په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\٩\٢٠٢٦

سەرکەوتنی چەپ لە بەرلین بە پشتیوانیی ئیسلامییەکان.

هەڵۆ محەمەد       

 
زۆرم بەزەیی بەوەدا دێتەوە ساڵانی ساڵە، ھەواڵ و زانیاری و مێژووی درۆ و ناڕاستی دەکرێت بە قوڕگی خەڵکانی بێ ئاگا و ئەوانەی بە رووکەش زوو تەفرە دەخۆن. زانینی بنج و بناوان و راستییەکانی پشت ھەر رووداوێک گرنگترین فاکتی تێگەیشتن و بیرکردنەوەی ئەقلانی و بڕیاردانی تەندروستە..

رۆژی ٢٠\٩\٢٠٢٦ لە شاری بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەوانی بوو. کۆمەڵێ پارتی وەک CDU,SPD,Die Grünen,Die Linke,FDP.. ھتد تێیدا بەشدار بوون.


چەپەکان بۆ یەکەمین جار زۆرترین کورسییان بەدەست ھێنا و سەرکەوتنێکی بەرچاوی بێ وێنەیان تۆمار کرد. ئەم چەپانە بەردەوام رێژەی دەنگ بەدەستھێنانیان ڕێژەی ئاسایی تەواو نەکردووە، تاوەکوو بتوانن تاقە کورسییەک بەدەست بھێنن و بچنە پەرلەمانەوە، یاخود ١ـ٢ کقرسییەکیان بەدەستھێناوە. ئایا خێرە ئێستا نزیکەی نیوەیان کورسییەکانیان بەدەست ھێناوە؟!.


ئەوەی سەرکردایەتی ئەم سەرکەوتنەی بۆ چەپەکان کرد، خاتوو Elif Eralp کە بە ڕەچەڵەک تورکە و یاسای خوێندووە.


ھەموو دروشمی ئەم پارتە چەپە یاخود دیارترینیان بریتی بوو لە:


«خانووبەرەی گونجاومان دەوێت، کرێکەیمان پێ بدرێت». ئەم بەڵێنانەی داویانە وەک بەڵێنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی، دایان: مووچە بۆ ھەموو کابانێک دەبڕینەوە، وایە.

ھەڵبەت ئەگەر بتوانن خانووبەرەی ھەرزان و گونجاو بۆ خەڵک دابین بکەن، مژدەیەکی خۆشە.. بەڵام ھەرێمی بەرلین خۆی ھەمیشە قەرزارە و بە کۆمەکی ھەرێمەکانی تر و ناوەند دەچێت بەڕێوە.. لە لایەکی ترەوە زیاترین ژمارەی بێگانە لەم شارەدا دەژی و رادەی بێکاری بەرزە.. کۆمپانیا گەورەکان لە بەرلین نەماون و سیاسەتی دەوڵەت ئەوەیە رووخسارێکی زیاتر کولتووریی پایتەختی بداتێ.

لە لایەکی ترەوە، ئەگەر کوپێ قاوە پێش کۆرۆنا بە نزیکەی ١ یۆرۆ بوو بێت، ئێستا لە ٣ یۆرۆ نزیک بۆتەوە، ئەی چۆن کرێی خانووی ژوورێک لە ٣٠٠-٣٥٠ یۆرۆ نابێتە ٧٠٠ یۆرۆ و زیاتر؟.. دیارە ئەو بڕە پارە بۆ کرێی خانوو، زۆر بەرزە بەرامبەر بە داھاتی تاکێک لەم ھەرێمەدا. ژیانی خەڵکی تەواو سەخت بووە بەتایبەت ھەژاران.

ئەم پارتی چەپە ئاوڕی لە کێشەیەکی گەورە دایەوە، کە قەیران و کەمی خانووە، گرانی کرێیە. ئەم دیاردەیە ئێستا لە شاری بەرلین و زۆر شاری تری گەورە لە ئەڵمانیا و ئەوروپادا بەرچاوە.


ئیدی باس و داخوازی لە بواری ئابووری و ژینگە و پرۆژە و کێشەی خوێندن و نائارامی و نائاسایشی سیاسی و خانەنشینان و تەندروستی و دەیان کێشەی تر لە ئەجێندایاندا نەبوو. پێشتر لە پۆستی تردا باسم لەوە کردووە، چەپی ئەڵمان ھەموو ئامانج و دروشم و تێکۆشانی خۆی خستۆتە خزمەتی غەزەوە نەک فەلەستین!.

لێرەدا تیشکێ دەخەمە سەر ھۆکاری سەرکەوتنی چەپەکان و رۆڵی حەماس لەم بوارەدا..بەشێکی ئەو راستییە لە وتارێکی ئەمرۆی Der Tagesspiegelدا بڵاو کراوەتەوە.

بنەماڵەی یاخود خێڵی (رەمۆ) کە پێدەچێت کوردی لوبنان بن، وەک گەورەترین بنەماڵەی عەرەبی لوبنانی لێرە ناسراون، سەرۆکەکەیان عیسا ڕەمۆ، بەشداری لە ئاھەنگی سەرکەوتنی پارتی چەپدا کردووە و دڵخۆشی خۆی بە سەرکەوتنیان دەربڕیوە. بەپێی زانیاری رێکخراوی democ ناوبراو بە یاوەری بەناوبانگترین و چالاکترین کەسی دژە جولەکە و دژە ئیسرائیل ئیبراھیم ئیبراھیمی ھاتووە بۆ ئاھەنگەکە. کە ھەروەھا بەرپرسێکی دیاری چەپی سێکولاری تیرۆریست بەناوی (بەرەی گەل بۆ رزگاری فەلەستین) لە ئەڵمانیا و ھاوکات نوێنەری کۆمیتەی نیشتمانی فەلەستین خۆی ناساند.ئەمانە بە پێی دەستووری ئەڵمانی بە ڕێکخراوی تیرۆریستی ناوزەد کراون کە لە ریزەکانیاندا ئەندامی تیرۆریستی حەماس ھەن.

عیسا رەمۆ، بە سەرکەوتنی چەپ خۆشحاڵ بووە و بە پەنجەی دەستی ئاماژەی بە سەرکەوتن داوە. ئیبراھیم لە چالاکییەکی چەپەکاندا دوای رووداوەکانی ٧ ی ئۆکتۆبەر بە ناوی کۆمیتەی فەلەستینییەوە دوای بەرپرسی چەپ Ferat Koçak لە گەڕەکی نۆیکۆلن وتاری داوە و ستایشی خۆڕاگری یەحیا سەنیوری کردووە.

رەمۆ بەم سەرکەوتنە زۆر زۆر دڵخۆشە و پێی وایە رۆڵی گەورەیشی لەسەرکەوتنەکەدا گێڕاوە.. ئەم تاوانبارە بە پێی دەستووری ئەڵمانی گەورەترین دزییان لە دوو مۆزەخانەی بەرلین و درێسن کردوە کە بە سەدان کیلۆ زێڕ مەزەنە دەکرێت. ئەم بنەماڵە و زۆر رێکخراوی تر لەژێر پەردەی جۆراوجۆردا سەرگەرمی کاری کرمیناڵین.


ئەم دزییانە لەسەر بنەماڵەی ڕەمۆ تۆمار کراوە:


- بڕینی بانکی Sparkasse لە گەڕەکی ماریندۆرف ٢٠١٤ بایی ٩,٨ ملیۆن یۆرۆ.
- بڕینی مۆزەخانەی Bode Museum بایی ٣,٣ ملیۆن یۆرۆ.
- بڕینی قوتابخانە لە گەڕەکی بیسدۆرف ٢٠١٩. بایی ٨٠ ھەزار یۆرۆ.
- بڕینی مۆزەخانە لە شاری Dresden بایی ملیۆنەھا یۆرۆ.
زۆری شتی تریش..


ئامانجی چەپەکان ئەوەیە ئەوانەی دەوڵەمەند و خاوەن خانووی زۆرن لێیان بسەندرێت و دەستی بەسەردا بگرێت… لە کاتێکدا ساڵی ٢٠١٨ دەست بەسەر ٧٧ ماڵ و ڤیلای خودی بنەماڵەی رەمۆدا گیرا کە بە پارەی سپیکراوە کڕی بوویان.

ئەم بنەماڵەیە زۆربەیان کار ناکەن و خاوەنی جوانترین و گرانترین ئۆتۆمبیل و ڤیلا و حاڵ و ماڵن.. دزی گەورە گەورە و کاری مافیایی کاروپیشەیانە.. گەنجەکانیان خستۆتە ناو کچ و ژنی ئەڵمانەوە و بەناوی ھاوڕێیەتی و خۆشەویستی و پێشکەشکردنی یارمەتی و دابینکردنی مادەی ھۆشبەر و دەرمان و شتی ترەوە دەیان خەڵەتێنن بۆ بەدەستھێنانی زانیاری و پشتیوانی سیاسی و یاسایی.. کاتێکیش دەگیرێن ھەر بە زەبری پارەدانی زۆر بە چەندین پارێزەر لە بری یەک پارێزەر یان ھەڕەشەی کوشتن خۆیان دەرباز دەکەن. چەپەکان ئامانجێکی تری ھەستیاریان ھەیە، لەم کاتەدا کە کرمینالیتێت و کوشتن و کاری تیرۆر زیادی کردووە و خەڵک پێویستی بە ئاسایش و ئارامییە و داوا دەکەن دەوڵەت دەبێت بیانپارێزێت، ئەوان دەیانەوێ ژمارەی پۆلیس زۆر کەم بکەنەوە.. لە ئەگەرێکی وادا ئەوکات رەمۆئاساکان زیاتر ئەرزیان بۆ تەخت دەبێت و بە ئارەزووی خۆیان بەردەوام دەبن لەسەر کارە مافیاییەکانیان و بە سانایی پەلوپۆ دەھاوێژن و کەس نامێنێت، رێگرییان لێ بکات.. ئەمانە وڵاتی بێ یاسا و پۆلیسیان دەوێ و تا گۆمەکە بشڵەقێ باشتر مەلەی خۆیان دەکەن..ھەربۆیە رەمۆ لەمەشدا ھاوکارە و دڵخۆشە بەم دروشم و داوا و سیاسەتەی چەپەکان. دیسان پێش چەند ساڵێک کاتێ دەوڵەت ھەڵمەتی گرتنی ئەم مافیایانەی دا ویستی ستراکچەرەکەیان تێک بشکێنێ چەپەکان دژی دەوڵەت وەستانەوە.

سەرۆکی شارەوانی یاخود پارێزگاری ئێستای بەرلین Kai Wagner، دەنووسێ: لەکاتێکدا چارەنووسی ئەم شارە دەکەوێتە دەست چەپەکان، دەبێت ھەڵوێستیان روون و دیار بێت بەرامبەر بەم جۆرە رێکخراوە مافیا و کریمینالانە.. ئەوەی بەرلین بەڕێوە دەبات دەبێت بەرپرس بێت لەم شارە و دەوڵەتی یاسا بپارێزێت..

ھاوسەرۆک و قسەکەری پارتی سەوزەکانیش خاتوو Nina Stahr بە توندی دژی بەشداری رەمۆ بوو ، داوای روونکردنەوە لە چەپەکان دەکات. لەمەڕ دیاردەی دژەجولەکە/ ئەنتیسیمیتیموس لە گەرەکی نیویکۆلن کە زۆرینەی رەھای عەرەبە دەڵێ: دەبێت پێش پێکھێنانی حکومەت ئەو پرسەش روون بکرێتەوە. ئەمە دژی ئازادی ..

ئەوەی سەیر و سەمەرە و جێی پرسیارە پۆلیس ھیچ لەمەڕ بەشداری رەمۆ و ئەندامانی بنەماڵەی لە ئاھەنگی چەپەکاندا ناڵێت؟.. دوور نییە تەڵەیەک بێت بۆ چەپەکان نرابێتەوە. ئیتر کەس لە سیاسەتی ئەم وڵاتە تێ ناگات؟!، ئەم بنەماڵەیە یەکە بە یەکەیان بە عەشیرەتی کرمینالەکان ئەوانەی کاری تاوان ئەنجام دەدەن ناویان تۆمار کراوە. ئەوە ھەندێ کەسایەتی سیاسی و رۆژنامەنووسە پرسەکەیان گەورە کردووە.

دوێنێ رۆژی ٢٢.٩.٢٠٢٦ چاتکرنێکی نێوان Feret Koçak پەرلەمەنتاری چەپەکان لە گەڕەکی نیوکۆلن و کوڕێکی رەمۆ ئاشکرا بوو و ھەراکەی خۆشتر کرد. فەرات داوای شت لە رەمۆ دەکات. کاتێ تێلەکۆم ئەم چاتەی ئاشکرا کرد فەرات کەوتە تەنگەتیلەییەوە، سەرەتا نکۆڵی کرد، دوایی وتی: نازانم لەگەڵ کێ چاتم کردووە و من پەیوەندیم بەو بنەماڵەیەوە نییە.


بەڵام ئەوەی لە نێوان فەرات و فراسدا باسکراوە، هەردوولا سوپاسی یەکتریان کردووە.. داواکراوە یەکتر ببینن لە نوسینگە و فەرات ڤیدیۆیەکی بۆ فراس ناردووە کە وتارێکی خۆیەتی لە پەرلەمان سەبارەت بەو پەلامارانەی بۆ سەر بنەماڵەکان دەکرێت و بە کارێکی راسیستی و نەشیاو باسی کردووە. داوا لە فراس دەکات بە هەموو ئەندامان و دۆستانی بنەماڵەکەیدا بڵاوی بکاتەوە.


ئێستا فەرات دانی بە هەڵەکەیدا ناوە، چونکە خۆی و حیزبەکەی خستۆتە ژێر گوشارێکی زۆری حکومەت و لایەنە سیاسییەکانی ترەوە. هیچ گومان لەوەدا نییە ئەمە بە پلان کراوە و دوور نییە ڕێکەوتنێک نەکرا بێت لە نێوان چەپ و بنەماڵەی رەمۆدا؟!.. ئایندەش زۆر شتی تریش ئاکرا دەکات.


پارتە سیاسییەکان لەوە دەترسن ئەم گرووپە مافیایی و تیرۆریستییانە بگەنە ناوەندە نهێنییەکانی حکومەت و شوێنە هەستیارەکانی بڕیاردان.


بە کورتی:


چەپەکان بە دەنگی ئیسلامییەکان دەرچوون و خۆیان ئەو بنکە جەماوەرییە بەهێزەیان نییە . ئەو ڕێکخراوانەی وەک حماس و حیزبووڵا و کۆمەڵێ رێکخراوی تری فەلەستینی و عەرەبییەوە کە لە بەرلین دروست کراون و چەپەکان دۆست و هاوکاریانن، رۆڵیان گێڕاوە لەسەرکەوتنی چەپەکان.. چەپەکان جەژنی 1ی ئایاری ئەمساڵیان ناونا(غەزە).. وەک هەرچی پرۆلیتاریای دنیایە لە غەزە لە ریزەکانی حماسدا کۆبووبنەوە؟!..ئەمە باشترین بەڵگەی کاریگەری ئەوانە لەسەر چەپەکان.

چ کارەسات و بەڵا و سەرلێشێواوی و شپرزەییەکی فکری و سیاسییە؟! سەردەمێکی پڕ لە پڕوپووچییە!


دیارە موسڵمانی نەتەوەکانی تریش بە تایبەت تورکی ئەردۆغانی و ئەوانی تر لە ئاسیا و ئەفریقا و ئەوروپای رۆژهەڵات هاوسۆزی پرسی ئیسلام و فەلەستینن و زۆرینەیان دەنگیان بە چەپ داوە.ئەمانە بە نزیکەی نیو ملیۆن مەزەنە دەکرێن..

بە واتایەکی تر، کابرا ئیسلامییە، نوێژ و رۆژ و دەکات و بە پارەی سۆشیال - ئەمەیان حەرام نییە وەری بگرن!- لێرەوە دەچێت بۆ عەمرە و حەج، کەچی بۆ پرسی سیاسی دەنگ بە چەپ دەدات.. ئەمەش کەسایەتییەکی دووفاقی لێ دروست کردوون . کەواتە ئەم جۆرە کەسانە لەگەڵ گەردوو لادا درۆ دەکەن . دەنا حیزبوڵا و حەماس خۆیان سەری کۆمۆنیستی وڵاتی خۆیان پان دەکەنەوە، خێرە لە ئەوروپا دەبنە هاوپەیمانی ( علنی و مخفی) چەپەکان؟!

ئەم دیاردەیە زۆر ترسناکە.


خاڵێکی تر کە دەمەوێ ئاماژەی پێ بدەم ئەوەیە، ئەم گرووپە عەرەبی و ئیسلامییانە، بەشێکی زۆریان دەنگیان داوە بە پارتی ئەڵتەرناتیڤی ئەڵمانیا، کە راستڕەوە و بەچکە نازین و دووەم دەنگیان هێناوە. ئەمەشیان بۆ ئەگەری سەرکەوتنی ئەم پارتە کردووە تاوەکوو جێگە و پێگەی خۆیان مسۆگەر بکەن.


بەڵێ، ئەم حیزبە ئیسلامی و عروبەییانە بەم پێوەرانە کار دەکەن. پێوەرگەلێک لەگەڵ هیچ بەهایەکی ئەخلاقی و ئەرزی و ئاسمانیدا جووت نایەتەوە.

برالەی چەپ و کۆمۆنیست و موسڵمان..


بە ئەمەک و دڵسۆزییەوە بەردەوام بە لەسەر ڕێبازی خۆت، بەس ئەوەندە بزانە زۆرن ئەوانەی هەردوو ئایدۆلۆژیا و ئاین بۆ بەرژەوەندی نەتەوەیی و سیاسی خۆیان بەکار دێنن. مێژوو تژییە لە نموونەی جۆراوجۆر و داگیرکەرانی کوردستانیش لە پێشەنگی ئەو دەوڵەت و میللەتانەن کە پەیڕەوی ئەم سیاسەتە دەکەن..
تۆش هەڵگری هەرچی بوویت، نەتەوە و نیشتمانی خۆت لەبیر نەچێت و ئەو شتانە وەک ئامڕاز بۆ خزمەت بەکار بهێننە.. رزگارکردنی خاک و نەتەوەیەک لە کوێرەوەریی بندەستی و ستەمکاریی گەورەترین خزمەتە بە مرۆڤایەتی..


دواجار پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی لە بەرلین سەخت دەبێت و ئێستا دەنگی ناڕەزایی زۆر لەسەر هەڵوێستی چەپەکان بەرز بۆتەوە. چەپەکان هەر دۆستی ئەم گرووپە رادیکال و تیرۆریست و جیهادی و لە یاسادەرچووانە نین، بەڵکوو هاوپەیمانێکی بە ئەمەکی پۆتین و رووسیان و تەنانەت گومان دەکرێت، وابەستەیی و پێکەوە کارکردنیان هەبێت.


بە واتای ئەوەی هیچ شتێکیان بۆ ئەڵمانیا لە هەگبەدا نییە و پاشکۆ ئەجێندای دەرەکین.ئاخر ساتەوەختێ ئایدۆلۆژی و گوایە خەباتی دژە کاپیتالیستی ئەمەریکا هێزە وزەبەخش و ستراتیژ بێت،ئەوە راستییەکان فەرامۆش دەکرێن و مرۆ بەر شەوارە دەکەوێت. دەنا لە ئەڵمانیادا هێندە کێشە و گرفت هەیە، دەیان پارتی چەپ و کۆمۆنیستی لە عۆدەیان نایەت چارەسەریان بکات.. کەواتە ئەی خێرە تۆی چەپ بوویتە سوورەی بەرلەشکری غەزە و مۆسکۆ؟!؟


هاوڕێی !! ئەمە پاشخانی سەرکەوتنی هاوڕێ چەپەکانتانە لە بەرلین، لە وڵاتی مارکس..


ئیماندارەکان!! ئەوە هاوباوەڕەکانتانە دەنگ بە چەپ و کۆمۆنیست دەدەن بۆ پەیداکردنی ڕەوایەتی زیاتر لە پێناوی کارە قێزەونەکانیاندا..


بەڵێ ئەمانە ئاوا، ئەمەش چیرۆکە ڕاستەقینەکەیە،کە ئەوانە خەبات و تێکۆشانیان بەم شێوەیە کردووە و هەردەم دەکەن.


گرنگ بوو ئاگاری ئەم چیرۆکەش بن، بۆ ئەزموونێکی نوێ.

 

ماڵپه‌ڕی هه‌ڵۆ محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک