په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

                         ناڵه‌ حه‌سه‌ن


هەموو ساڵێک لەو دەمەدا
لەگەڵ هەناسەدان و چاوهەڵهێنانى
یەکەم شەوى نێو مەمکۆلەکانى مێژوودا
لە نێو ماڵە تەنیاییەکەى بەفر
بەدیار فرمێسکەکانى مانگ و
زەردەخەنەکانى ئاگردا
شۆڕە ژنێکى خەیاڵ بەنەفسەجى
لە ژێر تاراى /
تاسە زەنگیانەییەکانى عەشق و
لە نێو کات ژمێرەکانى سەوزایى دا
گوێ لەسێرناداى مۆم رادەگرێ
منیش هەر لەوشەوە ڕەوشەنیەدا
نەرم نەرم لەنێو ڕامانە زایەندی یەکانم
مەست مەست /
کۆڵانەکانى غوربەت و
یادگارییەکانى مردن و
بەلەمە نەوەزییەکانى قەدەر / جێدەهێلم
دەگە ڕێمە وە
نێو کەژاوەى ڕامووسانى و نێو پەرستگەکانى پاکبوونە وە
لە وێندە رێ
لە نێو ماڵە ڕەبەنیە کەى باران
ئاگر لە جانتاى سەفەر و
لە پەراسوەکانى تەنیاییم بەردەدەم
بەدەم خوێندنەوەى ئایەتەکانى عە شق و
میلۆدە هەنارییەکانى سێرنادا دا
پێکە گێلاسە ییەکانم هەڵدەدەم
بەرەو قوڵاییەکانى دەریاى توانەوەو
بەرەو مەتارێزى /
زایەلە زێڕینەکانى زەردەپەڕ
شۆڕدەبمەوە
بە ڕەنگە خۆلەمێشییە خەملیوەکان و
هێلە شەپۆڵاوییە لماوییەکانى
نێو تابلۆیەکى زەیتوونى بێ ئۆقرەى خوماریدا
لاوکەکانى تەنیایى و
وەرزەکانى خۆرئاوابوونم / ڕەنگ دەکەم
هەر لەو دەمە
لە یەکەم شەوى لە دایکبوونى عەشق
لە نێو خەونەکانى
گوڵ و ئاوێنە و شمشاڵ دا
بە دیار بزە گەرمەکانى ڕەشەبا و
سیًبەرە رووتەکانى ئەستێرەدا
بە دەم سووتان و
ئەندێشە نغرۆییەکانى نوێژى شێوان
لە گەڵ خۆم دا
شەنگە شلێرییەکانى شەو و
کڵپە کچێنییەکانى کڕێوە و
سروە سروشییەکانى سەحەر / بە سەما دەهێنم
تا خەونە وونبوەکانى
نێو دەمارە ووشک هەڵاتوەکانى ئارەزووم
تەڕ تەڕ دەبنەوە
وەک ڕەیحانە ڕەشەکانى / نێو ڕۆحى شەونم و گیا
سەما سەما سەما
لێرە سەرسامى و لەوێندەرێ سەما
لێرە فرمێسک و لەوێندەرێ فرین
لێرە حەشیشە و لەوێندەرێ عەشق
سەما هەمیشە سەما
فڕین هەمیشە فڕین
عەشق هەمیشە عەشق
هەموو ساڵێک لەو دەمەدا
لە نێو مەریەمیترین عەشقى خودایى و
لە ژێر ڕەشماڵى بنار خەیاڵە تاوسییەکان دا
بە تاسە مەرجانیەکانى گەردنى ئاگر
گوێ لە سێرناداى عەشق ڕادەگرم
لەوێدا / لە نێو هەناسە گەرمەکانى ئەو شەوە دا
دەمێنمەوە / دەمێنمەوە / دەمێنمەوە
خۆم بە عەبەسیەتى
تاڤگەکانى عەشق و نافورەکانى میهر دەسپێرم ... !

______________________________

* سێرنادا : پارچە مۆسیقایەکى خۆشەویستییە.

کۆتایی کاتژمێرەکانى 2006