سەرى ساڵی پڕ لەهەناسەى ڕابردووتان پیرۆز .

سامان فاروق
سەرى ساڵ بۆنەیەکە هەموو مرۆڤەکان لەهەرکوێیەکى دنیا بن پێى دڵخۆش و
سەرمەستن بۆى ، مانای لەدایکبوونەوە و پەیمان تازەکردنەوەیە لەگەڵ ژیان
و مرۆڤایەتى و لەبیرکردن و وەلاوەنانى ڕابردووى تاکەکان .... هەروەها
هیوایە بە دیاردە و دەرهاویشتەى تازەکان ، ئومێدى ئاشنابوونى گوێچکەیە
بە هەواڵى دڵخۆشکەر و ئاشتبوونەوەى عاشقان وخۆشەویستان لە هەموو جیهان
.
هەوادارانى چرکە ساتى هاتنى ساڵى تازە خەریکى خۆسازادانن بۆ ئەم شەوە
پیرۆزە ، وەلێ ئەمشەوە لە ناو کۆمەڵگاى کوردی لە جیاتى شەوێکى پڕشنگدار
پێموایە لە شەوێک تاریک و نوتەک خۆى دەنوێنیت ئەویش لەبەر چەند هۆکارێک
کە خوێنەرانى ئازیزم دەمەوێت بەکورتى ئاماژەیان پێبکەم.
بە بڕوایەکى قوڵەوە پێنەگەیشتنى عەقڵى دۆگمای تاکەکانى ئەم کۆمەڵگایە
دواکەوتوو و بەجێما وە لە خۆشى و لەزەتەکانى ژیان و کۆمەڵگایەکى خاوەن
دابونەریت و نەسیجێکى کۆمەڵایەتى بەهێز ، هەموو عەقڵیەتێکى کۆن و تازەى
مۆنۆپۆل کردووە ، عەقڵە کۆنەکەى وەک خڕخاڵ لە پێکردووە و ئیتر هەرچۆنێک
بێت ئەم بەشەى کردۆتە داربەدەستى پارێزگاریکردن لێى ، کەبەشە زۆرەکە
پێکدەهێنێت ، ئەویتر دەمێنێتەوە نەوە و عەقڵیەتە تازەکەیە کە لێوانلێوە
بۆدەربڕین بەڵام لە بنەڕەتدا ڕەنگدانەوەى عەقڵیەتە کلاسیکیەکەى
بەسەرەوەیە لە دیوى ناوەوەى بەڵام خۆى بە بۆدیەکى تازە نمایش دەکات ،
دەنا زۆرێک لە موفرەداتى عەقڵیەتە نوێخوازەکان بە تارمایى عەقڵیەتى
دیوەخان گەمارۆدراوە و زۆرجار بڕیارى دواییشیان ڕادەستبوونەوەیە بە
واقیعى تاڵى نالۆژیکى کۆمەڵگاى کوردی ... چونکە ئامانجم لە وتارەکە
ئەوەیە هەڵاتن و متبوون بەرامبەر بە تێپەڕینى شەوى سەرى ساڵ و تێپەڕینى
شەوى تەمەن خۆى غەدرێکە لە خود و شەرمە عوزرێکە بۆ عەیبە و بڤەى وێردى
سەرزمانى ئەفرادەکانى نێو کۆمەڵگاى کورد .
لەلایەکى دیکەشەوە کەمکردنەوەى بەشێکى زۆر لە ئەهمیەتى جەژنى کریسمس
هەر لەئەستۆى حیزب و خێل و مەلا و تا دوای .... ەوە دایە ، لە
سەروشیانەوە حزب کە چۆتە نیو هەموو کایەکانى نێو کۆمەڵگا تا دەزگا و
وەزارەت و دام و دەزگاو دامەزراوەکانیشەوە ، لەهەمووشیان گوناهبارتر
راگەیاندنى حزبە ، کە تەنها ئەم بۆنە قەشەنگە بۆماوەوى چەند کاتژمێرێک
بە ڕەستەیەک بەرزى ڕادەگرن یاخود بە بەرنامەیەکى زۆر ترادیسیۆن دەیخەنە
چوارچێوەیەکى تەنگەوە ئەویش ڕستەى ( جەژنتان پیرۆز ) ە و هیچیتر !!!!!
لەوڵاتان جگە لە خۆئامادەکردن و ئاهەنگى گەورە ،گۆڕانکارى و جونکارى بۆ
دەوڵەت و سیمای شار دەسازێندرێت ، هەروەها یاسای تازە و چەندەها
پڕۆگرامى بەپێز بۆهەموو چین وتوێژەکان بەڕێوەیە و بەدیدەکرێن ، کەچى
هەردوو حزبى حاکم لە هەرێمى کوردستان یەکێتى و پارتى هەروەکو کۆمەڵانى
خەڵک ئاگادارە بە بۆنەى سەرى ساڵى تازەى 2008 دیاریەکیان بە
گەلىکوردپێشکەشکرد ئەویش قەبوڵکردنى دواخستنى ماددەى 140 ى نێو
دەستوورى عێراق بوو بۆماوەى شەشەمانگى تر ،ئیتر ئێمە بۆ سەرکۆنەى
مالیکى و جەعفەرى و فڵان و فیسار بکەین ، چۆن خەڵکى دەربەدەر و
پەڕاگەندەى کەرکوک و گوند و دێهاتەکانى کوردستان ڕابردووى تاڵ
لەبیربکەن و تکتى ئاهەنگى سەرى ساڵ ببڕن ، نازانم چۆن بەرپرسانى ئەم
دوو حزبە زاتى ئەوە دەکەن کە لە شەوە پڕ درۆکانى ئاهەنگە تەقلیدیەکانى
سەرى ساڵ ئامادەبن بەبەرچاوى خەڵکەوە ، بەشێکیشیان ئاهەنگى سەرى ساڵ لە
نایت کڵاپەکانى ئەوروپا بەڕێبخەن .
سەیرلەوەدایە جەژن و بۆنە تایبەتى و گشتیەکان بۆ عاشقانى کوڕو کچى کورد
زۆربچوک بۆتەوە ئەویش بۆتە مۆبایلە شیعر و کۆرتە نامەیەکى
سەرتەلەفیزۆنەکان بەناوى خوازراو وەکو بروسکەى جارانى پێشمەرگەکانى ناو
شاخ لە ترسى ڕژێمى بەعس ، خۆى وەکو لەسەرەتادا ئاماژەمپێکردووە ئەمە
حاڵەتێکى ئاساییە لەبەرئەوەى کۆمەڵگایەکى پەتریاریک بۆ گیانى گەنجە کوڕ
و کچەکانمان زۆرکارا بەسەرتەپڵى سەریانەوە جەلاد ئاسا وەستاون !!!!
ئیتر چۆن بتوانن لەم شەو جوانە لە فەزایەکى کراوە و ئازاددا گوزارشت
لەم خۆشەویستیەى خۆیانبکەن ، یان چۆن شەوێک لە ماچ باران و پڕلە گەرمە
باوەش بخوڵقێنن ، پێموایە چاوەڕوانکراوە کە شەوێکە پڕ لە جیابوونەوە و
دەست لێکبەردان ، شەوێک دەبێت لە وێنەى مەرگەساتەکەى دوعا و قەتل
وعامەکانى ژنان ...... پێشموایە ئەم دیفاکتۆیە نەک لە ماڵى کابرایەکى
ناموس پەرست ڕەنگى داوەتەوە هەتا بگرە لە لایەن چەند کەسانێکى ڕۆشنبیرى
ئەم وڵاتەشەوە گاڵتە بە ئیستاتیکاى جوانى ئەم شەوە دەکرێت .
کێ ئەم ئەفسانەیەى گوێى لێبووە کە باوکێک لە ناو کۆمەڵگاى ئێمە لە
وێنەى بابنوێل دەستى منداڵەکانى گرتبێت و لەماڵەکەى خۆیدا ئاهەنگێکى بۆ
جیهانى جوانى منداڵان لەشەوى سەرى ساڵدا سازکردبێت ، ئەى بۆ بە ئاسانى
گوێمان لێدەبێت لە ئاهەنگى شەوێک لە شەوەکانى زریانى بەفریندا لە شارى
پیرە هەولێر منداڵێک بە دەستى پیاوێکەوە دەکوژرێت تەنها لەبەرئەوەى
تۆپەڵێکى لەلایەن ئەم منداڵە بێنازەوە تێگیراوە ، ئەى ئەو منداڵانەى کە
لە سەرجادە و کۆڵانەکان کەوتوون یان کاسبکارى ڕۆژگارى سەختن
لەبەرسەرماو گەرماى وەرزەکانى ساڵ بەچۆکدادێن دەزانن کەى ساڵ دێت و
ئاوا دەبێت ، ئایا ئەمە دەسپێکى ژیانى ئینسانەکانى ئەم کۆمەڵگەیە بێت
کە هەموو ڕێسایەک و یاسایەکى دنیا ئیدانەى کردووە ، دەبێ ناوەراست و
کۆتایی ژیانى چۆن وچى لێبەسەربێت ؟؟!! .
پێموایە ئەمەیە مانا و جوانى ئاهەنگى جەژنى کریسمس لەنا و کوردا کە
تاوەکو ئێستا لێتێگەیشتبن ، مێژووى ساڵەهاى ساڵە وەک ڕۆژێک لە ڕۆژە
دووبارەکانمان مامەڵەمان لەگەڵداکردووە نەک ڕۆژێکى تازە ، ڕۆژێکە پڕە
لە هەناسەى ڕابردوو .
Saman.faruq@yahoo.com
|