په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\١٠\٢٠١٣

سەرمایەداری پاڵنەری کۆیلەداری سێکسی.


ھەتاو عەبدوڵاھی   


ھەرچەند بە خەستی باس لە پێشکەوتنەکانی دونیای ھەنووکەیی دەکرێ‌و وەک باشترین ئەلتەرناتیڤی دونیای نەریتی دەینرخێنن‌و بە توندی رەخنە ئاراستەی سیستمە کۆیلەدارییەکانی پێشووتری قۆناغی مودێرنیزم دەکەن، بەڵام کەمتر بارودۆخی کۆمەڵایەتی‌و ژینگەی مرۆڤایەتی سەردەمی سەرمایەداری، وەک کۆیلەدارەتییەکی نوێ شرۆڤەی بەرانبەر دەکرێ.

سیستمی کۆیلەداری مۆدێرن بە سەر زۆر پەیوەندی ژیانی ئینسانی ئەم سەردەمەدا زاڵەو لە ھەر رەھەندێکەوە، بە ناخیدا رۆبچیتەوە، دیاردەی کۆیلەدارەتیت پتر بۆ زەق دەبێتەوە. مۆدێرنیزم، پێشکەوتن، بە پیشەیی بوون، ماشینی بوون‌و…کۆمەڵێک دەستەواژەی پەیوەست، پەردەیەکی بەرین‌و ئەستوریان بە سەر ھەڵوێستی مرۆڤی رزگاریخوازدا کێشاوە کە بەشی زۆری ئەم یاسا دەسکردییانەی، بە دڵ نییە.

دیکتاتۆری سامان بە سەر ژیانی ھەنووکەیی مرۆڤی ھەزارەی سێھەمی زایینی، ئەنجامی دۆخێکە کە مەترسی تێداچوونی شارستانییەت‌و دەسکەوتە کەلتوورییەکانی ئینسانی بێ بایەخ کردووە. راستی حاشا ھەڵنەگر ئەوەیە، گوتاری زاڵی دیموکراسی‌و دروشم‌و چەمکە مەبەستدارەکان، لەمپەری ھەڵدانەوەی باسێکن بەناوی کۆیلەداری نوێ، بە تەنھا ئەنگوست خستنە سەر دەسکەوتەکانی کۆمەڵگای سەرمایەداری رووی دزێوی ھەموو ئەو دیاردە نەشیاو‌و ناشارستانیانە داپۆشراوە، کە دەسەڵاتی دراو ھەرچی شوناس‌و بایەخ‌و ھەست‌و ھەڵوێستی عەداڵەتخوازییە، لە مرۆڤی زەوت کردووە.

لە رۆچنەی ئەم باسە گشتییەوە گەلێک پێویستە خوێندنەوەیەک بە رووی کۆیلەداری سێکسی بکەین کە خەریکە گیانی مرۆڤی شارستانی کرمۆڵ دەکا.

ئەم رەھەندە ئەگەرچی پەیوەندیی بە ھەڵوێستە لە سەر کردنێکی گشتییەوە ھەیە، بەڵام نکۆڵی لەوە ناکرێ کە چەشنی کۆیلەداری سێکسی کە بە کۆیلەداری سپی ناو نراوەو تاریک‌و تنۆکترین دیاردەی دزێوی بە شوێن خۆیدا پەلکێش کردووە، وەک گەلێک کۆسپی دیکەی سەر رێی بزاڤی ژنان خۆی قوتکردووەتەوە. چونکە ژنانن کەوتوونەتە بەر ئەم جۆرە لە ئازار‌و توند‌و تیژییەو ئەمە بزاوتی ژنانە کە دەبێ لە مەودایەکی تئۆریکی بەربڵاوتردا بەرانبەری بازرگانی سێکسی بوێستێتەوە.

دەگمەنن ئەو کۆمەڵگایانەی کۆیلەداریی سێکسی پەیڕەو ناکەن. دیاردەی کڕین‌و فرۆشتنی سێکس بە مەودای مێژووی مرۆڤایەتی تەمەندارەو جاربەجار فۆرم‌و قەوارەو تایبەتمەندییەکانی گۆڕانیان بە سەرداھاتووە. بۆیە لێکدانەوەی چاوکراوانە لەو بوارەوە دەرخەری ئەم راستییەیە کە لە جیھانی سەردەمی ئێمە دا کۆیلەداریی سێکسی بە تایبەتمەندی زاڵبوونی “ئۆلیگارشی” گەلێک مەترسیدارترە، لە کۆیلەداریەتی کۆن‌و نەریتی‌و بە جێماو. بۆیە کە کۆمەڵناسانی خەسارە کۆمەڵایەتیەکان لە بەستێن‌و تیشکی جیاوازەوە، پشکنینی ھۆکارەکانی ئەم پاکتاوە رەگەزییە دەکەن.

بازرگانیی سێکسی ئەمڕۆکە، یەکێک لە پڕداھاتترین بازرگانییەکانی بازاڕی سەرمایەداری جیھانییە. لە نوێترین راپۆرتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەو بوارەوە گوتراوە، کە پتر ئەم بازرگانییە لە ئۆرووپا بەڕێوە دەچێ‌و رەخنە ئاراستەکراوەو ھۆکارە بنەڕەتییەکانی بە دوو فاکتۆری لەشفرۆشی‌و کاری زۆرەملی‌یەوە گرێچن کراوەو ئاماژە بە رەقەمی دوو‌و نیو میلیارد یۆرۆیی کراوە کە ساڵانە دەڕژێتە حیسابی بازرگانەکانی مرۆڤ‌و لە مەترسی ھەڵکشانی ئەم رێژەیەش باسکراوە.


بەو پێیە کۆیلەداریی سەرمایەداری لە وێنەی چاخەکانی پێشوو بە ھێنانی ھاووڵاتییانی نیشتەجێی جوگرافیا ھەژارەکان بۆ وڵاتە ساماندارەکان بازرگانی بە مرۆڤ دەکا. وڵاتانی ئۆرووپای رۆژھەڵات، ئەمریکای لاتین‌و ئافریقا لە قوربانیانی سەرەکی بازرگانی سێکسی جیھانی ئێستاکەن. لە سەر بنەمای ئەو راپۆرتانەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوێتی، ھاتووە کە ٥١ لە سەدی ئەم قوربانیانە ھی وڵاتانی دەوربەری بالکان‌و بەشەکانی پێشووی یەکێتی سۆڤیەت، ١٣ لە سەدیان تایبەت بە ئەمریکای لاتین، ٧ لە سەدیان ھی ئۆرووپای ناوەند‌وی‌و ٥ لە سەدیان کەسانی قوربانی کیشوەری ئافریقان.


لە سەر بنەمای ھەموو روانگەکان، ھۆکاری کۆیلەداریەتی سێکسی ھەژاری‌و بەو پێیە جیاوازی چینایەتییەو حەقیقەتی روون لەو پەیوەندییەدا ئەوەیە: فرۆشیارانی سێکس بە مەبەستی دابینکردنی پێداویستیە مادی‌یەکانیان کەڵک لەو پیشەیە وەردەگرن، کە قسە لە پێداویستیش دەکرێ باسەکە شرۆڤەیەکی زانستیتر لە خۆی دەگرێ. چونکە پێداویستی پێناسەی جیاواز لە خۆی دەگرێت‌و سنووردار ناکرێ.

رەنگە جاری وایە ئەم پێداویستییە ژەمە نانێک بێت‌و جاری واشە لەوانەیە پێداویستی لە ئاستی داخوازێکی سەرتر لە نان بێت. بۆ نموونە گەیشتن بە ریفاھی زیاتر دیاردەی سێکسی لە ھەندێک شوێن بەرھەمھێناوەتەوە. ئەمەش گۆڕانکاری بە سەر ئەو پارامیترەدا ناھێنێ کە ھەڵاواردنە چینایەتییەکان بنیاتی ئەم بازرگانییەن‌و لە رەھەندێکی بەر بڵاوترەوە دەبنە ھۆکاری خەسارسەپێنی بەرفراوانتری کۆمەڵایەتی.


خالێکی سەرنج‌ڕاکێش‌و نێگەتیڤ کە پەیوەندیی بە دیاردەی کۆیلەداریەتی سێکسی‌یەوە ھەیە، پرسی تەمەنە. تووشکراوان بەو پەتا مەترسی دارە زیاتر تۆیژی لاو تەنانەت منداڵ‌و بە تایبەتیتریش رەگەزی مێیە. نێونجی تەمەنی لەشفرۆشی یا باشترە بگوتری سێکسکڕی لە ھەر وڵاتێک جیاوازەو بەڵگەکان نێونجی تەمەنی ئەم بازرگانییە بۆ ١٣ ساڵ باسدەکەن (ئەمە خۆشی دەکەوێتە خانەی توند‌و تیژیی بە دژی منداڵان‌و چەشنێک لە پێخوستکردنی مافی مرۆڤە).

بۆ راستی ئەم بەڵگەیە دەکرێ ئاماژە بە وڵاتی ھیند بکەین کە لە شارە گەورەکانیدا لە نێوان ٢٧٠ تا ٤٠٠ ھەزار منداڵی لەشفرۆش وەبەر چاو دەکەوێ کە بە داھاتێکی کەمەوە لە داوی ئەم بازرگانییە خراون.

بە یاسایی کردنی سێکسفرۆشی لە لایەن دەوڵەتەکانی دنیاوە، گرینگترین پاڵنەری پەرەگرتنی کویلەداریی سێکسیە. ساڵانە لە نێوان ٦٠٠ھەتا ٨٠٠ ھەزار کچ‌و مێرمنداڵ بازرگانی سێکسیان پێوە دەکرێ‌و ھەناردەی وڵاتە رۆژئاواییەکان دەکرێن‌و گەڕانەوەیان بۆ شوێنی لە دایک بوونیان زۆر دەگمەنە.

لە پەیوەندیی لەگەڵ ئێراندا دیاردەی کۆیلەداریەتی سێکسی خاوەن کۆمەڵێک تایبەتمەندیی نگەتیڤ‌و مەترسیدارترە. بێ وەڵام ھێشتنەوەی پرسی سێکس، بەربەستە ئاسمانییەکان، پەرەپێدانی کەلتووری نەریتخوازی، پاڵپشتیکردنی دەوڵەتی لە کۆیلەکردنی ژن لە رێگەی یاسا ئایینیەکانەوەو بە فەرمیکردنی سێکسکڕی بەھۆی میکانیزمی مەزھەبییەوە، ھەر لە مارەبڕانەوە تا ھاوسەرگیری کاتی لە فاکتۆرە پاڵپێوەنەرەکانی ئەم خەسارە کۆمەڵایەتییەن‌و بەڵگە نەویستە بە کۆیلەکردنی ژن‌و گوتاری زاڵی دژە ژنی لە لایەن یەکەکانی بنەماڵە، کۆمەڵگا‌و دەسەڵات، روانگەی بێ شوناسکردنی ژنیان بەرھەم ھێناوەتەوەو بارو دۆخێکی کۆمەڵایەتی تێکڕووخاویان رێکخستووە. بەشداری نەدانی ژن لە پرسە ئابوورییەکان‌و بێ بایەخی ئابووریی کاری ناو ماڵ‌و کۆمەلێک دیاردەی تری لەو چەشنە، بۆ پەرە گرتنی سێکسکڕی کاریگەری نگەتیڤتری خۆیان بە چەند قات زیاتر کردووە. بوونی تایبەتمەندی ئیعتیاد، توند‌و تیژیی سێکسی، نەخۆشیە کوشندەکان، ھەژاری‌و بێکاری‌و … راستەوخۆ کارتێکەری بەر بڵاوتریان بە سەر سیستەمی کۆیلەداریەتی سێکسی لە ئێراندا ھەبووە. دەست تێکەڵاوی باندە قاچاخەکانی ئینسان‌و سات‌و سەودا‌و بازرگانی مرۆڤ بە پاڵپشتیی رایەڵە دەوڵەتیەکان‌و دەسەڵاتی رەھای پووڵ‌و پارە بە سەر ژیانی ئینساندا، لە کۆمەڵگای ئێران‌و زۆر بوار‌و دەربڕینی تر دیاردەی بازرگانیی سێکسیان لە ئێران دزێوتر کردووە.

شایانی باسە لە راپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئێران وەک شوێنی ترانزێتی قاچاخی مرۆڤ‌و بازرگانیی سێکسی ناوی ھاتووە.
_________________________________
تێبینیی: دەستەواژەی سێکسفرۆشی لە بەرانبەر لەشفرۆشی لە توێی باسەکەدا بە کار ھاتووەو ھەر دوو دەربڕین بە رای من ھەڵەی زاراوەیین‌و لام وایە ئەگەر کەڵک لە دەستەواژەی سێکسکڕی وەربگیرێ باشترە.
 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک