په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣١\٣\٢٠١٥

سەرنووسەری ھاولاتی بانگەوازی کام خۆپیشاندان دەکا؟

ریبوار عارف    

 

سەرنووسەری ڕۆژنامەی ھاولاتی بەڕێز تاریق فاتیح، ھەفتەی ڕابردو بابەتێکی بەناونیشانی ((بانگەواز بۆ خۆپیشاندانی سەرتاسەری)) بلاوکردەوە، کە لەپەرەگرافی یەکەمی بابەتەکەوە کاک تاریق بە درست ئەو پێشبینیە دەکات و دەلێ ’’ لەوانەیە ئەم وتارە کورتەی من لای زۆربەی خوێنەرانی ببێتە مایەی پرسیار یان لای ھەندێک گومان دروستبکات..’’ بۆیە ھیوادرین ئەم سەرنجانەی ئێمە کۆمەک بکات بە ڕۆشنکردنەوەی پرسیارەکان و دوورکەوتنەوە لە گۆمانەکان. بەڵی کاک تاریق خۆت واتەنی ’’ دەربڕینی بیروراکان بویریە’’ بەلام بوێرانەتر ئەوەیە گەر کاتیک چاویکیمانگیرا بەدنیای دەرەوەو بۆچوون و لیکدانەوەکاندا بەرۆشنی بەخۆماندا بچینەوەو گەر مایل نەبین دان بەھەلەی بۆچوونەکانی خۆشماندابنین ، ئەوا ھەر نەبیت ڕۆژنامەی ھاولاتی پەلکیشی دەرەوەی میژووی نارەزایەتیەکانی خەلکی ناڕازی کوردستاندا نەکەین. لەوبارەوە لیرەدا چەند برگەو پەرەگرافیکی وتارەکەی دەخینەڕوو بەو ھیوایەی ئەوەی سەرنووسەری ھاولاتی ئەنجامگیریەکی بویرانەتری لێبکەن.

((ساڵێک زیاتر تێپەڕی و بەشەبودجەی ھەرێم لەلایەن حکومەتی ناوەندی عێراقەوە بڕاوە... ھەموو ئەوە دەزانین بەشە بودجەی ھەرێم ئەوکاتە بڕا کەدڵنیابون لەوەی کورد ھەنگاودەنێت بۆ بون بەدەوڵەت... بۆ ئەوەی ئەم سیاسەتە سەربگرێت بودجەی ھەرێمیان بڕی، مەعاش نەما، تا وا لەخەڵکی کوردستان بکەن دژی حکومەتەکەی خۆیان خۆپیشاندان بکەن... بەداخەوە چەند حیزبێک کەوتنە ئەم ھەڵەیەوەو خەڵکیان ھاندا خۆپیشاندان بکەن دژی حکومەتی ھەرێم. بەبڕوای من ئەم کارە ھەڵەیە..دەبێت ئەمجارە ئەمە نەکەین وھەموان جیاوازیەکانی ناوخۆمان بۆ خۆمان بێت و پشتگیری سیاسەتی نەوتی ھەولێر بکەین... لەبری خۆپیشاندانی پچڕپچڕو ناو بەناوو دژی ھەرێم، دەبێت خەڵکی کوردستان ھانبدەین بۆ خۆپیشاندانی سەرتاسەری و گشتگیر دژی بەغدا...)).

بە ڕاستی ئەم جۆرە دەربرینە لە تەمەنی ڕۆژنامەگەری ھاولاتیدا ’’بویرانەیە’’و بۆ یەکەمجارە سەرنووسەری ئەم ڕۆژنامەیە بە ڕۆشنی داکۆکی لە سیاسەت و ئامانجەکانی حکومەتەکەی پارتی دەکات. ھاوکات بە مەبەست یان بێمەبەست غەدرێکی گەورەش لەم ڕۆژنامەیە دەکات و بەشێک لەو مێژووەکەی ئاوەژوو دەکاتەوە بۆ سەلماندنی بۆچوونەکەی خۆی. ئەوەتا نووسەر پیماندەلیت ’’..ساڵێک زیاتر تێپەڕی و بەشەبودجەی ھەرێم...بڕاوە،... تا وا لەخەڵکی کوردستان بکەن دژی حکومەتەکەی خۆیان خۆپیشاندان بکەن. ئایا بەڕاستی ئەم دەربرینە ھەلەیە یان تەنیا خەتایەکی گەورەیە؟ خەتایە یان سانسۆرکردنی ئەرشیفی تۆمارکراوی ئەو ڕۆژنامەیە کە لەماوەی ١٦ سالی رابرودا ھەزاران، ھەوال، ریپۆرتاج، ووتار، چاوپیکەتن و بەدواچوونی لەسەر مانگرتوون وناڕەزایەتیەکانی تیدا بلاوکراوەتەوە؟ ئایا بەراستی خەلکی کوردستان تەنیا لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوداو ئەویش لەبەرئەنجامی برینی بوجەدا( خۆپیشاندانیان دژی حکومەتەکەی خۆیان خۆپیشاندان بکەن؟ ئایا بەراستی ئەوە ھەمان حکومەتی ھەریم نەبوو کەچوار سال بەر لە برینی بوجەی ھەریم ١٢ گەنجی خەڵتانی خۆینکردو سەدانیتریشیان بریندارکرد؟ ئایا بەراستی برینداربوون ڕۆژنامەوانێکی ھاولاتی لە خۆپیشاندانانەکانی پاش ١٧ شوبات و گیان بەختکردنی یەکیک لە کارمەندەکانی ھەروا زوو فەرامۆشکران کە بەھۆی چیەوەبوو؟ تۆ بلی بەریکەوتبیت وا سەرنووسەری ڕۆژنامەی ھاولاتی ئەو مێژووە فەرامۆش دەکات و دەبێتە بەرگریکاری حکومەت؟ تازە بەمەشەوە ناوەستێت سەرزەنشتی ئەو حیزب و لایەنانە دەکات کە پێشتر ھانی خۆپیشندانیان داوەو دژ بە حکومەتی ھەریم.

بینەوە سەر برینی بوجەی حکومەتی ھەرێم کە کاک تاریق بانگەوازمان دەکات تا بەلەرچاوگرتنی ئەو دۆخە دەستبەرداری ھەموو نارەزایەتیەکانی خۆمانبین و پشگیری لەو حکومەتە بکەین کەھەنگاوی بەرەو سەربەخۆی نا. بەرلەھەرشتیک سەبارە بەمەسەلەی مزایەدەی ((سەربەخۆی)) ئەوە تەنیا سیاسەتی ئەو حیزبەبوو کە ٣٥٪ دەنگەکانی ھەلبژاردنی بەدەستیھنانەوە نەک ھەلویستی کۆکی حیزب و حکومەتی ھەریم. دووھەم ئایا دابینکردنی نان و ئاو کرێ خانوو بەدەر لەوەی کە سەربەخۆین یانا وەک ئۆکسجین پیویستە بۆ ژیان یانا، کەواتە گەر کاتیک ئەو خەلکە لەو مافە سەرەتاییە بەھرمەندنەبیت ئیتر سەربەخۆی ھەبیت یانا چی لەسەر سفر خالی و سکی برسی ئەو خەلکە دەگوریت. سیھەم ئێستە کە سەربەخۆنین ئەم دەسەلاتە سەرزەمین وژیرزەمینی ئەم کۆمەلگایەی لوشداوە، سبەی کە ’’سەربەخۆ’’ بووین خۆشمان لوش نادات؟ بۆیە لەراستیدا ئەو ئەزمە سیاسی، ئابوری، ئیداریەی کە بەرۆکی بەم حکومەتە گرتووە گەلیک زیاتر لە پاساوی (( بووجە و سەربەخۆی)). پرسیارەکە ئەوەیە کە ئەم دەسەلاتە چ شەرعیەتیکی ھەیە لەکاتیکدا کە تەنیا لەماوەی دوو ھەفتەدا چەندینی ھەوالی لەم جۆرە دزە دەکات و ڕۆژانە بەھەدەردانی سەروەت سامانی ئەم ولاتە لەلایەن حیزبەکانی ھەمان حکومەتەوە، تۆبلی ھاتنی ئەو بووجەیەی کە سەرنووسەری ھاولاتی دەیەویت ھەموو دەنگ و رەنگەکانی بۆ یەکبخات، چارەنووسی لەم سەدان ملیاردە باشتربیت بۆ ھاولاتیان و نانی سەرسفرەیان زیاتر بکات. ئایا بەراستی کاک تاریق و حکومەتەکەی پارتی دەتوانن پیمان بلین کە ئەم ملیاردھا دۆلارە بوونە سەرمایەی کێ، کە لیرەدا بەشیکیان ئاماژە پیدەکەین: دیارنەمانی (٤٥) ملیارد دیناری وەزارەتی پێشمەرگە و کەم ئەندامان لە بودجەی ساڵی ٢٠١٣ . پێنج ملیار دینار لەنێوان دوو وەزارەتی حکومەتی ھەرێمدا دیارنامێنێت. دلاوەر عەلادین لە پارەی نەوت (٣٥٠)دەفتەر دۆلاری و ھەروەھا (١٠٠٠٠)مەتر دووجا زەوی پێدراوە لەھەولێر کە نرخەکەی (٤٠)ملیۆن دۆلارە. ئەوە باس لە بەخشینەوەی ٦٥٠ ھەزار دۆلار ناکەین کە لەو رۆژانەدا درا بە راپەریکی ئەمریکی بەناوی ( نێلی)یەوە.

ئایا بەراستی کاتیک کە ئەمە تەنیا گۆشەیەک لەکارنامەی ئەو دەسەلاتەبێت، ئیتر جیگەیەک ماوەتەوە بۆ شانازیکردن بە پشتگیریکردن لە حکومەتەو بەمەشەوە نەوستین بکەینە ویزەی خەلکی ناڕازی کوردستان و سەرزەنشتیان بکەین بەتاوانی ئەوەی کە بەو دۆخە ناڕەزاین و داکۆکی ماف و ئازدیەکانی خۆیان دەکەن.کە لەراستیدا قەباحەتەکە گەلێک لەمانە گەورەترە، ئەو حکومەتەی کە سەرنووسەری ھاولاتی بوونەتە خەمخۆرو بە زۆلملیکراو لەقەلەمی دەدات، حەوت ساڵ بەر لە ئیستە تەنیا لە نەوتی کوردستان بەشی دەھەیەک لە بوجەی و بژیوی تیکرای خەلکی کوردستان، حەپەلوشکراوە. لەمبارەوە بەدواچونی سەرۆکی لیژنەی وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی د.غالب محەمەد ئەمین، ببیستین کە لە راپۆرتەکەیدا دەلێ ((" ٢٣ ملیار دۆلار لە داھاتی نەوتی ھەرێم دیار نیە، کە پارەی فرۆشراوی نەوتی ھەرێمە لە ٢٠٠٧ وە تا ٢٠١٤... " کەواتە مافی خۆمانە بلین کیشەکە نە بوون و نەبوونی ئەم چەند مانگەی بوجەیەو نە سەربەخۆ نەبوونمان. ھەر بۆیە لیرەوەیە ئەو بانگەوازەی سەرنووسەری ھاولاتی، نەک ھەر نادروستەو جێتیارامانە بەلکو ناھەقیەکی گەورەشە بە میژووی کارنامەی رۆژنامەکە خۆی کە ساڵەھایە پشکیی بەرچاوی ھەبوو لە خستنە رووی ئەو گەندەلی و ناعەدتالەتیەو ئەو شەپۆلی نارەزایەتیانەی کە دژ بەم حکومەتە گەندەل و نابەرابەرە ئەنجامدراوە.

پاش چارەکە سەدەیەک بۆ پشتگیریی سیاسەتی نەوت بکەین؟


ھەموو خەلکی کوردستان لەبیریانە لەماوەی ١٢ سال ڕامالینی ھیزەکانی بەعس لە کوردستاندا، داواکردنی ھەرجۆرە داخوازیەک لەو حکومەتە ساواکەیە بە گورزی گەڕانەوەی بەعسی بیدەنگدەکرا. ئێستە پاش ١٢ ساڵ تیپەربوون بەسەر گورنانی بەعس، دەبیت ھیشتا خەلکی بەشمەینەت خۆی بپاریزیت لەنارەزایەتی دەربرین، چونکە بەرژوەندی یەکگرتووی کورد واپیویست دەکات کە جیاوازیەکانی ناوخۆمان بۆ خۆمان بێت تا سیاسەتی نەوتی ھەولێر لەبەرامبەر بەغدا سەرکەوتوبێت.’’ ئێستە دەکرێ بپرسین کە ئایا بەراستی ئەمە بویریە بۆ سەرنووسەری رۆژنامەی ھاولاتی کە جەماوەرە مەحکوم بکات کە نارەزایەتی دەردەبرن لەبەر نەبوونی ماف و ئازادی و خزمەتگوزاریەکانیان، بۆ ئەوەی میلیاردیرو فرعەونەکان سەرمایەکانیان پاریزراوبیت؟! ئەمە لەکاتیکدا کە ئەمرۆ بەشیک لەو پیشمەرگانەی کە بەخۆینی خۆیان بەرەکانی شەریان پاراستووە موچەیان نیەو وەک دەبیستین ئەوەتا ٧٠٠ پیشمەرگەیە کە ئەمرۆ لە بەرەکانی جەنگدان دەیانەویت خۆپیشاندان بکەن دژ بە نەبوونی مۆچەکانیان. بەریزم لەم کۆمەلگایەدا دوو بەرژوەندی و دوو چین و دوو تیروانینی دژ بەیەک ھەیەو ھیچ شتیک ناتوانیت ئەم ھەقیقەتە پەنھان بدات و فەرامۆشی بکات.

دواجار بۆ ئەوەی ئەو ناھەقیە نەدریتە پالتان، کە ئێوە ھیچ ڕەخنەیەکتان لەم دەسەلاتەنیە، دەزانم کە بەڕێزتان لە نووسینەکەتاندا ئاماژەتان بەوە کردوە کە’’ بێگومان ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کەڕەخنەو داواکاریەکانمان بۆ شەفافبونی پڕۆسەی گرێبەست و دەرھێنان و پاڵاوتن و فرۆشتنی نەوت فەرامۆش بکەین. بەلام لە ڕاستیدا رەخنەو نارەزایەتیەکانی خەلکی کوردستان لەبەرامبەر بە حکومەتدا تەنیا لەبەر ناشەفاف بوونی پرۆسەی گریبەستەکان نیە، وەک ئەوەی کە ئێوە ئاماژەی پێدەکەن بەڵکو ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی کوردستان چارەکە سەدەیەکە دژ بە شەڕی ناوخۆ و پەلکێشکردنی ولاتانی ناوچەکەو لەشکرکێشی و بۆمبارانی خەلکی بێگوناح، نارازین بوون لەبەرامبەر بەتیرۆری ھەزاران ژن و دەیان ھەلسوروی سیاسی، لەبەرامبەر بە سەرکوتی رووداوەکانی پاش ١٧ شوبات و لەمبەرامبەر بە سەدان پیشلیکاری و نەبوونی ماف و ئازادیەکانیاندا. کە جیگەی خۆیەتی ھاولاتی وەک بلندگوی داکۆکیکردن لەو داخوازیانە بمینیتەوە ، نەوەک پاساو بۆ گەندەلی و کارنامەی ناپەسەندی دەسەلاتیک بھینیتەوە کە ریزو بەھا بۆ ھاولاتیانی خۆیان قایلنابن!
 

 

rebwar.arif@hotmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک