٢٣\١\٢٠١٤
سەرۆکی ھەرێمی
کوردستان لە پەرلەمانی ئەوروپا رووبەڕووی نارەزایەتی کرایەوە.
رۆژی
سێ شەمە ٢١ - ٠١ - ٢٠١٤ لەپەرلەمانی ئەوروپا کۆنفرانسێک رێکخرا بۆ چەند
کەسایەتیەکی سیاسی، کە یەکێک لەو کەسایەتیە سیاسیانە مەسعود بارزانی
بوو، ھاوکات لیژنەیەک لە رێکخراوی کوردستا فۆروم کە لەچوار ھەڵسوڕاو
راگەیاندنکار پێکھاتبوون بانگێشتکرابوون بۆ ئەو کۆنفرانسە.
بەپێی بەرنامەکەی یەکێتی ئەوروپا، کۆنفرانسەکە تەرخانکرابوو تەنھا بۆ
پرسیارو وەڵامی پەرلەمانتاران بەرامبەر بە کەسایەتیە سیاسیەکان،
رێکخراوی کوردستان فۆروم - بەلجیکا، بەر لەدەستپێکردنی کۆنفرانسەکە بە
چوار رۆژ نامەیەکی بەرێگای ئیمەیڵ بۆ پەرلەمانتارانی یەکێتی ئەوروپا
ناردبوو کە پێکھاتبوو لە لیستی پێشێلکاری و ئەو تاوانانەی کە لەدوو
خولی سەرۆکایەتی ھەرێمدا ڕووبەڕووی ماف وئازادیەکانی خەڵکی کوردستان
کراوەتەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا دوای ئەوەی پەرلەمانتاران لەسەر کوشتنی
رۆژنامەنووسان و مافەکانی خەڵکی کوردستان پرسیاریان ئاراستەی مەسعود
بارزانی کرد، لەگەڵ دەستپێکردنی وەڵامەکانی بارزانی وەک پرۆتێستۆکردن،
ھەر چوار ھەڵسوراوە سیاسیەکەی کوردستان فۆورم بە بەرزکردنەوەی وێنەی
سەردەشت عوسمان و قوربانیانی ١٧ی شوبات و رۆژانی دوایی، کۆنفرانسەکەیان
جێھێشت و سەرنجی پەرلەمانتارانیان بۆ خۆیان راکێشا.
دوابەدوای ئەوە لە کاتژمێر ٥ی ئێوارە خۆپیشاندانێکی نارەزایەتی دژ بە
سەردانی بارزانی بە دروشمی (عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و ئازادیمان دەوێت)
دەست بە خۆپیشاندان کرا.
لەو خۆپیشاندانەدا وتەی رێکخراوی کوردستان فۆروم - بەلجیکا وەک
سەرپەرشتیاری خۆپیشاندانەکە لەلایەن (فەرمان خێڵانی)یەوە خوێندرایەوەو
دواتر وتەی رێکخراوی دەرەوەی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان لەلایەن
(دەشتی جەمال) و وتەی کۆمیتەی ھۆڵەندای حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری
کوردستان لەلایەن (گۆران رەشید) بەزمانی ھۆڵەندی خوێندرانەوە.
لەخۆپیشاندانەکەدا چەندین وێنەی قوربانیانی ١٧ی شوبات و سەیدسادق و
تیرۆرکراوەکانی دەستی پارتی لە بادینان و تیرۆری رۆژنامەنووسان و پێنج
کۆمۆنیستەکەی سلێمانی و شاپورو قابیل و نوسەران بەرز کرابوونەوە لەگەڵ
چەندین شیعار کە پشتیوانی لەماف و داخوازیەکانی خەڵکی کوردستان دەکردو
سەرنجی رێبواران و ھاوڵاتیانی دەوروبەری شەقامی پەرلەمانی ئەوروپای لە
برۆکسل راکێشابوو.
جێی ئاماژە بۆ کردنە کە رێکخراوی کورستان فۆروم - بەلجیکا ، لەبەرواری
١٧ - ٠١ - ٢٠١٤ چەند پرسیاری پێشنیارکردبوو بۆ ئەندامانی پەرلەمانی
یەکێتی ئەوروپا بۆئەوەی ئاراستەی مەسعود بارزانی بکەن لە یەکێتیەکەیان
و ئەمەی خوارەوەش دەقەکەیەتی :
١ - پرسیاری لێ بکەن و پێی بڵێن، بەرێزتان سەرۆکی ھەرێمن، برازاکەتان
سەرۆک وەزیرانە، کورێکتان سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتیمانیە، کورێکی
ترتان جەنراڵێکی باڵای دەزگایەکی کاریگەری سەربازیە، خاڵتان وەزیری
دەرەوەی عێراقە، بابەکر زێباری خالۆزاتان فەرماندەی ھێزە چەکدارەکانی
عێراقە، زۆربەی براو برازاکانت پۆستی سەربازی یان مەدەنی بەرزیان ھەیە
ھەر لە سەفیرەوە تاکو نوێنەرایەتی حکومەت و نوێنەری خۆتان و راویژکاری
خۆتان و مەکتەبەکەتان، خۆتان سەرۆکی حیزبن و کورەزاکەتان جێگری سەرۆک
حیزبە و کورەکەتان ئەندامی مەکتەبی سیاسی حیزبەکەتانە، جگە لەوانەی
باسکرا ئەندامانی بنەماڵەکەتان لە گەلێک کەناڵی سەرەکی سیاسی و ئابوری
و سەربازیدا خاوەن پلەی جیاوازن.
تەواوی ئەوانە نیشان دەدەن کە ئێوە بنەماڵەیەکی بە مەوھیبە بن، بەڵام
ئایا کۆمەڵگای کوردی ئامادەی ئەوەیە لەمڕۆ و لە دوارۆژ دەسەڵاتی
بنەماڵەیی و سیلالەیی بۆ کوردستان پەسەند بکات؟؟
٢ - بەرێز بارزانی ئایا دەکرێت لە وڵاتێک یان ھەرێمێک قسە لە سەروەری
یاسا و ئازادیەکان بکرێت لە کاتێکدا لەخۆپیشانداندان ئەگەرچی بەردو
توندوتیژیش بەکارھاتبێت (١١ خۆپیشاندەر ١٧ی شوباتی سلێمانی ٢٠١١) و (یەک
خۆپیشاندەر لە ٢ - ٢ - ٢٠١٤ سەیدسادق) خۆپیشاندەر لە نێوانیاندا منداڵ
و ھەرزەکاری ١٤ تا ١٦ ساڵان بکوژرێت بە دەستی پۆلیس و ئاسایش و
ئەندامانی حیزبەکانی دەسەڵات، بەڵام تاکو ئێستا ھیچ کەسێک لەسەر ئەو
تاوانانە نەدرابێت بە دادگا؟!
٣ - ماوەی ٢٣ ساڵە زۆربەی ناوچەکانتان ئازادە و قسە لە وڵاتی
دامودەزگایی دەکریت، جێگەی پرسیارە کە بۆچی ھێشتا چەکێکی زۆر بەدەست
حیزبەکانەوەیەو ھێزی چەکداری یەکگرتووتان نیە.
٤ - نکۆڵی لەوە ناکرێت کە ناچاریە پەیوەندی ئاسایی لەگەڵ ئێران و
تورکیا ببەسترێت، بەڵام ئایا پێویستە کار بگاتە ئەوەی ئەو دوو وڵاتە بە
تایبەتی ئێران راستەوخۆ تەداخول لەکارەکانی ھەرێم بکەن، تەنانەت
لەپێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەت و دانانی وەزیرەکان، ئایا ئیتر دەکرێت
قسە لە ھیچ سیادەیەک بۆ ئەو ھەرێمە بکرێت؟
٥ - ئازادکردنی بکوژی ژنان، رێژەی ژنکوشتن لەھەرێمی کوردستان بە
بەراورد بە ئاماری ساڵانی پێش ٢٠٠٣ زۆر بەرێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە،
بەرێز سەرۆکی ھەرێم لە کۆنگرەی حیزبەکەیدا بە روونی ئاماژەی بەوە کرد
کە ئەوان وەک بنەماڵەی بارزانی ھەزار پیاویان ھەیە، ئەمەش ئاماژەیەکی
خێڵەکیانەیە بەھێندەی ئەوەی ئاماژەیەک بێت بۆ دیموکراتیبوون و
بنیاتنانی دەوڵەتی یاسا کە ماف و ئازادیەکانی تاکەکانی ئەو ھەرێمە
دابین و دەستەبەر بکات، ئێمە پرسیارمان لەسەرۆکی ھەرێم ئەوەیە، ئاخۆ
جەنابیان چیانکردووە بۆ بەرگرتن بە ژنکوشتن لەو ھەرێمە؟ ئێمە دڵنیاین
لەوەی کە سەرۆکی ھەرێم نەک رێگەی لە ژنکوشتن نەگرتووە، بەڵکو بەشێوەیەک
لەشێوەکان بەشدارە لەتاوانی ژنکوشتن، بەنمونە، جەنابیان بریاری
ئازادکردنی بکوژی ژنانیان دەرکردووەو لێرەشدا یەک نمونەی بیردەھێنینەوە،
ئەوەش ئازادکردنی (ساڵح ئەحمەد شەریف) ناسراو بە ( سالە مزەلی) بوو بە
لێبوردنی مەسعود بارزانی لەساڵی کۆتایی ساڵی ٢٠١٠، لەکاتێکدا نەک
تۆمەتبار بوو، بەڵکو تاوانباربوو بە ژنکوشتن و حوکم درابوو لەلایەن
دادگاوە، ئەم بریارە جگە لەوەی ھانی ژنکوشتن دەدات و ژنکوژی زیاد دەکات
لەھەرێم، لەھەمان کاتیشدا پێشێلکردنی سەروەری یاسایە لەلایەن سەرۆکی
ھەرێمەوە.
٦ - لە (٢٠-٥-٢٠٠٧)ەوە بەفەرمی بڕیاری دەستگیرکردنی (٢٥٦) تۆمەتباری
ئەنفال لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقەوە دەرچووە, تا ئێستا
ھیچ کام لەم تۆمەتبارانە کە لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانەوە ناویان
دیاریکراوە نەچوونەتە بەردەم دادگاو لەناو ھەرێمی کوردستان ئازادانە
دەژین، ئایا ئەمە پێشێلکردنی مافی قوربانیەکان نیە و شەھامەتی نەتەوەیی
و ویژدانی مرۆڤایەتی چۆن ئەمە پەسەند دەکات، لەاوەندەوە کە نەتەوەیەکی
تر دەسەڵاتدارە داواکار بێت و پارێزەری تاوانبارانیش خودی ئەو نەتەوەیە
بێت کە تاوانی بەرامبەر کراوە؟.
٧ - لێی بپرسن کە گەندەڵی لە ھەرێمەکەتان گەیشتۆتە ئاستێک نێچیر
بارزانی برازات کە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانیشە بە ئاشکرا بڵێت گەندەڵی
کولتورە، ئایا گەندەڵی بونە کولتور ھۆکارێکە بۆئەوەی لە تەواوی ئەم ٢٣
ساڵەدا کەس لەسەر گەندەڵی حوکم نەدرابێت، ئەگەر کەسانێکیش لە زیندانا
بووبن پێش دادگایی کردن لە ھەلومەرجێکی تەمومژاوی خۆیان کوشتووە،
نمونەیان قایمقامی سلێمانی زانا محەمەد لەساڵی ٢٠١٢ کە بەتۆمەتی
گەندەڵی دەستگیرکرابوو، پاش چەند رۆژێک لەزیندان و لە بارێکی
تەموموژاویدا مردنی راگەیەنرا.
٨ - ئازادی رادەربڕین یەکێکە لە کۆڵەکە بنەرەتیەکانی دیموکراسی، بەڵام
لەھەرێمی کوردستان ئازادی رادەبڕین و میدیا نیە، بەوپێیەی دەبینین
ئامارەکانی پێشێلکاری و توندورتیژی دەسەڵات و حیزبە باڵادەستەکانی
ھەرێم بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان و ئەوانەی بە ئازادانە رای خۆیان
دەردەبڕن مەترسیدارو تۆقێنەرن، بەنمونە بەپێی ئاماری سەنتەری میترۆ بۆ
داکۆکی لە مافی رۆژنامەنووسان، لە ساڵی ٢٠١١ (٢٥٩) توندوتیژی بەرامبەر
بە رۆژنامەنووسان ئەنجام دراوە، ساڵی ٢٠١٢ (١٩٠) پێشێلکاری و توندوتیژی
و ساڵی ٢٠١٣ (١٩٣) حاڵەتی توندوتیژی و پێشێلکاری بەرامبەر بە
میدیاکاران ئەنجام دراون، تا ئێستاش ھیچ کەس و لایەنێک بەتۆمەتی ئەو
پێشێلکاری و توندوتیژیانە بەرامبەر بە میدیاکاران نەبراونەتە دادگاو
رێکاری یاسایی بۆ ئەو کەیسانە نەگیراوەتە بەر.
٩ - ئاخۆ بۆچی فرانسۆ حەریری کە کەسێکی نزیک لە خۆتان بوو (ئەندامی
مەکتەبی سیاسی حیزبەکەتان بوو) کە تیرۆر کرا پاش ٧٢ کاتژمێر بکوژەکانی
دەستگیرکران!! بەڵام ئایا بۆچی لە ماوەی ٢٣ ساڵی دەسەڵاتتان تاوانی
کوشتن بەرامبەر تەواوی ئەو ناوانەی خوارەوە کراوە کە کەسایەتی سیاسی و
چالاکوانی مەدەنی و رۆژنامەنوس بوون، بەڵام تاکو ئێستا ھیچ کەسێک لەسەر
ئەو تاوانانە دەستگیرنەکراون و نەدراون بە دادگاو دۆسیەکانیان تا
ئێستاش ونە، لەکاتێکدا داوای یاسایی لەدژی لایەنێک یان کەسانێک
تۆمارکراون لەبارەی ھەریەک لەو تاوانانەی کراون:
ناوی تیرۆرکراوە سیاسیەکان کە رۆژنامەنووس یان چالاکی سیاسی یان چالاکی
مەدەنی بوون:
١ - حاکم تەحسین - ١٩٩٢ - چالاکوانی سیاسی - بادینان (دھۆک)
٢ - سادق دۆستی کادیری حیزبێکی سیاسی ئۆپۆزسیۆنی ئەوکات - ١٩٩٣ بادینان
(دھۆک)
٣ - رەئوف ئاکرەیی - کادیری حیزبێکی سیاسی ئۆپۆزسیۆنی ئەوکات. - ١٩٩٣
بادینان (دھۆک)
٤ - ڕێناس زەحمەتکێش - کادیری حیزبێکی سیاسی ئۆپۆزسیۆنی ئەوکات. - ١٩٩٣
بادینان (دھۆک)
٥ - نەزیر عومەر - کادیری حیزبێکی سیاسی ئۆپۆزسیۆنی ئەوکات. - ١٩٩٣
بادینان (دھۆک)
٦ - فرانسوا یوسف شامۆ - کادیری حیزبێکی ئۆپۆزسیۆنی ئەوکات - ١٩٩٣
بادینان (دھۆک)
٧ - ئەبو نەسیر - کادیری حیزبێکی سیاسی ئۆپۆزسیۆنی ئەوکات. - ١٩٩٣
بادینان (دھۆک)
٨ - بەکر عەلی - شاعیرو چالاکی مەدەنی - ١٩٩٤- سلێمانی
٩ - شەھید حەمە حەلاق - ١٩٩٥- چالاکوانی سیاسی - ھەولێر
١٠ - مامۆستا ئەمین - ١٩٩٦ - چالاکوانی سیاسی - سلێمانی
١١ - شاپور عەبدولقادر- ١٨ - ٤ - ١٩٩٨ کادیری پارتێکی سیاسی ئۆپۆزسیۆنی
ئەوکات - ھەولێر
١٢ - قابیل عادل - ١٨ - ٤ - ١٩٩٨ کادیری پارتێکی سیاسی ئۆپۆزسیۆنی
ئەوکات- ھەولێر
١٣ - عەبدول باست موحسین - ١٤ - ٧ - ٢٠٠٠ - سلێمانی.
١٤ - ئیبراھیم محمد - ١٤ - ٧ - ٢٠٠٠- سلێمانی.
١٥ - ھاورێ لەتیف - ١٤ - ٧ - ٢٠٠٠- سلێمانی.
١٦ - محەمەد مستەفا - ١٤ - ٧ - ٢٠٠٠- سلێمانی.
١٧ - ئومێد نیکبین - ١٤ - ٧ - ٢٠٠٠- سلێمانی.
١٨ - سۆرانی مامە حەمە - رۆژنامەنووس - ٢٠٠٨- کەرکوک
١٩ - عەبدولستار تایەر شەریف - نوسەر - ٢٠٠٨ - کەرکوک
٢٠ - سەردەشت عوسمان - رۆژنامەنووس - ٤ - ٥ - ٢٠١٠ - ھەولێر
٢١ - رێژوان عەلی - خۆپیشاندەرو چالاکی مەدەنی - ٢٠١١ - سلێمانی
٢٢ - ھەردی فاروق - خۆپیشاندەرو چالاکی مەدەنی - ٢٠١١ - سلێمانی
٢٣ - گەرمیان ئەحمەد - خۆپیشاندەرو چالاکی مەدەنی - ٢٠١١ - سلێمانی
٢٤ - ئومێد - خۆپیشاندەرو چالاکی مەدەنی - ٢٠١١ - سلێمانی
٢٥ - شێرزاد - خۆپیشاندەرو چالاکی مەدەنی - ٢٠١١ - سلێمانی
٢٦ - عەلی - خۆپیشاندەرو چالاکی مەدەنی - ٢٠١١ - سلێمانی
٢٧ - محەمەد ئەمین - خۆپیشاندەرو چالاکی مەدەنی - ٢٠١١ - سلێمانی
٢٨ - بیلال ئەحمەد - خۆپیشاندەرو چالاکی مەدەنی - ٢٠١١ - سلێمانی
٢٩ - سەرکار محەمەد - خۆپیشاندەرو چالاکی مەدەنی - ٢٠١١ - سلێمانی
٣٠ - سورکێو زاھیر - خۆپیشاندەرو چالاکی مەدەنی - ٢٠١١ - سلێمانی
٣١ - عیرفان ئەحمەد - شاعیرو چالاکی مەدەنی - ٦ - ٨ - ٢٠١٢ - سلێمانی
٣٢ - خالیدی خولە سوور - کادیری حیزبێکی سیاسی ئۆپۆزسیۆنی ئێستا- ٢٣ -
٢ - ٢٠١٣ سلێمانی.
٣٣ - بڕیار حەسەن - چالاکی مەدەنی و خۆپیشاندەر - ٢٠١٤ - سلێمانی.
بۆ پەیوەندیی:
٠٠٣٢٤٩٧٨٩٤٢٣٢ ، ٠٠٣٢٤٨٨٠٥٥٩٢٩
رێکخراوی کوردستان فۆروم - بەلجیکا
٢٢\١\٢٠١٤
|