٣١\١\٢٠١٢
سەرۆکی
ساماڵ.

رێباز مهحمود
پێشکەشە بە باوکم، لە یادی
دوو ساڵ تێپەڕبوون بەسەر مەرگیدا لە
٢٩\١\٢٠١٢.
دیارە
دەتزانی دەبمە تاریکستان
بۆیە لە مانەوەمدا ،
بوویت بە ئاسمانێک ئەستێرە ...
* * * * * * * *
بە نوور.. کە دەستومەچەکی بێدەنگیت بوو ،
ڕەزوباخێکی هێندە قەشەنگت لە مندا چێ کرد...
من و (سەرگەنکێ)*
،
دەبێ تا ئەبەد خەریکی بەراوردکاری بین!
ئێستا بەهاران (کانی ژاژی)**
لە جیاتی گەڵاوگوڵ
هەر ڕاز و ڕەونەقی تیا دەپشکوێ !
ڕۆحی منیش
مناڵێکی پڕ مەیل
بۆ چوونەوە ژێر دار سێوهەرمێکەی تۆ ...
* * * * * * * *
مادام نەتتوانی لەگەڵ خۆتا بمبەی
بانگهێشتت نەکردم بە دواچرکەتدا دووبەدوو
خۆمان بکەین بەناو تەمی نەهاتنەوەدا...
من ناو ئەم دارستانە پەژموردە و بێسرتەیەی زەمەنی خۆم
لەگەڵ ئەو هەموو سکێچانەدا دەبڕم
کە لێرە جێت هێشتن ...
* * * * * * * *
کێ توانی هێندەی تۆ بەگەرمادا ڕەت بێ و
دواین لوغزی بەهار بە دیار پێگەینی بەرسیلەوە
لە کتێبی فەرامۆشکراوی سروشتا بخوێنێتەوە؟
کام ڕێگای زستان هەبوو
تۆ شارەزای نەبیت؟
نیوەی تۆ بە کڕێوەدا تێپەڕی و
زەقیات هەرگیز بە میهرەبانیت نەوێرا ..
لەتینوێتیم بۆ ئاوی کانیاوێکی
وەهمە ڕەنگاڵەیەکانی بەختەوەری ،
ئارامیت لە بەفری دیکە بۆ دەتواندمەوە و
بە بێڵی حیکمەتی خۆت ؛
جۆگەلەی خوڕەی ئۆخژنت هەڵدەبەست بۆ ناو ڕامانم...
ڕەونەقی ساڵ چەند دورەدەستیش بوایە ،
کاتێک لە بەستێنە ساردەکانی داپۆشراو بە بەفری نائومێدی
وەرزەکان تێکڕا ،
ڕێگایەکیان شک نەدەبرد..
تۆ.. هەمیشە پڕ بووی لەو ڕێگایانەی
دەچونەوە سەرنازکێشانی چرۆ
لەسەروەختی پشکوتنا !
* * * * * * * *
لەبەینی سەوزەگیا و تۆدا
مەگەر بەس خودا خۆی بزانێ
چ پەیوەندیەکی قووڵی خۆشەویستی هەبوو !
ئێستا ئیتر نامە نهێنیەکانتان
با.. بە ئاشکرا دەیانخوێنێتەوە
لە سیمای قەرسیلی مێرگ و
ڕەنگی زەردهەڵگەڕاوی قەدپاڵەکانا !
* * * * * * * *
ئاوەدانی بووی بۆ دەشتودەر ،
ئاودەنگی بووی بۆ تەنیایی با!
خۆزگە لێرە دەبووی
تا بتبینیایە لە گەڵای دارگوێزەکانەوە
هاوینان چۆن چیرۆکی تۆ چۆڕاوگە دەبەستێ و
دڵۆپ دڵۆپ دەتکێتە ناو
تاسەی من و
بێسرتەیی سێبەر و
ڕامانی نیوەڕۆی ڕەزوباخەوە !!
* * * * * * * *
ڕەنجت چاوساغی بۆ ئاو دەکرد
لەناو بەینی تاوێرەکانەوە هەڵقوڵێ و
هەڵە زەقەکانی سروشت بەنەرمی بکوژێنێتەوە...
هەنگ و گوڵ و دارەکان
لە پێشوازی ئاودا و لەو قاقڕە
سیانەی ستایشی تۆن ...
* * * * * * * *
تۆ لە خۆوە نەبویتە سەرۆکی ساماڵ
شار موئامەرەیەک بوو لە جوانی و
تۆ هەمیشە پاڵێوراوێکی براوەی کەژوکێو
وەزیرێکی چستوچالاکی جۆگەلە ،
لە حوکومەتی ئاو ...
لادێ دەنگدەرت بوو ،
بۆ ئاشتکردنەوەی تەزینی من ؛
لە گەڵ هەتاو !
* * * * * * * *
لەناو شەقامە قەرەباڵغەکانی قسەدا
کەم دەبینرای ..
بەڵام لە زەردەخەنەوە ،
بەردەوام دەرگەت خستبوە سەرگازی پشت ...
من لەوێوە چوومە ژورەوە
بۆیە ئەمێستا گوندێک لە ناخما دەردەوشێتەوە و
منداڵەوردکەی ڕۆحم ،
لە دژی پەرتەوازەیی دوبارەم ...
خەریکن بەردەوردە بگرنە جامی ئەو ئوتومبێلانەی
تایەکانیان پێکهاتوە لە سروشتی نەوەستاوی ژیان و
شوشەکانیان لە بەڵێنی رەنگاڵەیی و
درۆی گوڵبەدەم !
_____________________________________
*
سەرگەنکێ:
شوێنێکە دەکەوێتە سەرووی گوندی (گەنکێ) و بەرامبەر هاوینەهەواری (
سەرسیر) ە لە ناوچەی شارباژێڕ ، لەو شوێنەدا باوکم تەمەنێکی زۆری لە
کاری کشتوکاڵی و ڕەزوباخدا بەسەر برد.
**
کانی ژاژی:
ناوی ئەو ڕەزوباخەیە کە لە سەرگەنکێ ، باوکم بەتەمەنێکی زۆری خۆی
بنیادی نا ، هاوکات هەر لەو شوێنەدا بە ڕەنجی خۆی بیروئاوێکی تیادا
دروست کرد.
کانوونی دووهمی
٢٠١٢
ماڵپهڕی رێباز مهحمود
|