١٥\١٢\٢٠١٢
سەرۆک ئۆباما
ئێمەش لە کۆسۆڤۆ، عێراق، ئەفغانستان و سوریا جگەرگۆشەمان هەیە؛
کێ فرمێسێک بۆ
ئەوانە بڕێژێ!

تاهیر ساڵح شەریف
ئەمڕۆ( هەینی ١٤ دێسمبەری ٢٠١٢ ) گەنجێکی ٢٤ ساڵە قوتابخانەیەکی
سەرەتایی لە شاری نیوتاونی هەرێمی کۆنێکتیکەتدایە بەر دەستڕێژی گولە و
سەرئەنجام ٢٧ کەسی (کە ٢٠یان منداڵن) کوشت. ڕووداوەکە، ڕووداوێکی لە
ڕادەبەدەر دڵتەزێن و تراژیدییە. تراژیدیبوونی ڕووداوەکە بە ڕادەیەکە کە
ئۆبامای ناچار بە فرمێسکڕشتنکرد.
ئەم ڕووداوە تراژیدییە مردنی سەگێکی بە بیرم هێنایەوە. بەهاری ساڵی
ڕابردوو لە جادەی Crawford ی شاری تۆرۆنتۆ، ڕووداوێک لە بەردەممدا
ڕوویدا. کاتی ڕووداوەکە کاتژمێر ٩،٣٠ سەرلەبەیانی بوو. ژنێک کە تەمەنی
نزیک بە ٢٨ ساڵ دەبوو، لەگەڵ سەگەکەی لە ماڵ هاتە دەرەوە. ژنەکە پەتی
نەکردبووە ملی سەگەکەی و سەگەکە لە کۆنترۆڵی ئەودا نەبوو. سەگەکە
پەلاماری مندا. منیش ڕاست لە جێگای خۆمدا وەستام. سەگەکە هەستیکرد من
لە شوێنی خۆمدا ناجوڵێم، بە دەم وەڕینەوە بۆ دواوە گەڕایەوە. گەڕانەوە
بۆ دواوەی سەگەکە هاوکات بوو لەگەڵ تێپەڕینی ئۆتۆمۆبیلێکی بارهەڵگری
پۆستدا. سەگەکە بە دەم وەڕینەوە بەرەو دواوە گەڕایەوە و شۆستەکەی
تێپەڕکرد و چووە سەر جادەکە. سەگەکە کەوتە ژێر تایەی دواوەی
ئۆتۆمبیلەکەوە. تایەکانی ئۆتۆمۆبیلەکە سەگەکەی لەگەڵ خۆیدا لولکرد و
پاش ٥ خولەک گیانی لەدەستدا. من و ژنی خاوەن سەگەکە بینەری تەواوی
ڕووداوەکە بووین. کەسێکی دیکەش، کە چەند مەترێک لە ئێمەوە دوور بوو
ئاگای لە ڕووداوەکە بوو. ئەو کەسە ئاماژەی بە شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە کرد
کە ڕابووەستێت. شۆفێرەکە ئۆتۆمبێلەکەی لە قەراغی جادەکە وەستاند و لە
ژنی خاوەن سەگەکە زیاتر شپرزەو غەمگین بوو. ژنەکە کە لاشەی بێگیانی
سەگەکەی لە باوەشگرتبوو، زۆرگریا، گریانێکی بەکوڵ، وەک ئەوەی بڵێیت
منداڵێکی خۆیی لەدەستداوە. شۆفێرەکەش لە ترس و لە خەفەتی کوشتنی سەگەکە
هەڵدەلەرزی و سترێس سەرتاپای گیانی داگرتبوو. منیش کە لە وڵاتێکەوە
هاتبووم دەیان و سەدان کارەساتی نامرۆیی و مرۆڤ کوشتنم تێدا دیبوو،
ڕووداوەکە زۆر کاریگەری لەسەردانەنام!
هەڵبەت چرکە ساتی مەرگ لە پێش چاوانتدا، جا ئەو مەرگە ئاژەڵ بێت یان
مرۆڤ، بەڕاستی سەختە، بەڵام هەمیشە چرکەساتی مەرگی مرۆڤێک کاریگەرترە
لە مەرگی ئاژەڵێک لە پێش چاوانتدا. لەو ڕووداوەیشدا من بەزەییم بە
مەرگی سەگەکەدا هاتەوە و دڵم پێی سوتا، بەڵام وەک وتم، بینینی کوشتنی
دەیان هەزار مرۆڤی بێتاوان لە وڵاتەکەی مندا، ئەوەندە کاریگەری قوڵی
لەسەرمدانەوە، کە هەرگیز لەگەڵ تراژیدیای مەرگی ئاژەڵێکدا بەراورد
ناکرێت. بەو حاڵەوە، کە من بینەری یەکەمی ڕووداوەکە بووم، ویستم
کۆنرۆڵی هەڵچوون و داچوونی دەرونی خاوەنی سەگەکەو شۆفێرەکە بخەمە دەستی
خۆمەوە. ئەوەی بە لای منەوە گرنگ بوو شۆفێرەکە بوو، نەک خاوەنی سەگەکە،
چونکە مەرگی سەگەکەم لە ئیهمالی خاوەن سەگەکەدا دەبینییەوە. هەر بەو
ڕاشکاوییەی خۆمەوە پێم گوت : " من وەک شاهیدێک پێت دەڵێم تۆ هۆکاری
مردنی سەگەکەتیت و شۆفێرەکە بێتاوانە. تۆ کە دەزانی سەگەکەت پەلاماری
خەڵک دەدات بۆچی پێش لەوەی بیهێنیتە دەرەوە پەتت لە مل نەکردووە و
پەتەکە لە دەستی خۆتدا ڕابگریت؟... مردنی سەگەکەت ناخۆشە، بەڵام ئەوەش
بزانە ڕۆژانە بە دەیان و سەدان کۆرپەی ناسک و نازدار لە لیبیا،
ئەفغانستان، عێراق و سوریا دەکوژرێن، کە لە سەگەکەی تۆ زۆر ئازیزترن بۆ
دایک و باوکیان". دەرپەڕاندنی ئەم قسەیەی دواییم لا ئیراد بوو. دەمزانی
کە ئەو ژنەش وەک سەرجەم خەڵکی ئەمریکای باکورو ڕۆژئاوا لە کوشتنی
منداڵان و خەڵکی سڤیڵی ئەو وڵاتانە بەدەستی هێزەکانی ناتۆو تیرۆریستە
بەکرێگیراوە ئیسلامییەکانیان بێ ئاگایە، بەڵام ئەگەر ئەو قسەیەم
نەکردبایە دڵم دەتەقی!. دوای ئەوە ژنەکە لاشەی سەگەکەی بەگریانەوە خستە
دوای ئۆتۆمبێلەکەیی. بۆکوێی برد؟ نازانم. من و کاکی شۆفێر لەبەردەم
ماڵەکەیدا ماینەوە. شۆفێرەکە باری دەرونی بەتەواوی تێکچوو بوو.
هەرچیمکرد نەمتوانی بەجێی بهێڵم. لەگەڵیدا وەستام تا ئارامی بکەمەوە.
١٨٠ بۆ ٢٠٠ مەترێک لە سەرومانەوە کۆفی شۆپێک هەبوو. ڕۆیشتم کۆفییەک و
بوتڵێک ئاوم بۆ هێنا. هەستیکرد کە من بەجێی ناهێڵم و بەڵێنی ئەوەم
پێدابوو کە لە ڕیپۆرتکردنی ڕووداوەکەدا بۆ ڕێکخراوی ئاژەڵپارێزان
شاهیدی دەدەم، کەمێک لە سترێس و هەڵچوونی دەرونی پێشتری هاتەخوارەوە.
پێم گوت " تۆلە کاتی دەوامدا تووشی ئەو ڕووداوە بوویت، باشترە
بەڕێوەەرەکەت لە ڕووداوەکە ئاگادر بکەیتەوە". تەلەفۆنی بۆ
بەڕێوەبەرەکەیکرد و پێی وت کە من تووشی ڕووداوێک بووم کارەکانی ئەمڕۆم
بۆ چەند کاتژمێرێک دوا دەکەوێت. قسەو باسێکی ٣٠ خولەکیمانکرد. وتی " من
ئەرمەنی سوریام و ٣٥ ساڵە لە کەنەدام، بەڵام کەسی وەک تۆ مرۆڤ دۆستم
نەبینیوە". وتم " سوپاس.. ڕەنگە تۆ نەتبینی، بەڵام کەنەدییەکان مرۆڤ
دۆستیان زۆر زۆرە و بەگشتی خەڵکێکی باشن ". بە دوای ئەوەدا کە کاکی
شۆفێر هاتەوە حاڵەتی ئاسایی خۆی، ژمارەی تەلەفۆنەکەمدایە و ماڵئاواییم
لێکرد. ئەم کورتە چیرۆکە ڕاستەقینەم بۆیە گێڕایەوە تا بگەڕێمەوە سەر
هەمان ڕستە کە لەکاتی لەدەستدانی کۆنترۆڵی هەستەکانمدا بە ژنی خاوەن
سەگەکەم گوت : " ڕۆژانە بە دەیان و سەدان کۆرپەی ناسک و نازدار لە
لیبیا، ئەفغانستان، عێراق و سوریا دەکوژرێت، کە لە سەگەکەی تۆ زۆر
ئازیزترن بۆ دایک و باوکیان".
جەنابی ئۆباما لەکاتی کوشتن و ئیفلیجکردنی منداڵانی وڵاتانی دیکەدا
بۆچی جۆگەلەی فرمێسکەکانتان وشک دەکات؟!
مێژووی خۆکردن بە پۆلیسی جیهانی ئەمریکا، مێژووییەکی ڕەش، خوێناوی و پڕ
لە تاوانە. ئەو جەنگانەی کە سوپای ئەمریکا و ناتۆ لە شوێنە جیاوازەکانی
دنیادا بەرپایکردوون، یان بە دەسیسەی ئەوان بەرکراون و بەرپا دەکرێن،
ئەو جەنگانەن کە بە دەیان و سەدان هەزار و بگرە بە ملیۆنەهایش لە خەڵکی
سیڤیڵیان ( بە ژن و پیاو، گەنج و پیر و منداڵ کۆرپەوە ) تێدابە
سوتماتکراوە، یان ئیفلیجکراون و سەرتاسەری ژیانیان بە عەزاب و ژانەوە
تەواوکردووە، یان تەواوی دەکەن. لە ڤێتنام، لە کۆریا، لە یابان، لە
سۆمال، لە کۆسۆڤۆ، لە ئەفغانستان،لە عێراق، لە لیبیا و ئێستاش لە سوریا،
لە یەمەن و پاکستان، بە دەیان و بگرە بەسەدان هەزار منداڵ و کۆرپە
بوونەتە قوربانی بەکاربردنی بۆمبە ئەتۆمییەکان، بۆمبە پیتێنراوەکان بە
یۆرانیۆم. کێ دروستکەری ئەو بۆمبانەیەو کێ ئەوانەی لەو جەنگانەدا
بەکاربردووە؟ سەرئەنجام کێ فرمسێک بۆ چەندین نەوە لە منداڵان و کۆرپە
ئیفلیجکراوەکانی ڤێتنام، هێرۆ شیماو ناکازاکی، یان منداڵانی فەلوجە،
کۆسۆڤ و ئەفغانستان بڕێژێت ؟ جەنابی ئۆباما کە هێندە خۆی مرۆڤدۆست
پیشاندەدات و فرمێسک بۆ ڕووداوەکەی ئەمڕۆی نیوتاون دەڕێژێت، پێویستە
ئەوەش لە یادنەکات کە درۆنەکانی ( فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان )ی خۆی،
بەفەرمانی خۆی، بە بیانوی جەنگی " دژی تیرۆر "ەوە کۆرپەکان و منداڵانی
پاکستان و یەمەن دەکوژن !. ئیوەی پۆلیسی جیهانی، باکێکێکتان بە کوشتن و
ئیفلیجکردنی منداڵان نییە، باکێکتان بە پیسکردنی ژینگەی وڵاتانی دیکە
نییە، باکێکتان لە بەکاربردنی یۆرانییۆم و ئەتۆم نییە، بەڵام پرسیارەکە
ئەوەیە کە ئەم دەبڵ ستاندارییە تاکەی درێژە پێدەدەن و بۆ منداڵانی
خۆتان فرمسێک دەڕێژن و بۆ کوشتن و ئیفلیجکردنی منداڵانی جیهانی سێیەم
پێکی سەرکەوتنتان دەنێن بە لێوتانەوە، دەست بەسەماکردن دەکەن و قاقا بۆ
مەرگی ئەوان لێدەدەن؟!.
________________________________________________
• سەیری
ئەو ڤیدیۆیانەی خوارەوە بکە کە دەیسەلمێنن ئەمریکاو ناتۆ بۆمبی
یۆرانیۆمی لەدژی خەڵکی سیڤڵی عێراق، کۆسۆڤۆ، سربیا، لیبیا و ئەفغانستان
بەکارهێناوەو بێ شەرمانەش حاشای لێدەکەن:
http://www.youtube.com/watch?v=GTRaf23TCUI&list=PL0659F925E73B1F4A&index=14
http://www.youtube.com/watch?v=rAy_lm78sWU
http://www.youtube.com/watch?v=Nnq4wsaowwA
١٤\١٢\٢٠١٢
ماڵپەڕی تاهیر ساڵح شەریف
|