٢۴\٦\٢٠١٠ سەرکردەکانمان، تەنها لەکاتى تەنگانەدا دەگەڕێنەوە بۆ جەماوەر.
بەڵام دواى پرۆسەى ئازادى عێراق وەکو مۆدێل ئەم سیاسەتەش گۆڕا بوو بە سیاسەتى پشت بەستن بە کڕینەوەى جەماوەر و نفوز لە ناوچە تازە ئازادکراوەکان بە تایبەتى، لێی شیبوون لەوانە فایلەکان زیاتر جەماوەرى دوورخستەوە لە سەرکردایەتى، بێ گوێ دانە راى جەماوەر پڕۆتۆکۆڵ و هاوپەیمانێتیەکان دەبەستن و واژوو دەکران، گەندەڵیش زیاتر پاڵنەرى دوور خستنەوەى جەماوەر بوو لە سەرکردایەتى و ئینتیماکان بۆ خاک و نیشتمان و نەتەوە.
لە هێرشەکانى تورکیاى کەمالى و ئیراندا بۆ سەر هەرێمى کوردستان هەموو ئەو واقیعەمان بەچاوى خۆمانەوە بینى هاوکات لە هەڵبژاردنەکانیش جەماوەریان دێتەوە یاد، ئەگینا جەماوەر ماوەى 17 ساڵ لە ژێر سێبەرى ئازادى ئەم هەرێمەماندا بە بچووکترین و سەرەتاییترین ماف کە ئاو و کارەبایە نەگەیشتووە، ئەگەریش بمانەوێ سەرکردەیەک لەو سەرکردانە ببینین لەوانەیە ئەگەر ئێستا داواى چاوپێکەوتن بکەین دواى 20 ساڵی تر ئینجا وەڵامەکەمان بۆ بگەڕێتەوە.
سەرکردەکانمان هەمیشە لە ناخى جەماوەر دوورن، سەرکردەکانمان وەک هەموو سەرکردەکانى دونیا نین سەرکردەکانى دونیا بۆ هەموو پرس و رایەک بۆ هەموو کار و کردەوەیەک هێزوو توانا لە جەماوەر وەردەگرن، بەڵام لە وڵاتى ئێمە جەماوەر هێز و توانا لە سەرکردەکانەوە وەردەگرێت، ئەو هێز و توانایەى کە ئینتیماى نەتەوەیی دەکوژێت، ئەو هێزو توانایەى کە هەست و نەستى کوردایەتى لەناو دەبات، سەرکردەکانمان بەوەفان بەرامبەر بە بەرپرسەکانى خوارەخۆیان، بەڵام جەماوەرى رەش و رووتى قوربانیدەر هەمیشە وەلا نراوە، سەرکردکانمان بەپێ پرسی جەماوەر ئەوەى بیانەوێ دەیکەن، بەڵام جەماوەر بۆی نییە بەبێ پرسی ئەوان ناڕەزاییش دەرببڕێت، ئەوان وا هەست دەکەن جەماوەر لەگەڵیان راست نیین چونکە ئەوان لەگەڵ جەماوەر راست نیین، ئەوان لەلایەن بەرپرسەکانەوە درۆ و فێڵیان لەگەڵ دەکرێت بۆیە سەرکردەکان بێ ئاگان لە پەستى جەماوەر لەو گەندەڵستانە، بەرپرسەکانمان نازانن لەو گەرماى هاوینە جەماوەر بێ ئاو و کارەبایە چونکە لە جەماوەر دوورن و نایانبینن، سەرکردە بەڕێزەکانمان تا وادەى هەڵبژاردن و تەنگانەییەکان ئینجا بەبیریان دێتەوە کە مەخلوقاتێکى تر هەیە بەناوى(جەماوەر)، خۆزگە سەرکردەکانمان دەبوون بە(جەماوەر) و جەماوەریش(سەرکردە) ئەوسا خەونى دیموکراسی لەو وڵاتە دەبوو بە واقیع. ____________________________ * شێرزاد عومەر مەحمود: سەرنووسەرى گۆڤارى(ئێوە)
s4632628@gmail.com |