١٣\١٠\٢٠١٤
سەرۆک دەبێ
سەرۆکی نەتەوەیەک بێ
نەک
سەرکردەی پارتێکی دیاریکراو.

شوان عوسمان
سەرۆک شوانێک نیە سەرپەرشتی کۆمەڵێک بکات کاتێک ئەو دەخوازێت
سەرکردایەتی بکات کاتێکیش قەیران دروست دەبێت خۆی بدزێتەوە، گەلیش
(مێگەل) نیە تا هەر سەرۆکێک بێت بە ئارەزووی ئەو بە رێ بڕوات،
سەرۆکایەتی بەرلە هەموو شتێک بەرپرسیاری ژیان وگوزەران وچارەنوسی
کۆمەڵگایەکە ، هەروەها لەکاتی خۆی دەبێت قسەی خۆی و هەلوێستی خۆی هەبێت
گوزارشت لە ژیانی ئەوان بکات، سەرپەرشتی کردنی"ژیانی خەڵک یەک شێوازی
فەرمانرەوایی نیە نیە بەلکو دان و ستاندنێکی بەردەوامە لە نێوان ئەو و
خەڵکدا، لە بەرەئەنجامداپەیوەندیەکی ئەوتۆ دێتە کایەوە کە هەردوولا
دەبن بە پاڵپشتی لەیەکتر..
ئەگەر کەسێک بیەوێت سەرۆکایەتی بکەیت دەبێت دڵ و دەروون و ماڵ وسامانت
سامانی هەموو کەسێک بێت زمانت زمانی هەموو تاکێک بێت تا رەوایەتی پێ
بدرێت، بۆ کورد لە قۆناغی ئەمڕۆکەیدا سەرۆک چەمکێکی گشتی نیە بەڵام
بریتیە لە کۆمەڵێک مانا و وەڵام و پرسی ئازادی و ئیرادە و هەڵوێستی
نەتەوەیی ونیشتیمانی، کورد ئەوەندەی سەرۆکێکی پێویستە کە بتوانێت دەنگە
جیاوازەکانی هەموو پارچەکان لە دەوری خۆی خڕ بکاتەوە سەرۆکی پارتێکی لە
لا مەبەست نیە، ئێمە بە داخەوە تا ئێستا سەرۆکێکی نەتەوەیی ونیشتیمانی
وامان نەبووە کە بتوانێت بە ناوی هەموو پارچەکان و هەموو کۆمەڵگا پارچە
پارچە کراوەکانی کوردستان بێتە قسە ودەنگ بکات لەکاتی کورد دەنگی
گەرەکە...
سەرۆک ئەگەر هەر لە چوارچێوەی مێژووی پارت و بنەماڵەکەی بخولێتەوە
نابێتە سەرۆکێکی دیار بەلکو دەبێتە سەرکردەیەکی دیاریکراو، ئەو دەبێت
مێژووێکی جیاوازی هەبێت لەگەل ئەوانەی بەرلەخۆی ، میرات وکەلەپوری
بەرەباب هیچ سەرکردەیەک ناکاتە سەرۆکێکی مێژوویی بەلکو بە کەسێتی
ومێژووی سەربەخۆ و جیاواز دەبێت، هەروەها پارەو دەسەڵات و حزبێک
بەتەنیا کەسێک ناکەنە سەرۆک، سەرۆک دەبێت لەلایەن خەڵکەوە بە رێژەی
زۆرینەو ئارەزوومەندانە هەڵبژێردرێت، هەروەها پێداویستی واقیعیش ئەو
کەسانەی دەوێت کە خاوەنی ئیرادە و بیرێکی نیشتیمانی و نەتەوەیی جیاواز
ببن، ئنجا خەلکیش بە سەرۆکی خۆیان دادەنێن ، تا لەکاتی پێویستیش ئەوان
بڕیارەکانی ئەو جێبەجێ بکەن...
ئەوە(ئاپۆ) دەتوانین بلێین سەرۆکێکە لە چوارچێوەی باکووری کوردستان،
رۆلی دیاری خۆی هەیە کاتێک لەناو بەندیخانەی تورکاندا نابێتە جاش
وبڕیاری خۆی هەیە و قسەی خۆی دەکات، خەڵک لە چاوەڕێی وتار و قسەکانی
ئەودان وئەویش کاریگەری بەسەر جوڵانەوەی جادە هەیە ، دەجوڵێنەوە
کوردستانی باکوور چەند خۆشبەختە کاتێک سەرۆکێکی خۆیان هەیە و خەڵکییش
بەختەوەرن بەو سەرۆکە، ئەو ئەزموونەش ئەوەمان پێ دەلێت سەرۆک ئەگەر لە
زیندانیش بێت هەر سەرۆکە..
کوردستانی رۆژئاواش کە بچوکترین پارچەیە بۆ خۆیان سەرۆکێکێکی خۆیان
هەیە (سالح موسلیم) کاتێک دەلێت : " ئێمە نابینە جاشی (تورکیا) ئەوە
دوو کوڕم لە رێی کوردستان شەهید بووە و ئامادەشم خۆم و کوڕی دیکەش
دابنێم لەو رێگایە... " سەرۆکایەتی خۆی دەسەلمێنێت بەو قسانەوە، ئەو
پارچەیەش بۆ خۆیان خۆشبەختن کە سەرۆکێکی میسالی و بوێریان هەیە خەڵکیش
گوێ لە قسەی دەگرن و رێزیش بۆ قسەکانی دادەنێن..
بەڵام ئەوەی خۆشبەخت نیە هەر ئێمەین لە هەرێمی باشوری کوردستاندا بەناو
سەرۆکێکمان هەیە بەڵام نیوەی خەڵک بە سەرۆکی خۆی نازانن، بەلکو بە
سەرۆکی (پارتی) دەزانن ،هەروەها ئەو پارتەش بە پارتی رێبەر نازانرێت
کەوابوو ئێمە خۆشبەخت نین بەلکو زۆر بەدبەختیشین، خەلکی خۆمان خۆشبەخت
نابن بە سەرۆکێک کە ئەگەر نەبێتە کەسێکی دادپەروەر و ئازادیخواز و
نیشتیمانیخواز و نەتەوەخوازیش...
سەرۆک دەبێت لەو خەو وخەونە راچەنێت با بەس بێت سەرۆک حزبایەتی کردن و
خۆ دوڵەمەند کردن ، کورد دەلێت "هەموو شتێک بە خوێ خوێش بە مانا.." کوا
مانایەک بۆ تەواو بوون، ئەو هەویرە ئەوەندە ئاوی زۆر هەڵکێشاوە هیچ
بەنداوێک ناتوانێت بەری لێ بگرێت، سەرۆک چیتر ئاوڕ لە رابردووی خۆت
مەدەوە رابردووی گەلەکەت ببینە با لەدوا ژیانت ساتێک بلێین سەرۆک
راچەنی وبە ئاگا هاتەوە خەڵک سەرۆکێکی کوردی دەوێت ونەک حزبی و پارتی
بێت..
سەرۆکی ئێمە تا ئێستا خۆی تەسلیم بە تورکیا کردووە بەبێ ئەوەی لە
زیندانیشدا بێت و بەبێ ئەوەی لە (کوبانێ) شەڕی مان ونەماندا بۆ بکات،
ئەو هیچ ناکات هەلوێستی نیە نەوەک دڵی (تورک ) لێی گران ببێت..
ئەو گەلەی ئەمڕۆمان ئیرادەی نەتەوەیی لە سەرۆکەکانی دەوێت، هەرچەندە
بڕواش ناکەم ئاسان بێت ئەو سەرکردانە لە پڕەوە ببن بە سەرۆکی نەتەوەیی
و نیشتیمانی چونکە تا سەر سەریان لە ناو بەرژەوەندی تایبەتی و هەڵە و
دەست تێکەڵاو کردندا نوقوم بووە ....
دونیایەکی زۆر سەیرە گوڵم ، بەزمە لەو هەرێمەی خۆمان، ئەزمەی ئیرادەیە
ئیرادەی نیشتیمانی ونەتەوەییی کە پەیدا نابێت لە لایەن
سەرکردەکانمانەوە...
هۆلەندە
ماڵپهڕی
شوان عوسمان
|