په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\١٢\٢٠١٦

سەرنجێک لە گرفتی بێکاریی لە کوردستاندا.


جەلال دەباغ     


لەم ساڵانەی دواییدا گرفتی بێکاری لە کوردستاندا بۆتە کێشەیەکی مەترسێدار، نەک تەنیا چینی کرێکار بەڵکو چەندان چین و توێژی کۆمەڵگەکەمانی گرتۆتەوە، بەتایبەتی توێژی رۆشنبیران و خوێندکاران و لاوان و دەرچوانی کۆلێژو پەیمانگەکان و بەگشتی کارگەرانی یاخەسپی و چەندان بەشی جوتیاران و کاسپکارانی گرتۆتەوە، جگە لەمبوارانە کە بەشێک لە ئافرەتانیش دەگرنەوە، دەتوانین جەخت لەوە بکەینەوە کە گرفتی بێکاری بە شێوەیەکی یەکجار بەربڵاو ریزەکانی ئافرەتانی گرتۆتەوەو لەناو ئافرەتانیشدا کیژان و ژنە گەنجەکان بەدەست بێکارییەوە تووشی چەندان گرفتی دەروونی و ئابوری و کۆمەڵایەتی بونەتەوە.


راستە لە کوردستاندا لەم بوارەدا وەک هەموو بوارەکانیتر سەرژمێری راست و دروستمان نییە، بەڵام هەندێ لایەن وایدەبینن کە رێژەی بێکاری لە کوردستاندا گەيشتۆتە ٢٥٪، هەندێ دەزگاش وایدەبینن کە رێژەی بێکاری لەناو تەمەنی ١٥ تا ٦٥ ساڵاندا ١٤٪ دەبێت کە پێموایە راست نییە لە تەمەنی ١٥ساڵانەوە تا ١٧ساڵان بژمێردرێن، چونکە بەهەموو پێوانەو بەڵگەنامەکانی جیهانی دەبێ لەتەمەنی ١٨ ساڵانەوە کاربکەن و پێش ئەو تەمەنە قەدەغەیە کاریان پێ بکرێت. یان دەگوترێ رێژەی هەژاری لە کوردستاندا، کە ئەمیش راستەوخۆ هاوپەیوەندە لەگەڵ گرفتی بێکاریدا، ٢٪ بووەو ئیستا گەیشتۆتە ١٤٪.


پێموایە هەموو ئەم رێژانە راست و وردنین و زۆر لەوە زۆرترن و لە باشترین بارودۆخدا دەتوانری بگوترێ تاڕادەیەک نزیکن لە راستییەوە.


ئەم گرفتە مەترسیدارە لەم ساڵانەدا زۆرتر پەرەی سەندووە، ئەمەش لەسایەی کەمکردنەوەی موچەو بێموچەیی فەرمانبەران و خانەنشینەکان و ئەو بڕیارانەی بۆ پاشەکەوتدراون و، بەمەبەستی دەرچوون لەو قەیرانە ئابوری و داراییەی لەم دواییانەدا تەشەنەیان سەندووە، لەسەر حیسابی کارمەندان و خانەنشینان و کرێکارانی مێشک و بازو کە بێگومان بڕینی بەشە بوجەی هەرێم لەلایەن حکومەتی بەغداوەو شەڕی تێرۆريستانی داعش( دەوڵەتی ئیسلامیی عێراق و شام..!) دوو فاکتەری سەرەکین لەم بوارەدا، وێرای هەڵەکانی سیاسەتی ئابوری و دارایی حکومەتی هەرێم و دیاردەی بەربڵاوی گەندەڵی و سیاسەتی چەوتی بواری نەوت و گاز..تاد.


راستە بێکاری دیاردەیەکی رێژیمی سەرمایەدارییەو لە ژێر سایەی ئەو رێژیمەدا لە هەموو وڵاتانی دنیادا بنەبڕو چارەسەری تەواوی ناکرێن و، تەنیا دەتوانری سووکبکرێن و رێژەکەیان کەمبکرێتەوە، وەک چۆن قەیرانی ئابوریش دیسان دەرهاویشتەیەکی ناوبەناوی رێژێمی سەرمایەدارییەو، دەبێ قەیرانە ئابوری و داراییەکانی لای خۆشمان لەو گۆشەنیگایەوە تەماشا بکرێن ولای ئێمە رێژیمە ئابورییەکەمان سەرمایەداریی پێشکەوتوو نییە، بەڵکو سەرمایەداریی دواکەوتووە، بەهەموو مانای وشەکە.


هۆکارێکی دیکەی ئەم گرفتە لەم هەلومەرجەدا ئەوەیە کەرتی گشتی تاڕادەیەکی زۆر بەرتەنگکراوەتەوەو، هەرزان فرۆشکراوەو هەنگاونراوە بۆ نەهێشتنی کەرتی گشتی و بەتایبەتیکردنی وەک لە بواری پەروەردەو تەندروستی و بانکەکان و پۆست و تەلەفۆن و کارەباو بوارەکانیتردا دەردەکەون و بە خشکەیی و بەرەبەرە پەیڕەوی دەکەن و لەمەشدا بەڕاوێژی دەزگایەکی ئابوریی زۆرگەورەی مەترسیدار دەکەن کە بانکی نێودەوڵەتییەو بە ملیۆنەها دۆلار لە سوودی قەرزەکانی بەرخورداردەبێ!


لە کارگەکان، مەزراو کێڵگەکان، سۆپەرمارکێتە گەورەکان وسەدان پڕۆژەو کۆمپانیای هەڵتۆقیودا برەو بە کەرتی تایبەتی دەدەن لەسەر حیسابی کەرتی گشتی و، باربوونەکردنی دەوڵەت بۆ ئەو کەرتە، بەتایبەتی بۆ بوارە گرنگەکانی پەروەردەو تەندروستی و خزمەتگوزارییە جۆربەجۆرەکان، رۆژانە نابووتبوونی دەیان کۆمپانیاو پڕۆژە دەبینین و دەبیستین و، بە تەراتێن و بەربەرەکانێی سۆپەرمارکێتە گەورەکان و هەرە گەورەکان هەزاران دوکاندار نابووت وبێکاردەکرێن کە شتێکی وایان دەستناکەوێت کرێی دوکان و خەرجیەکانی کارەکەیان و خێزانەکانیانی پێ دابین بکەن، ئەمانە هەموویان کارێکی زۆریان کردۆتە سەربڵاوبوونەوەو فراوانبوونی زۆرتری گرفتی بێکاری.


زۆر لەبێکارانیش پەنا دەبەنە بەرئاژوتنی تاکسی و پاس وکەوتنە ژێرباری قەرزوقٶڵەی کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبیلفرۆشتن و دەیان هەزار تاکسی و پاس کەوتوونەتە سەر شەقامەکانی هەولێرو سلێمانی و کەکوک ودهۆک و شارەکانیتر، بێ ئەوەی حکومەت سنوورێک بۆ زۆربوونی ئەم هەموو تاکسی و پاسی گواستنەوانە دابنێت و گوێبداتە پیسبوونی ژینگەی شارەکان کە کردیاننە گەڕاژی گەورەو مەترسیدارترین دیاردەن بۆ پیسبوونی ژینگەو خراپبوونی باری تەندروستیی هاوڵاتیان.


دیاردەیەکی دیکەی زۆربوونی گرفتی بێکاری لە کوردستاندا هێنانی کرێکاری بییانییە لە دەرەوە بەو بیانووەی کرێکارانی خۆمان هەموو چەشنەکارێک ناکەن! رەنگە ئەمەش تاڕادەیەک راستبێ بەڵام ئاخۆ توانای چارەسەرکردنی نییە؟


لەڕاستیدا کۆمپانیەکان و خاوەنکارە سەرمایەدارەکان بەدوای هێزی کاری هەرزاندا دەگەڕێن لەمەشدا سنوور هیچ رۆڵێکی نییە، تاقازانج و داهاتی زۆریان دەستکەوێت و لاسایی هەندێ لە دەوڵەتانی کەنداو بکەنەوەو، لە هەژاریی دەستی کاری هەندێ وڵات سوودمەندبن و، بەمکارەش مافی ڕەوای کرێکارە بێانییەکانیش دەخۆن و، ناکۆکیی دەستکرد لەناو ریزی کرێکارانی خۆوڵاتی و بیانیدا پەیدادەکەن و، دیسان بە ژمارەی زۆری ئەو کرێکارە هاوردانە کرێکارانی خۆوڵاتی دەهاوێژنە باوەشی بێکارییەوە.


چارەسەری بنەبڕی گرفتی بێکاری تەنیا لەژێر سێبەری رێژیمەکانی سۆسیالیستیدا دەبێت، بەڵام کەمکردنەوەی تینی بێکاری و سووککردنی ئەمگرفتە مەترسیدارە لەناو رێژیمە سەرمایەدارو دواکەوتوانیشدا دەبێت و رێگای هەمەجۆری هەیە وەک: دامەزراندنەوەی ژێرخانی ئابوری و دەرچوون لەقەیرانەکانی ئابوری و دارایی و پیادەکردنی سیاسەتی ئابوری و دارایی راست و دروست و بایەخدان بە کەرتی گشتیی و رێگری لە بەتایبەتیکردنی هەموو بوارەکان لەسەر حیسابی کەرتی گشتی و، ئێمەش لەدژی پشتگیریی کەرتی تایبەتینین، بەڵام نەک بەمشێوازەی ئیستا لەئارادایە، باشبەکارهێنانی داهاتی سامانەکانمان وبەتایبەتی نەوت و گازو، بایەخدان بە پڕۆژە بەرهەمهێنەکان نەک خوڵقاندنی کۆمەڵگایەکی بەکاربەرو، کردنی هەرێمی کوردستان بە بازاڕی فرۆشتنی کاڵاکانی وڵاتان، بوژاندنەوەی پيشەسازی و کشتوکاڵ و سامانی ئاژەڵ و.. تاد..


یەکێک لە فاکتەرە هەر گرنگەکانی ئەمبوارە بایەخدانە بە دانان و زیندوکردنەوەو بوژاندنەوەو بەهێزکردنی سەندیکاکان و لەپێشڕەویاندا سەندیکاکانی کرێکاران کە سەربە دەسەڵاتنەبن و بەڕاستی نوێنەری کرێکارانبن و بەرگری لەماف و داخوازییەکانیان بکەن و بارەگای خۆیان هەبن و کۆنگرەکانیان بە رێکوپێکی ئەنجامبدەن و لەوێدا نوێنەرانی راستەقینەی خۆیان هەڵبژێرن و دەسەڵات بەپێی یاسا کۆمەکیان بکات و رۆڵی خۆیان بۆ بەرژەوەندیی کرێکاران ببینن و، یەکێتیی سەندیکاکان لەسەر بنەمایەکی پتەو پێکبێت.


لەسەر رۆشنایی تاقیکردنەوەی کرێکاران خۆیان و مێژوی تێکۆشانی گەشەداریان و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی کەڵەکەبووی نێونەتەوەیی بزاڤی کرێکارانی جیهان رێکخستن و رۆڵی سەندیکاکان بەهێزبکرێن تا لە ململانێ و کێشەی چینایەتی و هێنانەدیی داخوازییە رەواکانی کرێکاران و تەواوی رەنجدەرانداو لە باشکردنی باری ژیان و گوزەرانیاندا و لەوانەش سووککردنی گرفتی بێکاری لە کوردستاندا رۆڵی شایستەی خۆیان بگێڕن.

 

ماڵپه‌ڕی جه‌‌لال ده‌باغ


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک