مەژییم رما و
ئەو پەیڤانەی لێ داوەرین:
باران؛ شەڕ نییە دژ وە شەڕ
باران؛ رک و پنتە
ئاڵوودەکان دەشواتەوە
باران؛ سەمای تەڕیێتی و
ئاونگی ئەڤینە..
ئەو کیژەی وا
لە
نێو ''بازنەی گوڕە ئاوران''
لە ژێر هەژموونی مەستبوونی
لێوەکانی و
خرۆشانی مەمکەکانی
مەزندەی بارانبارین ناکا و
پێشبینیی ''شەڕی نێوان
نێرەوزان'' و
''جەنگی جیهانی سێیەم'' ناکا؛
هەر وە ئاوازی سەمفۆنیای
ئاوربازیی و
بەزموڕەزمی نەرمونیانیی و
جەستەبازیی
سەما دەکا..
هێشتا نا..
-
چاوی ''باو''ی داڕژابوو!
-
هێشتا ئەو هەر خونچەیەکی
ساوا بوو
هێشتا تەڕیێتیی ئاوی
نەدەناسی..
چ بزانی..
چێژی ژوان لەو دەڤەرە سۆزکوژەدا
چەند حەسرەت و کولوکۆڤانی
پێوەیە؟!
چ بزانی..
تا چەند باران
فریادڕەسی ڤین و ڤیانە؟!
لە کەناری هەر کانییەک رادەکشێم؛
خەون بە بارانەوە دەبینم
لە هەر خەونەک باران ئاوەڕووتم دەکا؛
گڕکانەک
لە بن پێی ''سەروین''ەک
دەتەقی و
کانییەک لە بن پێم دەردەبی..
هێشتا نا..
هێشتا ئەو هەر
بوخچەیەکی نەکراوە بوو
نەیدەزانی وە تۆمەتی ژوانی باران
دەگەڵ
پێلا و
شاهینداڵ و دوعا و بەناز...
دەگەڵ سەدان
شالووری دی
باڵمان لە
بنڕا قوت دەکەن
حەزەکانمان تەپەسەر و سوڕگوم دەکەن..
لە دوا جاریش
لە شێتیێتی و بێ ئابڕوویی و ناجۆرییمان وەردەپێچن و
وە یەکجاریی
لە
باران و هەرچی ئاو و تەڕیێتییە داماندەبڕن!
ببوورە گیان -
سەروینەکەم -
ئەز پاکانە لە ''پیاوبوون''ی خۆمدا دەکەم
لێم وەربگرە.. تکا دەکەم.. لێم وەربگرە!
______________________________
*
ئەمن هەرگیز
دەنگم بەو دەسەڵاتە نەدایە کە لە ساڵی (١٩٩٢)ەوە
تا ئێستا لە کوردستان دەسەڵاتدارە، هەر لەو کاتەشەوە کە دەسەڵاتیان
گرتەدەست ئیدی لە لایەن نەوشێروان و بەرپرسانی دیکە لە سلێمانی و
بادینان و ناوچەکانی دیکەی کوردستان وە ناوی پاکتاوکردنی (سۆزانیی
و بەعسییەکان) دەستیان وە کوشتنی ژنان کرد؛ ئەمن گۆتم: ''ژێراوژۆر
بی ئەو دەسەڵاتەی ناتوانی ئەڤین بپارێزی یان راستتر بێژم هەر خودی
دەسەڵات خۆی گۆشاوگۆش ئەڤین سەردەبڕی''، ئیدی ژنکوژیی و
توندوتیژییەکانی دیکەی دژ وە ژنان هۆیەک بوو لە کاریگەرترین ئەو
هۆیانەی کە ئەمن پاش سەرکەوتنی راپەڕین
حیزبایەتییم وەک ڤایرۆسی نەخۆشییەکانی نێو میللەتەکەمان پێناسەکرد
و ئەو دەسەڵاتەم لە بنەوەڕا رەتکردەوە کە تا ئێستاش وە بیانووی
جۆراوجۆر هەر خەریکی ژنکوژییە. ئێستاش
کە لەو رۆژانە دەنگی
قرچەچی سوتانی گیانی ''سەروین''م ژنەوت؛
ئیدی چیدی بەرگەم نەگرت
و نەک هەر وە هەزاران جار دووپات و چەندپاتی دەکەمەوە کە ئەو
دەسەڵاتە بەرپرسی سەرەکییە لە کوشتنی ژنان و بەربەستی سەرسەختی ماف
و ئازادییەکانی تێکڕای ژنانە و پێویستە هەرچی زووە کۆتایی پێبێ..
بەڵکە خۆشم ''وەک پیاوبوون''م وە تاوانبار دەزانم بەرانبەر ژنان..
لەبەرئەوە هەنووکە کە لە تەندروستییەکی چاک و لە وەئاگایی و
هۆشمەندییەکی ئاسایی دام؛
پاکانە
لە ''پیاوبوون''ی خۆم دەکەم
و داوای بووردنیش لە گیانی پەپوولەئاسای هەموو ''سەروین''ەکان و
سەرجەم ژنانی کوردستان دەکەم.