په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

سەرۆک سڵاو !! ئەمڕۆ 14/4 بوو! زانیتان؟!


گەرمیانى حەمەى پوور


ئەمڕۆ 14/4 بوو جەنابى سەرۆک (تاڵەبانى ، بارزانى). ئێوە زانیتان؟ ئێوە زانیتان ئەمڕۆ ئەو ڕۆژەیە کە سەدان هەزار کەس لەخەڵکى گەرمیان لەم ڕۆژە تراژیدییە پڕکارەساتە برینەکانیان دەکولێتەوەو بینینى هەریەکێکش لە زیندوانى پاشماوەى ئەنفال ئێستا تراژیایەکى ترە بۆ خۆى؟


ئەى زانیتان یادى کارەساتى ئەنفالى ئەمساڵ چەند تراژیدى ترو ڕۆژێکى سەخت و بارێکى دەروونى گرانتر بوو بۆ کەسوکارى قوربانیانى ئەنفال؟


ئەمرۆ ئێسکوپروسکى ئەو ئازیزانەیان هاتەوە بەردەستیان کە سەردەمانێک بۆ دوو ڕۆژ لێک دوورکەوتنەوەیان یەکتریان لە ئامێز دەگرت، بەڵام دواى نزیک بە چارەکە سەدەیەک ئێسکوپروسکى ئازیزان و کۆرپەى بەدنیا نەهاتوویان دێتەوە بەردەستیان.


ئەى ئەزانن ئەمڕۆ دەیان هەزار دایک و کچى ڕەشپۆش و خوێندکارو ژنى بەتەمەن و پیرەمێدى ڕدێن سپى و تەنانەت منداڵانیش هاوکات لەگەڵ پێشوازى لە ئێسکوپروسکى کەسوکاریان لە چاوەڕوانى ئێوەشدا بوون بۆ ئەوەى هەست بکەن کە سەرکردەکانیان هاوخەمیانن.


بەدویژدانتان سوێندتان ئەدەم ئێوە ئاگاتان لەوە نەبوو؟ یان خۆتان لەوە بە گەورەتر دەزانى کە چاوتان بە خەڵکى ڕەشوڕووتى بکەوێت؟


سەرۆکى هەرێم تو بى و وێژدانت، ویژدانت چیت پێ ئێژێ کاتێک لەبەردەم زوومى کامێرى رۆژنامەنووساندا شانى خۆت لە ژێر تابووتى بارزانییەکانکاندا نمایش دەکەیت؟ ئەنفالەکانی گەرمیانیش وەک ئەوەى بەشێک نەبن لە هەرێمەکەى تۆ، بێ تۆو لە چاوەڕوانى تۆدا بێناز نێژران.


ئەى تۆ جەنابى سەرۆکى کۆمار! خۆ هێشتا ئەوەندەى بەسەرا نەچووە کە بیرت چووبێ، بەڵام با من بیرت بخەمە نەک نکوڵى لێ بکەیت. بیرتە یان ژمارەى ئەو گەرمیانیانە دەزانى کە بۆ نەخۆشییەکەت لەکەلار و مەڵبەندى ئەنفالى ڕزگارییەوە بە پێ بەرەو لاى جەنابتان بەڕێدەکەوتن بۆ پرسینى هەواڵى سەلامەتیت؟


قەسابخانەى مەڕوماڵاتى خەڵکى سادەو ساویلکەى گەرمیانیش باس ناکەم بۆ خێرو خێرات و نزاو پاڕانەوە بۆ سەلامەتیت.


دەبا ئەمڕۆ جەنابتان بە پێ نا !!! بە سەیارەش نا. بە فرۆکەیەک!! تەواوى مەراسیمەکە نا، سەعاتێکیش نا، نیوسەعاتیش بۆ بارى تەندروستى و تەمەنت زۆر بوو، تەنها بە دەخولەک لەگەڵ کەسوکارى ئەو کەسانە هاوخەمیت دەربڕیبا کە هاوخەمت بوون و ئەمڕۆ ئێسکوپروسکى ئازیزترین کەسانێکیان دێتەوە بەردەستیان کە ناتوانم نەیەژم ئێوە هۆکارى یەکەم بوون بۆ ئەنفال کردنیان بەڵام ئەوان قەت هەست بەوە ناکەن چونکە زۆر دڵیان بە ئێوە خۆش بوو. ئاخر ئامادەبوونتان سەبوورى دەدان جەنابى سەرۆک!!


خۆ دەزانم ئەم قسانە زەڕڕەیەک ویژدانى ئێوە ناجوڵێنێ، بەڵام ویژدانى منیش ڕێگە بە بێدەنگ بوونم نادات.
 

 

Garmyan86@gmail.com