٢\١٢\٢٠١٤ سەرکردایەتی کورد بۆتە مۆتەکەی ئێراقی عەرەبی و دەستبەرداری نابێ!؟
محەمەد بێبەش
سەرکردایەتی کورد دەیەوێ ئێراق بخەڵێتێنی
یان مانەوەی دەسەڵاتی خۆی مسۆگەر بکا؟؟
کارەساتەکە لەوەدایە ئێراق ھەشت جار وەکو دەوڵەت ھەڵوەشاوەتەوە بەلام عەقڵی کوردی نە دەگۆرێ و نە ترسی دەشکێ، ئەوەتا ئاخر پەیام و نامەیان ئاراستەی سەرکردایەتی کورد کرد و پەرلەمان و حکومەتی عەبادییان دامەزراند بێ پرسی کورد، کەچی سەرکردایەتی کورد پەنایان بۆ ئێران و ئەمەریکا برد تا عەبادی بەشدارییان پێبکا، بێ ھیچ داخوازییەک خۆیان خستە باوەشی حکومەتەکەی عەبادی و لە ئەزموونەکانی عەلاوی و جەعفەری و مالکی تێر نەبوون، تەنانەت لە مانگی شەشی ئەم ساڵدا جیاوازییان لە نێوان داعش و کورد نەکرد و، ھەموو ئەو شوێنانەیان بۆ چۆڵکردن کە بە مڵکی کوردیان دەزانی، بێگومان ئەوان زۆر دڵخۆشبوون بە وتارەکەی بارزانی و واتێگەیشتن کە کورد جیادەبێتەوە، بەڵام بە داخەوە لە ماوەی کەمتر لە ھەفتەیەک ھەگبەی وتارەکەی بارزانی کەوتە گردەکەی زەرگەتە و بۆ داپۆشینی وتارەکەی، ئاواتەکەی ئێراقی عەرەبییان لەناوبرد، دیسانەوە کەوتنە بیرکردنەوەی چۆن ئێراقی نوێ دابمەزرێننەوە.
لە سەردەمی رژێمەکانی رابردووی ئێراق ڕژێمەکان دیکتاتۆر و شۆڤێنی بوون، بەڵام ئێستا خەڵکی ئێراق بیرکردنەوەی کۆنەپەرست و خێڵەکیی و شۆڤینی مەزھەبیی پترە لە دەسەڵاتی ئێراق، بۆ نموونە لە کاتی ھەڵبژاردنەکاندا، سەرکردە ئێراقییەکان کارتی دژایەتیی ھەرێم بەکاردەھینن بۆ بەدەستھێنانی کورسی و دەنگ و ئەم بۆچوونەش راست دەرچوو کە مالکی بەرزترین دەنگی ھێنا چونکە دژایەتی ھەرێمی دەکرد.
لە ساڵی ٢٠٠٤ بە وتارێک رامانگەیاند کە ئێراق نابێ بە سویسرا وەک سەرکردایەتی کورد بە نموونەی فیدرالی و دیموکراسی باسیان دەکرد، ئێراقیان دەخستە ھاوشانی سویسرا و، پێمانگوتن ئێراق بەرەو مەزھەبیی و عەقڵی تۆڵەسەندنەوە دەڕوا نەک دیموکراسی و فیدرالی، چونکە سیستەمی دیموکراسی پێویستی بە بنەمایەکی کلتووریی و میژوویی و عەقڵێکی نوێ ھەیە، بۆیە بە بڕوای من بۆ میژوو دەڵێم ئێراق وەک قومار وایە بۆ کورد تا زووترین کات دەستی لێھەڵگری براوەیە، چونکە کاتێ ساڵی ٢٠٠٤ بڕیارتاندا ئێراقی نوێ دروستبکەنەوە تەنھا گرفتی سنوور و جوگرافیای کوردستانمان ھەبوو، بەڵام ئیستا ناتوانین گرفتەکانی نیوانیان ھەژمار بکەین، چونکە رۆژانە گرفتی نوێ سەرھەڵدەدا و سەرکردایەتی کورد رۆژ بە رۆژ ناچار دەبێ داشکانی پتر پێشکەشی ئێراق و ئەمەریکا و ئێران و تورکیا بکا.
بێ گومانم لە دانوستاندنەکەی نێوان عەبادی و ھەولێردا جگە لە دەرمانێکی سڕکەری کاتکوشتن و پترکردنی گرفت بۆ کورد ھیچی تر نییە، چونکە شەھرستانی نوێنەر و بەرێوەبەری پەروەندەی ژیانی تایبەتی شیعەیە.
|