٤\٤\٢٠٢٢
سەرکردە
تاریکەکان.

ئەرسەلان مەحمود
قەیرانەکان کاتێک پرۆسەکان بەکۆتا ناگەیەنن، ناچار بەبیر کردنەوەو
هەڵێنجانەوەی دیدگە فراوانەکانمان بکەن، ئەمە بەئاڕاستەی دۆزینەوەو
جێبەجێکردنی ڕێگە چارە نوێیەکان، ئەگەرنا مەزڵومییەتی مرۆیی و
دیکتاتۆریەت بەدوای خۆیاندا دەهێنێت.
هیچ جۆرە قەیرانێک ئاسمانی نییە، لەپشتەوەی سەرهەڵدان و هاتنە ئاراوەی
هەر جۆرە قەیرانێک، هۆکارگەل و کەسانێک هەن، شاردنەوەی کەسەکان و
هۆکارەکانی سەرهەڵدانی قەیرانەکان، دیاریکردنی چۆن و چییەتی قەیرانەکان
و دۆزینەوەی ڕێگە چارە دژوارو ئەستەم دەکەن.
ژیان چەندە هەمەڕەنگە، قەیرانەکانیش ئەوەندە فرە چەشنن، ڕوبەڕوبونەوەی
هەر جۆرە قەیرانێک، شێوازو کەرەستەی تایبەت بەخۆی هەیە، هەن لەو
باوەڕەدان هەموو کێشەو ئاریشەیەک لەخۆیدا هەڵگری چارەسەریشە، لەقەیرانە
ناوخۆییدا، ئەرکی هەرە گەورەی ئەوانەی پێیان دەگوترێ سەرکردەو چاکەخواز،
بێگوێدانە بەرژوەندییە تایبەت و حیزبی و سیاسیەکان، سازش و بەخشندەیی و
یەکگرتوویی نواندنە.
مرۆڤی ئەم سەردەمە، وەک دوێنێی سەرەتاو دور، مرۆڤی دەربازنەو دەرە
مێژوو نییە، تا لەبەرامبەردا تەنها پەرپا کردنی جەنگ یان هەڵاتن
لەقەیران و ڕوداوەکان دوا بژاردەی بن، لەم ڕۆژگارەدا دەرگەو دەروازەی
هەر ئەگەرێکی ڕوبەڕوو بوونەوە، کراوەو لەسەر گازەرای پشتن، تەنها
ئەخلاقی دەوێ و هەبێ بەسە!!
تاریکترین سەرکردەو سیاسیەکان، ئەوانەن لەقەیراندا ناوی خۆیان لەوانیتر
دەنێنن یا ئۆباڵەکان بەوانیتردا ئەدەن، ئەوانەن لەدەریای وەهم نەبێ،
توانای مەلەوانی کردنیان نییە لەواقیعدا، ئەوانەن لەدەرە خۆدا بەدوای
دۆزینەوەی ڕێگە چارەو گەمارۆدانی یەکترەوەن نەک دۆزینەوەی چارەسەر
لەخۆداو بەیەکەوە کارکردن.
چۆن هاوڕێیەک هەتا دوچاری قەیران نەبێ، ناتوانێ بزانێ هاوڕێکانی کێن،
بۆ هەر گەلێکیش ئەمە ڕاستە، میللەت تا تووشی قەیران نەبێ، ناتوانێ
سەردارو سەرکردەو حیزبەکانی بناسێ و بزانێ دەوڵەتمەدارەکانی کێن،
ئەوانەی دەتوانن ڕوبەڕوی قەیران ببنەوە، دوو جۆرە کارەکتەرن، یەکەم؛
نیشاندەری مەترسییەکانی قەیران و هێزمەندی، دووەم؛دەرخەری دەرفەت و
دیاریکاری چارەسەرەکان.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|