١٧\٨\٢٠١٨ سەركردە دەست سوورەكان.
نابێت بوونی چەند تاوانكارێك ببێتە هۆی نەخۆشی گەلێك، باشترین چارەسەر بڕینەوەی نەخۆشیەكەیە، كە خۆی لە دادگایی یاخود لە نەرمترین شێوەیدا لێبوردەیدا دەبینێتەوە، لێبوردەییش لە نەرمترین شێوازیدا بێبەری نییە لەوەی تاوانكار وەك خۆی كە تاوانكارە نیشان بدرێت و دان بە راستیەكاندا بنێت و داوای لێبوردن بكات، بەڵكە لێبوردەیی لە نەرمترین شێوازیدا هەموو ئەم پرۆسانەی لە گەڵدایە، ئەگەر قوربانی ژیانی لێ سەندرابێتەوە، ئەگەر كەسوكارەكەی دادوەرییان بۆ نەگەڕابێتەوە، تاوانكار لە پێگەی تاوانبارییەوە دانی بەراستییەكاندا نەنابێت و داوای لێبوردنی نەكردبێت، ئەوە تاوانكار بەردەوام لەبەردەم چەقۆی گەڕاندنەوەی دادپەروەری و سزا داندا دەبێت، كە ئەمەش كەمترین هەنگاوە بنرێت، بە مردنیش ئەم تارماییە لە كۆڵی نابێتەوە، چونكە دادپەروەری هەر دەگات بە راستیەكان، وێڕای ئازاری ویژدان و دەرونی، تاوانكار خۆی دەزانێت چەپڵەی لایەنگران چەندە زۆر بێت، پیاهەڵدانی گەمژەكان تژی بێت و كۆمەڵگای داگرتبێت، هژمۆنیا لە قوڵایی ئاسماندا بێت، تاوان ناسڕیتەوە، بەردەوام تارماییەكەی راوی دەنێت، حەقیقەت بە دوای وەڵامنەدراوەكاندا دەگەڕێت، تەنها بە پیادەكردنی دادپەروەری و گەڕاندنەوەی ماف بۆ خاوەنەكەی و وەرگرتنی سزاو و قەربوكردنەوەی قوربانیان وكەسوكارەكانیان و دان نان بە هەقیقەت چ وەك چۆنیەتی تاوانەكە وە چ وەك حەقیقەتە یاساییەكە و داوای لێبوردن كردن لە قوربانیان و زیانلێكەتووان ئازارەكە سوك دەبێت نەك كۆتایی پێ بێت، كۆتایی هاتن نییە، تاوان هەقی بەسەر ئەوەوە نییە كێ ئەنجامی داوە، پێگەی چییە لە ئێستادا و چی دەكات، بەڵكە هەقی بەسەر كردەوەكانی رابردوەوە هەیە، تاوان كاری رابردووەن، وەلێ سزاكەیان كاری ئایندەیە، كەسێك ببێتە بكەری تاوان ئەوا تاوانبارە ئیتر هەر كێیەك بێت، لەگەڵ كردارەكەدا نازناوەكە هەڵدەگریت.
خۆ هیتلەر لە وڵاتی فەیلەسوفاندا جەماوەریترین كەس بوو، بینۆتشەو سەدام حوسێن خەڵك سەرەتا دەیان ویستن، وڵاتەكانیان پێش خست، غۆنتر غراس نۆبڵی وەرگرت، وەلێ لایەنگری لە نازی لە لاویدا لە بیر نەكر، كەسیش ناتوانێت لەژێر پەردەی حیزب و حكومەت و شەڕدا تاوانەكان خۆی بشارێتەوە، بە پێی پرنسیب و یاساكانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و دادگا جیهانیەكان كەس تاوانبارە نەك حیزب و حكومەتەكان، لە دارفۆر عومەر بەشیر لە پاڵ ئەحمەد هارون وەزیری ناوخۆو عەلی محەمەد عەلی فەرماندەی جانجوید تاوانبارن نەك سودان و پارتی كۆنگرەی گەل، نموونە لەم بوارەدا زۆرن.
بۆیە ئەوانەی لە رابردوو لە كوردستان
تاوانیان ئەنجامداوە كەسەكانن نەك پارتەكان" بڕیار دەران، بانگەشەكەران
و هاندەران"راگەیاندن كاران"، جێبەجێكاران"، دیاریبكردنی ئەمانەش لە
رێگای تۆمەت بەخشینەوە نابێت، بەڵكە لە رێگای لێكۆڵینەوەو
دادگاییكردنەوە دەبێت، رێگریكردنیش لە دادگاییكردن ئەویش بۆخۆی تاوانە،
تا ئەمانە سزا نەدرێن لە دادگادا و قەربوی بنەماڵەی قوربانیان
نەكرێتەوە، روفاتی قوربانیان نەدرێتەوە بە بنەماڵەكانیان، مۆنمێنتی
یاداوەریان بۆ دروست نەكرێت، دادپەروەری ناگەڕێتەوەو برینەكانیش بێ
چارەسەر هەر دەمێنێتەوەو بەردەوام دەبن لە كولاندنەوە، كۆمەڵگاش بە دەم
ئەم برینە ئەبەدیانەوە دەتلێتەوە، ئەوانەی لە خەمی نەكولاندنەوەی
برینەكاندان پێویستە داوای زوو جێبەجێكردنی دادپەروەری بكەن نەك
شاردنەوەی، لە هەموو بارگرژییەك نێوان لایەنەكان وەك ئاگر بەردان لە
پەرێز كڵپە دەسێنێتەوەو تاوانەكان زەق دەبنەوەو دێنەوە مەیدان،
تارمایەكەی بەردەوام بەسەر كۆمەڵگاوە دەبێت، وتەی هەموو لایەنەكانیش بۆ
نەیارەكانیان لە ژماردنی تاوانەكانیان لە راستییەوە نزیكەو حەقیقەتێك
هەیە لە ئەنجامدانی، هیچ بەهانەیەك نییە بۆ ئەنجامدانی تاوان، چونكە
یاسا ودادپەروەری لەو چركە ساتانە كۆتاییان نایات كە بەهانەی تاوان
دێنە پێشەوە لە شەڕو ململانێی سیاسی، بەڵكە لەو چركە ساتانە چاوەكانی
تیژتر دەبن، لە هیچ بارودۆخێكدا دەست كراوە نییە بۆ ئەنجامدانی تاوان،
وەلێ دۆسیەكان پێویستی بە لێكۆڵینەوەی سەربەخۆو دادگای بەهێز هەیە بۆ
ئەوەی بڕیاری لەسەر بدات، هەر كەچووە دادگاوە ، ئەوادەبێتە بەشێك لە
مێژوو وە قەرەبووی قوربانیان دێتە پێشەوە، ئیتر مێژووی سەركردەی شێرە
بەفرینە لەبەردەم رابردوو وەك بینۆتشەو سەدام دەتاوێتەوە، چاوەڕوانین
لە دوارۆژ روبدات.
|