په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

سەرکۆمارە کوردەکەى ئێران.


گەرمیانى حەمەى‌پوور


بەدرێژایی حوکمى حکومەتەکەى سەددام حسێنى سەرکۆمارى عێراق کە لەلایەن حزبى بەعسى عێراقەوە بەڕێوە دەبرا، کوردێک جێگرى سەرۆک بوو، بەڵام وەک لە مێژوودا تۆمار کراوە هەر حکومەتەکەى سەددام کە تەها یاسن ڕەمەزانى بەڕەگەر کورد جێگرى سەرکۆمارى بوو ئەو هەموو نەهامەتییەى بەسەر کورددا هێنا.


کورد لە سەردەمى حکومەتى عێراقى دەست بەسەراگیراوى سەددامى دیکتاتۆردا کێشەى سیاسی و ئابوورى و کۆمەڵایەتى هەبوو، بەڵام کارى حکومەتەکەى سەدام نەک هێشتنەوەى کێشەکان، بەڵگو زەق کردنەوەى تەواوى کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتى و ئابوورییەکان بوو دژ بە کورد بە ڕادەیەک کار گەشتە پاکتاوى ڕەگەزى کورد و هەوڵدان بۆ لەنێو بردنى گەلێک لە چوارچێوەى حکومەتەکەیدا، ئەو کات ئەگەرچى فەرماندارى ئەم حکومەتە عەرەبێکى ئەنتى کورد بوو، بەڵام جێگرەکەى لە ڕەگەزى چنگ لە ناخ نراوى بێ دەسەڵاتى کورد بوو.


واتە ئەم کوردە پلە باڵایە تەنها پڕکردنەوەى بۆ شاییەک بوو لە حکومەتەکەى سەددامدا کە بەڕاى من یەکێک لە مەبەستەکانى نیشاندانى نیاز پاکى سەدام بوو بە دنیاى دەرەوەو دراوسێکانى بەوەى کە جیاوازى لە نێوان گەلانى عێراقدا ناکات، بەمەش تەها ساین ڕەمەزان ڕۆڵى دەمامکى دەبینى.


ئێستاش لە ئێران و لە سیناریۆیەکى ترى لەو چوودا محەمەد ڕەزا ڕەحیم دەبێتە جێگرى سەرکۆمارى ئێران.


ئەم پیاوە کە لە دەیەمین خولى سەرکۆمارى ئێراندا لەلایەن مەحمودى ئەحمەدى نەژادەوە وەکو جێگرى سەرکۆمار هەڵبژێردرا، پێشتریش چەندین پۆستى جیاجیاى لە حکومەتەکانى ئێران وەرگرتووە بە تایبەت لە پارلەمانى ئەو وڵاتەدا.


هەڵبژرادنى ڕەحیمى لە کاتێکدایە بە هەمان شێوەى ڕابردووى کوردستانى باشوور، ڕۆژهەڵاتى کوردستانیش دنیایەک کێشەى ئابوورى و کۆمەڵایەتى و، زەقتر لە هەمووى کێشەى سیاسی هەیە، ئایا ئەم کەسە بە هەمان شێوەى جێگرە کوردەکەى سەرکۆمارى پێشووى عێراق تەنها لە ڕۆڵى ئەو دەمامکەدا دەبێت کە ئەحمەدى نەژاد بۆ هەڵخەڵەتانى جیهانى دەرەوەى دەی پۆشێت یاخود کەسێک دەبێت وەکو نوێنەرى کورد کە گەلێکى خاوەن کێشەیەو کار لەسەر چارەسەرى گەلەکەى و کێشەکانیان دەکات؟


بۆ وەڵامى ئەم پرسیارە ئەگەر سیاسەتەکانى حکومەتى ئێستاى ئێران بێنینە پێش چاو پێ بە بیرمدا ناچێت هەرگیز کوردێک لە سەرۆکایەتى وڵاتێکدا بتوانێت باس لە کێشەى گەلێک بکات کە سەدان ڕۆڵەى ئەو گەلە بە هۆى بیروڕاى سیاسی و داواکارى سیاسی لە زیندانەکاندا توند کراون و ئەشکەنجەو لە سێدارەن بەرامبەر بە لاوانى کورد و خوێندکاران و هەڵسوڕاوانى بوارى سیاسی و لاوان و ژنان و چالاکوانانى مافى مرۆڤى کورد پێڕەو دەکرێت بتوانێت بێتە گۆ.


ئەگەر بەهەر شێوەیەکى لێک بدەمەوە من بۆ خۆن ئەو ڕایەم زێتر بەسرا زاڵ بووە کە بوونى هەر کوردێک لە هەر حکومەتێکى چەوسێنەرى نەتەوەکەمدا خزمەتێکە بە قوڵ کردنەوەى کێشەى نەتەوەى کورد و خزمەتکدرنێکى ئاشکرایە بە دوژمنى کورد.


ئەگەر ئێمە لە هەزاران کێشەى کۆمەڵایەتى و ئابوورى و فەرهەنگى گەلى کورد لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان بگەڕێین و تەنها بە کێشەى سیاسیەوە بیگرین. چ بە وڵاتانێک بێژین سەباەرت بە زەوتکردنى مافى سیاسیمان لەلایەن وڵاتێکەوە کە جێگرى سەرۆکەکەى کورد بێت؟


بێگومان زیاتر لەو وەڵامەمان دەست ناکەوێت کە کێشەى کورد لەو وڵاتە لە کێشەیەکى سیاسی دوو گەلى جیاوازەوە بچوک بکرێتەوە بۆ کێشەیەکى نێو خۆیی وڵات، بەتایبەت ئەگەر دان بەو ڕاستییە تاڵەى دابەش بوونى حزبە کوردییەکانى ڕۆژهەڵاتدا بنێین و جیاوازى بۆچوون و ئەداى جیاوازى کار کردن و بەلاى خۆدا ڕاکێشنى هێزە سیاسییەکان لە هەمبەر دۆزینەوە چارەسەر بۆ دۆزى کورد لە ڕۆژهەڵات لەبەرچو بگرین.


کەوا بوو لێرەدا ئەرکى نووسەران و هەروەها خەباتگێڕانى کوردو سیاسییەکان لە کاتى هەر حاڵتێکى وادا ڕووى ڕووداوەکان وەک خۆى و خۆى و ئەوزەى هەیە بیگەیەنن و ئاشکراى بکەین کە مەرامى دەوڵه‌تی ئەحمەدى نەژاد لە هەڵبژاردنى ڕەحیمى لەبەر خاترى چاوى ڕەشى کورد نییە هێندەى مەرامى بەجێگەیاندنى سەدان ڕازو پلان و بەرنامەى شاراوەى ڕێپێنەبراوە.

 

 

garmyan86@gmail.com