سه‌رۆ قادر وڕێنه ده‌کا.
عامر سابیر
خه‌ڵکی کوردستان هه‌ر له‌وه‌ی که‌مه که ناسیۆنالیزمی دۆڕاوی کورد، په‌یکه‌ری دۆڕاوه‌کانی بۆ دروستبکات. سه‌رۆ قادر به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنی حیزبی بارزانییه‌کان له ڕۆژنامه‌ی (هه‌ولێر)دا (که پارتی به‌ناڕاسته‌وخۆیی له هه‌ولێر به‌خۆڕایی 25 هه‌زار کۆپی لێ بڵاوده‌کاته‌وه ڕۆژانه) له وتارێکیدا به‌ناوی (په‌یکه‌رێک بۆ بووش) له ژماره 454 لاپه‌ڕه 3 له 22/1/2009 نووسیویه‌تی (زۆر ئاساییه له داهاتوودا په‌یکه‌رێک بۆ جۆرج ده‌بلیو بووش وه‌ک دۆستی نه‌ته‌وه‌ی کورد دروست بکرێ، جا ئه‌گه‌ر بووش له زه‌مانی سه‌رۆکایه‌تی خۆیدا بۆی نه‌کرا سه‌ردانی هه‌رێمی کوردستان بکات، ده‌کرێت بۆ په‌رده لادانی په‌یکه‌ره‌که‌ی بێته هه‌ولێر. ئه‌گه‌ر خه‌ڵک پێڵاویان تێگرت، کورد گوڵی تێگرت. ئا، جیاوازی له‌وێدایه).
که بوش له به‌غداد پێڵاوی بۆ هاوێژرا، له کوردستان پارتی و یه‌کێتیی خه‌جاڵه‌ت ببوون، ئه‌و ڕه‌خنه پووچه ئه‌خلاقییه‌ی قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستانی ناسیۆنالیزمی کورد له مونته‌زه‌ری پێڵاوهاوێژیان ده‌گرت، که ڕۆژنامه‌نووس ده‌بێت قه‌ڵه‌م به‌کاربهێنێ نه‌ک پێڵاو، له به‌رانبه‌ر ئه‌مه‌دا هیچ ژۆرنالیست و میدیایه‌کی ئه‌مریکا و ڕۆژئاوا ئه‌م گلله‌یییه‌یان له مونته‌زه‌ری پێڵاوهاوێژ نه‌بوو.
سه‌رۆکه‌که‌ی سه‌رۆ قادر (مه‌سعود بارزانی) که له 3ی سێپته‌مبه‌ری 2007 دا ئه‌مریکییه‌کان ته‌یاره‌یه‌کیان ناردبوو به‌شوێنیدا، تا بیبه‌ن بۆ بنکه‌یه‌کی عه‌سکه‌ری له ئه‌نبار بۆ پێشوازی جۆرج بوش، ڕۆژێک دوای ئه‌مه له دیوه‌خانه‌که‌ی کوردستاندا به ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی وت (به‌ڕاستی سه‌رۆک بوش پیاوێکی مه‌رده)، سه‌رۆ قادریش له‌م وتاره‌یدا پێمان ده‌ڵێت (جۆرج بوش جورئه‌تێکی زۆری هه‌بوو).
بوش که له ناوخۆی ئه‌مریکا و ده‌ره‌وه‌دا بێزراوترین و که‌م نفوسترین سه‌رۆکی ئه‌مریکا بوو، که له‌لای خه‌ڵکی ئازادیخوازی ئه‌مریکا و ئه‌وروپا به تاوانباری جه‌نگ به‌حیساب دێت و داواده‌که‌ن که پێویسته دادگایی بکرێت، باراک ئۆباما که له یه‌که‌م ڕۆژی له کۆشکی سپی‌دا، له ده‌فته‌ری یاداشته‌کانی کۆشکدا ده‌نووسێت (44 Is Not 43)، جۆرج بوش که به گه‌وجێتییه‌که‌ی و هه‌ڵه زۆره‌کانی و نه‌زانینی زمانی ئینگلیزی ببووه ماتریاڵی سه‌ره‌کی گاڵته‌پێکردنی به‌رنامه کۆمیدییه‌کانی میدیاکانی دنیا، ته‌نانه‌ت حکومه‌تی تازه‌ی ئه‌مریکاش بۆ گێڕانه‌وه‌ی ئابڕووی ئه‌مریکا، ده‌یه‌وێت خه‌ڵک وا قه‌ناعه‌ت پێ‌بکات که هه‌موو سیاسه‌ته‌کانیان جیایه له‌وه‌ی سه‌رده‌می جۆرج بوش، که‌چی پارتی دیموکراتی کوردستان زۆر ساویلکانه به‌نیازه په‌یکه‌ری بۆ دروستبکات.
سه‌رۆ قادر ده‌ڵێ جۆرج بوش دۆستی نه‌ته‌وه‌ی کورد بوو، ئایا به‌ڕاستی بوش چی کردووه بۆ خه‌ڵکی کوردستان؟ ئایا کوردستان جیابۆته‌وه و سه‌ربه‌خۆ بووه؟ ئایا ئه‌و ئیسلامییه مێزه‌ربه‌سه‌ر و فاشیسته قه‌ومیانه‌ی که ئێستا له‌سه‌ر حوکمن، له سه‌دام فاشیتر و کۆنه‌په‌رستتر و دڕنده‌ترنین به‌تایبه‌ت ده‌رحه‌ق به خه‌ڵکی کوردستان، ئایا ماده‌ی (140)ه‌که‌تان که خه‌ڵکی پێ سه‌رگه‌رم ده‌که‌ن نه‌بووه به بڵقی سه‌ر ئاو، ئایا ئه‌و فیدرالیزمه‌ی که ته‌نها خۆتان بالۆره‌ی بۆ لێده‌ده‌ن، خه‌ڵکی کوردستانی به کوێ گه‌یاندووه؟ جگه له‌وه‌ی که ته‌نها کردوتانه به پردێک ساڵانه لانی که‌م هه‌شت بلیۆن دۆلاری خه‌ڵکی کوردستانی پێهه‌ڵده‌لوشن، ئه‌م کوردستانه‌ی که بۆ ئێوه به‌هه‌شته بۆ خه‌ڵکی کوردستان جه‌هه‌نمه، قه‌تڵگای کوشتنی ژنانه، نه‌بوونی سه‌ره‌تاییترین خزمه‌تگوزارییه‌کانه، بۆیه گه‌نجان به‌هه‌ر نرخێک بووه ده‌یانه‌وێت خاکی گه‌وهه‌ر و ئاوی که‌وسه‌رتان بۆ به‌جێبهێڵن و ڕزگاریان بێت له‌ده‌ستان، ئێوه که ملکه‌چ و نۆکه‌رن له به‌رانبه‌ر ئه‌مریکا و داگیرکه‌راندا هێنده‌ی ئه‌وه‌ش دیکتاتۆرن له به‌رانبه‌ر خه‌ڵکی کوردستاندا، ئێوه به‌هیچ جۆرێک ئازادی سیاسی له مه‌ودای پیاهه‌ڵدانی خۆتاندا نه‌بێت ڕێگه‌ی پێناده‌ن، ئێوه به پاره‌ی دزراوی خه‌ڵک خۆی، که به بارمته گرتووتانه ده‌تانه‌وێت هه‌موو تاک و لایه‌نێکی ناو کۆمه‌ڵگا بکڕن، هه‌رچی به‌پاره بۆتان نه‌کڕدرا، هه‌رچی ئێوه‌ی به شایسته‌ی به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگا نه‌زانی، هه‌رچی له‌هه‌وڵی ڕزگارکردنی چاره‌نووسی کۆمه‌ڵگادا بێت له ده‌ستی ئێوه، هه‌رچی خه‌باتکاری ڕێگای ڕزگاری خه‌ڵکی کوردستان بێت بۆ ژیانێکی باشتر و خۆشگوزه‌ران و ئازاد، ده‌که‌وێته لیستی ڕه‌شی ئێوه‌وه و له به‌عسییه‌کان فاشیستترن به‌رانبه‌ریان.
سه‌رۆ قادر به‌ناوی خه‌ڵکه‌وه وه‌ک ویستی خه‌ڵکی کوردستان باسی دروستکردنی په‌یکه‌ری بوش ده‌کا، نا کاکه گیان، ئه‌وه داخوازی خه‌ڵکی کوردستان نییه، ئێوه بۆتان نییه پێشنیارێکی ئاوا ئابڕوبه‌رانه و کۆنه‌په‌رستانه به‌ناوی خه‌ڵکی کوردستانه‌وه به‌یان بکه‌ن، ئێوه که‌ی گوێتان له خه‌ڵکی کوردستان گرتووه، چی داخوازییه‌کی خه‌ڵکی کوردستانتان جێبه‌جێکردووه تا ئێستا به‌ناوی خه‌ڵکه‌وه پێشنیاری پووچی ئاوا بکه‌ن. زێڕینترین هه‌ل هاته‌پێشه‌وه تا خه‌ڵکی کوردستان ئیراده‌ی خۆی بێنێته مه‌یدان، ئێوه بوونه به‌ربه‌ستی سه‌ره‌کی به‌رده‌م ئه‌و ئیراده‌یه، 98%ی خه‌ڵکی کوردستان وتیان به‌ڵێ بۆ ڕیفراندۆم و جیابوونه‌وه‌ی کوردستان، ئێوه وتتان نا و بوونه پاڵه‌وانی پارێزه‌ری یه‌کپارچه‌یی خاکی عێراق و بوونه هاوپه‌یمانی ڕه‌جعیترین و فاشیستترین تاقم و گروپی ناو عێراق.
له ڕاستیدا ئه‌م قسه‌یه‌ی سه‌رۆ قادر وڕێنه نییه، به‌ڵکو قسه‌ی که‌سێکه که به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنی حیزبێکه که ده‌یان بلیۆن دۆلاری داهاتی خه‌ڵکی کوردستانیان هه‌ڵلوشیوه، بۆ دروستکردنی په‌یکه‌رێک که هه‌رچه‌نده گه‌وره بێت و هه‌رچه‌ندی تێبچێت موشکیله‌ی مادییان نییه، وه به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی که ناسیۆنالیزمی کورد و حیزبه‌که‌ی مه‌سعود بارزانی مێژوویان پڕه له‌وه‌ی که قوربانی و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاو و دۆڕاوی کێشمه‌کێش و ڕێکه‌وتنه ناوخۆیی و ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییه‌کان بوونه و هه‌مووکات له‌دوای ڕووداوه‌کانه‌وه بوون و هه‌رگیز ده‌رسیان له شکست و دۆڕانه‌کانی خۆیان وه‌رنه‌گرتووه، بۆیه ئێستاش لێیان ده‌وه‌شێته‌وه و چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یان لێده‌کرێت که کاری ناعاقڵانه‌ی له‌م جۆره بکه‌ن و په‌یکه‌ر بۆ (بوش)ی دۆڕاو و فاشیست و جه‌لاد و تیرۆریست دروست بکه‌ن.
29/1/2009
|