٢\١٢\٢٠١٠
سەرۆکی پارتی
حکومەتی دەوڵەتێکی دوژمنی کورد دروست دەکا؟
هاوبیر
هەڵەی سەرەکی لەودا خۆی دەبینێتەوە کە سەیری
عێراق نەکراوە وەک ئەوەی کە هەیە ، بەڵکو وەک ئەوەی کە هیوادارین وابێت
سەیری عێراق کراوە...
پیتەر گالبێرس.... کۆتایی عێراق
دەبێت ئەو ویژدان و مۆڕاڵە چی بەسەردا بێت ، ساتێ کەسێ ئامادەی کردنی
کارێکە خۆیشی باوەڕی پێی نییە . ئەوە دەبێت چەند ئەستەم و دژوار بێت
مرۆ بەزۆردارەکی خۆی بخەڵەتێنێ و درۆ بە خودی خۆی بکات!؟؟
ئەو نمایشت و هاتووهووتەی چەند هەفتەیەکە دەستگاکانی میدیا و راگەیاندن
و گووتاری سیاسی دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکەی باشووری کوردستانی
داگیرکردووە ، دەبێت چۆن بخوێندرێتەوە و دەلالەتی چ کارەساتێکمان پێ
دەبەخشێت!؟ .
ئەو سەرچۆپیکێشانە بایی مسقاڵە زەرەیەک هەستی نەجوڵانم . ئەو هەموو
کەڕنەفاڵی درۆ و ستایشە بێتامە جگە لە بێزاریی و نیگەرانی چی دیکەی
پێنەبەخشیم. سەرم سووڕماوە لەوەی مرۆی ئەوتۆ لە کوردستاندا هەیە بەو
ئەندازەیە خۆی ناشرین و قێزەون دەکات. ئەوە چ کەراکتەرێکە مەیموونئاسا
سەمای خۆدۆڕاندن و مل بەرەو چارەنووسی رەشی خۆیی و میللەتەکەی دەکات
؟.ئەرێ تۆ بڵێی هەموو جەماوەری کورد ئەو گاڵتەجاڕییەی پارتی و یەکێتی
زەماوەنییان بۆ سازکردووە دیبێت ؟ بەدڵ بێت ؟ لەگەڵ بێت ؟ جا گەروابوو
ئێمە چۆن کەسایەتی تاکی کورد لە میانەی هاوکێشە کۆمەڵایەتی و سیاسی و
مێژووییەکەیدا بخوێنییەوە !؟ چی بە خۆمان و سەرکردەکانمان بڵێین !؟ ئەی
دەبێت بێگانە چیمان لەسەر بنووسێ !؟ و چاوەڕی کامە دەستی هاوکاریی بین
لە دۆستەکانمانەوە؟. ئەوە نییە بە براو هاوبیری هێژام د. ئەحمەد
میراودەلی لە وتارێکی بەرزیدا ناوی ناوین کینگ مەیکەر ـ پاشا خولقێنەر.*
بەراستی مەرگەساتە ، گاڵتەجاریی و ریسواییە خەڵکەهایەک هێندە خۆیان لە
هەقیقەت و ئەرکە راستەقینەکانیان گێل بکەن و خۆ بدەنە دەست هەواو کەیفی
کاتی و لە ژێر پەردەی ناوی پیرۆزی خەبات و تێکۆشان و پاراستنی
بەرژەوەندی نەتەوەییدا درۆ لەگەڵ خۆیان و جەماوەر و مێژوودا بکەن. ئەمە
جگە لە پەردەی شانۆگەریی هەراجی بەها و نرخە بەرز و نەگۆڕەکان چیدیکە
نییە. ئەمە دیسان خولانەوەیە لە بازنەی ئەو مێژووە پڕ لە کارەسات و
نەهامەتییانەی هەتا ئیمڕۆ بۆمان بەجێماوە.
لەسایەی سەری سەرانی حیزبە کوردستانییەکانەوە ئەمەش دەبێتە ئەو
داهێنانەی کە بۆ سوودی داگیرکەران بەرهەمییان هێناوە. ئەگینا لە مێژووی
مرۆڤایەتیدا هیچ میللەتێک پەی پێنەبراوە بەدەستی خۆی ماڵ و توانا و
حکومەت و دەوڵەت بۆ داگیرکەر و دوژمنەکەی دروست بکات.
سەرکردایەتی کورد دەوڵەتی عێراقی داڕماویان دروستکردەوە . سوپا
ئەففالچییەکەیان بۆ رێکخستەوە و سنوورەکانی بۆ دەپارێزن و ئەوا دوا
پەردەی شانۆگەرییە دۆڕاوەکەیان بە دەستپێشخەریی ئەو ناسەرۆکانە
دروستکردنی حکومەت و بەخشینی بە ئاغای مالکی و نوجەیفی و موتڵەگ کۆتایی
هات.
من هەرگیز بە ناتەبایی و ئاژاوە و کوشت و کوشتاری دراوسێ خۆشحاڵ
نیم.بەهەمان پێوەریش ئاواتەخواز نیم عەرەب لە عێراقدا هەر خەریکی یەکتر
لەناو بردن بن ، لێ ترسی گەورەم لەو رۆژەیە کە بەهێز و دامەزراو دەبن ،
ئەنفالمان دەکەنەوە.
کردەوە و بیرکردنەوە و چوونە ژێرباری دروستکردنەوەی عێراق بۆ ئینگلیز و
نوجەیفی !!، لە کاتێکدایە رۆژانە کورد لە کوردستاندا راوەدوو دەنرێن و
عەرەب لە جێیان نیشتەجێ دەکرێن . هەرچی دەستوور و یاسا و بڕیار هەیە
پارێزگاری موسڵ بە تەنیا دەتوانێت پەکی بخات!!... تاقە وەزیرێک نایەڵێت
پرۆسەی سەرژمێری بکرێت!! ، ماددەی سەدوچل جێبەجێ ناکرێت !!، خانەی پرسی
نەتەوایەتی لە فۆڕمی سەرژمێریدا دەسڕدرێتەوە!!، ئاڵای کوردستان لە هیچ
بۆنە و شوێنێکدا پەسەند نییە!!، زمانی کوردی لە کەرکوکدا رەواجی نییە!!
و هەزار خەوش و ناتەوی دیکە لە پەیکەری حکومەت و لاشەی حیزب و خانەی
سەرکردایەتیدا هەن.
یەکێ لەو سەدان پرسیارەی خۆی لێرەدا قووتدەکاتەوە ئەوەیە : بۆچی
ئەوبەناو شەڕەی لەسەر کورسی سەرۆک کۆمار کرا لەبەرچی: بۆ سنووری
کوردستان ، ماددەی قرچۆکی ١٤٠ ، سەپاندنی زمانی کوردی ، پرسی فیدڕاڵی
یان کۆنفدڕاڵی و سەربەخۆیی نەکرا ؟؟!!
حەسەن عەلەوی لە یەکێ لە نووسینەکانیدا دەڵێ : کاتێ هێرشی ئەمەریکا
لەسەر عێراق بوو بەراست ، من لەگەڵ سەرانی دەوڵەتە عەرەبییەکان لەمەڕ
چارەنووسی عێراقەوە قسەم کرد و پێشنیاری ئەوەم کرد کەسێکی کورد و خودی
تاڵەبانی بکرێتە سەرەک کۆمار لە پێناوی پاراستنی یەکێتی خاکی
عێراقدا!!..
ئێستاش بە گەواهی دۆست و دوژمن کەس لەو سەرۆکەی ئێستای عێراق عێراقیتر
و رەفتار عەرەبییانەتر نییە . جا ئەمە ویستی عەرەبە ناسیونالیستەکانی
عێراق بێت ، بۆ سەدر و مالکی و سیستانی و موتڵەگ و ئەسەد و... لە
خۆشیدا شاگەشکە نابن.
ئەرێ سەرۆکی پارتی یان هەرێم بۆ پێداگری لەسەر مافە نەتەواتییەکانی
کورد بەو جۆرە ناکات ؟ ئەم پرس و بەرواردکاریی و هەڵوێستانە قەفی
گومانمان تا بێت ئەستوور دەکات و پێمان دەڵێ گومان بکەن لەهەرچی کردار
و گوفتار و شتێکی ئەو بەناو سەرکردانەیە.
جا با هەرچی قەڵەم بەدەستی پارتی و یەکێتی هەیە کاغەز لە دونیادا
نەیهێڵن بە پیاداهەڵدان و ستایشی دەستپێشکەری سەرۆک و رۆڵی سەرۆک هەیە
پڕی بکەنەوە... زەڕڕەیەک هیوام پێ نابەخشێت و با هەرچی ئەندام و دۆست و
لایەنگرتان هەیە سەرگەرمی چۆپی کێشان بن، موچڕکێکیشم بە دڵدا نایەت.
گەر هەزارانی وەک ئوباما و سارکۆزی و گوڵ و نەژادی و ئەسەد و سەدر و
موبارەک و شا عەبدوڵڵا و موسا و بایدن هەیە تەلەفونتان بۆ بکەن و
داوەتی کۆشک و تەلارەکانیانتان بکەن و ئافەرین و دەستخۆشیتان بەسەردا
ببارێنن ، نرخی پووشێکی نییە.
ئەوانە بەر لەهەر شت بەرژەوەندی خۆیان مسۆگەر کردووە ، نەک پشتیوانی و
چەسپاندنی مافەکانی کورد. ئەوان براوە و سەرکەوتوون و ئێوەش دۆڕاو و
بەزیو...
ئەم گەمە سیاسییەی ئێوە جارێکی دیکەش سەلماندییەوە کە جگە لە
بەرژەوەندییە نارەواکانی خۆتان هیچ ویست و داخوازییەکی دیکەی کورد لە
ئەجێندای ئێوەدا نییە. هێندەی شەڕی دابەشکردنی بەرژەوندییەکانتان لە
بەغدا و هەولێر دەکەن هەرگیزاو هەرگیز بیر لە رزگارکردنی بستێکی
نیشتیمانی دایک ناکەنەوە.
دەستپێشکەریی سەرۆک دەبێت چ مەتەڵێک بێت!؟ مالکییش بەشداری عەللاوی بە
پێویست دەزانی ، بە مەرجێ خۆی سەرەک وەزیران بێت و هەموو دوژمنانی
کوردیش سەرۆککۆماری تاڵەبانییان قەبوڵە... هەر بەو شێوەیەش کورد بە
شەکر دەخنکێندرێت . کورد با بۆ خۆی هەر بە دیار داری زڕی برایەتی و
شەراکەت و دەستوور و شتەگەلێکی وەک خۆیان دەعەجانەوە هەڵتووتێن.
دەڵێن رۆژێ مەلای مەزبوورە لە بازاڕ دەسوڕێتەوە ، لە پڕ هەواڵی گڕ
تێبەربوونی ماڵەکەی پێدەدەن. ئەویش بێ شەرم و شکۆ دەڵێ : ئەوە کاری
ماڵەوەیە و ئەرکی مەلا ژنە ئاگرەکە بکوژێنێتەوە ، من ئەرکی دەرەوەی ماڵ
رادەپەڕێنم. سەرانی پارتی و یەکێتی ئەرکی تاڵان و برۆی سامانی
کوردستانیان بۆخۆیان داناوە و خزمەتی بێگانەش وەک فەرزێکی ئەزەلی و
ئەبەدی ئاسمانی دەستنیشان کردووە.بەرەنگاری داگیرکەرانیش بۆ ئاوارەکانی
کەرکوک و دەرکراوەکانی جەلەولا و ناوچەکانی دیکەی کوردستانی داگیرکراو.
گەر قسە و گفت پێوەر بێت وەک سەرانی کورد پێمان دەڵێن ، وا بەعسیش لە
١٩٧٠ دا هەر هەموو مافەکانی کوردی سەلماند، تا خۆیان چەسپاند و رایەڵەی
پەیوەندییە هەرێمی و جیهانییەکانیان مەحکەم کرد ئەوجا بە ناپاڵم و
فسفۆڕ کەوتنە گیانی نەتەوەکەمان... ئیمڕۆش نەوەکانی بەعس دیسان بەسەر
پشتی سەرانی پارتی و یەکێتیدا خۆ دەگەێننە سەر کورسی دەسەڵات، وا بە
ناوی خودا و عروبەوە نوجەیفی بە بەرنامەی چاکسازی پەرلەمانی و موتڵەگ
بە ئەجێندای خۆیەوە دەکەونە رێ ، جا با چاوەڕێ بکەین کەنگێ بە تانک و
زرێپۆشەوە شاڵاومان دێننە سەر...
_____________________________
*
تەماشای ماڵپەڕی پاسۆک بکە.
www.pasok.eu
|