په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\٢\٢٠١٠

سه‌رکرده‌ سیاسییه‌‌کانی ینک و پدک، گۆڕان و ئیسلامییه‌‌کان،

بازرگانانی خوێن و نه‌هامه‌تین، کاندیده‌کانیشیان دوکانداری درۆن.

 

ئامانج پیرۆت

 

دڵنیام زۆرێک له‌ خوێنه‌رانی ئه‌م چه‌ند دێڕه‌، له‌ بیره‌وه‌ری خۆیاندا هه‌موو یان به‌شێک له‌و مێژووه‌یان له‌ بیره‌ که‌ سه‌رکرده‌ سیاسییه‌کانی ینک و پدک به ناوی خه‌بات بۆ ڕزگاری کورد و کوردستان و‌ کوردایه‌تی یه‌که‌یانه‌وه‌ ده‌یان هه‌زار که‌سیان به‌کوشت دا، ده‌یان هه‌زاریان تووشی زیندان و سه‌دان هه‌زاریان توشی ئاواره‌یی کرد و دواتریش ئه‌وه‌یان به‌ چاوی خۆیان بینی که‌ مانای واقعی ئه‌مانه‌ جگه‌ له‌ دروستکردنی میلیشیایه‌ک و دواتریش حکومه‌تێک بۆ ده‌ستگرتن به‌سه‌ر سه‌روه‌ت و سامانی کۆمه‌ڵگا له‌لایه‌ن خۆیان و چینه‌ داراکانه‌وه‌ و بێبه‌ش کردنی زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری خه‌ڵک لێی و دروستکردنی زه‌مینه‌یه‌ک بۆ چه‌وساندنه‌وه‌ی چینه‌ نه‌داره‌کان و سه‌رکوت کردنیان و یاری کردن به‌ چاره‌نوسیان، شتێکی تر نه‌بوو! به‌ واتایه‌کی تر ئه‌مانه‌ شتێک نه‌بوون بێجگه‌ له‌ بازرگانانی خوێن و نه‌هامه‌تی و توانی یان به‌ فریودانی خه‌ڵک خوێن و نه‌هامه‌تی یه‌کانی ئه‌وان بکه‌ن به‌ هێز و سه‌روه‌ت و سامان بۆ خۆیان و چینه‌ داراکان. هه‌ر له‌م نێوه‌شدا کارنامه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ی کاندیده‌کانی ئه‌و حزبانه‌ ئه‌وه‌ی ده‌رخستووه‌ که‌ ئه‌وان بێجگه‌ له‌ دوکانداره‌کانی درۆی ناو ئه‌و بازاڕه‌ی که‌ بازرگانه‌کانی خوێن و نه‌هامه‌تی دروستیان کردبوو و به‌ڕێوه‌یان ده‌برد، شتێکی تر نه‌بوون.

 

به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ ڕه‌نگه‌ بۆ زۆر که‌س ڕوون نه‌بێت ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئایا گۆڕان و ئیسلامی یه‌کان چی له‌ هه‌گبه‌که‌یاندایه‌؟ ئه‌ی ئه‌و هه‌موو پرۆفیسۆر و دوکتۆر و یاساناس و مه‌لا و مامۆستایانه‌ی که‌ خۆیان بۆ په‌رله‌مان کاندید کردووه‌ چ کاره‌ ده‌بن؟

 

ئه‌گه‌رچی من دڵنیام هه‌مووی چه‌ند ساڵێکی تره‌ و مێژوو و واقع وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ ده‌ده‌نه‌وه‌ و نه‌ سه‌رکرده‌ سیاسی یه‌کانی گۆڕان و نه‌ سه‌رکرده‌ ئیسلامی یه‌کانی یه‌کگرتوو و کۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌و چاره‌نووسه‌ ده‌رباز نابن که‌ واقعیه‌تی چینایه‌تی و دابه‌شبوونی کۆمه‌ڵ بۆ دوو چین و خزمه‌تکارێتی ئه‌وان بۆ چینه‌ داراکان و دژایه‌تی کردنیان بۆ چینه‌ نه‌داره‌کان و بیروباوه‌ڕی یه‌کسانی خوازییان به‌سه‌ریاندا ده‌یبڕێت. به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ لێکدانه‌وه‌ زانستی یه‌کانی ڕابه‌رانی چینه‌ نه‌داره‌کان ئه‌وه‌نده‌ توانایان داوه‌ به‌ چینه‌ نه‌داره‌کان که‌ ته‌نیا چاوه‌ڕێی تاقیکردنه‌وه‌ی ئه‌و کاره‌سات و نه‌هامه‌تی یانه‌ نه‌که‌ن که‌ خزمه‌تکاره‌کانی چینه‌ داراکان به‌سه‌ریان ده‌هێنن و خوێن و ڕه‌نجیان ده‌که‌نه‌ قوڕی نه‌هامه‌تی یه‌کانیانه‌وه‌ و خشت خشتی بینای هێز و حکومه‌ت و داموده‌زگاکانی فریودان و سیخوڕی و سه‌رکوتگه‌ری خۆیان دروستکه‌ن و بکه‌ونه‌ وێزه‌ی چینه‌ نه‌داره‌کان، به‌ڵکو ده‌کرێت پێشوه‌خت پێشبینی بکرێن و ڕێگه‌یان پێبگیرێت و هه‌ر له‌ سیاسه‌ت و به‌رنامه‌ و ئیدیعا و شیعار و زاراوه‌کانیانه‌وه‌، دڕنده‌یی و بازرگانێتی یان به‌ خوێن و ڕه‌نجی چینه‌ نه‌داره‌کانه‌وه‌ نیشان بدرێت. ئه‌و ڕێنوێنی یانه‌ی ڕابه‌رانی چینه‌ نه‌داره‌کان ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێن که‌ ئه‌وان له‌م چوار ساڵه‌ی داهاتوودا ئه‌و هێزه‌ سیاسی و یاسایی و دارایی و ڕاگه‌یاندنه‌ی که‌ به‌ داخه‌وه‌ له‌ نۆره‌یه‌کی تری فریوخواردنی چینه‌ نه‌داره‌کانه‌وه‌ به‌ده‌ستی دێنن بۆ ئه‌وه‌ ده‌یخه‌نه‌ کار که‌:

 

ئه‌وه‌ له‌ بیر ئینسانه‌کان ببه‌نه‌وه‌ که‌ ئینسانن و به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن خۆیان به‌ ئینسان نه‌زانن به‌ڵکو خۆیان به‌: کورد، عه‌ره‌ب، سوننی، شیعه‌، مه‌سیحی، یه‌زیدی، شه‌به‌ک،....  بزانن. ئایا ئه‌مه‌ هه‌ر ئه‌وه‌ نی یه‌ که‌ سه‌رجه‌م دڕنده‌کانی مێژوو و بازرگانه‌کانی خوێن کردوویانه‌؟ ئایا کاتێک هێزێک به‌ به‌رنامه‌ و به‌ به‌کارهێنانی چه‌ندین داموده‌زگا به‌دوای ئه‌وه‌وه‌ بێت که‌ ئینسان وه‌ک ئینسان له‌ خۆی نه‌ڕوانێت و له‌ ده‌وروبه‌ری خۆی ئینسان نه‌بینێت و ئه‌وه‌ی ده‌یزانێت و ده‌یبینێت ئه‌وه‌ بێت که‌ ئه‌و کورده‌، عه‌ره‌به‌، سوننی یه‌، شیعه‌یه‌، .... و هه‌موو ڕؤژێکیش ئه‌وه‌ی به‌ گوێ دا بقیڕێنرێت که‌ ئه‌مانه‌ کێشه‌ و ململانێیان هه‌یه‌ و به‌شی یه‌ک ده‌خۆن، دوژمنی یه‌کن، نابێت قبووڵ بکرێت، بێجگه‌ له‌ ژه‌هراوی کردنی مێشکی ئینسانه‌کان و ئاماده‌کردنیان بۆ دوژمنایه‌تی و کوشت و کوشتار چی لێده‌که‌وێته‌وه؟ جگه‌ له‌ بازرگانانی خوێن و نه‌هامه‌تی کێ له‌مه‌دا سودمه‌ند ده‌بێت؟

 

به‌مه‌به‌ستی بێبه‌شکردنی چینه‌ نه‌داره‌کان له‌ سامانی کۆمه‌ڵگا، سه‌ره‌تا دیفاع له‌ زه‌وتکردنی سه‌روه‌ت و سامانی کۆمه‌ڵگا له‌ لایه‌ن حکومه‌ته‌وه‌ ده‌که‌ن و پاشان ورده‌ ورده‌ ڕێگه‌ بۆ ئه‌وه‌ خۆش ده‌که‌ن که‌ به‌ هه‌رزان و تاڵان بکه‌ونه‌ ژێر ده‌ستی سه‌رمایه‌دارانی ناوخۆ و ناوچه‌که‌ و جیهان. که‌رتی تایبه‌ت و موڵکایه‌تی تایبه‌تی لایان موقه‌ده‌سه‌ و به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک دیفاعیان لێده‌که‌ن. یاساکانی‌ زیاتر چه‌وساندنه‌وه‌ و به‌ کۆیله‌ کردنی چینه‌ نه‌داره‌کان جێگیر ده‌که‌ن و لایه‌نگری هه‌مه‌ لایه‌نه‌ی چینه‌ داراکان ده‌که‌ن. هه‌وڵ ده‌ده‌ن خۆیان و مناڵ و که‌سوکاریان بچنه‌ ڕیزی ئه‌و چینه‌ داراکانه‌وه‌ و هه‌ریه‌که‌تان ده‌بنه‌ خاوه‌نی چه‌ندین کۆمپانیا و قه‌سر و قسور و ژن و که‌نیزه‌ک و سه‌یاره‌ و سه‌ردانی وڵاتان و ملیۆنه‌ها دۆلار.

 

هه‌وڵ ده‌ده‌ن هه‌زار و یه‌ک به‌ند و به‌ست له‌گه‌ڵ هێزه‌ کۆنه‌په‌رست و ده‌وڵه‌ته‌ دژی ئینسانی یه‌کان و سه‌رمایه‌داره‌ ناوچه‌یی و جیهانی یه‌کاندا گرێ بده‌ن و داهاتووی خه‌ڵک بخه‌نه‌ ناو ئه‌و گه‌مه‌ سیاسی و ئابووری یانه‌وه‌ که‌ ته‌نیا قازانجی بۆ سه‌رمایه‌داران هه‌یه‌ و چینه‌ نه‌داره‌کان ده‌بێت باجه‌کانی به‌ خوێن و هه‌ژاری و ده‌یه‌ها نه‌هامه‌تی بده‌ن.

 

هه‌وڵ ده‌ده‌ن هه‌میشه‌ خه‌ڵکی کوردستان ئه‌و کێشانه‌ی هه‌بێت که‌ ته‌نیا خۆتان و چینه‌ داراکان سوودیان لێوه‌رده‌گرن و وه‌ک سکرتێری گشتی ینک له‌ خوا ده‌پاڕێنه‌وه‌ چه‌ندین هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌نفال ببێته‌ نسیبی خه‌ڵکی کوردستان، تا له‌ دڕندایه‌تی مونافه‌سه‌کانتانه‌وه‌( که‌ ئه‌وانیش وه‌ک ئێوه‌ دوژمنی چینه‌ نه‌داره‌کانن) ئه‌وه‌ بۆ خه‌ڵک بسه‌لمێنن که‌ ئه‌وه‌تا دنیا مه‌یدانی شه‌ڕی نه‌ته‌وه‌کانه‌، مه‌یدانی شه‌ڕی دین و تایفه‌کانه‌ نه‌ک مه‌یدانی شه‌ڕی چینایه‌تی.

 

هه‌رچی کاندیده‌کانیشیانه‌، دوای چوار ساڵی تر ده‌یانبینینه‌وه‌ که‌ گیرفان و حسابی بانکی یان و جۆری سه‌یاره‌ و خانووه‌کانیان و سه‌ردان و گه‌شتی وڵاتان و جۆری مه‌کته‌ب و خوێندنی مناڵه‌کانیان و بێمنه‌تی یان به‌ خه‌ڵک چۆن ده‌بێته‌ ده‌نگوباسی ناو خه‌ڵک.

 

به‌ڵام هه‌ر ئێستاش ده‌توانین ئه‌وه‌ بزانین که‌ ئه‌م که‌سانه‌ چ کاره‌ن و به‌ دوای چی یه‌وه‌ن:

 

له‌ ڕاستیدا ئه‌وان بێجگه‌ له‌ که‌سانێک که‌ ده‌یانه‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه‌ ئاستێک له‌ ئاسته‌کانی ژیان و مه‌وقعیه‌تی چینه‌ دراکانی کۆمه‌ڵگه‌( که‌ خۆیان باش ده‌زانن کۆمه‌ڵگا زۆر به‌ خێرایی به‌ره‌و دابه‌شبوونێکی قووڵ ده‌چێت و تادێت پلان و به‌رنامه‌ی چینه‌ داراکان له‌ ئاستی جیهان و ناوچه‌که‌ و ناوخۆدا، چینه‌ نه‌داره‌کان و ئینسانه‌ شه‌ریفه‌کان ڕوبه‌ڕوی مه‌ینه‌تی و نه‌هامه‌تی تر ده‌کاته‌وه‌) و بێجگه‌ له‌ پرۆفیسۆر بوون و دوکتۆر بوون و مه‌لا بوون و مامۆستا بوون و یاساناس بوون، په‌نایان بۆ (که‌سابه‌تێکی تر) بردووه‌ که‌ تیایدا ئیعتیباری پێشتری خۆیان و به‌ڵێن دان به‌ خه‌ڵک و خزمه‌تکاری یان به‌ بازرگانه‌کانی خوێن و نه‌هامه‌تی، بکه‌ن به‌ پاره‌ و پۆست، بێجگه‌ له‌وه‌ی که‌ ده‌یانه‌وێت ببن به‌ دوکانداری درۆ فرۆشتن تا بڕێک له‌و سه‌روه‌ت و سامانه‌یان ده‌ست بکه‌وێت که‌ بازرگانانی خوێن و نه‌هامه‌تی له‌ به‌ کوشتدان و چه‌وساندنه‌وه‌ی چینه‌ نه‌داره‌کان و تاڵانکردنی سامانی کۆمه‌ڵگا به‌ده‌ستی دێنن، بوونه‌وه‌رێکی تر نین. ئه‌گینا که‌سێک که‌ خۆی ده‌خاته‌ پلان و به‌رنامه‌ی بازرگانانی خوێن و نه‌هامه‌تی یه‌وه‌ ده‌بێت چی له‌ده‌ست بێت؟ ئه‌و ده‌توانێت له‌ وڵاتێکدا که‌ گه‌مه‌ی سیاسی ئه‌م بازرگانانه‌ له‌ سه‌ده‌ی بیست و یه‌کدا به‌ ناوی نه‌ته‌وه‌ و دین و تایفه‌وه‌ وڵاتی کردبێته‌ چه‌ندین به‌شی دوژمن به‌ یه‌کتره‌وه، چه‌ندین داموده‌زگای فریودان و ترساندن و سه‌رکوت و سیخوڕی یان به‌ردابێته‌ گیانی چینه‌ نه‌داره‌کان، ده‌یان یاسایان به‌ قازانجی سه‌رمایه‌داران دانابێت، چه‌ندین به‌ندوبه‌ستیان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان و چینه‌ داراکان و له‌ دژی چینه‌ نه‌داره‌کان گرێ دابێت، چینێکیان له‌ خه‌ڵک له‌ هه‌موو سه‌روه‌ت و سامان و هۆی به‌رهه‌مهێنان و وشیاری و ڕێکخراوبوون دابڕیبێت، له‌ ژێره‌وه‌( عه‌قد و په‌یمان) ی بۆ ئه‌و سه‌رکرده‌ و حزب و لایه‌نانه‌ ئیمزا کردبێت، ئیتر کام له‌م کاندیدانه‌ ده‌توانن بۆ ئازادی و مافه‌کانی خه‌ڵک و به‌شی خه‌ڵک وه‌فادار بن؟ ئایا ئه‌مه‌ ته‌نیا درۆ فرۆشتن نی یه‌ کاتێک به‌خه‌ڵک ده‌ڵێن متمانه‌یان پێ بکه‌ن و بیاننێرنه‌ په‌رله‌مان و به‌ڵێنیان ده‌ده‌نێ که‌ ئاوات و ئامانجه‌کانیان به‌دی بێنن، له‌ کاتێکدا چ ده‌سڵاتی سه‌رکرده‌کانیان و حزب و لایه‌نه‌کانیان و چ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و چینه‌ی که‌ ئه‌وان هه‌ر له‌سه‌رده‌می پێکوڕه‌یی یه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ ئه‌و کاته‌ی که‌ هێزیان گرتووه‌ و باز بازێن ده‌که‌ن خزمه‌تیان کردووه‌ و ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستیان هاتبێت بۆ دژایه‌تی کردنی چینه‌ نه‌داره‌کان و بیرو باوه‌ڕ و هه‌ڵسوڕاوه‌کانیان درێغی یان نه‌کردووه‌، پێویستی به‌و دوژمنایه‌تی یه‌ نه‌ته‌وه‌یی و دینی و تایفی یانه‌ و به‌و بێمافی و ترساندن و سه‌رکوت و هه‌ژاری و چه‌وساندنه‌وه‌ و بێده‌سڵاتی یه‌ هه‌یه‌ که‌ به‌سه‌ر چینه‌ نه‌داره‌کاندا بسه‌پێنرێت؟

 

پێوه‌ری چینه‌ نه‌داره‌کان بۆ ڕاستگۆیه‌تی و دڵسۆزی هه‌ڵسوڕاوه‌کانی خۆی ته‌نیا و ته‌نیا ده‌بێت، بریتی بێت له‌: هه‌وڵدانیان بۆ ئاشکرا کردنی هه‌بوونی چینه‌ جیاواز و دژبه‌یه‌که‌کان بێت له‌ کۆمه‌ڵگا دا، هه‌وڵدان بێت بۆ  حه‌ساس کردنی چینه‌ نه‌داره‌کان به‌رامبه‌ر هه‌موو ئیدیعا و جموجوڵ و به‌رنامه‌ و پلانێکی چینه‌ داراکان و پارێزه‌ره‌ جۆراوجۆره‌کانیان و وشیار کردنه‌وه‌ و ڕێکخراوکردنی چینه‌ نه‌داره‌کان و له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م پێوه‌رانه‌ هه‌رکه‌س بیه‌وێت نکولی له‌وه‌ بکات که‌ کۆمه‌ڵگا دوو چینه‌، نکولی له‌وه‌ بکات که‌ دین و حکومه‌ت و داموده‌زگاکانی ته‌نیا به‌رژه‌وه‌ندی چینه‌ داراکان ده‌پارێزن، نکولی له‌وه‌ بکات که‌ بانگه‌شه‌ کردن و هه‌وڵدان بۆ داماڵینی سیفه‌تی ئینسان له‌ ئینسان و ناساندنی وه‌ک که‌سانی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ک یا دین و تایفه‌یه‌ک، بێجگه‌ له‌ دوژمنایه‌تی ئینسان به‌ گشتی و چینه‌ نه‌داره‌کان شتێکی تر نی یه‌، نکولی له‌وه‌ بکات که‌ چینه‌ داراکان به‌ر له‌وه‌ی ه‌پرله‌مانێکیان هه‌بێت، سه‌روه‌ت و سامانی کۆمه‌ڵگا و هۆیه‌کانی به‌رهه‌مهێنانیان داگیر کردووه‌ و چینه‌ نه‌داره‌کانیان بێبه‌ش کردووه‌ و به‌مه‌ زه‌مینه‌ی سه‌پاندنی مه‌رجه‌کانی خۆیانیان پته‌و کردووه‌، نکولی له‌وه‌ بکات که‌ هه‌ر جۆره‌ پاساو دان و پشتگیری و به‌رگری یه‌ک له‌ موڵکایه‌تی حکومه‌ت و سه‌رمایه‌داران به‌ مانای هێشتنه‌وه‌ی چینه‌ نه‌داره‌کانه‌ له‌ ده‌روه‌ی ئیمکاناتی ژیان و پاراستنی ئیراده‌ و ئازادی،... ئه‌وه‌ بێجگه‌ له‌ خزمه‌تکارێکی کرێگرته‌ی چینه‌ داراکان و دوژمنێکی چینه‌ نه‌داره‌کان شتێکی تر نی یه‌. مێژووش هه‌میشه‌ ئه‌م ڕاستی یانه‌ ده‌سه‌لمێنێت.

 

 

20.02.2010

amang70@hotmail.de