په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\١٠\٢٠١٢

سێشەمە سەفەرێک...

خوناو سمایل      

تاریک وڕوونێکی هەوراوی و بایەکی سارد...
تۆهیچ شتێکی تایبەتت نەبووە لە سێشەموان یادی بکەیەوە! لە وە دەچێ ئەو سێشەمەی ئەمرۆ، کە وا سەفەرەکەی تێدا دەکەی، یادەوەریێکی جیاوز، خۆش یان ناخۆشی بە نێوچەوانیەوە بێ.

کە سواری پاسە دوقاتیەکە بووی و بەڕێ کەوتی، دەبوایە بەر لە گەیشتنی فرۆکەخانەکە سێ کاتژمێری رەبەق چاوان بەو تەنکەبەفرە ببەخشی کە جێماوی زستانێکی دوورو دریژبوو.
"قەت لەو باوەرەدا نەبووی بڕیاری سەفەرەکەت بخەیتە ئەو رۆژە نزیکانەی ئێستا. هەر بیرۆکەی سەفەرکردنیشت لە لا ببوە گاشەیەکی قورس و لە تریقەی پشتت بارکرابوو. نە دەکرا دایگری... نەدەشکرا بە ئاسانی لە ژێریەوە دەرچی .

بە شەکرەوشەکانی دکتۆر سووربوونێک دایگرتی و گوتت "سەفەرەکە دەکەم"
دەنا بەوهەموو ناتەباو نا تفاقیە دەروونیەی گیرۆدەی ناخت ببوو... قەت بەو ئاسانیە نەدەچویە بن باری سەفەر!
زستانی داهاتوش تێدەپەڕی و ئی تریشی بەدوادا دەهات ئەتۆهێشتا هەرهەموو کات و خۆشیێکی خۆتت بەو دوو منداڵەی وا تەواوێک فەراقە بوونە دەبەخشی ودڵی خۆتت بە هەبوونیان لە ژیانت دەدایەوە.

کە لای دکتۆرەکە گەڕایەوە، تینێکی تر دایگرتبووی. بێ یەک ودوو یەکسەر بۆ یەکەم جار دوای چوار ساڵ وێنەو یادگاری باوکیانت گلی نێو کارتۆنێک دایەوەو هەڵیانت گرت. لە ئەدگارە زەق وڕەپ ڕاوەستاوەکانتەوە دیار بوو کە چیتر رێگا بە تەمەن نادەی پێت تێپەرێ... باوەڕت هاتبوو کە "بەڵێ... تێفی گەنجی تێفێکی کورتە، وەک خێرایی شەوقی برووسک، لە پڕێک ئاسمانی تەمەن دەدرەوشێنێتەوەو زووش ون دەبێ و دەکوژێتەوە"

کاتی خۆتێکنانەکەت قەیاسە سۆزێک دایگرتبووی. داڵغەت خستبوە سەر ئەو رۆژەی کە هەموو چاوەکان پەلە پەلی جووڵەی لێوە سستەکانت بوون کە بە "ئا" بە نوتق بێن و دوا بریاری هاوسەرگیریەکەت لێ وەرگیرێ.
ئێستاش یادکردنەوەی ئەو ساتە وەک تارایەکی خۆڵەمێشی ماتیێک دەخاتە سەر سیمات. نەتدەزانی "ئا" یان "نا" وەڵامە دروستەکەیە تا هەڵیبژێری!...
نەتدەزانی دەبوایە "خۆت" یان "ئەوان" رازی بکەی!
ئەوسا تۆ تازە خونچەیێکی نەکراوە بووی. خەواڵوو وەک گولە نازناز، هێشتا جورئەتی تەماشاکردنی خۆرهەتاو دای نەگرتبووی. شەرمی پشکوتنت لێ نەڕەویبۆوە!
نە هێشتیان هەتاو پەڕی روومەتەکانت ببینی و نە تیشکیش لە بریسکەی خۆیت وەردا...
زووە ئێوارەی هەینیێک بوخچەی خەونەکانت پێچرایەوەو بارگەت بردراو گوازرایەوە...

بۆماوەی بێدەنگی وشەرمی ئەو نە پشکوتنەشە وا ئەو رێگایە دوورەی ئەو سەفەرەی خستیتیە بەر.

لە گەڵ یەک دوو بنەماڵە لە چرکە دوایینیەکانی کاتژمێر ١٢ی شەو لە شەوی سەرە ساڵێکی تازە، کە دەمی ڕاکیتەکان ئاسمانیان کردبوە نیشانە و گۆڕەپانەکە یەک پارچە دەدرەوشایەوە، ڕاکێتێک بە لاری دەرچووو لەژێر پێی "تۆ" قانە ئاگرێک کەتە فیشە فیش.
بە قیژەو فیزاح وغارە غار کەوتیە ئامێزێک. بێ تەماشاکردن ودیقەتدان بە دەست و بردیەک لەپی دوو دەستی پیاوانە سەری گرتی وهاوارێکی کردیێ و مێشکتی هێنایەوە بەر خۆ "تەواو، تەواو... کوژاوە!"

دوای هەفتەیەک، تووتەی تەلەفۆنەکە هات وهەڵتگرت. هەمان دەنگ... "ویستم ئەحواڵت بپرسم!" دەنگێک پڕلە سۆزی لێپرسینەوە... پڕ وشەی دڵنیایی ودەنگی دەستپێشخەریێکی زۆر هاوڕێیانە...

ئەو دەنگە و خاوەنەکەی بوون بە سێبووریێکی بێ هاوتای رۆژ و شەوت.

هەر بە "هاوڕێ" ناوی دەنای. ئەو هاوڕێتیە هەستی هیوایەکی نوێی لە ناخ دەڕواندی، بوو بەئومێدێک وەک ئەستێرەێکی گەش چاوانتی درەوشاندەوە.
سات لە دوای سات، خاکی بەدەنتی دەگرت وڕەگی لەناو مشتی دڵت قایم دەبوو.
رۆژانە خەون و خەیالانێکی زۆر دەتیهۆنیەوە و بە رەنگی گەش داهاتووی دەنەخشاندی.

بەڵام داخ... بێ جورئەتی و لەڕوونەهاتن، وەک بەستەڵەکی زەریا، تۆی بەستبوو... هەموو ئەو هەستە گەرمانەی کە خەریک بوون بتتوێنەوە، نەیانتوانی بۆجارێکیش ببنە وشەو بەگوێچکانی دا بچرپێنی "خۆشم دەوێی"

ئەویش خۆت ئاسا لە پیشاندانی رێز بەولاوە، جارجارەش تیرو توانجێک لە هەوری دوو چاوە پایزیەکەی زیاتر، هیچی تری لێ نەدەباری.

دوای جیا بوونەوەی ماڵ و منداڵ لێی، رۆژو شەوی ئەویش لەو دوورەوڵاتیە وەک گڵۆڵەی بەردەستی پشیلە بێ نەخشەو پلان پەرتەوازە دەبوو.
لە قسەکانی دەردەکەوت کە ترسی دووبارە دەستپێکرنەوە وەک هەڵۆی نیشتووی سەر هێلکە لە هەناو نیشتووەو جورئەت نایگرێ نەخشەی دووبارە دەست پێکردنەوە داڕێژێ. بۆیە گەڕانەوە بەرەو وڵات بەباشتر دەزانێ و لە تاوتووێ کردنیتی.

رۆژی گەڕانەوەی ئەو" پیاوە" وەک گەردەلوول سەراو بن سوڕاندتی! هەتا ئێستاش ئەو هەناوەت داناسەکنێ... رقێکی زۆرت لەو بێ جورئەتیەی خۆتە و گەڕانەوەی "ویش" هەر بە سووچی خۆت دەزانی.

لە فرۆکەخانەکە تا شارە سنوریەکەی، کە کابرا دوای گەڕانەوەی لێی نیشتەجێ ببوو، ١٢ کاتژمێری برد.
دڵێکت خۆش بوو دڵیکشت سوار.. هەناو وەک هەمبانە پڕ لە قسە و هەست... ئەوەی خۆش بوو بۆت ئەوە بوو کە دەیزانی نیوەڕۆکە دەگەی و چاوەڕوانت بوو...
لە ئاوێنەی ئۆتۆمبیلەکە هەستت بە روونتربوونەوەی روخساری خۆت دەکرد ودەمێکیش بوو چاوانی خۆتت وا نازاوی نەهاتبوە بەر دیدە! جلە تەنک و ناسکەکەی بەریشت باڵا وردەکەتی رێکتر نیشان دەدا.
کە گەیشتی، زۆر بە گەرمی ئامێزی یەکتریتان گوشی، سۆزی رۆژانی پێشترت لە ڕوخساردا خوێندەوە. بزەێێکی تەنک چاوە نەرمەکانی گرتبوون و بەری نەدەدا.
بە هەردوو نێولەپە گەرمەکانی رومەتەکانتی وێک هێنایەوەو بەرەو رووی خۆی بردتی ونێوچەوانتی ماچ کرد! موچڕکێک بە هەناوتدا هات و خیزەیێک لە قورگتەوە ئاودیو بوو.
گوتی" ئەی هاورێ چەند دڵخۆشم"!!
ئامێزێکی لێ وەرهێنای و ئامێزیت توندتر گوشیەوە و گەرمتر باوەشت پێیدا کرد... دایپچڕاندی و بە هەڵپەیەکی گەنجانە گوتی " دەزانی چی؟ بەرگەی بێ دەنگیم نەماو..دەبی بیڵێم.
بە دەنگێکی لەرزۆک گوتت "منیش هەروا، بەرگەم نەماوە"
بە فرمێسکەوە خۆتت لە باوەشی کوتییەوەو گوتت " بیڵێ"
گوتی : "هاوڕێ پیرۆزباییم لێ بکە، ژنم خواستووەو تا لێرەی شەکراوەکەشی دەخۆینەوە."

فرمێسک چاوانی تۆیان گرت و بەریان نەدا. فرمێسکەکان زیاترو زێدەتر دەڕژان... توندتر خۆتت بە ئامێزیەوە دەنوساند... دەنگی گریانت هەموو دەنگێکی تری بڕی و... جەستەت گەرم داگەڕا... دەتگوت " نا" " نا"
چاوە نەرمەکانی، کە ئەو دەمە زیاتر لە دوو کەلای زەردی ئاوی دەچوون، سڕ تێت ڕامابوون.
جانتاکانی لای دەرگاکەت بە ڕکێک کۆکردنەوە.
کەمێک ڕاماو هات ولە ئامێزی خۆی کوتیەوە.
خۆتت لێی پچڕیەوە.
بە زەحمەت پێلاوەکانت دۆزینەوە و جانتاکانت هەڵگرتن..
لەبەر دەرگای حەوشەکە تاوێکی دایێ.
بەو میهرەبانیەی سەر روخساری پرسی"چی بووە هاورێ؟"
لەبەر تینی هنسکە هنسک فرمێسکەکانت جارێک زۆرو جارێک کەمتر دەڕژان.
یەک بە ئامێز گوشیتیەوە و تێت گەیشت.
گوتی"بمبورە ئازیز.. ببورە هاوڕێ"
سەری بۆ ئاسمان بەرز کردەوە.".ئەی ئاسمان"
ئەی بۆ قەت نەتدرکاند هاوڕێ!؟

کە گەرماکە بەتەواوی ماسولکەکانتی خاو کردەوە، راست بویەوەو بە دەنگێکی گڕ گوتت " نا هاوڕێ... نە خەتای تۆیەو نە خەتای ئاسمان... منم دەنگی بڕیارەکانم خەفەیەو لە گوێچکەی خۆم ڕەتتر نادەن".
بارو بارخانەی سەفەرت دووبارە تێک نانەوەو هەڵیانت گرتو بەرەو هەمان ڕێگاو هەر لە هەمان سێشەممە بڕیاری گەڕانەوەت دا....

 

١٣\٩\٢٠١٢ - نەرویج / دارمێن
ماڵپه‌ڕی خوناو سمایل مامه‌

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک