په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\١\٢٠١١

سێوى مەعریفە لە نێوان یەکسانى و جیاوازى.


عەبدولموتەڵیب عەبدوڵا

''لە دیدى من ئافرەت تێکەڵەیەکە لە شێوە و رەنگ'' (بیکاسۆ)


ئەگەر سێو رەمزى ژیان و مەعریفە بێ، لەوێوە دەلالەتەکانى ژیان لەخۆ بگرێ کە لەڕێگەى جەستەوە مەعریفە بەدەست دەهێنێ، ئەگەر سێو لە جەستە بکات، لەوێوە کە رەمزى خۆشەویستییە، ئەوە دەشێ بڵێین مرۆڤ لەڕێگەى جەستەوە بوونى خۆى لە جیهان رادەگەیەنێت، لە رێگەى جەستەوە بە مەعریفە دەگات، لە رێگەى جەستەوە پەیوەندى خۆى لەگەڵ ئەویدیکەى درووست دەکاتەوە... کەواتە جەستە هەر تەنها ئامرازێک نییە بۆ ناسین، بەڵکو ئامرازێکە لە رێگەیەوە مەعریفە ناس دەکەین، ئامرازێکە بۆ ئامادەگى لە جیهان و بوون بە بەشێک لە واقیع.. بەمجۆرە ئەوەى (مۆریس میرلۆپۆنتى) و فینۆمینۆلۆژییەکان دەیخەنە روو، هەر تەنها پرسێکى بوونگەرایى نییە، بەڵکو پرسگەلێَکە تەواوى ژیان لەخۆ دەگرێت، هەر لەڕێگەى ژیانیشەوە دەشێ جەستە وەک سێوى مەعریفە ناس بکەین.


لێرەدا قسە لە ئازادکردنى جەستە و ریسوابوونى جەستە بە مانا گشتییەکەى ناکەم، بەڵکو هەوڵدەدەم لەنێوان رەگەزى نێر و مێ، جەستە بخوێنمەوە. ئەو خوێندنەوەیەش راستەوخۆ بەرەهەندە جیاواز و یەکسانەکانى جەستەوە بەندە، بەو مانایەش هەوڵدەدەم سێوى مەعریفە وەک ناسنامەى جیاوازى و یەکسانى بخوێنمەوە. ئاشکرایە نێرایەتى و مێیایەتى دوو رووى جەوهەرى بوونى مرۆیى لەخۆ دەگرن، هەر یەکەیان تایبەتمەندى و خەسڵەت و رۆڵى خۆى هەیە، بە هەردووکیشیان تەواوى لایەنەکانى ژیارى مرۆڤایەتى پێکدەهێنن.


پێناسەى فێمینیزم.


کۆیلایەتى، ملکەچکردن، پەسەندکردن، جنێو، راهاتن لەگەڵ گریان و درۆزنى، نەبوونى بانگەشە، خۆپێشکێشکردن و... هتد، تەواوى ئەو رەفتار و راوەستانەى ئەخلاقى ئازادى پەسەندیان ناکات، بە پیشەى ئافرەت دەناسرێتەوە. لەو لایەنەوە ژن زەمینەیەکى کۆمەڵایەتى رووخێنراوە، زەمینەى راستەقینەى کۆیلایەتییە، کۆنترین زەمینەى دەزگاییە کە تەواوى کۆیلایەتى و رەفتارە بێ ئەخلاقییەکان لەسەر ئەو دەست بەکار دەبن.. لەو سۆنگەوە بە درێژایى مێژوو هیچ کۆیلایەتییەک هێندەى کۆیلایەتى ژن هەرس نەکراوە و رەوایەتى پێنەدراوە و درێژ نەبۆتەوە. هەڵبەتە ئافرەت وەک کۆیلە و ئافرەت وەک بوونەوەرێکى روخێنراو، یان بەمانایەکى دیکە پێکهاتەى ژن لە کۆمەڵگادا دوو جۆر کاریگەرى وێرانکەرانەى هەیە، یەکەمیان: کرانەوەى کۆمەڵگەیە بەڕووى کۆیلایەتیدا. دووەمیان: بەڕێوەبردنى تەواوى کۆیلەکان، یان کۆیلایەتییەکانە لەسەر بنەماى بە ژن کردنیان.[i] لەو خاڵەوەیە (هیتلەر) کۆمەڵگە وەکو ژن دەبینێ کە ئەسپى (دەوڵەت-نەتەوە) لێى سوار دەبێت.


بەکورتى هەر لە ئەفلاتوون و ئەرستۆوە تا هۆبز و رۆسۆ، جیاوازى دەخەنە نێوان ژنان و پیاوانەوە.. بیرکردنەوەى فیودالى نێریینە بە نوێنەریکردنى دەسەڵاتى سیاسى دادەنێ، بیرکردنەوەى کۆماریخوازى ئافرەت لە مافى دەنگدان بێبەش دەکات، بیرکردنەوەى دیموکراسى لە مافى هاوڵاتیبوونیان دەکات.. کەواتە وەک دیارە مێژووى کۆمەڵگەى مرۆڤایەتى هەڵگرى بنەمایەکى دیار و شاراوەى نێر سالارییە، ئەوەش بە پشت بەستن بە (ویل دورانت) کە دەڵێ: سوود وەرگرتن لە وشەى "پیاوان" بۆ دیاریکردنى تەواوى جۆرى بەشەر بریتییە لە دەمارگرژى سەردەمى باوکسالارى.[ii] بەڵام ئەگەر ئەمڕۆ زاراوەى پیاوسالارى وەک کێشەیەکى خێزانى چاو لێبکەین، ئەگەر یاسا و سیاسەتە گشتییەکان بەشێوەیەکى یەکسان لەگەڵ ژنان و پیاوان وەک یەک مامەڵە بکەن، ئەگەر مافە مەدەنى و سیاسى و کۆمەڵایەتییەکان بۆ نێر و مێ وەک یەک بکەوێتەوە، ئەوە دەتوانین بەسەر پیاوسالاریدا زاڵ بین.


لێرە لەو بە پەراوێزکردنانەدا، ژنگەراریى سەریهەڵدا. کەواتە ژنگەرایى یان فێمینیزم (Feminism) دەشێ هەموو ئەو کۆششە تیۆرى و پراکتیکییە بگرێتەوە، کە ئامانجى خۆى لەچاوپێداخشانەوە و وەڵامدانەوە، یان رەخنەگرتن و چاککارى بنەما کۆمەڵایەتییەکانى سیستمى باودا هەڵدەگرێتەوە، ئەو سیستمەى کە پیاو بە سێنتەر دادەنێ و ئافرەت بە رەگەزى دووەم یان ئەویدیکەى نزمتر لە پیاو لە قەڵەم دەدات. یان بە مانایەکى دیکە ئافرەتگەراریى کۆمەڵە تیۆرێکى کۆمەڵایەتى جۆراوجۆرى بزاڤى سیاسى و فەلسەفى و ئەخلاقى دەگرێتەوە کە پەیوەستن بە مەسەلەى ئافرەتانەوە، دوا ئامانجیان بنبڕکردنى فۆرمەکانى دەسبەسەراگرتنى رەگەزى مێینەیە، بۆ ئەوەى بتوانن لەگەڵ پیاوان بە ئازادى بەشدارى لە بەرەوپێشبردنى کۆمەڵگە و بەرەوپێشبردنى ژیاندا بکەن.[iii]


بزاڤى ئافرەتان لە فیکرى خۆرئاوادا لە سەدەى نۆزدەوە لەرێگەى زاراوەى فێمینیزمەوە فۆڕمەلە کراوە و بۆ یەکەمجار لە ساڵى 1895 ئەو زاراوەیە تەعبیرى لە شەپۆلێک دەکرد کە کۆمەڵێک رێبازى لەخۆ دەگرت و چەندین لقى لێجیا دەبۆوە. نیازى سەرەکى ئەو بزاڤە بەدەستهێنانى مافگەلێک بوو، کە پیاوان بە خۆیان رەوا دەبینى، بەڵام ئافرەتانیان لێیبێبەش کردبوو، ئەو بزاڤە بۆ وەدەستهێنانى ئەو مافانە جەختیان لەسەر یەکسانى نێوان ژنان و پیاوان دەکردەوە. بەڵام شەپۆلى دووەمى ئەو بزاڤە فێمینیزمییە لە شەستەکان و بە تایبەت لە ئەمریکا بەدەرکەوت و بە پرنسیبە کۆمەڵایەتى و سیاسییەکانەوە بەند بوو. ئەو بزاڤە ئەمریکییە کە بە (فێمینیزمى نوێ) ناونرابوو، لە رووى فیکرییەوە پێگەییوو بوو، هەوڵى دەدا لەرووى تیۆرییەوە قووڵتر و بەرفرەوانتر خۆى بنوێنێ و هەر تەنها لە داواى یەکسانى نێوان پیاوان و ژناندا خۆى قەتیس نەکات، بەڵکو کەشفکردنى دووبارەى ژنبوونى لەرێگەى ژنەوە بە هەند هەڵدەگرت و دواتر ناسنامەى ژنایەتى، واتە فێمینیزمى لەڕێگەى تیۆرەوە فۆمەلە کرد و توانى بەهۆى گەشەى مەعریفییەوە کۆمەڵێک گۆڕانکارى بەدەستبهێنێ و کۆمەڵێک توێژینەوەى ئەکادیمى بەرز لەو بارەوە بخاتە روو. لە پشت ئەو شەپۆلە گەورەترین دایکى فەلسەفەى ژنایەتى هاوچەرخ بە کتێبى (رەگەزى دووەم 1945) هاتە قسە، ئەو نووسەرەش (سیمون دوبۆڤوار) بوو، کە گووتى "مرۆڤ وەک ژن لەدایک نابێت، بەڵکو بۆ ژن دەگۆڕێت. بێگومان فێمینیزم لەوێوە لە فەلسەفەى بوونگەرایى جیا دەبێتەوە کە هەر تەنها بایەخ بە شارەزایى زیندووى هاوژیانى خودى فەرد نادات، بەڵکو بایەخ بە تیۆرگەلى گەورە دەدات، کە رۆژ دواى رۆژ لە بەرفرەوان بوون و قووڵبوونى لقە مەعریفییەکانیدا خۆى دەبینێتەوە. ئەوەى کە شەپۆلى فێمینیزمى نوێ جیا دەکاتەوە ئیشکردنە لەسەر پارادیمى عەقڵانیەتى نێرسالارى مرۆڤ، وەک سێنتەرى ژیارى خۆرئاوایى، کە دەشێ ماوەى کۆڵۆنیاڵى وەک نموونەیەکى هاوچەرخ و گشتگیرى ئەو عەقڵانییەتە نێرسالارییە تەماشا بکەین. هەڵبەتە ئەو شەپۆلە لەگەڵ شەپۆلى یەکەم جیاواز و هاودژ دەکەونەوە لە جەختکردنیان لەسەر جیاوازى ژن و پیاو و کار. هەر لەوێشەوە وەک کەشفکەر و گەڵاڵەکەرى ژنایەتى خۆى نیشان دەدات.


لێرەدا من نەمویستووە قسە لە پرسى فێمنیزم چییە بکەم، چونکە لە کتێبى (فێمینیزم) کە (جیەن فریدمەن) نووسیوویەتى و (فەرشید شەریفى) لە فارسییەوە کردوویە بە کوردى، زۆر بە جوانى ئەو باسە خراوەتە روو، لەوێ دەردەکەوێ کە فێمینیزم بە تەنها چەمکێک نییە، بەڵکو لە کۆمەڵێک بیروڕا و کردەى جۆراوجۆر و فرە رەهەند پێکهاتووە، هەر چەندە هەوڵى زۆر دراوە وەڵامى پرسى فێمینیزم چییە لەڕێگەى کۆمەڵێک دید و بۆچوون بدرێتەوە، کە تەواوى دیدە فیمینیستەکان لەخۆ بگرێت، بەڵام ئەو کارە بۆتە کارێکى ئەستەم، چونکە فێمینیزم زۆر جۆرى جیاواز لەخۆ دەگرێت، سەرەڕاى جیاوازییان هەندێکجاریش بە تەواوى دژ بەیەک دەکەونەوە. بۆیە ناتوانین بڵێین فێمینیزم چییە، بەڵام دەتوانین جەخت لەوە بکەین کە هۆى سەرهەڵدانى بزاڤى فێمینیزم بۆ بارودۆخى نالەبارى ئافرەتان لە کۆمەڵگەکان دەگەڕێتەوە.[iv]


کەواتە دەشێ فێمینیزم بەپێى رێبازە تیۆرییە جۆراوجۆرەکان پۆلینبەندى بکەین، یەکێک لە گرنگترین ئەو پۆلینبەندییانە فێمینیزمى لیبرالى و مارکسى و رادیکاڵییە، بەڵام جگە لەو پۆلینبەندییە توێژینەوە تازەکان فێمینیزمى دەروونشیکارى، پۆستمۆدێرن، پۆستبونیادگەرى، رەش، هەندێ شتى دیکەشیان پێوە زیاد کردووە.[v]


جیاوازى لە نێوان ستایش و نکۆڵیکردندا.


لەساڵى (1946) واتە بەر لە راگەیاندنى پەیماننامە نێو دەوڵەتى مافى مرۆڤ بە دوو ساڵ لێژنەى ناوەندى بۆ بەرگریکردن لە ئافرەتان دامەزرا و دواتر چەندین دەستە و لێژنە و کۆمەڵە و ناوەندى دیکە لە سەرانسەرى جیهان بۆ بەرگریکردن لە مافەکانى ژنان هاتە ئاراوە. لە ساڵى (1952) کۆمەڵەى گشتى وڵاتە یەکگرتووەکان لە هاوڕاییەکدا بڕیارییان لەسەر مافى سیاسى ئافرەتان دا، لە ساڵى (1967) بانگەشەى لەناوبردنى هەموو جۆرە جیاکارییەک بڵاوبۆوە، لە ساڵى (1993) راگرتنى تووندوتیژى دژ بە ئافرەتان بڕیارى لەسەر درا، ساڵى (1995) لە کۆنگرەى لوتکەى زەوى کە تایبەت بوو بە ئافرەتان لە (پەکین) وشەى جێندەر لە بەیانى کۆتایى کۆنگرەدا (254) جار بەکارهێنرا، وەک چۆن هەر لەو کۆنگرەیەدا قسەیان لەسەر رەتکردنەوەى وشەى هاوسەرگیرى کرد و لە جێگەى ئەو وشەى (کەپڵ) بە ماناى دووانیى، یان پێکەوەژیان بەرز کردەوە... ئەگەرچى مەبەستم نییە تەواوى ئەو کۆنگرە و بڕیارانە بخەمە روو، کە لە پێناو مافەکانى ژنان خراوەتە روو، بەڵام دەمەوێ بڵێم ئەگەرچى کێشەى ئافرەتان هەنگاوێکى باشى لە بەرەوپێشچوونى جیاکارینەکردن و یەکسانى و مافى سیاسى و مافى هاوڵاتیبوون و بارودۆخى ئابورى و راگرتنى تووندوتیژى ناوە، کەچى هێشتا کۆمەڵێک ئیشکالییەتى جۆراوجۆرى دیکە ماوە و نەیتوانییوە چارەسەرییان بۆ بدۆزێتەوە! وەک دەزانین بزوتنەوە فێمینیزمەکان وەک یەک تەماشاى ئەو کێشانە ناکەن و لە کۆمەڵێک پرنسیب و درووشم و بنەما.. نەک هەر جیاوازن بەڵکو دژ بەیەک دەکەونەوە. ئەوەى لە کۆى ئەو کێشانەوە دەمەوێ قسەى لێبکەم مافى ئازادى سێکسى و سێکسکردن لەگەڵ مەحرەمەکان نییە، وەک چۆن هەوڵیش نادەم لەمیانى سڕینەوەى جیاکارییەکانى دژ بە ژنان قسە لە هۆمۆسیکواڵەکان[vi] بکەم؟! هەروەها پێموایە تاکگەرایى ئافرەتان (واتە تەماشاکردنى ئافرەت وەک تاک لە دەرەوەى پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، دایک، خوشک، ژن، کچ..) یەکێکە لە مافەکان، بەڵام دەشێ کۆمەڵێک ئیشکالى سۆزگەرایى لەخۆدا کۆبکاتەوە!


بەکورتى ئەوەى دەمەوێ ئاماژەى بۆ بکەم باسێکى یەکجار ئاڵۆز و دژوارە، ئەویش دوالیزمى یەکسانى و جیاوازییە! هەندێ لە فێمینیزمەکان لەوێوە بەرگرى لە یەکسانى نێوان پیاوان و ژنان دەکەن، کە جیاوازى وەک هۆیەک بۆ تەماشاکردنى ژنان بە پلە دوو دەدەنە قەڵەم! بەڵام هەندێکى دیکە لەوێوە بەرگرى لە جیاوازى دەکەن، کە دەکەوێتە نێو تایبەتمەندییەکانەوە، بۆیە بە پێویستى دەزانن بیپارێزن! بەڵام لەبەر ئەوەى ماناکانى یەکسانى و جیاوازى قسەوباسى زۆر دەوڕوژێنێ، بۆیە رێگەى سێیەم، وەک هاوگونجانێ خۆى راست دەکاتەوە، بە مانایەکى دیکە هەندێ لە فێمینیزمەکان لەو باوەڕەدان کە دابەشکردن بەسەر یەکسانى و جیاوازى، دابەشکردنێکە سەبارەت بە بارودۆخى ئافرەتان هەر وەک خۆى ماوەتەوە، لێرەدا قسە ئەوەیە کەچى بکەن تاکو ئەو جیاوازییە نەبێتە هۆیەک بۆ سەیرکردنى ژنان لە پلەیەکى نزمتر؟


کەواتە یەکێک لەو نکۆڵیکردنانەى کە ژنان رووبەڕووى جیاوازى دەکەنەوە، ئەوەیە کە پیاوان پێیانوایە کە ئافرەت بەهۆى دۆخى فیسیۆلۆژى و رۆڵى کۆمەڵایەتییەوە بە پلە دوو سەیر دەکرێ، واتە هەر تەنها دەتوانێ کاروبارى نێو ماڵ بەڕێوە ببات. (شێرى ئۆرتینێز Sherry Ortenes) لەو بارەوە دەڵێ: "پلە دووەهەم بوونى ژنان لە کۆمەڵگەدا رێسایەکى گشتى جیهانییە، واقیعێکە پەیوەندى بە کەلتورەکانەوە هەیە" بەڵام ئایا پێویستە ئافرەتان نکۆڵى لە جیاوازى رەگەزى بکەن، بۆ ئەوەى لە پیاوان بچن؟ (هیستێر ئیزنستاین hester Eiesentein) لە پێشەکى کتێبەکەى (ئایندەى جیاواز، 1987) دەڵێ: "کەلتورى خۆرئاوایى ئەوەى سەلماندووە، کە ناتوانێت بیر لە "نایەکسانى" بکاتەوە، مەگەر ئەوەى بەهایەکە پۆزەتیف بە لایەنێک ببەخشێ و بەهاى نێگەتیفیش بە لایەنێکى دیکە"[vii]


بەمجۆرە لەنێوان ئەوانەى کە لەژێر گوشارى بایۆلۆژى و مەیلى سێکسى ستایشى جیاوازى دەکەن و ئەوانەى لە رێگەى بە هەند هەڵنەگرتنى بایۆلۆژى و پێداگرتن لەسەر رێسا کەلتورییەکان نکۆڵى لە جیاوازى دەکەن، گروپى سێیەم لەو بڕوایەدایە کە ئافرەت بەڕاستى جیاوازە، ئەو جیاوازییە واى کردووە لە پیاوان باشتر بن، بۆ نموونە ئافرەت وەک بەخێوکەر رێکوپێکتر لە پیاوان کارەکانیان بەڕێوە بەرن، بەڵام پێویستیان بە شوناسێک هەیە، کە لەڕێگەى رەگەزەوە دەستنیشان نەکرێ! ئیتر لێرەوە دوالیزمى یەکسانى و جیاوازى لەمیانى چەمکى (جێندەر Gander)[viii] روونتر خۆى دەنوێنێ، بەو مانایە مێینە، یان مێیایەتى سەر بە گروپێکى بایۆلۆژییە و ئافرەت سەر بەو گروپەیە، بەڵام رەفتار و رۆڵى ئافرەتان پێکهاتەیەکى کۆمەڵایەتییە. بە مانایەکى دیکە رەگەز وشەیەکە ئاماژە بە جیاوازییە بایۆلۆژییەکانى نێوان ژنان و پیاوان دەکات، جیاوازى ئاشکرا لە ئەندامە سێکسییەکان، لە منداڵبوون و زاوزێکردن، بەڵام "تەندروستى جیهانى" پێناسەى "جێندەر"ى بەوەکردووە کە زاراوەیەکە بەکاردەهێنرێ بۆ وەسفى ئەو تایبەتمەندییانەى کە پیاوان و ئافرەتان هەیانە، پەیوەندى بەجیاوازى ئەندامەکانیانەوە نییە. "ڕێکخراوى کارى نێودەوڵەتى" پێناسەى جێندەرى لەبوارى پەیوەندى و جیاوازییەکانى ژن و پیاودا لەبوارى کار وەسف کردووە، بەوپێیەى لەنێوان کۆمەڵگاکاندا ئەم مەسەلە بەپێى ئاستى ڕۆشنبیرى جیاوازى زۆرى تێدایە و لەکۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکى تر کارو پەیوەندى ژن و پیاو جیاوازى زۆرى تێدایە، بەڵام لە یەکسانى جێندەردا ئەم جیاوازیانە بەم جۆرەى لێدێت: یەکسانى جێندەر پشت نابەستێ بە ڕەگەزو بەرپرسیارێتى و ماف لەنێوان نێرو مێدا بەپێى ئەوەى یەکێکیان نێرە و ئەویتر مێ، بەڵکو یەکسانى لەدابەشکردنى بەرهەمى ئابورییدا دەکەوێتەوە سەر دابەشکردنى یەکسانى فرسەتى کار و تواناو کاریگەریى کۆمەڵایەتى نەک نێریى و مێیى.[ix]
_________________________________________
سەرچاوە و پەراوێزەکان:
[i] -مانیفستۆى شارستانێتى دیموکراتى، 1، عەبدوڵڵا ئۆج ئالان، و، لوقمان عەبدوڵڵا، چاپى یەکەم،2009، ل206.
[ii] - ژن، پیاو، ئاکارى سێکسى لە لانکەى شارستانیەتەکاندا، ویل دورانت، وەرگێرانى لە فارسییەوە: دلشاد خۆشناو، لە زنجیرە بڵاوکردنەوەکانى یەکێتى ژنانى کوردستان، 2009، ل141.
[iii] -زۆربەى زۆرى ژنگەراکان پێیانوایە فێمینیزمگەرایى بزاڤێکى شەعبیە ئامانجى لابردنى ئەو تەگەرانەیە کە لەسەر بنەماى پشتاوپشتگەرى و پلەوپایەى کۆمەڵایەتى و رۆشنبیریى و ئایینى جێگیر کراون. ئەو بابەتانەى کە فێمینیزم لە کۆمەڵگەى پەتریاکیدا بە ناوەڕۆکى خۆى دەزانێ بەشتبوون و بەشتبوونى سێکسییە (واتە کردنى ژن بە کاڵاى سێکسى) و چەوسانەوە... بۆ زێتر شارەزایى بڕوانە: ویکیبیدیا، الموسوعە الحرە، انپویە، مارس 2010.
[iv] -- فیمینیزم، جیەن فریدمەن، وەرگێڕانى، فەرشید شەریفى، وەزارەتى رۆشنبیریى، بەرێوەبەرایەتى خانەى وەرگێڕان، چاپخانەى کارۆ، ل7، 15-16.
[v] -ئایدیۆلۆژیاو بزاڤە فێمینیزمەکان چەندان جۆرن: فێمینیزمى رادیکاڵى، لیبراڵى، باشورى، ژینگەیى، ئەفسانەیى، تووندگەرا، یەهودى، مەسیحى، ئیسلامى.. لە تیۆریسنەکانیشیان بۆ نموونە: جون ستیوارت مل، سیمون دى بوفوار، جیرمین غریر، قاسم امین.. بۆ زێتر شارەزایى بڕوانە: ویکیبیدیا، الموسوعە الحرە، انپویە، مارس 2010.
[vi] -مەسەلەى هۆمۆسێکسواڵەکان لە ژێر ناوى (اتفاقیە القچاء على کافە اشکال التمییز چد النساء) جێگاى بۆ کراوەتەوە، ئەوەش دواى ئەوە هات کە (نیکۆلاس تۆنون)ى ئوسترالى هۆمۆسێکسواڵ رەخنەى لە پەیماننامەى نێو دەوڵەتى مافى مرۆڤ گرت، کە هیچ پاراستنێکى مافى ئەوانى تێدا نییە و داواى جێکردنەوەى مافى هۆمۆسێکسواڵەکانى لە نێو مافى مرۆڤ کرد.
[vii] - بۆ زێتر شارەزایى و بەدواداچوون بڕوانە: فیمینیزم، جیەن فریدمەن، وەرگێڕانى، فەرشید شەریفى. ه.س.پ. ل24،36.
[viii] -جێندەر Gander لە رۆشنبیریى ئینگلیزى هاتۆتە بەرهەم، ئەو وشەیە ئەسڵى لاتینییە، لە زمانى عەرەبى وشەى (الجنوسە)ى بۆ بەکار دەهێنن. رێکخراوى "تەندرووستى جیهان" پێناسەى جێندەر بەوە کراوە کە زاراوەیەکە بۆ وەسفکردنى تایبەتمەندییەکانى پیاوان ئافرەتان بەکار دێت، پەیوەندى بە جیاوازى ئەندامەکانیانەوە نییە، لەلایەکى ترەوە مەوسوعەى بەریتانى لەماددەى جێندەردا پێناسەى وشەکەى کردووە بەوەى هەستى مرۆڤ بەوەى نێرە یان مێ ناگەڕێتەوە بۆ ئەوەى ئەندامى نێرینەى هەیە یان مێیینە بەڵکو ناسنامەى جێندەریى لەکاتى لەدایک بوونەوە دیارى ناکرێ بە نێرینە و مێینە بەڵکو لایەنى نەفسى و کۆمەڵایەتى دەبنە پێکهێنەرى ناسنامەى جێندەرى ئەو کەسە کاتێک لەمنداڵیەوە گەشە دەکات.
بەپێی ئەو پێناسەى مەوسوعەى بەریتانى: نێرنەیى و مێینەیى پەیوەندى بەلایەنى ئەندامیى نێرنەو مێنەوە نییە بەڵکو مەسەلەیەکى کۆمەڵایەتییە، ناسنامەى ئەندامیى بۆ تاک هاوتەریبە لەگەڵ ئەوەى کە هەست بکات نێرە یان مى، بەڵام ئەم ناسنامە ئەندامییە لەگەڵ سروشتى لایەنى نەفسى ڕۆڵى کۆمەڵایەتى هاوتەرب نییە. بۆ زێتر شارەزایى بڕوانە ئەو سەرچاوەیەى خوارەوە:
[ix] - لێکۆڵینەوەیەکى خێرا لەسەر "جێندەر" ئامادەکردنى: سۆران عومەر، بڕوانە سایتى ماڵێک لە ئاسمان.

 

ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا