١٥\٨\٢٠١٦
سێ خوشکەکەى
چیخۆف.

بورهان جۆڵا
چیخۆف:
(کارى پزیشکى هاوسەرمە و ئەدەبیش
دلبەرم).
ئەنتوان بافلۆفیچ چیخۆف (١٨٦٠ - ١٩٠٤) یەکێکە لەگەورە نووسەرەکانى
روسیاو باشترین نووسەرى کورتە چیرۆکە لەسەر ئاستى جیهان، چەندین کورتە
چیرۆکى نووسیوەو زۆربەشیان ئەفراندنى هونەرى کلاسیکین، شانۆگەریەکانى
گەورەترین کاریگەرییان هەیە لەسەر دراماى سەدەى بیستەم. چیخۆف کاتێ
خوێندکارى کۆلیژى پزیشکى زانکۆى مۆسکۆ بوو دەستیکرد بەنووسین تاکو بوو
بەکەڵە نووسەرى جیهان و بەردەوامیش بوو لەکارى پزیشکى هەروەکو خۆى
دەڵێت:(کارى پزیشکى هاوسەرمەو ئەدەبیش دلبەرم). چیخۆف و داهێنانهکهی
بۆ جووڵە رۆحییەکان پەنادەباتە بەرشانۆ کەزۆرترین گرنگى بەجووڵە
رۆحییەکانى کارەکتەر دەدات بێئەوەى هیچ ئاوڕێک بۆ جووڵە دەرەکییەکان
بداتەوە تەنها هێندەى بەشى ئاماژەیەک بکات بۆ سروشتى جووڵە رۆحییەکان.
زۆرینەى نووسەرەکانى شانۆگەرى سەردەم لەچیخۆفەوە فێربوون چۆن مەزاجى
گشتیى لەچیرۆک بەکاربهێنن و شیکردنەوەى وردو زەقکردنەوەى رووداوى
دەرەکى بۆ بەرزنرخاندنى ناوەوەى کارەکتەرەکانى نێو چیرۆک دابڕێژن.
چیخۆف لەساڵى ١٩٠١ شانۆگەرى (سێ خوشک) کە شانزەهەمین شانۆگەرى ئەو کەڵە
نووسەرەیە لەچوار بەش نووسیوەو بۆ یەکەمجاریش لە ١٩٥٨ لەسەر شانۆ
نمایشکراوە، خولانەوەى رووداوەکانیش بەچواردەورى سێ خوشک بەناوەکانى (ئۆلگا،
ماشا، ئیرینا)و تاقە براکەیان بەناوى (برۆزۆرۆف)ـە کەدواى مردنى
باوکیان لەنێو ژیانى خۆیاندا رووبەرووى کێشەو چەرمەسەرییەکى زۆر
دەبنەوە، بیرۆکە فەلسەفیەکەى ئهم شانۆگهرییه بریتییە لەسۆزو
خۆشەویستى و پەرۆشى بۆ شتێک کە بەدى نایەت، هەوادارانى شانۆگەرى پووچ
گەرایش جەختیان لەسەر یەکگرتنەوەى ناونیشان و ناوەڕۆکى ئەم شانۆگەرییە
کردۆتەوە، خوشکى گەورە شووى نەکردووە بێ هیواو دابڕاو لەهەموو جۆرە
هەستێکى سۆزدارى ژیان دەگوزەرێنێت، خوشکى ناوەنجیش کەمێک تووشى کێشەو
بێ ئومێدى دەبێت و گەنجێکى نەگونجاو لەرووى شێوەو سلوک داواى دەکات،
خوشکە بچکۆلەکەش هاوسەرگیرى دەکات لەگەڵ پیاوێک کە هیچ گرنگى پێنادات و
هەستى ژنانەى پشت گوێ دەخات.
زۆرجار چیخۆف شک دەخاتە سەر هەندێ لەشانۆگەریەکانى، بۆ نموونە باس
لەشانۆگەرى (سێ خوشک) دەکات و دەڵێت: ((ئەمە شانۆگەرى نییە بەڵکو
گڵۆڵەى پەتێکى درێژەو کۆکراوەتەوە، چەندین کارەکتەرى تیایەو هەر ئەوەشە
رێگرە لە چەندایەتى و جۆرى جووڵە بۆیە ناچار بووم لەکۆتاییا لێى دەرچم))،
بەڵام ئەو درێژدادڕیەى چیخۆف لێى بەرپرسیاربوو رێک ئەو کەرەسە
هونەریەیە کەئەفراندن دەکات بۆیە گوزارشت بەرجەستە دەبێت
لەشانۆگەریەکەدا، هەروەکو خۆى دەفەرموێت: ((مەبەستى سەرەکى بۆ دراما
مەزنەکان، خۆ مەڵاسدانە بۆ جووڵە رۆحیەکان، نەک جووڵە سروشتییەکان))،
دیارە مەبەستى چیخۆف لەجووڵە سروشتییەکان، جووڵەى ئاسایى مرۆڤە بەدەر
لەبەرجەستەکردنى ئاماژە گوزارشتییەکانى سەرشانۆ، کەواتە لەمیانەى
جووڵەى کارەکتەرەکانیەوە مەبەستى گوزارشتکردنە لەرۆحى چاکەکارى، ئەمەش
لەگۆشەنیگاى هونەریەوە ماناى وایە شانۆگەریەکان تێکەڵە لەکارى (ریالیستى
و ئاماژەگەرایى)کە نهێنى ئیستاتیکاو هەستیارییە بۆ بەرزنرخاندنى
شانۆگەریەکانى چیخۆف.
کارى ئاماژەگەرایى لاى چیخۆف مەبەستێکى بابەتییانەیە چونکە دیارە هەموو
کارەکتەرەکانى هەڵگرى جووڵە ئاماژەدارەکان نین بەڵکو لە قووڵایى هەندێ
کەسایەتى هەڵبژاردەى خۆى ئاماژەکانى شاردۆتەوە هەندێ جاریش لەنێوان
کەسایەتى و ئاماژەیەکدا پەیوەندییەک هەیە دەبێتە جێگرەوەى
کەسایەتییەکیترو ئەمەش دەبێتە گوزارشتێکیتر لەئاماژەگەراییدا هەروەکو
لەشانۆگەرى (باڵندەى دەریا)دا کچە گەنجەکە باڵندەى دەریایەو بەشێوەیەک
ئەو باڵندەیە ئاماژەیە بۆ ئازادیەکى کوژراو.
چونکە شانۆگەریەکانى چیخۆف کۆکراوەى هەردوو شێوەى ریالیستى و
ئاماژەگەرایى (واقیعى و رەمزگەراییە)و ئەمەش روویەکیترى جوانى دونیاى
شانۆگەرییە بۆیە هەرگیز کۆتایى ناهێنێت بەپەیوەندى نموونەیى نێوان رۆحى
کەسایەتییەکان و جووڵە ماددیەکان، زۆرجاریش پەوەندییەکى ترازاو دەبێت
لەنێوان گرینگیدانى چیخۆف بەپاڵەوانە رۆحییەکانى و ئەو سروشتە
دەرەکییەى لەناوەوەى پاڵەوانەکاندا بوونى هەیە، زۆرجاریش تەنها
شانۆگەرییەک دەبێتە کۆکراوەى هەردوو حاڵەتە هونەریەکە وەک لەشانۆگەرى (سێ
خوشک) دەبینرێت كه (مۆسکۆ) ئاماژەیە بۆ ئازادى، بۆ فراوانى ژیان، بۆ
پێشکەوتن بۆیە هەرسێ خوشکەکەو (ئەندرێ)ى برایان هەوڵدەدەن بچن لەمۆسکۆ
نیشتەجێبن و لەوژیانە ناخۆش و بەرتەسک و دواکەوتووییەى لادێ رابکەن،
کەواتە دەردەکەوێت لەنێوان سێ خوشکەکەو براکەیان لەلایەک و شارى مۆسکۆش
لەلایەکیتر کەوەکو ئاماژەیەک(رەمزێک) بوونى هەیە دیارە ئەمەش نووسەر
بەکارى هێناوە تاوەکو وەرگر هەست بکات کەڵکەڵەى شتێک لەرۆح و هەستى
پاڵەوانەکان بوونى هەیەو لەهەمان کاتدا پەیوەندییەکى ترازاو هەیە
لەنێوان پاڵەوانەکان و ئەو سروشتە دەرەکییەى ناوەوەى پاڵەوان،
دەردەکەوێت پاڵەوانەکان لەدەرەوە ههرچۆنێ بن بەڵام لەناوەوە رۆحێکى
مرۆڤ چاکن و نیەت پاکن، ئاکامە هونەرییەکەش بۆ ئەو ترازانە ئەوەیە کە
پاڵەوانەکان لەبەرچاومان نواندنە ئاماژەدارەکانیان بۆ دەربڕینى
ئازارەکانى سەردەم و پوچی ژیانى رۆژانەیە.
توانا هونەرییەکەى چیخۆف لەوێناکردنى کەسایەتى و داڕشتنى دایلۆگى
گونجاو و جیاواز مایەى هەڵوەستەکردنە لەسنوورى دەرەوەى کەسایەتییەکاندا،
ئەمەش جۆرە هێلکارییەکە بۆ بەرزکردنەوەى دەق لەبوونێکى ناوخۆییدا بۆ
بوونێکى جیهانى، لەگەڵ ئەوەى رەخنەگرانى وەکو (ریمۆند ولیامز) دەڵێت
شێوەى دایلۆگى پاڵەوانەکانى چیخۆف لەخوێندنەوەى وتار دەچێت بەڵام ئەم
شێوەیە تەواوکارى پاڵەوانەکانە بۆ نیشاندانى کەسێتیى چاکەکاریان و
لێشیان جیانابێتەوە نەک تەنها بۆ خستنەرووى فەلسەفەیەک و نەشتوانرێت
لەرووى دراماتیکدا وەک جووڵەیەک بکرێت بەبەرگى کارەکتەردا کەئەمەش
هۆکارێکە لەپێکهاتەى هزرى کارەکتەر بۆ شیکردنەوەى تەلەسمى رووداوەکان
كه فەرمان و ئەرکێکى شانۆییە لەگۆڕینى ماددەیەکى خام (دەق) بۆ دراما.
ماڵپەڕی
بوڕهان
جۆڵا
|