٢٣\٤\٢٠١٥
سەرکەوتنی کورد،
پەیوەستە، بە گۆڕینی ناخی تاک.

ئارام ھادی*
گۆڕینی ناخی مرۆڤ، دەتوانم بڵێم کاری ھەرە لە پێشینەی، (ئەکادیمیای
سیاسەت و ھزری دیموکراسی)یە، لەبەرئەوەی بە
گۆڕینی ناخ و ئازاد بونی ئەقڵ، لەدەست کۆت و بەندەکان، ئەوا
کۆمەڵگایەکی تەندروست دێتە بەرھەم، کە دواجار ھەر گەلی کورد قازانجی
سەرەکی دەبینێت لەم بابەتەدا،
ھەڵەی ھەرەسەرەکی کە تا ئێستا گەلی کورد، پێوەی دەناڵێنێت، نەبونی
وشیاریەکی نەتەوەییە، بەجۆریک تاکی توشی گێژاوێک لە سەرگەردانی کردوە،
ئەگەر مرۆڤ بە قوڵی بیربکاتەوە، ڕێگاکانی خۆ دەوڵەمەندکردن، بەبیر و
بۆچونی پێویست پڕبکاتەوە زۆرن، گومانیشی تێدانیە تامەزۆریی تاکی کوردی
بۆ شکاندنی تینوێتیەکەی بە کلتورە سروشتیەکەی خاڵێکە دەبێت ھەوڵی
ڕاستەقینەی لەگەڵ بدرێت، چونکە بە بڕوای من لە ئێستادا گەلی کورد
ئامادەیی ئەوەی تێدایە، کە نزیک بیتەوە لە بیرە نەتەوەییەکان.
ئەمەش لە دوای ئەوە دێت، کە لەڕابردوودا، زۆرترین فکر و سیستەمی بیگانە
لە وڵاتی ئێمە تاقی کرایەوە، بەڵام ھیچی نەبوە جێگەی دڵخۆشی، نمونەی
فکرە (چەپەکان، لیبڕاڵ دیموکرات، ئیسلامی سیاسی بە ھەردوو بەشی توندڕە
و میانڕەو، ھتد..)، ئەم سیستەم و فکرانە نەبونە سەرچاوەی ئیلھام بۆ
گەلی کورد، یان بەشێوەیەکیتر گەلی کوردیان لە دۆزە پیرۆز و ڕەواکەی
نزیک نەکردەوە.
لەکاتێکدا کەرەستەی گۆڕانکاری لە باشوری کوردستاندا زۆرن، بەڵام لە
ڕابردوودا حزبە سیاسیەکانی کوردستان نەیان توانیوە یان نەیان ویستوە،
سود لەو کەرەستانە وەربگرن، بە درێژایی ماوە ٢٤ساڵ لە حکومڕانی ھەرێمی
کوردستان، تا ئێستا گەل نەھاتۆتە سەر ڕێچکەی سروشتی خۆی، کە دەتوانرا
لە ڕوی (سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابوریی)، و سەرجەم کایەکانی ترەوە،
وشیاریەکی پێویست نیشانی گەل بدرێت.
بۆئەم مەبەستە پەروەردە کردنی بەردەوامی تاک پێویستیەکی حەتمیە، کە بە
بەردەوامی لە ئەکادیمیاکاندا، گەل پەروەردە بکەین، بەداخەوە گەلی کورد
لە ئەکادیمیا کۆمەڵایەتیەکان بێ بەشە، ھەرچەندە کەم تا زۆر ئەکادیمیای
حزبی ھەن لە باشوری کوردستاندا، بەڵام کیشەکە لەوەدایە، کاری ئەم
ئەکادیمیایانە پەروەردەکردنی تاکە بۆ خزمەتی حزب، نەک بۆخزمەتی نەتەوە.
لێرەدا (ئەکادیمیای سیاسەت و ھزری دیموکراسی) کە ڕێکخراوێکی ناحکومیە و
سەربە ھیچ حزبیکی سیاسی نیە، مۆڵەتی فەرمی لە ( فەرمانگەی ڕێکخراوە
ناحکومیەکان) وەرگرتوە، کاردەکات بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە فکریەی، کە
لە ئێستادا لە باشوری کوردستان بەدی دەکرێت، کاری ئەم ڕێکخراوە قازانج
نەویستە و بۆ خزمەتی کۆمەڵگای کوردی کاردەکات، بە کردنەوەی بەردەوامی
خولی پەروەردەیی، لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان، بەمەبەستی
ئامادەکردنی گۆڕینی زھنیەتی تاک لەو گێژاوەی تێی کەوتوە، ئامادەکردنی
تاک بە ئەقڵێکی نەتەوەیی سەردەم، کە لەگەڵ ئەمڕۆی ناوچەکە و جیھان
بگونجێت، سەرچاوەی وزەی لەبەردەست بۆ گۆڕین و بەھێزکردنی ناخی مرۆڤ،
کلتوری سروشتی و پەتی کوردییە، چونکە ئەگەر لەمێژوو بڕوانین، گەلی کورد
خاوەنی چەندان، پێشەنگایەتی جیھانیە، لە ڕووی شارستانیەت و پەیامە
ئاسمانیەکان و شوێنی لەدایک بونی ھەردوو لانکەی مرۆڤایەتییە.
)ئەکادیمیای سیاسەت و ھزری دیموکراسی) ھیچ مەبەستێکی تایبەتی بۆ
بەرژەوەندی ئەکادیمیانیە، تەنھا لەبەرژەوەندی گشتیدا کاردەکات و بڕوای
وایە، لەبەدەست ھێنانی قازانجی گشتیدا، ئێمەش وەک ئەکادیمیا قازانج
دەکەین، لەلایەکیترەوە ئەم ئەکادیمیایە، مرۆڤ بۆ حزبی سیاسی پەروەردە
ناکات، تەنھا بۆ کورد و کورد بون، تاکی کوردی پەروەردەدەکات.
نمونەی ئەم ئەکادیمیایە لە وڵاتانی پێشکەوتوی جیھانی و ناوچەکەش ھەیە،
تەنانەت لەھەردوو بەشی باکوری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستانیش ھەن،
لەبەر ئەمە بەباشمانزانی کە لێرەش ئەو بۆشاییە پڕبکەینەوە.
____________________________
*
ئەکادیمیای سیاسەت و ھزری دیموکراسی.
aramhadi90@yahoo.com
|