١٤\١١\٢٠١٠
سێیەمین خولی
فێستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانی بەڕێوەدەچێ.
مەنسوور جیهانی
سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانی لە رۆژانی ٢٢ تا ٢٨ی
دیسێمبەری ٢٠١٠ لە تەلاری ھونەر لە ھۆڵی رۆشنبیری شاری سلێمانی لە
ھەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.
بە پێی راپۆڕتی راگەیاندنی گشتی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانی،
سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانی بە سەرپەرەستی
بەڕێوەبەرایەتی ھونەری سینەمای سلێمانی و بە بەشداری بەرھەمی
سینەماکارانی کورد لە چەندین بەشی جۆراوجۆر، لەوانە: "فیلمی درێژ"، "فیلمی
کورت"، "فیلمی دیکیۆمیێنت"، "فیلمی منداڵان"، "فیلمی ئەنیمەیشن" لە
رۆژانی ٢٢ تا ٢٨ی دیسێمبەری ٢٠١٠ لە تەلاری ھونەر لە ھۆڵی رۆشنبیری
شاری سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت و لە لایەن بەرپرسانی
فیستیڤاڵەوە دوایین مۆڵەت بۆ وەرگرتنی فیلمەکان رۆژی ٢٥/١١/٢٠١٠ دیاری
کراوە.
سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانی کاتژمێر ٣ دوانیوەڕۆی رۆژی
چوارشەمە ٢٢ی دیسێمبەر سەرەتا بە نمایشی فیلمێکی سینەمایی کوردی لە
تەلاری ھونەر لە ھۆڵی رۆشنبیری شاری سلێمانی دەستپێدەکات و لە ڕۆژانی
دواتردا بەشەکانی فێستیڤاڵ، پێشبڕکێی و نمایشی فیلمەکان بەڕێوەدەچن و
پاشان رۆژی سێشەمە ٢٨/١٢/٢٠١٠ کە ڕۆژی سینەمای جیھانییە، مەراسیمی
دابەشکردنی خەڵات و کۆتایی فیستیڤاڵ دەبێت.
خەڵاتی فیستیڤاڵ بریتی دەبێت لە ئاسکی زێرین و بڕێک پارەی دیاریکراو بۆ
بوارەکانی کارە سەرکەوتووەکان. "ئاسکی زێڕین" خەڵاتی پێشبڕکێی فیستیڤاڵ
وەکوو سمبولێک وەرگیراوە لە "کانی ئاسکانی" شاری سلێمانی و لۆگۆی
شارەوانی سلێمانیە، ئاسک نمونەی گیانلەبەرێکی نەرمونیان و پڕجوڵەیە و
خەڵاتی زۆربەی فیستیڤاڵەکانی دنیایش گیانلەبەرێکی زیندوە و ئەمەش
بەومانایەیە کە ھونەری حەوتەمیش (سینەما) ھونەری وێنە جوڵاوەکان و
زیندوێتی ژیانە.
خەڵاتەکانی سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانی بۆ بەشەکانی
پێشبرکێی، ئاسکی زێرین لەگەڵ بڕێک پارە بۆ ھەر یەکێک لە بوارە
جۆراوجۆرەکانە، لەوانە: خەڵاتی باشترین سیناریۆ، خەڵاتی باشترین
دەرھێنەر، خەڵاتی باشترین ئەکتەری سەرەکی کچ، خەڵاتی باشترین ئەکتەری
سەرەکی کوڕ، خەڵاتی باشترین وێنە گرتن (بەڕێوەبەری وێنەگرتن)، خەڵاتی
باشترین مۆنتاژ، خەڵاتی باشترین فیلمی پەسەندکراوی لێژنەی داوەرانی
فیستیڤاڵ، خەڵاتی باشترین فیلمی دیکیۆمێنتەری و خەڵاتی باشترین فیلمی
تایبەت بە منداڵان.
پەیڕە و پرۆگرامی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی
سلێمانی.
فیستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانی تایبەت بە نمایش کردن و ھەڵسەنگاندنی
فیلمی کوردی دەبێت، بە پێی ئەم تایبەتمەندیانەی خوارەوە فیلمەکان
وەردەگرێت:
ـ فیلمەکان بە سیستم و فۆرماتی HDcam، DVcam و٣٥mm وەردەگیرێت.
ـ فیستیڤاڵ فیلمی درێژ، فیلمی کورت، فیلمی دیکیۆمێنت، فیلمی منداڵان و
فیلمی ئەنیمەیشن وەردەگرێت.
ـ کاتی کورتە فیلمەکان نابێت لە (٥) خولەک کەمتر بێت.
ـ فیلمە بەشداربووەکان لە لایەن لێژنەی بەرایی و پەسەندکردنەوە بۆ ئەم
ئاستانەی خوارەوە جیادەکرێنەوە:
١ـ پەسەند کردن بۆ بەشی پێشبڕکێی (خەڵات).
٢ـ پەسەند کردن تەنھا بۆ بەشی نمایش.
٣ـ پەسەند نەکردندن و وەلانان.
ـ ئەو فیلمانەی کە دەنێردرێن بۆ ئەم فیستیڤاڵە لەھەر بەشێکی فیستیڤاڵ
پەسەند بکرێن (بەشی نمایش و بەشی پێشبرکێی و نمایش نەکردن) لە فیستیڤاڵ،
بەرھەمھێنەرانیان و دەرھێنەریان ناتوانن فیلمەکە لە فیستیڤاڵ
وەربگرنەوە.
ـ ئەو فیلمانەی دەنێردرێن بۆ فیستیڤاڵ نابێت لە فیستیڤاڵەکانی ناوشاری
سلێمانی، کەناڵە ئاسمانی و ناوخۆییە تەلەفیزیۆنیەکانی ھەرێمی کوردستان
نمایش کرابن.
ـ ئەو فیلمانەی دەنێردرێن بۆ فیستیڤاڵ دەبێت بەرھەمی ساڵی ٢٠٠٨ تا ٢٠١٠
بن.
ـ دەرھێنەران دەتوانن تەنھا بە یەک کاری فیلمسازی بەشداری لە
فیستیڤاڵدا بکەن.
ـ ئەو فیلمە کوردیانەی لە دەرەوەی ھەرێمی کوردستان بەرھەم ھاتوون،
فیستیڤاڵ پێشوازیان لێدەکات و بێ جیاوازی لەگەڵ فیلمەکانی ناو ھەرێمی
کوردستان، سەرجەم قۆناغەکان دەبڕێت.
ـ ناردنی فیلمەکان لە ناو ھەرێمی کوردستان، دەرەوەی ھەرێمی کوردستان بۆ
فیستیڤاڵ لە ڕێگەی نوێنەرەکانەوە دەبێت، بە دوو کۆپی (کاسێت و دووDVD )
وەردەگیرێت لەگەڵ چەند وێنەیەکی فۆتۆگرافی فیلمەکە بە کوالیتی بەرز و
پۆستەری تایبەت بە کارەکە بە شێوەی (PDF) لەسەر سی دی CD.
ـ خەڵاتی براوە دەدرێت بە خودی کەسی پێبەخشراو بۆ ھەر بوارێک کە لە
بەشی پێشبرکێی ئاماژەی پێدراوە.
ـ ئەو فیلمانەی دەنێردرێن بۆ سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی
سلێمانی دەبێت ئەو مەرجانەی خوارەوەیان ھەبێت:
١ـ دەبێت فیلمی کوردی بن چونکە ئەم فیستیڤاڵە بۆ ئەوەیە کە فیلمی کوردی
رەنگ، ڕووی پێشکەوتن و بەردەوامی خۆی نمایش بکات.
٢ـ دەبێت دەرھێنەری فیلمەکان کوردبن، بابەت و ناوەڕۆکی فیلمەکان کوردی
بن.
٣ـ دەبێت فیلمەکان سابتایتڵی ئینگلیزیان لەسەر بێت.
ئەو سینەماکارانە و ھەروەھا ئەو بەرھەمھێنەرانەی کە بەتەمان
فیلمەکانیان بۆ بەشداری لە بەشە جۆراوجۆرەکانی سێیەمین خولی فیستیڤاڵی
فیلمی کوردی سلێمانی رەوانە بکەن، دەبێت فۆڕمی بەشداری لەم فیستیڤاڵە
لە نوێنەرایەتییەکانی فیستیڤاڵ لە شارە جۆراوجۆرەکانی ھەرێمی کوردستان
و وڵاتی ئێران و ھەروەھا وڵاتی سووریا وەربگرن، کە ناو و ژمارە
تەلەفوونی ئەو نوێنەرانە لە خوارەوە ھاتووە:
ـ رێکخەری فیستیڤاڵ بەڕێوەبەرایەتی ھونەری سینەمای سلێمانی (گەڕەکی
بەختیاری ... بەرامبەر پەیمانگەی ئیڤریست) فیلمەکان لە بەشی پلان و
بەدواداچوون وەردەگیرێت.
ـ لە شاری ھەولێر (بەڕێوەبەرایەتی ھونەری سینەمای ھەولێر) "شاخەوان
ئیدریس" و "کەریمۆک" ٠٧٥٠٤٦٦٦٨٣١
ـ لە شاری دھۆک (بەڕێوەبەرایەتی ھونەری سینەمای دھۆک) خاتوو "ڤیان
مائی" ٠٧٥٠٤٥٤٥٥٨٧
ـ لە شاری کەرکوک (بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و ھونەری کەرکوک) "محەمەد
سەید"
٠٧٧٠١٣٠٤٦٨٤
ـ لە شاری ھەڵەبجەی شەھید (بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و ھونەری ھەڵەبجەی
شەھید "ئیبراھیم ھەورامانی"
ـ لە ئیدارەی گەرمیان (بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و ھونەری گەرمیان)
"ئومێد سعداللە" ٠٧٧٠١٩٨٨٢٧٠
ـ لە وڵاتی ئێران (کۆمپانیای "ستاک فیلم" لە شاری سنە) بە سەرۆکایەتی
خاتوو "ڤیدا ساڵحی" ٠٠٩٨٩١٨٨٧٧٤٧٥٥ و "سەتار چەمەنی گوڵ"
٠٠٩٨٩١٨٨٧٠٩٢٣٧
ـ لە کوردستانی سووریا و لە شاری دیمەشق "نەدیم ئادۆ" ٠٠٩٦٣٩٨٨٢٩٤٤٠٤
سینەماکاران و بەرھەمھێنەرانی بەشداربوو لە فیستیڤاڵ دەتوانن بۆ
وەرگرتنی زانیاری زیاتر سەبارەت بە بەڕێوەچوونی سێیەمین خولی فیستیڤاڵی
فیلمی کوردی سلێمانی لە رێگای ژمارە تەلەفونەکانی ٠٧٧٠٥٤٨٣٤٦٦ یا
٠٧٥٠٣٦٨٤٢٤٤ بە بەڕێوەبەری فیستیڤاڵ لە ھەرێمی کوردستان پەیوەندی بگرن
یا لە رێگای ئیمەیلی تایبەتی بەڕێوەبەرایەتی ھونەری سینەمای سلێمانی
sulycinema@gmail.com پرسیارەکانی خۆیان ئاراستە بکەن.
بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی گشتی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانی.
---------------------------------------------------------------------------------------------------------------------------------------
فیلمی سینەمایی
"پەڕینەوە لە غوبار" لە وڵاتی چین نمایشکرا.
فیلمی سینەمایی "پەڕینەوە لە غوبار" لە دەرهێنانی شەوکەت ئەمین کورکی
لە شارەکانی شانگهای و پیکەن لە وڵاتی چین نمایشکرا.
بە پێی راپۆڕتی راگەیاندنی گشتی کۆمپانیای "نارین فیلم"، فیلمی
سینەمایی "پەڕینەوە لە غوبار" لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد شەوکەت
ئەمین کورکی لە رۆژانی 1تا 7ی نۆڤەمبەر لە شارەکانی شانگهای و پیکەن
لەگەڵ پێشانگای "شاریسم" لە وڵاتی چین نمایشکرا.
فیلمی سینەمایی "پەڕینەوە لە غوبار" کە تا ئێستا زیاتر لە 50 فیستیڤاڵی
گرینگی سینەمای دنیا بەشداری کردووە و زیاتر لە 10 خەڵاتی پڕبایەخی
بەدەستهێناوە، لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا لە بەشی تایبەت بە
ناساندن و تەرکیز لە سەر سینەمای کوردستان بە ناونیشانی "سینەمای
کوردستان ـ رۆحی بێ شکەست" لە پازدەهەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی
فیلمی "پووسان" لە کۆریای باشوور نمایشکرا.
لە بەشی "سینەمای کوردستان"دا 6 فیلمی کوردی لە سینەماکارانی کورد
نمایشکران، لەوانە: فیلمی "رێگا" لە دەرهێنانی "یەڵماز گۆنای"، فیلمی
"نیوە مانگ" لە دەرهێنانی "بەهمەن قوبادی"، فیلمی سینەمایی "دەیوید
تۆلهیڵدان" David the Tolhildan لە دەرهێنانی "مانۆ خەلیل"، فیلمی
"براکوشی" لە دەرهێنانی "یەڵماز ئەرسەلان"، فیلمی "منداڵانی دیاربەکر"
لە دەرهێنانی "میراز بیزار" و فیلمی "ڤودکا لێمۆن" لە دەرهێنانی "هونەر
سەلیم".
ئەم فیستیڤاڵە بە نمایشی 308 فیلم لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان و لە 11
بەشی جیاواز، لەوانە: "رەوتی نوێ"، "دەلاقەیەک بەرەو سینەمای ئاسیا"،
"دیاری فیستیڤاڵ"، بەشی تازە دامەزراوی "فلەش فۆروارد"، "سینەمای
ئەمڕۆی کۆریا"، بەشی تایبەت "سینەمای کوردستان ـ رۆحی فەتح نەکراو"،
بەشی تایبەت "سینەمای کۆماری چیک"، بەشی "گۆشەی کراوە" تایبەت بە کورتە
فیلمەکانی چیرۆکی و دیکۆمێنتی، بەشی "سینەمای کراوە" و بەشی "نیوە شەو"
لە رۆژانی 7 تا 15ی ئۆکتۆبری 2010 لە شاری بەندەری پووسان لە وڵاتی
کۆریای باشوور بەڕێوەچوو.
mansourjahani@gmail.com
|