په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٦\٢٠٢٠

شاعیرانە سەیری سوتانی پەروانە مەكە.


ئەرسەلان مەحمود  


پێدەچێت كۆڕۆنا سەرە گەورەكان نەكوژێ‌، دەی هەموو شتێك سیاسەتە تەنانەت درەختیش، بەڵام تۆ خۆت بپارێزە لەتارماییە تاڵەكانی سیاسەت، لە ڤایرۆس و لێكەوتە بەدەكانی سیاسەت، لە سێبەرو سایە قورسەكەی، لە باهۆز و پریشكە نەرێنییەکانی ئەم تێگەیشتن و ئەم هەواو ئارەزووەی سیاسەتکردنە، هەموو شتێك سیاسەتە بەڵام لەو كات و شوێنەوەی پارێزبەندی تاكی دەست پێدەكەی دەتوانی وابكەی سیاسەت نەبێت بە هەموو شتێك، تۆ خۆت بپارێزە و ڕێ‌ لە بەسیاسەتکردنی شتەكان بگرە!!

خۆت بپارێزە، خەون بەگەڕانەوەی ئەم ڕۆژگارو ئەو شەوگارە تاریكانەوە مەبینە هەتاو لەترسیاندا كڕ كەوتبوو، خۆت بپارێزە لەهەناسە دانەوەی سیاسەت و ئەنفلۆنزای ئەم هزرینە هەڵخڕێنەرە، لەبەركەوتەو دەماودەم پێكردنی ئەم زەمان و ئەو زەمینە زەلیلانەی مرۆ دەكەن بەكەل و پەل و كاڵا، خۆت بپارێزە بیری ئەو دەنگە نەشازانە مەكە نەبوون بەهیچ، باوەش بەو ڕەنگە خشۆكانەدا مەكە غەڕقی شەونمی شەرمەزاری بوون و خەجاڵەتیش ناكێشن، خۆت بپارێزە لەبێباكی ڕاڕەوە سیاسیە كاوێژكارەكان، لەقەرەباڵغی مەنهۆڵی سیاسیە نەرێتپارێزە بێمروەتەكان، مەهێڵە كاڵبیتەوە لەخۆدا لەڕوانیندا !!

هەموو شتێك كەرامەتی خۆی هەیە تەنانەت بەردیش، ئەوەی دەبێ‌ بەها بداتە شتەكان تاكە، تۆ خۆت بپارێزە لەڕەنگدانەوەی فەهمی كەللە بەتاڵ و كولەكە پوتەكان، سیاسەت لێرە ئاوڕدانەوەیە لەباو، كارگەی بارهێنانەوەو خودوێناكردنەوەیە، ئاگاداربە لاوازەكان با بەلای خۆیدا دەیانبات، سیاسەت لێرە بەناوی هەمووانەوەو لەپێناو هەموواندا درۆ كردنە لەگەڵ هەمووان، چاكەو بەرژەوەندییە گشتییەكان تاك پارێز نین، تۆ وەك تاك ڕاستگۆبە لەگەڵ خۆتدا لەپێناو سەلامەتی هەمووان، بوار مەدە عینادی گەمارۆتبداو خۆت بپارێزە لەتێوە گلان!!

شاعیرانە سەیری سوتانی پەروانە مەكە، جوانی لەنەزانی و بەهای عەشق لەنزیكبوونەوەی شوعلەیەكدا نییە سوتێنەر بێت، جوانی ئەوەیە دنیا بینیت بفراژێنێت، عەشق ئەوەیە ئیزافە بخاتە سەر هەبوونت نەك ئەوەی هەبوونیش داویەتی لێت بەسەنێت، خۆت بپارێزە لەژێر چەترو چەلەحانێی كۆڵانەكان، شكۆ لەشانبەشانی شەقامەكاندا نییە، ئەوەی وەك یەك بیردەكاتەوە مرۆ نییە مێگەلە، ئەوەی ڕاستە عەقڵانیەت ئاڕاستەی دەكات، عەقڵانیەتی پەتی حكومڕان و سیاسەت نا، عەقلانییەتی دركپێكراو، هەمیشە مەودایەك فاسیلەیەك بهێڵەرەوە لەنێوان خۆت و ئەوانی تردا بەمە دەگوترێ‌ خۆپارێزی، تۆ خۆت بپارێزە لەزارە ترەكی مۆڵە بێ‌ مۆڕاڵەكان، لەزیهنیەتە كڕۆنشبەرە بەكۆمەڵەكان، ڕێگە مەدە بارانی بێشعوری وشكتبكاتەوە لەخۆت، لەخاك و لەخودات!!

دەشێت هەموو شتێك درۆ بێت، خۆشیەكان، ناخۆشییەكان، نەخۆشییەكان، مەرگ و ژیان، سیاسەت و دەسەڵات، حكومەتەكان، بۆی هەیە‌ لەدرۆیەك بەولاوە هیچیتر نەبن، بەڵام تۆ خۆت بپارێزە چونكە تۆ ڕاستەقینەی حەقیقەتی، خۆپارێزی وەك ئەوەی كاڵفامەكان ئیددیعای دەكەن، ترسان و هەڵاتن نییە لەواقیعی تەموومژاوی كراو، خۆبەدەستەوە نەدانی واقیعی تەموومژاوی كراوە، خۆت بپارێزە واقیع بەواقیع نەبێ‌ ناگۆڕێ‌، خۆپارێزی وزەی مەعنەوی و هێزی بەرپرسیارێتی فەردییە.

هەن، هەریەكە بەناوێك و هەریەكە لەژێر دروشمێكدا گرینگی بەخۆپارێزییان نادەن، ئەمانە كەوتوونەتە دۆخێكەوە توانابینی جیاكارییان لەدەستداوە، نەلەوەی هەیەو دەبیندرێ‌ تێدەگەن، نەئەوەی كەوتووەتە ئەودیوی دیارەوە ناتوانن ببینن و لێیتێبگەن، خەڵەفاو یا مەعریفەو توانای خۆپارێزی لەخۆیان نییەو دەبێت‌ بپارێزرێن، تۆ بەخۆپارێزی خۆت دەبێ‌ ئەوانیش بیانپارێزیت!

خۆت بپارێزە، هاوسەرەكان مافی ئەوەیان نییە خۆیان بێ‌ یەكتر بكەن، مافی ئەوەیان نییە منداڵەكانیان بێ‌ دایك و باوك بكەن، خۆت بپارێزە چونكە نەك هەر مافی ئەوەت نییە خوشك و براو خانەوادەو ئەزیزانت بێ‌ خۆت بكەی، لەسەرتە نەبیتە مایەی سەرئێشەو ئاریشەو سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ناخۆشی و نەخۆشییەكان، دەبێت بیانپارێزیت. خۆت بپارێزە دەشێ‌ هەموو شتێك درۆ بێت بەڵام تۆ ڕاستەقینەیت حەقیقەتی.
 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک