەخۆیان
بەرھەم بێنێ ، قوربانیانی دەستی داعش ھێنراونەتە قوتابخانەکان و
بەربەرچاوی قوتابیانەوە ئیعدام کراون و تەنانەت زۆر جاریش ئەرکی
جێبەجێکردنەکەیان بەوان سپاردوە !
٣- ژنان کە نیوەی کۆمەڵن بە نیوە مرۆڤیش حیسابیان بۆ نەکراوە ، جیا لە
پۆشینی جل و بەرگی تایبەت و مەقنەعەو ئەسیر کردنیان لە کوونی ژوور ،
ڕێگا چونە دەرەوەشیان لێقەدەغە کراوە مەگەر لەگەڵ مەحرەم ، خۆ باسی
سەبایا و کچە یەزیدیەکان ھەر ناکرێ !
٤- ئەم چوارچێوە جوغرافیایەی داعشی تێدا حاکم بووە لە کۆمەڵگای بەشەری
دایان بڕاندوە و وەک لە ئەستێرەیەکی تر بن ، ھەرکەس سەرپێچیشی کردبێ
شەلاق ی کوشتن حازر و ئامادە !
٥- عێڕاق کە خۆی لە بارێکی ئابوری زۆر خراپدایە ، ئەی دەبێ دانشتوانی
ژێر دەسەڵاتی داعش لە موسڵ حاڵیان چۆن بێ ؟
٦- چەکدارانی داعش خۆیان دادگاو خۆیان دادوەر و خۆیان جێبەجێکارن ،
حوکمی شەرعی ئیسلام لە ھەمان چرکەساتەکەدا بەجێدەگەیەنن !
خۆ باسی ئازادی تاک و مافەسەرەتایەکانی مرۆڤ ھەرناکرێ، تەنانەت جگەرە
کێشانیش قەدەغەکراوە ! ئەمە چ دۆزەخێکە و چ مۆتەکەیەکە بەسەر سینگی
بەشەریەتەوە ؟
مەنسوری حیکمەت لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری ئەنتەرناسیونالی
ھەفتەگی ژمارە ٧٧ بەرواری ٢٦ / ١٠ / ٢٠٠١ دا لەباسی دنیا دوای ١١ ی
سیپتامبەر ئاوا باسی تالیبان دەکا : ( ڕاگەیاندنی جەنگ لەلایەن
ھیچکەسێکەوە ، تەنانەت ئەمریکاو ڕۆژئاواش ، بەدژی تالیبان ، ناکرێ
مەحکوم بکرێ ، تالیبان دەبێ بڕوا ، لە کۆتاییدا دەبێ بەزەبر بڕوا و
بەکردەوەی سەربازی بڕوا، دوژمنی ڕۆژئاوا بۆ تالیبان باشترە لە
دۆستایەتیەکەیان . ھیچکەس ڕێگر نابێ لەبەردەم پێچانەوەو داخستنی
لاپەڕەی ئەو ئینسان کوژانەی کە ڕۆژئاوا خۆی ھێناونیە سەر کار ) لێرەدا
دەبێ بڵێم تەئکیدیش لەوە دەکاتەو کە جیاوازی ھەیە لە نێوان جەنگ و
تیرۆر ، ئەمە ڕاستە ، چونکە ئەوکات تالیبان لە چیاکانی تۆرا بۆرا خۆی
حەشار دابوو و ئەمریکاش ئەو ناوەی بەسەر سەری دانیشتوانی دا خاپور
دەکرد گوایە شەڕی تالیبان دەکا ، وەک چۆن دەڵێن دەریاچەکە ووشک بکە
تاکو ماسیە بۆگەنەکە بکوژی ! کە ئەمەش تیرۆریزمێکی حاشا ھەڵنەگرە .
بەڵام ئەمڕۆ داعش پانتایەکی زۆری خاک بەدانیشتوانەکەشیەوە لەژێر چنگ
دایە ، دەوڵەتی ڕاگەیاندووە ، با دەوڵەتێکی موتەعارەفیش نەبێ ، کۆمەڵگا
بەڕێوە دەبا بەتەمایە سیکەی پارە لێبدات ، سوپای ھەیە ، کەواتە ئەمە
شەڕی نێوان دوو لەشکرە .
با بگەڕێمەوە سەر ئەسڵی باسەکە ، ئەو کێشە سیاسیەی نێو چەپ دەربارەی
شەڕی موسڵ . بوونی جیاوازی بیرو ڕا دەربارەی مەسەلەیەکی سیاسی و
تەنانەت مەسەلەیەکی فکریش لەنێو بزوتنەوەیەکدا یاخود لە نێو حیزبێکی
سیاسیشدا شتێکی زۆر سروشتیە ، ھەروەھا بوونی باس و جەدەل لەسەر ئەو
بابەتانە حاڵەتێکی تەندروستە ، بەڵام ئەوەی جێگای داخە وون بوونی ئاسۆی
سۆسیالستی لە ھەندێک لەو باسانەدا و پابەند نەبوونی تەرەفەکان بە ئوسۆڵ
و پرەنسیپی کۆمۆنیزمی کرێکاریەوە بە جۆرێک کە کەشو ھەوایەکی سالمی
سیاسی فەراھەم بێنێ بۆ بردنە پێشەوەی ئەم باس و جەدەلە ، نەک تەنیا
ئەوە بگرە پەنابردنی ھەندێک لایەن بۆ ھەمان شێواز و ئوسوڵی حیزبە
بۆرجوازیەکان بە وەشاندنی تانەو تەشەری سیاسی و تەنانەت شەخسیش بە
ھەڵدانەوەی لاپەڕەکۆنەکان لەسەر یەکتر !؟ ئایا ئەمە کوێی کۆمۆنیزمی
کرێکاریە ؟ ئایا نەدەکرا ئۆلگۆیەکی ئوسوڵی کۆمۆنیستی وا بدەینە دەست
لەم جۆرە خیلافاتانەدا کە دەرسێکیش بێ بۆ ھێزەکانی تری دەرەوەی
بزوتنەوەی چەپ لەبری گەیاندنی کارەکە بە شۆێنیک کە برینەکانی وا
بەئاسانی ساڕێژ نەبن ؟ ئایا ئەمە خزمەتە بە بزوتنەوەکە یاخود بە
نەیارانی ؟
ئەمڕۆ ھەموو ھێزەکانی مەیدانی سیاسی لە عێراق خەرێکی خۆ ئامادەکردنن بۆ
قۆناغی دوای داعش چونکە بمانەوێ و نەمانەوێ شەڕەکە ئیدامەی ھەیە لە
دەرەوەی ئیرادەی ئێمە ، بمانەوێ و نەمانەوی داعش لەڕوی سەربازیەوە
بەرەو شکست دەڕوا ، چۆنیەتی خۆ سازدان بۆ قۆناغی دوای داعش ئەرکێکی
بێئەملاو ئەولای گشت ھێزە سیاسیەکانە، حیزبە بۆرجوازیەکان لەو بارەوە
بێخەم نین ، بەڵام کۆمۆنیستەکان ، بەداخەوە ، وەک لە ئەجیندایاندا نەبێ
وایە ! وادیارە ئەمڕوداوە تێپەڕدەبێ و ئەوانیش لەتەماشاچی بەولاوە چیتر
نەبن !
کاکڵەی باسەکە بە وتەیەکی لینین دێنمەوە لە باسی سۆسیالیزم و جەنگ کە
دەڵێ: (ھەرگیز ناتوانرێ جەنگ لەناوببرێ بەبێ لەناوبردنی چینەکان بەبێ
دامەزراندنی سۆسیالیزم).
١٢\١١\٢٠١٦
a_salih١١@hotmail.com
|