په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢\٤\٢٠١٦

سەرۆک چەکدارە خۆفرۆشەکانی دوینێ،

ئەفسەر و پلەدار و شەهیدی سەنگەری ئەمرۆن!

شە ماڵ عادل سەلیم  


هەموو سالێک لەیادی دامەزراندنی حزبی شیوعی عیراق ، یادی( ١٧) پێشمەرگە شیوعیەکەی داستانی گوندی (بەکربایەف)ی سەر بە ناحییەی ( شێخ تەوێل )ی قەزای دەربەندیخان ‌دەکەینەوە ، ئەو پۆلە پێشمەرگە گیان لەسەردەستانەی کە لە (٣١ )ئاداری ساڵی ١٩٨٢، لەساڵڕۆژی دامەزراندنی حزبەکەیان لەشەرێکی دەستەویەخەدا بەدەستی چڵکنی تاوانبار ( شێخ تەحسین شاوەیس سەعید) ڕاوێژکاری ( مستەشار) فەوجی( ١٧٢ )ی سووک ،کەلەساڵی ١٩٧٨ پێک هێنراوە و خاوەنی ( ١٥ ) نیشانەی ئازایەتیە ( نوط الشجاعة ) و، بە پاڵپشتی سوپاو تانک و کۆپتەری ریژێمی بەعس بەدڕندەترین شێوە شەهید کران و، بەخوێنی ئاڵیان خاکی پیرۆزی کوردستانیان نەخشاند.


من لێرەدا نامەوێ باسی ئازایەتی و مەردایەتی و دلێری هەلۆسورە بەرزەفرەکانی داستانی (بەکربایەف) بکەم ، چونکە هەر وەک دەڵێن ،مانگ لەچواردەبێ پێویست بەدەست نیشان کردن ناکات ، هەروەها ناشمەوێ تاوانەکانی (شاوەیس و چەکدارە خۆفرۆشەکانی) لەوێران کردن و فەرهودو ئەنفالکردنی کوردستان بۆ خوێنەر بەیان بکەم ، بەڵکو ئەوەی مەبەستمە لێرەدا بیوروژێنم ئەوەیە ، کە بکوژی پێشمەرگە شیوعیەکانی داستانی (بەکربایەف) و جەللادو سەرۆکی چەکدارە خۆفرۆشەکانی فەوجی (١٧٢ )ی سووکی سەدامی لەلیستی شەهیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان بەشەهیدی سەنگەر (پلە یەک ) تۆمارکراوەو رێزی لێگیراوە ، لەوکاتەی دەبوایە ئەو تاوانبارە ناوی لە لیستی خۆفرۆشان و خائینانی کوردستان لەتک سەدان خائین وجەللادی دیکە کە دەستیان بەخوێنی پێشمەرگەو خەلکی بێدیفاعی کوردستان سوورە تۆماربکرابایە...


جێگای سەرسوڕمانە تاوانبارێکی وەک (شاوەیس) وشاوەیسەکانی دیکە ناویان لەتەک هەزاران شەهیدی بزاڤی ڕزگاریخوازای کوردستان کە لە کاتی تیکۆشانیان و خەباتیان لەدژی دیکتاتۆریەت و سەرکوتکردندا گیانی پیرۆزیان بەختکرد تۆماربکرێت و، مووچەکەشیان لە مووچە ی قوربانیەکانیان و شەهیدە سەربەرزەکانی ئەنفال و هەلەبجە و قوربانیانی دیکتاتۆریەت و سیاسەتی پاکتاوکردنی نەژادی و کۆکوژی و شەهیدانی ڕاستەقینەی سەنگەر زیاتر بێت..


بەڵێ ، تۆمار کردنی ناوی ئەو تاوانبارە و بەدەیان تاوانباری دیکە لە لیستی شەهیدانی کوردستان خیانەتە بەرامبەر بەگەل و نیشتیمان ، شیواندنی ڕاستیەکانەو و هەولێکە بۆسڕینەوەی مێژووی پڕشەرمەزاری خیانەتکاران و خۆفرۆشان ، لەوکاتەی کە (حزب حزبانێ و پەیرەوکردنی سیاسەتی ملشکاندن و یەکتر سڕینەو و داڵدەدانی تاوانباران و کۆنە بەعسی و موستەشارە سوکەکان و بەعسیە کوردەکان ) لە هەرێمی بەتەمای خودا ،کراوەتە پرەنسیپ وپێوەرو جێگرەوەی دادپەروەری و لوژیک وگێرانەوەی ئیعتیبار بۆ قوربانیان و کەسوکارە بەخشندەو سەربەرزەکانیان.


لە کۆتاییدا ئەوەندە ماوە بڵێم:


وەفاداری بۆ شەهیدانی گەل و نیشتیمان پێویستی بە هەڵوەستەی جیددی هەموودڵسۆزان ( وێرای هەمەڕەنگی و جیاوازی پێشینەی سیاسی و فیکری )هەیە، بەمەبەستی کارکردن بۆ پاککردنەوەی لیستی شەهیدە سەربەرزەکانمان لە ناوی ئەو چەکدارە خۆفرۆشە موحەسەنانەی کە بەناهەق لەلیستی شەهیدە سەربەرزەکانمان تۆمارکراون.

بەرێزان : گێڕانەوەی ھاوسەنگی بۆ ترازوە لاسەنگەکان و پاککردنەوەی لیستی شەهیدان لە ناوی جەللادو تاوانبار و بکوژەکانیان ، بەدەرەجەی یەکەم لە ئەستۆی و وەزارەتی شەهیدانە و ، ھیچ بیانوویک نابیتە پاساو بۆ ئەنجامنەدانی ئەم ئەرکە پیرۆزە کە چەندین سالە داوایدەکەین و هەوڵی بۆ دەدەین ، ئەگینا مێژوو رەحم بە کەس ناکا.

 

ماڵپەڕی شەماڵ عادل سەلیم

 

 

 
 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک