په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\٩\٢٠١٨

سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی بەڕێوەدەچێ.

 

مەنسوور جیهانی


سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی لە رۆژانی ١٠ تا ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٨ لە ٥ ھۆڵی سیتی سینەما لە شاری سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێ.

ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنیی سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی و ڕێزلێنان و دەستخۆشی لە کۆمەلێک کەسایەتی شاری سلێمانی کە یارمەتی دوو خولی پێشووی ئەم فێستیڤاڵەیانداوە بە بەشداریی کۆمەڵێک لە ھونەرمەندانی پێشەنگی ھەرێمی کورستان و ھەروەھا بەرپرسانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی، لەوانە: "فوئاد جەلال" بەڕێوەبەری فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی، "دانەر عومەر" بەڕێوەبەری ھونەریی و "لینا ڕەزا" بەرنامەداڕێژیی ئەم فێستیڤاڵە لە ھوتێل "ڕامادا" لە شاری سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو و مەلا بەختیار سەرۆکی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی لەم بەرنامەیەدا گوتی: میوانە ئازیزەکان، پڕ بە دڵ بەخێرھاتنتان دەکەین، ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی و بە ئامادەبوونی ھەموو ئێوەی خۆشەویست و لە ڕێگای کەناڵەکانیشەوە بۆ گەلی کوردستان و ڕای گشتیی رایدەگەیەنین کە تەواوی ئامادەکارییەکانی سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی کراوە بە ھەموو توانایەکەوە و بە ئەزموون وەرگرتن لە ھەر دوو خولی پێشووی فێستیڤاڵ، کارەکانی خۆی دەستپێدەکات. ئومێدەوارین ھەر وەکوو لە یەکەمین فێستیڤاَل بەڵێنماندا بەردەوام بین و ئەمە گەیانماندە سێیەمین فێستیڤاڵ وەکوو پەندی پێشینیانیش دەڵێت شەرتی پیاوەتی سێ جارە.

گوتیشی: بێگومان سێ فێستیڤاڵێکی دیکەش من لەگەڵیان دەبم و لە یەکەمین فێستیڤاڵیش ڕامگەیاند کە تا شەشەمین خولیش ھەر لە خزمەتیاندا دەبم، دەستخۆشی لە ھەموو ئەو ھونەرمەندانە دەکەین کە ئامادەکارییەکی تەواویان بۆ سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی کردووە و ھیوادارم پرۆگرامی ئەوتۆیان ئامادەکردبێت و دەستەی ھەڵبژاردنی فێستیڤاڵ فیلم گەلی ئەوتۆیان دەستەبژێر کردبێت و لە رۆژانی فێستیڤاڵدا ھونەردۆستان و سینمادۆستان رازی بن و لە سێیەمین خولدا فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی لە خەم بڕەخسێت، تا خولی سێیەم دەترساین بەڵام لە سێیەم بەدواوە نەترساوین.

ئەوەیشی خستەڕوو: جێی خۆیەتی بۆ سێیەمین خولی فێستیڤاڵ سوپاسی بێ پایانی شەخسی خۆم ئاراستەی برای بەڕێز کاک نێچیرڤان بارزانی بکەم کە خۆم تەکلیفم لێکرد پێویسیتییەکانی سێیەمین فێیستیڤاڵ دابین بکات، ھیمەتی کرد و لە ڕووی مادییەوە تەواوی پێویسیتییەکانی دابینکرد. بۆیە لە سێیەمین فێستیڤاڵ، پێویست نابین جارێکی دیکە بێینە خزمەتی سەرمایەدارە کوردپەروەر، نیشتمان پەروەر و ھونەرپەروەکانی کوردستان کە بەشێکیان لێرە ئامادەن و دیسانەوە لە ناخمەوە سوپاستان دەکەم بەشێکی زۆریان کە لێرە دانیشتوون و ھەندێکیشیان لێرە نین، شەخسی خۆم تەلەفوونم بۆ سەتا نەدونوویان کرد کە ھاوکاری فێستیڤاڵ بکەن، ھەندێکیان لە تەوەقوعی ھەموومان زیاتر یارمەتیانداین، ھەندێکیشیان چەندیان لێداواکرا ھیمەتیان کرد و ھەندێکیشیان دوو بەرانبەر لەوەی کە داوای لێکرابوو یارمەتیداین. من ھەندێک جار لە ھەڵوێستی نەشیاو لە کەسێک یا دوو کەس دەبینم لەڕاستیدا خۆم پێناگیرێت.

گوتیشی: ڕەنگە خۆم شەخسی بۆ ١٠٠ سەرمایەدار تەلەفونم کردبێت بەداخەوە تەنھا دوانیان کە لە سایەی ڕاپەڕین و بە ھیمەتی پێشمەرگە لە سایەی ئەزموونی دەسەڵاتی دیموکراسی کوردستان ھیچیان نەبێت، ئێستا میلیۆنێرن، من باشیان دەناسم ھیچیان نەبوو، لە ساجی عەلییەوە ئێستا ئەوان میلیۆنێرن، نەک میلیۆن دۆلار، ١٠٠ میلیۆن دۆلاریشیان ھەیە، بەداخەوە چڕووکی خۆیان دەرخست و ئامادەنەبوون یارمەتیمان بدەن، یارمەتی وایان پێشنیار کرد کە پیاو شەرم دەکات باسی بکات. بۆیە ئەو قسەیە دەکەم ئەوانە دەبوایە جوامێربن، ھەر ئەوەندەیان پێدەڵێم، بەداخەوە جوامێرنەبوون.

مەلا بەختیار لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: ھەمووی ئەو برایانەی لێرەن یارمەتیان داوین و ئەوانەی یارمەتیشیان نەداوین یا یارمەتیانداوین و لێرەنین حەز دەکەم دڵنیایان بکەم دوا دۆلار و دوا دیناری یارمەتییەک کە داویانە بە فێستیڤاڵ، ئەوەندەی من ئاگاداربم ھەموو خراوەتە خزمەتی داھێنانی ئەم فێستیڤاڵەوە. و بە لێژنەیەک و بە چاودێرییەکی وردەوە سەرفکراوە. خۆشتان دەبینن لە سێیەمین فێستیڤاڵ کە ئەوە توانای داراییەکی زۆری دەوێت تاکوو بتوانێت سەرکەوتن بەدەست بێنێت و ئەمە تەنھا بە عەشق، تەنھا بە بەھرە، تەنھا بە پەرۆشی و تەنھا بە خۆبەخشینی فێستیڤاڵ دەرکەوتووە و ئەم ھەمووە میواندارییە بە بێ عەشق ئەنجامنادرێت.

گوتیشی: ئێستا کە سێیەمین فێستیڤاڵ ڕادەگەیەنین خۆشبەختانە شاری سلێمانی خەریکە پەڵەی پێتەختی ڕۆشنبیری دەدات، چالاکییەکان لە ھەموو بوارێکەوە بەردەوامن. لە مانگی ١٠ لە سلێمانی گەورەترین پانۆڕامای ھونەریی بە پێشکەوتنێکی زۆربەی ھونەرمەندانی ئێران لە بەر دەرکی سەرا ئەنجامدەدرێت، دەیبینن کە یەکەمین پانۆڕاما یا ھونەری بەرجەستە یا خود پەیکەرەی جۆراوجۆر کە ڕەنگە لەسەر ئاستی عێراقیش شتی وا ڕووینەدابێت و نەکرابێت و دانەھێنرابێت، زۆربەی ھونەمەندانی عێراق و عەڕەب و مەسیحی و تورکمان و کلدانی کاریان تێداکردووە و بەشداریان تێداکرووە و دەیبینن کە دەبێت بە یەکێک لە شوێنە ھونەرییەکانی کە ئێوە شانازیی پێوەبکەن.

سەرۆکی بۆردی پشتیوانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: بۆ ئەوەش ئێمە تەکلیفمان لە برای خۆشەویست کاکە "جەماڵ جەلال" کرد، تەاوی تیاچووی ئەم پڕۆژەیە ئەو ئەنجامی بدات. واھەست دەکەم سلێمانی خەریکە پەڵە دەدات، پێتەختی سلێمانی کە لە سەرەتاوە و لە سێیەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ، یەکەمین بنکەی ڕووناکبیری کە دروشمی بە پایتەخت کردنی رۆشنبیری سلێمانی بەرزکردەوە لە فێستیڤاڵی گەلاوێژ بەرزمان کردەوە و زۆر ھەوڵماندا لە دوای سێیەمین فێستیڤاڵ ھەتا ئەو رۆژەی جەنابی سەرۆک وەزیرانی کوردستان ھاتە فێستیڤاڵی گەلاوێژ و قەناعەتی کرد کە دەبێت بکرێتە پایتەخت، زۆر ھەوڵماندا سەرۆک وەزیرەکانی دیکە ئامادەنەبوون ئەو بڕیارە بۆ سلێمانی بدەن. کە ھەموویان بە ئاووھەوای سلێمانی گەورەبوون. سلێمانی نەبوایە کەس نەیدەزانی ئەوانە کێن.

ئەوەیشی خستەڕوو: خۆشحاڵم کە توانیمان بۆ مێژوو سلێمانی مافی خۆی وەربگرێت و بیکەین بە پایتەخت. ئەم پایتەختە بێگومان چالاکییەکان دڵخۆشکەرەن بەڵام ھێشتا زۆر زۆری ماوە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و پەڕڵەمانی کوردستان و تەنانەت حکوومەتی عێراقیش حەقی وایە ئاوڕێکی گەورە لە پایتەختی رۆشنبیری سلێمانی بدات و بیکات بە پایتەختی رۆشنبیری ھەموو عێراق. ھەموو چالاکییەکانی رۆشنبیری لە عێراقدا لە ڕووی ئەدەبی و ھونەریی و لە ھەموو بارێکەوە حەقە سلێمانی لەبارترین شوێنە بۆ ئەوەی ئەو چالاکیانە لەسەر ئاستی و لە سلێمانی ئەنجامبدرێت و پێشنیاریش دەکەم پەڕڵەمانی عێراق بیرلەوە بکاتەوە سلێمانی وەکوو پێتەختی رۆشنبیری ھەموو عێراق حیسابی بۆ بکات.

گوتیشی: و بەوە گۆڕانێکی گەورە و قۆناغێکی گەورەتر لە پایتەختبوونی سلێمانی و رۆشنبیری کوردستان دەچینە پێشوە و بێگومان ئەو کاتە ھاوشانی ئەو ھەوڵانەی کە وەزارەتی رۆشنبیری، وەزارەتی گەشتووگوزار و وەزارەتی تەندروستی دەیدات و سلێمانی بۆتە یەکێک لە ناوەندەکانی سیاحەتی تەندروستی و سیاحەتی گەشت و گوزار و ئێستا کە پایتەختی رۆناکبیری کوردستانە ئەگەر بگات بە پایتەختی رۆناکبیری عێراق بێگومان ئەو کاتە ھەم ئاسا چالاکییە ھونەرییەکانی سەرانسەری عێراق لە بەسرەوە تاکوو زاخۆ دێتە ئێرە و پێشکەوتنێکی گەورە بەدیدێنین.

مەلا بەختیار لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: من سوپاسی کاکە فوئاد، کۆمپانیای مەستی فیلم، کاکە دانەر و لینا خان دەکەم و ھەروەھا ھەموو ئەو خوشک برا ئازیزەی کە دەزانم سێ مانگە رۆژانە شەونخوونی دەچێژن و ھیلاک دەبن بۆ ئەوەی سێیەمین خولی فێستیڤاڵ نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی شایستەی شاری سلێمانی و شایستەی کوردستان بێت. و بە دڵنیاییەوە ڕەوتەکە وابووە و دڵنیام کە شەشەمین و حەوتەمین فێستیڤاڵ سلێمانی دەبێت بە ناوەندێکی گەورە بۆ فێستیڤاڵی سینەمایی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ئەگەر بە ھەموومان ھیمەت بکەین و دەبین بە پێشەنگی فێستیڤاڵە سینەماییەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئەو کاتە دەبینن ئەکتەرە ھەرە بەناوبانگەکانی وڵاتانی عەڕەبی و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دێنە ئەم شارە و شانازیی بە ھەمووتان دەکەن.

گوتیشی: لە کۆتاییدا من سوپاسی ھەموو ئەو سەرمایەدارە نیشتمانپەروەر و ئازیزانە دەکەم کە ئێستا تەشریفیان لێرەیە و جەخت دەکەمەوە کە بە ھیمەت کردن بۆ ئەم جۆرە پڕۆژانە و بۆ ئەم جۆرە داھێنانە یەکجار یەکجار کارێکی گەورەیە بۆ نەتەوەکەتان، بۆ ھونەرمەندەکان و دەیان ھەزار ھونەردۆست، ھەر کەسێک لە ماڵی خۆی لە شوێنی خۆی پێی خۆشە ھونەر لە وڵاتەکەی گەشە بکات. بۆیە موڵکی دنیا و یەکێک لە بوارانەی کە دەبێت بەکاربێت بەڕاستی بواری بەھرە و بواری داھێنانە. ھیچ بوارێکیش لە بوارەکانی بەھرە و داھێنان بەقەت سینەما ناتوانێت شوناسی نەتەوەیی ئێمە، شوناسی دیموکراسی ئێمە و شوناسی سەربەرزی ئێمە بە ھەموو جێھان بناسێنێت.

مەلا بەختیار لە کۆتایی ئاخاوتنەکەیدا ئاماژەی بەوەشکرد: سینەما یەگجار گرینگە، نەبین بە خاوەن سینەما، نابین بە نەتەوەیەک کە لە شارستانییەتی ئەم سەردەمەدا بژیت. ببین بە خاوەن سینەما دەچینە ناو بازنەی شارستانییەتی ئەو سەردەمەدا. زۆر سپاس بۆ ھەموو لایەک و ھیوادارم کە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی بەردەوام بێت و شاری سلێمانی ھەمیشە پێشەنگ بێت لە پێناوی بەھرە و بەھرەمەنداندا.

لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕێوڕەسمەدا بە ھۆی پێزانین و سوپاس و رێزلێنان لە بەرانبەر ئەو کارە گەورەیەی سەرمایەدار و کەسایەتییەکانی سلێمانی بە دوو خولی پێشووی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی بەخشیویانە، لە لایەن بەرپرسانی ئەم فێستیڤاڵەوە و ھەروەھا بەدەستی ھونەرمەندانی پێشەنگی شاری سلێمانییەوە خەڵاتی تایبەتیان پێبەخشرا.

لە کۆتایی ئەم بەرنامەیەدا گرووپی موزیکی "لووڕ" بە ئاوازدانەری و بە دابەشکردن و بە سەرپەرسەتی "نزار زێوەیی" و بە دەنگی "عوسمان میروەیس" چەندین گۆرانی ڕەسەنی کوردییان پێشکەش کرد.

 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک