په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\٢\٢٠١٠

سەختە لە فەزاى ڕاڤەگەرى نەگەین، سەختتر ئەوەیە بنووسین.


غەمگین بۆڵى  


لەم گاڤە هەستیارەوە، عومرى پێنج مانگ زێتر بریندار دەکرێت و تێدەپەڕێت، ئۆباڵى ئەم هەموو غەدرە فەنابوونە بە ئەستۆى کارگێڕى ((پاڵە))*. سەیرە ئەمڕۆ سیاسەت ئەوەندەى ڕۆڵى لاستیکێکى پارە دەبینێت، مومکین نییە ئەوەندە ڕۆڵى ئەکتیڤ ببینێت، بێ شک مرۆ گەلێک تەنها بۆ ئەوە خەڵقى ئەو باڵابوونە، بوونە کە دەوروبەرەکەیان بچووکە، یاخود بۆ سەرکوتکردنى هاودژەکانیانە، بۆیە هەر بڵاوکراوەیەک ماهیەتى نووسیارەکانى خۆى نەگرت، مومکینە سبەى کرمى گەندەڵى چاویان هەڵکوتێـت، گەندەڵى لەسەرەتا منداڵێکى هەتیو و شەرمن بوو، وەلێ هەنووکە بەدفەڕترین منداڵى هەزاران باوکە!، لە گشت ڕەهەندە جیاوازەکانەوە. بۆیە لەم نێوەندە، ڕۆحیەتى هیومانیزمیەت دەمرێت، ئەمڕۆ نووسبار گەلێکى ساختە و دیاریکراو بۆ کڕۆکێکى پووچگەرى دەنووسن و ئەوەندەى ڕۆڵى کادیرێکى حیزبى دەگێڕن، مومکین نییە نیو ئەوەندە هەر هەوڵى نووسەر بوونیان بدەن. چۆن نووسبارى حیزبى هەمیشە مەرگى نووسینەکانى لە کفنى سیاسەتى حیزبەکەى دەنێت، وەلێ لە خاڵى سپێلنێزمیەتى بێئاگابووندا گیر دەخوات بەدەست نەزانین، ناشێت نەزانین لاى نووسبارگەلى حیزبى ئەوەندەى ترسنۆکى و بێمتمانەى بێت، ئەوەندە گومان و پرسیارکردن بێت.


دەرپەڕاندنى بۆچوونى کاڵآ بێهۆش، بە تەریقبوونەوەى نووسەر کۆتایى دێت، بۆیە هەر بەو واتایە ناشێت ((خۆم بخزێنمە، باڵاى درەختە سەوزەکانى تەمەن))** شیاوى گوتن و نووسین بێـت، ئەخەر ((خزاندن)) ئەوەندەى لە واتادا ڕۆڵى شۆڕبوونەوە و داڵقاندن دەبینێت بە حوکمى هیچ یاساى نووسەر و ئایینى نووسینێک ڕۆڵى بەسەر کەوتن و هەڵزناندن نابێت بۆیە نووسبار نیچڕالیزمیەتى بۆچوونەکانى بە ئایدیا لیستییەکاڵەکان، بە جۆرآ شێواندووە، خوێنەر ((کەسى وەرگر)) فریو بدات، هەر بۆیە لە ڕاڤەگەرى. (گەر دەتەوآ بۆنى پرچ و ئامێزى گەرم چێژ بکەى) خۆى لێ مەڵاش داوە و چەکى نووسینێکى دەست نەکەوتووە، کە شیاوى نووسین بێت. ئەخەر ناشێت بۆ ئەبەد وەها لە هزراندنى کەوتبێتەوە کە، (بۆنى پرچ و ئامێزى گەرم چێژبکرێت) دیارە نووسبار پەى بە میتۆلۆژیەتى بێئاگابوونیدا بردووە، بۆیە خۆ سپاردن بە دونیاى بێدەنگى جوانترین پەیامى نووسباربووە. شاعیرى ڕاستەقینە خاوەنى شیعرى جاویدانى هەرگیز تیرى بۆچوون و بەرسیڤە ڕەخنەییەکان وەها ناوەشێنێت: (ئازیزم پیاو حەیبە باسى خۆى بکات، بۆیە من باسى خۆم ناکەم)، ئەم ئاماژگەلەیە ئەوەندەى لە قسەى کاڵى پیاوێکى سەر شەقام دەچێت، مومکین نییە لە قسەى (شاعیرێک) بچێت، جیا لەوەش ناشێت ئایدیایەکى خۆت، بەمندا قالڕ کەیتەوە و بیکەى بە مولًکى من، ڕەخنەگرتن لە ڕەخنەوە دەبێت دەرهاویشتەى بەرسیڤە و بۆچوونە ڕەخنەییەکان بێت، نەوەک پەرت بوون بێت بەنێو نەواى تیۆرەکان، تاکو ئەو ئەندازەیەى کە خودى خۆت بۆ کۆنەکرێـتەوە، ڕەخنەکارى ئەوەندەى بە دواى فەزا نادیارەکانى دەقەکەدا وێڵە، مومکین نییە ئەوەندە عەوداڵى پیاهەڵدان بێت، کارى ڕەخنەگرانە بەنێو حیکمەتەکانى دەق و ئەو فەزایانەى کە نووسەر پەى پێ نەبردووە، یاخود ئەو فەزایانەى بەسەقەتى بنیاتنراون، ڕەخنە بارى ساختەش ئەوەندەى خاوەن بەرهەمەکەى گەرەکە، ناشێت تۆزێک بەرهەمەکەى گەرەک بێـت، بۆیە دەشێت لە تەواوى راڤەکارییەکەمدا هەوڵى تەکنیکەکارى بیناى شیعر و لیبڕاڵییەتى ڕەخنەم دابێت، ناشێت ((دڵشاد میراودەلى)) ئەو بەرگەم پێبپۆشێت، کە بەرگى من نییە، بۆیە لەپشتى نووسینەکە و ئەودیوى بۆچوونەکان و واتاى فانتازیاى وشەکان. بانگەشەم بۆ شیعرى نوآ کردبێت، یاخود تیرى ئاماژەیەکم ئاراستەى (یاساکانى شیعر) کردبێـت، کەچى (دڵشاد میراودەلى) بەرسیڤى بۆچوونگەلێک دەوروژێنێت، کە من لەخەوى راڤەکارییەکانیشم، ئاماژەم پێ نەداوە، کەچى نووسبار بەپاى پەتى بەتاریکستانى ئەو بۆچوونە رادەکات و هاوار دەکات; (مەرجەکانى شیعرى نوێ زۆر و زەوەندن)، یاخود (یاسا و رێساکانى شیعر پێش بەند و پاش بەند...)، ئیشکالیەتى بەرسیڤیەکەى نووسبار ئەوەیە، کە ڕاڤەگەرییە کەى ئەوەندە وێڵى فەزابوون و بێئاگابوون و وێنەى شێواو و سەقەتى شیعرە، مومکین نییەتۆزقاڵێک شڕۆڤەى شیعرى نوآ و یاساکانى کردبێـت. پێش ئەوەى پڕۆسەى ڕەخنەکارى دیدگایەکى ڕۆشنفکرى بێت، دیدگایەکى ئەخلاقیشە، مومکینە ڕەخنەکارى وەک کردەیەکى ئەدەبى زۆر جار نەکەوێتەوە، ئەوەش بێتوانایى ڕەخنەیار ناگەیەنێت، دەکرێت بێتوانایى نووسەرى دەقەکە بگەیەنێت، ئەو ڕەخنەیارانەى بە ڕەخنەکانیان بتێک دەسازێنن و بۆ ئەبەدیەت دەیپەرستن، ئەوانە بەدواى رۆحیەتى لیبڕاڵیەت وێلڕ نەبوونە، هەر لەم گاڤەى ژیانەوە بەیانى مەرگى نووسەر بوونى خۆیان دەکەن، بۆیە نووسبارى بەڕێزى (وەڵامێک بۆ نوسەرى چەند تێکستە شیعرێک)، دەکرا زێتر هەڵوەستەى لەسەر راڤەکارییەکە کردبا و نۆستالیژیاى لۆژێکە فرەڕە هەندەکەى دەست نیشان کردبا. بۆ بەرسیڤەکەش شتێکى نووسیتبا، شیاوى نووسینو بەمێژوو بوونى نووسینەکەى بایە لە ئایندەدا، نەوەک بەم چەشنە شوناسى ڕق کاریگەرى هەبێت بەسەر نەستى وروژاندنى بەرسیڤەکەیى و بنووسێت; (پەرتووکەکەى من هەست و نەستى داگیر کردى، ئیرەییت پآ بردووە، تەنها سەیرکەن (غەمگین) ئاو لەکانیەک دەخواتەوە و بەردیشى تێدەکات)، نووسبار دەبوایە زێتر ڕاڤەى رەخنەکانمى کردبایە و شوناسى لۆژێکەکەى خۆى بەیان کردبا، نەوەک بە ڕازاندنەوەى رستەگەلێکى رەنگاورەنگ و بۆچوونى چەند نووسەرێکى جیا لە کڕۆکى شرۆڤەکە و ئایدیا لیستیەکانى پێداهەڵدان بەخۆى، ناشێت ئەم تەرزە نووسینە، بارتەقاى تۆزقاڵێک لەبەر چراى تیۆرێک لە رەخنە نووسرابێت، جیا لەوەى کە نووسبار مەرگى بێئاگابوونى خۆى لە تیۆرەکانى ڕەخنە و ڕەخنەیارى هیومانیزمیەت ڕادەگەیەنێت، تەواوى ئەو نووسینانەى دەرهاوێشتەى ڕق و کینەن، لەبەر بآ مەعریفەتى دەمرن، دەشێت هەر بە مردوویش لە دایک ببن، بۆیە لە تەواوى نووسینەکەى نووسباردا،نووسبار لە بازنەیەکى گومانگەرى لە خودى خۆیى و خۆدەربازبوون لە هەقیقەتەکاندا دەخولێتەوە، کەچى لە دواماهیشدا دەکەوێتـەوە سەر هەمان خاڵى دەستپێکەوە، کە ئەمەش ئەو پەڕى پەتاى نووسبار دەگەیەنێت. بۆیە ناشێت لەو کانیەى تۆ پێت شیاوى ئاو خواردنەوەیە، من تفەرکى ئەو ئاوەکە بکەم، کە تۆش رەخنەت لا بەرد تێگەرتن بێت، دەشێـت لاى من گولڕ تێگرتن بێت. کەلە هزراندنى تۆدا وەها کەوتۆتەوە، کە دەقەگەلێکى من لە هەناوى دەقەکانى تۆدا لە دایک بوونە، ئەى بۆچى هەڵوەستەت لەسەر هەردووک دەقەکەدا نەدەکردوو خاڵە هاوبەشەکان و کاریگەریەکانت دەشت نیشان نەدەکرد، تۆ لات وایە لە تەواوى تیۆرەکانى ئەدەبدا، پڕۆسەى نووسین قسە دەرپەڕاندنە و دەرهاوێشتەى و وڕێنەى شاعیریەتییە؟! بۆیە نووسبار ئەوەندەى لە هەوڵى دەرخستنى بە سوپەر مانبوونى شاعیریەتى خۆیدا وێڵ بووە، ناشێت کەمێک بەلاى باگراوەندە میتۆلۆژیە ڕەخنەییەکاندا چووبێت.


سەیرترین ئیشکالیەتى (دلشاد میراودەلى) ئەوەیە کە شارەزاى بنەماکانى ڕێنووسى یەکگرتووى کوردى نییەو بە زمانێکى هەژار دەنووسێت، بۆیە بەو ئاماژەیە: ناشێت نووسەرى جاویدانى تەنها هەر خەریکى خەیاڵاندن بێـت و بەس، بنەماکانى نووسەر بوونى جاویدانى ئاماژە گەلێکى دیاریکراوە و ڕەهەند گەلێکى فرەئایدیاى پێوەبەندە، ناشێت نووسەرى جاویدانى تەنها لە دیدگایەکى دیاریکراوەوە نووسەر بێت، شاعیر بوونیش بە هەمان شێوە، شاعیرى جاویدانى تەنها ئەو کاتە شاعیر نییە، کە شیعر دەنوسێـت، شاعیرۆکەى وەها هەیە، کردارى ڕۆژانەیان تۆزقاڵێک ناگەڕێتەوە سەر ڕٍەچەلەکى شاعیر بوون، وەلێ دەشێت لە هزراندنى تۆدا، ئەمە بە خاڵێکى پۆزەتیڤ بکەوێتـەوە و لە هزراندنى خوێنەرێک بە نێگەتیڤ، بۆیە لە هزراندنى تۆدا چەشنى بۆچوونێکى نوکتە ئاسا کەوتۆتەوە، کاتێک بەو پەڕى باڵایى خۆتەوە دەورووژێت بۆ نووسین و نووسیوتە، (دەبوایە زادنەکەى قسە لەسەر "سەرکەوت رەسول" بکەیت)، دەشێت شاعیر گەلێک لاى تۆ شیاوى زادبوون و پیرۆزى بن، وەلێ لاى من هیچ شاعیرێک شیاوى زادبوون نییە، پیرۆزیەتیش تەنها بۆ خوداوەندە، تەواوى کار و کردارەکانى مرۆڤایەتى شیاوى قسە لەسەر کردنە، چەمکى پیرۆز بوون، بۆ مرۆگەلێک ئەوا ئەو پەڕى نەزانینى تۆ دەردەخات، دەشێت بۆ زاد بوونیش وەها زوو خۆمان نەدەینە دەست قەدەرى پیرۆزى مرۆ بوون، بەڵکو لەبەردەم مرۆبوونماندا زاد بکەین و بزانین پیرۆز بوون چییە؟، یاخود پیرۆز بوون لە ئەدەبدا، نغرۆبوونى نووسەر دەگەیەنێت، لە دەریاچەى قەتیس، مرۆ کاتێک پیرۆزە کاتێک کە بوونى نییە، کە بوونى لە ژیاندا هەبێت هیچ بەهایەکى نییە، شاعیر گەلى وەها هەن تەنها لە بوارێک شیاوى وجوودن، بوارى تێکستى گۆرانى گوتنیش بەهەمان چەشن، وەلێ ڕاڤەگەرى من بەدەرە لە ڕاڤەگەرى تێکستى گۆرانى گوتن.
_________________________________
پەراوێز و سەرچاوە:
1. هەفتەنامەى (پاڵە)- ژمارە (165)ى 18/5 ى 2008 لاپەرە 10
2. هەفتەنامەى (پاڵە)- ژمارە (167)ى 1/7 ى 2008 لاپەرە 10
* ئەستێرەى یەکەم ئاماژەیە بۆ هەفتەنامەى (پاڵە)، کە بەداخەوە لە بەر بێسەروبەرى کارگێڕى وەڵامەکەمیان ون کردوو دواى چەندین پەیمان و سەرنەگرتن، منیش پەیمانى دووبارە نووسینەوەى ئەم وڵامەم دا.
** نووسینى نێو کەوانەکان، نووسینەکانى (دڵشاد میراودەلى)ین، وەلێ تەواوى ڕێنووسەکەم بە دەستکاریەوە چاککردۆتەو.

 


xemginb@yahoo.com