په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٦\٢٠١٧

سەرنجێک لەسەر باسەکەی کاک نیھاد جامی ''شانۆی سەرشەقام''!

رێبوار عارف*     


ئەوانەی بە نوویسن و بەرھەمە ھونەریەکانی شانۆکاری ئەزیز کاک نیھاد جامی، ئاشنان ئاگادارن کە ئەم سالانەی دوای کاک نیھاد خەرمانێک لەبەرھەمی بەپێزی خستووەتە بەردەست ھونەرمەندان وخۆینەران. بۆیە بۆمن ئەم بابەتە ئەوەندەی سەرنجراکێشانێکە لەسەر نووسینێکی، ئەوەندەش پرسیارگەلێکە بۆ نزیکبوونەوەیەکی ڕۆشنتر لە مێژوویەک کەنووسەر باسی دەکات. بەم مانایە ئەم باسە ئەوەندە ڕەخنەیەک نیە بۆ رەخنەگرتن، بۆیە ئەوەی مەبەستە لەم نووسینەدا ڕاگرتنی کاک نیھاد لەدووڕیانی ئەمڕۆو دوێنێدا بۆ وردبوونەیەکی زیاتردا لە مێژووی شانۆی شەقام لە کوردستاندا.

ھەربۆیە ئەگەر بمەوێ سەرنجەکەم لەدەربڕینێکی چردا بخەمەڕوو ئەوەیە کە نەدەبوو کاک نیھاد لەم نووسینەدا ئەوەندە حوکمێکی خێرابدا، بەتایبەت ئەمە لەکاتیکدا کە چاوەڕوانی ووردبینیەکی زیاتری لەم نووسەرە دەکرێت. بۆیە لەمبارەوە ھەوڵدەدەم ئاوڕیک لە نووسینەکەی بدەمەوە بەناوی’’ کاریگەریی شانۆی سەرشەقامی ئێرانی لەسەر نمایشە کوردیەکان’’.

جەوھەری ئەو پرسیارەی کە لەم نووسینەدا پەلکێشیکردم بەدوایخۆیدا، لەو پەرگرافەوە دەستپیدەکات، کە نووسەر دەلێ’’ ئەزموونی شانۆی سەرشەقام لە باشوری ‌کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ دوای ڕاپەڕین ئەوەش لەچەند ھەولێکدا کە مەبەست گوزارشت کردن بوو لە ئازارەکانی مرۆڤی کوردیی، ئازارەکانی یادەوەری ئەو مرۆڤە.. بەداخەوە تائێستا ووتارێکی نووسراومان نیە باس لەو سەرەتایە بکات،... ڕەنگە سەرەتای ھەوڵەکانیش بگەرێتەوە بۆ شانۆکار ڕزگار ئەمین ئەو دەمەی لەکەلاوەکانی ھەڵەبجە کارێکی گەرۆکی ئەنجامدا کەچەندین شیو بەردەوام بوو،...ھەروەھا شانۆکار بەکر ڕەشید کارێکی تاکئەکتەری شەقامی ئەنجامداوە لە سلێمانی و لەناوەڕاستی نەوەتەکانی سەدەی بیستەم ...’ ئاماژە بە چەند نموونەیەکیتر دەکات لەسلیمانی ،دەربەندیخان، ھەولیرو شارەکانیتری کوردستاندا...

لەمبارەوە سەرنجتان بۆ مەسەلەیەکی لەڕوالەتدا سادەو بەلام لەناوەڕۆکدا گرنگ ڕاکیشم. لەسالی١٩٨٦ پێشمەرگەی کۆمەلە ڕێکخراوی حزبی کۆمۆنیستی ئیران بووم، لە ئۆردگای مالومە شانۆگەریەکمان پێشەکەشکرد، کە لەنووسینی ڕێبوار مسلح و دەرھێنانی ڕێبوار عارفـ، بەناوی ’’مامە حەمە بوو بە کۆمۆنیست’’... بۆ سبەی نیوەڕۆ کاتیًک کە لە ھۆلی نانخواردن دانیشتبووین دوو پیشمەرگەو پیاوێکی کەمێک بەتەمن ھاتنە تەنیشتمەوەو دەستیانکرد بە نان خواردن... ئاگاداربووم مامە پیرەکە زوو زوو سەیریکی دەکرم، سەرئەنجام کەوتە قسەکردن لەگەلمدا... ووتی دوێنی زۆر بە ئاسانی منت گەراندەوە سەردەمی مندالی...منیش ووتم چۆن مامە گیان؟ ووتی بەلی کاتێک کە مندال بووم مالمان لەھەجیج بوو دواتر چووینە دەوربەری پاوە، ئەوکاتەی کە مندال بووین بەو شێوەی ئێوە ھەندێک جار کەسانێک دەھاتن و بەھەمان شێوە نمایشیان دەکرد... قسەکەی یەکجار بۆ من سەرنجراکیش بوو، منیش کەوتمە دوان و بەدواچوون لەسەر باسەکەی ... پاشان ووتم باشە مامە گیان تۆ باسی نمایشکردنی شانۆ دەکەیت لە ھەجیج کەحەتمەن ئەوکات لادیەکی زۆر بچکتربوو، بەلام ھەر بەراست شانۆ بوو یان کوڕوکاڵی ئاوای کۆدەبوونەوە و حیکایەتیان دەکرد.. لە وەلامدا ووتی وەلا ڕۆلە ھەروەک ئەمەی ئێوە وابوو، تازە ئێوە لەم دەشت و دەرەدا بوو، ئەوەی ئەوان لە سەر سەکۆیەک بوو کە زۆرجار دەرویشەکانیش تیدا کۆدەبوونەوە زکرو خواپەرستیاندەکر.. بەدەم زەردەخەنەیەکەوە ووتی ئەگەر جیاوازیەک ھەبووبیت، ئیوە باسی مامە حمە دەکەن کە چۆن دەبیت بە کۆمۆنیست و ئەوانیش باسی خواپەرستی عبادەتیان دەکرد...ئەم دەربرین و زانیاریە ماوەیەکی زۆر منی خستە سەر کەلکەلەی ناسینی ئەوجۆرە شانۆیەو بەلام بێفایدەبوو...تادواتر پاش تیپەربوونی ٢٠ سالیک برای بەریزم کاک (حەکیم مەلا سالح)م لەکوردستان بینیەوە، ئەویش بەدەر لەوەی کە چەندین لیکولینەوەو باسی میژوویی ھەیە، ھاوکات یەکیک کە ھونەمەندەدیارەکانی شاری ھەلەبجە بوو لە خەفتاکاندا... بەھەمان شێوە ئەویش لەو دیدارەدا باسی ئەوەیکرد کە چۆن لە دوای شەڕی جیھانی دووھەمەوە لەھەندی ناوچەی ھەورامان و بەتایبەت لە ھەجیج شانۆیان لە تەقسی خواپەرستی و ئاینیدا نمایشکردوە...بائەم میژووە دیرینترە لیرەدا راگرین و بینەوە سەر باسەکەی کاک نیھاد سەبارەت بەمیژووی شانۆی شەقام لە ھەلەبجە.

بەبروای من پیموایە مێژووی شانۆی گەر لە ھەر فرمێکی جیاوازیشدا بووبیت دەگەریتەوە بۆ قۆناغگەلێکی زۆر دوورترو کەمیک گۆمانم ھەیە لەو سەردەمەی کە کاک نیھاد ئاماژەی پیدەکات. نەک تەنیا لەبەر ئەوەی ئەو مێژووەم بەلاوە دەقیق نەبێت، بەڵکو جیاواز لەوە لایەنی کەم ئەوەندەی کە بۆ خۆم بەشداریم تیداکردوەو ئاگادارم لەھەمان شاری ھەلەبجەدا لەسالانی ١٩٧٦ تا ٧٧ چەندین جار لە لاکۆن و کەلاوەکانی ھەلەبجەدا شانۆگەریمان پیشکەشکردوە. لەمەش زیاتر من تارمای ھەمان ئەو رۆژانەم لەیادە کە لە ئازاری سالی ١٩٧٠ یان ٧١دا لە گەرەکی ئەوکاتی شەھیدانی ھەلەبجە بەھەمان شیوە شانۆگەری شەقامیان پیشکەشکرد. لەپال ئەمەشدا ئەگەر بماویت ئاماژەیەکی دوورتر بکەم بەم جۆرە نمایشانە دەبیت بگەریمەوە بۆ سالانی کۆتای پەنجاکان کە ئەو کات بە بۆنەی یەکی ئایارەوە لە تەوێڵە لەم جۆرە شانۆگەریانەیان پیشکەشکردوە.

 

ناو شاری تەوێڵە، لە یەکی ئایاری ١٩٥٨ شانۆگەری تێدا پیشکەشکراوە

 

جیاواز لەمەش دیویکیتری ئەو میژووەی کە کاک نیھاد ئاماژەی پیدەکات دروست قۆناغی سەرھەلدانی و گەشەکردنی شانۆی شەقامە ’’ڕۆژھەڵاتی کوردستان’’ ناوەندی ئاوڕدانەوەو دەستپیشخەریی بووە لە شانۆی سەرشەقامدا. ئەم جرەقەیە سەرەتا لەسالەکانی دوای ١٩٩٠دا بەدیکرا. دەکریت بلین شانۆکارانی مەریوان، لەم بوارەدا پشکی شیریان بەردەکەویت کە لە کۆتای سالانی نەوەدەکانەوە ھەستان بە بەرپاکردنی فستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی مەریوان، کە دواتر نەک ھەر لە زۆربەی شارەکانی رۆژھەلاتی کوردستان ئەم جۆرە شانۆی شەقام تەنیەوە، بەلکو لە زۆریک لە شارەکانی ئیرانیشی گرتەوەو دواتر فیستیڤالەکانیان تیپ و ھونەرمەندانی تری پارچەکانیتری کوردستانیشی پەلکیشکرد بەدوای خۆیداو بەمانایەک فیستفالەکانیان ناوچەیتر بووەوە. تازە لە چاوپیکەوتنیکدا کە رۆژنامەی کوردستان لەگەل بەڕێز جەمشید بەھرامی شارەزای بواری شانۆ سازداوە، باس لەوە دەکات کە لەم فیستیفالانەدا ھونەرمەندان و شانۆکارانی بەشێک لەولاتانی ئەوروپاش بەشداریان تیداکردوە.

بۆیە دواتر لەم بارەوە دەڵێم ئەگەر کاک نیھاد نمایشکردنی بەرھەمەکانی ئەسخیلۆس، یۆرپیدس ،سۆفۆ کلییس لە یونان بەبەشێک لە سەرەتای سەرھەلدانی مێژووی شانۆی یونان بزانیت، ئەوا دەکرێت بۆ ناسینی و دلنیابوونمان لە میژووی شانۆی شەقام لەکوردستانیشدا بەدواچوونیکی وردترو زیاتر بکەین لەو شانۆگەریانەی کە لە ناوچەکانی ترو بەتایەبت لە ھەورامان و ھەجیجدا بەرپاکراوە کە ھەرئێستە سەرەداوگەلێکمان لەبەردەستدایە.

لیرەوە ئەگەر ئەو دەربرینەی کاک نیھاد بەھەندوەرگرین کە دەنووسیت’’ لەدایک بوونی شانۆیە دەکرێت لەدوو ئاستدا بیبینین لەلایەک وەک خواستێکی کۆمەڵگا بەتایبەت لەچەوساندنەوەی مرۆڤەکان کە شاتۆکارانی ناچارکرد بڕژێنە شەقامەکان و لەوێ خواستی کۆمەڵگا بخەنە ڕوو، ئاستی دووەم پەیوەستە بە ئایدیۆلۆژیا کردنی شانۆ بەو پێیەی ئەو شانۆیە مەرامێکی سیاسی ڕوونی لە پشتە’’. لەپال ئەوەشدا کە ئەم بۆچونەم بەلاوە دروستە، بەلام نامەویت واحالیبم لە کاک نیھاد کە گوایە پیوایە دیواریکی چین ھەیە لەنیوان سیاسەت و ئایدۆلۆژی و شانۆدا. کاتیک کە شانۆ مەکۆی رەنگدانەوەی باسوخواست و کیشمەکیشەکانی ناو کۆمەلگا بیت، بەدلنیا شانۆ شانۆکارانیش بەھەمان تونیلدا تیپەردەبن. گرنگ ئەوەیە ئەو کردەیە بەچ رادەیەک و لە چ ئاستیکدا وەلامی پرسیارەکانی رۆژو بە پاراستنی نازمەی ھونەریکی خولقینەرو لەزەتبەخش داوەتەوە.

دواجار ئەوەی بەلای منەوە جیگەی پرسیارە ئەوەیە کە تۆبلی لەو قۆناغەدا کە شانۆی گەرەک لە گروگالدایە دەرفەتێکی زیاتر دەرخسینیت بۆ ئەوەی کە بەناچار پەرستگاکان بکرینە دەروازەی نمایشکردنی شانۆگەریەکان لە تەقسیکی ئاینداو، دواتریش لەو قۆناغەدا کە ستەم و چەوسانەوەیەکی یەکجار زۆرتر لەگورۆیدایە دووبارە لە بارودۆخیکدا کە کۆمەلگا ڕەنج دەبات لە ھەڵکشانی ستەم و چەوسانەوەو نەبوونی ماف و ئازادیەکانیان بەتایبەت ئازادی بەیان و بیرورادەربرین، ڕەنگە وا لە شانۆکاران بکات کە لە دەرەوەی ئەو بزوتنەوە تەقلیدیەی کە نزیک بە سەدەیەکە لە کۆمەلگای ئیمەدا دەستبردن بۆ چەکی وەک سەرەکیترین و یان تەنیا ریگە لەقەلەمدات، ئەوا ھونەرمەندانیش بۆ نیشاندان و جەختکردنەوە لە ریگەیەکی شارستانیانەو کارا رەنگە دەنگی نارەزایەتیەکانی خەلک بەشیوەیەکتر لە سەر سەکۆی شانۆکان بەرزکەنەوە تا کۆمەلگا بەرەو ئایندەیەکی باشتر بەرن.

_______________________________
* بەهادین حاجی بەکری دارتاش ناسراو بە ''رێبوار عارف''.

 

 

rebwar.arif@hotmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک