٢\١٠\٢٠١٣
شادیی
منداڵەکانمان.. شادیی گەلەکەمانە.

رەزا ساڵح
بێگومان هەموو دایکان و باوکان، لە ناخی دڵیانەوە، هیواخوازی ئەوەن ،
کە جگەرگۆشەکانیان بە ئەوپەڕی شادی و کامەرانییەوە بژین.. ژیانیان
پڕبێت لە خۆشی و لە خۆشەویستی.. لە هیوا و لە خەونی شیرین و سەوز، لە
خەندە و لە پێکەنین.
دایکان و باوکان ، بێ ئەوەی بیر لە ژیانی خۆیان بکەنەوە، بێ ئەوەی
ژیانی سەختی رابردووی خۆیان بێنەوە بەرچاو.. بە ئەوپەڕی توانایانەوە
هەوڵی ئەوە دەدەن ، کە منداڵەکانیان بەختەوەر و شاد بکەن .. بە باشی و
دروستی گەورەیان بکەن .. تا بتوانن ببن بە کەسانێکی ئاسایی و ، لەگەڵ
دەوروبەرەکانیاندا بسازێن و ، بە باشی و دروستی و سەردەمیانە
رەفتاربکەن .. بێ ئەوەی هیچ گرێ و گرفتێکی دەروونی و ، رق و کینە و
بوغز لە دڵە پاک و قنجەکانیاندا شوێنیان هەبێت .. دایکان و باوکان بۆ
هێنانەدیی ئەم ئامانجە پیرۆزەیان .. ئامادەی ئەوەن ، لە پێناوی شادی و
کامەرانی و خۆشگوزەرانی منداڵەکانیان.. قوربانی بە خۆشی و بە ژیانی
خۆشیان بدەن.
هەموومان ئەوە دەزانین ، کە منداڵە چاوگەشەکانی ئەمڕۆمانن ، کە دەبنە
تاک و بە کۆمەڵی کۆمەڵگای کوردیمان .. تا زیاتر بە دروستی و شیاوی
رەفتاریان لەگەڵدا بکەین .. تا زیاتر پێویستی و پێداویستییەکانی
گەشەکردنیان جێبەجێ بکەین .. تا زیاتر هۆکانی شادی و خۆشیان بۆ دابین
بکەین .. تا زیاتر هاوکار و پاڵپشتی گەشەکردنی بەهرە و خولیاکانیان
ببین.. تا زیاتر رێز لە بیر و را و لە بۆچوونەکانیان بگرین .. تا
زیاتریش ئازادی و سەرفرازیان پێببەخشین ، زیاتر بە نەرم و نیانی و ،
رووخۆشی و بزە و پێکەنینەوە لە ئامێزیان بگرین .. ئەگەر سۆز و
خۆشەویستیی زیاتریان پێ ببەخشین .. زەمینەیەکی ئەوتۆیان بۆ بڕەخسێنین ،
کە زیاتر بە هێمنی و ئاشتی و بە ئاسوودەیی و دڵنیاییەوە بژین .. تا
زیاتر .. و .. زیاتر ... هتد . منداڵەکانمان زیاتر بڕوا و متمانەمان
پێدەکەن و .. زیاتریش دڵنیا دەبن لە دڵسۆزی و لە خۆشەویستیمان بۆیان ..
ئێمەش دڵنیا دەبین ، کە لە داهاتوودا ، دەبنە تاک و کۆمەڵی کۆمەڵگایەکی
کوردیی دروست و تەبا .. کەواتە چۆنییەتی گۆشکردن و پەروەردەکردن ،
چۆنییەتی رەفتارکردن لەگەڵ منداڵانی ئەمڕۆدا .. بە باشی و دروستی ، یا
بە خراپی و سەقەتی ، کاریگەری و رەنگدانەوەیان لەسەر ئەمڕی
منداڵەکانمان و .. لە داهاتووی گەل و نیشتمانەکەمان دەبێت .. لەم
روانگەیەوە ، چارەنووس و داهاتووی کورد و کوردستان .. بەندە بە رادەی
چۆنییەتی پەروەردەکرن و رێنمایی و ئاراستەکردن و ئامادەکردنی منداڵە
چاوگەشەکانی ئەمڕۆمانەوە .. کورد وتەنیش : " چی بچێنین .. ئەوە
دەدوورینەوە ".
تا زیاتریش دایکان و باوکان ، وریا و شارەزابن ، تا لەسەرخۆتر و
دڵفراوانتربن .. بە خۆشەویستی و دروستییەوە ، مامەڵە و هەڵسوکەوت لەگەڵ
هەڵەکانی منداڵەکانیاندا بکەن ، تا زیاتر لە سروشت و لە سیماکانی
قۆناغەکانی ژیانی منداڵێتی بگەن .. ئەوەش بزانن کە خواست و
پێویستییەکانی منداڵانی ئەمڕۆ .. هەمان خواست و پێداویستییەکانی نەوەی
پێشتریان نین .. یا بڵێین وەکو ئێمەی گەورە نین .. منداڵانی ئەمڕۆمان
منداڵانی سەردەمی تەکنۆلۆژیای تازە و داهێنانی سەیر و سەمەرە و
جیهانگیرین .. بۆیە خەون و خواست و پێویستییەکانیان لەگەڵ منداڵانی پێش
خۆیاندا جیاوازن .. پێویستە دایکان و باوکانی ئەمڕۆمان ئەو راستییانە
لەبەرچاوبگرن ، نابێ کۆنەپەرست و رابردووخواز بن .. نابێت شیوازی
پەروەردە و گۆشکردنی کلیشەداری رابردوو دووبارە بکەنەوە.
دایکانی میهرەبان و باوکانی دڵسۆز ، وا تێ مەگەن کە شادی منداڵەکانتان
، تەنها بە پارە و سامان و ، بە جلوبەرگی ئاڵاواڵای جوان و ، بە
خواردنی خۆش و ، بە پاک و تەمیزی و ، بە دابین کردنی بابەتی سەیر و
سەمەرەی یاری کردن و ، بە رازانەوەی ژووری جوان .. دێتە دی . شادی
شتێکی ماددی نییە ، کە وەکو دیارییەکی قەشەنگی جوان پێچراوە پێشکەشی
منداڵەکانتانی بکەن .. شادی پێویستییەکی دەروونی و رووحی منداڵانە ..
شادی کلیلی ژیانێکی خۆشە .. شادی بە پارە و بە هەموو زێڕ و زیوی دنیا
نایەتە دی .. چونکە لە زێڕ و زیویش زۆر گرنگتر و بەنرخترە .. دەبێ
ئەوەش بزانین کە شادی لە ئاسمانەوە نابارێت .. بەڵکو ئێمە لە زەویدا
دەیڕوێنین و بەرهەمی دێنین .. (جیان پاول) دەڵێ : " شادی باڵەکانمانن
.. ناخۆشیش شوێن پێیەکانمانن ..".
رووخۆشی و کرانەوە و زەردەخەنە و پێکەنینی منداڵان .. گرژی و گریان و
تۆران و گۆشەگیریی منداڵان .. ئەم دیاردانە رەنگدانەوەی شتە شاراوەکانی
ناخی دڵ و دەروونی منداڵانن .. دەشێ منداڵان بە زەردەخەنەی ناسکیان ،
بە رووخۆشیان ، بە چاوەکانیان ، بەچەپڵەلێدان .. بە هەڵبەزینەوەیان ..
گوزارشت لە شادی و خۆشیی خۆیان بکەن.
چۆن دەتوانین منداڵەکانمان شاد بکەین؟
(یەکەم): گرنگترین هۆی شادی کردنی منداڵەکانمان، ئەوەیە کە پێویستە
ئەوپەڕی خۆشەویستییان پی ببەخشین .. بە تایبەتیش خۆشەویستی لە لایەن
دایکان و باوکانەوە .. هەر ئەوەش بەس نییە ، کە لە ناخی دڵمانەوە
خۆشیانمان بوێت .. بەڵکو پیویستە بە وشەی باش وجوان و ، بە رستەی شیرین
، بە لە ئامێزگرتنیان ، بە ماچکردنیان ، بە دەستهێنان بە سەریاندا ..
خۆشەویستی و دڵسۆزی و سۆزی خۆمانیان بۆ دەربڕین و ئاشکرای بکەین ..
دەربڕینی رووبەڕووی سۆز و خۆشەویستیمان ، کاریگەرییەکی گرنگی لەسەر
منداڵەکانمان هەیە .. منداڵەکانمان هەست بەوە دەکەن ، کە بە راستی
خۆشیانمان دەوێن و .. شیرینن لەدڵماندا .. ئەم گوزارشتکردنەمان ، وا لە
منداڵەکانمان دەکات خۆیان و کەسانی تریشیان خۆشبوێ .. ئەم خۆشەویستییەش
لەگەڵیدا گەورە دەبێت . ( دیگۆن راسکن ) دەڵێ : " گەر کەمێک خۆشەویستی
بە منداڵەکەت ببەخشیت .. لە پاداشتی ئەم خۆشەویستییەت سوودێکی زۆرت
پێدەگات ..".
(دووەم) هۆیەکی گرنگی تری شادی منداڵان .. تەبایی و پێکەوسازانی
ئەندامانی خێزانە .. بە تایبەتیش خۆشەویستی و پەیوەندی باشی نیوان
دایکان و باوکان .. خێزان بەردی بناغە و بچووکترین یەکەی کۆمەڵایەتییە
.. ماڵیش یەکەمین ژینگە و یەکەمین قوتابخانەی منداڵانە .. بۆیە
چۆنییەتی پەیوەندی و رەفتار و دوان و هەڵسوکەوتی نێوان ئەندامانی خێزان
، بە باشی یا خراپی کاریگەریان لەسەر ژیانی ئەمڕۆ و ، لە داهاتووی
منداڵان دەبێت .. کاریگەرییان لەسەر شادی و ناشادییان دەبێت .. تا
دایکان و باوکان زیاتر تەبابن و یەکتریان خۆشبوێ و ، رێز لەیەکتری بگرن
.. بە رووخۆشی و گەشی و زەدەخەنەوە پێشوازی لە یەکتری بکەن .. دوو
هێندەش منداڵەکانیان هەست بە شادی و خۆشی و کامەرانی دەکەن ، هەست بە
ئارامی و دڵنیایی و ئاسوودەیی دەکەن .. هەست بەوە دەکەن ، کە لە سایەی
خۆشەویستی و نازی دایکان و باوکانێکی رێک و تەبادا بە شادی دەژین ..
کەواتە دایکان و باوکان ، پێویستە ئەم هۆیە گرنگە لە بەرچاو بگرن.
(نووسەری ئەم بابەتە : لە ساڵی ـ ١٩٨٥ـ دا ، کە مامۆستا بووم ، لە
قوتــــابخانەی ( عائیشە) ی تێکەڵاو ، لە گەڕەکی رەحیماوە لە شاری
کەرکوک ی کوردستان ، وانەی بیرکاریم بە پۆلی شەشەم دەوتەوە و ، ڕابەری
ئەو پۆلەش بووم .. یەکێک لە کچە قوتابییەکانم کە ناوی (نیان) بوو ، تا
بڵێی کچێکی جوان و ژیر و سەلار و زیرەک و هێمن بوو ، بەڵام هەمیشە کز و
مات و مەلوول و گۆشەگیر بوو ، لە دەموچاویدا ، لە قووڵی هەناسەکانیدا ،
لە کەم دووییدا ، بۆ ئەوە دەچووم کە نیان خەمێکی گەورە لە ناخی دڵیدا
پەنگاوەتەوە و دەری نابڕێت .. رۆژێ لە پۆلدا پسوولەی قوتابخانە -
البطاقة المدرسیة -ی قوتابییەکانی پۆلەکەم پڕ دەکردەوە کە ساڵانە ، لە
نزیک کۆتایی ساڵی خوێندندا پڕ دەکرایەوە ، بێجگە لە کۆمەڵێک زانیاری و
سەرنج و تێبینی مامۆستای رابەر دەربارەی هەر قوتابییەک ، کە بە نهێنی
پڕمان دەکردەوە ، هەچ گۆڕانێکیش لە باری خێزانیدا لەو ساڵەدا گۆڕانیان
بەسەر بهاتایە ، بە ئاشکرایی لە قوتابییەکانمان دەپرسی و تۆمار دەکرد
.. ئەوانەی کە ـ مامۆستان ـ دەزانن ئەو زانیاریان چی بوون لە (پسوولەی
قوتابخانە)دا هەبوون ، ئێستا نەماوە .. (نیان) لە سەرەتای ساڵەوە لە
بەغداوە گەرابوونەوە بۆ کەرکوک ، کە گەیشتمە سەر پڕکردنەوەی پسوولەکەی
ئەو ، لێم پرسی : باوکت لە ژیاندایە ؟ نیان وەڵامی دامەوە : " باوکم
مردووە " کە لەوە پێشتر نووسرابوو (زیندووە) منیش رەشم کردووە و نووسیم
(مردووە) کە زەنگی کۆتایی وانە لێدرا و پۆلم بەجێهێشت ، نیان بە دوامدا
هات .. رەنگی زەرد ببوو .. پێی گوتم : " مامۆستا ئەگەر کاتت هەیە
حەزدەکەم ، دووبەدوو کەمێ قسەت بۆ بکەم ".
پێکەوە چووین لە ژووری وێنەکێشان دانیشتین ، نیان زۆر بەکۆڵ دەستی بە
گریان کرد و چاوە گەشەکانی لە فرمێسکدا نوقم بوون .. لێتانی ناشارمەوە
منیش بەبێ ئەوەی بزانم کە کێشەی نیان چییە ، چاوەکانم پڕبوون لە فرمێسک
، زانیم کە نیان کێشەیەکی گەورەی هەیە .. پێیم گوت نیان : " من بە برا
گەورەی خۆت دانێ ، تۆ هەر قوتابیم نیت ، بە خوشکی خۆمت دەزانم ..
کێشەکەت چییە ؟ بۆ دەگری .. ؟ بەڵێن بێ ، بە ئەو پەڕی توانامەوە
یارمەتیت دەدەم ، نهێنییەکەشت دەپارێزم .. مەگری و قسەم بۆ بکە ؟ "
فرمێسکەکانی نیانم سڕی .. دوای ماوەیەکی گریان ، بەدەم هەنیسک دانەوە
.. نیان گوتی : " مامۆستا .. منیش نەک هەر مامۆستامی .. لە برایەک
زیاتر خۆشتم دەوێی .. من درۆم کرد و ، باوکم نەمردووە .. خۆزگە بمردایە
.. باوکم پیاوێکی شەڕانی ، دڵڕەق ، بێ بەزەیی ، گۆماناوی ، ئیش نەکەر
.. دڵپیس ، جوێنپیس ، ماڵمانی کردبوو بە دۆزەخ .. رۆژ نەبوو تێر و پڕ
لە دایکم نەدات ، هەر رۆژەی بیانوویەکی پێ دەگرت .. بڕوا ناکەم لە
دنیادا ژنێک هەبێت .. هێندە دایکم دڵی گەورە بێت و ، بەرگەی ئەو هەموو
ناهەقی و ستەمە بگرێت .... رۆژێک هاوڕێیەکی باوکم هات بۆ ماڵمان ، بۆ
لای باوکم هاتبوو ، هاوڕێی خواردنەوەی بوو ، لەوەپێشیش چەند جارێک ،
لەگەڵ باوکمدا هاتبوو بۆ ماڵمان ، کورد بوو ، دایکیشم فەرمووی لێکرد ..
دانیشە لەوانەیە پاش کەمێکی تر بێتەوە .. کە باوکم هاتەوە و چاوی بە
هاوڕێکەی کەوت .. دڵی لە دایکم پیس کرد .. هێندەی تر ماڵمان بوو بە
ئاگر و دۆزەخ .. کەس وەکو دایکم و منی بەسەر نەیات .. زۆر جار بەبێ هۆ
لەگەڵ دایکمدا تێر لە منیشی دەدا .. تا ساڵی پار باوکم هاوڕێکەی کوشت ،
دادگا بڕیاری بیست ساڵ بەندکردنی دا ، ئێمەش هاتینەوە بۆ کەرکوک ، من و
دایکم لەگەڵ نەنکم لە ماڵی خاڵمدا دەژین .. جا مامۆستا ، باوکێ وا بێت
.. کەی باوکە .. بە شەرمەزارییەوە بە باوکم ناوی دەبەم ؟ تاوانباری وا
قەت بە باوکمی نازانم .. بۆیە بە تۆم گوت مردووە .. ببوورە مامۆستا ..
ئەگەر زیانی بۆم نییە .. هەر بنووسە مردووە .. " نیان دیسان دەستی بە
گریان و فرمێسک رشتن کرد .. ئەگەرچی مانگێک مابوو بۆ کۆتایی ساڵی
خوێندن .. بەڵام هەموو رۆژێک چاوم بە نیان دەکەوت و ، زۆر دڵیم
دەدایەوە و ، قسەم بۆ دەکرد و ئامۆژگاریم دەکرد و .. تا ورەی بەرز
بکەمەوە .. چەند چیرۆکێک و سەرگوزشتەی ژیانی منداڵێتی پڕ لە نا خۆشی و
کوێرەوەری و و خۆڕاگرتن و کۆڵنەدان و هیوانەبڕان و تێکۆشانی ، هەندێ لە
کەڵە ناودارانی جیهانم بۆ کرد .. کە لە سایەی بڕوابەخۆبوون و تێکۆشاندا
توانیان زاڵبن و ژیان دروست بکەن .. توانیم تا رادەیەکی باش هیوا و
ئومید بخەمە دڵی نیانەوە .. لە هەفتەی کۆتایی ئەو مانگەدا ، دایکی نیان
هات بۆ لام و زۆر سوپاسی کردم و .. گوتی : " بە راستی نیانت لە خەم و
لە بێ ئومید رزگارکرد ، ئێستا ئەو دڵی من دەداتەوە " ئ نازانم ئێستا
نیان کەوتۆتە کوێوە و ، چی لێ هاتووە .. بەڵام هەرگیز ئەو رۆژە و
دیمەنی نیان و گریان و فرمێسکەکانیم لە یاد ناچن .. ( تێبینی : نیان
ناوێکی خوازراوە بۆ ناوە راستییەکەی ئەو قوتابییەم ) ئەمەی بۆم
گێڕانەوە .. چیرۆکێکی هەڵبەستراو نییە ، بەڵکو راستییەکە .. بۆ ئەوەش
باسم کرد .. تا بزانن کە ئاژاوەی نێوان دایک و باوک ، چ کاریگەرییەکی
خراپی دەروونی و جەستەیی لەسەر ژیانی منداڵان هەیە .. پەندێکی
کوردیشمان دەڵێ : " نە پێڵاوی تەنگ .. نە ماڵی بە جەنگ ".
(سێیەم) رەخنە و سەرزەنشت و تەریقکردنەوە و لۆمەی زیاد لە پێویست و ،
بە شێوازێکی زەق و رەق و زمانێکی زبر .. وا لە منداڵان دەکات متمانە و
بڕوایان بە خۆیان نەبێت و ، خۆیان بە کەسانێکی بێدەسەڵاتی شکستخواردوو
بزانن .. لە جیاتی رەخنە و لۆمە .. پێویستە هەڵەکانیان بە شێوەیەک بۆ
روون بکەینەوە ، کە هەستیان بریندار نەکەین و ، سەرکوێریان نەکەین ..
لە شیوەی خۆشەویستی و رێزگرتن .. بۆ نموونە بە منداڵی هەڵەکردوو بڵێین
: تۆ خۆشەویست و بەڕێز و راستگۆی ، ژیر و باش و دلۆڤانی .. لەو
بڕوایەدا نەبووین ، کە دووچاری ئەم هەڵەیە ببیت .. یا کارێکی وات
بکردایە ، هەموومان هەڵەدەکەین ، بەڵام پێویستە هەڵەکانمان راست
بکەینەوە.
(چوارەم) پێویستە ، کەشوهەوایەکی وا بێنینە کایەوە، کە منداڵەکانمان
هەست بە ئاسوودەیی بکەن .. شێوازی مامەڵەکردنمان لە گەڵیاندا دووربێت
لە زمانی هەڕەشە و گوڕەشە .. زۆر لە دایکان و باوکان ، دەیانەوێ بە
توند و تیژی و چاوسوورکردنەوە و لێدان ، منداڵەکانیان ناچاری
فەرماییشەکانیان بکەن ، یا بە شێوازێکی هەڵە و نادروست ئازاری
دەروونییان دەدەن .. بۆ نموونە : ئەگەر ئەوە بکەیت خۆشتم ناوێیت ،
ئەگەر بە قسەم نەکەیت .. قسەت لەگەڵ ناکەم .. بچیتە دەرەوە خوێڕی دەبیت
، لەوە زیاتر چەنە بازی مەکە و دەمت داخە .. بۆیە ( یۆنامات ) دەڵێ : "
تا تەمەنی سیازە ساڵیم ، وامدەزانی کە ناوم ـ دەمت داخە ـ یە .. " ئەو
قسە نەشیاوانە و شیوە هەڵانە ، منداڵان تووشی رەشبینی دەکات .. فێری
ترس و دڵەڕاوکێیان دەکات ، فێری کەلەڕەقی و دڵڕەقی و یاخی بوون و
لاساریان دەکات .. هەست بە خۆشی و خۆشەویستی و شادی ناکەن.
(پێنجەم) ستایش و پیاهەڵدان و دەستخۆشی و ئافرین و سوپاس کردنیان لەو
کارانەی کە ئەنجامیان دەدەن ، هۆیەکی گرنگی تری شادی و خۆشیی منداڵانن
.. دەستخۆشی لێکردنیان دەبێتە هاندەر بۆ درێژەدان و بەردەوامبوون لە
کارە پوخت و جوانەکانیاندا . شەکسپیر دەڵێ : " هیچ شتێک هێندەی ستایش و
پیاهەڵدان ، کار لە منداڵان ناکات " .
(شەشەم) پیویستە دایکان و باوکان کاتی گونجاویان هەبێت ، کە لەگەڵ
منداڵەکانیاندا بەسەری بەرن ، کاتی یاری کردن ، کاتی گەڕان و پیاسەکردن
، چون بۆ باخچەیەک ، چون بۆ شاری یاری ، بۆ پارکێکی گشتی ، بۆ سەیران
لە سەیرانگایەکدا ، بۆ ئاهەنگێک ، بۆ ـ بەشی منداڵان ـ لە کتێبخانەیەکی
گشتیدا ... هتد . ( جاکسۆن براون ) دەڵێ : " کاتی گەڕان و یاری لەگەڵ
منداڵەکانتدا دوامەخە .. ئەو کاتانە چۆن بۆ تۆ گرنگن ، بۆ ئەوانیش
ئەوها گرنگن .. ".
(حەوتەم) پیویستە رێ بە منداڵەکانمان بدەین ، کە بە ئازادی و راشکاوی
گوزارشت لە را و بیر و بۆچوونی خۆیان بکەن .. یا بە دڵی خۆیان هەڵبژێرن
.. چونکە ئەگەر بە تۆبزی و زۆر را و هەڵبژاردنی خۆمانیان بە سەریاندا
بسەپێنین .. لە رووڕووماندا هەڵدەگەڕێنەوە و ، سەرپێچی و
رقەبەرایەتیمان لەگەڵدا دەکەن و ، گوێ بە قسەکانمان نادەن ، با لە
دانانی نەخشە و پلان و پرۆژەکانیاندا ، لە هەڵبژاردنی
پێویستییەکانیاندا .. هاوڕێ و هاوکاریان بین ، نەک خۆسەپێن و زۆرداریان
بین.
(هەشتەم) گیڕانەوەی چیرۆک و مەتەڵ و نوکتە و سوعبەتی خۆش بۆ
منداڵەکانمان ، بە تایبەتیش لە شەواندا ، پێش نووستنیان ، بە مەرجێ ئەو
چیرۆک و مەتەڵانەیان بۆ بگێڕینەوە کە دوورن لە ترس باشتریش وایە ئەو
چیرۆک و مەتەڵانە بن کە پێکەنین و هەڵویستی خۆش و قسەی شیرینیان تێدایە
، دەکرێت کە لە کتێبێکی چیرۆکی وێنەداری رەنگاوڕەنگدا ، بە شیوازێکی
خۆش ، چیرۆکێک یا چیرۆکەشیعرێکیان بۆ بخوێنینەوە .. باشتر وایە بە شادی
و دڵخۆشییەوە منداڵەکانمان بکەینە خەو .. ( رووبارد کبلنک ) دەڵێ : "
جوانترین دیمەن لەژێر ئاسماندا .. دیمەنی منداڵێکە کە پێدەکەنێ .. ".
(نۆیەم) ئەو منداڵانەی کە شاد و دڵخۆشن ، دەتوانن گەشە بە بەهرە و
تواناکانیان بدەن و ، کەسایەتی خۆیان دەربخەن و ، لە ئەنجامی ئەو
تاقیکردنەوانەی دێنە رێیان و ئەنجامیان دەدەن ، کەسایەتی خۆیان بنیات
دەنێن .. دەشتوانن بە دروستی مامەڵە و هەڵسوکەوت لەگەڵ دەوروبەر و
کۆمەڵگاکەیاندا بکەن .. خووگرتنیان بە ئەم رەفتار و رەوتە باشانەی
ئەمڕۆیانەوە ، لە گەورەییشیدا رەنگدانەوەی باش و دروستیان دەبێت.
(دەیەم) رۆڵی تایبەتی دایک لە شادی و دڵخۆشی منداڵاندا .. منداڵ لە
باوەشی دایکیدا چاو هەڵدێنێت و ، بە شیری دایکی گۆش دەکرێت ، بۆیە
بەهێزترین خۆشەویستی ، خۆشەویستی نێوان دایکان و جگەرگۆشەکانیانە ..
هەر دایکانن قوربانی بە خۆشی و شادی و ژیانی خۆشیان دەدەن ، لە پێناوی
شادی و خۆشیی منداڵەکانیاندا .. دایکان یەکەمین و دڵسۆزترین مامۆستان
.. دایکان بە سۆزترین و میهرەبانترین مرۆڤن .. دایکان بەرخودانترین
کەسن . ( تۆماس ئەدیسۆن ) دەڵێ : " دایکم دروستی کردم " .
(شەکسپیر) دەڵێ: " لە جیهاندا سەرینێک نییە.. کە لە باوەشی دایک نەرمتر
بێت " .
دایکانی دڵسۆز و پیرۆز ، قسە زۆر زۆرن دەربارەی میهرەبانی و شکۆداری و
سۆز و خۆشەویستیی بێ سنووری ئێوە .. بۆیە پێویستە ئەم رۆڵە گرنگەی
خۆتان لە بەرچاو بێت .. چونکە هەموو کەڵەپیاو و ئافرەتە ناودار و
هەڵکەوتووەکانی جیان قوتابی ی باوەشی تۆن و ، دەرچووی قوتابخانەکەی تۆن
.. ( جان جاک رۆسۆ ) دەڵێ : " ئەگەر جیهان لە چنگێکدا بێت و ، دایکم لە
چنگەکەی تریدا بێت ، دایکم هەڵدەبژێرم " .. دایکان ، ئێوە زۆر زیاتر
لەم وتە و قسە و پیاهەڵدانانەش ، شایستەتر و مەزنترن .. ئەی هەر دایک
نەبوو ، کە بەستەڵەکی رق و کینەی دڵی ( تەیمور لەنگ )ی دڵڕەق و
خوێنرێژی توانەوە و ، سەری پێ نەنواند.
(یانگزەیەم) رۆڵ و کاری حکومەت لە شادی و کامەرانی منداڵاندا ، لەسەر
حکومەت پێویستە ، بەبێ جیاوازی و تایبەتمەندی ، هۆ و پێداویستییەکانی
گەشەکردنی بەهرە و ئارەزووەکانی منداڵان دابین بکەن ، هاوکار و پاڵپشت
و زەمینەخۆشکەری هێنانەدیی خەون و خولیا و حەز و خۆزگە و
ئارەزووەکانیان بن .. پیوستە ئاوڕێکی جیدیش لە منداڵانی خێزانە هەژار و
کەمدرامەتەکان بدەنەوە و مووچەیان بۆ ببڕنەوە .. بایەخێکی تایبەتیش بە
ـ منداڵانی خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکان ـ بدەن .. پێویستە حکومەتی
کوردستان منداڵەکانمان هەر بە منداڵانی ئێمە نەزانن .. بەڵکو بە
منداڵانی حکومەت و بە گرنگترین سامانی کوردستانیان بزانن .. پێویستە
مافە رەواکانی منداڵانمان فەرامۆش نەکەن و لە پێشەوەی هەموو مافەکانی
تری بزانن .. چی تریش توندوتیژی بەرانبەر منداڵان نەکرێن و ، کاری قورس
و مەترسیداریان پێ نەکەن .. تا تەواکردنی پۆلی دەی بنەڕەتیش ئەرێنی بێت
خسێندن بە زۆر بێ .. جێ بەجێکردنی ئەم پێویستییانە ، دەبنە مایەی شادی
و خۆشی منداڵەکانمان و ، بە دروستی گەورە دەبن و خێردەدەنەوە.
(دوانگزەیەم) نووسەران و هۆنەرمەندانیش رۆڵێکی گرنگیان هەیە ، لە شادی
و خۆشی منداڵاندا .. چ بە نووسینی شیعر و چیرۆک و شانۆنامە و ئۆپەرێتی
خۆش و مەبەستدار بۆ منداڵان ، کە لە کتێب و گۆڤاری رەنگاوڕەنگی جواندا
پێشکەشیانی بکەن .. یا بە کردنەوەی پێشانگای وێنەی منداڵان .. یا
پێشکەش کردنی شانۆگەری ، کە ئەکتەرەکان منداڵان خۆیان بن .. هەموو
ئەمانە هۆیەکی گرنگن بۆ شادی و خۆشنوودی منداڵان.
(سیانزەیەم) رۆڵی یانە وەرزشییەکان لە شادی خستنە دڵی منداڵانەوە ..
منداڵان بەبێ جیاوازی هەموویان حەز لە یاری دەکەن و ، یاری پێویستییەکی
زۆر گرنگی منداڵانە و بەشێکە لە ژیانیان ، منداڵان لە رێی یاری کردنەوە
توانا و حەزی خۆیان دەردەخەن و ، گوزارشت لە شادی و لە خۆشی خۆیان
دەکەن .. خۆزگە تیپە وەرزشییە فوتبۆڵەکانی ئێمەش لە کوردستاندا ، لە
کاتی یاریی کێبڕکێی نێوان دوو تیپی باڵادا .. وەکو تیپەکانی وڵاتە
پێشکەوتووەکانی جیهان .. هەر یاریزانێک دەستی خونچە گوڵێک یا
کاکەلەیەکی دەگرت و دەچوونە ناو گۆڕەپانی یارییەوە.
(چواردەیەم) رۆڵی میدیا و تەلەفزیۆنە لۆکاڵی و سەتەلایتەکانی کوردستان
، لە شادی و دڵخۆشکردنی منداڵەکانماندا ، کە پێویستە بایەخێکی زیاتر بە
ماوەی بەرنامەکانی منداڵانمان بدەن و ، بابەتی گاڵتەجاڕی و پێکەنین و
خۆشیش فەرامۆش نەکەن .. تا بتوانن پێکەنین و خەنە بخەنە سەر لێوی
منداڵانی کوردمان.
(پانزەیەم) جیابوونەوەی دایک و باوک لە یەکتری ، کە بە زۆری منداڵان
دەبنە قوربانی و ، باجی ئەم جیابوونەوەیان دەدەن و .. لێیان دەشێوی و ،
دووجاری گرێ و ئازاری دەروونی و بێ نازی دەبن .. شادی وخۆشی و گەشی لە
روخساریاندا بەدی ناکرێن .. هەروەها مردنی دایک یا باوک ، هۆیەکە بۆ بێ
نازی و ناشادی منداڵان.
(شانزەیەم) رۆڵی قوتابخانە و مامۆستاکان ، پێویستە هەر قوتابخانەیەک
ساڵانە چەند ئاهەنگ و چالاکییەکی خۆشی و هونەری سازبکەن ، بۆ نموونە :
ئاهەنگ گێران بە بۆنەی ساڵی خوێندنی تازەوە ، ئاهەنگ گێڕان بە بۆنەی
جەژنی جیهانی منداڵانەوە ، سیمینارێک بۆ ئەدەبی منداڵان ( شیعر ـ چیرۆک
ـ پەخشان ) کە لە لایەن منداڵانەوە پێشکەش بکرێن .. ساڵانە چەند
شانۆگەرییەکی منداڵان پێشکەش بکەن .. سازدانی ئاهەنگێک بە بۆنەی یادی
رۆژی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان .. سازدانی ئاهەنگێک بە بۆنەی کۆتایی
ساڵی خوێندن و دەرچوونی قوتابیان .. ئاهەنگ گێڕان بە بۆنەی رۆژی
دایکانەوە .. چەندین بۆن و یاد و رۆژی تر هەن ، کە قوتابخانەکان
دەتوانن سوودیان لێ وەربگرن ، ئاهەنگی شایستەی تیا بگێڕن و ..
منداڵانیش توانا و بەهرەکانی خۆیان بنوێنن و ، بە ئازادی گۆزارشت لە
خۆشی و شادی خۆیان بکەن .. لەرێی ئەم چۆست و چالاکییانەوە .. جگە لەوەی
خۆشی و شادی دەخەنە دڵی منداڵەکانمانەوە و .. گیانی خۆشەویستی و رێز و
کوردستان پەروەری و هاوکاری و قبوڵکردنی یەکتریش لە دڵە پاکەکانیاندا
دەڕوێنین .. لە هەمان کاتیشدا گەلێ ئامانجی پەروەردەیی و دەروونی و
زانیاری و رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و مرۆیی دێنە دی.
دڵنیام کە ئێوەی خوێنەری دڵسۆزیش ، کۆمەڵێک را و بۆچوون و پێشنیار و
سەرنج و تێبینی ترتان هەیە ، بۆ شادی و خۆشی و کامەرانی و بەختەوەریی
جگەرگۆشەکانمان .. پێویستە درێغی نەکەین و ، بە ئەوپەڕی توانامانەوە
هاوکاربین بۆ دابینکردنی شادی بۆ منداڵەکـانمان .. ئەمەش بە ئەرکـێکی
پێـویست و پیـرۆزی ئەستۆمانی بـزانین.
٢٩\١٠\٢٠١٣
- نەرویج
ماڵپهڕی رهزا
ساڵح
|