په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\٨\٢٠١٤

سەرکەوت حسێن:

ئەگەر خۆشەویستیی کاڵ بێتەوە ئەو کاتە شیعر دەبێتە خەم و ئازار و ئەندێشە.


دیمانە: بەنگین پیرۆت نوری


ئەو گەنجێکی ڕووخسار جوان و ناخێکی پڕ لە شیعری ھەیە، وەک خۆی دەڵێ : شاعیری شیعری لیرەکم و لەزۆربەی بوارەکانی شیعریشدا شیعرم نوسیوە، زۆربەی شیعرەکانیشم کراون بە گۆرانی".
"سەرکەوت حسێن خدر" لەدایک بووی ١٩٨٥ و دانیشتوی قەزای ڕانیە، لە ساڵی "٢٠٠٢"وە شیعر دەنوسێت و دوو بەرھەمی چاپکراوی ھەیە "شیوەنێک بۆ دڵ بێنازەکان " و "دووری و ئازارەکانی دابڕان".
بەرھەمی تازەشی ھەموو کارەکانی تەواو بووە،چاوەڕوانی ژمارەی سپاردنی وەزارەتی ڕۆشنبیری حکومەتی ھەرێمە.
دوو ساڵ لێپرسراوی ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی ئازادی لاوانی کوردستان بوە لە سەنتەری ڕانیە، یەکێکیش بوە لە دەستەی دامەزرێنەری سەنتەری ڕۆشنبیری میرزا مەنگوڕی ،سەرکەوت بۆ ئەمەیان دەڵێ: بۆ من شانازیە لە وەسیەتێکی شاعیرێکی گەورە لە ھاتنەدی ئاواتەکەی بەشدار بووم".


پ/ پێت وایە شیعر دەتوانێ وەڵامی پرسیارە فەلسەفیەکان بداتەوە؟

و/ شیعر نەک وەڵامی پرسیارە فەلسەفیەکان دەداتەوە، بەڵکو ئەو پرسیارانەی کە وەڵامیان قورس و ئەستەمە لە دنیای شیعردا وەڵامەکەت دەست دەکەوێت و شیعر دەریایەکی فراوانە بەڕادەیەک تا بڕۆی ناگەیە کەناری.


پ/ ھەموومان دەزانین شیعر شاعیر دەینوسێ، بەڵام پێت وایە شیعر لەناخی شاعیر نزیک ترە یان خوێنەر؟

و/ بێگومان شیعر لە شاعیر نزیکترە، شیعرە دەتوانآ خوێنەرێکی زۆر لە دەوری خۆیدا کۆ بکاتەوە بە تێبینیەکانی خوێنەریش شیعرەکە دەوڵەمەند دەبێت لە فکری شاعیردا.


پ/ دەڵێن شیعر چێژی جارانی نەماوە،ئایا ئەوە ڕاستە؟ لاواز بوونی شیعر ھۆکارەکەی شاعیرە یان خوێنەری جدی شیعریمان نیە؟ تۆ بڵێی لاواز بوونی دەقی شیعری نەبوونی خوێنەر بێت؟

و/ بەھۆی بوونی ئامڕازەکانی ئەنتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، ھۆکاری کەمبوونەوەی خوێنەری شیعرە, بەبڕوای من ئەوەندەی ئێستا لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان خوێنەری شیعر زۆرە ئەوەندە بەدوای نامیلکەو دیوانەوە نین.
لە بەرئەوەی جاران لە سەردەمێکدا شعر دەورو کاریگەری خۆی دەگێڕا ئێستا ئەو ھەستە لاواز بووە، ڕاستر بڵێم بە ھۆی بوونی شیعری تازە و ئازاد، شیعر چێژەی جارانی نەماوە و دووبەرەکی خستۆتە نێوان شیعر و خوێنەر لەگەڵ ڕێزم بۆ ئەو شاعیرانەی کە شیعری ئازاد دەنوسن.


پ/ شیعری گەنجەکانمان لاوازن یان لەدەربڕیندا بەپەلەن؟

و/ لە ڕاستیدا ناتوانم بە شیعری کەس بڵێم لاواز لە بەر ئەوەی ھەر کەس لە خەیاڵی خۆی و لە دیدگای خۆی دێتە ئاخاوتن ھەر کەس بە جۆرێک ، ئەگەرچی نایشارمەوە پەلە کردن لە نوسینی شیعردا دەبینم لەلایەن ئەوانەی دێنە دنیای نوسینی شیعرەوە.


پ/ ھەر چەند پایز وەرزێکی جوان و خۆشیشە، بەڵام لەشیعری ئێمەدا پایز و خەم ھەمیشە وەکو دوو عاشقی دۆِڕاو دەردەکەون، پێت وایە لێکچون لە نێوان دۆڕان و وەریندا ھەبێ؟

و/ بەدڵنیاییەوە لێک چوون زۆرە، لە پایزدا درەختەکان زەرد دەبن و دەبێتە ھۆی وەرینی فرمێسک لە ڕێگای وەرینی گەڵاکانەوە، کآ دەڵآ بە ھۆی تۆرانی وەرزی بە ھارەوە نیە ئەی ئەگەر عاشق لە مەعشوقەکەی بتۆرآ ئەوکاتە ھەر خەیاڵ دەمانباتە پایزو خەزان لە کەلاوەکانی وەریندا؟


پ/ دەڵێن تا خۆشەویستی ھەبێ نوسینی شیعریش بەردەوامە، ئایا کاڵ بوونەوە یان نەمانی خۆشەویستی بەڕاستی پێوەرە بۆ نەنوسینی شیعر؟

و/ بەڵێ، نەمانی خۆشەویستی واتا نەمانی ژیان و ژیانیش بآ خۆشەویستی کۆتایی ھەموو شتێکە, ئەگەر خۆشەویستی کاڵ بێتەوە ئەو کاتە شیعر دەبێتە خەم و ئازار و ئەندێشە لە باس و بەسەر ھاتەکانی.


پ/ شیعری زۆربەی شاعیران پڕیەتی لە یادەوەری، ئایا ئەو جۆرە دەقانە ئێستا و داھاتو وەک ڕا بردوو دەمێننەوە؟

و/ ژیان پڕیەتی لە ڕبردوو دەکرآ بڵێین شیعر بەردەوامە جا چ لە ڕابردوو یان بۆ ئێستا یان داھاتوو تا ژیان بەردەوام بێت ئەوە شیعریش بەردەوام دەبێت ھەرجارەو لە بەرگێکدا.

نموونە و تازەترین شیعری شاعیر:


تۆ کەناری
کە دڵ ئاوێنەی دڵت بێ
چۆن گومان دەکەی لەم دڵەم
تۆ کەناری بۆ ئارامیم
تەمەنیشمان ھەمووی گوڵە
لە یەکەم بینی تۆوە
داری ئومێدمان ھاتەبەر
من بەڵێنم بەتۆ داوە
تۆش بەڵێنەکەت ببەسەر
دنیات بۆ دەکەم بە عەشق و
دڵی منە لە کەناری
دەزانم کە تۆش وەکو من
خاوەنی عەشق و بڕیاری
چاوجوانەکەم چاوەکەی تۆ
چاوی منن ئەی چاو جوان
خۆشم دەوێی زیاتر لەخۆم
شەونمی سەر پەڕەی گوڵان.

 

ماڵپەڕی بەنگینە پیرۆت نوری

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک