په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\١٢\٢٠١٠

سێیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانی بەڕێوەدەچێ.

 

ئاماده‌کردنی: مه‌نسوور جیهانی

 


بە نمایشی ٣٣ کورتە فیلم و دوو فیلمی سینەمایی، سێیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانی لە هۆڵی رۆشنبیری شاری سلێمانی بەرێوەدەچێت.


بە پێی راپۆڕتی راگەیاندنی گشتیی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانی، بە نمایشی دوو فیلمی سینەمایی، 18 کورتە فیلمی چیرۆکی و دیکۆمێنتی لە دەرهێنەرەکانی هەرێمی کوردستان، عێراق، تورکیا و ئەوروپا و هەروەها 15 کورتە فیلمی چیرۆکی و دیکۆمێنتی لە دەرهێنەرەکانی کوردەکانی ئێران و سینەماکاری ئێرانی، سێیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانی لە رۆژانی 23 تا 29ی دیسێمبەری 2010 لە تەلاری هونەر لە هۆڵی رۆشنبیری شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستان بەرێوەدەچێت.


سێیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانی کە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی هونەری سینەما و هەروەها بەڕێوەبەرێتی هونەری سینەمای سلێمانی و بە چاودێری پارێزگای سلێمانی بەرێوەدەچێت، کاتژمێر 30/3 دوانیوەڕۆی رۆژی پێنجشەمە 23ی دیسێمبەر بە نمایشی فیلمی سینەمایی "گەڕەکی داهۆڵەکان" لە دەرهێنانی حەسەن عەلی دەستپێدەکات و لە رۆژانی دیکەی فیستیڤاڵدا 33 کورتە فیلمی چیرۆکی و دیکۆمێنتی لە سینەماکارانی کورد و بیانی نمایش دەکرێن و هەروەها دوانیوەڕۆی رۆژی چوارەشەمە دوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی کۆتایی و دەستنیشان کردنی سەرکەوتووانی بەشە جۆراوجۆرەکان، ئەم فیستیڤاڵە بە نمایشی فیلمی سینەمایی "هەرمان" لە دەرهێنانی حوسێن حەسەن کۆتایی پێدێت.


ئەندامانی لێژنەی ناوبژیوانی سێیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانی بریتین لە: ـ هۆرێن غەریب، ماستەری سینەما و دەرهێنەری چەندین فیلمی دیکۆمێنتی کە بەم فیلمانە کۆمەڵێک خەڵاتی نێونەتەوەیی وەرگرتووە.


ـ ئازادە جەلال، ماستەری ئەکتەری لە زانکۆی بەغدا کە لە چەندین فیلمی سینەمایی و زنجیرە درامای تەلەفیزیۆنی وەکوو ئەکتەر رۆڵی بینیوە.


ـ عەتا عوسمان، بەکالۆریۆسی دەرهێنەری سینەما لە زانکۆی بەغدا و چەندین کۆرسی دەرهێنەری تەلەفیزیۆنی لە وڵاتی ئوستوڕاڵیا گوزەراندوە و دەرهێنەری چەندین فیلمی سینەماییە، کە "گەڕانەوە" یەکێکە لەو فیلمانە.


ـ سەتار چەمەنی گوڵ، دیپلۆمای لە کاری فیلمسازیدا وەرگرتووە، خاوەنی چەندین کورتە فیلمی چیرۆکی و دیکۆمێنتییە، لەوانە: "سنوور"، "دنیا کە ڕوون دەبێتەوە"، "رۆژێکی پڕ زام"، "روانینی دووبارە" و "فریشتەکانی نەجات"، هەر بەم فیلمانەوە لە کۆمەڵێک فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی بەشداری کردووە و چەندین خەڵاتی گرینگی نێونەتەوەیی بەدەستهێناوە، لەوانە: خەڵاتی سێیەمین خولی فیلمە سەربەخۆکانی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی "گراند ئۆف"ی پۆڵەندی و خەڵاتی باشترین فیلمی هەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "سکینا ئاپ" لە وڵاتی کۆزۆڤۆ کە چەند رۆژ پێش ئێستا وەریگرتووە.


ـ ئاوات عوسمان، ماستەری سینەما لە زانکۆی لەندەن، دەرهێنەری بۆ چەندین کورتە فیلم ئەنجامداوە، لەوانە: "سیمینار"، "با بیگۆڕین"، "خەونی هەنار" و "دەمەوێت رەنگاورەنگ ببینم" و هەر بەم فیلمانەوە چەندین خەڵاتی نێونەتەوەیی بەدەستهێناوە.


ناوی ئەو 15 کورتە فیلمە چیرۆکی و دیکۆمێنتییە کە لە سینەماکارانی کورد و هونەرمەندانی ئێرانی لە میانەی سێیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانی نمایش دەکرێن، بریتین لە: "راهی دیگر" واتە "رێگایەکی دیکە" لە دەرهێنانی ناسر نیکبەخت، "مهمانی زیر اب" واتە "میوانی ژێر ئاو" لە دەرهێنانی بابەک ئەمینی، "راوچی" لە دەرهێنانی جەعفەر نوورمحەمەدی، "انها هیچ کس را دوست ندارند" واتە "ئەوانە هیچ کەسیان خۆش ناوێت" لە دەرهێنانی جەلال ساعیدپەنا، "سفر سرد" واتە "سەفەری سارد" لە دەرهێنانی جەلال نەسیری هانیس، "غروب حلزون" واتە "ئێوارێ حەلەزوون" لە دەرهێنانی ئازاد محەمەدی، "یک تقویم، یک قبیلە" واتە "رۆژژمێرێک، عەشیرەیەک" لە دەرهێنانی هیوا سووفییە، "با خدا می رقسیم" "لەگەڵ خوا سەمادەکەین" لە دەرهێنانی هووشەنگ میرزایی، "چیدن سپیدەدم" واتە "چنینی سپێدە" لە دەرهێنانی تەیمور قادری، "رسوب" لە دەرهێنانی یاسەمەن شەریف مەنێش، "فردا نزدیک است" واتە "سبەی نزیکە" لە دەرهێنانی محەمەد رەزا میناپوور، "سکوت برکەها" واتە "بێدەنگی گۆلاوەکان" لە دەرهێنانی فاتمە دەست فەرد، "لبخند شکستە" واتە "پێکەنینی شکاو" لە دەرهێنانی هیوا ئەمین نیژاد، "ادمها" واتە "مرۆڤەکان" لە دەرهێنانی ماشەڵڵا محەمەدی و "دوبارە نگریستن" واتە "روانینی دوبارە" لە دەرهێنانی سەتار چەمەنی گوڵ.


هەروەها ناوی ئەو 18 کورتە فیلمە چیرۆکی و دیکۆمێنتییە کە لە دەرهێنەرەکانی هەرێمی کوردستان، عێراق، تورکیا و ئەورووپا لە میانەی سێیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانی نمایش دەکرێن، بریتین لە: "با بیگوڕین" لە دەرهێنانی "ئاوات عوسمان"، "بایتر" لە دەرهێنانی سەتار محەمەد ئەمین، "بریشک" لە دەرهێنانی سەربەست رەزا گەرمیانی، "ماچکۆل" لە دەرهێنانی بڕوا کامیل عەتار، "ئانتینا" لە دەرهێنانی عەدنان عوسمان، "بڕیارێک" لە دەرهێنانی سامان مەجید، "پیاوێک لە ئاڵتوون" لە دەرهێنانی مەریوان ئیبراهیم، "دۆتمان" لە دەرهێنانی حوسێن تەباخ، "یۆتۆپیا" لە ئەورووپا، "شەڕەفی خوێناویی" لە دەرهێنانی کەریم غەفوور (کەریمۆک)، "داهێنەری مەولوود" لە دەرهێنانی رەنجدەر رزگار، "رۆژی چوارەم" لە دەرهێنانی هەوراز محەمەد، "جەیش" لە دەرهێنانی سبەت کایا، "دایک و کوڕ" لە دەرهێنانی بوتیمار، "ماچی ئێسکەکان" لە دەرهێنانی محەمەد سەید، "پۆستەڵەکان" لە دەرهێنانی رزگار کاکەیی، "لالەش پەرستگەی ئیزەدییەکان" لە دەرهێنانی تەنیا کەریم و "دووهەمین وێنە" لە دەرهێنانی خوسرەو کەریما.


لە لایەن بەڕێەوەبەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە خەڵاتی ئاسکی ئاڵتوون بەسەر هونەرمەندانی سەرکەوتووی بەشی جۆراوجۆردا دابەشدەکرێت، لەوانە: خەڵاتی باشترین سیناریۆ، خەڵاتی باشترین دەرهێنەر، خەڵاتی باشترین ئەکتەری سەرەکی کچ، خەڵاتی باشترین ئەکتەری سەرەکی کوڕ، خەڵاتی باشترین وێنەگرتن (بەڕێوەبەری وێنەگرتن)، خەڵاتی باشترین مۆنتاژ، خەڵاتی باشترین فیلمی پەسەندکراوی لێژنەی داوەرانی فیستیڤاڵ، خەڵاتی باشترین فیلمی دیکیۆمێنتەری و خەڵاتی باشترین فیلمی تایبەت بە منداڵان.


لەم ڕێوڕەسمی کۆتایی سێیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانی کە لە کاتژمێر 30/3 دوانیوەڕۆی رۆژی چوارشەمە 29 دیسێمبەر بەڕێوەدەچێت، لە 5 هونەرمەندی بەئەزمونی هونەری دراما و سینەمای کوردی بە ناوەکانی؛ "ناسر حەسەن" دەرهێنەر، "جیهاد دڵپاک" ئەکتەر، "کاوە ئەحمەد میرزا" سیناریۆنووس و ئەکتەر، "عومەر کەریم ئاغا" ئەکتەر و "گەزیزە عومەر عەلی ئەمین" دەرهێنەر و ئەکتەر، کە تەمەنێکیان لە ڕێی هونەردا بەخشیوە و بەردەوام کاری باشیان پێشکەش میللەتەکەیان کردووە، لە لایەن بەڕێوەبەرانی فیستیڤاڵەوە بە پێشکەش کردنی لەوحەی فەخری و خەڵاتی تایبەت، رێزیان لێدەگیرێت.


سێیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانی بە نمایشی فیلمی بڵند سینەمایی، کورتە فیلمی چیرۆکی، فیلمی دیکۆمێنتی، فیلمی منداڵان و ئەنیمەیشێن لە بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لە رۆژانی 23 تا 29ی دیسێمبەری 2010 لە شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.
 


بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی گشتیی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانی


mansourjahani@gmail.com