سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە گۆشتخۆرەکانە.
نزار محهمهد
بەپێی رێککەوتنە ستراتیژییەکەی نێوانیان "یەکێتی وپارتی"، کڵێشە کۆنەکەیان خستە کار، دیسان وەک غەنیمە، پۆستەکان لەنێوان خۆیاندا بەشدەکەن. سەرۆکی خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان بەر پارتی کەوت و جێگرەکەشی بێگومان هەر دەبێت یەکێتی بێت. ئەمە هەمان شێوازی کار دابەشکردنی 18ساڵەو هیچ هیچ نەگۆڕاوە. هەروەها دانانی د.کەمال کەرکووکی بەسەرۆکی پەرلەمان دیسان مانای نەگۆڕانە، چوونکە ئەویش هەر هەمان دەموچاوی کۆنی سەرۆکایەتی پەرلەمانە، کە پێشتر جێگری سەرۆکی پەرلەمان بووە. دانانەوەی کەمال کەرکووکی ئاماژە بەوە دەدات کە ئەو دوو حزبە نایانەوێت لەقۆناغی نوێ تێبگەن، دەیانەوێ جارێکی تر پەرلەمانی پاشکۆ بەخۆیان هەبێت، ئەمەش بەپێچەوانەی بەڵێنەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردنە کە باسیان لە بەخۆداچوونەوەو دەکرد.
ئایا ئەم سەرۆکە لەجەماوەر و شەقام و رای گشتیی تێدەگات؟، لەکاتی رێپێوان و خۆپیشاندانەکانی خەڵک بۆ خزمەتگوزاریی، ئەم سەرۆکە کەپێشتر جێگر بوو، لەدیمانەیەکیدا بۆ کوردستان راپۆرت رایگەیاند "بارزانی نەمر هەرگیز بۆ خزمەتگوزاریی خەباتی نەکردووە!". ئەمەش هەمان گووتاری حزبی دەسەڵاتە کە وابەستەمان دەکەنەوە بەرابردووەوە، لەکاتێکدا پەرلەمانتار وابەستەیە بەرووداوی رۆژ و باسی نانێک دەکات ئەمڕۆ لەخوان بێت، نەک هی سەد ساڵ بەر لەئێستا. پەرلەمانتار دەبێت پێوەرەکەی خواستی خەڵک بێت نەک بارزانی نەمر. بەکارهێنانی ناوی بارزانی بۆ گەنجێک کە گەنجێتی لێسەندرابێتەوە، بۆ منداڵێک لەگەرما تووشی سکچوون بووبێت، تەنیا بۆ چەواشەکارییەو ئەمەش کاری هەر کەسێک بێت کاری پەرلەمانتار نییە، با سەرۆکی پەرلەمانتارەکانیش بێت.
سەیر لەوەدایە ئەم پارتییە نازانێ یەکەم بزووتنەوەی بارزان لەساڵی 1943 بۆ خزمەتگوزاریی بوو، کە بۆ ئەو کاتەش مایەی کەموکوڕیی نەبوو. کە وابێت خەڵک بارزانی نەمرە راستەقینەکەی کردووە بەپێوەر نەک ئەوەی کەمال کەرکووکی کە بارزانییە تەزویرەکەیەو بەکاریدەهێنێت لەدژی خەڵک. بارزانییە راستەقینەکەش دەڵێ ئەم پینەدۆزییە سیفەتی پەرلەمانتار نییە، پەرلەمانتار دەبێت لەگەڵ خەڵک شیوەن بکات نەک لەگەڵ گورگ گۆشت بخوات. بەرای من سەرۆکی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان لەگۆشتخۆرەکانە.
پەرلەمانتارەکانیش بێپان.
لەکاتی سوێندخواردندا پەرلەمانتارەکانی خولی سێیەم، سوێندێکیان بۆ دانرابوو بیخۆن، هەندێکیان بەکوردییەکی شەق وشڕتر لەکوردییەکەی فەرەج حەیدەری سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان دەیانخوێندەوە. هەرچەندە سوێندخواردنی مەرکەزیی لەزۆر شوێندا کاری پێدەکرێت، بەڵام ئایا نابێت دەقی سوێندەکە بەبڕیاری گشتیی بێت؟. ئایا پەرلەمانتارەکان لەسەر دەقی سوێندخواردنەکە رێککەوتبوون یان بۆیان نووسرابۆوە؟. "کوردستانی عێراق"، ئەو زاراوە دوژمنکارییەیە کە لەدەقی سوێندخواردنەکەدا هاتبوو. لەکۆی 111 پەرلەمانتار کە گوایە هەڵبژاردەی کۆمەڵگەو نوێنەری خەڵکن تەنیا سێ کەس ئەو هەستەیان تیابوو کە لەو کڵێشە سەقەتە لابدەن و لەبری کوردستانی عێراق بڵێن خاکی کوردستان یان کوردستان. یەکێک لەوانە خاتوو پەیمان عیزەدین لە لیستی گۆڕان بوو. ئەم هەڵوێستەی ئەو پەرلەمانتارە جگە لەوەی رەتکردنەوەی بەستنەوەی بەشێکی کوردستانە بەعێراقێکی عەرەبیی ئیستعماریی، بۆ خۆیشی بڕیارە بۆ گۆڕان.
ئەم سێ کەسە نەیانویست لەئێستاوە لەسەر ئەو کڵێشانە بڕۆن کە لەسەرووی خۆیانەوە بۆیان ئامادە دەکرێن. جێی نیگەرانییە پەرلەمانتاری ئەم خولەش بێپاکان بن و چییان بۆ نووسرایەوە وەک تووتی بیڵێنەوە. بەتایبەتی لەمسەلەیەکی چارەنووسسازدا کە ئومێدمان وایە رۆژێک لەرۆژان پەرلەمان بڕیاری جیابوونەوەو سەربەخۆیی کوردستان بدات، بەڵام کە پەرلەمانتارەکان کوردستانەکەی خۆیان بە هی عێراق ناوبنێن، ئەو ئومێدە لاواز دەبێ. کوردستان بەهیچ شێوەیەک هی عێراق نییە، بەڵکو بەزۆر بەعەرەبەوە لکێنراوە. بۆیە زاراوەی کوردستانی عێراق با لەکڵێشەی سوێندخواردنەکەشدا هاتبێ دەبووایە پەرلەمانتارەکان رەتیانبکردایەتەوە، قبوڵکردنی نووساندنی وشەی کوردستان بەعێراقەوە، مانای قبوڵکردنی مانەوەیە لەچوارچێوەی عێراقدا. کەواتە پەرلەمانتارەکانی ئەم خولەش نایانەوێت وەک پەرلەمانتارەکانی کۆسۆڤۆ و تەیمووری خۆرهەڵات بڕیاری سەربەخۆیی بدەن. لێرەوەیە دەڵێین پەرلەمانتارەکانمان بێپان و ناڕۆن، بەڵکو ئاماژەیان بەمانەوە دا لەچوارچێوەی ئاگرین و دروستکراو و داگیرکەرو ئەو زیندانە گەورەیەی پێیدەوترێت عێراق.
|