په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\١١\٢٠٢٦

سەرمایەی ئەندێشەیی و کۆمەڵگەی نمایش.

ئەکرەم سەعید      

- بەشی یەکەم -

ڕوونکردنەوە:
ئەم وتارە دوو بەشی تەواوکەری یەکترن؛ بەشی یەکەم باسێکی تیۆرییە دەربارەی سەرمایەی ئەندێشەیی (لە قوتابخانەی ئابووری سیاسی کلاسیکی بۆ مارکس و نوێترین شیکاری سۆسیالیستەکانی سەردەم). و هەوڵدەدات شوێنپێی جووڵەی سەرمایەی ئەندێشەیی هاوچەرخ (یان ئەوەی پێی دەوترێت داراییکردن) هەڵگرێ (١).
لە ئابووریی هاوچەرخدا، قەبارەی هاوکێشەی (پارە - کاڵا - پارە+) کە گوزارشت لە بەرهەمهێنانی ڕاستەقینە دەکات، پاشەکشە دەکات لەچاو هاوکێشەی (پارە - پارە+) کە بریتییە لە چێکردنی پارە لە پارە خۆیەوە لە ڕێگای سەرکێشیی دارایی و موزارەبەوە بەبێ بنەمایەکی بەرهەمهێنانی ڕاستەقینە‪.‬ سەرمایەداریی هاوچەرخ لە ئابووریی ڕاستەقینەی (بەرهەمێنانی کاڵا و خزمەتگوزاری ڕاستەقینە و گەشەپێدەر) هەڵدێ، چونکە ڕێژەی قازانج تێیدا بەهۆی ڕکابەری و پێشکەوتنی ئامێرەکانەوە ڕووی لە دابەزین کرد. بۆیە پەنای بردە بەر سەرمایەی ئەندێشەیی (بۆرسەکان، دراوە دیجیتاڵییەکان، و داتاشراوە داراییەکان‪-‬گرێبەستە داراییەکان) کە تێیدا دەکرێت تەنیا بە داگرتنی دوگمەیەک ملیارەها دۆلار چەند هێندە بکرێت و سەروەت و سامان لەسەر بنەمای خەیاڵ و بەڵێنەکانی داهاتوو پێکەوە بنرێت. ئەمڕۆ بەهۆی قەیرانەکانی سەرمایەداری و تەقینەوەی بڵقەکانی سەرمایەی ئەندێشەیی، ئیدی ئەگەری زۆرە کە جیهان گلۆر ببێتەوە بۆ نێو هەڵدێرانی جەنگێکی فەرەجەمسەر و دووچاری شێواوێکی ترسناک ببێ.


بەشی دووەمی وتارەکە تایبەتە بەڕۆشنکردنەوەی ڕۆڵی سەرمایەی ئەندێشەیی لە سەر هزرو سیاسەت و کۆمەڵگەی نمایش؛ لەم بەشەدا، تەنیا باسی لایەنی ژمارەیی و دراوی ئابووری ناکەین، بەڵکو دەچینە ناو قووڵایی بنەما فیکری و سیاسییەکان و چەند خاڵێکی سەرەکی ڕوون دەکەینەوە: گۆڕانی سەرمایەی ئەندێشەیی وەک هێزێکی ماددی بۆ (نامۆبوون و سیاسەتی پووچگەری و گاڵتەجاڕی). گۆڕانی خەیاڵ بۆ هێزێکی ماددی (بەشتبوون‪-‬ التشيؤ): وتارەکە بەزمانێکی فەلسەفی ڕوونی دەکاتەوە چۆن خەیاڵ چیتر تەنیا بیرۆكەیەکی ناواقیعی نییە لە زەینی مرۆڤدا، بەڵکو لە ڕێگەی شاشەکانی بۆرسە، دراوە کۆدکراوەکان (کریپتۆ) و لۆگاریتمەکانەوە بووەتە ‪”‬هێزێکی ماددی و سیستماتیک‪”‬ کە فەرمانڕوایی مرۆڤ دەکات، ئەمەش لووتکەی نامۆبوونی مرۆڤی هاوچەرخە.
وتارەکە بتپەرستیی نوێی دراو ‪-‬ ئابووریی بۆرژوازی و نیولیبرالیزم ڕووت دەکاتەوە کە وا سەیری پشک و دارایی دەکەن وەک بڵێی توانای ئەفسانەیییان هەیە بۆ زۆربوونی خۆکارانە (پارە پارە بەرهەم دەهێنێت). فەلسەفەی وتارەکە لێرەدا پشت بە ڕەخنەی مارکسی دەبەستێت تا بیسەلمێنێت کە ئەم ئامرازانە لە ڕاستیدا تەنیا ‪”‬پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی پەردەپۆشکراون‪”‬ و مافێکی زۆرەملێن لەسەر ڕەنجی داهاتووی کرێکاران. بەماناێکی دی چۆن ئەندێشەیی سیستمێکی تەکنەلۆژی و دارایی (وەک بۆرسە و خوارزمیتەکان)، بووەتە بیرۆکەی ئەندێشەیی ناو مێشک و کۆنترۆڵی ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەکان دەکات.
لە بەشی دووەمی وتارەکەدا هەوڵ دەدات ڕۆشنی بکاتەوە تاچەند داڕمانی ئابووری هاوکاتە بە داڕمانی هزرو سیاسەت. داڕمانی عەقڵانییەتی سیاسی باس لەوە دەکات کە چۆن سیاسەتی هاوچەرخ لە بری پێشکەشکردنی پڕۆژە و چارەسەری ڕاستەقینە بۆ کۆمەڵگە، خۆی گۆڕیوە بۆ کاڵایەکی نمایشکاری و بازاڕیی. لێرەوە پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەزانیی ڕێکخراو چۆن سیستم لە ڕێگەی میدیا، سۆشیال میدیا، ترێند و دروستکردنی کێشە و چەواشەکاریی مۆڕاڵییەوە (وەک نموونەی ترامپیزم)، ئەقڵی جەماوەر سڕ دەکات تا نەپڕژێنە سەر هۆکارە ئابوورییە ڕاستەقینەکان. ئەم بەشە سەرنجی خۆی چڕدەکاتەوە لەسەر پەیوەندی نێوان ئابووریی مشەخۆری و ئەندێشەیی و سیرکی سیاسی هاوچەرخ لە ڕوانگەیەکی فەلسەفی و ئەنتۆپۆلۆژییەوە. وتارەکە تیشک دەخاتە سەر ئەو ڕاستییەی کە داڕمان و نزمبوونەوەی ئاستی سیاسەت و گۆڕانی بۆ سێرکێکی نمایشکاری، تەنیا گەندەڵییەکی مۆڕاڵیی یان گەمژەیی سیاسییەکان نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەیەکی مەرجدار و حەتمیی ژێرخانێکی ئابووریی مشەخۆرە کە لەسەر بنەمای سەرمایەی ئەندێشەیی و بازرگانیی سەرکێشانە (موزارەبە) ڕاوەستاوە‪.‬
ئەو ئەرک و فەرمانە نەریتییەی سیاسەت و دەزگاکانی دەوڵەت، کە ئامرازی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەن، دەگۆڕێت بۆ پاسەوانیکردنی سەلامەتیی نوخبەی خاوەن کۆمپانیاکان و بۆرسەی سەرمایە ئەندێشەیییەکان. لە کۆمەڵی هاوچەرخدا، لە دەستدانی عەقڵانییەتی سیاسی بەرهەمی ڕاستەوخۆی بە کاڵاکردنی ماددی و ئەندێشەیی هەموو شتێکە؛ و دەزگاکانی دەوڵەت و پارتە سیاسییە هاوچەرخەکان چیتر نوێنەری ئیرادەی گشتی خەڵکی نین (بەو مانایەی کە ژان ژاک ڕۆسۆ باسی دەکرد)، بەڵکو بوونەتە دەزگای نمایشکاری لە بازاڕێکی گەورەی دارایی-سیاسیدا.


سەرمایەی خەیاڵی‪:‬


«دەبێت ددان بەوەدا بنرێت کە بازرگانی و پیشەسازیی وڵات ناتوانن بە تەواوی پارێزراو بن کاتێک، ئەگەر بتوانین وای ناو ببەین، لەسەر باڵەکانی "دیدالۆس"ی دروستکراو لە کاغەزە-دراو هەڵواسرابن، بە شێوەیەک وەک بڵێی لەسەر زەمینێکی ڕەق لە زێڕ و زیو ڕێ دەکەن.» ـ ئادەم سمیس.


ئەمڕۆ ئابووریی سیاسیی جیهانی بەدەست گۆڕانکارییەکی ڕیشەیییەوە دەناڵێنێت کە تێیدا سنوورەکانی نێوان بەرهەمهێنانی ماددیی ڕاستەقینە و سەرابی تەوژمە داراییەکان کاڵ بوونەتەوە. ئەم توێژینەوەیە تیشک دەخاتە سەر چەمکی سەرمایەی ئەندێشەیی وەک بزوێنەری سەرەکی و، لە هەمان کاتدا، دیارترین نیشانەی قەیرانە بنیاتگەرییە قووڵەکانی سەرمایەداریی هاوچەرخ. کێشەی سەرەکی لێرەدا لەوەدایە کە چۆن تۆڕە داراییەکان و بەدیجیتاڵکردن، ئابوورییان لە زەمینی ڕەقی بەرهەمهێنانەوە گواستووەتەوە بۆ فەزایەکی هاوتەریب کە بنەماکەی قەرز و قەرزداریی کەڵەکەبووە؛ ئەمەش بە ناچاری بووەتە هۆی زاڵبوونی ناعەقڵانییەتی سیاسی بۆرژوازی و نامۆبوونی زەینی زیاتری چینی کرێکار لە سەرانسەری جیهاندا.


بەرنامەی ‪”‬چاودێریی نایەکسانی‪”‬ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە کە پێش سەدەیەک، سەرمایەدارە پیشەسازییەکان و زەبەلاحەکانی بازاڕ و دارایی وەک (جۆن پیرپۆنت مۆرگان و جۆن دی ڕۆکفێلەر ‪-‬ خاوەنی کارگەکان) بوون کە ئاڕاستەی وڵاتیان بەڕێوە دەبرد. بەڵام ئەمڕۆ، نوخبەی تەکنەلۆژی کە پێکهاتوون لە (ئیڵۆن ماسک خاوەنی کۆمپانیای تێسلا، مارک زوکەربێرگ خاوەنی کۆمپانیای مێتا/فەیسبووک، جیف بێزۆس دامەزرێنەری کۆمپانیای ئامازۆن، و سوندار پێچای سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای گوگڵ) هاتوونەتە پێشەوەی دیمەنەکە، بە جۆرێک لە کاتی ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی ترامپدا لە ڕیزی پێشەوەی کورسییەکاندا دانیشتبوون.


سەرباری ئەوەی ترامپ و بزوتنەوەی ماگا لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا چەندین جار خۆیان وەک نوێنەری ڕاستەقینەی چینی کرێکاری ئەمریکی نیشان دەدا، بەڵام دیمەنی ناو کاپیتۆڵ لە ڕۆژی دەستبەکاربوونەکەدا ئیدارەیەکی پڕ لە ملیاردێر و ئۆلیگارشی کۆمپانیاکانی ئاشکرا کرد، کە سەروەتە ئەندێشەییەکانیان ساڵ لە دوای ساڵ چەند هێندە دەبێت. لێرەدا، باڵە بۆرژوازییەکان (کە ترامپ و بزووتنەوە ڕاستڕەوە پۆپۆلیستییەکەی نوێنەرایەتی دەکەن) ئازار و ستەمە ئابوورییەکانی چینی کرێکار بۆ کۆکردنەوەی دەنگ دەقۆزنەوە، بەڵام هەر کاتێک دەسەڵات دەگرنە دەست، دەمامکەکە لادەچێت و ڕاستیی سیاسەتی بۆرژوازی دەردەکەوێت کە کلیلەکانی فەرمانڕوایی دەداتەوە دەست ئۆلیگارشەکان و ملیاردێرەکان.


ئەم دۆخە گۆڕانی بنیاتگەری لە سەرمایەداریی پیشەسازییەوە بەرەو ‪”‬وەحشیگەریی تەکنەلۆژی و دارایی‪”‬ ڕوون دەکاتەوە؛ واتە گواستنەوەی سەرمایەداری لە سەردەمی (مۆرگان و ڕۆکفێلەر)ەوە بۆ سەردەمی (ماسک و زوکەربێرگ). چەوسانەوەی کرێکاران چیتر تەنیا لەناو کارگەی نەریتیدا قەتیس نەماوە، بەڵکو گوازراوەتەوە بۆ ناو سەرمایەی ئەندێشەیی، سەرمایەداریی پلاتفۆرمەکان، بواری دیجیتاڵی، و کۆنترۆڵکردنی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی لۆگاریتمەکانەوە. دانیشتنی نوخبەی تەکنەلۆژی و سەرمایەداریی نوێ لە ڕیزەکانی پێشەوەی دەسەڵاتدا، بەرجەستەکردنی گۆڕانکارییەکی چۆنایەتییە لە سروشتی سیستمی سەرمایەداریی هاوچەرخدا؛ کە ڕەنگدانەوەی سەرکەوتنی خێرای ڕۆڵی سەرمایەی ئەندێشەیی و باڵادەستیی بەسەر سەرمایەی بەرهەمهێنەری ماددیدا، کە تایبەتمەندیی قۆناغە سەرمایەدارییەکانی پێشوو بوو.


کەواتە سەرمایەی ئەندێشەیی چییە؟


بۆ نووسەرانی قوتابخانەی ئابووریی سیاسیی کلاسیک، سەرمایەی ئەندێشەیی ئاماژەیە بۆ سەرمایە لە شێوازی دراویدا لە ڕێگەی سیستمی قەرز و متمانەی داراییەوە، بێ ئەوەی هیچ بنەمایەکی بەهایی ڕاستەقینە یان بەرجەستە لەسەر زەمینی واقیعدا هاوتای بێت. سەرمایەی ئەندێشەیی زاراوەیەکی نەرێنی و ڕەخنەییە کە گومان و ڕاڕاییەکی تێدایە بەرامبەر بە پرۆسە بەردەوامەکانی فێڵکردن و چەواشەکاری، کە خۆی لە پشتبەستن بە قەرزی نوێ بۆ دانەوەی قەرزە کۆنە شایستەکاندا دەبینێتەوە. زاراوەی سەرمایەی ئەندێشەیی لە مێژوودا لە قووڵایی ئەدەبیاتی ئابووریی سیاسیدا بۆ وەسفکردنی ئەم دیاردەیە و ڕووتکردنەوەی خاوەنەکانی سەری هەڵدا؛ گەورە ئابووریناسانی ئابووریی سیاسی بە توندی سەرکۆنەی ئەم جۆرە کارانەیان کردووە و بە دەستەواژەی وەک مشەخۆر، فێڵباز و سەرانەسەندن یان ڕاوڕووت وەسفیان کردووە.


بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕەهەندەکانی ئەم تەنگژە بنیاتگەرییە، پێویستە سەرەتا بگەڕێینەوە بۆ ئەو ڕستە بەناوبانگەی کە پێشەنگی ئابووریی کلاسیک، ئادەم سمیس، لە کتێبە بنەڕەتییەکەیدا «سامانی نەتەوەکان» (١٧٧٦) دایڕشتووە. لەوێدا سمیس لە بەشی دووەمی کتێبی دووەمدا وریایی دەدات لە مەترسیی پشتبەستنی لە ڕادەبەدەری ئابووری بە دراوی کاغەزی و ئامرازەکانی قەرز، و ئەم دۆخە دەشوبهێنێت بە فڕینی ئەفسانەیی دیدالۆس و ئیکارۆس. سمیس دەڵێت: بەڵام دەبێت ددان بەوەدا بنرێت کە بازرگانی و پیشەسازیی وڵات ناتوانن بە تەواوی پارێزراو بن کاتێک ـ ئەگەر بتوانین وای ناو ببەین ـ لەسەر باڵەکانی دیدالۆسی دروستکراو لە کاغەزە-دراو هەڵواسرابن، بە شێوەیەک وەک بڵێی لەسەر زەمینێکی ڕەق لە زێڕ و زیو ڕێ دەکەن‪.‬


سمیس لێرەدا گوزارشت لە دڵەڕاوکێیەکی ڕەخنەیی پێشوەختە دەکات؛ چونکە دراوی کاغەزی (و بە گشتی سەرمایەی دارایی) وەک باڵێکی سووکی دروستکراو لە مۆم و پەڕ کار دەکات کە دەرفەت بە ئابووری دەدات بفرێت، بە خێرایی گەشە بکات و بازدانی دارایی بخوڵقێنێت، بەڵام فڕینێکە کە بێبەشە لە ڕەگ و داپۆشینی ماددی. بۆیە لەگەڵ یەکەم نیشانەی لەقبوونی متمانە، یان ڕوودانی قەیرانێکی سیاسی و جیۆپۆلەتیکی، ئەم باڵە کاغەزییانە وەک مۆم لەبەر تیشکی خۆری واقیعدا دەتوێنەوە، و کەرتی پیشەسازی و بازرگانی لە بەرزاییەکی شۆککەرەوە بەرەو قووڵایی داڕمان دەچن.


لە سەردەمی هاوچەرخماندا، ئەم باڵە کاغەزییە کۆنانە گۆڕاون بۆ کۆدی بەرهەم هێنان، لۆگاریتمی دیجیتاڵی، و دراوە کلیلکراوەکان یان «دراوە کۆدکراوەکان» - «کریپتۆ»، ئەمەش وای کردووە ئابووری لە بەرزاییەکی تەمومژاویتر و دوورتر لە واقیعی بەرهەمهێنانی ڕاستەقینەدا بفرێت. ئێستا ‪”‬جیهانێک لە سەرمایەی خەیاڵی‪”‬ هەیە کە باڵادەستە بەسەر جیهانی ڕاستەقینەدا. بەرزبوونەوە و داكەوتنی بازاڕەکان و لە ناوچوونی ملیارەها دۆلار بەهۆی تەقینەوەی بڵقەکانی سەرمایەی ئەندێشەیی(٣)، و لێدوانێکی سیاسییەوە، بەرجەستەکردنی زیندووی باڵەکانی دیدالۆسە، کە لەگەڵ باوبۆڕانی لێدوانەکان و سەرکێشییە داراییەکاندا بە توندی بەرز دەبنەوە و نزم دەبنەوە.


سەبارەت بە ئادەم سمیس، ئەو پێی وابوو کە سەرکێشییە داراییەکان و سەرمایەی ئەندێشەیی تەنیا لایەدانێکی مۆڕاڵی و چاوبرسییەتین کە سەقامگیریی بازاڕ دەخەنە مەترسییەوە، بەڵام ئەو هیچ کاتێک پێشبینیی داڕمانی سەرمایەداریی نەدەکرد، بەڵکو باوەڕی وابوو کە ‪”‬دەستی شاراوە‪”‬ی بازاڕ هەمیشە توانای ڕاستکردنەوەی خۆی و گەڕاندنەوەی هاوسەنگیی هەیە.


گەورە ئابووریناسانی ئابووریی سیاسی سەرەڕای جیاوازیی ئاڕاستەکانیان لە ئەوپەڕی چەپەوە بۆ ئەوپەڕی ڕاست، کۆدەنگ بوون لەسەر ئەوەی کە خاوەنەکانی سەرمایەی ئەندێشەیی چالاکییەکی مشەخۆرانە و تێکدەرانە ئەنجام دەدەن. تەنیا جیاوازی ئەوە بوو کە مارکس ئەم دیاردەیەی وەک عەیب و کەموکوڕییەکی بنیاتگەری دەبینی کە بەبێ لەناوچوونی سەرمایەداری خۆی لەناو ناچێت، لە کاتێکدا سمیس و کینز وەک لادان و چاوبرسییەتێک دەیانبینی کە دەبێت دەوڵەت لە ڕێگەی یاسای توندەوە کۆنترۆڵی بکات بۆ پاراستنی کۆمەڵگە.


ئابووریی بۆرژوازیی کلاسیک و نیولیبرالیزمی هاوچەرخ، مامەڵە لەگەڵ (پارە، پشکەکان، و بەڵگەنامەکانی قەرز/ السندات)دا دەکەن وەک شتگەلێکی سەربەخۆ کە توانایەکی جادووییان هەیە بۆ زۆربوونی خۆکارانە (پارە، پارە بەرهەم دەهێنێت). بەڵام مارکس ئەم وەهمەی ڕووتکردەوە و سەلماندی کە سەرجەم ئەم ئامرازە داراییە ئاڵۆزانە (جا چ بەڵگەنامەی کاغەزی بن لە سەردەمی ئەودا، یان داتاشراوە داراییەکان و لۆگاریتمە دیجیتاڵییەکان بن لەمڕۆدا لە ساڵی ٢٠٢٦دا) لە کۆتاییدا تەنیا پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی پەردەپۆشکراون. سەرمایەی ئەندێشەیی تەنیا داواکارییەکی یاساییە لەسەر ئارەقە و ڕەنجی ڕاستەقینەی کرێکاران لە داهاتوودا. بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەم ڕەخنە مارکسییە، دەکەوینە داوی بتپەرستیی کاڵا و پارەوە، و وا دەزانین کە وۆڵ ستریت یان دۆڵی سیلیكۆن سەروەت لە نەبوونەوە دەخوڵقێنن، لە کاتێکدا ئەوان لە ڕاستیدا ئەو بەهایە دەمژن کە کرێکاران لەسەر زەوی بەرهەمی دەهێنن.


سەرمایەی ئەندێشەیی لە قوتابخانەی ئابووریی سیاسیی کلاسیکدا بریتییە لە (خوڵقاندنی بەها لە هیچەوە)، بەڵام لە تیۆری مارکسیدا (گەوهەری) سەرمایەی ئەندێشەیی لەوەدایە کە سەرمایەکە لە ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی ماددی یان کاڵای ڕاستەقینەدا (وەک کارگەکان، ماددەی خاو، و هێزی کاری ڕاستەقینە) بەرجەستە نابێت، بەڵکو لە کەڵەکەبوونی کاغەزی و دیجیتاڵی پێکدێت (پشکی هەڵئاوساوی کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکان، بەڵگەنامەکانی قەرز، قەرزەکان، و ئامرازەکانی سەرکێشیی دارایی). واتە گوزارشت لە ‪”‬مافێکی گریمانەیی داهاتوو دەکات لە ڕاکێشان و دزینی زێدەبایی‪”‬، ئەمەش وای لێدەکات لە واقیع دابڕاو بێت و لە کاتی هەر قەیرانێکدا ئامادەی تەقینەوە بێت. لەبەر ئەوەی دێوەزمەیەکی دیجیتاڵیی ئەستووربووە بە بڵقە داراییەکان، سەرمایەداریی هاوچەرخ بە ناچاری پاڵ پێوە دەنێت بەرەو جەنگەکان، قەیرانەکان، و تاڵانکردنی کۆمەڵگاکان بۆ پاراستنی بەهاکەی لە داڕمانی لەناکاو. ئەمەش وای کردووە سەرمایەداریی هاوچەرخ بەرەو دڕندەیی و وەحشیگەریی زیاتر بڕوات بۆ پاراستنی ئەم ژمارە فەلەکی و وەهمییانە لە داڕمان. بۆیە سەرمایەی ئەندێشەیی (پشکەکان، سەرکێشییە داراییەکان، لۆگاریتمەکانی تەکنەلۆژیا، و قەرزەکان) کە دابڕاوە لە بەرهەمهێنانی ڕاستەقینەی کاڵاکان، لە ڕووی بنیاتگەرییەوە پێویستی بە پاراستنی سیاسی و سەربازیی ڕاستەوخۆ هەیە (باڵەکانی دژە شۆڕش یان ڕاستڕەوی پۆپۆلیستی)؛ چونکە سەرمایەکە لەسەر قەیرانەکان و تاڵانکردنی کۆمەڵگاکان دەژی، ئەمەش نزیکبوونەوەی ئاشکرای ئەوان لە دەسەڵاتی سیاسی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان ڕوون دەکاتەوە.


شیکردنەوەی مارکس بۆ سەرمایەی ئەندێشەیی:


مارکس بە یەکەم کەس دادەنرێت کە چەمکی سەرمایەی ئەندێشەیی بە شێوازێکی ڕێکخراو لە بەشی سێیەمی کتێبە بەناوبانگەکەیدا «سەرمایە» داڕشت و شیکردەوە. مارکس پێی وابوو کە سەرمایەی ئەندێشەیی (وەک پشکەکان، بەڵگەنامەکانی قەرز/ السندات، و قەرزە گەڕۆکەکان) سیستمی دارایی دەگۆڕێت بۆ شتێک هاوشێوەی کازینۆی قومار. ئەو، سەرکێشە داراییەکان و بانکدارانی بەڕێوەبەری ئەم وەهمەی بە "مشەخۆر لە جۆرێکی نوێ" و "چەتەکانی دارایی" وەسف کرد. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم سیستمە چینێک لە خاوەندارانی پارە بەرهەم دەهێنێت کە بەبێ هیچ بەشدارییەک لە بەرهەمهێنانی ڕاستەقینەدا قازانج دەخۆن، و پێی وابوو کە سەرمایەی ئەندێشەیی ئەو بەها ڕاستەقینەیە دەدزێت کە کرێکاران بەرهەمی دەهێنن، ئەمەش دەیکاتە شێوازێک لە شێوازەکانی دزینی بنیاتگەریی ڕێکخراو کە لە تاوانەکانی دزە ئاساییەکان گەورەترە.


مارکس بە توندی ڕەخنەی لە پێشەنگانی ئابووریی کلاسیک (بەتایبەت دەیڤید ڕیکاردۆ و ئادەم سمیس) گرت، چونکە ئەوان چاوپۆشییان لە سروشتی ڕاستەقینەی سیستمی دارایی و قەرز (الائتمان) کردبوو، و نەیانتوانی بوو ببینن چۆن ‪”‬سەرمایەی زیادە لە پێویست‪”‬ دەگۆڕێت بۆ سەرمایەی ئەندێشەیی کە لە واقیعی ماددیی بەرهەمهێنان دادەبڕێت و بە ناچاری ئابووری بەرەو بڵق و قەیرانی کارەساتبار دەبات.


گەوهەری ڕەخنەکەی مارکس لە ئابووریی کلاسیک لە دەوری دوو خاڵ دەسووڕایەوە:


١. مارکس پێی وابوو کە ڕیکاردۆ و سمیس مامەڵەیان لەگەڵ پارە و قەرزدا کردووە تەنیا وەک ئامرازێکی تەکنیکیی ئاسانکاری بۆ ئاڵوگۆڕی کاڵاکان، و تێنەگەیشتبوون کە قەرز لە سیستمی سەرمایەداریدا بەهایەکی ئەندێشەیی (داواکاریی لەسەر سەروەتی داهاتوو) دەخوڵقێنێت کە هەڵدەئاوسێت و دەتەقێتەوە.


٢. کلاسیکەکان پێیان وابوو کە بەرهەمهێنانی ماددی تەنیا هێزی فەرمانڕەوایە، بۆیە قەیرانە داراییەکان تەنیا ‪”‬خراپیی بەڕێوەبردنی نەختی بانکەکان‪”‬ یان شێواوییەکی کاتی و ڕاگوزەرن. بەڵام مارکس سەلماندی کە سەرمایەی ئەندێشەیی میکانیزمێکی بنیاتگەرییە کە قەیرانەکان بە شێوەیەکی خولی و حەتمی لە ناوخۆی سیستمی سەرمایەداریدا بەرهەم دەهێنێت.


مارکس هەوڵی دەدا خۆی بەدوور بگرێت لە دیاردە ڕووکەشەکانی پێوەست بە فێڵکاری و کارە نایاسایی یان نائەخلاقییەکانی سەرمایەداران، و هەوڵە شیکارییەکانی خۆی چڕکردەوە لەسەر خوێندنی پەیوەندیی بنیاتگەریی نێوان کار و سەرمایە، و یاساکانی جووڵە و گەشەسەندنی سەرمایەداری و قەیرانەکانی. مارکس باسی چەمکی سەرمایەی ئەندێشەیی کردووە، ئەو چەمکەی کە ئەمڕۆ بەردی بناغەی شیکردنەوە سۆسیالیستییەکان پێکدەهێنێت بۆ دیاردەکانی سەرمایەی دارایی، بۆرسە، قەرزەکان، بەڵگەنامەکانی قەرز و پشکەکان، کە لە سەردەمی ئێستاماندا پێی دەوترێت ‪”‬سەرمایەداریی کازینۆ‪”‬، و بەشێکی گرنگ و باڵادەست لە قەبارەی گشتیی سەرمایە پێکدەهێنێت.


سەرمایەی ئەندێشەیی لە بۆشایییەوە سەرچاوەی نەگرتووە، و تەنیا نیشانەیەکی مۆڕاڵی نەبووە کە بەستراو بێت بە چاوبرسیییەتیی سەرکێشە داراییەکان و هەوڵدانیان بۆ دەستکەوتی خێرا؛ بەڵکو بەرهەمێکی بابەتیی ڕەوتی گەشەسەندنی مێژوویی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارییە.


مارکس لە تێزەکەیدا ڕوونی دەکاتەوە: ‪”‬هاوتەریب لەگەڵ فراوانبوونی بەرهەمهێنانی پیشەسازیدا، بەڕێوەبردنی لەسەر بنەمای سیستمی قەرز (الائتمان) فراوان دەبێت ــ‪”‬ (کتێبی سەرمایەی کارل مارکس - وەرگێڕانی فالح عەبدولجەبار / بەرگی سێیەم - ل٤٩٧). ئەمەش بەو مانایەیە کە قەرز و وەهمی دارایی وەک پێویستییەکی بنیاتگەری بۆ بەڕێوەبردنی بەرهەمهێنانی زەبەلاح گەشە دەکەن، نەک وەک لایەدانێکی کاتی و ڕاگوزەر.


لەسەر بنەمای ئەم ڕوانگەیە، سەرمایەی ئەندێشەیی لای مارکس خۆی لە بارستاییەک لە سەرمایەی نەختیی بەقەرزدراودا دەبینێتەوە، کە لە چوارچێوەیدا پەیوەندیی نێوان قەرزدەر و قەرزدار گەڵاڵە دەبێت. لەناو پۆلێنی سەرمایەی قەرزەکاندا، بەستەر و پەیوەندیی نێوان سەرچاوەی پارە بەقەرزدراوەکان و بوارەکانی بەکارهێنانیان لێک دەترازێت؛ چونکە تەواوی سەرنج و بایەخەکە تەنیا چڕدەبێتەوە سەر گەرەنتیی وەرگرتنەوەی ئەو پارانە بە هاوپێچی ئەو سوودەی کە بەدەستهێنانی مسۆگەر دەکات. ڕێک لەبەر ئەم هۆکارە، مارکس زاراوەی سەرمایەی نەختیی بەقەرزدراوی بۆ وەسفکردنی میکانیزمەکانی کارکردنی بازاڕەکانی نەخت بە گشتی بەکارهێنا، کە تێیدا لە چوارچێوەی یەک بازاڕدا فەرمانە بنیاتگەرییە جیاوازەکانی نەخت تێکەڵ دەبن ـ لە لایەکەوە وەک ناوبژیوانێک بۆ ئاڵوگۆڕ، و لە لایەکی ترەوە وەک نەختێک کە وەک سەرمایە کار دەکات ـ و هەر ئەم بازاڕەشە کە تێیدا نرخەکانی سوود (لانی کەم لە ڕووی دابڕان و ئەبستراکتەوە) دیاری دەکرێن.


هاوکێشەی (پارە ـ کاڵا ـ پارە+) گوزارشت لە خولی سەرمایەداری دەکات لە پرۆسەی بەدەستهێنانی قازانجدا لەناو کەرتەکانی بەرهەمهێنانی کاڵای پیشەسازی و کشتوکاڵیدا؛ بەڵام سەرمایەی وەهمی بەپێی شێوازی (پارە ـ پارە+) دەجووڵێتەوە، واتە ئاڵوگۆڕی ڕاستەوخۆی پارە بە پارە، کە خاوەنی توانای بەدەستهێنانی سوود و قازانجە بە دابڕانی تەواو لە پرۆسەی بەرهەمهێنان و ئاڵوگۆڕی کاڵاکان (واتە لە دەرەوەی بازنەی بەرهەمهێنانی ڕاستەقینەدا).


لە شێوازی (پارە ـ کاڵا)دا: سەرمایەدار بە پارەکەی خۆی ماددەی خام و هێزی کاری کرێکاران دەکڕێت، و ڕێک لەم قۆناغەدا ـ لە ناوخۆی پرۆسەی بەرهەمهێناندا ـ زێدەبایی بەرهەم دەهێنرێت. دواتریش، سەرمایەداران کاڵا بەرهەمهێنراوەکان دەگۆڕن بۆ پارە لە ڕێگەی هاوکێشەی (کاڵا ـ پارە)وە، کە ئەم پارەیە دەبێتە هەڵگری زێدەبایی و لە کاتی ئاڵوگۆڕ لە بازاڕدا لە شێوەی قازانجدا دەردەکەوێت. بە پێچەوانەی ئەوەوە، سەرمایەی ئەندێشەیی بەبێ هیچ بەشدارییەک لە پرۆسەی کاری تەرخانکراو بۆ بەرهەمهێنانی ڕاستەقینەی کاڵاکان بەڕێوە دەچێت (واتە بێبەشە لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی ئەو کاڵایانەی کە هەڵگری زێدەبایین)؛ بەڵکو تەنیا و تەنیا قەتیس دەبێت لە ئاڵوگۆڕکردنی ئامرازە داراییە جۆراوجۆرەکانی وەک: (دراوەکان، دراوە کۆدکراوەکان/ کریپتۆ، پشکی کۆمپانیاکان، قەرزەکان، هتد) کە سوودی دارایی بەرهەم دەهێنن. ئەم سوودەش، لە شیکردنەوەی کۆتاییدا، تەنیا بڕین و بەشێکە لە کۆی ئەو زیادەبەهایەی کە لە ئابووریی ڕاستەقینەدا بەرهەم هێنراوە.


بەهای شیکاریی باڵای تێکستەکەی مارکس لەوەدایە ئەو ‪”‬میکانیزمە بیرکاریی و ئابوورییەکە‪”‬ ئاشكرا دەکات کە خەیاڵەکە دروست دەکات. شیکردنەوەکەی مارکس وەک بڕبڕەی پشتی ڕوونکەرەوەی ئەو قەیرانە بنیاتگەری ئابووری، سیاسی و مۆڕاڵییە کار دەکات کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین؛ ئەو ئێمە لە دەستنیشانکردنی نیشانەکانی نەخۆشییەکە (داڕمانی بازاڕ، کاڵاکردنی جەستەکان و سیاسییە دەجالەکان) دەگوازێتەوە بۆ توێکاریی خودی ئەو نەخۆشینە بنیاتگەرییەی کە تووشی سەرمایەداری بووە. مارکس بە ڕەوانبێژییەوە ڕوونی دەکاتەوە چۆن پارە لە سەرمایەداریی هاوچەرخدا، لە ئامرازێکەوە بۆ ئاسانکاریی ئاڵوگۆڕی کاڵاکان (وەک کڕینی گەنم یان دەرمان)، دەگۆڕێت بۆ ‪”‬قەوارەیەکی سەربەخۆ کە لە دەرەوەی واقیعدا خۆبەخۆیی زۆر دەبێ‪”‬.


لە خولی ڕاستەقینەی (پارە ـ کاڵا ـ پارە+)دا، دیوارێکی واقیعی هەیە کە ڕێگری لە شێتبوونی سەرمایە دەکات، کە ئەویش کاڵا و کاری مرۆییە. لێرەدا سەرمایەدار ناچارە بێتە خوارەوە بۆ ناو کارگەکە، و مامەڵە لەگەڵ کرێکاری ڕاستەقینە، ماددەی خامی ڕاستەقینە، و بەرهەمهێنانی ئەو شتانەدا بکات کە مرۆڤەکان لە واقیعدا پێویستیان پێیەتی تا زێدەبایی بخوڵقێنێت. بەڵام لە سەرمایەی ئەندێشەییدا (پارە ــ پارە+) چیتر کرێکار، کارگە و کاڵا بە تەواوی سڕاونەتەوە، و(پارە - پارە+) بەرهەم دەهێنێت لە ڕێگەی شاشەکانی بۆرسەوە. ئەم سڕینەوەیەش دەبێتە هۆی خوڵقاندنی ‪”‬سەرمایەی خەیاڵی‪”‬؛ چونکە مادام هاوکێشەکە پێویستی بە واقیعێکی ڕاستەقینە نییە، ئەوا تەنیا بە بەرهەمهێنانی نمایشە مەجازییەکان (پشکەکان، دراوە کۆدکراوەکان، بەڵێنەکانی داهاتوو) قایل دەبێت، بۆ ئەوەی قەرزدەران و سەرکێشە داراییەکان ڕازی بکات لەسەر بەردەوامبوون لە یارییەکەدا.


گرنگترین بەش لە شیکردنەوەکەی مارکس ئەوەیە کە دەڵێت:‪”‬ قازانجەکانی سەرمایەی ئەندێشەیی تەنیا بڕین و بەشێکە لە کۆی ئەو زێدەباییەی کە لە ئابووریی ڕاستەقینەدا بەرهەم هێنراوە ‪”‬. مارکس لەم پەرەگرافەدا بڕبڕەی پشتی شیکردنەوەکەی جەخت دەکاتەوە کە زێدەبایی، لە دوا شیکردنەوەدا، تەنیا سەرچاوەی ڕاستەقینە و کۆنکرێتییە کە قازانجەکانی سەرمایەی وەهمیی لێ دەبڕدرێت:


(کەڵەکەبوون لای سەرجەم ئەو سەرمایەدارانەی کە پارە بەقەرز دەدەن، بێگومان بە شێوازێکی نەختیی ڕاستەوخۆ بەڕێوە دەچێت، لە کاتێکدا کە کەڵەکەبوونی ڕاستەقینەی سەرمایەی پیشەسازی بە شێوەیەکی ئاسایی، وەک بینیمان، لە ڕێگەی زیادبوونی توخمەکانی خودی سەرمایەی بەرهەمهێنەرەوە دەبێت. لەبەر ئەوە، گەشەسەندنی سیستمی قەرز و چڕبوونەوەی گەورەی کارەکانی بەقەرزدانی پارە لە نێوان بانکە مەزنەکاندا، بە ناچاری و بە خودی خۆی، دەبێتە هۆی خێراکردنی کەڵەکەبوونی سەرمایەی بەقەرزدراو، وەک شێوازێک لە کەڵەکەبوون کە جیاوازە لە کەڵەکەبوونی ڕاستەقینە.


بۆیە، ئەم گەشەسەندنە خێرایەی سەرمایەی بەقەرزدراو دەرئەنجامی کەڵەکەبوونی ڕاستەقینەیە، چونکە بەرهەمی پەرەسەندنی پرۆسەی نوێکردنەوەی بەرهەمهێنانە؛ ئەو قازانجەی کە سەرچاوەی کەڵەکەبوون بۆ ئەم سەرمایەدارە نەختییانە پێکدەهێنێت، تەنیا بەشێکە لەو زیادەبەهایەی کە ئەو سەرمایەدارانە دەستی بەسەردا دەگرن کە خەریکی نوێکردنەوەی بەرهەمهێنانن، و لە هەمان کاتدا دەستبەسەرداگرتنی بەشێکە لە سوودی پاشەکەوتی ئەوانی تر. سەرمایەی بەقەرزدراو لە یەک کاتدا لەسەر حیسابی پیشەسازەکان و بازرگانەکان کەڵەکە دەبێت). ـ هەمان سەرچاوە ـ لاپەڕە ٥٩٠.


ئەم تێزە، فێڵ و چەواشەکارییە گەورەکەی ئیڵۆن ماسک، کۆمپانیاکانی سندوقی سیادی، و نەهەنگەکانی بۆرسە ڕووت دەکاتەوە‪.‬ ئەوانە لە نەبوونەوە سەروەت ناخوڵقێنن وەک چۆن لە نمایشەکاناندا بانگەشەی بۆ دەکەن؛ بەڵکو ئەوان مشەخۆر گەلێکن کە لەسەر پشتی چینی کرێکاری ڕاستەقینە دانیشتوون.


کاتێک نرخی دراوێکی کۆدکراو (کریپتۆ) یان پشکی کۆمپانیایەکی وەهمی بەرز دەبێتەوە و سەرکێشە داراییەکان قازانجی ئەندێشەیی بەدەست دەهێنن، ئەم قازانجه‌ بەرهەمی جادو نییە، بەڵکو هێزێکی کڕینە کە لە کۆتاییدا لە ئارەقە و ڕەنجی ئەو کرێکارانە دەبڕدرێت و دەدزرێت کە خۆراک بەرهەم دەهێنن، خانوو بونیاد دەنێن، و وزە لە جیهانی واقيعیدا دابین دەکەن. سەرمایەی ئەندێشەیی میکانیزمێکە بۆ دووبارە دابەشکردنەوەی سەروەت لە خوارەوە بۆ سەرەوە بە شێوازێکی زەق و خێرا.


ئەم دەقە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ڕوونی دەکاتەوە بۆچی ئەم سیستمە تۆوی لەناوچوونی خۆی لە هەناوی خۆیدا هەڵگرتووە، لێکترازانی بەستەری نێوان سەرچاوەی پارەکان و بوارەکانی بەکارهێنانیان ناتوانێت بۆ هەمیشە بەردەوام بێت. سەرمایەداریی ئەندێشەیی وا ڕەفتار دەکات وەک بڵێی داهاتوو کۆگایەکی بێسنووری قازانجەکانە، بۆیە قەرز و بەڵێنەکان کەڵەکە دەکات، بەڵام لە چرکەساتێکدا، قەرزدەرەکان داوای پارە ڕاستەقینەکەی خۆیان دەکەن، و لێرەدا پێکدادانە قورس و بێبەزەیییەکە ڕوودەدات؛ بازاڕەکان دەبینن کە تریلیۆنەها دۆلاری دیجیتاڵی هیچ هاوتایەکی لە کاڵا یان خزمەتگوزاریی ڕاستەقینە لەسەر زەمینی واقیعدا نییە، و لێرەشەوە بڵقەکە دەتەقێتەوە وەک ئەوەی لە ساڵانی ١٩٢٩ و ٢٠٠٨دا ڕوویدا، و وەک ئەوەی سۆسیالیستەکان پێشبینی دەکەن بە شێوازێکی دڕندەتر لە قەیرانەکانی داهاتوودا ڕووبداتەوە.


شایانی باسە کە کەرتی بانکی و دارایی (سەرمایەی ئەندێشەیی) لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا بازدان و فراوانبوونێکی هێندە زەبەلاحی بەخۆیەوە بینیوە، کە زۆر لەوە تێپەڕ دەکات کە مارکس یان هەر نووسەرێکی تری سەدەی نۆزدەیەم بتوانێت ئەندێشەیی بکات. لەبەر ئەوە، ئەگەر بمانەوێت سوود لە تیۆرییەکەی مارکس وەربگرین بۆ شیکردنەوەی قەیرانی سەرمایەداریی هاوچەرخ، دەبێت تێگەیشتنێکی قووڵمان بۆ تێزەکانی ئەو لەسەر سەرمایەی وەهمی هەبێت؛ چونکە بەبێ شیکردنەوەیەکی ورد و سیستماتیک بۆ ڕۆڵی سەرمایەی ئەندێشەیی لە جیهانی ئەمرۆماندا، تێگەیشتن لە سروشتی قەیرانەکان و چارەنووسی سیستمی سەرمایەداریی هاوچەرخ مەحاڵ دەبێت، بەتایبەت کە سەرمایەی ئەندێشەیی لە ئێستادا بە شێوازێکی شێرپەنجەیی و دڵڕەقانە هەڵئاوساوە، بۆ نموونە:


(تەنیا سێ کۆمپانیای ئەمریکی کە بریتین لە: ئێنڤیدیا‪-‬ ئەپڵ ‪-‬ مایکرۆسۆفت، خاوەنی بەهایەکی بازاڕیین کە لە بەهای بازاڕیی کۆی گشتیی بۆرسەی چین بە تەواوی تێپەڕ دەکات). ـ سەرچاوە: ئەمریکا و پێوەرەکانی سەراب ـ سەرمایەداریی کازینۆ بەسەر سۆسیالیزمی پیشەسازیدا سەردەکەوێت! هەژماری فەرمیی ‪”‬الصين بالعربية‪”‬ لەسەر سەکۆی ئێکس ـ ٨ ی حوزەیرانی ٢٠٢٤.


لە لێکۆڵینەوەیەکی ڕووپێویدا لەسەر ئاستی ئەورووپا، "بڕاون و هاوکارانی" (٢٠١٧) گەشەی بەڵگەنامە داراییەکان و داراییە گشتییەکان و ڕێژەکەیان بەراورد بە بەرهەمی ناوخۆیی گشتی تاقیکردەوە؛ لەوێدا گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە پشکی کەرتی (ناوبژیوانی دارایی، دڵنیایی/ (التأمين)، و خانوبەرە) بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، و بەشداریی دارایی لە بەرهەمی ناوخۆیی گشتیدا بە بەراورد بە کەرتی بەرهەمهێنانی کاڵا زۆر زیادی کردووە. لە لایەکی ترەوە، "دەیڤیس و واڵش" (٢٠١٦) لە لێکۆڵینەوەکەیاندا ڕۆڵی حکومەتی بەریتانیا لە پاشەکشەی پیشەسازی و سەرکەوتنی باڵادەستیی دارایی ئاشكرا دەکەن، لە کاتێکدا "وانگ" (٢٠١٥) پێی وایە کە دەوڵەتی چین لە سەردەمی ئێستادا گۆڕاوە بۆ ئەوەی پێی دەوترێت ‪”‬دەوڵەتی خاوەن پشکەکان‪”‬.


سەرمایەی ئەندێشەیی و فێڵکاری:


لە پاش شیکاری ئابووری ئاڕاستەبوون بەرەو ڕەخنەی مۆڕاڵی لە سیستمی بۆرژوازی پێویستە، چونکە لەڕوانگەی سۆسیالیستییەوە ڕەخنەگرتن لە ئابووریی سیاسی سەرمایەداری کەمکوڕ دەمێنێتەوە ئەگەر نەبەسترێتەوە بە هەڵوەشاندنەوەی سەرخانییەوە (ڕۆشنبیری و ئایدۆلۆژی)؛ ئەو سەرخانەی کە ئەرکی پاساودان و ئەندازیاریکردنی ئەو شەرعییەتەی لە ئەستۆیە کە بۆ جووڵە و کشانی سەرمایەی ئەندێشەیی پێویستە.


لە کۆتاییدا، سەرمایەداری لە ڕێگەی لادانی دەمامکەکانییەوە ـ بە سیستم و دەسەڵاتە نەفرەتلێکراوەکەیەوە ـ دەموچاوی ڕاستەقینە خۆی دەرخست. دەمامکەکانی سەرمایەداری مژدەی خۆشگوزەرانی و هەڵاتنی سەردەمێکی زێڕینیان بە چینی کرێکار و هەژاران دەدا، و لێوەکانی سرودی خۆشەویستی و ئاشتییان دەچڕی و بەڵێنی سەقامگیری و پێشکەوتخوازیی هاوچەرخیان نوێ دەکردەوە؛ بەڵام واقیعی کۆمەڵگه‌ ساڵ لە دوای ساڵ تەنیا زیادبوونی ڕێژەی هەژاری، فێڵکاری، کۆنەپەرستی، جەنگەکان و تیرۆر نیشان دەدات.


لە بارەی فێڵکارییەوە، دانتی لە کتێبەکەیدا «کۆمێدیای خودایی» وەسفی دێوەزمەی فێڵکاری "جێریۆن" بەم شێوەیە دەکات:
دەموچاوی، دەموچاوی پیاوێکی دادپەروەر بوو،
بەهۆی ئەو چاکە و نەرمونیانییەی لە تەواوی ڕوخساری دەرەوەیدا دەدرەوشایەوە،
لە کاتێکدا تەواوی بەشەکانی تری جەستەی، جەستەی مار بوو؛
دوو چڕنووکی هەبوو، کە موو تا بنباڵەکانی داپۆشیبوون؛
پشت و سنگ و هەموو لایەکانی جەستەی،
پڕ ببوون لە گرێ و قەڵغانی بچووک ...
له‌ ناو بۆشاییدا کلکی بە تەواوی دەلەقایەوە،
بەرەو سەرەوە چەمابووەوە بەهۆی دەرزییە ژەهراوییەکەیەوە،
کە سەرەکەی وەک دووپشک چەکدار کرابوو.
(کۆمێدیای خودایی ــ دۆزەخ / دانتی ئەلیگیێری- (سروودی حەڤدەیەم، دێڕەکانی ١٠ ــ ٢٧) - ل٢٥٩ / وەرگێڕانی: حەسەن عوسمان/ بە زمانی عەرەبی.).


له‌ وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا دراوە کۆدکراوەکان (کریپتۆ) تەنیا فێڵکارین؟ ئیڵۆن ماسک دەڵێت: بەڵێ ئەوە فێڵ و تەڵەکەیە‪.‬ گفتوگۆیەک لەگەڵ ئیڵۆن ماسکدا بەڕێوەچوو کە تەوەرەکەی لەسەر دراوە کۆدکراوەکان بوو، بەتایبەت دراوی ‪”‬دۆجکۆین”‪.‬ لەوێدا ماسک بە ئاشکرا دانی بەوەدانا کە دراوە کۆدکراوەکانی وەک دۆجکۆین تەنیا تەڵەکەبازی و کارێکی فێڵکارانەن، کەچی لە هەمان کاتدا خۆی پرۆسەی کڕین و فرۆشتنی بەم دراوانە دەکرد، جگە لەوەی لە ڕێگەی سەکۆی ئێکسەوە پڕوپاگەندە و ڕیکلامی بۆ دەکرد. ئەم سەرمایەدارە سەرکێشە داراییە خۆی یاریی بە نرخی دراوە کۆدکراوەکان دەکرد و جەماوەری چەواشە دەکرد، و لەم ڕێگەیەوە ملیارەها دۆلاری بەدەست دەهێنا.


سیفەتی دیاری سەرمایەداری لە چەرخی ئێستاماندا بریتییە لە باڵادەستیی سەرمایەی ئەندێشەیی و فێڵکارانە بەسەر جیهاندا، کە جیهانێکی هاوتەریب بۆ جیهانی ڕاستەقینەی سەرمایەداری پێکدەهێنێت. لە کاتێکی زۆر نزیکدا، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دۆناڵد ترامپ، دامەزراندنی یەدەگێکی ستراتیژی لە داراییە دیجیتاڵییەکان ڕاگەیاند و لێدوانیدا کە دەبێت ئەمریکا ببێتە ‪”‬پایتەختی دراوە کۆدکراوەکان لە جیهاندا‪”‬؛ واتە ڕێک ئەو دراوانەی کە ماسک وەک تەنیا فێڵکاری دەیانبينێت. ئەم ڕاگەیاندنەش شەپۆلێکی گەورە لە ناجێگیری و شڵەژانی توندی لە نرخی بۆرسەکان، پشکەکان و دراوە دیجیتاڵییەکاندا دروست کردووە، کە بووەتە هۆی زیانی ملیارەها دۆلار لە بازاڕی دراوەکاندا. لێرەدا دەبینین ئەوەی دوێنێ وەک فێڵکاری و سەرکێشیی دارایی دەرەوەی یاسا سەیر دەکرا، گۆڕاوە بۆ سیاسەتێکی فەرمی کە لە لایەن یەکەم دەوڵەتی زلهێزی جیهانەوە (ئەمریکا) ڕابەرایەتی دەکرێت.


لە جیهانی هاوچەرخدا، فێڵکاریی ئۆلیگارشی لە لایەن ئیڵۆن ماسکەوە نوێنەرایەتی دەکرێت کە یاری بە نرخی داراییە وەهمییەکان دەکات لە ئێکس بۆ بەدەستهێنانی سەروەتی ئەندێشەیی، و فێڵکاریی سەروەری لە لایەن بڕیارەکەی ترامپەوە نوێنەرایەتی دەکرێت، بە بەستنەوەی چارەنووسی ئابووریی ئەمریکا بە داراییە دیجیتاڵییە فڕیو و ناجێگیرەکانەوە کە هیچ بەرهەمهێنانێکی ماددیی ڕاستەقینە پشتیوانییان ناکات.


ئەم شیکردنەوەیە جەخت دەکاتەوە کە کاتێک ‪”‬وەهم، سەراب، و دراوە کۆدکراوەکان‪”‬ دەبنە یەدەگی ستراتیژیی دەوڵەتان، ئەوا سەرمایەداری بە تەواوی عەقڵانییەتی خۆی جێهێشتووە و گۆڕاوە بۆ کازینۆیەکی قوماری جیهانگیری کە لە لایەن ئیمپراتۆر و سیاسییەکانەوە بەڕێوە دەبرێت، لە کاتێکدا کرێکارانی ڕاستەقینە لەسەر زەوی فاتورەی هەڵاوسان و داڕمانە ملیارییە یەک لە دوای یەکەکانی ئەو زیانانە دەدەن کە بەهۆی پێوەدانی کلکی ژەهراویی "جێریۆن"ەوە دروست دەبن.


چەواشەکاری و فێڵکاری تەنیا شێوازێک نییە کە ترامپ یان ماسک پەیڕەوی بکەن، بەڵکو سروشتی گەوهەریی ئابووریی سەرمایەداری هاوچەرخە. ئەو سیستمەی کە پەیوەندیی خۆی لەگەڵ بەرهەمهێنانی ڕاستەقینەدا دەپچڕێنێت و پشت بە سەرکێشیی دارایی دەبەستێت، لە ڕووی مۆڕاڵییەوە مەحکومە بەوەی کە سیاسەتێکی پشتبەستوو بە ڕاوڕووت، جەنگەکان، بێبایەخی و نمایشی بازاڕیی بەرهەم بهێنێت، و لە ڕووی ئابووریشەوە مەحکومە بە ژیان لەسەر لێواری داڕمانی بەردەوامدا.
سەرمایەداریی هاوچەرخ لە دەیەکانی ڕابردوودا ‪”‬سەردیەتە گەورەکان‪”‬ی چەواشەکاری پڕوپاگەندە کرد ـ (بەڵێنی خۆشگوزەرانی، سەردەمی زێڕین بۆ کرێکاران، ئاشتیی جیهانی، و کۆتایی مێژوو). بەڵام ڕوانگەی سۆسیالیستیی دەبینێت کە ئەنجامەکە لەسەر زەمینی واقیعدا تەواو پێچەوانە بوو:(جەنگە ناوچەییەکان، فراوانبوونی کەلێنی چینایەتی، تێکدانی دەوڵەتی خۆشگوزەرانی، و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی بیرۆکە کۆنەپەرست و ڕاستڕەوەکان بۆ پاراستنی سیستم). ئەم دژایەتییەش ڕێک ئەو هۆکارەیە کە پاڵ بە سۆسیالیستەکانەوە دەنێت بڵێن سەرمایەداری دەمامکەکەی خۆی داماڵیوە تا دەموچاوی ڕووت و ڕاستەقینەی خۆی نیشان بدات کە لەسەر قەیرانەکان، وەحشیگەری و جەنگەکان بونیاد نراوە.


بزووتنەوەی ماگا و ترامپ بە دەموچاوی جێریۆنی دادپەروەرەوە وەک پارێزەران یان داکۆکیکارانی کرێکاران دەردەکەون، بەڵام ئیدارەکەیان تەنراوە بە ئۆلیگارشیی ملیاردێرەکان (ماسک، بێزۆس، زوکەربێرگ). ئەم ئیمپراتۆرانە ئابوورییەکی ماددیی ڕاستەقینە (پارە ـ کاڵا ـ پارەی زیادە) بەڕێوە نابەن، بەڵکو بە ‪”‬باڵە دیجیتاڵییەکانی دیدالۆس‪”‬ لە ڕێگەی سەرمایەیەکی ئەندێشەییەوە دەفڕن کە هاوکێشەکەی بریتییە لە (پارە ـ پارەی زیادە)؛ سیستمێک کە پشت بە سەرکێشیی دارایی و بەرهەمهێنانی ئەندێشەیی دارایی دەبەستێت. ئەو ژمارە فەلەکییانەی کۆمپانیاکانی وەک (ئێنفیدیا، ئەپڵ، مایکرۆسۆفت) کە لە ڕووی دەفتەرییەوە بەسەر ئابووریی پیشەسازیی چیندا سەردەکەون، تەنیا دەمامکی بۆرژوازیی هاوچەرخی دێوەزمەکەن. بەڵام لە پشت ئەم ژمارانەوە، چینی کرێکاری ڕاستەقینە لەسەر زەوی لە ڕێگەی ئۆتۆماتیککردنی جەورکارانە و ئابووریی کاری کاتی بەرەو هەژاری دەبرێن. دەرەنجامی چاوەڕوانکراویش بریتییە لە توانەوەی باڵە مۆمئاوییەکانی دیدالۆس و بەئاگاهاتنەوەی قوربانییەکان لەژێر پێوەدانی کلکی ژەهراویی جێریۆندا لە کاتی تەقینەوەی بڵقی داهاتوودا؛ چونکە سەرمایەداری ناتوانێت بۆ هەمیشە قەیرانە بنیاتگەرییەکانی خۆی لە ڕێگەی دەرزیلێدانی قەرز و وەهمی دیجیتاڵیی زیاترەوە دوا بخات.
_______________________________________
پەراوێزەکان:
(١) بەشی یەکەمی ئەم وتارە ناوەرۆکی وتارێکمە بەناوی(سەرمایەی وەهمی و ساختەکاری). لە ماڵپەڕەکانی(دەنگەکان و هاوپشتی)دا، لە بەروای ١١ی ئازاری ٢٠٢٥ بڵاوکراوەتەوە.
(٢) موزارەبە: بریتییە لە کڕینی پشک، دراو، یان خانوبەرە نەک بە مەبەستی بەکارهێنان یان بەرهەمهێنان لە ئابووریی ڕاستەقینەدا، بەڵکو تەنیا بە مەبەستی دووبارە فرۆشتنەوەیان بە نرخێکی بەرزتر لە کاتێکی کورتدا، بۆ دەستکەوتنی قازانجێکی خێرا لە ڕێگەی یاریکردن بە گۆڕانی نرخەکانەوە لە بۆرسەدا. بەم جۆرە چالاکییە «ئابووریی مشەخۆر»ە، چونکە هیچ بەهایەکی نوێ بۆ کۆمەڵگە بەرهەم ناهێنێت و تەنیا پارە لە باخەڵێکەوە دەگوازێتەوە بۆ باخەڵێکی تر.
(٣) لە چین، بڵقی ژیریی دەستکرد پێشتر تەقیوەتەوە - سەرچاوە: ڕۆیتەرز / لە ٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦.
گومانی تێدا نییە کە لە کاتەکانی نادڵنیایی و ئەگەری شەڕ و ناسەقامگیریی سیاسیدا، بەهای پشکەکان لە بازاڕی بۆرسەدا و نرخی دراوەکان ڕووبەڕووی داڕمان دەبنەوە و ئارەزووی وەبەرهێنان پاشەکشە دەکات؛ ئەم دۆخەش ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی گرانبوونی نرخی کاڵا و شتومەک، تەشەنەکردنی بێکاری و دروستبوونی سستبوونی بازاڕ.
کاردانەوەی سیاسی و بەردەوامبوونی بێهۆشکردن یان سڕکردنی ئەقڵ:(گۆڕانی بڵقەکان لە بازاڕی خانووبەرەوە بۆ ژیریی دەستکرد) ‪-‬ تەقینی بڵقی ژیریی دەستکرد لە چین نەک تەنیا گورزێکی کوشندەیە لە ئابووریی وەهمی، بەڵکو تەنگژەیەکی گەورەش بۆ ‪”‬ئامێری پڕوپاگەندەی سیاسی‪”‬ دروست دەکات. لە کاتێکدا کە دەسەڵاتی بۆرژوازی و تەکنۆکراتەکان چیتر ناتوانن بەڵێنی ڕاستەقینەی ئابووری و دابینکردنی هەلی کار بە پرۆلیتاریا بدەن، ناچار دەبن لە ڕێگەی هێشتنەوەی جەماوەر لەژێر کاریگەریی "شۆکی تەکنەلۆژیی نوێتر" یان دروستکردنی دوژمنی وەهمی لە دەرەوە، سەرنجی گشتی لەسەر بنەمای قەیرانەکە دوور بخەنەوە. ئەمەش ڕێک هاوشێوەی کارەکەی کاهینە کۆنەکانە؛ کاتێک نزا و جادووەکانیان بۆ بارانبارین شکستی دەهێنا، ڕێوڕەسمی نمایشکاریی نوێتریان دادەهێنا تا ڕاستیی عەجز و تاڵانکارییەکانی خۆیان لەناو بیر و ئەقڵی خەڵکیدا بشارنەوە.

 

 


 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک