٢٨\١٢\٢٠١٠
سێوى مەعریفە،
بازنە (داخراو/کراوە)کانى جەستە.
''جەستە، تیشکۆى
مەعریفە و کانى ژیانە''

عەبدولموتەلیب عەبدوڵا
جەستە لە فیکرى هاوچەرخدا بە یەکێک لە وەسیلە بنەڕەتییەکانى
تەعبیرکردنى خود دادەنرێت. بەو مانایەش مرۆڤ لە رێگەى جەستەوە لە
ئەویدیکە دەگات، وەک چۆن هەر لە رێگەى جەستەوە دەرک بە شتەکان دەکات.
جەستە هەر تەنها قالب، یان تەن نییە، بەڵکو لە هەمان کاتدا خودە و
ئامرازى (من)ە بۆ چەسپاندنى خودى خۆى و وێناکردنەکانى خۆى لە دەرەوە،
وەک چۆن بۆ ئەوەى بتوانێ رووبەڕووى شێوە جیاوازەکان بێتەوە، بە گۆڕینى
مەرجەکانى واقیع و ناوکۆییەکانى خۆى هەڵدەسێت. لێرەوەیە دەربڕینى
جەستەى مرۆ بە رەفتارى خودى ئەو جەستە و وەزیفەکانى و جولەکانییەوە
پەیوەست دەبێت! بەو مانایەش جەستە لەنێوان خۆى و رەگەز و زمان
پەیوەستبوونێک بەخۆى دادەمەزرێنێ. کەواتە جەستە نیشتمان و شوێنى
لەدایکبوونى خۆیەتى، وەک چۆن ئامرازى ئەو دەلالەتانەیە کە خود لە
رێگەیەوە لە خودى خۆى دەردەچێت و دەکەوێتە نێو دنیایەک لە خۆى و بۆ
بوونى تایبەتى خۆى دەبێتە کۆمەڵێک پەیوەندى و رەمز، هەر لەوێشەوە
دەبێتە رەگەزێکى سەرەکى پێکهێنانى فەلسەفەى فینۆمینۆلۆژیا.
(مۆریس میرلۆپۆنتى 1908-1961) پێیوایە مرۆڤ لەڕێگەى جەستەوە بوونى خۆى
لە جیهان رادەگەیەنێت. جەستە ئامرازێکە بۆ ئامادەگى لە جیهان و بوون بە
بەشێک لە واقیع. هەروەها دەڵێ جەستەى من لە بەرانبەرم نییە، رووبەڕووى
منە، واتە بابەتێکى وەستاو بەخۆى نییە، یان شتێک نییە لەدەرەوەى من بێت
و بێ من سەربەخۆ بێت، بەڵکو من جەستەى منە. لێرەدا دەرککردن ئەوە نییە
کە کلاسیکیەکان و قوتابخانەى دەروونى تەقلیدى بە چالاکى فیکرى و
دەروونى دایدەنێن، بەڵکو دەرککردن ئەو پەیوەندییە پتەوەیە کە دەکەوێتە
نێوان جەستەو ئامادەگى جەستە لە جیهاندا، نەک هەر هێندە بەڵکو جەستە
لاى میرلۆپۆنتى بنەڕەتى هەموو دەرککردنێکە. جەستە دەریچەیەکە شتەکانى
لێوە دەبینین. ئەو پێیوایە ئەگەر قسەکردن تەعبیر لە فیکر بکات، ئەوە
جەستە تەعبیر لە جیهان دەکات. دنیا و جەستە لەنێو بینراودان، کەواتە
دەبێ واز لەو حوکمانە بهێنین کە جەستە دەخەنە نێو جیهان و بینین دەخەنە
نێو جەستەوە، یان بە پێچەوانەوە. چونکە هەر یەک لە جیهان و جەستە
بەنیویەکداچوونە، یەک لەنێو ئەویدیکەدا دەبینرێت.
بەڵام وەک دەزانین هەر لە سێوەکەى ئادەمەوە، جەستە دەکەوێتە بەر ئازار
و سزا و چەوسانەوە، لەبەر ئەوەى بە سەرچاوەى گوناح سەیر دەگرێت؟! ئەوەى
ئەو گوناحەى جەستەش پاک دەکاتەوە جگە لە سزادان، دەستبەسەراگراتن و
داخرانى جەستەیە. یەکەمیان ریسوابوونى جەستە نیشان دەدات و دووەم
قەدەغەکردن. ئەگەر ریسوابوونى جەستە وێرانکردنى جەستە بنوێنێ، ئەوە
قەدەغەکردن بێ بەهایى جەستە وێنا دەکات. ریسواکردن و قەدەغەکردنى جەستە
تەعبیر لە دیدێک دەکات، کە پێیوایە بەختیارى بە بەندکردن و داخستنى
جەستەوە بەندە؟! ئەو دیدە پێیوایە بۆ ئەوەى مرۆڤ خزمەت بە مرۆڤایەتى
بگەیەنێت، پێویستە جەستە لەرێگەى ریسواکردن و قەدەغەکردنەوە لە
خراپەکان پاک بکاتەوە؟! بەڵام لە بەرانبەر ئەو دیدە دیدێکى دیکە
رەوایەتى بەخۆى دەدات و پێیوایە هەڵەى یەکەم جگە لە بانگەشەکردن بۆ
ئازادى شتێکى دیکە نییە، پاکبوونەوەش لە گوناح جگە لە بێ بەهاکردنى
جەستە، ریسواکردن و بەزینى جەستەش دەگەیەنێت؟! ئەو دیدە، پاکبوونەوەى
جەستە لە ئازادى جەستەدا دەبینێتەوە، نەک لە قەدەغەکردن.
دیدى یەکەم بەهاى مرۆڤ لە ریسوابوونى جەستەدا هەڵدەگرێتەوە، بەڵام دیدى
دووەم هەموو بەهاکان هەڵدەوەشێنێتەوە تەنها ئەوە نەبێ کە بە جەستەوە
بەندە، هەر لە پەرستنى جەستەوەش سرووتێک دەسازێنێ. دیدى یەکەم پێیوایە
لەبەر ئەوەى جەستە بۆگەن دەبێ، بۆیە هەموو شتێ بێ بایەخ و بۆشە، بەڵام
دیدى دووەم دەیەوێ پارێزگارى لە جەستە بکات و پێیوایە هەموو تەگەرە
درووستکردنێک بۆ جەستە، تەگەرە درووستکردنە بۆ خودى ئازادى! بەو
مانایەش جەستە بە پێش جەستەو پاش جەستەوە نابەستێتەوە، بەڵکو خودى
جەستە بە بنەماى بەختەوەرى دادەنێت. هەر لەسەر ئەو بنەمایەش دەڵێت:
جەستەیەکى ئازادم بدەرێ، دەروونێکى میهرەبان وەرگرەوە، بەڵام جەستەى
ریسوا و بەزیوو نە میهرى تێدایە و نە ئازادى.
کەواتە سێوەکەى ئادەم لەدارى مەعریفەوە چنراوە، خواردنى سێو، جگە لە
مەعریفە و ژیان شتێکى دیکە نییە، ئەگەر مەعریفە هۆیەک بێ بۆ
بەردەوامییەتى مرۆڤایەتى، ئەوە ژیان پانتاییەکە بۆ لەخۆگرتنى هەموو
جولە و ریتمە جیاواز و گونجاوەکانى مرۆڤایەتى. بەو مانایە جەستە، ژیان
و مەعریفەى لێدەکەوێـتەوە؟! بۆیە پێویستە رێزگرتن و بە پیرۆزگرتنى وەک
ئەرکێکى مرۆڤانە سەیر دەکرێت.
ئەو بەهەشتەى کە ئادەم بەر لە تامکردنى مەعریفەى جەستە تێیدا دەژیا،
رەمزى هاوسەنگى بوو. بۆیە کاتێک مرۆڤ لە بەهەشت دەرکرا بەدواى ئەو
هاوسەنگییەدا ویڵ بوو، بۆ ئەوەى ئەو هاوسەنگییە دووبارە وەدەست
بهێنێتەوە وێڵ بوو، بەدواى فیکرەى زۆر دوور کەوت، چونکە نەیدەزانى
رێگەى گەڕانەوە بۆ هاوسەنگى لە خودى جەستەوەدایە.. ئەوە خودى جەستەیە
هاوسەنگى دەسازێنێ! ئیتر لێرەوە دەبینین هاوگونجانى فیکر و جەستە
تەعبیر لە هاوسەنگى ژیان دەکات و بێ ئەو هاوسەنگییە ناتوانین بەرگەى
ژیان بگرین، بۆیە جەستە، بە تیشکۆى مەعریفە و کانى ژیان ناس دەکرێت.
ئەگەرچى بیروڕاى جیاواز لەبارەى داخران و پەردەپۆشکردنى ئەندامە
سێکسییەکانى جەستە لە ئارادا هەیە، بەڵام (فرۆید) داپۆشینى ئەندامە
سێکسییەکان بە پیرۆزییەوە دەلکێنێ، بەڵام دەشێ ئەو داپۆشینە بە
پیسییەوەش بەند بکەین. وەک چۆن دەشێ هەردوو هۆکار وەک هۆیەک بۆ داپۆشین
تەماشا بکەین.
لێرە لەنێوان پیسى و پاکژى، لە نێوان هەڵەى یەکەم و سزادان، لە نێوان
کۆت و بەند و ئازادى، سێوەکەى ئادەم لە کۆمەڵگە سەرەتاییەکانەوە بۆ
ئەفسانەو ئایین و تا دەگاتە تراژیاکانى گریک درێژبۆتەوە و گەمەى جۆراو
جۆرى لە بەرانبەردا دەکرێت. چەمکى سێوەکەى ئادەم بە دیدێکى
میتافیزیکییەوە بەندە، هەر لەو دیدەشەوە سێوەکەى ئادەم بە رەمزى کەوتن
وەسف دەکەن؟! سێوى ئادەم هۆى دەرکردنى ئادەم و حەوا. لە سێوى ئادەمەوە،
ئادەم و حەوا ژیانى هەتا هەتایى بەهەشتیان دۆڕاند، سێوى ئادەم لە
بەرانبەر رۆح دەبێتە ئەهریمەنى فاوست و مەعریفە پێشکەش دەکات! ئەوەى کە
دەگوترێ ئادەم بەختەوەرى نەمرى دۆڕاند، دەشێ لەوێوە کورتى بێنێ کە
بنبەستبوونى نەزانیشى دەدۆڕێنێ!! لێرەوە فیکرەى دووەم ئازادى بەرز
دەکاتەوە و مەعریفە وەک بنەماى پێشکەوتن تەماشا دەکات.
لەنێوان سێو و کەوتن، لەنێوان کەوتن و نەفرەت، نەفەرەتى هەتا هەتایە،
مرۆڤ هەموو رۆژێ سێو دەکرمێنێ! سوپاسگوزارى و پیاهەڵدان.. پاکبوونەوە
دابین ناکات. کورسى دانپیانان، ئەو تاوانە ناسڕێتەوە! بۆیە مرۆڤ
دووچارى نائومێدى دەبێت. هەڵەى یەکەم ئەوەى مرۆڤ دەبێ باجەکەى بدات،
هەڵەى جەستەیە نەک هیچ هەڵەیەکى دیکە. بۆیە کۆمەڵگە سەرەتاییەکان،
ئایینەکان، نۆرم و ترادیسیۆنەکان، پاکبوونەوە بەسەر جەستەدا فەرز دەکەن،
تا مرۆڤ نوێ بێتەوە؟! بەڵام جەستە لەناو دەچێت، بێگومان نیگەرانى مردن
وەک مەسەلەیەکى فەردى سەیر دەکرێت، هەر دەبێ لەگەڵى بسازێ و بەدواى
چارەى گونجاودا بگرێت؟!
ئۆدیب پاشا چاوى خۆى بەهۆى سێوەکەى ئادەمەوە لە دەستدا، ئەو کەشیشەى کە
لە تاقیکردنەوەیەکى خەونئامێزدا بیر لە سێوەکەى ئادەم دەکاتەوە، چۆن
ئیمان لە دەستدەدا... لێرەوە لە هەموو ئەو نموونانە بۆمان دەردەکەوێ
چۆن هەڵەو گوناح دواى سوپاسگوزارى بەرەو پیرۆزى دەچێ و چۆن پیرۆزییەکان
بە تەنها بیرکردنەوە لە سێوى ئادەم وێران دەبن.
کەواتە کۆى ئەو کارەسات و تراژیدیایانەى بەسەر مرۆڤایەتیدا هاتووە، کۆى
هەڵەو پاکبوونەوەکان... هەموو رزگاربوونێک لە سێوەکەى ئادەم، پێویستى
بە ئازار و سزا و مەرگەوە هەیە، یان دانیانان و تۆبە و پەشیمانبوونەوە...
بەو مانایانەش هەموو ئەفسانەکان و ئایینەکان و ترادیسیۆنە سەرەتاییەکان،
مرۆڤ وەک وامدارێک سەیر دەکەن، کە هەوڵدەدات بەڵگە بۆ تاوانەکانى خۆى
بهێنێتەوە. بەڵام لێرە چۆن دەشێ روویەکى دیکەى ئەو تێڕوانینانە وێنا
بکەین، چۆن دەشێ خوێندنەوەیەکى دیکەیان بۆ بەئەنجام بگەیەنین. لە کۆى
ئەو کارەسات و تراژیدیایە، چۆن کۆى ئەو بەتاوانبارکردن و ریسوایى و بێ
نرخکردنانە، کۆى گوناحەکان وەک بەخشندەیى و ناز و خۆشى و چاکەکردن
بخوێنینەوە!! چۆن لەگەڵ جەستە، لەگەڵ سێوەکەى ئادەم ئاشت ببینەوە؟!
لەبرى ئەوەى مرۆڤ بخەینە نێو ئازار و سزا و ژانوژوار... دەشێ دڵشاد و
بەختەوەرى بکەین.. دەشێ سێوەکەى ئادەم وەک چاکەکارى و بەخشندەیى و
رێگەیەک بۆ پاراستنى مرۆڤایەتى، وەک وەسیلەیەک بۆ گەیشتن بە مرۆڤى
حەقیقى سەیر بکەین؟! هەر لەوێشەوە دەشێ سێوەکەى ئادەم وەک سرووتێک بۆ
بە پیرۆزڕاگرتنى جەستە و رێزگرتنى جەستە تەماشا بکەین؟! واتە دەشێ کۆى
ئەو تەماشاکردنە سەرەتاییانەیە بە بەخشندەیى و ناز و خۆشى بگۆڕینەوە.
جەستە وەک ژیان ببینین و ژیانیش لە مەعریفە و رۆحدا درێژ بکەینەوە.
جەستە، بە کوێ دەگات؟ لەپاش فەلسەفەى جەستە چى وەستاوە؟ وەک دەزانین
هەرگیز کەسێتى مرۆڤ ئەو کەسێتییە هاوگونجاوە نییە، کە لەگەڵ خودى مرۆڤ
تەبا بێتەوە، بەڵکو کەسێتى مرۆڤ بارستاییەکە لەنێودژى و خاوەنەکەى
هەمیشە هەوڵى بەیەکگەیشتنى ئەو نێودژیانە دەدات. هەندێجار کەسێتى بەدژى
خۆى رادەبێتەوە و لاملى دەکات و سوورە لەسەر ناتەبایى، بەڵام مەرج نییە
ئەو نەگونجان و ناتەباییە لە نائاگاییەوە بێت، بەڵکو لە زۆربەى جاردا
بە ئاگاییەوە بە ئەنجامى دەگەیەنرێت. بۆ نموونە زۆرجار پەندیارێک،
بانگەشەى بۆشى جەستە دەکات.. کەچى لە ناخەوە بێ سنوور بایەخ بە جەستەى
خۆى دەدات! یان سەیر دەکەین یەکێک لە رووکاردا زۆر دڵخۆش خۆى دەنوێنى،
بەڵام کە دەچیتە ناخى دەبینى چەند غەمبارە... بە کورتى لە پشت ئەو
ناهاوسەنگییەى ناوەوەى جەستە مەرگ وەستاوە، وەک چۆن فەلسەفەى جەستە لە
مەرگدا خۆى دەدۆزێتەوە! ئەو هەموو بایەخدانە بە جەستە، ترسى مەرگى لە
پشتەوەیە. کەواتە بۆ ئەوەى بە فەلسەفەى جەستە بگەین، دەبێ فەلسەفەى
ئازادى جەستە رابەرایەتیمان بکات. بۆ ئەوەى بە ئازادى جەستە بگەین،
پێویستمان بە هاوسەنگى نێوان جەستەو ئاگایى هەیە. هەموو هاوسەنگییەکى
نێوان جەستە و ئاگایى، دەلالەتى ئارامى و دڵنیایى و هێمنى جەستە
دەنوێنێ. هەر لە رێگەى ئارامى و هێمنى و دڵنیایشەوە جەستە دەتوانێ
پێشبینى بکات. واتە لەرێگەى هەستى راستگۆیانەى جەستەوە فیکر دەتوانێ
ئاگایى بدۆزێتەوە، هەر بەو مانایەشەوە فیکر جەستەیى دەکەوێتەوە. کەواتە
فیکر بەبێ جەستە هەرگیز ناتوانێ بە ئەرکەکانى خۆى رابێتەوە. ئەگەر بێتو
جەستە فەرامۆش بکەین، ئەوە بێگومان عەقڵ و ئاگایشمان فەرامۆش کردووە.
دواجار هەر لە رێگەى جەستەوە، دەشێ دەست بۆ ئاڕاستەکانى بەختیارى درێژ
بکەین.
لە سەدەى رینیسانس و سەد ساڵى یەکەمیدا جەستەى رووت دەکەۆیتە نێو
هونەرەوە، ئەوەش بۆخۆى کرانەوەیەکى دیکە بوو، بۆ راڤەکردن و شیکردنەوەى
نۆرم و ترادیسیۆنە کۆنەکانى چاخى ناوەڕاست، چونکە ئەو کات قسەیەکى جیدى
لەسەر جەستە بوونى نەبوو. بەڵام دواتر لە رێگەى هونەرەوە، نەبینراو و
نادیارەکانى جەستەمان بۆ دەرکەوت، بۆ نموونە (تابلۆى لە خاچدانى مەسیح،
مایکل ئەنجیلۆ)... بەڵام جەستەى رووت هەر تەنها لە چوارچێوەى هونەردا
نەمایەوە، بەڵکو هەر لە رێگەى ئەو روتبوونەوەیە دەرکەوت، کە جەستەى
مرۆڤ زیاد لە پێویست شێوەیەکى جوان و تەواوى لەخۆ گرتووە، بەو مانایەش
جەستەى رووت مەزنترین نموونەى گۆڕینى مادەیە بۆ شێوە؟! کەواتە هەرگیز
ناشێ جارێکى دیکە نکۆڵى لە جەستە بکەین، وەک چۆن لە چاخى ناوەڕاست
ئایینگەراییانى مەسیحى نکۆڵیان لێدەکرد. بەمجۆرە وەک حەقیقەتێک کە بە
درێژایى ژیان خاوەندارێتیمان دەکات، لەگەڵ جەستە ئاشتبوونەوەمان
راگەیاند.
بێگومان مێژووى مرۆڤایەتى لە گەڕان بەدواى نادیار بەردەوامە، مێژووى
مرۆڤایەتى مێژووى گەڕانە بەدواى نەبینراو نادیار، مێژووى دۆزینەوە و
داهێنان و بەخشینى جۆراوجۆرە. مرۆڤایەتى هەر لەسەرەتاى بوونەوە هەتا
ئێستا بەردەوام هەوڵدەدا دەرگا لە نادیارەکان بکاتەوە، نادیارى سرووشت،
نادیارى کۆمەڵگە، نادیارى بوون و گەردوون... سەفەرى گلگامێش بەدواى
نهێنى ژیاندا.. گەڕانى زاناکان بەدواى مادەیەک کە شت بکاتە زێڕ.. یان
مادەیەک کە هەڵوەشانەوەى جەستە رابگرێ و مردن دوور بخاتەوە.. بەڵام
وێڕاى ئەو هەموو دۆزینەوە و داهێنانە جۆراوجۆرانە کەچى نادیارەکان
ئەوەندە زۆرن کە دیار لە چاو نادیار لە دورگەیەکى بچووک زێتر نییە. بۆ
نموونە چۆن نەهەنگى (عەنبەر) دوژمنەکەى دەناسێتەوە، کام ئەندامى جەستە
بەو کارە هەڵدەستێت؟ باڵندەکان چۆن دواى سەفەرگەلى دوورودرێژ، دواى
بڕینى ئەو هەموو چیا و دەریا و دار و دەشتە.. بە لانەکانى خۆیان شاد
دەبنەوە؟ گژو گیا چۆن هەست بە دوژمنەکەى دەکات و چۆن دژى دوژمنەکانیان
دەجەنگن و دوژمنەکەیان دەخەنە تۆڕەوە؟
هەمیشە مەعریفەى جەستە دەلالەتى دووبارە بوونى لەخۆدا هەڵگرتووە، بۆیە
پێویستە لەپاڵ ئەو هەموو نادیارانەوە مرۆڤ بەردەوام هەوڵى هاوگونجان
بدات، بەردەوام ئاگایى و جەستە بە ئەرکى سەرەکى خۆى بزانێ.. چونکە
جەستە بۆخۆى رێگەیەکە بۆ گەڕانەوە. بۆ نموونە ئەگەر سەیرى ئەفسانەى (ئەدۆنیس)
بکەین، دەبینین سرووشت تەنها بە مەرگى جەستەى ئەدۆنیس لەناو دەچێ و
پەژموردە دەبێت. لێرەدا ئەدۆنیس دەبێتە رۆحى سرووشت. واتە ژیانى جەستەى
ئەدۆنیس-لە کۆتاییدا- مەرگى رۆحى زیندووى سرووشت دەگەیەنێت. ئەدۆنیس لە
دواى کوشتنى دەبێتە (هادیس- واتە ماڵى مردووان) هەتا ئەدۆنیس لەو
ماڵەدا بمێنێتەوە، سرووشت بە مردووى دەمێنێتەوە، کاتێ جەستەش لەنێوان
مردووان هەڵدەسێتەوە، دووبارە ژیان لە سرووشتدا دەبوژێـتەوە. لە
دووتوێى ئەو ئەفسانەیە دەبینین رۆح لە دوا لێکدانەوە تەنها رەمزى
چالاکى جەستەیە. تا ماوەیەک رۆح جەستە بەجێدەهێڵێ و پاشان بۆى
دەگەڕێتەوە!
________________________________
سەرچاوە و پەراوێزەکان:
1-
بونتي,
موريس ميرلو , المرئي واللامرئي , ت. د.
سعاد محمد خضر, دار الشؤون الثقافية العامة , بغداد
, 1987 , ص126.
2-
حنا عبود، تفاحة ادم، دراسة في النظرية الفلسفية عند د.ه. لورانس،
دار المسيرة-بيروت، ط ص7، 16،37.
3-
فرۆید سیغموند
Freud Sigmund
(1856_1939)
پزیشکى
دەروونى نەمساوى، بە بەناوبانگترین زاناى دەروونى لە فیکرى نوێ دێتە
ژماردن. دامەزرێنەرى رێبازى دەروونشیکارییە
(Psychoanalysis).
4- حنا عبود، تفاحة ادم، دراسة في
النظرية الفلسفية عند د.ه. لورانس، دار المسيرة-بيروت، ط 1 1980، ص116.
تيَبينى:
دهشێ ئهو نووسینه لایهنى تیۆرى کتێبی
(حنا
عبود، تفاحة ادم، دراسة في النظرية الفلسفية عند د.ه. لورانس، دار
المسيرة-بيروت، ط1 1980
)
نيشان
بدات.
ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا
|