په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\٣\٢٠١٥

سەرۆک شەرم لە خۆت ناکەی!

ئارسەر ئاری       

 

سەرۆک، کە ئەم نووسینە دەکەم دەربارەی تۆ و دەمەوێ وەک نامەیەک پێت بگات، ئەگەر کەمێک گوێڕایەڵی نەتەوەکەشت بیت خەراپ نییە! کاتژمێژ لە ٣:٣٠ خولەکی شەو لای داوە و بەرواری ١٤\٣\٢٠١٥ و شەوی ھەینی لەسەر شەممەیە، سەرۆک دەترسم زۆر دەترسم و ترسم ھەیە! سبەی شەو لەم کاتانەدا چەتەکانت ھەڵکبوتنە سەرماڵەکەمان و بەنیوەی شەو خەڵتانی خوێنم بکەن، بەڵام دڵنیابە ھەرگیز لە مردنی خۆم نەترساوم چونکە دەزانم ئێوە باکتان بە مردن و کوشتنی ڕۆڵەکانتان نییە/ چونکە دڵنیام ئێوە ھەرگیز ئەو ھێز و بوێرییەتان نییە مرۆڤە باشەکان ڕاستەوخۆ و بەبوێری شەھید بکەن ببوورە سەرۆک ھەرگیز ئەو بوێرییەم لە ئێوە بەدی نەکردووە، بەڵکو بە کارێکی ترسنۆکانە شەھیدمان دەکەن و دەنگە ئازا و بوێرەکان بەم جۆرە بێدەنگ و کڕ دەکەن و ئەوەی دەمێنێتەوە چەلاو خۆر و مشەخۆر و ملھوڕەکانی خۆتان دەبێت..


وەک گوتم: ھەرگیز، لە مردنی خۆم ناترسم، بەڵام ترسم ھەیە دایکە نازدار و بیر بەدەست خەمی زەمانەوە دڵ پڕ برین و ئێش و ئازاری سەختی زەمانە، لە شیرین خەو بە فیشەکێک کە مێشکی من دەپێکێ بەدەستی چەتەکانت، لەخەو ڕاپەڕێ و ببینێ کە چۆن کوڕەکەی لەنێو خوێنی خۆی دەگەوزێ، ئاخر تۆ دەزانی جەرگ سوتان یەعنی چی!؟ سەرۆک..


یاخود باوکە بەدبەخت و کۆنە پێشمەرگەکەم، کە دەبێ بەیانی سەعات شەش ھەڵبستێ و بچێتە کاری تاکسی چونکە لەبەر پشت ئێشەکەی کە خەو خۆراکی نەماوەو، ناتوانێ ھیچ کارێکی تر بکات، چونکە دەبێ نانی بەیانیمان بۆ پەیدا بکا لە نیوە خەودا کە خەون بەوەوە دەبینێ بەیانی (١٠٠٠٠) دینار بۆ منداڵەکانی بێنێتەوە ماڵەوە لەخەوی بکەن و بە شڵپەی پۆستاڵی پێی ڕێگرەکانت و پانکردنەوەی سەرم، بە ئاگابێتەوە. کە ڕۆژانە زۆر پێم دەڵێ: کوڕم تۆش واز لەو بەزمە بێنە بەدەردی سەردەشتت دەبەن، ئاخر کوڕم ئەوانە نازانن نیشتمان و نەتەوە چییە! جا چ تۆ.


دوایی دەبێ وەک سەردەشت لاشەکەت لە شارێکی یان لە شوێنێکی دوورەدەست بھێنینەوە و پێمان دەڵێن: کوڕەکەت دەستی لەگەڵ تیرۆر ھەبوو!


دەبینی سەرۆک بۆچی شەرم لەخۆت ناکەیتەوە و دەست لە پۆستەکەت ھەڵناگری ھەتا کەی دەتەوێ ڕوو ڕەشی خۆتمان بۆ دەربخەی!؟


دەترسم سەرۆک، دەترسم و ترسم ھەیە!


دەترسم ئەو برایەی کە ساڵێک لە خۆم بچووک ترە و ئەو نەبێ دەبێ لە برسان دەست لە ئەم و ئەو پان بکەمەوە، دەترسم ئەویش بەبیانووی ئەوەی کە براکەی تیرۆرست بووە، بیخەنە زیندانەوە یان لە کارەکەی دووری بخەنەوە شەرم ناکەی سەرۆک ڕۆڵەکانت ئەوەندە ترسیان لە سەرۆکی خۆیان ھەبێت شەرم ناکەی!؟
ترسم ھەیە سەرۆک ئەو برایەم ھۆن ھۆن بەبێدەنگی بداتە قوڵپەی گریان و بڵێ برا بۆ کوێ ھێشتا زوو بوو! برا نەدەبووایە ئاوا زوو جێمانبێڵی پێویستمان پێتە وەرەوە دەست بەسەرمان بێنە و بڵێ برای خۆم ھەمووشتێ باش دەبێ. سەبرت ھەبێ دنیا ھەر وا نمێنێ...


ترسم ھەیە سەرۆک، ترسم ھەیە و زۆر دەترسم!


برا بچووکەکەم کە ڕۆژانە ناچێتە یاری تۆپ تۆپێنیش ئەگەر من ماچ نەکات ناچێتە دەرەوە گوناحت دەگات بە چەتەکانت بڵێ بە ڕێگرەکانت بڵێ بە چەلاوخۆرەکانت بڵێ گوناحیان دەگات ئەو لێوە بچوک و ناسکە بێ ماچ مەکەن، واز لە دەنگە ئازاد و ئازاکان بھێنن، گوناحیان دەگا، ئاخر ئەو ھێشتان مانای مردن نازانێ دایکم پێ ی بڵێ: براکەی بۆ کوێ چووە! ئاخر سەرۆک ئەی کێ دڵی ئەو ئەو منداڵە بچوکە خۆش بکات و یاری پلەی ستەیشنی لەگەڵ بکات کێ بتوانێ پێکەنین بخاتە سەر لێوە ناسک و ھێشتا کەم خەندە دیدەکەی، کە دڵنیام گەورە ببێ ئەویش دەتاناسێ و لێتان خۆش نابێ...


سەرۆک ترسم ھەیە زۆر دەترسم!


لەو نیوە شەوە دوو خوشکە ١٦ بەھاری و ١٤ بەھارییەکەم لە خەوی خۆشی ناو جێگە ڕاپەڕێنن و ببینن براکەیان لە خەوی ھەتا ھەتایی دا ئەوانی تاقانە بەجێھێشت بەدەستی داب و نەریتی سەقەت و جەندرمە و ڕێگری وەک ئێوە، سەرۆک نامەوێ ئەوان ڕادەستی ئێوە بکەم تکات لێ دەکەم بە چەتەکانت بڵێ با نەمکوژن چونکە بەڵێنم بەم دووانەیان داوە کە دەبێ خەونەکانیان بەدی بێنم و بیانبەمە پەیمانگا و کۆلێژ و بەدڵی خۆیان چیان دەوێ بۆیان بکەم ئەو غەدرە مەکە سەرۆک ئاخر خوداش لێت خۆش نابێت، ئەمن نا ئەوان گوناحن دەیانەوێ کاکەیان ببینن و ڕۆژانە لەگەڵیان بچێتە دەرەوە و وەک کچەکانی ئێوە وڵاتانی دنیا ببینن کە دڵنیاشم لە سایەی سیاسەتی ئێوە ھەرگیز نایبینن. ئاخر گوناحتان دەگا ئەگەر بمکوژن! چونکە زۆر دڵنیام خوشکە ١٦ بەھارییەکەم کە ھێشتا تەواو خەونی خۆشی نەدیووە و لەخەویش ڕانەچەلەکیووە بەھۆی خەونی خۆشەوە تووشی کەئابەی بێ خەوی بکەن بەھۆی فیشەکە شێتەتان، گوناحتان دەگا زۆر دڵنیام ھەموو ڕۆژ کاتێک دەیەوێ بچێتە قوتابخانەکەی ڕێک دێتە سەر گۆڕەکەم و ھۆن ھۆن دەداتە قوڵپەی گریان و دەڵێ: کاکە جارێ زوو بوو بۆچی بەڵێنەکەت نابەیتە سەر ئەی بەڵێنت پێم نەدا کە بە خەونەکانم ئاشنام بکەی، کاکە پێم نەوتی واز لەمانە بێنە ئەوانە پیس و دڕندەن سەرۆک ئا لەم کاتەدا دەبێ ئەمن چ وەڵامێک بۆ ئەم کچە ھەبێت چ وەڵامێکم بۆ پەپوولەی خوشکم ھەبێت!؟


سەرۆک ترسم ھەیە زۆر دەترسم!


چیتر ماڵەوە نەبینم بەیانی زوو خوشکە تازە لە دایک بووەکەم ببینم و ماچی بکەم یاری لەگەڵ بکەم و گوێم لە گریانی ناوەخت و پێکەنینەکانی بێت سەرۆک لێگەڕێ با پێکەنینەکانی و ددانە وردەکانی ئەم کۆرپە تازە لەدایک بووە ببینم و بەحەسرەتەوە نەمرم، ئاخر سەرۆک ئەگەر تۆ و چەتەکانت من بکوژن! ئەی دایکم ڕۆژانە چی بەو منداڵە بڵێ چۆن بڵێ ئەھا سەیرکە کاکەت ھاتەوە.


سەرۆک ئەگەر تۆ من بکوژی ئەی ڕۆژانە دایکم بەکێ بڵێ ئادەی کوڕم وەرە ئەم چێشتە خەریکە سارد دەبێتەوە واز لەو کتابانە بێنە تووشی بەڵایەکت دەکەن، ئەی باوکم بەکێ بڵێ کوڕی خۆم ئەوەندە سەیری ئەم ھەواڵە سیاسیانە مەکە بۆچی ئەوەندە حەزت لە سیاسەتە!؟


سەرۆک ئەم گوناحە مەکە...


سەرۆک ئەگەر ھاتن بمکوژن تکایە بەبێ دەنگی و بەھێمنی بمکوژن، با دایکم و باوکم و ئەوان بە ئاگا نەیەنەوە، با بەیانی ببینن کە چۆن خەڵتانی خوێنتان کردیمە.

 

 

arsar.arish@yahoo.com

 


 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک