٣\٨\٢٠١٧ سەروەخۆیی؛ رزگارکردنی نیشتمانە نەک دابینکردنی یەکسانیی!
دارا خونچە
لەسەر موسلمانان پێویستە لە سەرەتای نووسینی هەر بابەتەک بنووسن (وە ناوی خودای بەخشندە و میهرەبان!'' تا بیسەلمێنن خودا لە هەر تشتەک گرنگترە و ئەوان تەنێ سەر وە خودان و بێ خودایەکەیان هیچ تشتەک ناکەن!!! ئێستا لە کوردستان بارودۆخەکە وە جۆرەک شێوایە کە وە هەمان شێوە لەسەر کەسانی بێلایەن پێویستە - ئەگەر بوێرن - لە سەرەتای نووسینی هەر بابەتەک بنووسن (بڕووخێ بارزانی، حیزبەکانی دیکەش هەموویان گەندەڵکار و مافیان!) تا بیسەلمێنن سەر وە پارتی و هیچ حیزبەک نین و بێلایەنن! هەرچەندە ئەمن هیچ گومانەکم لە بێلایەنیی خۆم نییە و نەک هەر لایەنگریی لە هیچ حیزبەک ناکەم بەڵکە لە بنچینەدا دژی هەموو حیزب و حیزبایەتییەکم، لێ لەبەرئەوەی ئەمنیش نووسەرەکم و زۆربەی نووسەرەکان سەر وە حیزب و لایەنەکانن ئەگەر سەر بەوانیش نەبن ئەوە هەر یەکەو وە جۆرەک لە جۆرەکان لە رووداوە سیاسییە گرنگەکان لایەنگریی لە لایەنەک دەکا.. پێویستە ئەمنیش لە سەرەتای هەر بابەتەکم بنووسم (بڕووخێ بارزانی، حیزبەکانی دیکەش هەموویان گەندەڵکار و مافیان!) تا ئەگەر پارتی یان هەر حیزبەکی دیکە لە ژێر گوشاری میللەت یان لە پێناو پیلانە سیاسەتبازەکانی خۆیان را و تێڕوانینەکی منیان دووبارە کردەوە را و تێڕوانینەکەم هەر وە ئی خۆم بمینێتەوە و کەسانەکی نەزان و ساویلکە نەتوانن هەر لەو گۆڕەی گومانی لایەنگریی هیچ حیزب و لایەنەکم لێبکەن.. ئیدی لێرەوە لە سەرەتای بابەتەکەم دەنووسم:
بڕووخێ بارزانی، حیزبەکانی دیکەش هەموویان گەندەڵکار و مافیان!
دوور لە رامانی هیشکی بیردۆزییانەی
ئایدیۆلۆژیی، دوور لە بەرژەوەندیی تەسکی حیزب و حیزبایەتی و لایەنگریی
حیزبیی، دوور لە تێڕوانینی خێڵەکیی و بنەماڵەیی و ناوچەگەریی و
شارچێتیی، دوور لە تێڕوانیی دژە نەتەوەیی و نیشتیمانیی
دینییانە، دوور لە بەرژەوەندیی خۆپەرستانەی
تاکگەریی، دوور لە جوایەزیی خستنە نێوان ئازادییەکان و
خۆشگوزەرانییەکان، دوور لە توندڕەویی ساویلکەییانەی چەپگەریی، دوور لە
بەرژەوەندیی خۆفرۆشانەی رۆشنبیران، دوور لە واقیعبینیی سەرشۆڕ و
ملکەچانە... دەتوانین بێژین:
جا لە پێناو ئەوەی چیدی هێز و وزە و توانایەکانی گەل لە چاوەڕوانیی حیزبەکان وە ناوی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیی و چاککردنی باری ژیان و گوزەرانی خەڵک وەفیڕۆ نەدرێ پێویستە پێش هەموو تشتەک لەوە تێبگەین کە ئەگەر پێشتر لە ژێر هەژموونی هزر و سیاسەتی چەپگەریی کەونەپەرستترین حیزب خۆی وە خزمەتکاری میللەت دەخستەڕوو و بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە لە پێناو چارەسەرکردنی کێشە چینایەتییەکانی چین و توێژە هەژار و کرێکارییەکان دروستبووە! ئیدی لەمێژە ئەوە وەسەرچووە و پێویستە ئەو تەمە بڕەوێندرێتەوە و حیزبگەلی لە بابەتی (پارتی و یەکێتیی و گۆڕان) و هەموو حیزب و حیزباتییەک وەک خۆیان ببینین و دڵنیا بین لەوەی کە فڕیان وەسەر گەل و چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتیی و چینایەتییەکان و ئازادییەکانی تاک و کۆمەڵەوە نییە. واتە وەدەستهینانی خۆشگوزەرانیی و زۆرترین ماف و ئازادییەکان بەوە دەکرێ کە ئەوانەی خۆشگوزەرانییان نییە و ماف و ئازادییەکانیان داگیرکرایە رابپەڕن نەک چاوەڕوانی ئەوانە بین کە خاوەن حیزبن و لەوپەڕی خۆشگوزەرانیی دەژین و وەک ئەوەی دەیخوازن لە زۆربەی ماف و ئازادییەکانیان بەهرەمەندن.
٢\٨\٢٠١٧
- لەندەن
|