١٥\١\٢٠١٦
سەرکێشییەکی
ژنانە.
سازدانی: کۆراڵ
نوری
کۆراڵ
نوری:
سەرەتاى كاركردن و دەستپێكردنت چۆن بوو؟
کازیوە
ساڵح: سەرەتای کاکردنم لە بواری نووسیندا سەرەتای دەستکردنم بە
نووسین نیە. لە ساڵی ١٩٩٦دا بۆ یەکەم جار لە بواری ڕاگەیاندندا دەست
بەکار بووم . سەرەتا چەند مانگێک لە تەلەفزیونی گەلی کوردستان بووم
بەڵام لە بەر لە لایەک سەربەخۆ ولە لایەکیش ئەو بوارەی تیا کارم ئەکرد
بەشی وەرگێڕان بوو دوور بوو لە خولیای من. پاشان وەکو بەڕێوەبەری
ڕۆژنامەی ئەمڕۆ، لە گەڵ ستافی ڕۆژنامەی ئەمڕۆ کە هەولێریان بە جێ هێشت
بوو لە سلێمانی نیشتەجێ بوون نزیکەی ساڵێک دەست بە کار بووم. وە لە
ساڵی ١٩٩٨ وە گۆڤارێکی تایبەت وفکریم دەرئەکرد بە ناوی ' نڤار' بەڵام
بەر لەمانە چەند کورتە چیرۆکێکم بڵاوکردبووە.
کۆراڵ نوری: چی و کێ هاندرت بوو بۆ
كاركردن لە بوارى نوسين؟
کازیوە ساڵح: کۆمەڵێک فاکتەر هاندەرم
بوون بۆ دەربڕین نەک بە مەبەستی نووسەر بوون و بە ناوبانگ بوون، بەڵکو
بە واتای فڕینی کۆمەڵێک ئازار بۆ سەر رووی پەڕە، لە بەر ئەوەی پەڕە بێ
دەنگ بوو، ڕاپۆرت نووس نەبوو. ئەو فاکتەرانە یەکەمیان زیندانی
بەردەوامی باوکم بە هۆی سیاسەتەوە ، دەرکردنی خۆم لە مۆسیقا و جێ
هیشتنی برینیکی قوڵ لە ناخمدا و بە هۆی فڕێدانی دەفتەرەکەشم بە ڕوومدا
لە کاتی فەسڵکردنمدا برینێکیش لە سەروو برۆی ڕاستمەوە کە تا ئێستا
شوێنەکەی قوڵەو هەموو سەیری ئاوێنەکردنێک ئەو یادەوەرێ دەبێتەوە بە
میوان. هێشتا قوناغی سەرەتایی و ناوەندی بووم کە دەستم دایە نووسینەوەی
ئەم برینانە بەڵام لە بەر ئەوەی خوێندنم کوردی نەبوو ئاسان نەبوو لە
هەمان کاتدا هەر خواستی نووسینەوەیان هانیاندام خۆم فێری کوردی بکەم.
هەتا ئێرە دەربڕینەکان زیاتر بە دەق بوون لەوانەیە خۆم ناوم نابن شیعر
بەڵام من هەرگیز لە سەر فەیس بووک نەبێ شیعرم بڵاونەکردوەتەوە.
پاش ئەمە قۆناغی ڕاپەڕین وپاش ڕاپەڕینیش گۆڕانی نەهێنایە ژیانی خێزانی
منەوە و لە ڕاپەێنەوە دایکم بوو بە دایکی شەهید، وردە وردە توانەوەی
یەکێک لە بەهێزترین وجوناترین ژنەکان وێنەی مۆمێک لە داوێنی گردی
سەیواندا بوون بە غەمێکی دی یەکەم کورتە چیرۆکم بۆ ئەو بوو بە ناوی گۆڕ
غەریب و لە تەک چیرۆکێکی دی بە ناوی فرمێسکی ئاوارەیەک لە کە سەر
ئاوارە بوون کۆڕەوی کورد بوو بەرەو ئێران دا بە مامۆستاکەم کە چیرۆک
نووس حەمە ڕەشید هەرەسە و ئەویش هەردووکیان لای خۆییەوە بڵاوکردەوە و
هاندانەکانی ئەویش لە پاڵ ئازاردا بوون بە هەوێنی نووسین لای من لەو
ڕۆژەوە پێنووسەکەم بوو بە ئازار نووس و لە ئازاری خێزان و
نادادوەریەکانی بەعس و حزبی کوردییەوە بۆ ئازاری نیشتمان و گەل.
کۆراڵ نوری: وەك ژنێك ئەو ئاستنگانە چی
بوون كە هاتنە رێگەى كاركردنت؟
کازیوە ساڵح: ئاستەنگەکان هەموو شەڕی
عەقڵ بوون دژی پووتی عەقڵ و نەزۆکی دەروون ، هەتا ئەمڕۆش شەڕی عەقڵ لە
ناو کورددا مەحاڵە ، چوون کورد چاو بەکار ئەهێنێت لە بری عەقڵ ، بۆیە
ئاستەنگەکان ئەوەندە زۆر بوون دیدارێک ناتوانێت بیانخاتە ڕوو بەڵام
سەرجەمیان پەیونەدی بە شوناسنامەی خۆمەوە هەبووە وەکو ژن ، ژنێک بە
عەقڵ بیر بکاتەوە نەک بە جەستە. لە شەڕی فکردا بووم کە دیسان وەکو ژن
لێم قبوڵ نەئەکرا ، بۆ نموونە دەسەڵاتدار و لایەنی سیاسی هەبوون
ڕووبەڕووی هەڕەشەیان ئەکردمەوە و پێیان ئەوتم " کێت لە پشتە، کێ فێرت
ئەکات ئەوانە بنووسیت وبڵێیت ، ئەوەی تۆ ئەیڵێت عەقڵی ژن نیە " واتە
کەمزانی ژن لە نێو سیستەم و دەسەڵاتی کوردیدا. شەڕی سەربەخۆی بوون و
نەبوون بە لایەنێک درێژترینیان بووە پێ ئەچێت هەتا یاری حزب حزبێنە لە
ناو کوردا هەبێت ئێمە لەو شەڕەیان ڕزگارمان نەبێت.شەڕ دژی شوناسنامەی
ساختەی زۆر لەوانەی کە کورد بە " گەورە " ناوی دەهێنان ، زۆر لەوانەی
هەنووکە کورد خەریکە فێر ببێت پێیان بڵێت سەربەخۆ نین و ڕۆشنبیری
ساختەن، من ١٩٩٦دا پێم وتوون و کارکردنم لە تەکدا ڕەتکردوونەتەوە و شەڕ
پێ فرۆشتنەکەیم ئەزموونکردووە.
هەموو ئەو ئاستەنگانەی سەرەوە هۆی ئەبوو کە لانی کەم ١٥ پازدە ساڵ بەر
نەتەوەکەی خۆم کەوتووم لە پێشبینی ڕووداوەکان و تێگەشتن لە پشتی
پەردەکان. ئەوانەی ئەمڕۆ خەڵک باسی ئەکات ، لە مەسەلەی ئیسلامی سیاسی،
گەندەڵی، کێشەی ئیداری ، مەسەلەی ژن و هەتا نابووتبوونی ئەو دەسەڵاتەش
ڕووبەڕووی ئەو ئاستەنگانە ئەکردمەوە من هەموویم پازدە ساڵ بەر لە ئێستا
باسکردووە.
کۆراڵ نوری: چۆن توانيت بەسەر ئەو
ئاستەنگانەدا زاڵ بيت؟
کازیوە ساڵح: چەند کارکتەرێکم تێدایە
ئەکرێت زاڵ بێت بە سەر زۆربەی کۆسب وئاستەنگەکاندا ، ئەوانیش: زۆر بە
هێزم ، لە خۆشەویستنی نیشتماندا نەبێت لە هەموو شتێکی دیدا عەقڵم زاڵە
بە سەر هەستمدا، کۆڵنەدەرم ، پشوو درێژم ،پڕ وزەم ،توانای بەڕێوەبردنم
بە سروشتی باڵایە، خاوەنی قسەی خۆمم، تەنانەت ئەگەر پەیمانم بە خودی
خۆشم دابێت، زۆریشم پەیمان بە خۆم داوە و پێم شەرم بووە نەیهێنمە دی .
جگە لەمانەی سێ فاکتەری دیش هاوکاری کردووم لە ژیاندا یەک : سەیری
مرۆڤم ئەکەم چۆن بەڕێوەبردنی کەسیەتی خۆی ئەکات، چۆنیەتی بەڕێوەبردنی
کەسیەتی خودی مرۆڤ پێوەرە بۆ بایەخ یان کەم بایەخی من. دوو: لیستی ڕۆژم
هەیە لە مێشکمدا نووسراوە، هەموو شەوێک کە دەچمە جێگە بۆ نووستن سەرەتا
بە لیستەکەی مێشکمدا دەچمەوە، لە کەسیەتیەکانی ئەو ڕۆژە ، هەتا کار
وئاکاری بینراو وبیستراو، هەرچیەک لە گەڵ بەڕێوەبردنی کەسیەتی مندا
نەگونجاو بێت لە خۆمدا و لەوی بەرانبەردا ڕاست وجەپی سووری بە سەردا
دێت ودووبارە نابێتەوە، پەشیمانیش نابم لەو ڕاست و چەپ نەخشاندنە.
ئەمەش لە فاکتەرە ساختەکانی دنیای کوردی پاراستوومی . لە مانەش گرنگتر
فاکتەری سێهەم، هەرگیز نەمهێشتووە حزبێک وەکو کارت بەکارم بهێنێت،
ئەمەش کێشەی زۆری بۆ دروستکردووم، بەڵام تەنانەت لە کێشەکانیشدا
نەمهێشتووە لایەنێک دژی لایەنێکی دی کێشەی من وەکو کارتێکی حزبی بۆ خۆی
دژی ئەوی دی بەکار بهێنێت و هەرچۆنێک هەوڵدرابێت سەرداوەکان ڕبکێشرێت
من هێناومەتەوە دەستی خۆم. ئەمانەش هەموویان متمانە بوون بە خود
ئەگەیەنێت و متمانەش لە سەر بنەمای ڕاست مرۆڤ زاڵ ئەکات بە سەر کێشەدا.
کۆراڵ نوری: جياوازیی كاركردن لە
كوردستان و هەندەران ياخود كەنەدا چيە؟
کازیوە ساڵح: وەکو کاردکردن لێرە قورسترە
چوون ئێمە پەناهەندەین و لە گەڵ ئەوەی سیستەمەکە فرە کولتوورە ومافی
تاکەکانی وەکو یەک پاراستووە، بەڵام کەنەدییەکان خۆیان وکولتوورەکەیان
لە ئێمەی بێگانە وپەناهەندە ئەپارێزن وتا پێیان بکرێت رێگە بە ئێمەی
نادەن چانسەکان لە دەستی ئەوان دەربێنین چ لە ڕووی کارکردن وداهێنان
وبەرکەوتنی بەخشیشی مادی و بڵاوکردنەوە ..تد. بەڵام ژن دەتوانێت
کەسیەتی خۆی بپارێزێت بە بێ ئەوەی ڕووبەڕووی ئەو شەڕانە ببێتەوە کە
پێشتر باسم کردوون. لێرە نەک ئەو نابووت بوونەی ژن بوونی نیە ، بەڵکو
مافی زیاتریشی هەیە لە پیاو بۆیە هیچ دەسەڵات وسیستم وتاک و دەزگایەک
ناتوانێت هیچ جۆرە فشارێکی بختاتە سەر بۆ ئەوەی شتێکی دی بێت جگە لەوەی
خۆی دەیەوێت.
کۆراڵ نوری: تا چەند ژنبوون سەختە لە
كۆمەلَگەى كورديدا؟
کازیوە ساڵح: تا ئەو ئاستەی هەر نەبێت
باشترە. ئەبێت نەک تەنها ژن بوون بەڵکو مرۆڤ بوونیش چی بێت لە
کۆەمڵگەیەکدا کە کەس بۆ خۆی ناژی ، هەمووی بۆ ئەوی بەرانبەر ئەژی ، هەر
بۆیە هەمووش ڕقی لە ئەوی بەرانبەرە
کۆراڵ نوری: دايكايەتی لاى تۆ چی
دەگەيەنێت؟
کازیوە ساڵح: من لە ڕووی بایۆلۆژییەوە
دایکایەتیم تاقینەکردوەتەوە ، نازانم ئەو هەستە چیە کە دایکێکی دووگیان
هەیەتی و لە گەڵ باوکی مناڵەکەدا چ پلانێک دادەنێن بۆ مناڵەکەیان.
بەڵام ئەزانم پاش چەند سالێک لە شەهید بوونی براکەم ، من سەرەتا بووم
بە دایکی دایکم و دوایش ئەو ئەرکەم بۆ خۆشکەکەم بە جێهێشت و من بووم بە
چاودێری یان دایکی دوو منداڵ کە برای منن و لە گەڵ خۆم بردمن بۆ
هەندەران، هەتا ئێستاش کە گەورە بوون لە گەڵ من ئەژین. ئەم ئەرکە فێری
کردم دایکایەتی بتی سەنترالیزمی دایک تێک ئەشکێنیت، دایک ئیتر سەنتەر
نیە، ئیتر مرۆڤێکی دی سەنتەرە ، گرنگترە لە ئەو. ئەکرێت بۆ ژنانێک کە
هاوسەریان هەیە بە هاوکاری مناڵ پەروەردە ئەکەن جیاواز بێت، بەڵام بۆ
کەسێک نە ئەو هەست وچاوەڕوانیانەی دووگیان بوون و نە هیچ فۆرمێکی
هاوکاریشی هەبێت ئاسان نیە گوزارشتی لێ بکرێت.. تێگەشتم ئەرکێکی هێندە
قورسە من تا ئێستا بە دێڕێک نەمتوانیوە گوزارشتێکی پڕ بە پێستی خۆی بۆ
بدۆزمەوە. بە ئاستێک بەر لەم ئەرکە حەز و خەونی جوانم بەرانبەر بە مناڵ
هەبوو ، بۆشم ئەنووسین، بەڵام ئێستا ئەو خەونانە لە بارچوون. چوون
سەرجەم ژیانی مرۆڤ تێڕامان و گەڕانە بە دوایی زانینی نەزانراوەکاندا و
دۆزینەوەی نادیارەکاندا کە دۆزرایەوە و ئەزموونکرا ئیتر پەرجووی خۆی لە
دەست ئەدات، ئەمە لای من بۆ مەسەلەی دایکایەتیش هەر وایە.
کۆراڵ نوری: بۆ خوێندنەكەت بۆچی بوارى
جيَنۆسايد و كلتورت هەلبژارد وەك بوارى ئەكاديمی؟
کازیوە ساڵح: لە بنەمادا دەبوو
سایکۆلۆژیای کلینیکی بخوێنم لە ئەمەریکا/ نیویورک ، بەڵام لە بەر ئەوەی
وەکو خوێندکاری نێو دەوڵەتی حسابیان بۆ کردم و ساڵی نزیکەی پەنجا هەزار
تەنها برخی خوێندنەکە بوو، بە هۆی لایەنی مادییەوە نەمتوانی ئەوەی خۆم
پێم خۆش بوو تەواوی بکەم. ئیتر وەکو چۆن بە مناڵی لە مۆسیقاکەدا هەستم
شکا ، لەمەشدا بە هەمان شێوەو خواستی هەبوونی دکتۆرام هیچ نەما و
هەڵبژاردنیشی تەنها لەو ڕوانگەیەوە بوو جینۆسایدی کورد بچێتە بواری
ئەکادیمییەوە . کولتوورم هەڵبژارد چوون سەرجەم کێشەکانی کورد پابەندە
بە کولتوورەوە، وە یەکەم هەنگاوی جینۆسایدیش لە کولتوورەوە دەست پێ
ئەکات . بۆ ئەوەی جینۆساید دووبارە نەبێتەوە ، پێویستە لایەن وگرووپی
جینۆسایدکراو هەمان ئەو هەنگاوانەی جینۆسایدکەر هەلگرێت لە چاکردنەوەی
دۆخی کۆمەڵگەکەیدا و لە کولتوور و سایکۆلۆژیای کۆمەڵگەوە دەست پێ بکات.
لە بەر ئەوەش من سایکۆلۆژیای کولتوریم وەکو میتۆدی کارکردن
هەڵبژاردووە.
کۆراڵ نوری: گرنگترين دەسكەوت لە
ژيانتدا چيە؟
کازیوە ساڵح: دەستکەوتم زۆرەلە ژیاندا کە
گرنگن بەراورد بە کۆمەڵگەی کوردی و تێڕوانین لە ژن و ئاکار وبێرو
باوەڕی ژنیش لەو کۆمەڵگەیەدا. چەند دەستکەوتیەکیان پێک هاتوون:
لیستێک کار هەیە کە یەکەم ژن بووم لە کۆمەڵگەی کوردیدا هەنگاوم بۆ ناوە
: بانگهێشتکردنم لە میسرەوە ، بەشداری کۆنفراسی عەرەبی سەرکردەکانی
عەرەب ، یەکەم کەس بووم کە دەرەوەی رێکخراو مۆڵەتی گۆڤارم دەرهێناو دوو
گۆڤاری فکریم دەرکرد ( لە هەلێکدا بە وردی لە سەر ئەم مەسەلەیە
ئەنووسم) ، من خۆشکێکی کەم نەبیستووە برا بەرێتە دەرەوە و گەورەیان
بکات ، زۆرترین خەڵاتم پێدراوە بەراورد بە کورد، بەشداری زۆرترین
کۆنفراس و بۆنەی فکریم کردووە بەراورد نەک تەنها بە کورد بە زانکۆکەی
خۆشم ، زۆرترین پۆستی مافی مرۆڤم وەرگرتووە، پێشبینی زۆربەی کێشە
وکارەساتەکانی کۆمەڵگەی خۆمم کردووە و زۆر پێشتر لێوەی دواوم ، گەرچی
لە بەر ئەوەی کچی حزبێک نەبووم هیچ ڕوناکی نەخراوەتە سەر، ژمارەیەکی
زۆر کتێبم چاپ کردووە ، بەڵام ژمارەی چاپ نەکراوەکان زیاترن، لە
باشترین زانکۆکانی کەنەدا ئەمەی ئێستا ئەیخوێنم پێنجەم بڕوانامەی
خوێندنە بە دەستی ئەهێنم و ..تد ئەمانە جۆرە دەستکەوتێکن هەموو کەس
ناتوانێت لە ماوەی پازدە١٥ ساڵدا هەمووی بە دەست بهێنێت و بەردەوامیش
لە ژێر ئەرکێکی قورسی خێزانیدا بێت و کاریش بکات.
کۆراڵ نوری: ناخۆشترين شت لە ژيانتدا چی
بووە؟
کازیوە ساڵح: ناخۆشترین شت پاش لە مردن و
شەهید بوونی چەند ئەندامێکی خێزانکەم، ئەوە بوو کە لایەنی مادی رێگرم
بوو لەوەی سایکۆلۆژیای کلینیکی تەواو بکەم. لە پاڵ ئەمانەدا ئێستا
هەندێ جار بەو سەفەرانەی خۆمدا دەچمەوە کە تەنها یەک جاریش بۆ خۆشی خۆم
سەفەرم نەکردووە ؛ ساتێکیش بۆ خۆشی خۆم نەبووە هەمووی بە کارو
چالاکیەوە سەرقاڵ بووم تەنانەت ئەوەندەم بوار بە خۆم نەداوە شار و
وڵاتەکان ببینم کە گەڕاوم هەستێکی ناخۆشم لا دروست دەکات لە بێهودەیی
ئەچێت.
کۆراڵ نوری: شانازیی بە چيەوە دەكەيت؟
کازیوە ساڵح: بەر لەم پرسیارەی تۆ بیرم
لەم پرسیارە نەکردوەتەوە، پێدەچێت مرۆڤ بکەوێتە شانازییەوە ئیتر لە
داهێنان بوەستێت. ئەکرێت شانازی بەوە بکەم توانیومە ئەو پرەنسیپەی خۆم
هەمیشە پراکتیک بکەم کە یان کارێک نەکەم یان بیگەیەنم بە لوتکە، ئەگەر
زانیم ئەبێت بە هۆی دۆڕان، لە خەڵکی دی ئازایانەتر و خێراتر بن بڕی
بکەم لە ژیانی خۆمدا.
کۆراڵ نوری: سەفەرت بۆ چەند وڵات و بۆچی
کردووە؟
کازیوە ساڵح: پێشتر سەفەرم کردووە بۆ
بەشداری بوون لە بۆنەی ئەدەبی یان بۆنەی ژنان یان خەڵات وەرگرتن. بەڵام
لە دوو ساڵی رابردوودا لە ١٢ دوازدە وڵاتدا بەشداری ئەکادیمیم کردووە و
هەندێ وڵاتیشتیان دووبارە بوونەتەوە. بەشدار بوونەکان و بانگهێشتەکان
وەکو خوێندکاریەکی زانکۆی کەندی بوون نەک وەکو کوردێک، منیش هەموو
هەلێک بە خۆمم وتووە ئەمە یەکێکە لە باشترین فاکتەرەکانی بە
جیهانیکردنی جینۆسایدی کورد و ئەگەر منیش نەیەکم کەسیەکی دی نایکات،
بۆیە تەنها ئەو سەفەرانەم ڕەتکردوەتەوە کە لە ڕووی مادییەوە نەمتوانیوە
پێی هەستم و ئەوانی دی هەرچیەک بووبێت بابەتەکە من گرێمداوە بە
کێشەیەکی کوردەوە، بۆ ئەوەی کورد دەنگی هەبێت لەو شوێنەدا. تەنانەت
هەندێ جار کۆنفراسەکە پەیوەندی بە سیستمی خوێندنەوە هەبووە لە کەنەدادا
من هاتووم ڕاڤەی ئەوەم کردووە چۆن خوێندنی فرە رەهەند ئەتوانێت
نوێنەرایەتی میللەتانی بێ نوێنەر وەکو کورد بکات لە بواری ئەکادیمیدا
بۆ ئەوەی گوزارشت لە ئازاری خۆی بکات. ئەمانە هەموویان باش بوون و دەنگ
وڕەنگی کورد بوون ، بەڵام ئەو هەموو ساختە و بێ دەربەستی وناپرۆفیشناڵی
وبەژەوەندی خواییە لە سەردانی ئەم دواییەمدا بۆ کوردستان بینیم سەبارەت
بە جینۆسایدەکانی کورد کۆمەڵێک نیشانەی پرسیاری لە بەردەم هەموو
پرسێکدا پێ داناوم، نازانم ئەگەر ئەو نیشانەی پرسیارانە نەبن بە کۆتی
دەستی و قاچم بۆ ئێستا بە دوا.
کۆراڵ نوری: بێَ هيواییت بەرامبەر چی؟
کازیوە ساڵح: بەرانبەر بە عەقڵ و
دیدەبینی کورد سەبارەت بە ڕابردوو و ئەمڕۆ و داهاتووی. بەرانبەر بە
سیاسەتنەزانی وشارەزانابوونی کورد لە ڕاڤەکردن وگەیاندی ئازارە
گەورەکەی کە ناوی جینۆسایدە و وڵاتانی دی توانیان بیکەن بە ئامرازی
ڕزگار بوونی یەکجاریان و ئێمەش کردوومانە بە ئامرزای کویلە بوونی
یەکجاریمان.
کۆراڵ نوری: ژن چۆن دەتوانيَت بوونی خۆى
بسەلمێنيَت لە كۆمەلَگەيەكی داخراودا، كوردستان بە نمونە؟
کازیوە ساڵح: لە یەکەم دیداری
ڕۆژنامەوانیدا لە سەرەتای دەستپێکردنم بە نووسین وتم سروشتی کۆمەڵگە
وەکو سروشتی مرۆڤە ، سەرەتا سەر و لاشەی و دوایش دەست و قاچەکانی دروست
ئەبێت. وەکو مناڵ پێ دەگرێت ، کامڵ دەبێت وپیر دەبێت ودەمرێت . هەر
چەند کوولتورە ناپەسەند باوەکان گەورە ببن ، ببن بە بەشێک لە سەر و چاو
و هزری کۆمەڵگە دواجار پیر دەبێت و دەمرێت ، پێوسیتە هەموو ژنێک ئەمە
بزانێت. بۆیە هزری زیندوو ئەو چەند بەردەبارانیش بکرێت لە لایەن عەقڵە
پیرەکانەوە ، دواجار ئەوی دوای دەمرێت و زیندووەک ئەمێنێتەوە. گرنگە
مرۆڤێکی باو نەبێت، بۆ چاولێکەری شت نەکات ، لە هەمان کاتدا بە دروستی
لە کۆنسیپتەکان تێ بگات نەک وەکو ئەوەی لە کۆمەڵگەی کوردیدا هەیە.
خاوەنی خوێندنەوە و تایبەتمەندی، دیدە بینی وکەسیەتی خۆی بێت ، لە
هەموویان گرنگتر متمانەی بە خۆی هەبێت و کەسیش لە خۆی چاکتر خۆی
ناناسێت بۆیە گوێ بۆ دەنگی ناوەوەی بگرێت نەک ژاوە ژاوی دەرەوە.
ئەزموونی من ئەوەی فێر کردم هەر کەس بە ژن وپیاو بەردی تێگرتم بۆ ئەوە
بوو ویستی ببێت بە من، یان من ببم بە هی ئەو ، کە هیچیشیان نەبوو
بەردەبارانیان ئەکردم ، ئێستاش زۆریان بە من ئەڵێن مناڵەکانیان بکەم بە
خۆم.
ماڵپهڕی کازیوه ساڵح
|