په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\٤\٢٠١٥

سەرۆکی هەرێم بۆ بڕیار نادەی؟

تاهیر حەسەن     

 

قاسم شەشۆ کەسایەتی سەربازی یەزیدی و نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان،لە کەناڵی ڕودا و لێدوانی دا دەربارەی شەنگال. ئەو ووتی؛گەر سەرۆکی هەرێم بڕیار بدات،ئەوا دەتوانین شەنگال لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ڕزگار بکەین لە دەستی چەتەکانی داعش.


ئەم لێدوانە گرنگە،بەڵام ئاخۆ هۆکار چیە کە سەرۆکی هەرێم بڕیار نادات بۆ ئەو کارە مەزنە. چونکە هەموو لایەک ئاگاداری کارە دڕندانەکانی داعشین دەرهەق بەخەڵکی سیڤیلی ناوچەی شەنگال و ئیزیدیەکان. کارە دڕندانەکانی داعش بەجینۆساید کردنی ئێزیدیەکان دەستی پێکرد و سڵیان نەکردەوە لەهەرچی بەدکاری هەیە. لەو نێوەشدا،بەڕاستەو خۆ یان ناڕاستەوخۆ دەستی تاوانبار کردن بۆ پارتی درێژ دەکرێت،لەبەر ئەوەی هیچ کاردانەوەیەک و هیچ بەرگریەک نەبوو لەساتی هێرشی چەتەکان بۆ داگیر کردنی شەنگال، تا ئەوەی هیچ نەبوایە خەڵکە سیڤیلەکە ڕزگار بکرایەو ئەو هەزاران مرۆڤ بەو ئازار و ئەتک کردنانە کۆتای بە ژیانیان نەهاتایە.


ئاخۆ گەر ئێوە لەبارانبەر کۆمەڵگاو و مێژوودا خۆتان بەدوور دەگرن لەو تۆمەتانە، ئەی هۆکار چیە وا ناچن بەدەم داواکاریەکەی شەشۆوە. یان ئەوەتا کاری پشت پەردە لە ڕزگارکردنی شەنگال گەورەترە؟ ئاخۆ گەر وایەو ئەو بڕیارە لەتوانای بەڕێزتاندا نیە،بۆ نایەن مەزنایەتیەک بنوێن و بۆ گشت کۆمەڵگا ڕوون بکەنەوە کە کام دەوڵەت و لایەن ڕێگا بەو کارە نادەن و لەوێدا بێتاوانی خۆشتان بۆ گشت ڕای گشتی ڕوون دەبێتەوە؟ ئاخۆ دەوڵەتی تورکیای ئەردۆغان لەپشت سیناریۆی ڕزگار نەکردنی شەنگالەوەیە؟یان پێکاکا ڕێگرە لە دەست بردن بۆ ئەو کارە؟گەر وایە،بێن بە دەلیلی ڕەسمی بۆ گشت کۆمەڵگا ئەوە ڕوون بکەنەوە،تا کۆمەڵگاش ئەو تاریکیەی بەری دیدی گرتوە لەبەرانبەر نیاز پاکی ئێوە بڕەوێتەوە و گێرە شێوێنی پێکاکاشی بۆ ڕون ببێتەوە!؟ یان کام وڵاتی دیکە هەر لە ئەمریکاوە تا دەگات بە ئێران و سعودیە و سوریاو دەوڵەتە کارتۆنیەکەی عێراق!؟ گەر هەر لایەک لەو وڵاتانە ڕێگرە، بۆ نایەن بە ئاشکرا بەیانی بکەن. ئاخۆ مەزنایەتی سەرۆک و بەرپرسیاریەتیەکەی لە کوێدایە؟ لەوێدایە کە لە خزمەت کۆمەڵگاکەیدا لەهیچ دەوڵەتێکی چەوسێنەر سڵ نەکاتەوە!؟ یان لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندیەکانی دەوڵەتانی چەوسێنەردا، بەرژەوەندی گشتی کۆمەڵگا دەخاتە خزمەتی ئەو دەوڵەتانەوە؟ گەر پرسیاری کۆتا ڕاستی تێدایە، ئیتر خۆشەویست بوونی سەرۆک بوون چ حورمەتێکی تێدایە!؟


ئاخۆ هیچ کات بیر لەو ئەزمونە تاڵانە کراوەتەوە کە سەرۆک وڵاتانی ڕۆژهەڵات پێیدا تێپەڕیون،لەوەی لای خۆیانەوە وایان نیشان دەدا کە ئەوان بەرپرسیارن لەبەرانبەر بەرژەوەندی گەلەکانیان،بەڵام کاتێک دەڕوخان، نەک ڕێز، بەڵکو کوشتن دەبوو بە دوامەنزڵگایان؟ من لەو نهێنیە تێناگەم بۆ کەسایەتیەکی مێژوویی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا هەڵناکەوێت تا مرۆڤایەتی شانازی پێوە بکات؟ بەپێچەوانەوە،هەمیشە، سەرۆک تەنها وەک نەعامەیەک بوە و نەیویستوە ئازار و مەینەتیەکانی هاو وڵاتیەکانی ببینێت و سەری لەنێو گڵ ناوە. مایەی بەدبەختیە بۆ مێژووی سەرۆکەکان لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا، هەر لە سەرۆکێکی ناسیۆنالیستەوە تا دەگات بە سەرۆکێکی ئیسلامی، خاوەن یەک پێگە بوون، ئەویش داڕوخاندنی کۆمەڵگاکانیان لە پێناو بەرژەوەندیە بچوکە گەدەییەکانیان و بەرژەوەندیەکانی وڵاتانی زلهێزدا.


پێم خۆش دەبوو، سەرۆکی هەرێم تۆ ئەو ئەزمونە تاڵانەت بۆ خۆت و بۆ مێژووت دووبارە نەکردایەتەوە، چونکە، ئەوانە دۆستت نین کە تەنها لەپێناو گیرفانی خۆیاندا پێتا هەڵ دەدەن، بەڵکو دۆستی ڕاستەقینە گەلە، ئەو گەلەی ئێستا زۆرینەی هەژار کراون. کاتێک پشتگیری گەل هەبێت بەبێ ترس و چەوساندنەوە، ئەوکات بەتەنها دەبێت سەرۆک شانازی بەخۆی و تێڕوانین و ئەرکەکانیەوە بکات، نەک لەژێر زەبری چەوساندنەوە و کوشتن و نان بڕیندا. ببینە بزانە کۆمەڵگایەک پەروەردە کرابێت لەسەر بیری نوێخوازی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی دەتوانێت کام کاری مەحاڵە بەجێی بگەیەنێت، بەپێچەوانەشەوە، هەر وەک ئەو بارودۆخو هەلومەرجەی لێ دێت کە وڵاتی عێراق پێیدا تێدەپەڕێت، تێ پەڕینێک پڕاو پڕ لە حەقد و ڕق و یەکتر فەوتاندن. ئاخۆ گەر عێراق لەدوای ڕوخانی بەعسەوە، پەروەردەیەکی نوێی مرۆیانەی هەبوایە، داعش دەیتوانی جێی خۆی بکاتەوە لەنێو کۆمەڵگادا؟ ئاخۆ ئێوەی دەسەڵاتداری کوردستان، گەر لەخەمی پەروەردەی کۆمەڵگادا بونایە، لەدوای ڕاپەڕینەوە تا ئێستا نەتان دەتوانی باشترین کۆمەڵگا بەرهەم بهێنن؟ بۆچی ئەو کارەتان نەکرد؟ کێ ڕێگر بوو لەبەردەمتاندا. بەرژەوەندی تەسکی حیزبایەتی و چینایەتی یان دەست وەردانی وڵاتانی ناوچەیی و دەرەکی؟ گەر دەستوەردانی دەرەکی و ناوچەیی ڕێگر بوو لەبەردەم ئەو کارەتاندا، ئیتر ئێوە چۆن سەرۆکێکن!؟ ئاخۆ مرۆڤ چەند جار دەژی و چەند جار دەمرێت؟! کامە مایەی شانازیە، سەرخستنی ترلیۆن لە دولار یان سەرخستنی پەروەردەی کۆمەڵگا بەداهێنان و هەست بەخۆ کردن و داد پەروەریەک کە چەوساندنەوەی چینایەتی تێیدا جێگەی نەبێتەوە؟!


ئاخۆ تەنها لەپێناو تێر کردنی گەدەتاندا بوو؟ ئاخۆ گەدە هێندە دێنێت، تۆ تێر تێر بیت و هاو وڵاتیەکانیشت برسی برسی؟


ژیان بۆ مێژووی سەرۆک داهێنان تێیدا مەزنە، نەک گەدە تێر کردن. ئێستا کۆمەڵگاو پەروەردەکەی گەیەنراونەتە جێگایەک هەر دەڵێی پەروەردەی سەدە تاریکەکان تێیدا بەجێهێڵراوە. ئەوە چ خێرێکە، ڕێگا بەبەرەی سەلەفی و داعشیزم بدرێت لەنێو قوتابخانەو پەروەردەی گشتیدا زۆر بە ئاسانی جێگای خۆی بکاتەوە!؟ ئاخۆ بوونی ئەوان باشە،یان بوونی کۆمەڵگایەکی پەروەردە کراو بەخۆشەویستی و نیاز پاکی دوور لە خیانەت!؟ ئێستاش دەرفەت هەیە بەو مەرجەی دەست هەڵگرن لەفەلسەفەی گەدەی خۆ تێر کردن، بڕۆن فەلسەفەی مێشک پاراو کردن بڵاو بکەنەوە لەنێو کۆمەڵگادا. هەرچ کاتێک لە ئازادی ترسان، ئەوکات دەبێ ئەوەش لەبەر چاو بگرن کە دژە ئازادی تێتان دەشکێنن. من ڕقم لێتان نیە، بەڵام کردارەکان بڕیار لەسەر واقعی دەسەڵات دەدەن. بەهیوام ئەم نامە و ئەم پرسیارانەتان پێ بگات.


١٧
\٤\٢٠١٥
ماڵپه‌ڕی تاهیر حه‌سه‌ن

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک