په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\٥\٢٠١٥

سەرۆکایەتی هەرێم، تەنها ناوێک بۆ سەرۆکایەتی بنەماڵە؟!

هێمن عەباس    


بە پێی یاسای ئێستای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ١٤ دەسەڵاتی رەها و گرنگی پێدراوە کە لە هەمان شێوەی سیستەمە دیکتاتۆرییەکانە. لەو دەسەڵاتانەش؛ سەرۆکی هەرێمی کوردستان باڵاترین دەسەڵاتی جێبەجێکارە لە هەرێمی کوردستاندا، هەروەها نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان دەکا لە ئاستی ناوخۆ و جیهاندا، پەیوەندییەکان و هەماهەنگی نێوان هەرێم و دەسەڵاتەکانی فیدراڵی عێراق لە ژێر سەرپەرشتیی سەرۆکی هەرێمدا بەڕێوەدەچێ، نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان دەکا لە ئەنجومەنی سیاسیی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق و لە راوێژکردن و دانوستانکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق، سەرۆکی هەرێم بەرپرسە لە پەسندکردنی دامەزراندن و پلەبەرزکردنەوەی تایبەت کە پێشنیازدەکرێ لە لایەن سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەسندکردنی هەموو ئەو یاسایانەی کە لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دەردەچن و دەسەڵاتی گەڕاندنەوەی هەموو یاسایەکی هەیە بۆ پەرلەمان و لە هەمویان مەترسیدارتر هەڵبژاردنیەتی لە دەنگدانی گشتیی خەڵکدا.


بە چاوخشاندنێکی خێرا بەم یاسایە و دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم کە هەیەتی، نیشاندەری ئەوەیە کە سەرۆک بە تەنها هەر خۆی دەتوانێ بڕیار لەسەر زۆر مەسەلەی گرنگ و چارەنووسسازی کوردستان بدا بە بێ هیچ رێگریی و لێپرسینەوە و لەسەرکارلابردنێک. بە تایبەتی کاتێک دەڵی کە بە دەنگدانی گشتیی خەڵک هەڵدەبژێردرێ، واتە هیچ کەس و لایەن و ئۆرگان و دامەزراوەیەکی جێبەجێکردن و یاسادانان و دادوەریی بۆی نییە و ناتوانێ لەسەر کورسی دەسەڵات لایبەرێ تا هەڵبژاردنی گشتیی داهاتوو کە ئەویش بە ئەنجامدانی سیناریۆیەکان و هەزار و یەک ساختە و سەرپێچیی هەڵبژاردنەوەی بۆ جارێکی تر مسۆگەرە. هەر ئەمە یەکێکە لەو هۆکارانەی کە پارتی و بنەماڵەی بارزانی دەیانەوێ و پێدادەگرن لەسەر ئەوەی کە سەرۆکی هەرێم لە دەنگدانی گشتیی خەڵکدا هەڵبژێرێ و دیاربکرێ نەک لە لایەن پەرلەمانەوە. چونکە ئەگەر لە لایەن پەرلەمانەوە دیاربکرێ ئەوا هەر کات پەرلەمان ویستی دەتوانێ و دەسەڵاتی ئەوەی هەیە کە سەرۆکی هەرێم لابەرێ لەبەر ئەوەی دەسەڵاتی لە سەروو دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێمەوەیە، کە ئەمەش دیارە لە بەرژەوەندیی بنەماڵەی بارزانی و دەسەڵاتە رەهایەکانی ئێستایاندا نییە.


هەر لێرەشەوە دەردەکەوێ کە بە پێی ئەم یاسایە هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار ویستوویانە شەرعیەت و رەسمییەت بدەن بە دامەزراندن و جێکەوتەکردنی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری هاوشێوەی دیکتاتۆرەکانی ناوچەکە لە رێگەی هەڵبژاردن و دەنگدانە نمایشییەکان و پەرلەمانی کارتۆنیی بێ دەسەڵات. نەک هەر دەسەڵاتێکی دیکتاتۆریی بەڵکو دەسەڵاتێکی بنەماڵەیی و بۆماوەیی لە چەشنی دەسەڵاتە دواکەوتوە میرنشینیەکانی سعودیەوە کەنداو.


جگە لەوەی مەسعود بارزانی و بنەماڵەی بارزانی لە دوای ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١وە لە ناوچەکانی زۆنی زەرد دەسەڵاتی رەهایان هەبووە لە ناو پارتی و هەروەها لە ناو دامودەزگایەکانی حکومەت و پەرلەماندا و وەک بنەماڵەیەکی دیکتاتۆر سەیری خۆیان کردوە و رەفتاریان کردوە و بارزانی و بنەماڵەی بارزانییان کردۆتە بەهایەکی پیرۆز و رۆحی کورد و هێڵی سوور بۆ هەر کەسێک کە بێەوێ قسەیان لەسەر بکا و بەزاندنی ئەم هێڵە سوورەش واتە سەرنگونکردن لە لایەن دەزگای پاراستنی پارتیەوە.


لە دوای رووخانی رژێمی بەعسەوە لە ساڵی ٢٠٠٣ بە پێی ئەو رێکەوتن و بەندوبەستانەی نێوان یەکێتی و پارتی بۆ دابەشکردنی پۆستەکانی حوکمڕانیی لە کوردستان و عێراقدا، مەسعود بارزانی لە ساڵی ٢٠٠٥دا بوو بە سەرۆکی هەرێم بۆ خولی یەکەم کە لە لایەن پەرلەمانەوە هەڵبژێردرا، لە ساڵی ٢٠٠٩ بە دەنگدانی گشتیی خەڵک بۆ خولی دووەم هەڵبژێردرایەوە پاشان لە مانگی ٨\٢٠١٣دا سەرۆکایەتیەکەی بۆ ٢ ساڵ بۆ درێژکرایەوە، ئێستاش دوای نزیکبوونەوە لە تەواوبوونی ئەو وادەیە جارێکی تر پارتی و بنەماڵەی بارزانی خەریکی سازدان و جێبەجێکردنی چەندین سیناریۆن لە چەشنی راگەیاندنی باری نائاسایی و ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن بە هۆی باری ئاسایش و شەڕی داعش تا دەگا بە هەموارکردنەوە و داڕشتنەوەی دەستوور بە جۆرێک کە بوار بە بارزانی بدا بۆ خۆهەڵبژاردنەوە یان بوونەوە بە سەرۆکی هەرێم، لە کاتێکدا بە پێی یاسای خودی ئەو پەرلەمانەی خۆیان ناتوانێ و بۆی نییە لە دوو خول پتر خۆی هەڵبژێرێتەوە بۆ سەرۆکی هەرێم.


نەک هەر پۆستی سەرۆکی هەرێم بە دەست بنەماڵەی بارزانییەوەیە، بەڵکو پۆستە گرنگ و هەستیارەکانی تری حکومەت و حوکمڕانیی لە کوردستاندا بە هەمان شێوە لە دەستی ئەندامانی بنەماڵەی بارزانی دایە و رێگەنادرێ لە دەرەوەی سنووری ئەم بنەماڵەیە بێ. نێچیر بارزانی بۆ چەندین خولی لە دوای یەکە سەرۆکی حکومەتە و دەسەڵاتێکی رەهای سیاسیی و ئابووریی و جێبەجێکردنی هەیە، مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمە و دەسەڵاتێکی رەهای ئاسایشیی و جێبەجێکردن و بەسزاگەیاندنی هەیە و تەنها سەرۆکی هەرێم توانای لێپرسینەوە و چاودێریکردنی هەیە، ئەمە سەرەڕای چەندین پۆستی تری گرنگ کە لە دەستی ئەندامانی ئەم بنەماڵەیە دایە و رۆڵیان هەیە لە کایە سیاسیی و ئابووریی و یاسایی و بەڕێوەبەرییەکاندا.


لێرەوە رۆشنە کە بارزانی و بنەماڵەکەی بە هەموو توانایانەوە دەیانەوێ دەسەڵاتی بنەماڵەیی لە کوردستاندا توندوتۆڵ و جێکەوتە بکەن و بە ناوی سەرۆکایەتی هەرێم و هەڵبژاردن و پەرلەمان و دەستوورەوە بە یاسایی بکەن و بەسەر خەلکی کوردستان و سەرجەم حیزبە سیاسییەکانی تردا بیسەپێنن، لە راستییدا سەرۆکایەتی هەرێم تەنها ناویکە بۆ داپۆشینی ئەم دەسەڵاتە بنەماڵەییەی بارزانی.
 

 

١٨\٥\٢٠١٥
aryan78@hotmail.co.uk
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک