په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\١٢\٢٠١٠

سەرمایەداریی سەرچاوەى هەموو جۆرەکانى جیاکارى مرۆڤ و راسیزمە!

دەشتی جەمال   

 

- دەقی ووتاری دەشتی جەمال سکرتێری فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی لەخۆپیشاندانی ٢٠ی نۆڤمبەر لە سەنتەری شاری نیوکاسڵ -

 

ئامادەبووانى بەرێز بە ناوی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی زۆر بەگەرمی بەخێرهاتنتان لێدەکەم بۆ خۆپیشاندانی ئەمرۆ سپاسی کۆمەڵەی تینساید دژ بە نەژاد پەرستی (ڕاسیزم) TCARدەکەم بۆ بانگهێشتی ئێمە بۆ بەشداری لەم خۆپیشاندانەدا.هاوکات هەوڵ ماندو بونێک کە لە پێناو یەکسانی و پاراستنی کۆمەڵگا لە سیاسەتی جیاکاری وڕاسیزمی دەوڵەت بەرێوەیەیان بردوە، لە لایەن ئێوەوە سپاس گوزار دەکەم.


ئیمە ئەمڕۆ بۆ ناڕەزایەتى دەربڕین بەدژى ڕاسیزم و هەموو شێوەکانى جیاکارى نێوان ئینسانەکان، کۆبوینەتەوە وداواکارین هەویەتى ئینسانى بکرێتە بنەماى سەرەکى ناسنامەى هاوڵاتى بوون بۆ ئینسانەکان. خۆپیشاندانی ئەمرۆ درێژی خەباتی ئێمەیە بۆ نەهێشتنی سیاسەتی جیاکاری و دژ بە دیپۆرت . خۆشبەختانە بەهەوڵ و هاوکاری ئێوە و ڕاوەستانتان لە پاڵ هەڵسورانی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی دیپۆرتی پەنابەران بۆ کوردستان ڕاگیرا، ئەمە دەستکەوتێکە بۆ خەباتی داهاتوومان، بەڵام بەداخەوە دەمەوێت ئەوەش بە ئێوە بڵێم، ئێستا وڵاتانی ئەوروپا سیاسەتێکی سەراسەری تریان گرتۆتە بەر ئەویش بە دیپۆرتی پەنابەران بۆ بەغدا .بۆیە پێویستە ئێمەش هەوڵەکانی خۆمان یەک بخەین لە ئاستی ئەوروپا بۆ ڕاگرتنو کۆتای یەجگاری بە سیاسەتی دیپۆرت و جیاکاری ئینسانەکان.


دیارە لەم دنیایەى شەروکوشتارو برسیتى وسەرکوت و بێمافیدا ئەم هەنگاوەى ئێمە کارێکى گەورە و مەزنى ئینسانیە، بە تایبەتى کە بەڕۆشنى ئەو ڕاستیە دەبینین سیستەمى سەرمایەداریی ئینسانەکانى لەسەر بنەماى ڕەگەز ونەتەوە و ئایین وزمان و ڕەنگى پێست وڕۆژهەڵات و ڕۆژ ئاوا و سەرو خواروو.. دابەشکردووە وئەوانى لەشەرى ئیمتیازات و نا یەکسانیدا بەرامبەر بەیەک ڕا گرتووە. هەرچەندە ناڕەزایەتى بەدنیاى نایەکسانی کارێکى گەورەیە، بەڵام هێشتا پێویستە ئەوپرسیارە لەخۆمان بکەین کە ڕیشەى ئەم جیاکارى و ڕەگەزپەرستیە لەکوێدایەو پێویستە چى بکەین بۆئەوەى کۆمەڵگاى بەشەرى لەم ڕاسیزم و جیاکاریە دەربهێنین وکۆمەڵگایەکى ئینسانى دامەزرێنین؟


لەم سەردەمەى پێشکەوتنى کۆمەڵگاى بەشەریەتدا، ڕاسیزم و جیاکارى شەرمەزاریە. سەردەمێک کە ئینسانەکانى ئەم گۆى زەویە یەک میژوو ویەک چارەنوس کۆى کردوونەتەوە و لەبەرامبەر یەک سیستەمى چەوسینەرانەو زالمَانەدا ڕاى گرتوون. شەرمەزاریە کەسانێک کەشانازى بەنەتەوە و ئاین وفەرهەنگی خۆیانەوە بکەن وخۆیان لەشاریی مەدەنیەتى کۆمەڵگاو چارەنوسى ئینسانەکان دابڕینن. شەرمەزاریە بۆ سیستەمێک کەژنبوون وفەلەستیى بوون و ئیسلامى بوون و بوودایى بوون و جولەکەبوون دەکات بە بیانووی مەزنگەرایى گروپێک بەسەر ئەوانى ترەوە. شەرمەزاریە بۆدەسەڵات وسیستەمێک کە پەنابەرى بە بەرگى ئینسانى ئاوارەو کۆمەڵگاى دواى جەنگ وکاولکاریدا دادەسەپینێ و ژیانى لاوەکى بەسەردا دادەبرینآ. بەهرەمەندبوونی هەموو ئێمە لەمافیکی زۆر سادە کە مافی نیشتەجێبوونە دەکاتە شتێکی مەحال و سەراب.


ئینسانى ئەم سەردەمە بەڕۆشنى ئەوڕاستیە لە ڕووداوەکاندا دەبینێ کە یەک چارەنوسیان هەیە. کاتێک شەر لە عێراق و ئەفغانستان سەرهەڵدەدات ژیانى سەراپاى ئینسانى ئەم گۆى زەویە لەگەڵ مەینەتى ئینسانى بەرەو ڕوودەبێتەوە. کاتێک ڕووداووى سونامى و تەقینەوەى بورکان و بڵاوبوونەوەى برسێتى لەهەروڵاتێک دا بێت ئەوا گشت بەشەریەت ڕووبەرووى زیانى گەورە بۆتەوە. تەنانەت کاتێک دەوڵەتى ئیسرائیل ئینسانەکان بەدیوار لێک جیا دەکاتەوە بەشەریەتى ئەم سەردەمە ڕووبەرووى رق و کینەى کوێرانەى ئاینى و نەتەوەیی دەکاتەوە. کاتێک کۆمەڵگا بەسەر ژن و پیاودا دابەش دەکرێت نیوەى ئینسانەکان ژێردەستەو کۆیلە دەکرێت.. بەم هۆیەشەوەیە ماکینەى کوشتارو بەدبەختى گیرۆدەى بەشەریەت دەکات.. بەڵام دووبارە هەموو ئەم جیاکارى و ڕاسیزمە لەکوێ وە سەرچاوە دەگرێ؟


جیاکارى و راسیزم، لەبنەڕەتەوە لە فەرهەنگ و نە لە سیاسەت و ئایدیۆلۆژیاى ئینسانەکانەوە سەرچاوەی نەگرتووە. بەڵکو ئەم دیاردەیە ڕیشەی لە کۆمەڵگای چینایەتیو سەرمایەداریدایە. لەم چوارچێوەیەشدا باوەڕو و سیاسەتو فەرهەنگی راسیستی و جیاکاری باوەرو سیاسەتی گروپێکە کەدەسەڵاتى بەدەستەوەیە. هەروەک کارل مارکس هەڵگرى فەلسەفەى ئینسان گەرایى وتویەتى" باوەر و فەرهەنگى باو لە هەرکۆمەڵگایەکدا، باوەرى ئەو چینیەیە کە دەسەڵاتى بەدەستەوەیە" هەر بۆیە ئەوەى ئینسانەکان گیرۆدەى ڤایرۆسى ڕاسیزم دەکات چینە داراو دەسەڵاتدارەکانى کۆمەڵگان. دەنا ئینسان لە ناوەڕۆکی خۆیدا ئینسان دۆستە ودژى نا یەکسانیە.


سیستەمى سەرمایەداریی کە خۆى لەسەر جیاوازى چینایەتى دامەزراوە، سیستەمێکى نەژادپەرست و ئاپارتایدە. جیابوونەوەى ئینسانەکان بەسەرمایەدارو کرێکار، بەهەژاران ودەسەڵاتدار ڕیشەى سەرهەڵدانى هەموو جیاکاریەکانە. چینى بۆرژوازى و سەرمایەداران بۆ ئەوەى بازاڕى قازانج و کەڵەکەى سەرمایەیان بکەنە سیستەمێکى ئەبەدى، پێویستیان بەوە هەیە کە ئینسانەکان لە یەکتر دابڕینن و لە ڕێگاى بە بەرداکردنى ناسنامەى درۆزنانەى ئاینى و نەتەوەیى و ڕەگەزیەوە بیان خەنە شەڕى یەکترەوە تا نەتوانن پەى بەسەرچاوەى ستەم وچەوسانەوەى چینایەتى بەرن. دەسەڵاتدارانیش بۆ ڕاگرتنى جیاوازى چینایەتى میدیاو نوسەرو قوتابخانەی تیۆرى وئایدیۆلۆژى و هونەر وفەرهەنگى ڕاسیستى دەخاتە خزمەتى گێژکردنى ئینسانەکانەوە و ساڵانە بە ملیاردۆلار سەرف دەکات تا ئەم واقعیەتە تاڵە بەسەر کۆمەڵگاوە بهێڵێتەوە.


سەرمایەداریی و کۆمەڵگاى چینایەتى خۆى سیستەمیکى ڕەگەزپەرستى وجیاکاریە. ئەم ڕاستیە نە بەرژێمە لیبراڵ و دیموکراسییەکان ونە بە دیکتاتۆرەکان دادەپۆشرێ. ئاخر ئەوە نیە لەدڵى ئەوروپاى دیموکراسیدا موڵتى کالچرالیزم (نسبیەتی فەرهەنگی)کراوە بە فەرهەنگى جیاکارى ئینسانەکان لەسەر بنەماى فەرهەنگى خۆ وڵاتى؟ ئاخر ئەوە نیە کە هەرلەم سیستەمە دیموکراسیانەى ئەوروپادا، ئینسانەکان بە پێناسەى پەنابەرى جیاکراونەتەوە و لەژیان و سەرەتاترین مافەکانیان دابڕێنراون..؟ . بەڵام ئەگەر سەرمایەداریی وکۆمەڵگاى چینایەتى سەرچاوەى هەمووجۆرەکانى ڕاسیزمە، پێویستە چی بکەین کۆمەڵگاى بەشەرى لە نەخۆشى وڤایرۆسى ڕاسیزم پاک بکەینەوە و هەویەتى ئینسانى بۆ بەشەریەت بگێرینەوە؟


وەڵامى ئەمەش زۆر سادەیە: جیاوازى چینایەتى مەهێڵن بۆئەوەى هەموو جۆرەکانى ستەم و چەوسانەوە و جیاکاریش نەمینێ. ئەمە کارى چینى کرێکارو هەموو ئەو ئینسانانەیە کە بەرژەوەندى خۆیان لەکۆمەڵگایەکى ئازاد و یەکسان وئینسانیدا دەبیننەوە. بزوتنەوەى دژى ڕاسیستى بەشێکە لەپەیامى چینى کریکار و خەباتەکەى بۆ هێنانە دى کۆمەڵگایەکى ئینسانى.


پەیام و ناڕەزایەتى ئەمرۆمان دەتوانرێت بکرێتە سەرەتاى خەباتێکى یەکگرتوانەو ڕاوەستانمان لەدەورى خەباتى چینى کرێکارو و ئامانجى ئازادى و یەکسانى و حکومەتى کریکاریى..
پێکەوە بەهێز دەبین..
سوپاستان دەکەم.

ماڵپه‌ڕی ده‌شتی جه‌مال